A+    A-
(680) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

چین(class)/ئەنتاگۆنیزم

یەحیا مادرا و جێرێن ئۆزسەلچوک

 

 

  لەڕێی ئەو لارەهێڵ(سلاش)ـەی خستومانەتە نێوان چین و ئەنتاگۆنیزمەوە، دەتوانین بە سێ ڕێگە، کە سەربەرامبەری سێ ساتی تیۆریی گوتاری سلاڤۆی ژیژەکن، بچینەنێو باسەکەمانەوە. یەکەم، ساتی پۆست-مارکسیی "ئەنتاگۆنیزم"مان هەیە وەک ڕیاڵ، ژیژەک لەمەوە تێزی مەحاڵێتیی کۆمەڵگە دووپاتدەکاتەوە و پێی‌وایە لە بەرامبەر "ئەنتاگۆنیزمی چین[1][بێ سلاش]"دایە، و ئەو مەحاڵێتییەی باسیدەکات سیفەتێکی تەواو دەروونشیکارانەی دەداتەپاڵ، چونکە باس لەوە دەکات ژویسانس چۆنچۆنی لەپەنا ئەمەدا ڕێکدەخرێت. دووەم، ساتی پۆست-مارکسی "ئەنتاگۆنیزمی چین"مان هەیە و ئاماژەیە بە مەحاڵێتیی هەبوونی ڕێکخستنی هارمۆنیی کۆمەڵایەتیی چین، ئەمیش لەڕێی هاوکێشە بەناوبانگەکەی لاکانەوە: "پەیوەندیی سێکسی بوونی نیە. لە کۆتاییدا، ساتی مارکسی چین‌مان وەک ناوەڕۆکێکی تایبەت هەیە، ئەمیش لەڕێی وەدەرنانە بنەڕەتییەکەیەوە ئاسۆیەکی مێژوویی فرەهۆکار دەڕسکێنێت.

  دەتوانین ساتی یەکەم، واتە گەشەپێدانی چەمکی "ئەنتاگۆنیزم وەک ڕیاڵ" لەلایەن ژیژەکەوە، بگەڕێنینەوە بۆ گفتوگۆکانی وی لەگەڵ گوتارە پۆست-مارکسیستییەکەی ئێرنیستۆ لاکلاو و شانتاڵ مۆفە(لەودیو شیکاریی گوتارەوە). ژیژەک لەگەڵ لاکلاو و مۆفەدا هاوڕایە کاتێ چەمکی ئەنتاگۆنیزم وەک "سنوری کۆی ئۆبێکتیڤیتە" دەناسێنن، ئەویش لەڕێی جیاکردنەوەی ئەم چەمکە لە چەمکی دژیەکیی مارکسیستییەوە- لاکلاو و مۆفە پێیان‌وایە ئەم چەمکە ئۆنتۆلۆژیایەکی جەوهەرگەرا دەپارێزێت، چونکە چارەنوسی نێوەندگیرکەری ئەنتاگۆنیزمی چین بە لەپێشتر دادەنێت تاکو دەرەنجامەکانی ئەنتاگۆنیزمی کۆمەڵایەتی. لە هەمان کاتدا، ژیژەک لەڕێی هێنانی ئەم چوارچێوەی لاکلاو و مۆفە بۆ ناو پێناسە دەروونشیکارییەکەی ئەم سنورە وەک ڕیاڵ(ئەو ناوکە تراوماییەی کە هەمیشە ڕەمزاندنی شکستدەخوات)، ڕەخنەی وان دەکات. دەلالەت لە پچڕانێک، پاشماوەیەک، زیادەیەک درووستدەکات کە وەک خاڵی داکوتانی چێژ کاردەکات و پرۆسەی هاوشوناسبوونی ڕەمزی و خەیاڵی تێکدەدات و بەرپرسیاری ئەوەشە کە بۆچی کۆمەڵگەیەکی یەکانگیر بوونی نیە.

  مەبەستە سەرەکییەکەی ژیژەک ئەمەیە، مادەم تیۆریی گوتار حسێب بۆ ژویسانس ناکات و تەنێ لە ئاستی هەڵوەشاندنەوەی مانادا دەمێنێتەوە، ئەوا ترسی ئەوە هەیە ڕادیکاڵییەتی ئەنتاگۆنیزم کورت و سادەبکاتەوە بۆ ڕیاڵـی کۆمەڵگە. هەروابێتەوە ڕۆڵی گرنگی فەنتازیا لە داپۆشینی ئەنتاگۆنیزمی بنەڕەتیی کۆمەڵگەدا فەرامۆشدەکات؛ فەنتازیا، ئەم ئەنتاگۆنیزمە لەڕێی بەخشینی "چارەسەر"ێکەوە بۆ ڕێکخستنی ژویسانس، دادەپۆشێت، واتە فیگەرێک دادەپۆشێت کە هارمۆنییەتی کۆمەڵگە تێکدەدات. بۆنمونە، لە فەنتازیای دژەسامی‌دا، ئەوە شوناسی داڕزێنەری جووەکانە کە وەک ئەو بەربەستە دەرەکییە کاردەکات و لکاوە بە دارایی/بازاڕی سەرمایەوە کە چینی بەرهەمهێن قۆستوویانەتەوە. ژیژەک "چین" وەک هاوەڵناوێک باسدەکات و لای وایە لەم ئاستەدا دەستکاریی ئەنتاگۆنیزم دەکات، ئەویش کاتێک "جوو" بەو فیگەرە فەنتازییە دەخوێنێتەوە کە جێ بە "سەرچاوەی...ئەنتاگۆنیزمی چین وەک پەیوەندیی بنەڕەتیی نێوان چینی کرێکار و حاکم" چۆڵدەکات بۆ پەیوەندیی نێوان ئۆرگانە ڕێکخراوەییە بەرهەمهێنە کۆمەڵایەتییەکان و  شارەزای دارایی/بازاڕکەر(جوو)؛ واتە ئەو کەسەی جەستەی کۆمەڵایەتی دەقۆزێتەوە.

  هێشتاش، ئەنتاگۆنیزمی چین وەک ئەو بەرمبەرکێ دووانەییەی ئاماژە بەم نمونە دەدات، لەوەدا کورتدەهێنێت کە ئاماژە بێت بۆ چەمکی ئەنتاگۆنیزمی دەروونشیکارییانە لەوپەڕی مانا ڕادیکاڵەکەیدا. گەر لەبری ئەم نمونەیە تیشک بخەینەسەر ئەو مەیلە بنەڕەتییەی لە نوسینەکانی ژیژەکدا هەن، درک بەوە دەکەین کە ژیژەک "سەرچاوەی ئەنتاگۆنیزمی چین" ناگەڕێنێتەوە بۆ ئەنتاگۆنیزمی بەشەکی(particular) نێوان چینی کرێکار و حاکم. بە پێچەوانەوە، ئەو بەردەوام دژ بەم تیۆریزەکردنە دەوەستێتەوە، چونکە ئەمە چەمکی ئەنتاگۆنیزمی دەروونشیکاری لەگەڵ بەربەستی تێکنەشکاودا هاوتادەکاتەوە؛ بەربەستێک کە لەڕێی چەمکی ئەنتاگۆنیزمەوە وەک بەرامبەرکێی بەشەکیی شوناسەکان، هەموو شوناسێک تێکدەشکێنێت. لە مۆدێلی پێگە-ی-سوبێکت لە ئەنتاگۆنیزمی چینایەتیی نێوان پڕۆلیتاریا و سەرمایەداردا، هەموو شوناسێک وا دەردەخرێت کە نەیەڵێت ئەویتر دەستی بە شوناسی خۆیدا بگات؛ واتە، سەرمایەدار ئەو بەربەست و دوژمە دەرەکییەیە وا نایەڵێت پڕۆلیتار درک بە پۆتانشێڵی مرۆیی خۆی بکات. بەڵام ژیژەک پێی‌وایە گەرەکە پەیوەندیی نێوان ئەم دوو زاراوەیە ئاوەژووبکرێتەوە:

