فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى سلاڤۆى ژیژەک)
و. بۆتان بەختیار
درکگەرایی/زانستی دەمار
ئەدریان جۆنستۆن
گەرەکە تێبگەین دەرگیربوون و مامەڵەکردنی بایۆلۆژییانەی سلاڤۆی ژیژەک لەگەڵ زەینییەتی مرۆییدا، لەلایەن تێڕوانینە ماتریاڵیستییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت[واتە ژیژەک مرۆڤ وەک پێدراوێکی بایۆلۆژیی ڕووت وەرناگرێت]. دەتوانین بڵێین ماتریاڵیزمی ژیژەکی چالاککردنەوەی تەماحەکانی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانیی سیانەی گەنجی زانکۆی توبینگنە؛ واتە، شیلینگ و هۆڵدەرلین و هیگڵ. ئەم ئەجێندا فەلسەفییەی کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم، لەلایەن کۆرسی ڕۆشنبیریی گەشتنامەکانی هیگڵ و شیلینگەوە جێبەجێدەکرا، ئامانجیان ئەوە بوو دووانەی دژیەکی جەوهەری سپینۆزایی و سوبێکتی ترانسێندێنتاڵی کانت و فیختە بکەن بە سەنتێز(ئەم ئەجێندایە هەنێ جار دەخرێتەبن درووشمی "سپینۆزاگەریی ئازادی"[1]یەوە). زەرووریش نیە بیڵێین، بەڵام لەو دووسەد ساڵەی نێوان کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، بێشومار گۆڕانکاریی فەلسەفی، زانستی، سیاسی، ئایینی و هتد بە "سەرەتاییترین پڕۆگرام-سیستەمی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی"یەوە پەیوەستن؛ مانیفێستۆیەکی کورتی ساڵی ١٧٩٦، کە یان هیگڵ یان هۆڵدەرلین نوسیویەتی، کۆکراوەتەوە. وێڕای ئەوەی ئاگای لەم گۆڕانکارییانەیە، ژیژەک هەوڵدەدات حسابێکی بەهێزی سوبێکتیڤیتەی سەربەخۆی ناونشینی کورتنەبووەوە بەرەو بوونی ناسوبێکتیڤ پەرەپێبدات؛ بوونی ناسوبێکتیڤ بەو جۆرەی لەناو چێوەی ئۆنتۆلۆژیای ماتریاڵیستیدا وەرگیراوە. بێگومان هەموان دەزانین ژیژەک حەزی بە دەروونشیکاریی لاکان هەیە، پێیوایە سەرچاوەیەکی پۆست-هیگڵییە بۆ هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی میراتی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی.
لەپاڵ ئەمەدا، پێویستە هەندێ سەرنج لەبارەی ڕۆڵی مارکسیزم لە پەیوەند بە هێنانەوەی ئایدیاڵیستە ئەڵمانییەکان(بەتایبەت هیگڵ) لەلایەن ژیژەکەوە، بدەین. ژیژەک، وەک مارکس و ئەنگڵس و لینینی "تێبینییە فەلسەفییەکان"ـی پێش خۆی، هەوڵدەدات چەمک و ساتە ماتریاڵیستییەکانی فەلسەفەی هیگڵی(لوتکەی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی) بهێنێتەوە. واتە، هیگڵەکەی ژیژەک، پاڵپشتی هەردوو نوسخەی ماتریاڵیزمی مێژوویی و دیالەکتیکییە. نەریتی مارکسی، بابەتەکانی زانستە ژینەکییە ئەزموونییەکان زۆرباش لەگەڵ ماتریاڵیزمی تیۆرییدا دەگونجێنێت. هەرچەند ژیژەک زۆر کات بە دیاریکردنە ئەمەوە خەرجناکات، بەڵام زۆرێک لە مارکسیستەکان، بە مارکس و ئەنگڵسیشەوە، لەگەڵ کۆمەکەکانی بایۆلۆژیا و لقەکانی بۆ ماتریاڵیزمی مێژوویی/دیالەکتیکیدا دەستەویەخە بوونەوە. نمونەی سەرەکیی ئەمە لە سێ کتێبی ئەنگڵس(دیالەکتیکی سرووشت-١٨٨٣، دژەدورینگ-١٨٨٧، لودڤیگ فۆیەرباخ و ئەنجامی فەلسەفەی کلاسیکیی ئەڵمانی-١٨٨٨)، و (سرووشتی کاری مێشک)ـی دیتزگن و (ماتریاڵیزم و ئیمپریۆ-کریتیسیسزم)ـی لینین و (ئارابێسکە فەلسەفییەکان)ـی بوخاریندا هەن. تێهەڵکیشکردنی ماتریاڵیزمی مێژوویی/دیالەکتیکی لەگەڵ زانستی درکی و نیورۆبایۆلۆژیدا لەلایەن لۆکاچی گەنج و بازنە ڕۆژئاواییە مارکسییەکانەوە فەرامۆشکراوە، بەڵام لە هەوڵەکانی ژیژەکدا دەیبینین(هەروابێتەوە لە کارەکانی جەی گوڵد-کە ژیژەک پەسنی دەکات- و ڕیچارد لێڤینز و لێوۆنتیندا هەن).
