تارماييه‌كانى هيدايه‌ت
موراد فه‌رهادپور به‌فايلى pdf بيخوێنه‌وه
و. وه‌ليد عومه‌ر
پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت بڵێم نه نیه‌تی ئه‌وه‌م هه‌یه كه ده‌رباره‌ی به‌های ئه‌ده‌بیی به‌رهه‌مه‌كانی هیدایه‌ت قسه بكه‌م نه تواناشیم هه‌یه، چونكه شاره‌زاییم له ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخـی ئێران‌دا زۆر كه‌موكورت و په‌رشوبڵاوه. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به كاره‌كته‌ر و كه‌سایه‌تیی هیدایه‌تیش، چ به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی و چ لێكۆڵینه‌وه‌كانیشی، هه‌ر خاوه‌ن ڕا و بۆچوون نیم. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مانه له‌و ڕووه‌وه ده‌رباره‌ی هیدایه‌ت ده‌دوێم كه ته‌نیا نوسه‌رێك نیه و به‌س، به‌ڵكو به جۆرێك له جۆره‌كان سێبه‌ری قورسی تارماییه‌كه‌ی، یان باشتره بڵێم تارماییه‌كه‌ی هێشتاش هه‌ر به سه‌ر شانی خۆمان و كه‌لتوره‌كه‌مانه‌وه‌یه .
دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، هه‌م بۆ ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و هه‌م له چاوی خه‌ڵكی ئاساییشه‌وه، هیدایه‌ت به جۆرێك سیمبوڵی سه‌ره‌كیی هونه‌رمه‌ندانه و ڕۆشنبیرانه ده‌ژمێردرێت و ته‌نانه‌ت سه‌ركوتی ئایدۆلۆژی و خه‌روارگه‌لێك تۆمه‌ت و بوختانیش نه‌یتوانیوه ئه‌م سێبه‌ره له‌ناوببات، یان ته‌نانه‌ت كاڵیش بكاته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مڕۆ تارمایی هیدایه‌ت ئاسۆی ڕه‌مزيى كه‌لتوری ئێمه‌ی به شێوه‌یه‌كی فراوانتر گرتۆته‌وه. «بوون به سادقی‌هیدایه‌ت» له ڕاستیدا خه‌ون و ئاره‌زووی شاراوه و ئاشكرای هه‌موومانه، ئاره‌زووی ئاگایانه و نائاگایانه‌ی هه‌موو نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی ئێرانییه. هه‌موان به جۆرێك له جۆره‌كان ئاره‌زوومه‌ندن كۆپییه‌كی هیدایه‌ت بن یاخود ببنه هیدایه‌تی دووه‌م و ئه‌م ئاره‌زووه‌ش هێنده به‌هێزه كه ده‌توانرێت له پانتاییه ئایدۆلۆژییه‌كانی ڕاستگه‌رای په‌ڕگيرييشدا به‌ته‌واوی هه‌ستی پێ‌بكرێت، واته ته‌نانه‌ت له‌و جێگایانه‌شدا كه هیدایه‌ت له بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌كو ڕووخسارێكی ته‌واو نێگه‌تیڤ پیشانده‌درێت، دیسان ڕۆڵی ڕه‌مزى و سیمبوڵیی خۆی ده‌گێڕێت و سێبه‌ره‌كه‌ی هێشتا هه‌ر ئاماده‌یه.
به‌ڵام هۆكاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕه‌مزييه گشتگیره چیه؟
له‌بیرمه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ڕاپرسییه‌ك له نێو گه‌نجاندا ئه‌نجامدرا ده‌رباره‌ی ئايكۆنه به‌ناوبانگ و دیاره ئێرانییه‌كان. له‌ناو ئه‌و ده ئايكۆنه‌دا كه ناوده‌بران هیدایه‌ت تاكه ڕۆشنبیر بوو، باقیی ڕووخساره‌كانی تر وه‌رزشی و سیاسی و له‌و جۆرانه بوون. هیدایه‌ت له‌و لیسته‌دا له یه‌كه‌مینه‌كان بوو، هاوكات ئه‌و كه‌سانه‌ش كه له ڕاپرسییه‌كه‌دا به‌شدار ببوون، به‌شێك نه‌بوون له نوخبه و ڕۆشنبیران، به‌ڵكو وه‌ك ده‌وترێت عامه‌ی خه‌ڵك زۆرترینی پێكده‌هێنا.
بۆیه هیچ گومانێك له ئاماده‌یی ئه‌م سێبه‌ره و كاریگه‌رييه‌كه‌ى ناكرێت و و به‌درێژایی چل ساڵی ڕابردوو تارماییه‌كه‌ی یان تارماییه جۆراوجۆره‌كانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوون و قورساییان خستۆته سه‌ر شانمان. گومانم هه‌یه بتوانرێت هۆكارگه‌لێك بۆ ئه‌م ئاماده‌ییه قورسه ڕه‌مزييه بدۆزرێته‌وه. هه‌ندێك له‌و هۆكاره باوانه ده‌ژمێرم كه ڕه‌نگه له سه‌ره‌تادا به زه‌ینماندا بێن و، پاشان باسی ئه‌وه ده‌كه‌م كه بۆچی ئه‌م هۆكارانه هۆكاری بنه‌ڕه‌تی نین.
خاڵى يه‌كه‌ميان، ژیانی پڕ ئازار و چه‌رمه‌سه‌ریی هیدایه‌ته، یان هیدایه‌ت وه‌كو سیمبوڵی ئازاری ڕۆمانتیكه كه له‌گه‌ڵ ڕووخساری باوی "ڕۆشنبیر" له ئێران‌دا جووتدێته‌وه. حاڵه‌تێكی تر، خۆكوشتنه‌كه‌یه‌تی. حاڵه‌تی سێیه‌م، ڕۆڵ و كاريگه‌رى و ده‌ربڕینی سیمبوڵیكی خودی ڕۆمانی "كونه‌په‌پووی كوێر"ه به‌تایبه‌ت له‌وێوه كه په‌يوه‌نديى به مێژوو و كه‌لتووری ئێمه‌وه هه‌يه و ئه‌و ڕۆڵه‌شی كه له‌م ڕووه‌وه ده‌یگێڕێت. چواره‌م هۆكاریش، ئیعتیبار و ناوبانگی جیهانیی هیدایه‌ته وه‌ك به‌ناوبانگترین ڕۆشنبیری ئێران له جیهاندا.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بسه‌لمێنین، كه بۆچی ئه‌م هۆكارانه، هۆكاری سه‌ره‌كی نین، تاوه‌كو دواتر بچینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به لاى منه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كییه.