 

"ئەو، دوژمنێکی دەرەکی نیە کە نەیەڵێت دەستم بە شوناسی خۆمدا بگات، بەڵکو هەموو شوناسێک لەناوەوەڕا بلۆک‌کراوە، مەحاڵێتییەکی تێدایە و دوژمنە دەرەکییەکە تەنیا پارچەیەکی بچوکە، ئەو بەشەی واقیعە کە ئەم مەحاڵێتییە ناونشینەی تێدا دەرەکی‌دەکەینەوە، یان تێی دەهاوێژین" (لەودیو شیکاریی گوتارەوە: ٢٥١-٢)

 

  لە پەیوەند بە ئەنتاگۆنیزمی چینایەتییەوە، ژیژەک دەگات بە کۆمەڵێک دەرەنجامی تر، ئەویش لەڕێی پاچڤەکردنی هاوکێشە لاکانییەکەی مەحاڵێتیی پەیوەندیی سێکسییەوە. بۆ "پەیوەندیی چینایەتی بوونی نیە". مەبەستی لەوە نیە بونیادی کۆنکرێتیی چینایەتی بوونی نەبێت، بەڵکو مەبەستی لەوەیە هەر هەوڵێک بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی چینایەتیی "نۆرماڵ" مەحکومە بە شکست. ئەنتاگۆنیزمی چینەکان ئاماژە نیە بە ئەنتاگۆنیزمی بەشەکیی نێوان خزمەتکار و سەردار، پڕۆلیتار و سەرمایەدار، ئاغا و کۆیلە. بگرە مەحاڵیتیی بەدەستهێنانی بونیادی ئایدیاڵیی چینەکانە کە دواجار بتوانێت پەیوەندیی چینەکان چاکبکاتەوە. گەر لە گۆشەنیگای "ڕیاڵ وەک ئەنتاگۆنیزمی چین"ـەوە نزیکببینەوە، ئەوا دەتوانین چەندین شەرحی کۆنکرێتیی پێگە چینایەتییەکان وەک شوناسی دەستکردی کۆمەڵایەتی(ڕەمزی و خەیاڵی) ببینین، کە دواجار ئەمیش دەبێتەهۆی نەبوونی پەیوەندییەکی چینایەتیی پڕ و یەکانگیر. هەر بونیادێکی کۆنکرێتیی چینایەتی، یان ئەنتاگۆنیزمی بەشەکیی چینەکان لەنێوان چینی کرێکار و حاکمدا، وەک نمونەکەی ژیژەک کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا، کاردانەوە و درووستکردنی بەرگرییە، ئاساییکردنەوەی تراومای ئەنتاگۆنیزمی چینایەتییە. هەرچی بێت، درووستکردنی ئەم بەرگرییە لەوەدا شکستدێنێت کە ڕیاڵـی ئەنتاگۆنیزمی چینەکان جێگیربکات. بەڵگەی سەرەکی بۆ ئەمە ئەوەیە کە، کاتێک ئەنتاگۆنیزمی چینەکان پاچڤەدەکرێتە سەر "بەرامبەرکێی چینەکان وەک گرووپی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ و هەبوو"، بۆنمونە بەرامبەرکێی نێوان بۆرژوا و چینی کرێکار یان نوخبە و چینی نێوەند، ئەوا زیادەیەک(ڕەهەندی سێیەم) دەردەکەوێت کە لەم بەرامبەرکێیەدا جێی نابێتەوە؛ بۆنمونە وەکو پڕۆلیتاریای لۆمپەن یان کرێکارە کۆچبەرەکان.

 گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە وا "ئەنتاگۆنیزمی چین" ڕووداوێک نیە وەک (ئەنتاگۆنیزمی جێندەر و نەژاد و ڕەگەز) تاکو پێگەی خۆی لە بەرامبەر بنبەستی پەیوەندیی سێکسیدا جێگیربکاتەوە. گەر "ئەنتاگۆنیزم وەک ڕیاڵ" لێکدانەوەی ژیژەک بێت بۆ هەوڵە پۆست-مارکسییەکەی هەڵوەشاندنەوەی جەوهەرگەرایی چینەکان، ئەوا "ئەنتاگۆنیزمی چین" دەستوەردانی دەروونشیکارییانەی وییە بۆ ئەوەی لەناویدا بەرەنگارببێتەوە و ڕادیکاڵانە کایەی پۆست-مارکسیزم بگوازێتەوە. ئەمە بۆ ئەوەیە بڵێین، "ئەنتاگۆنیزمی چین" تەنیا تێڕوانینی دەروونشیکارانەی ژیژەک نیە بۆ کێشەی چین(class)، بەڵکو داوای وییە بۆ دووبارە بیرکردنەوە سیاسەتی چینایەتیی مارکسیستی، چونکە ئەمە زۆرێک لەو یۆتۆپیستەکان دەخاتەژێر پرسیارەوە کە هێزی مۆراڵیی خۆیان لە فەنتازیای ڕێکخستنەوەی چینەکانەوە وەرگرتووە.

  ژیژەک لە فەنتازیای کۆمۆنیستەکاندا ئەوە بە کێشە دەزانێت کە پێیان‌وایە سەرمایەداری لەناو خۆیدا بە جۆرێک دەبزوێت کە کۆتایی بە خۆی بهێنێت و کۆمەڵگەیەک بۆ بەرهەمهێنەران درووستدەکات کە خاڵییە لە چێژ(واتە پڕە لە شەڕەنگێزی و ئیرەیی و وەڕسبوون)(فرەیی و زیادە و ئیرەیی). بە لێکچوونی لاکانیی نێوان ژویسانس(زێدەچێژ) و زێدەبەها(زێدەبایی) پاڵپشتی لە ڕەخنەکردنەکەی دەکات. ژویسانس زیادەیەکی کۆنتڕۆڵکراو نیە تاکو دووبارە گشت(کل)ـی دەلالەت ڕێکبخرێتەوە. زێدەبەها-ش زیادەیەکی کۆنتڕۆڵکراو نیە تاکو ڕێ بۆ پەڕینەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم خۆشبکرێت. ئەم لێکچوونە بۆشاییەک دەکاتەوە تاکو زنجیرەیەک پرسیار سەبارەت بە سیاسەتی چینایەتی بخرێنەڕوو، بۆنمونە وەک، چۆن بە کورتنەکراوەیی[2] ئەنتاگۆنیزمی چینەکانەوە پەیوەستبین و چێژی لێ وەرگرین، و تێپەڕاندنی فەنتازیای ڕێکخستنەوەی چینەکان بە چ مانایەک دێت. لە هەمان کاتدا، مادەم ئەم لێکچوونە جیاوازیی ڕۆڵی زێدەچێژ و زێدەبەها لەناو ئابوریی سیاسیی مارکسیستی و دەروونشیکاریی لاکاندا ناهێڵێت، ئەوا چەندین پرسیاری کارلێککەریش بۆ ژیژەک درووستدەکات: گەر زێدەبەها، وەک زێدەچێژ، لەناونەچێت، ئایا بەو مانایە دێت کە سەرمایەداری وەک تاکە بەرگریی مومکین بۆ ڕێکخستنی ئەنتاگۆنیزمی چینەکان لێرەیە؟

     ساتی سێیەم و کۆتاییمان ئاماژەیە بەو شێوە تایبەتەی ژیژەک کە تێیدا ئایدیای "چین" وەک ناوەڕۆکێکی چەپێنراوی تایبەت ناوزەددەکات، وا باسیدەکات کە هەندێ جار وەدەردەنرێت و هەنێ جار نکۆڵی لێ دەکرێت. ئەم ئایدیایە بەتایبەت لە هاوکێشەکانی "فرەهۆکاریی کۆمەڵایەتیی لەڕێی ئەنتاگۆنیزمی چینەکانەوە" دەردەکەوێت. لەم هاوکێشانەدا، پێکداچوونی ئاڵۆزی چەمکە تیۆرییەکان(لە سەرچاوە هەمەچەشنەکانی وەک چەمکی هۆمەندیی بونیادیی ئاڵتۆسێر و خەسڵەتپێدانی دژیەکانەی هیگڵ و وەدەرنانی لاکان و چەندانی تر) زۆر جار دەلالەتن لە لادان لە چەمکی ئەنتاگۆنیزمی چین وەک ڕیاڵ و دەبنەهۆی سەرلێکتێکچوون و گرژیی لە کارەکانی ژیژەکدا.