لە فەسڵی سێیەم و کۆتایی کتێبی "زیادە(پاشماوە)ـی دابەشنەبوو: وتارێک دەربارەی شیلینگ و پرسە پەیوەستەکان" و لەژێر ناونیشانی "فیزیای کوانتەم لەگەڵ لاکان"دا، ژیژەک بۆ یەکەم جار لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەمەڕ زانستە سرووستییەکان دەخاتەڕوو(ئەمە کتێبێکە تایبەت بە شیلینگ، کە "فەلسەفەی سرووشت"ـی وی، پاڵپشت بە زانست، یەکێکە لە ئاڕاستە دیارەکانی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی). بەم دواییانە، لە فەسڵی چواردەیەم و کۆتایی کتێبی "کەمتر لە هیچ: هیگڵ و سێبەری ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی"دا، ژیژەک گەڕایەوە سەر فیزیای کوانتەم(لە هەمان کاتدا، ئەم کتێبە قەبارە گەورەیە[کە نزیکی هەزار لاپەڕەیە و گەورەترین کاری ژیژەکە]، بەشێکی بچوکی تێدایە کە ژیژەک تێیدا بەئاشکرا ڕەخنە لە کتێبی "من ئەڵقەیەکی نامۆم"ـی دۆگلاس هۆفشتادەری درکگەرا دەگرێت). مادەم ژیژەک تیۆریی ماتریاڵیستیی سوبێکتی زەیندار نە کورتدەکاتەوە نە وەلایدەنێت، ئەوا هێشتا فیزیای شتە زۆربچوکەکان[کوانتەم] بۆ مەبەست و مەرامی وی بەس نیە. گەڕانەوە بۆ ئۆرگانیزمە قەبارە مامناوەندەکان، واتە مرۆڤ، زەروورە.
سەرەتاییترین سەرکێشییەکانی ژیژەک لە پانتایی زانستی درکیدا، دەگەڕێنەوە بۆ وتارەکەی لە ساڵی ١٩٩٨دا: "سوبێکتی دیکارتی لە بەرامبەر شانۆی دیکارتیدا"(ئەم وتارە لە کتێبی ئیدیتکراوی "کۆجیتۆ و نەست"دا بەردەستە). لەوێدا، ژیژەک نمونەی دانیاڵ دێنیتی فەیلەسوفی زەین دێنێتەوە(بەتایبەت باس کتێبی "شەرحی ئاگایی-١٩٩١"ـی دێنیت و هێرشە نیمچەهیومییە زانستییەکەی وی دەکات بۆ سەر چەمکی خودێتی یان شوناسی کەسی)، و وەک نمونەیەکی ناسک بەکاریدێنێت تا زیاتر شەرحی سوبێکتیڤیتە وەک درزی لەکۆجیتۆچووی نێگەتیڤیتەی دینامیکی بکات-دەقیقتر، وەک سوبێکتی درزبردووی لاکان و پاڵنەری مەرگی فرۆیدی/لاکانی؛ ئەمانە دووبارە لەڕێی هاوێنەی ئایدیاڵیستە کانتی و پۆستکانتییەکانەوە خوێندنەوەیان بۆ کراوەتەوە. ژیژەک، بە دانانی دێنیت لەناو ڕەوتێکی گەورەتری ئەوانەدا کە باوەڕیان وایە سوبێکتی مۆدێرن مردووە یان بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵوەشاوەتەوە-دژەدیکارتیزم کۆمەڵێک هاودەنگی سەیروسەمەرە دەخوڵقێنێت، کۆمەڵێک تێڕوانینی ئەنتاگۆنیستی و ناپەیوەست دێنێتەپاڵ یەکتر(ئەمە لە پارافرەیزی دەستپێکی "مانیفێستۆی پارتی کۆمۆنیست" لەلایەن ژیژەکەوە لە کتێبی "سوبێکتی ختوکاوی: چەقی غایبی ئۆنتۆلۆژیای سیاسی"یەوە وەرگیراوە)- هەوڵدەدات سەرچاوەی سەرنجەکانی دێنیت بۆ خۆی بەکاربێنێت و دەریخات چۆنچۆنی تێڕوانینە درکی و پەرسەندنگەراکان لەناو مۆدێلی سوبێکتیڤیتەی لاکانی و ئایدیاڵیزمی ئەڵمانیدا جێیاننابێتەوە، چونکە ئەمان پێیانوایە ئەم مۆدێلە درێژکراوەی مۆدێلە دیکارتییەکەیە.