تا ئه‌و جێیه‌ی په‌یوه‌نديی به ئازارچه‌شتنه‌وه هه‌یه، پێويسته بڵێین ئازارچه‌شتن به تاقى ته‌نیا نابێته فه‌زیله‌ت و پێویستی به هیچ به‌هره و توانایه‌كی تایبه‌ت نییه. هه‌موو مرۆڤه‌كان ئازارده‌چێژن و بگره زۆرێك هه‌ن به‌راورد به هیدایه‌ت ده‌كرێت ئازارێكی زیاتریان چه‌شتبێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه زاتیيه‌ی نێوان ئازارچه‌شتن و بوونی نوسه‌ر(و هونه‌رمه‌ند)، كڵێشه‌یه‌كی ڕۆمانتیكییه، كه لای ئێمه‌ی ئێرانییه‌كان و له كه‌لتوری ئێمه‌دا به‌قووڵی جێی خۆی گرتووه. له ئه‌نجامی هه‌ندێ هۆكاری وه‌ك هه‌بوونی سێ هه‌زار ساڵ پێشینه‌ی سته‌مكاریی ئاسیایی و پڵیشانه‌وه‌ی تاك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها و سه‌ركوتكاره‌وه، ئه‌و تێڕوانینه‌ی له نێوان فه‌زیله‌ت، به‌تایبه‌ت فه‌زیله‌تی فیكری و ئازارچه‌شتندا په‌یوه‌ندییه‌كی زاتی هه‌یه و بۆته باوه‌ڕی هه‌میشه‌یی ئێمه: «ته‌نیا ئه‌و گوناهه‌ت به‌سه، كه تۆ ئه‌هلی فه‌زڵ و عیلمی«.
ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر خۆكوشتنه‌كه. پێم وانییه بتوانین خۆكوشتنی هیدایه‌ت له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌ك نیشانه‌ی "ئاره‌زوو بۆ مه‌رگ" دابنێین، به‌تایبه‌ت له‌و ڕووه‌وه كه خۆكوشتنه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو و سه‌رگرتوو بوو، هه‌ڵبه‌ت وێناكردنی په‌یوه‌نديی نێوان خۆكوشتن و ڕۆشنبیربوون دیسان كڵێشه‌یه‌كی ڕۆمانتیكی دیكه‌یه كه زۆرجار ده‌رباره‌ی كه‌سانێك ڕاست ده‌رده‌چێت خۆكوژیی سه‌رنه‌كه‌وتوو ئه‌نجامده‌ده‌ن. خۆكوشتن به وته‌ی لاكان، به مانایه‌ك له ماناكان تاكه كرده‌ی سه‌ركه‌وتووه، واتا هه‌ر كرده‌یه‌ك جۆره هه‌وڵێكه بۆ به‌دیهێنانی ئاره‌زوو، له‌كاتێكدا مادام ئاره‌زوو هیچكات به‌دیناهێنرێت، به‌ڵكو ڕێك ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی بۆ درووستده‌بێت و سه‌ركه‌وتن و تێربوونی راسته‌قینه هیچ كاتێك به‌دی نایه‌ت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، خۆكوشتن تاكه‌كرده‌ی ته‌واو سه‌ركه‌وتووه، چونكه له‌خۆكوشتنی راسته‌قینه‌دا ئاره‌زووی مرۆڤ ڕووه‌و مه‌رگه و مه‌رگیش ڕووده‌دات. عاقيبه‌ت و كاركردی ئه‌م كاره، بێ چه‌ندوچونه و ئه‌نجامه‌كه‌یشی هه‌ر ئه‌و جه‌سته‌یه‌یه، كه له‌و ناوه‌دا كه‌وتووه: سه‌لماندنی بڕێنه‌ره‌وه و حاشاهه‌ڵنه‌گرى به‌دیهاتنی ئاره‌زوو و سه‌ركه‌وتنی كرده‌كه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دژ ده‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و باسه‌ی لێره‌دا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، چونكه من وای نابینم بایه‌خی هیدایه‌ت له هیچ جۆره سه‌ركه‌وتنێكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت. به‌ڵكو ڕێك به پێچه‌وانه‌وه، خاڵی بنه‌ڕه‌تی، شكسته‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش ئه‌و باس و خواسه‌یه كه دواتر دێینه‌وه سه‌ری. كه‌واته ناشێت خۆكوشتنیش وه‌كو هۆكار سه‌یربكرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، خۆكوشتن ته‌نیا وه‌كو به‌شێك له كۆی شوناسی ڕه‌مزيى هیدایه‌ت مانای تایبه‌تیی خۆی وه‌رده‌گرێت و كاریگه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه (واته له هه‌ناوی ئه‌و باسه‌دا كه دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری). گه‌رنا ژماره‌ی ئه‌و نوسه‌ر و ڕۆشنبیرانه كه‌م نین كه ئێستا و ناوه ناوه خۆیان كوشتووه و پێویستیش ناكات ناویان بێنینه‌وه. نابێت ئه‌و خاڵه‌ش له‌یادبكه‌ین كه به هه‌رحاڵ له كه‌لتوره ئیسلامییه‌كاندا خۆكوشتن زۆر كه‌مه و ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریی هه‌بووه له ناساندنی هیدایه‌تدا وه‌كو ڕووخسارێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره.
