فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى ژیژەک):
و. بۆتان بەختیار
هیگڵ(ـەکەى ژیژەک)
ڕۆبەرت سینەربرینک
هیگڵ لە کۆی کارەکانی ژیژەکدا ئامادەیی هەیە، و ئەستەمە بەسانایی باس لە گرنگیی فەلسەفیی وی بکەین. ژیژەک خۆی وێنەیەکی یاریمەندمان دەداتێ: بونیادی سیانیی دیالەکتیکی هیگڵی لوتکەیەکی تێدایە، کە پڕۆژە تیۆرییەکەی وی دەگێڕێتەوە؛ دووانەکەی تر دەروونشیکاریی لاکان و ڕەخنەی ئایدۆلۆژیای هاوچەرخن. ژیژەک بە درێژایی کارەکانی سێ چەمکی هیگڵی بەکاردێنێت: "دیالەکتیکی سپێکوڵەیتڤ یان خەمڵاندنی تیۆری[1]" وەک ڕێگەیەک بۆ ئەنجامدانی تیۆریی ڕەخنەیی؛ چەمکی هیگڵیی سوبێکت وەک "نێگەتیڤیتەیەکی خۆ-گرێدەر[2]"؛ هەروابێتەوە لێکۆڵینەوەی نیۆهیگڵی لە ڕەخنەی ئایدۆلۆژیا وەک ئامڕازی دەستنیشانکردن و دیاگنۆز. لەم نوسینەدا، تیشک دەخەمەسەر هەندێ ڕچەی هیگڵی، کە لە کارەکانی ژیژەکدا هەن و ئەم چەمکانەمان بۆ ڕۆشندەکەنەوە و پێمان دەڵێن چۆنچۆنی لە فۆرمی فەلسەفەی سیاسیی تیۆریدا کۆمەکی ژیژەک دەکەن.
شەوی جیهان(The Night of the World)
ژیژەک لە بەشی یەکەمی "سوبێکتی ختوکاوی"دا پەرە بە مۆدێلێکی تەواو هیگڵیی سوبێکت دەدات، ئەویش لەڕێی تێڕوانینی دەروونشیکارانە و جەختکردنەوە لە نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵی سوبێکتیڤیتە. ژیژەک دوو پاژی بەناوبانگ دێنێتەوە، کە هێزی هەڵوەشێنەری نێگەتیڤیتە ڕووندەکەنەوە. یەکەمیان لە "فەلسەفەی ڕاستەقینەی یەننا"(١٨٠٥-٦)ـی هیگڵەوە وەرگیراوە، واتە لە پاژی مەتەڵئامێزی "شەوی جیهان"ـەوە:
"مرۆڤ شەوە، ئەم هیچە بەتاڵەیە، کە لە ئاستە هەرەسادەکەیدا لە هەموو شت پێکدێت- سامانێکی نەبڕاوەی نواندنەوەکان و وێنەکان، و هیچ لەمانە سەر بەو نین- یان هیچیان ئامادەییان نیە. ئەم شەوە، ناخی سرووشت، کە لێرەدا بوونی هەیە-خودی پەتی-، لە نواندنەوە وەهمئامێزەکاندا، بە شەو تەوقدراوە و تێیدا تەقە لە کەللەسەرێکی خوێناوی دەکرێت- لەوێدا خێوێکی ترسناکی سپی بوونی هەیە، پێشوەختە لەوێدایە، جا بۆیە وندەبێت". (لە دۆناڵد ڤێرێنەوە وەرگیراوە ١٩٨٥: ٧-٨)
زرینگانەوە پێشوەخت-دەروونشیکارییەکانی ئەم پاژە کەمەندکێشن، پێشبینی نەستی فرۆیدی و ڕیاڵـی لاکانی تێدا کراوە. بێگومان ژیژەک ئەم پاژە وەک نێگەتیڤ و پچڕێنەر و هەڵوەشێنەرەوەی تواناکانی وێناکردن وەردەگرێت: "ئەو هێزەی واقیعی بەردەوام هەڵدەوەشێنێتەوە و دەیکات بە کۆمەڵێک ئۆبێکتی بەشەکیی شێواو"(چونکە ئەوان نازانن چی دەکەن: ٣٠). شەوی جیهانی هیگڵ، نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵی ئازادیی هەڕەمکی[3]یە؛ هیگڵ دێژێت "هێزی پارچەپارچەکردنی وێنە و پێکەوەبەستنەوەیانە بەبێ هیچ سنوردارییەک"(ه.س.پ). ژیژەک "شەوی جیهان"ـی هیگڵ و "شەوی پەتیی خود"ی شیلینگ پێکەوە گرێدەدات، واتە "بنچینەی تێڕوانینی هیگڵ بۆ شێتی وەک پساندنی هەموو پەیوەندییەک لەتەک واقیعی دەرەکیدا"(خەرەندی ئازادی: ٨؛ چونکە ئەوان نازانن چی دەکەن: ٣٤-٥). ژیژەک لەوەدا جیایە لە هیگڵ، کە پێیوایە کشانەوە لە جیهان ژێستی بنەڕەتیی بەمرۆڤبوونە و ساتی سەرهەڵدانی خودی سوبێکتیڤیتەیە. هیچ سوبێکتیڤیتەیەک بەبێ ئەزموونکردنی ڕادیکاڵانەی نێگەتیڤیتە یان تێپەڕین بە شێتیدا بوونی نیە؛ واتە، پچڕاندنی پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە(Umwelt)دا، ئەویش لەڕێگەی بونیادنانی فەزای ڕەمزیی ماناوە. لای ژیژەک، ساتی نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵی هیگڵی، نەک تەنیا لە پرسی سوبێکتیڤیتەدا هەیە، بەڵکو لە شیکارکردنی ئەزموونی مێژوویی-سیاسیی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەشدا بوونی هەیە.