  بۆنمونە، ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ژیژەک ئەنتاگۆنیزمی چین وەک قەوارەیەکی تایبەت وەردەگرێت کە "هەرچەندە لەناو زنجیرەی ئەنتاگۆنیزمە کۆمەڵایەتییەکاندایە، بەڵام لە هەمان کاتدا باڵادەستە بەسەر ئەوانیتردا، و پەیوەندیی وان بەمەوە پلەیان بۆ دیاریدەکات و کاریگەریشیان دەخاتەسەر. ئەمە شەرحێکی گشتییە وا هەموو ڕەنگەکانی تر دەشواتەو و دەستکاری تایبەتمەندییکانیان دەکات" (ژیژەک). لەو سیاقانەدا کە ژیژەک ئەنتاگۆنیزمی چینەکان وەک "خاڵی داکوتانی هەستیار" دەناسێنێت کە لە ئەنتاگۆنیزمەکانی تر جیادەبێتەوە تاکو بە شێوەیەکی نهێنی خەسڵەتی فرە بە ئاسۆ کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بدات، سەرنجەکە لە "ئەنتاگۆنیزم وەک ڕیاڵ"ـەوە دەگوازرێتەوە سەر چەمکی نەریتیی "چین وەک بونیادێکی قووڵ". لێرەدا سەرەڕای وەدەرنانیان، چینەکان هەلومەرجی ئیمکانی ئەو شتە دەخوڵقێنن کە ژیژەک پێی دەڵێت سیاسەتی پۆستمۆدێرنی ڕادیکاڵانەی دیموکراسی. ئەمە ژیژەک دەخاتەبەر مەترسیی ئەو تۆمەتانەی دەڵێن ژیژەک مۆدێلێکی نوێی ژێرخان-سەرخانی مارکسی دەخاتەڕوو؛ لەپاڵیشیدا، گەرەکە نوسینەکانی ژیژەک لەمەڕ چین و ئەنتاگۆنیزم وەک سەمپتۆمی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی وی بە لاکانییە چەپەکانی ئەمڕۆ و نەریتی مارکسییەوە وەربگرین.

 

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

کۆمۆنیزم

ماتیۆ فلیسفیدەر

 

"گەرەکە لەمڕۆدا پەیامەکەمان ئەمە بێت: مەترسن، وەرنە پاڵمان، بگەڕێنەوە! چێژی دژەکۆمۆنیستانەی خۆتان وەرگرت، ئێستاش لێی پەشیمانن- کاتی ئەوەیە جارێکی تر جددی ببینەوە!"  (ژیژەک، سەرەتا وەک تراژیدیا: ١٥٧)

 

  کاریگەریی ژیان لەژێر سایەی حوکمی کۆمۆنیستیدا لە یۆگۆسلاڤیا، لە زۆربەی نوسینەکانی ژیژەکدا ڕوونە، بەڵام تەنیا لەم کۆتاییانەوە ئایدیای کۆمۆنیزم لای وی چووەتە ئاستی پرۆژەیەکی ڕەسەن لە فەلسەفە سیاسییەکەیدا. ژیژەک لە یۆگۆسلاڤیای پێشوودا، چونکە بۆچوونی جیاوازی هەبوو، بەنزیکی نەیتوانی بەرگری لە دکتۆراکەی بکات، چونکە پێیان‌وابوو هێندەش مارکسی نیە، و دواتر وانەوتنەوەی لە زانکۆی لیوبلیانا لێ قەدەغەکرا، چونکە دەترسان لەوەی خوێندکاران بە جۆرێک ئاڕاستە بکات وا لە ڕێبازی حیزب لابدەن. هەرچەندە ژیژەک لە کۆتایی هەشتاکاندا زیاتر لە دیموکراسییەوە نزیک بوو، و لە یەکەم هەڵبژاردنی پۆست-کۆمۆنیستی لە ١٩٩٠ لە سلۆڤینیا کاندیدی حیزبی لیبراڵ‌دیموکرات بوو، بەڵام سیاسەتی ژیژەک بەپێی کات لە "دیموکراسیی ڕادیکاڵ"ـی لاکلاو و مۆفەوە-کاریگەریی ئەم دووە کتێبە ئینگلیزییە سەرەتاییەکانیدا زۆر بەڕوونی دیارە، بەتایبەت لە کتێبی "ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا"دا- لە کۆتایی نەوەدەکاندا، ڕووەو لینین وەرچەرخاوە(بڕوانە: شۆڕش لەبەردەمماندا)؛ و لەم کۆتاییانەدا، ژیژەک تەنێ خۆی وەک مارکسیستێک ناوزەدناکات، بەڵکو لەپاڵیدا دەشڵێت کۆمۆنیست. ناساندنی خۆی وەک کۆمۆنیست و نوسینە نوێیەکانی لەمەڕ نوێکردنەوەی گریمانەی کۆمۆنیستی، وایان لە ژیژەک کرد لەگەڵ کەسانی تردا کۆنفڕانسی "ئایدیای کۆمۆنیزم" لە بیرکبێک لە زانکۆی لەندەن لە ٢٠٠٩دا، و کۆنفڕانسی دووەم لە نیویۆرک لە ساڵی ٢٠١٢دا، ڕێکبخرێن.

  ناسنامەی ژیژەک وەک کۆمۆنیستێک ئەودەم درووستبوو، کە ئالان بادیۆ لە کۆتایی کتێبی "مانای سارکۆزی"دا داوای گەڕانەوەی کرد بۆ گریمانەی کۆمۆنیستی. کاریگەریی بادیۆ لە هەڵگرتنەوەی ئایدیای کۆمۆنیزمدا، لە نوسینەکانی ئەم دواییانەی ژیژەکدا دەبینرێت، بەتایبەت لە کتێبی "سەرەتا وەک تراژیدیا، دواتر وەک کۆمیدیا"دا. ژیژەک لەم کتێبەدا وەڵامی بادیۆ دەداتەوە کە دەڵێت:

"گریمانەی کۆمۆنیستی، وەک گریمانە ڕاستەکە دەمێنێتەوە...گەر ئەم گریمانەیە جێبهێڵدرێت، ئەوا کردنی هەر شتێک لەپێناو ئەکتی دەستەجەمعیدا بێمانا دەبێت...دەستگرتن بە ئایدیای کۆمۆنیزمەوە...بەو واتایە نایەت ئەمە تاکە گریمانەیە کە تیشکی خستۆتەسەر موڵک و دەوڵەت و دەبێت بەو شێوە بمێنێتەوە کە هەیە؛ لە ڕاستیدا، ئەرکی فەلسەفیی مە ئەوەیە، کە کۆمەکی لەدایکبوونی مۆدێکی تری گریمانەکە بکەین"(بادیۆ ٢٠٠٨: ١١٥).