تا ئه‌و جێیه‌ش كه په‌یوه‌ندیی به "كونه‌په‌پووی كوێر"ه‌وه هه‌یه و په‌یوه‌ندیی ئه‌م ڕۆمانه‌ش به دوالیزمی ئه‌فسانه‌یی/مێژوویی یان غه‌یبانی/دونیایی كه‌لتوری ئێمه‌وه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌توانێت كاریگه‌ری دابنێت و ڕوون و ئاشكراشه شیكردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌وته‌كان و ده‌ره‌نجام و پاشهاته‌كانی ئه‌م دوالیزمه بۆ خۆی كلیلێكه. گه‌رچی ئه‌مه خاڵێكی گرنگه و من ده‌متوانی باسه‌كه‌م په‌یوه‌ست به هه‌مان باس و خواس فراوان بكه‌مه‌وه، به‌ڵام وازم له‌مه هێنا چونكه ئه‌م كاره پێشووتر له لایه‌ن به‌ڕێز "ئیسحاق‌پور"ه‌وه و به‌ناوی "له‌سه‌ر ئارامگای هیدایه‌ت"ـه‌وه به جۆرێكی ناوازه ئه‌نجامدراوه. ئه‌م كتێبه به باشترین شێوه به‌رهه‌مه‌كانی هیدایه‌تی شیكردۆته‌وه و به بڕوای من تاكه ته‌فسیرێكی ورد و واقیعیانه‌ی "كونه‌په‌پووی كوێر"ه .
سه‌باره‌ت به ئیعتیبار و ناوبانگی جیهانیی هیدایه‌تیش، ناچارم تۆزێك له باسه‌كه لا بده‌م. ئه‌مڕۆ ئه‌وه سینه‌ماكارانن كه به ڕووخساری جیهانی و نوێنه‌رانی كه‌لتوری ئێمه له جیهاندا ده‌ژمێردرێن، ناوبانگی كه‌سانێكی وه‌ك شاملۆ و ساعیدی و عه‌له‌وی و به‌هرامی سادقی و.. . به هیچ شێوه‌یه‌ك جێی به‌راوردكردن نین له‌گه‌ڵ ناوبانگی فڵان فیلمسازدا، به‌ڵام لانیكه‌م ڕیشه‌یه‌كی ئه‌م ناوبانگه زۆرجار هیچ نیه جگه له ڕكابه‌ری و حه‌سودی و ڕقی فیستیڤاڵه‌كانی ئه‌وروپا (وه‌ك ده‌گوترێت) ده‌رهه‌ق به هۆڵیود كه بازاڕی هه‌موویانی كزكردووه و هه‌ندێ جاریش ته‌نانه‌ت له‌ڕووی هونه‌رییشه‌وه له ئه‌وروپییه‌كان زۆر باشتر فیلم به‌رهه‌مدێنێت. سه‌رباری ئه‌و ئیعتیباره‌ی كه له‌م هونه‌ری حه‌وته‌مه‌وه (وه‌ك ده‌گوترێت) سه‌رچاوه ده‌گرێت به ڕاده‌ی هونه‌ره‌كانی تر به‌رده‌وامیی نابێت، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌م ئیعتیباره به‌ره‌نجامی ئه‌و فیلمانه بێت كه ناوه‌ڕۆكی تا ڕاده‌یه‌ك هه‌میشه‌ییان مناڵانی دایك ونبووه (پێده‌چێت –هاچی مێشه‌نگ- و –كوڕه ئازاكه كرابێتنه سه‌رمه‌شق)، له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا تێكه‌ڵكردنى واقیع و فیلمه داستانییه‌كانه. زۆرینه‌ی ئه‌مانه، فیلمگه‌لی زۆر ساده و به‌ده‌ر له هه‌ر جۆره ته‌كنیكێكن، له كاتێكدا ته‌كنیك بنه‌مای سه‌ره‌كیی سینه‌مایه و گه‌ر فیلمسازێك بیه‌وێت بڵێت فیلمه‌كه‌ی من ته‌كنیكی نیه، ئه‌وا ته‌واو هه‌وڵده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی كۆیله‌كان، هه‌ژاری وه‌كو فه‌زیڵه‌ت بناسێنێت.
ئه‌م جۆره فیلمانه، ده‌مخاته‌وه بیری ئه‌و قسه‌یه‌ی بێكێت كه ده‌رباره‌ی مۆندریان ده‌یوت: «تابلۆكانی مۆندریان زه‌وقى مرۆڤ تێكده‌دات ده‌رباره‌ی نیگاركێشان». هه‌ڵبه‌ت با تێپه‌ڕین له سوهرابی شه‌هیدثالث كه كاتێ ئه‌م فیلمانه مۆدێل نه‌بوون و فیستیڤاڵه بیانییه‌كانیش هێشتا له‌گه‌ڵ هۆڵیوددا ده‌سته‌ویه‌خه نه‌ببوونه‌وه، ئه‌م ستایله‌ی داهێنا و تاكو كۆتاییه لۆژیكییه‌كه‌ی ڕایكێشا.
به‌هه‌رحاڵ با ئه‌م له‌باس‌لادانه جێ بهێڵین و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوبانگی جیهانیی هیدایه‌ت. ده‌توانم بڵێم كه خودی ئه‌م ناوبانگه‌ش ئه‌سڵی كێشه‌كه ڕوون ناكاته‌وه، ته‌نانه‌ت سه‌رباری ئه‌م ڕاستییه‌ش كه ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی نه‌رجسی (كه گرنگی به كه‌لتوری ئه‌وانیتر ناده‌ین و به‌قووڵی بڕوامان وایه جیهان سته‌می ده‌رهه‌ق كردووین و كه‌لتوری ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سكه‌وته زانستییه‌كانی ئێمه‌یان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه) نرخێكی گه‌وره داده‌نێین بۆ ده‌ركه‌وتنمان له جیهاندا. به‌ڵام دیسان هه‌ر پێم وانیه بتوانرێت ناوبانگی هیدایه‌ت به هۆكاری سه‌ره‌كیی ئاماده‌ییه ڕه‌مزييه‌كه‌ى بزانین. وێڕای ئه‌وه‌ی هیدایه‌ت به‌شێك نه‌بوو له براوه‌كانی خه‌ڵاتی نۆبڵ و ناوبانگه جیهانییه‌كه‌شی زۆرجار له فه‌ڕه‌نسا تێناپه‌ڕێت.