ساڵی ١٩٩٨دا، هاوشێوەی ئەوەی لە کتێبی "کتوپڕێتی(هەڵکەوتێتى)، هەژموون، یونیڤێرساڵیتە....-٢٠٠٠"دا باسیدەکات، ژیژەک دەڵێت تواندنەوەی خودی جێگیر یان "من" لەناو فرەیی بەش و پارچە جیاوازەکاندا، ئیتر وەک "ڕەشنوسە زۆرەکان"ـی دێنیت بێت دەربارەی باسکردنی ئاگایی یان وەک هەر جۆرە پارچەپارچەکردنێکی تری "من" بێت بە مانا کلاسیکەکەی، ئەوا سوبێکتی مۆدێرنی لەکۆجیتۆچوو ئایرۆنییانە ڕەوایەتیی زیاتر وەردەگرێت، ڕێک بە پێچەوانەی ڕەخنەگرانی سوبێکتەوە کە پێیانوایە ڕەوایەتی نامێنیت. ئەم وتەیە دەربارەی خۆهەڵگەڕاندنەوەی ئایرۆنییانەی ئەو جۆرە ڕەخنانە، بەو تێزەی ژیژەک پاڵپشتیدەکرێت کە پێیوایە سوبێکتیڤیتەی دیکارتی هیچ نیە جگە لەم بۆشاییە بێجەوهەر و بێڕواڵەت و نەناسراوە-نابێ ئەمە لەگەڵ شوناسی کەسی یان خودێتیی جەوهەردار و ناوەڕۆکداردا تێکەڵبکەین-؛ دواجار ئەمە دەبێتە هەلومەرجێک تاکو جووڵەجووڵی پارچەکانی سوبێکتی پۆستمۆدێرن بڕەخسێن. هەڵوەشاندنەوەی میتافیزیکی جەوهەری مۆدێرنەی سەرەتا(سایکۆلۆژیای ئەقڵانی) لەلایەن هیگڵ و کانتەوە، و جیاکردنەوەی ئیگۆ و سوبێکت لەلایەن لاکانەوە، سەرچاوەی گرنگ و بێوێنەی ئارگۆمێنتەکانی ژیژەکن.
ژیژەک تێڕوانینەکانی لەمەڕ زانستی درکی و بایۆلۆژیای دەمار، لە کتێبی "ئۆرگانە بێ جەستەکان:..."دا، قووڵتر دەکاتەوە. بە ئاماژەکردن بۆ بیرمەندانی بایۆلۆژیی وەک ڕیچارد دۆکینز و لین مارگولیس و هەمبێرتۆ ماتورانا و ستیفن پینکەر و فرانسیسکۆ ڤارێلا، ژمارەیەک تیۆریی موشەکئاسا تەرحدەکات؛ ڕیشەی ئەم تیۆرییانە سەبارەت بە بایۆلۆژیا، لەناو سیانەی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی و مارکسیزم و دەروونشیکاریدان: سەرهەڵدانی سوبێکتی لەکۆجیتۆچوو لەو جەوهەر و پرۆسانەوە کە تیۆرییەکانی بایۆلۆژیا و پەرەسەندن باسیدەکەن؛ سەرنج لەمەڕ وێنە و ئایدیای سرووشتی ئەم جۆرە لە سەرهەڵدانی دیالەکتیکی-هیگڵی؛ گۆشەڕوانینی مارکسی و دەروونشیکارییانە لەمەڕ زمان و لەڕێی تیۆریی ئایدیای کەلتورییەوە؛ هاوڕابوون و هاوڕانەبوونی تیۆریی ئابوریی لیبیدۆیی لاکان لەتەک پیادەکردنی هێزی هاندان[2] و فاکتەرەکانی جووڵاندنی مرۆڤایەتی. ئا ئەم ڕوانینانە، دەبنەهۆی سەرهەڵدانی جددیترین مامەڵەی ژیژەک لەگەڵ بابەتە بایۆلۆژییەکاندا لە کتێبی "دیدی پاراڵاکسی"دا.