هەڵکردن لەگەڵ نێگەتیڤدا
ئەو پاژەی تری هیگڵ، کە ژیژەک لە "هەڵکردن لەگەڵ نێگەتیڤدا" زۆرجار وەک سەرچاوە بەکاریدێنێت، لە "فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح"ـەوە وەرگیراوە:
"مەرگ...تۆقێنەرترینی ناو شتەکانە، و خۆبەستنەوە بەو شتەوەی مردووە، بەهێزییەکی بێوێنەی دەوێتجوانیی خاڵى لە هێز، ڕقی لە تێگەیشتن دەبێتەوە، چونکە دەشێت بپرسێت ناتوانێت چی بکات. بەڵام ژیانی ڕۆح، ئەو ژیانە نیە لە مەرگەوە دەرکێشرابێت و خۆی لە وێرانکاری پاراستبێت، بەڵکو ژیانێکە تەحەمولی [مەرگ] دەکات و لەناویدا درێژە بە خۆی دەدات. تەنیا کاتێ حەقیقەتی خۆی بەدەستدێنێت، کە لە هەڵوەشانەوەیەکی تەواوەتیدا خۆی بدۆزێتەوە...ئەم هەڵکردنە لەگەڵ نێگەتیڤەدا، ئەو هێزە جادووییەیە، کە دەیهێنێتەبوون. ئەم هێزە جادووییە بریتییە...سوبێکتە" (هیگڵ ١٩٧٧: ١٩).
سوبێکتیڤیتە وەک ڕۆح(Geist)، قبووڵکردنی سنوردارییە تاکو بێسنور(ناکۆتا) لەناو سنورداردا جێی ببێتەوە(هێزی خۆتێپەڕاندنی وێناکردن و تێگەیشتن)، هەروابێتەوە جێکردنەوەی سنوردارە لەناو بێسنوردا(ناسینەوەی خودئاگایی سوبێکتی تاک لەناو نێوسوبێکتیڤیتەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیدا). کەوابێ سوبێکتیڤیتە لەناو خۆ-گرێدانی نێگەتیڤ[4]دا دەڕسکێت: خۆ-گرێدانێکی نێوەندگیرکراو، کە تێیدا خود لەڕێی ئەویترەوە خۆی دەدۆزێتەوە. لەپاڵیدا، سوبێکتیش نێگەتیڤیتەیەکی خۆ-گرێدەرە: تەنیا لەڕێی ئەزموونکردنی نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵ(یان ئازادیی خۆ-نەفیکردن)ـەوە حەقیقەتی خۆی(شوناسی خود لە ئەویترێتیدا) وەدەستدەخات. ئەم هێزی نێگەتیڤیتە ڕادیکاڵە، یان "خەرەندی ئازادی"یە، دەقیقەن پێناسەی سوبێکتە بۆ هیگڵ.
ژیژەک خۆی لەم توخمەی نێگەتیڤیتەی ڕادیکاڵ لای هیگڵ، لانادات. لەڕاستییدا، ژیژەک دەڵێت هیگڵ ستایشی عەقڵ ناکات، بەڵکو ستایشی تێگەیشتن(verstand) دەکات وەک "گەورەترین هێز لە جیهاندا"، وەک هێزی ناکۆتای "هەڵوەشاندنەوە"، کە تێیدا هێزی نێگەتیڤی تێگەیشتن لەڕێگەی "وێناکردنی پێشسەنتێزی(درووستبوون)[5]"یەوە پێناسەدەکرێت، "ئەو هێزە وێرانکەرەیە، کە هەموو یەکێتییەکی ئۆرگانی دەشێوێنێت"(سوبێکتی ختوکاوی: ٣١). هەرچەندە وا دەردەکەوێت ئەو دوو پاژەی لە هیگڵەوە وەرگیران دوو دیاردەی دژیەک بن-شێواندنی پێش-ئەقڵانی/پێش-گوتاری ناواخنی سوبێکتیڤی پەتی و چالاکیی گوتارمەندی ئەبستراکتی تێگەیشتنی عەقڵانی-، بەڵام گەرەکە پێکەوە وەریانبگرین؛ ژیژەک پێیوایە، هێزی پێشسەنتێزی و گوتارمەندی نێگەتیڤیتە، پێناسەی ئازادیی سوبێکتیڤیتەن.