ئه‌ی كه‌واته وه‌ڵامه‌كه چیه؟
به بڕوای من تاكه وه‌ڵامی درووست ئه‌وه‌یه هیدایه‌ت له كاره‌كه‌ی خۆیدا شكستی هێنا، هه‌ر ئه‌و شكسته‌ی كه دیسان به وته‌ى بێكێت، ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی نوسه‌ربوونه و ته‌نیا نوسه‌ر ده‌توانێت ئه‌زموونی بكات. لێره‌دا به‌ڵگه‌نامه و بنه‌مای قسه‌كانم بریتی ده‌بێت له یاده‌وه‌رییه‌كانی هاوڕێیه‌كه‌ی هیدایه‌ت، واته ئاغای فه‌رزانه.
هیدایه‌ت به‌ر له خۆكوشتنی، له دوو ده‌ستنوسیدا كه دوایین به‌رهه‌می بوون، ده‌فه‌وتێنێت. سه‌رباری ئه‌و هه‌موو فێڵه‌ی كه هاوڕێیه‌كه‌ی بۆ ڕزگاركردنی ئه‌و دوو ده‌ستنوسه ده‌یكات و، ئاشكرا به خودی ئه‌م كه‌سه‌ش ده‌ڵێت- به وردی ده‌ربڕینه‌كه‌یم بیر نیه بۆیه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باس ده‌كه‌م-« چیتر نامه‌وێت بنوسم» و به دیاریكراوی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه «چیتر نامه‌وێت به فارسی بنوسم، به ڕاده‌ی پێویست نوسیومه، دوای ئه‌مه لێگه‌ڕێن با ئه‌وانیتر بنوسن، من ئیتر ماندوو بووم له‌م ئيشه».
خاڵێكی گرنگی تر كه له‌م یاده‌وه‌رییانه‌دا دێته‌به‌رچاو ئه‌وه‌یه كه هیدایه‌ت نزیكه‌ی شه‌ش مانگ پێش خۆكوشتنی ده‌ڵێت «تازه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و جێیه‌ی كه نوسه‌ربوون به مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ده‌ست‌پێبكه‌م و تازه فێربووم كه ڕاستييه‌كه‌ى چۆن بنوسم» و یان وه‌ك ده‌گوترێت له لوتكه‌ی كاره‌كه‌یدا بوو، واته شكستی هیدایه‌ت و دڕینی ئه‌و دوو به‌رهه‌مه و ئه‌و خاڵانه‌ش كه خستیه‌ڕوو، ده‌رخه‌رى شكسته‌كه‌ی ئه‌ون. ئه‌م شكسته له لاوازییه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه و له‌م ڕووه‌وه ده‌كرێت به‌راوردی بكه‌ین به شكست لای نیچه، شكستێك كه له هێزه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت.
ڕێك به‌و جۆره‌ی كه بێكێت ده‌یوت، ئه‌م شكسته له جورئه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. له‌ڕاستیدا، شكستخواردنی ئه‌و كه‌سه‌یه كه تازه گه‌یشتۆته جێیه‌ك كه ده‌توانێت به بڕوای خۆی نوسه‌ربوون ده‌ست پێ‌بكات، به جێیه‌ك كه تازه سه‌روه‌ختی نوسین و پێگه‌یشتنی ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام ڕێك شه‌ش مانگ دوای ئه‌مه، ده‌ستنوسه‌كانی ده‌دڕێنێت و خۆی ده‌كوژێت.
ئه‌مانه خاڵگه‌لی په‌یوه‌ستن به هیدایه‌ته‌وه، سه‌ره‌نجام ده‌بێت مه‌سه‌له‌ی شكست له كۆ و گشت‌دا سه‌یربكه‌ین نه‌ك ته‌نیا له شكستی تایبه‌تی هیدایه‌تدا. مه‌سه‌له‌ی گشتیی شكست له‌ڕاستیدا جۆره ده‌سته‌وه‌سان و بێ‌تواناییه‌كه له ده‌ربڕیندا، ئه‌ويش له ساته‌وه‌ختى ناچاركردن به ده‌ربڕيندا. ده‌كرێت نمونه‌گه‌لێكی تری شكست له‌م شێوازه ناو ببه‌ین كه به‌ناوبانگترینیان كافكایه. ئه‌گه‌ر ماكس برۆد هه‌ردوو ڕۆمانی گرنگی "كۆشك" و "دادگایی" له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی كافكا خۆی بسوتاندایه، ئه‌وا ئێستا ئێمه ئه‌وانه‌مان له به‌رده‌ستدا نه‌بوو. ڕه‌نگه زۆرێك له عاشقانی ئه‌ده‌ب له‌م قسه‌یه بێتاقه‌ت ببن و هات‌وهاواریان لێ به‌رزبێته‌وه، به‌ڵام به بڕوای من گه‌ر له‌و دوو ڕۆمانه ته‌نیا چه‌ند پارچه‌یه‌ی بمایه‌ته‌وه ئه‌وا ده‌شیا كافكا به‌ها و ئیعتیبارێكی زیاتری له ئێستا هه‌بوایه.