لەوێدا، ژیژەک ڕاستەوخۆ لەڕێی خوێندنەوەکانی ئەنتۆنیۆ داماسیۆ و جۆزێف لۆدووەوە ڕووبەڕووی زانستی دەمار دەبێتەوە، لەپاڵیشیدا ئاماژە بە کۆمەڵێک فەیلەسوفی شیکاری و زانای درکگەرا و تیۆریستی پەرەسەندنگەرا دەکاتەوە، کە پێشتر لە تێکستەکانیدا ئاماژەی پێ کردبوون(لەسەرەوە ئاماژەمان بە هەندێکیان داوە). "زانستی دەماری کارتێکەر"ی داماسیۆ و لۆدوو، بەرمەبنای "میتاسایکۆلۆژیای کارتێکەر"ی لاکان، ڕەخنەییانە هەڵسەنگێنراون. بەڵام فیگەری فەیلەسوفی هاوچەرخ، کاترین مالابۆ، خوێندکاری پێشووی دێرێدا و نوسەری لێکۆڵینەوەیەکی ژیژەکییانەی هیگڵە بە ناوی "داهاتووی هیگڵ: پلاستیکیبوون، کاتمەندێتی، دیالەکتیک"، تا ئێستا گرنگترین سەرچاوەی نێو "دیدی پاراڵاکسی"یە. لە کتێبی "پێویستە چی لەگەڵ مێشکماندا بکەین؟" و هەندێ تێکستی تردا، مالابۆ لەژێر پەچەی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکیدا، نەرمی و جیڕیی دەمارناسییانە بەکاردێنێت تاکو هەڵسەنگاندنێکی فەلسەفیی دەرهەق بە شیکاریی بایۆلۆژییانەی مرۆڤ بخاتەڕوو. هەرچەندە ژیژەک لە کۆتا فەسڵی کتێبی "ژیان لە کۆتا ساتەکاندا-٢٠١٠"، کتێبە نوێیەکەی مالابۆ "نوێی بریندار: لە عوسابەوە بۆ برینداربوونی مێشک" دەخاتەژێر پرسیارەوە-چونکە پێیوایە مالابۆ بە هەڵە وا تێگەیشتووە کۆجیتۆ درزێکی پەتییە کە لە هەموو تاروما فیزیکییەکان ڕزگاریدەبێت و پێشیوایە لە سرووشتی ڕاستەقینەی ژویسانسی لاکان تێنەگەیشتووە-، بەڵام مالابۆ هەر لە دڵی ژیژەکەوە نزیکە.
ئەوەی مالابۆ و ژیژەک تێیدا هاوبەشن ئەوەیە کە، هەردووک هەوڵدەدەن ئەوە بخەنەڕوو کە زانستە سرووشتییەکان لە تیۆریی ماتریاڵیستیی سوبێکت دانەبڕاون، بێگومان بەبێ ئەوەی دەست لەو تێڕوانینە هەڵگرن کە سوبێکتیڤیتە ڕەهەندێکی ناسرووشتیی کورتنەکراوەی هەیە؛ وەک ئەوەی لە دوو سەدەی ڕابردوودا لەلایەن فەلسەفەی ئەورووپی و دەروونشیکاریی فرۆیدەوە کەشفکراوە. ئەمە پێویستی بە زنجیرەیەک ئەکتی هەستیاری هاوسەنگە. بەڵام هەر ماتریاڵیستێکی دژەسرووشت، لە بنەڕەتدا ماتریاڵیزم نیە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دۆڵۆز(وەک ناوێک لە کارەکانى ژیژەکدا)
ئیمانوێل ویزڵس
ناسراوترین ڕووبەڕووبوونەوەی ژیژەک لەگەڵ دۆڵۆزدا، لە کتێبی "ئۆرگانە بێجەستەکان: سەبارەت بە دۆڵۆز و پاشهاتەکان"دایە. ژیژەک هەوڵدەدات لە گۆشەیەکی لاکانییەوە، دیوە تیۆری و پڕاکتیکییەکانی فەلسەفەی دۆڵۆز شیبکاتەوە. ژیژەک، دۆڵۆز بە "ڕەخنەگرێکی دەروونشیکاری، فیگەرێک کە کۆمەکی تیۆریی چالاکیی ماتریاڵیستی و دژەسەرمایەداری دەکات، یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی فیکری ئەکادیمیی چەپ" ناوزەددەکات. ژیژەک لە "ئۆرگانە بێجەستەکاندا"، ڕووبەڕووی هەندێک لە