  بە تێڕوانینی ژیژەک، بادیۆ کۆمۆنیزم وەک ئایدیاڵیکی یۆتۆپیی سەروومێژوویی نابینێت. بەڵکو، گەرەکە کۆمۆنیزم لە پەیوەند بە کێشە و ئەنتاگۆنیزمە ڕاستەقینە مێژووییەکانەوە، بەمێژوویی‌بکرێتەوە. تێگەیشتن لە کۆمۆنیزم وەک "ئایدیایەکی ئەبەدی" یان وەک ئایدیاڵێک، دەلالەتە لەوەشی کە ئەو کێشەیەی ئەم ئایدیایەی خستۆتە سەر پێ، چیتر کێشەیەکی ئەبەدی نیە. گەر کۆمۆنیزم وەک ئایدیایەکی ئەبەدی وەرگرین، ئەوا دەتوانین مەحاڵێتیی زاڵبوون بەسەر ئەنتاگۆنیزمە مێژووییەکاندا، وەک شتێکی ئەبەدی وەربگرین.

  بە تێڕوانینی ژیژەک، کردەیی‌بوونی کۆمۆنیزم پێویستی بە ناساندنی قەیران و ئەنتاگۆنیزمەکانی هەناوی سەرمایەداریی جیهانییە؛ ئەو ئەنتاگۆنیزمانەی ڕێگرن لەبەردەم بەرهەمهێنانی بێسنوردا. بە دیدی ژیژەک، ئەم ئەنتاگۆنیزمانە، قەیرانی "شتە هاوبەشەکان"مانن. ژیژەک ئەمە وەک "جەوهەری هاوبەشی بوونمان" پێناسەدەکات- واتە ئەو سامانە ماتریاڵی و ڕۆشنبیرییە ڕاستەقینەیەی مرۆڤایەتی وەک گشتێک پێوەی پەیوەستە. ژیژەک سێ پانتایی بنەڕەتیی سامانە هاوبەشەکان جیادەکاتەوە:

  • شتە هاوبەشەکانی کەلتور: فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریی "درکی"؛ بۆنمونە وەک زمان، ئامڕازەکانی پەیوەندی، پەروەردە و سامانە ژێرخانییەکان؛ ئەویش وەک گواستنەوەی گشتی، کارەبا، سیستەمی پۆست و هتد.
  • شتە هاوبەشەکانی سرووشتی دەرەکی: هەڕەشەی پیسبوون، داڕمانی ئیکۆلۆژی، کۆنترۆڵکردنی سامانە سرووشتییەکان(لە نەوتەوە بۆ دارستانە باراناوییەکان و ژینگەی سرووشتی).
  • شتە هاوبەشەکانی سرووشتی ناوەکی: بۆماوەی بایۆژێنەتیکیی مرۆڤایەتی، درووستکردنی "مرۆڤایەتی"ـی نوێ، گۆڕینی فۆرمی سرووشتی مرۆیی و هتد.

 

  بە دیدی ژیژەک، بەتایبەتیکردنی ئەم شتە هاوبەشانە لەم سێ پانتاییەدا، دەلالەتن لە زیندووبوونەوەی کۆمۆنیزم و گریمانەی کۆمۆنیستی.

 لە "سەرەتا وەک تراژیدیا، دواتر وەک کۆمیدیا" و کۆنفڕانسی "ئایدیای کۆمۆنیزم: چۆن لە سەرەتاوە دەستپێبکەین"دا، ژیژەک چوار ئەنتاگۆنیزمی بنەڕەتی جیادەکاتەوە کە پەیوەندن بە قەیرانی سامانە هاوبەشەکانەوە، هەریەک لەمانە دەبنەهۆی زیندووبوونەوەی گریمانەی کۆمۆنیستی:

 

  • هەڕەشەی نادیاری کارەساتی ئیکۆلۆژی
  • بەتایبەتیکردنی موڵکی ڕۆشنبیری
  • دەرەنجامە ئیتیکییەکانی تەکنەلۆژیای بایۆژێنەتیکی نوێ
  • درووستبوونی فۆرمی نوێی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی- واتە، ئەنتاگۆنیزمی نێوان وەرگیراو و وەدەرنراو.

 

  بە دیدی ژیژەک، ئەم کۆتا ئەنتاگۆنیزمە، کلیلی ڕزگاربوونە لە قەیرانی شتە هاوبەشەکانمان. یونیڤێرساڵیتەی ململانێی وەدەنراوەکان، لەڕێی لەچوارچێوەدانی شتە هاوبەشەکانەوە دەناسرێتەوە-واتە ئەو بەرهەمە لاوەکییانەی بەپڕۆلیتارکردن زیاددەکەن- و هەر لێرەدایە وا زەمینەی کۆشش بۆ جەنگان و سەرکەوتن دەدۆزینەوە.

  ژیژەک جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان "پڕۆلیتاریا" و "چینی کرێکاردا" دەدۆزێتەوە: "پڕۆلیتاربوون، لە هەڵوێستی سوبێکتیڤ پێکدێت(دەرهەق بە ڕزگاربوون لەڕێی شۆڕشەوە)، کەواتە هەر کەسێک وەک پرەنسیپ دەتوانێت ببێتە پڕۆلیتار"(سوبێکتی ختوکاوی: ٢٢٧)؛ بەڵام چینی کرێکار، ئاماژەیە بە پێگەی تاک لەناو نەزمی پۆزەتیڤی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا. ژیژەک دەشڵێت، بەپڕۆلیتارکردن واتە لەدەستچوونی جەوهەری سوبێکتیڤ. ژیژەک، بە قەرزێک لە دەربڕینەکەی مارکس لە کتێبى گرۆندەریسە "Grundrisse"دا، زۆرجار بە پڕۆلیتاریا دەڵێت "سوبێکتیڤیتەی بێ‌جەوهەر". کەواتە، بەپڕۆلیتارکردن واتە پرۆسەی داماڵینی سوبێکتی وەدەرنراو لە جەوهەری شتە هاوبەشەکان.

  ژیژەک بەڕوونی کۆمۆنیزم دەخاتە بەرامبەر سۆسیاڵیزمەوە. سەبارەت بە سۆسیاڵیزم، پێی‌وایە کە "شتە هاوبەشەکان دەشێت بەبێ کۆمۆنیزم بهێنرێنەوە نێو مرۆڤایەتیی دەستەجەمعییەوە"(سەرەتا وەک تراژیدیا: ٩٥)؛ ئەویش بە دوو شێوە: یان لەڕێگەی ڕژێمێکی کۆمۆنیستیی دەسەڵاتخوازەوە، یان لەڕێگەی گەڕاندنەوەی سوبێکتی بێ‌ڕیشە بۆ شوێنی خۆیان لەناو کۆمەڵگەیەکی نوێی جەوهەرداردا. ئەوەی ئەو لە مێشکیدایە دوو جەمسەری حوکمی دەسەڵاتخوازن لە چین و سەنگافورە، لەپاڵ ئەمەشدا سەرهەڵدانی فەندەمێنتاڵیزمی ڕەگەزپەرستی. بۆیە گەرەکە کۆمۆنیزم بخرێتە بەرامبەر سۆسیاڵیزمەوە. وەک ژیژەک دەڵێت: "هەرچەندە دەشێت سۆسیاڵیزمی دژەسامی بوونی هەبێت[سۆسیاڵیزمی نەتەوەیی(نازییەکان)]، بەڵام ناکرێت کۆمۆنیزمی بەو جۆرە بوونی هەبێت"(ه.س.پ). بەپێی ژیژەک، لە حاڵەتی ستالینیزمدا، سەرهەڵدانی دژەسامیبوون دەرخستنی نادڵسۆزییە بەرامبەر ڕووداوی شۆڕش.