نمونه‌یه‌كی تر مالارمێیه. له وتارێكدا كه سارته‌ر له‌باره‌ی مالارمێوه نوسیویه‌تی ئاماژه به‌وه ده‌كات مالارمێ له كۆتایی ته‌مه‌نیدا به‌هۆشیارییه‌وه ئه‌و وێنایه‌ی له چوارده‌وره‌كه‌یدا درووستكردبوو كه سه‌رقاڵی نوسینی شاكاری كۆتاییه به‌ڵام به‌داخه‌وه مه‌رگ مۆڵه‌ت نادات ئه‌م شاكاره بنوسێت و ده‌بێته بایسی ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی به ناته‌واوی بمێنێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌شدا ده‌بینین كه شكست له لوتكه‌دا ڕووده‌دات و، به وته‌ی سارته‌ر، شكسته‌كه شكستی شاعیرێكی بیست ساڵه‌ی ڕۆمانتیكی نیه به‌ڵكو شكستی شاعیرێكی په‌نجا ساڵه‌یه كه ده‌كه‌وێته لوتكه‌ی كاره‌كه‌ی خۆیه‌وه، له بڕگه‌یه‌كدا كه هه‌موو سه‌ختییه‌كانی تێپه‌ڕاندووه و به ته‌واوی به‌سه‌ر حه‌سره‌تی خۆیدا زاڵ بووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ئه‌فسانه‌یه‌كه مالارمێ خۆی له‌ناو چوارده‌وره‌كه‌یدا درووستیكردبوو. دواجار، ده‌كرێت ئاماژه بۆ بێكێت و گفتوگۆكه‌ی بكه‌ین له‌گه‌ڵ "دووتویی"دا. به‌ڵام به‌ر له باسكردنی گفتوگۆكه، ئاماژه بۆ نوكته‌یه‌كی به‌ناوبانگ ده‌كه‌م.
نوكته‌یه‌ك هه‌یه كه تیایدا هاتووه، به‌ر له جه‌نگی واته‌رلۆ، ناپلیۆن ده‌ڵێت فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌پێناوی حه‌یا و حه‌یسیه‌تیاندا ده‌جه‌نگن. دۆك ولینگتۆنی سه‌رداری سوپای ئینگلیز له‌گه‌ڵ بیستنی ئه‌م قسه‌یه‌دا ده‌ڵێت: «زۆر ڕاسته، هه‌موومان له پێناوی ئه‌و شته‌دا شه‌ڕده‌كه‌ین كه نیمانه». له ڕاستیدا هه‌موومان به دوای ئه‌و شته‌دا ده‌گه‌ڕێین كه نیمانه و گه‌ر قبوڵمان بێت كه شوناسمان هه‌مان ئاره‌زوومان بێت، ئه‌وا كه‌واته شوناسمان بریتییه له هه‌مان ئه‌و گه‌ڕانه، گه‌ڕان له‌پێناوی شتێك‌دا كه نیمانه. كه‌واته شوناسی ئێمه ئه‌و شته نیه كه هه‌مانه به‌ڵكو له‌ڕاستیدا ئه‌و شته‌یه كه نیمانه، شوناسی ناوه‌كییمان ئه‌و شته نیه كه هه‌ین، به‌ڵكو ئه‌و شته‌یه نیین و ده‌مانه‌وێت ببین.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین هه‌ركه‌سێك له‌و شته‌وه كه ئێمه وه‌كو كۆ نیمانه، نزیكتر بێت ئه‌وا له شوناسی ده‌سته‌جه‌معیشمانه‌وه نزیكتره-واته شوناسی ده‌سته‌جه‌معیمان له‌و شته‌دا كورت ده‌بێته‌وه كه نیمانه و جه‌وهه‌ره‌كه‌ی له غیاب و نه‌بووندایه. كه‌واته ئه‌و كه‌سه‌ی له‌و نه‌بوونه‌وه له هه‌مووی نزیكتره، باشتر له هه‌ر كه‌سێكی تر ده‌توانێت ئه‌م شوناسه دیارینه‌كراوه ده‌سته‌جه‌معییه له خۆیدا ده‌ربخاته‌وه.
شكستخواردن واته قبوڵكردن و به‌رده‌وامی به‌خشین به‌م گه‌ڕانه له‌ساته‌وه‌ختى بێ‌تواناییدا و، ئه‌مه‌ش شوناسی نوسه‌ر درووستده‌كات. نوسه‌ر به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موومانه‌وه كه‌سێكه كه به ته‌نیشت ئه‌م شكسته‌وه ده‌ژی، به ته‌نیشت ئه‌م نه‌بوونه‌وه، به ته‌نیشت ئه‌م غیابه‌وه، له ناوه‌وه‌ش ڕا هۆشیارانه ئه‌م كاره ده‌كات و هێزی پێ ده‌به‌خشێت. دوتوویی له بێكێت ده‌پرسێت، مه‌به‌ستت له شكستخواردنی نوسه‌ر چیه؟ ده‌ته‌وێت ئه‌م دۆخی شكسته چۆن ڕوون بكه‌یته‌وه؟ «كارێكی سه‌خت ده‌بێت گه‌ر داواتان لێ بكه‌م ئه‌م دۆخه و ئه‌م كرده‌یه كه ده‌یده‌یته پاڵ-ڤان ڤوڵد-، جارێكی تر به ساده‌ترین شێوازی مومكین ڕوونبكه‌یته‌وه.
بێكێت: «دۆخه‌كه، دۆخی كه‌سێكه كه تیاماوه و ده‌سته‌وه‌سانه له كرده‌دا-له‌م حاڵه‌ته تایبه‌ته‌دا ده‌سته‌وه‌سان و بێ‌توانایه له وێنه‌كێشان-، چونكه ناچاره به‌وه‌ی نیگاربكێشێت. كرده‌كه‌ش كرده‌ی كه‌سێكه گه‌رچی تیاماوه و ده‌سته‌وه‌سانه له كاردا، به‌ڵام كار ده‌كات-له‌م حاڵه‌ته تایبه‌ته‌دا نیگار ده‌كێشێت-چونكه ناچاره به‌وه‌ی نیگاربكێشێت.«
دوتویی: بۆچی ناچاره نیگاربكێشێت؟
بێكێت: نازانم.
دوتویی: بۆچی تیاماوه و ده‌سته‌وه‌سانه له نیگاركێشاندا؟
بێكێت: چونكه نه هیچ شتێك هه‌یه نیگاری بكێشرێت و نه هیچ شتێكیش كه نیگاری پێ بكێشرێت.