گریمانە بنەڕەتییەکانی ماتریاڵیزمی دۆڵۆز دەبێتەوە، بەتایبەت گرژیی کارەکانی سەبارەت بە سرووشتی بوونبە(صیرورە-ببوون-becoming). ژیژەک پێیوایە دوو دۆڵۆز بوونیان هەیە. دۆڵۆزێک کە لە "ئەنتی ئۆدیپ"دا بەرگری لە سرووشتی ناکۆتای بوونبە دەکاتەوە(ئەمە ئەو دۆڵۆزەیە کە زیاتر قبووڵکراوە). دۆڵۆزی دووەمیان، پتر سەر بە فیکری لاکان و هیگڵە. ناونیشانی کتێبەکە بەو مەرامە دانراوە تاکو ئەو ڕەهەندانەی فیکری دۆڵۆز بخرێنەڕوو، کە بەڕوواڵەت دۆڵۆز دەخەنە بەرەی گوماناویی ئایدۆلۆژیی سەرمایەداریی هاوچەرخی دیجیتاڵییەوە. ژیژەک پێیوایە، دۆڵۆز لە پرسە ڕۆشنبیرییەکانیدا سەبارەت بە ڕەوینی بوونبە، واقیعی مەجازی(ڤێرتوێل) بەسەر واقیعی ماتریاڵیدا زاڵدەکات: لەم سیستەمەدا، پۆتانشێڵ بەسەر ئەکچواڵ(ئەکتوێل-کردەیی)دا زاڵە. بە دیدی ژیژەک، واقیع بۆ دۆڵۆز لە "پانتایی پۆتانشێڵی ناکۆتای ڤێرتوێلدا کردەییدەبێتەوە"(ئۆرگانە بێجەستەکان: ٤). ئەمە پێچەوانەی چەمکی "سینتۆم"ـی لاکان نیە، کە وەک "شوێنەواری چڕییە کارتێکراوەکان" پێناسەکراوە. بە تێڕوانینی ژیژەک، کارتێکردن(affect) ئەو چەمکەیە کە دۆڵۆز بە لاکانەوە دەبەستێتەوە. کاتێک دۆڵۆز هێڵی جیاکاریی ئۆنتۆلۆژیی لەنێوان بوون و بوونبە-دا دەکیشێت، لەم ڕێیەوە چۆنێتییەکی ترانسێندێنتاڵ بە پرۆسەی بوونبە دەبەخشێت. کەوابێ، بوونبە بەچڕی بەسراوە بە دووبارەکردنەوەوە(ئەمەش یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی سیستەمە فیکرییەکەی لاکان)، تەنێ لەبەر دووبارەبوونەوەی بوونبە شتێکی نوێ سەرهەڵدەدات. لەتەک ئەمەدا، کاتێ دۆڵۆز دەبێتە ئەنتی-هیگڵی، ئەوا هیگڵ دووبارەدەکاتەوە، ئەویش لەڕێی خستنەڕووی ئەنتیتێزێکەوە کە لە ئەنجامدا شتێکی نوێ بە شێوەیەکی دیالەکتیکی بەرهەمدێت. بە دیدی ژیژەک، ئەم دووبارەکردنەوەیە لێکچوونى دۆڵۆز لەگەڵ هیگڵدا دەخاتەڕوو، چونکە هەردووکیان لەڕێی دووبارەکردنەوەوە جەخت لە بوونبە دەکەنەوە. دۆڵۆز، لەڕێی بوونبە-ئەویترێک بۆ هیگڵ، ئایرۆنییانە پاڵپشتی فەلسەفەکەی خۆی دەکات.
تێڕوانینی دۆڵۆز لەمەڕ جەستە، لە بوونبە-ماشێندا چڕدەبێتەوە. ئێمە ماشێنی ئارەزووکارین کە هەستوسۆزمان بەرهەمی کارلێکی شتە دەرەکییەکان(سەربارەکان) و بەشە ناوەکییەکانن. پێکداچوونی ماتریاڵ و "سێبەرە ڤێرتوێل"ـەکەی، و تەقینەوەی تاقانەییە زۆرەکان لەم پانتاییە ناونشین(ئیمانێنت)ـەدا، چەمکی "ئەزموونگەرایی ترانسێندێنتاڵ"ـی دۆڵۆز دەڕسکێنن. پرسی ماشێنیبوون ڕوونیدەکاتەوە بۆچی دۆڵۆز ڕێزی لە میدیۆمی فیلم دەگرت. بە دیدی دۆڵۆز، لەم فۆرمە هونەرییەدا[واتە فیلم]، "نیگاکان، وێنەکان، جووڵەکان و لە کۆتاییدا خودی کات لە سوبێکتە جیاجیاکان دادەبڕێن. لەجیاتیدا، لەڕێی ماشێنێکەوە دەردەپەڕن: واتە کامێرا"(ئـ.ب.ج: ٢٠).