  ژیژەک، لەبری خۆلادان لە ڕابردووی شکستخواردووی کۆمۆنیزم، پێداگرە لەسەر ئەوەی کە زیندووکردنەوەی کۆمۆنیزم پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوە لەگەڵ پاشەکشەکردنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ڕابردوودا، ئەویش لە ئاستێکی هیرارشیدا: لە یاقووبییەکانەوە بۆ ناپلیۆن، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ستالینیزم، لە شۆڕشی کەلتوریی ماوەوە بۆ سەرمایەداریی دەسەڵاتخوازی دینگ شاوپینگ. لە هەریەک لەم پاشەکشانەدا، ئایدیای کۆمۆنیزم وەک تارماییەکی نەناسراو دەمێنێتەوە. ژیژەک ئا بەم مانایە و لەڕێی "چوار چەمکە بنەڕەتییەکەیەوە" کۆمۆنیزم وەک ئایدیایەکی ئەبەدی وەردەگرێت(زۆر جار دژ بەوە دەوەستێتەوە کە لە ڕابردوودا کۆمۆنیزمی بەمێژوویی‌کردۆتەوە): "دادپەروەریی یەکسانیخواز، تیرۆری بەنەزم، ویستگەرایی سیاسی، متمانەکردن بە خەڵک"(سەرەتا وەک تراژیدیا: ١٢٥). بەڵام ئەو هەر پێداگرە لەوەشی کە، ئایدیای کۆمۆنیزم تا ئەمڕۆ، وەک ئایدیایەکی ئەفڵاتوونی ماوەتەوە. لەمڕۆدا، پێویستە ئەم ئایدیایە لە سیاقی ئەنتاگۆنیزمە مێژووییە ڕاستەقینەکاندا کردەیی‌بکرێتەوە. سۆسیاڵیزم بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنتاگۆنیزمی کۆتایی، هەوڵدەدات سێ ئەنتاگۆنیزمی یەکەم چارەسەر بکات. لەڕێی وتنی ئەمەوە، ژیژەک جەخت لەوە دەکاتەوە کە چیتر نابێت سۆسیاڵیزم وەک پلەیەک خوارتری کۆمۆنیزم ببینرێت، بەڵکو ئەڵتەرناتیڤێکی تری قەیرانەکانی سەرمایەداریی جیهانییە. ئەڵتەرناتیڤێکە تەنێ بە پشتبەستن بە دەسەڵاتخوازی و پۆپۆلیزم کاردەکات، و دووبارە بیڵێین، ئەنتاگۆنیزمی نێوان وەرگیراو و وەدەرنراو فەرامۆشدەکات. ئەوە ئاماژەکردنە بە وەدەرنراوەکان لەناو شتە هاوبەشەکاندا وا "دەبێتە پاڵپشتی بەکارهێنانی زاراوەی کۆمۆنیزم"(سەرەتا وەک تراژیدیا: ٩٧).

  ژیژەک لە ئێستادا دیموکراسی-ش وەک ئەڵتەرناتیڤی باڵادەستی گریمانەی کۆمۆنیستی ڕەتدەکاتەوە(بە دیموکراسی، مەبەستی لە دیموکراسیی لیبڕاڵ و دیموکراسیی بۆرژوایە). گرژییەک لە دیموکراسیی بۆرژوادا هەیە: لەوەدا شتێکی ئاوارتەییە کە دەتوانێت ئازادی و یەکسانی بکاتە هەلومەرجی زاڵبوون و قۆستنەوە: "ماتریکسی ئایدۆلۆژی-یاسایی ئازادی-یەکسانی، ماسکێکی ڕووت نیە کە قۆستنەوە و زاڵبوون دابشارێت، بەڵکو ئەم دوو شتە لە خودی فۆرمەکەدا جێبەجێدەکرێن[بە دەربڕینێکی تر، فۆرمێک نیە و ناوەڕۆکێکی داشاریبێت، بەڵکو ناوەڕۆک لە خودی فۆرمەکەدایە]"(سەرەتا وەک تراژیدیا: ١٢٥). بە دیدی ژیژەک، دیموکراسی-بەو مانایەی لەمڕۆدا بەکاردێت- "پتر سەروکاری لەگەڵ یاساگەریی فۆرماڵدا هەیە: پێناسە سادەکەی بریتییە لە لکانی بێ‌مەرج بە کۆمەڵێک ڕێسای فۆرماڵەوە وا گەرەنتی ئەوە دەکەن کە ئەنتاگۆنیزمەکان بەتەواوی هێنراونەتە ژێر گەمەی ململانێکانەوە"(لە داکۆکی لە ئایدیاڵە لەدەستچووەکاندا: ٢٦٤). ئەو ڕێگەیەی وا گەرەکە لێیەوە ئاماژە بە دیموکراسی بدەین، ئەوەیە بپرسین "دیموکراسی چۆنچۆنی بە ڕەهەندی یونیڤێرساڵی وەدەرنراوەکانەوە پەیوەست دەبێتەوە"(سەرەتا وەک تراژیدیا: ١٠٠). نزیکبوونەوەی دیموکراسیی بۆرژوا-لیبراڵ لە وەدەرنراوەکان، بۆ ئەوەیە بیانهێنێتەوە ناو سیستەمە هەبووەکەوە. جیاوازیی نێوان دیموکراسی و کۆمۆنیزم لە هەوڵی دیموکراسیدایە بۆ هێنانی وەدەرنراوەکان(لەڕێی گوتاری یاسایی و ئایدۆلۆژی و فۆرماڵەوە. بۆنمونە وەک "فرەکەلتوری") بۆ ناو نەزمەکە، نەک ئەوەی کۆمەڵگە بە ئاڕاستەی حەز و خولیاکانی وەدەرنراوەکاندا ببات. واتە، ڕێکخستنەوەی فەزای سیاسی بۆ ئەوەی وەدەرنراوەکان-یش جێیان ببێتەوە. دەبێت لەمەدا جیاکاریی لەنێوان دیموکراسیی بۆرژوا و "دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا"دا بکەین: "مەرامی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە دەسەڵات گرتنەدەست نیە، بەڵکو گواستنەوەی دەسەڵاتە[لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر]، گۆڕینی ڕادیکاڵانەی کارکرد و پەیوەندییەتی بە بناغەوە...پێکنەری سەرەکیی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا هەر ئەوەیە"(سەرەتا: ١٣٠-٣١). بە پێچەوانەی ئایدیا کۆنەکەی "نەهێشتنی دەوڵەت"ـی مارکسییەوە، ژیژەک دەوڵەتی لەلا زەروورە. بەڵام ئەم دەوڵەتەی ژیژەک، هەمان دەوڵەتەکی یەکێتیی سۆڤییەت نیە: "دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا جێی گرنگی یەکگرتنی دوو دژە، نەک دەوڵەتێک کە پڕۆلیتاریا بەڕێوەیببات...کاتێک مامەڵە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا دەکەین کە خودی دەوڵەت ڕادیکاڵانە گوازرابێتەوە و پشت بە فۆرمە نوێیەکانی بەشداریی گشتی ببەستێت"(سەرەتا وەک تراژیدیا: ١٣١).   

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

یونیڤێرساڵیتە(گشتێتى)ـی کۆنکرێتی

 

وێندڵ کیزنەر

 

 

  هەر هەوڵێک بۆ خستنەڕووی شوێنى وەستان و پێگەی "ژیژەکی"، پڕیەتی لە ئاڵۆزی، تەنیا ئاڵۆزیی خودی ژیژەک نا، بەڵکو نزیبوونەوەیەکی ناسیستەماتیکی فەلسەفیش. گەرەکە بەناو نوسینەکانی ژیژەکدا بگەڕێین و یەک‌بەیەک پارچەکانی ئەم ڕێبازە یەکگرتووە بخەینەپاڵ یەک، دەرەنجامەکەش لە باشترین حاڵەتیدا ئەزموونی دەبێت. نزکبوونەوەکەی منیش دەرکێشانی پێشنیارەکانییەتی لە نوسینەکانیدا و دواجاریش هەوڵە بۆ تەواوکردیان، هەوڵە بۆ ئەوەی مەبەستەکانیان دەرکێشم و بەرگێک بە بەر ئەم زانیاری و ژێستانەدا بکەم، ئەویش لەپێناو لێکۆڵینەوەیەکی درێژتردا. هەرچەندە ژیژەک فینۆمینۆلۆژیستێکی هایدیگەری نیە، بەڵام دەشێت بڵێین ڕەوتی نوسینی وی پتر لە ڕەوتی نوسینی هایدیگەرەوە نزیکە؛ لەوەوە نزیکە کە هایدیگەر پێی دەوت خستنەڕووی فۆرماڵ لەپێناو دەستگیرۆیی و بەشداریی خوێنەردا تاکو بابەتی لێکۆڵینەوە درووستبێت یان دووربخرێتەوە، ئەویش تاکو بەرەو تەواوبوون ببرێن.