له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه به نوسه‌ری گه‌وره‌یان ده‌زانین، هیچ كه‌سێك شك نابه‌م كه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی سه‌رنجی ڕووه و توانا ته‌عبیرییه‌كانی خۆی و حه‌سره‌ت و دواجار توانا ته‌عبیرییه‌كانی مرۆڤایه‌تی نه‌بێت. له بونیادی هه‌ر جۆره نیگاركێشییه‌كدا ئه‌م گریمانه‌یه نوستووه كه ڕووبه‌رى كه‌سی بنیاتنه‌ر يان داهێنه‌ر، هه‌مان ڕووبه‌رى شته مومكین و به‌ده‌ستهێنراوه‌كانه، زۆر ده‌ربڕین، كه‌م ده‌ربڕین، توانای زۆر ده‌ربڕین، توانای كه‌م ده‌ربڕین، هه‌موویان له شتێك‌دا كۆده‌بنه‌وه، له خه‌م و وه‌سوه‌سه‌ی گشتیدا بۆ ده‌ربڕین تا سه‌رسنورى مومكينات، ئه‌ویش به سودوه‌رگرتن له ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵ و توانا«.
ده‌بێت ئاماژه به‌و خاڵه بكه‌م كه ڕسته‌كانی كۆتایی ناوهه‌ڵنه‌گر(unnamable)یش هه‌مان بابه‌ت ده‌رده‌بڕێت: «ناتوانم به‌رده‌وام بم، ده‌بێت به‌رده‌وام بم، به‌رده‌وام ده‌بم». لێره‌شدا كه‌سه‌كه ده‌سته‌وه‌سان و تیاماوه له كاره‌كه‌دا، به‌ڵام كاریش ده‌كات. من پێم وایه بێكێت ده‌یتوانی له جیاتیی ئه‌و «نازانم»ـه بڵێت له‌به‌ر ئه‌وه نیگاركێشی ده‌كات چونكه نیگاركێشه. به‌وجۆره‌ی كه له یه‌كێك له شانۆنامه‌كانیدا ئه‌م ناواخنه‌ی به‌كارده‌هێنا كه زیندووه‌كان هیچیان له ده‌ست نایه‌ت ژیانكردن(زيندووبوون) نه‌بێت. زیندوون و مادام زیندوون ده‌بێت بژین، كه‌واته به ده‌سته‌وه‌سانه‌وه له‌هه‌مبه‌ر ژیانكردندا درێژه به ژیان ده‌ده‌ن.
قه‌یرانی هونه‌ر(نوسین) خۆی له شێوه‌ی كه‌ڵكه‌ڵه و وه‌سوه‌سه‌دا پیشان ده‌دات بۆ ده‌ربڕین، چونكه مادام ڕێك هه‌موو نوسه‌ران به دوای ده‌ربڕینه‌وه‌ن، په‌ڕ و باڵیان ده‌به‌سترێت و دوچاری هه‌مان كه‌ڵكه‌ڵه و وه‌سوه‌سه‌ی ده‌ربڕین ده‌بن. به وته‌ی بێكێت، هه‌موان سه‌رنجیان ڕوو له توانا ته‌عبیرییه‌كانی خۆیانه یان له‌ڕاستیدا سه‌رنجیان ڕوو له كه‌سی داهێنه‌ر و نوسه‌ر و بنیاتنه‌ره كه بڕیاره له ڕووبه‌رى شته مومكینه‌كان و به‌رده‌سته‌كاندا كاربكات. به‌ڵام كاره مومكین و به‌رده‌سته‌كان واته ئه‌و شتانه‌ی كه هه‌ن، له‌كاتێكدا ئێمه له‌ڕاستیدا ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه نین قسه‌مانده‌كرد، ده‌رباره‌ی غیاب و نوقسانى و یان ئه‌ویتر و ئه‌وی‌ترێتییه‌ك كه درووستكه‌ری زاتی ئێمه‌یه.
شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی نوسه‌ریش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شته‌ی كه نیه‌تی، بۆیه به شێوه‌یه‌كی سه‌یر نوسه‌ر ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی ڕووبه‌رى شته مومكین و به‌رده‌سته‌كان كارده‌كات و ئاشكرایه كه شكستدێنێت، چونكه كاركردن له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕووبه‌رىڕه‌وی شته مومكینه‌كان واته نامومكین كاركردن و، كاركردن به نامومكین واته شكست و، نوسه‌ریش كه‌سێكه وه‌كو كه‌سی شۆڕشگێڕ جورئه‌تی ئه‌م شكسته‌ی هه‌یه. ئێستا ئه‌م ناواخنی سكشتخواردنه ڕه‌نگه بشێت كه‌مێك تیۆریتر ده‌ربڕین، هه‌وڵده‌ده‌م به‌پوختی تا ئه‌و جێیه‌ی كه ده‌شێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، واته مانای گشتیی ئه‌م شكسته له ژێر ڕۆشنايى تیۆره‌كه‌ی لاكان‌دا ده‌رباره‌ی زمان و پانتایی ڕه‌مزی (THE SYMBOLIC)دا ڕوونبكه‌مه‌وه. خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پانتایی ڕه‌مزییه‌ش ڕێك وه‌كو خودی خۆمان، وه‌كو شوناسی خۆمان، كه ئه‌ویش شوناسێكی ڕه‌مزییه، پانتاییه‌كی پارادۆكسانه و ته‌مومژاوی و نایه‌كانگیر و ئاوێته‌یه به بۆشایی یان چاڵ و، خۆگرتن و درووستبوونیشی په‌یوه‌سته به هه‌مان چاڵه‌وه. كه‌واته ده‌توانرێت بوترێت شكستخواردن، به جۆرێك له جۆره‌كان ئێمه ده‌خاته په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ كۆی كایه‌ی ڕه‌مزی و كۆی زمانه‌وه. ئه‌م شكسته-به ڕۆیشتن تا سنوری كۆتایی زمان به‌مه‌به‌ستی ناسین و پێناسه‌كردنی كۆی زمان و به شكاندنی هه‌مان سنور (كه ئه‌نجامیی ناچاره‌كیی هه‌وڵی نوسه‌ره، ڕێك هه‌روه‌كو ئه‌نجامه‌كانی هه‌وڵی كانت بۆ كێشانی سنور یان خستنه‌ڕووی پێناسه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به گشتێتى و كۆيه‌تيى عه‌قڵ)-ئێمه له ته‌نیشت هه‌مان چاڵه‌وه جێده‌كاته‌وه كه بنیاتنه‌ر و درووستكه‌ری گشت(كل)ـی نایه‌كانگیر و پارادۆكسانه‌ی زمانه.