دەوترێت پێچە سیاسییەکەی دۆڵۆز، بەهۆی "بەگواتاریبوون"[1]یەوە بووە. ئەو بەڵگانەی لەپشت بەسیاسیبوونی دۆڵۆزەوەن لەلایەن گواتارییەوە، دەشێت لە بەراوردی نێوان کارە سەرەتاییەکانی و ئەم کارانەی دواییدا بیاندۆزینەوە. ژیژەک لای وایە، دۆڵۆز بۆیە گەڕایەوە بۆ گواتاری چونکە ویستی لەو بنبەستە هەڵبێت کە لە هەوڵیدا بۆ ئاشتکردنەوەی ماتریاڵیزم و ئایدیاڵیزم تووشیهاتبوو. ئەنتی ئۆدیپ(کە ژیژەک بە خراپترین کتێبی دۆڵۆز ناوزەدیدەکات) و لۆژیکی مانا، دوو دۆڵۆزەکە دەگەیەنن بە یەک. بەپێی ئایدیاڵیزمی دۆڵۆز، دەشێت واقیعە جەستەییەکان لەڕێی فیچقە و دەرپەڕینە ڤێرتوێلەکانەوە بەرهەمبێن. چەمکی نیمچە-هۆکار[2]ی دۆڵۆز یاریمەندە، چونکە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ کورتکردنەوەگەرایی[3] دەخاتەڕوو. نیمچە-هۆکار، ڕووداوێکی ناڕەمزی و نازمانی و ناماناییە کە دەرپەڕینی نەرم و کارکردی کایەکان تێکدەدات. ئەمە پێچەوانەی ساتی شۆکهێنەری ڕیاڵـی لاکانی نیە. دۆڵۆز، لە وێنە-کاتدا، ئۆرگانێک بەبێ جەستە لە فۆرمی نیگادا دەخاتەڕوو. دووبارە، بەوەی کە دۆڵۆز پێیوایە وزە و هەستوسۆز و ئۆرگانێکی سەربەخۆ لەدەرەوەی جەستەدا بوونیان هەیە، بەڵام دواجار بەشبەشیان دەکات، هیچی لەگەڵ تیۆریی نیگای لاکانیدا فەرق نیە. سوبێکت بەهەڵە پێیوایە خاوەنییەتی، بەڵام ئەو لە پنتێکدایە لەدەرەوەی سوبێکتەوە. لە فیکری لاکان و دۆڵۆزدا، نیگا سوبێکت پارچەپارچەدەکات، بەڵام [نیگا] لە سوبێکتدایە و لەویش زیاترە.
دواجار دۆڵۆز فەلسەفەکەی بەسیاسیدەکاتەوە، ئەویش لەڕێی تیشك خستنەسەر زیادەیەکی ناونشین، کە لە هاوێنە لاکانییەکەی ئارەزووەوە، بۆ ڕۆحی فیکری شۆڕشگێڕانە گرنگە. ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی لە سیستەمەکەی دۆڵۆزدا، دەشێت بە تێگەیشتن لە دەرپەڕینی سەربەخۆی مانا وەک ژویسانس، سودێکی زۆر وەرگرێت. ئەم مۆدێلە دەتوانێت ئامڕازەکان بۆ ڕێکخستنی فرەیی دابینبکات. بە کنەکردنی دۆڵۆز لە سپینۆزاوە، ژیژەک پەیوەندییەکی تری نێوان دۆڵۆز و دەروونشیکاری دەدۆزێتەوە: ئۆبێکتە بەشەکییەکان[4]. ئۆبێکتە بەشەکییەکان، نیمچە-هۆکاری ئارەزوون؛ ئارەزوو دەبزوێنن. دەگونجێ هەستوسۆزە سەربەخۆکان ئەم ڕۆڵە وەک ئۆبێکتی کۆنکرێتیی فیتیش وەربگرن. تێگەیشتن لە بوونبەی دۆڵۆزی لەڕێی سپینۆزا و دواجار کانت و هیگڵەوە، پرۆسەیەکە کە ژیژەک پێی دەڵێت "گرتنی دۆڵۆز لەپشتەوە"(ئـ.ب.