  کێشەی یونیڤێرساڵیتەی ئەبستراکت لەوەدایە ناتوانێت ناوەڕۆکە بەشەکییەکەی خۆی وەرگرێت، ئاوها خۆشی دەبێتە شتێکی بەشەکی دژ بەو شتە بەشەکییانەی کە ناتوانێت ناواخنیانبکاتەوە. بۆ ئەوەی یونیڤێرساڵیتە ببێتە شتێکی کۆنکرێتی، ناکرێت لە بەرامبەر ناوەڕۆکە بەشەکییەکەیدا کەمتەرخەم بێت، بەڵکو دەبێت خۆی بئاخنێتە نێو بەشەکانییەوە. ئەم قیاسدانانە، بە جۆرێک پێمان دەڵێت ئاخۆ بەباشی لە یونیڤێرساڵیتەی کۆنکرێتی تێگەیشتووین یان نا.

  ژیژەک سێ نوسخەی پەیوەندیی نێوان یونیڤێرساڵ و ناوەڕۆکی بەشەکی جیادەکاتەوە. یەکەمیان، یونیڤێرساڵیتەی بێلایەن[3]ـە و نمونەی سەرەکیی ئەمە، کۆجیتۆی دیکارتییە، ئەمە لە هەر سوبێکتێکی تاکدا وەک یەکە، نە لە نەژاددا جیاوازە نە لە جێندەر و هتددا. هەرچەندە یونیڤێرساڵیتەی بێلایەن هاوتایی گشتی دەکاتە شتێکی مومکین و دەبێتە بناغەی یەکسانیی سیاسی، بەڵام کاتێک دەیخەینە بەرامبەر سەرنجە ژیژەکییەکەوە، ئەوا دەبینن کە خۆی ناخاتەنێو بەشەکانییەوە، بەڵکو لەگەڵ ناوەڕۆکە لایەندارەکەیدا دەبێتە یەک و ئیتر ئا بەو جۆرە نابێتە یونیڤێرساڵیتەیەکی کۆنکرێتی.

  ژیژەک نوسخەی دووەمیان بە "یونیڤێرساڵیتەی سەمپتۆماتیک" ناوزەددەکات، لە گۆشەی ئەم یونیڤێرساڵیتەوە، یونیڤێرساڵیتەی بێلایەن وەک ئەو ڕوواڵەتەیە کە ناوەڕۆکێکی بەشەکی و هەڕەمەکی لەپشتییەوەیەتی، و بە خستنەڕووی ئەم ناوەڕۆکە دەردەکەوێت کە یونیڤێرساڵیتەی بێلایەن تەنیا وادانانێکە[4]. بۆنمونە، ڕوواڵەتی یونیڤێرساڵیتەی تاکی خاوەن‌مافی ڕەگەزکوێر و ڕەگەز-بێلایەن هەڵدراوەتەوە و دەرخراوە کە ئەمە بەشێکە لە خاوەنداریی نێری سپی‌پێست. لە مانا هەرەبەهێزەکەیدا، ئەم نوسخەیە یونیڤێرساڵیتە لە-خۆیدا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە فۆرمێکی باڵادەستییە دەخوازێت هەموو جیاوازییە بەشەکییەکان لەژێر ڕووخساری بێلایەنیدا بسڕێتەوە، کە لە کاتێکدا ئەمە لەبەر خاتری لایەنێکی دیاریکراو دەکات. بەڵام مادەم ئەم نوسخە سەمپتۆماتیکە، یونیڤێرساڵیتە وەک جۆرێک لە هەڵەی ئایدۆلۆژی دەبینێت کە لەلایەن ناوەڕۆکی بەشەکییەوە جێی پێ لەقدەکرێت، ئەوا دووبارە یونیڤێرساڵیتە لە بەشەکانی دادەبڕدرێت(بەڵام کەمجار وەک وەهمێک لادەچێت)، جا بۆیە دیسان لەگەڵ قیاسە ژیژەکییەکەی یونیڤێرساڵیتەی کۆنکرێتیدا یەکناگرێتەوە.

  نوسخەی سێیەم، "یونیڤێرساڵیتەی هەژموونی"یە، و ژیژەک لەپێناو ئەمەدا دەگەڕێتەوە بۆ کارەکانی لاکلاو. لەم نوسخەیەدا، یونیڤێرساڵ فۆرماڵ و بەتاڵە، دەستەودامان چاوەڕێی ناوەڕۆکێکی بەشەکییە تا پڕی بکاتەوە. مادەم هیچ ناوەڕۆکێکی تایبەتی نیە تا خەسڵەتی پێ بدات، ئەوا "تەنیا دەشێت لەڕێی ناوەڕۆکێکی تایبەتەوە بەهەژموونی‌بکرێت، و ئەم ناوەڕۆکەش وەک جێگرەوە کاردەکات[واتە دەبێتە جێگرەوەی خودی یونیڤێرساڵ]. بەم مانایە، یونیڤێرساڵیتە مەیدانی جەنگە و چەندین ناوەڕۆکی بەشەکی تێیدا دەجەنگن تاکو هەژموون بەدەستبێنن"(سوبێکتی ختوکاوی: ١٠٠-١٠١). ئەم جەنگە هەرگیز کۆتایی‌نایەت، و لەگەڵ هەر چارەسەرێکی کاتیدا، ناوەڕۆکێکی بەشەکی هەڵدەستێت و دەڵێت "من یونیڤێرساڵە ڕاستەقینەکەم". هەرکات ئەمە ئاسایی‌کرایەوە(کە ئێمە وەک هەلومەرجی گرنگی بردنەوەی شەڕەکەی دەبینین)، ئەوا ناوەڕۆکێکی بەشەکی وەک یونیڤێرساڵێکی شکستخواردوو[5] دەردەکەوێت.

  وا دیارە ژیژەک پتر حەزی بەم نوسخەیە هەیە، پێشی دەڵێت "یونیڤێرساڵیتەی ململانێکار"، پێی‌وایە "هەر چەمک و ئایدیایەکی ئایدۆلۆژیی یونیڤێرساڵ، لەلایەن ناوەڕۆکێکی بەشەکییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و ئەم ناوەڕۆکە دەبێتە خەسڵەتی دیاری یونیڤێرساڵیتەکە"(سوبێکتی ختوکاوی: ١٧٥)، و هەرکات ئەم بەشە وەک جێگرەوەی یونیڤێرساڵە مەحاڵەکە کاریکرد، ئەوا دۆخەکە بەسیاسی‌دەبێتەوە. بەڵام ئایا یونیڤێرساڵیتەی هەژموونی بە قیاسە ژیژەکییەکە دەخوات؟ لەم نوسخەیەدا، وا دیار نیە یونیڤێرساڵیتە خۆی بئاخنێتە نێو بەشەکانییەوە، چونکە "لەلایەن ناوەڕۆکێکی بەشەکییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و ئەم ناوەڕۆکە دەبێتە خەسڵەتی دیاری یونیڤێرساڵیتەکە". پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم "خەسڵەتپێدان"ـە ڕەپتی بە یونیڤێرساڵیتە لە-خۆیدا هەیە، یان تەنیا تێکەڵبوونیەتی لەگەڵ ناوەڕۆکێکی بەشەکیدا کە سەربەخۆ ناتوانێت بڵێت یونیڤێرساڵم. گەر دۆخی هەژموونی بەش-باڵادەست بێت یان چەوسێنراو- ئەو ڕاستییە نەگۆڕێت کە یونیڤێرساڵیتە ڕوواڵەتێکە کە واقیعییەتەکەی لە ناوەڕۆکی بەشەکەیدایە، ئەوا دیسان ئێمە و یونیڤێرساڵێکی ئەبستراکت دەمێنینەوە.