شكست ڕووبه‌ڕوومانده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ گشتێتى(كليت)ـى زمان و پانتایی ڕه‌مزی‌دا، واته له‌گه‌ڵ شوناسمان، له‌گه‌ڵ ئاره‌زوومان، له‌گه‌ڵ نه‌ستماندا. شكستی نوسه‌ر، نهێنيى ده‌سه‌ڵاتی زمان و پانتایی ڕه‌مزی دیاریده‌كات، واته نهێنيى ده‌سه‌ڵاتی كه‌لتور و كۆمه‌ڵگه و ئایدۆلۆژی و ئه‌وه‌ش كه بۆچی ئه‌وانه زاڵ و سه‌روه‌رن به سه‌رماندا.
ئه‌م مه‌سه‌لانه ڕێك له‌به‌ر فۆرم و ئه‌و گشته داپۆشه‌ره‌ی كه هه‌یانه ئێمه‌ش ده‌گرنه خۆيان، سه‌ره‌نجام خودی ئه‌م گشتێتييه له‌لایه‌ن ئه‌و مه‌سه‌له پارادۆكسه‌وه، له لایه‌ن ئه‌و چاڵه‌وه، شكڵ و كۆیه‌تی وه‌رده‌گرێت و نوسه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ته‌نیشتی ئه‌و چاڵه‌وه ده‌ژی، كۆی زمان و پانتایی ڕه‌مزی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ئاشكراده‌كات. ئه‌م شكسته كه هه‌م ده‌سته‌وه‌سان له وتن و هه‌م ناچاركردن به وتن، هه‌م ده‌سته‌وه‌سان له درێژه‌دان و هه‌م خودی درێژه‌دان ده‌گرێته‌وه، خۆی ئه‌و نهێنييه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی پانتایی ڕه‌مزییه و له‌ئه‌نجامدا درووستكه‌ری هه‌مان جه‌زه‌به و ده‌سه‌ڵات و، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی خودی پانتایی ڕه‌مزی یان كه‌لتور، واقیعی و ڕاسته‌قينه‌يه. ئه‌م شكسته به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان هه‌م ڕاسته و هه‌م درۆش، ئه‌مه هه‌مان گشتی ناكۆك و نه‌سازى هیگڵيیه كه هه‌م كه‌لتوور، زمان، پانتایی ڕه‌مزی، زه‌ینیه‌تی مرۆڤ و هه‌م به ده‌ربڕینه فرۆیدییه‌كه‌ش، نه‌ستیش ده‌گرێته‌وه. كه‌واته نوسه‌ر جورئه‌تی شكستخواردنی هه‌یه و ئه‌مه‌ش نهێنيى ده‌سه‌ڵات و به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌تی، جورئه‌تی وه‌ستان به سه‌ر لێواری چاڵه‌كه‌وه، به‌سه‌ر لێواری كونی زه‌ین و، زمان و جیهانه‌وه. ڕێك هه‌مان وه‌ستان به‌سه‌ر لێواری كونی زه‌ین و، جیهان و زمانه‌وه‌یه كه له‌ڕاستیدا نوسه‌ر ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌و ڕووخساره ڕه‌مزییه به‌هێزه‌ی كه سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر كۆی كه‌لتوره‌كه.
به‌ڵام با ئێستا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شكسته تایبه‌تییه‌كه‌ی خودی هیدایه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌مزیی تارمایی هیدایه‌ت له كه‌لتوری ئێمه‌دا تا ئه‌مڕۆكه. پێم وایه سه‌باره‌ت به هیدایه‌ت، كێشه‌ی سه‌ره‌كیی بێهوده‌یی نوسین بوو به زمانی فارسی. ئه‌و ده‌یزانی نزیكه‌ی ده ملیۆن خوێنه‌ری نوستوو و نه‌هاتوو(بالقوه)ى فارسیی هه‌یه كه زۆرترینیان نه‌خوێنه‌وارن و بۆیه پرۆسه‌ی نوسینه‌كه‌ی به‌ته‌واوی بێهوده و بێمانایه. له هه‌مان كاتدا، هیدایه‌ت سه‌باره‌ت به كه‌لتور و كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخی خۆی به‌ته‌واوی نامۆ و له هه‌ردووكیان بێزار بوو. بۆنمونه، ئه‌و ئاماژه به‌رده‌وامانه‌ی كه ده‌یكرد بۆ پیاوه نزم و نه‌وييه‌كان. گه‌ر سه‌یری به‌رهه‌مێكی وه‌ك تۆپی مرواری بكه‌ین، ئه‌وا ئه‌م بێزارییه به‌ته‌واوی ڕه‌نگی تيا داوه‌ته‌وه. سه‌رباری ئه‌مه‌ش ده‌توانرێت بوترێت كه بكوژانی هیدایه‌ت به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌مومانین. ئه‌گه‌ر سه‌یری ژیانی بكه‌ین ده‌بینین ده‌وڵه‌ت، نه‌ته‌وه، خانه‌واده، حیزبی توده، ده‌ربار، ئه‌ریستۆكرات، عه‌وام، هاوڕێكانی، دوژمنان و به‌كورتی هه‌موان به جۆرێك له جۆره‌كان له شكستی هیدایه‌ت و شكستی ژیان و كاره‌كه‌ی و خۆكوشتنه‌كه‌یدا به‌شداربوون. پێم وایه ئه‌م به‌شدارییه‌ی هه‌موومان له شكست و خۆكوشتنی هیدایه‌تدا، بۆ خۆی خه‌سڵه‌تێكی سیمبوڵیكی هه‌یه و پێم وایه ڕه‌نگه بشێت ئه‌م خه‌سڵه‌ته به كۆمه‌كی یه‌كێك له تیۆره‌كانی فرۆید ڕوون بكه‌ینه‌وه، واته تیۆری ته‌وته‌می فرۆیدی.