ج: ٤٥). ژیژەک فەلسەفییانە لەدواوە بۆ دۆڵۆزی لێدەدات[5]؛ دۆڵۆز خۆی ئەم زاراوەیەی بەکاردەهێنا تاکو بڵێت چۆنچۆنی لەڕێی تەقلەلێدان بە چەمکی فەیلەسوفان، مانای نوێ دادەڕێژێت. دۆڵۆز دەخوازێت لەڕێی ئەم "بۆ-لێدان لەدواوە"ـەوە وەچەی وەحشئاسا بخاتەوە. ژیژەک بە کردنی ئەمە لەگەڵ دۆڵۆزدا، دەخوازێت وەچەیەکی وەحشئاسا کە "بەقووڵی لاکانی بێت" لە خۆی و دۆڵۆز بخاتەوە. ژیژەک دەپرسێت ئاخۆ هیگڵ وەک دیالەکتیککارێک، تاکە فەیلەسوفە کە ئەم شتەی لەگەڵدا نەکرێت، چونکە سیستەمە فیکرییەکەی وی ئەم کردارەی کردووەتە بەشێك لە خۆی. ژیژەک لە گەڕانەوەیدا بۆ لاکان، چەمکی ئۆنتۆلۆژیای تەخت(فلات)ـی دۆڵۆز بە کارکردی ڕیاڵـی لاکانییەوە پەیوەستدەکاتەوە. هەردووک بەردەنگی چەمکی زیادەی بنیاتنەرن. جیاوازیی ڕاستەقینەی نێوان دۆڵۆز و هیگڵ، لە هەردوو چەمکی دوورلەیەکی وەک بۆشایی(gap) و قوڵپدان(flux)دایە.
زۆربەی ئەو کتێبانەی تری ژیژەک کە تێیاندا ئاماژە بە دۆڵۆز کراوە، کۆمەڵێک شیکاریی هاوشێوەی ئەوەی ناو "ئۆرگانە بێجەستەکان"یان تێدایە. ژیژەک لە کتێبی "تەنینەوەکانی ژویسانس"دا، دۆڵۆز و هیگڵ و لاکان لەڕێی چەمکەیلی وەک ڕووداو و لۆژیکی دالەوە پێکەوەگرێدەدات. ژیژەک پێیوایە چەمکی مانا-ڕووداوی دۆڵۆز، بۆشایی نێوان وشەکان و شتەکان دەدوورێتەوە، بەم جۆرەش لەڕێی گرێدانەوەی ئایدیاکان و کۆپییە ماتریاڵییەکەیانەوە، ئاڵنگاریی فەزای ئەفڵاتوونی دەکات. ژیژەک پتر لەمەش دەرگیری وەستانەوەکەی دۆڵۆز بە ڕووی دەروونشیکاریدا دەبێت. ژیژەک لە کتێبی "ژیان لە کۆتا ساتەکاندا"، دۆڵۆز بە هەڵەخوێندنەوەی خەسان تۆمەتبار دەکات، چونکە نەیتوانیوە بەدەقیقی پەی بە ڕۆڵی نەست ببات. لەوێدا، ژیژەک شیکارییەکەی دۆڵۆز و گواتاری بۆ جیاکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە دەخاتەڕوو؛ دووکەرتبوونێک، کە لە هەناوی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکییەوە پێناسەدەکرێن. لە "تەنینەوەکانی ژویسانسدا"، ماتریاڵیزمی دیالەکتیکیی دۆڵۆز باسکراوە، و ژیژەک لەوێدا باس لە کێشەیەک دەکات، کە هەم دۆڵۆزییە و هەم لاکانی: لە قووڵایی جەستەوە بۆ ڕووداوی سەرڕوو(سەتح-surface). لێرەدا، مانا و نیگا دەبنە هێزی سەربەخۆ و نالكێن بە هیچ ئایدیاڵیکی دیاریکراوەوە. لە زەکەرەوە بۆ فالوس-یش، لە "تەنینەوەکان..."دا و لەڕێی فیکری لاکانییەوە، درواتەپاڵ دۆڵۆز؛ ژیژەک، فالوس وەک ئەو شادال و فیگەری نا-مانایە باسدەکات کە بناغەی کۆی پانتایی ڕەمزی دادەڕێژێت؛ ئەوەی کە مانا ڕێکدەخات و تێکیدەدات. لەم هاوکێشەیەدا، بەریەککەوتنی دووبارەی لاکان و دۆڵۆز دەبینین. بە دیدی دۆڵۆز، جیاوازیی نێوان فالوس و زەکەر، دەرخەری جیاوازیی نێوان فۆرم و ناوەڕۆکە(ڕێکخستنی ناوچە هەستیارە سێکسییەکان). ژیژەک لێرەدا دەیسەلمێنێت کە دۆڵۆز قووڵایی جەستەیی و قووڵایی ترانسێندێنتاڵ لەیەکدەدات، ئەمە خزانێکی گرنگە.