  ژیژەک دەڵێت یونیڤێرساڵی هەژموونی "هەمیشە خۆی لە فۆرمی ناوەڕۆکێکی بەشەکیدا دەخاتەڕوو، و بانگەشەی ئەوە دەکات بەرجەستەکەری ڕاستەوخۆی ناوەڕۆکەکەیە؛ هەموو ناوەڕۆکەکانی تریش وەک بەشی ڕووت [ناوزەددەکات] و وەلادەنێت"(سوبێکتی ختوکاوی: ١٠١). گەر ئەم نوخەیەی یونیڤێرساڵیتە لەڕێی قیاسەکەی ژیژەک خۆیەوە هەڵسەنگێنین، دەتوانین ببینین کە یونیڤێرساڵ نەک ناتوانێت خۆی بئاخنێتە نێو بەشەکانی خۆیەوە، بەڵکو ناتوانێت خۆی بئاخنێتە نێو هەر بەشێکەوە-چونکە فۆرماڵیتەیەکی بەتاڵە. ئەم یونیڤێرساڵیتەیە نەک کۆنکرێتی نیە، بەڵکو مەحاڵە، جا بۆیە دەبێت هەندێک بەش جێیبگرنەوە. ئەوەی کە خۆی دەردەخات، بەشێکی جێگرەوەیە، نەک خودی یونیڤێرساڵەکە، چونکە ئەم یونیڤێرساڵە هەر وەک مەحاڵێک دەمێنێتەوە. لە کۆتاییدا، ئێمە ڕووبەڕووی بەش دەبینەوە نەک یونیڤێرساڵیتە، بۆیە لێرەدا یونیڤێرساڵیتەمان نیە لە فۆرمی بەشدا، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە- ناوەڕۆکێکی بەشەکییمان لە فۆرمی یونیڤێرساڵدا هەیە. بەم شێوەیە، یونیڤێرساڵیتە نەک خۆی نائاخنێتە نێو بەشەکانییەوە، بەڵکو وەدەرنراوە و جێگرەوەیەک خراوەتە شوێنی.

  هەرچەندە وا دەردەکەوێت ژیژەک مەیلی بە لای یونیڤێرساڵیتەی هەژموونیدا بڕوات، بەڵام فۆرمێکی یونیڤێرساڵیتە لای ژیژەک هەیە و پێویستی بە تێڕامانە. لەڕێی دەستەواژە لاکانییەکەوە کە ژیژەک بەکاریدێنێت، من بەم نوسخەیە دەڵێم "ئاوارتەی بونیادنەر". هەرچەند ژیژەک لەڕێی لاکلاوەوە لەم نوسخەیە نزیکدەبێتەوە و ڕوونیش نیە ئاخۆ لەگەڵ یونیڤێرساڵیتەی هەژموونیدا یەکسانیدەکاتەوە یان نا، بەڵام پێم‌وایە گەر یونیڤێرساڵیتەیەکی کۆنکرێتییمان بوێت، واتە بێلایەنییەکی ئەبستراکت نا، ڕووپۆشێک نا کە ناوەڕۆکە بەشەکییەکان بشارێتەوە، فۆرماڵیتەیەکی بەتاڵ نا کە هەندێ جێگرەوەی بەشەکی کۆنترۆڵیان کردبێت، بەڵکو چاترێکە وەک چەمکێکی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. ژیژەک دەڵێت: "هێندە بەس نیە بڵێین یونیڤێرساڵیتەی کۆنکرێتی، لەڕێی فەزایەک لە پێکهاتەی بەشەکییەوە دەخرێتەڕوو؛ گەرەکە ئەوەش لە مێشکی خۆماندا بچەسپێنین وا هەموو نمونە بەشەکییەکانی یونیڤێرساڵیتە لە پرسیاردا، نیشانەی شکستی ئەوپەڕینەی خۆیانیان پێوەیە"(سوبێکتی ختوکاوی: ١٠٣). گەر ئەو نمونە بەشەکییانەی بەسەر یونیڤێرساڵیتەدا باڵادەستن نیشانەی شکتی خۆیان پێوەبێت، ئەوا ئیمکانی یونیڤێرساڵیتەیەک کە شکستێکی بەم جۆرەی تیا نەبێت، دەڕەخسێت.

  ژیژەک بە هاوتاییەکی موزیکیدا هەڵدەچێتەوە؛ بەپێی ئەم هاوتاییە، کۆنسێرتۆی کەمان و کۆنسێرتۆ ڕاستەقینەکان، لەڕێی بەشی مێژوویی جیاجیاوە نوسراون و پێشکەشکراون. ئەم بەشانە، نمونەی ڕووتی یونیڤێرساڵێکی پێشوەخت‌دراو نین، بەڵکو خودی یونیڤێرساڵەکە بەکردەیی‌دەکەنەوە، واتە، ئەوان دیاریدەکەن چ کۆنسێرتۆیەکی کەمان سەرکەتووە و ئاوهاش دیاریدەکەن کامە یونیڤێرساڵە. وەک ژیژەک دەیڵێت، مانای ئەم یونیڤێرساڵە ئەمەیە: "پرۆسەیەک یان زنجیرەیەک لە هەوڵی بەشەکان، کە تەنیا چەمکی یونیڤێرساڵی بێلایەن ناخەنەڕوو، بەڵکو ململانێی لەتەکدا دەکەن، پێچی پێ لێدەدەن-کەواتە، یونیڤێرساڵ بەتەواوی لەگەڵ پرۆسەی خستنەڕووی بەشدا دەرگیرە؛ واتە، ئەم بەشانە، بە جۆرێک، بڕیار لە چارەنووسی خودی یونیڤێرساڵەکە دەدەن"(س.خ: ١٠٢).

  ئەنجامی کۆتایی ئەوەیە، کە ژیژەک دەیەوێت بڵێت بەشەکان خەسڵەت بە یونیڤێرساڵ دەدەن، و لە نمونە یان جێگرەوەی ئایدیای یونیڤێرساڵیتە زیاترن. گەر پرۆسەی خەسڵەتپێدانەکە لەدەرەوەڕا ڕووبدات-واتە گەر ناوەڕۆکێکی بەشەکی بەسەر یونیڤێرساڵیتە بەتاڵەکەدا باڵادەست بێت-، ئەوا تاکە دەرکەوتنی یونیڤێرساڵیتە، دەسەڵاتی پیادەکردنی هەژموون دەبێت بەسەر ئەوانیتردا(وەک هێزێکی بەشەکی بەسەر ئەونیتردا و دژ بەوانیتر) لە کایەیەکدا کە وەک یونیڤێرساڵێکی ساختە و هەڵە دەمێنێتەوە. بە جۆرێکی تر، گەر پرۆسەی خەسڵەتپێدانەکە لە خودی یونیڤێرساڵەکەوە دەستپێبکات، یان گەر یونیڤێرساڵ لەلایەن بەشەوە خەسڵەتی پێ بدرێت تاکو وەک یونیڤێرساڵ بمێنێتەوە نەک جیگرەوەیەک، ئەوا یونیڤێرساڵ خۆی وەک ناوەڕۆکێکی بەشەکی دەخاتەڕوو و ئێمەش بەپێی قیاسەکەی خۆمان، یونیڤێرساڵیتەیەکی کۆنکرێتییمان دەبێت؛ یونیڤێرساڵێک کە خۆی دەئاخنێتە نێو بەشەکانی خۆیەوە.