هه‌مومان ده‌زانین ته‌وته‌م گیانه‌وه‌رێكه كه هۆزێك ده‌یكاته قوربانی و پاش قوربانیكردن ده‌یخوات و له ڕێگه‌ی خواردنییه‌وه ئه‌ندامه‌كانی هۆزه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌و گیانه‌وه‌ره‌دا ده‌بنه‌يه‌كێك و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش زه‌مینه‌ی موقه‌ده‌سبوونی ئه‌م گیانه‌وه‌ره سازده‌كات بۆ ئه‌و هۆزه.
ده‌بێت هیدایه‌ت وه‌كو گرنگترین ته‌وته‌می هۆزی ڕۆشنبیران و نوسه‌رانی ئێران بناسرێت. ده‌توانین بڵێین كه ئێمه له ڕێگه‌ی قوربانیبوونی هیدایه‌ته‌وه، كه بریتییه له شكسته‌كه‌ی، به شێوه‌یه‌كی ڕه‌مزی له‌گه‌ڵیدا یه‌كده‌گرین و ده‌بينه يه‌كێك. شكستی هیدایه‌ت له‌ڕاستیدا هێمای ده‌سته‌وه‌سان و شكستی كه‌لتوری ئێمه‌یه. له منه‌وه ته‌نيا وه‌كو بیروڕایه‌ك ئه‌وه وه‌ربگرن كه ڕۆمان و چیرۆكنوسیی ئێران شكستی خواردووه و بێ‌مه‌ڵامه‌ت نیه كه له دونیاشدا ده‌رنه‌كه‌وتووه. ئێمه نوسه‌ر و چیرۆكنوسی باشمان نیه، كه‌سێك كه ته‌نانه‌ت شیاوی به‌راوردكردنیش بێت به "یۆسا"، ئه‌م شكسته له كایه‌ی ڕۆمان و ته‌نانه‌ت كه‌لتووریشدا كورتناكرێته‌وه و ده‌توانین به‌ئاسانی ئه‌وه پیشانبده‌ین كه له پانتایی پیشه‌سازی، زانست، ته‌كنۆلۆژیا و له هه‌مووشی گرنگتر كایه‌ی سیاسه‌تیش به‌درێژایی سه‌د ساڵی ڕابردوو، ئێمه جار دوای جار شكستمان خواردووه و تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م شكستخواردنه درێژه‌ی هه‌بێت، ئه‌م یه‌كگرتنه له‌گه‌ڵ هیدایه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی سیمبوڵی و گۆڕینی هیدایه‌ت بۆ ته‌وته‌م درێژه‌ی ده‌بێت.
له‌ڕاستیدا، مادام ئێمه هیچ شكستێك به‌شێوه‌يه‌كى ئاگایانه ئه‌زموونناكه‌ین و ناتوانین قبوڵی بكه‌ین، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌رجسیه‌تمان هه‌میشه جۆره سه‌ركه‌وتنێك ده‌خاته به‌رده‌ممان، كه‌واته هیچ كاتێك ئاگایانه سه‌یری ناوه‌وه‌ی چاڵی پانتایی ڕه‌مزی ناكه‌ین و هه‌روا وه‌كو قوربانیی ئه‌و كۆيه‌تى و گشتێتييه ده‌مێنينه‌وه كه كه‌ڵه‌كه‌بووه له فریو و ئایدۆلۆژیای پانتایی ڕه‌مزی. چونكه ماهیه‌تی ئه‌م پانتاییه ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه ئاشكراده‌بێت كه بتوانن له ته‌نیشتی ئه‌و درزه‌وه بوه‌ستن و سه‌یری ناو چاڵه‌كه و خه‌ره‌نده‌كه بكه‌ن. ئێمه ناتوانین سه‌یری ناوه‌وه‌ی ئه‌و چاڵه، سه‌یری ناوه‌وه‌ی شكستی كه‌لتوریی خۆمان بكه‌ین له سه‌د ساڵی ڕابردوو و ته‌نانه‌ت سێ هه‌زار ساڵی ڕابردووش‌دا، له‌ئه‌نجامدا ناتوانین ئاگایانه ئه‌م شكسته قبوڵبكه‌ین و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانین قبوڵی بكه‌ین، ئيدى ده‌سته‌وه‌سان ده‌مێنینه‌وه بۆ ده‌ربڕینی.
به وته‌ی بێكێت، ئێمه هه‌میشه له ڕووبه‌رى شته مومكین و به‌رده‌سته‌كاندا له‌قه‌فرتێ ده‌كه‌ین و به‌م هۆیه‌شه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كه نه‌توانین له پشتی قاوغی به‌رگریی ده‌مارگیری، نه‌رجسییه‌ت، سينيزم(كه‌لبى مه‌سله‌كى) له‌گه‌ڵ نادڵنیایی و ترسی فه‌ردی و ده‌سته‌جه‌معیی خۆماندا ڕووبه‌ڕوو ببینه‌وه و، بۆ یه‌كه‌مین جار له كۆتی وه‌سوه‌سه و ترسی ده‌ربڕین ڕزگاربین و له‌ئه‌نجامدا بتوانین به‌ڕاستی شت ده‌رببڕین و دابهێنین، تا ئه‌و كاته، سێبه‌ری قورسی تارمایی هیدایه‌ت به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه ده‌مێنێته‌وه .
سه‌رچاوه:
- پاره‌هاى فكر، مراد فرهادپور، اشباح هدايت، طرح ن‌و، چاپ دوم، 1392.