لە "تەنینەوەکان..."دا، ژیژەک پێیوایە دۆڵۆز لە شیکارییەکەیدا دەرهەق بە ماسۆشیزم لەسەر هەقە، ئەویش کاتێ پێیوایە سادیزم و ماسۆشیزم هاوجێ نین. ژیژەک لە "سوبێکتی ختوکاوی"دا، بەوە پەسنی دۆڵۆز دەکات کە هاوکێشەیەکی بەسودی یاسای مۆراڵیی کانتی خستۆتەڕوو. هەر لەو کتێبەدا، پێیوایە دۆڵۆز لەڕێی بانگەوازەوە بۆ لادەرێتیی فرەشێوە، "لادەرانە هیستریا ڕەتدەکاتەوە" و لە ئەنتی ئۆدیپدا شادالی ڕەمزی ڕەتدەکاتەوە. بەشبەشکردن و یەکخستنەوە لە بەرامبەر سەرمایەداریدا، هەر ڕەپتیان بە دۆڵۆزەوە هەیە. تێڕامانی زیاتر لەسەر دۆڵۆزی بەسیاسیکراو، لە کتێبی "لە داکۆکی لە ئایدیاڵە لەدەستچووەکاندا" بوونیان هەیە، هەر لەوێدا جیاوازیی نێوان ماشێنی جەنگ و دەزگاکانی دەوڵەت(و ئایدیای "بەرەنگاریی دەشتەکییانە" ڕەپتکراونەتەوە بە ئەنتۆنیۆ نێگرییەوە)، ئابوریی نیمچە-هۆکار و بوونبەی شۆڕشگێڕانە و چەمکی پۆست-مرۆڤ بوونیان هەیە.
لە "کەمتر لە هیچ"دا و لەپاڵ بەکارهێنانەوەی ئارگۆمێنتەکانی پێشوودا(فالوس وەک بونیادنەری پانتاییەکی هەستەوەر، دۆڵۆز وەک هیگڵییەک)، ژیژەک لە پەیوەند بە سەرمایەدارییەوە، ئایدیای نیمچە-هۆکاری دۆڵۆزی پەرەپێدەدات. ژیژەک پێیوایە دۆڵۆز ڕووەو لۆژیکی نواندنەوە "پاشەکشەدەکات"، چونکوم پارە وەک سوبێکت وەردەگرێت. ئەمە نمونەیەکی تری سەرمایەیە وەک لەتەهۆکار و ڤێرتوێل وەک شوێنی بەرهەمهێنان. پارە وەک فالوس، دەبێتە ئەو دالە بێمانایەی پانتاییەکە دەڕسکێنێت. ژیژەک لە وێبسایتی "Lacan.com"دا باسی لە دۆڵۆز کردووە. لە دەستپێکی "ئەفڵاتوونیزمی دۆڵۆز"دا، تەحەدای ئەو ئایدیایە دەکات کە دۆڵۆز دژەهیگڵی بێت. بە ئاماژەدان بە پێکداچوونی ڤێرتوێل و ئەکتوێل وەک ناوچەی بەرهەمهێنانی شتی نوێ، ژیژەک دەیسەلمێنێت کە ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی دیالەکتیکی هیگڵییە. دۆڵۆز دژ بە نواندنەوەیە، بەڵام پێیوایە ئایدیاکان گرژییەکی ماتریاڵیی ڕاستەقینە درووستدەکەن. لە "دۆڵۆز و ڕیاڵی لاکانی"دا، ژیژەک پێیوایە دۆڵۆز لەڕێی ئایدیای بوونی ڕەگەزی ڤێرتوێل لە شوێنەوارەکانیدا، کەوتۆتەنێو تەڵەوە؛ نەفی و غیابی مانا(دالی بێمەدلوول) خراونەتەوە نێو سیستەمی ماناوە. لە کۆتاییدا، ئەم کۆتا ڕستەیە ڕەخنەی ژیژەک لە دۆڵۆز لە خۆیدا هەڵدەگرێت: دۆڵۆز لە هەوڵیدا بۆ ڕزگاربوون لە سیستەمی دوالیستی مانا، کەوتەوە ناو دووانەییەکانی خۆیەوە
پەراوێزەکانى یەکەم:
[1] Spinozism of freedom
[1] Guattarized
[2] Quasi-cause
[3] Reductionism
[4] Partial objects
[5] Bugger