  ڕوونکردنەوەی زیاتری ئاوارتەی بونیادنەر لە ئارگۆمێنتەکەی ژیژەکدایە کە دەڵێت، چەمکی مارکسیی چەوساندنەوە، هەر وا بەسادەیی ناخرێتە بەرامبەر ئایدیای خاوەنماف و ئاڵوگۆڕی دادپەروەرانەوە. واتە، ناکرێت چەوساندنەوە لەڕێی ئەوە نەهێڵین کە دڵنیابینەوە لەوەی کرێکاران دەستهەقی کارەکەی خۆیان بەتەواوی وەرگرتووە. کاتێک خودی (هێزی) کار دەبێتە کاڵایەک و لەنێو کاڵاکانی تر لە بازاڕدا ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت، ئەوا چەوساندنەوە درووستدەبێت- ئەمە بێ گوێدانە ئەوەی کرێکارەکان چەند بەباشی بڕەپارەی خۆیانیان وەرگرتووە. لەنێو هەموو ئەو کاڵایانەی لە بازاڕدا ئاڵوگۆڕیان پێوە دەکرێت، کاڵایەک وەک ئاوارتە دەمێنێتەوە و ڕەپتی بەوانیترەوە نیە: ئەو مرۆڤەی کە کاردەکات. ئەم پەیوەندییە چەوسێنەرە وەختێک کەشفدەبێت، کە ئەم ئاوارتەیە وای لێ دەکرێت لە سیستەمێکی ئاڵوگۆڕدا کاربکات وەکبڵێی لەگەڵ کاڵاکانی تردا هیچ جیاوازییەکی نیە.

  سەرهەڵدانی چەوساندنەوە لەڕێی ئەم ئاوارتەیەوە، هاودەمی "بەیونیڤێرساڵکردنی کارکردی ئاڵوگۆڕە: ئەو دەمەی کارکردی ئاڵوگۆڕ بەیونیڤێرساڵ‌دەکرێت-واتە، ئەو دەمەی دەبێتە پرەنسیپی بونیادیی کۆی ژیانی ئابوری- ئاوارتەکە سەرهەڵدەدات، چونکە لەم کاتەدا خودی هێزی کار دەبێتە کاڵایەکی ئاڵوگۆڕکراو لە بازاڕدا"(س.خ: ١٨٠). مەبەستی ژیژەک ئەوەیە، پرۆسەی بەیونیڤێرساڵکردن(واتە هی کارکردی ئاڵوگۆڕ)، بەرهەمی خودی ئەم ئاوارتەیەیە، ئەمە وا دەکات ئاوارتەکە ببێتە ئاوارتەیەکی بونیادنەر. ئاوارتە ڕێسا درووستدەکات نەک بکەوێتە دەرەوەی. گەر ئاوارتە بە مانا ڕۆژانەییەکەی وەرگرین-واتە گەر بەسادەیی بکەوێتە دەرەوەی ڕێسای ئاڵوگۆڕی یونیڤێرساڵەوە-، ئەوا ڕێسا نابێتە شتێکی یونیڤێرساڵ. ئەوە یونیڤێرساڵیتەیە کە ئاوارتە لەبنیدایە، و تەنیا لەڕێی ئەم ئاوارتەیەوە دەبێتە ڕێسا و کارکردێکی بەیونیڤێرساڵکراو. ژیژەک، بە گەڕانەوە بۆ نوسخە سەمپتۆماتیکەکەی یونیڤێرساڵیتە، جەخت لەوە دەکاتەوە ڕەگەزە زیادەکە جێ بە یونیڤێرساڵیتە لەقدەکات: "سەمپتۆم ئەو نمونەیەیە کە یونیڤێرساڵ تێکدەدات؛ هەر نمونەی خۆشیەتی"(س.خ: ١٨٠). پێش ئەوەی دەست لە یونیڤێرساڵیتە هەڵگرین، با بزانین ئایا ئەوە یونیڤێرساڵیتەیە لە-خۆیدا یان فۆرمە ئەبستراکتەکەیەتی، کە بەهۆی بێلایەنییەوە بەشێتییەکەی ناوەوەی دادەشارێت. گەر ئەمەی دووەمیان بێت، ئەوا هێشتا کونجێک بۆ چەمکاندنی یونیڤێرساڵیتەیەک کە جێی پێ لەقناکرێت، دەمێنێتەوە.

  لەم پنتەدا، ژیژەک گۆڕانێک لە شیکارییەکەدا دەخاتەڕوو. لە کاتێکدا پێشتر بۆشاییەک لەنێوان خودی یونیڤێرساڵیتە(وەک وەهمێکی ئایدۆلۆژی لە یونیڤێرساڵی سەمپیۆماتیکدا یان وەک فۆرماڵیتەی بەتاڵ لە یونیڤێرساڵی هەژموونیدا) و ناوەڕۆکی بەشەکیدا هەبوو، ئێستا بۆشاییەکە لەناو خودی ناوەڕۆکە بەشەکییەکەدایە؛ واتە، لەنێوان بەش وەک بەرجەستەکەری یونیڤێرساڵ و ئەو ئاوارتەیەی لەناو ناوەڕۆکە بەشەکییەکەدایە و ئەو یونیڤێرساڵیتەیە وێراندەکات کە خۆی بانگەشەی دەکرد کە ئەو بێت. لێرەدا، ژیژەک لەگەڵ نمونەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە-یونیڤێرساڵیتەی دادپەروەری، فۆرماڵیتەیەکی بەتاڵە کە ناوەڕۆکەکەی لەلایەن چەمکی ئاڵوگۆڕی یەکسانی بۆرژواییەوە کۆنترۆڵکراوە-، بەڵام ئەم بەشەی جێی یونیڤێرساڵی بەتاڵ دەگرێتەوە، بەکاڵاکردنی زۆردارانەی کاری مرۆیی، کە جێ بە یونیڤێرساڵی دادپەروەری لەقدەکات، لە خۆیدا ناواخندەکاتەوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەو بۆشاییەی لەنێوان یونیڤێرساڵ و بەشدا هەبوو، ئێستا لەناو خودی بەشدایە- لەپاڵ یونیڤێرساڵدا، بەش پێی‌وایە کە ئاوارتە بونیادنەرەکەیە، هەر بەمەش جێ بە خۆی لەقدەکات. با دڵنیاش بین، یونیڤێرساڵ هێشتاش هەر جێگەکەی لەقە یان "تێکشکێنراوە". تەنانەت وەک یونیڤێرساڵێکی تێکشکاویش، هێشتا لەناو بەشەکانیدایە نەک دژیان بێت، و ئەمە یەک هەنگاو لەو یونیڤێرساڵیتەیە نزیکماندەکاتەوە کە خۆی دەخاتەپاڵ ناوەڕۆکە بەشەکییەکەیەوە. نە یونیڤێرساڵی سەمتۆماتیک نە هەژموونی ناتوانن ئەمە بکەن، چونکە بەپێی ئەم دوو چەمکە، یونیڤێرساڵیتە دژ بە بەش دەوەستێتەوە و ناتوانێت لەنێویاندا وەک یونیڤێرساڵ دەربکەوێت.

  ژیژەک لەڕێی ئەم گەشەسەندنەوە دەگات بە "تاک" یان تاقانەیی؛ قۆناغی سێیەمی سیانە هیگڵییەکەی تاقانەیی-بەشێتی. ئاوارتەی بونیادنەر، بەهۆی خەسڵەتە ئاوارتەییەکەیەوە تاقانەیە- بەتەنیا لەبری بەشەکانی تر جێی یونیڤێرساڵیتە دەگرێتەوە، نەک وەک ئەوەی لە دژیان بووەستێتەوە، بەڵکو وەک ئاوارتەی ئایدیاکە. بە دەربڕینێکی تر، خەسڵەتی ئاوارتەیی، هەمان وێرانکردنی یونیڤێرساڵیتەی ئەبستراکتی ئەو شتەیە کە وەک نمونەیەک خۆی دەردەخست، جا بۆیە وەک تاقانەیەک قیتدەبێتەوە.  

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Class antagonism

[2] Irreducibility

[3] Neutral universality

[4] Pretense

[5] Default universa