خوێندنەوە ناباوەکەی ژیژەک بۆ ئایدیای "یونیڤێرساڵیتە(گشتێتی)ـی کۆنکرێتی"ـی هیگڵ-موحتاجبوون بە ڕێیەک لە نێگەتیڤیتەی ئەبستراکتەوە، تاکو سوبێکت تاکێتی ئازادانە و یونیڤێرساڵانە بەدەستبێنێت-، جارێکی تر و لە کتێبی "دیدی پاراڵاکسی"دا باسکراوەتەوە. بە جۆرێکیش دەلالەتە لە شیکاریی هیگڵییانەی "قەیرانی نەفیی خەسڵەتپێدەر"ی سیاسەتی دیموکراسیی لیبراڵ و فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ. پاژی "شەوی جیهان"ـی هیگڵ لە "دیدی پاراڵاکسی"دا سەرهەڵدەداتەوە، و ئەمجاریان پەیوەستە بە کێشەی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەوە. ژیژەک باس لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکەی ڕێبێکا کامى دەکات، سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان شیکاریی هیگڵی بۆ تووڕەیی وێرانکەری شۆڕشگێڕانە و فەنتازیای وەسواسانەی ڕزگاربوون لە سێدارە لە خەیاڵاتی گشتیدا. فەنتازیای پڕ لە مۆتەکەی سەربڕین، کە لەپاش ئانوساتی شۆڕشدا دەڕسکێت، بەڕوونی ئاماژەیە بۆ پاژە غەریبەکەی "شەوی جیهان"ـی هیگڵ. هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە، تەقەڵەکانی واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەڵدەوەشێنێتەوە، دەمانگێڕێتەوە بۆ پلەی سفری سوبێکتیڤیتە: "واقیعی ڕووتەڵە و تاریکی ئۆبێکتە بەشەکییەکان، لە چواردەوری درزە ئۆنتۆلۆژییەکەدا دادەمەزرێت"(دیدی پاراڵاکسی: ٤٤).
مەرامی شیکارییەکەی هیگڵ ئەوەیە، نیشانیدات ئەم ترسە شۆڕشگێڕانە لاوازکردنی خودە؛ ناتوانێت ئەو پاڵنەرەی ڕووەو ئازادیی موتڵەق(وەک شتێکی ئەبستراکت) ڕۆشتووە، بە نۆرمی ئازادیی مۆدێرن و سوبێکتیڤیتەوە ببەستێتەوە. لە بەرامبەردا، ژیژەک پێیوایە ئەم جۆرە توندوتیژییە شتێکی حەتمییە، چونکە تاکە ڕێگەیە کە پەڕینەوەی لە ئەبستراکتەوە بۆ یونیڤێرساڵیتەی کۆنکرێتی تێدا و لە ئاستێکی مێژووییدا ڕوودەدات. کەواتە خوێندنەوە "ڕۆمانتیک"ـەکەی ژیژەک بۆ هیگڵ، وێناکردنی پێشسەنتێزیی شەوی جیهان(نەفیی ئەبستراکت) بە لەپێشتر دادەنێت، تاکو ئەو هێزە نێگەتیڤەی لەڕێی تێگەیشتنی گوتارمەندەوە دەردەپەڕێت(نەفیی خەسڵەتپێدەر). ژیژەکی بە شێوەیەکی شیلینگییانە ئەم دوو نەفییە(ئەبستراکت و خەسڵەتپێدەر) لێکدەدات، و پێیوایە ئەوانە دوو دیوی یەک هێزی نێگەتیڤیتەن. ئەم تێڕوانینە ژیژەک دەخاتەپاڵ ڕۆمانتیسیزمی سیاسییەوە، چونکە نەفیی ئابستراکتی کۆششی شۆڕشگێڕانە دەخاتەپێش نەفیی خەسڵەتپێدەر، کە بەرەنجامی نۆرمە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ئەقڵانییەکان و دەزگاکانی مۆدێرنەیە. ئایا ئەم توندوتیژییەی نێگەتیڤیتەی ئەبستراکت، تاکە ڕێگەی یونیڤێرساڵیتەی کۆنکرێتییە-ئازادیی سوبێکتیڤیتە-، کە دەشێت لە ئاستی سیاسیدا درکیبکەین؟
لەودیو فۆکۆیاماوە
لە چاوی ژیژەکدا، پرسیارەکە لەمڕۆدا ئەوەیە، چی ڕوودەدات کاتێک یونیڤێرساڵیتەی کۆنکرێتی(دیموکراسیی لیبراڵ) لەلایەن دینامیکی سەرمایەداریی جیهانییەوە دەشێوێنرێت. دوو وەڵامی هیگڵی بە ڕووی ئەم دیاردەیەدا هەن: یەکیان ئەوەیە، دەزگا خۆ-ڕیفۆرمکەرەوە مۆدێرنەکان باڵادەست بن(ئەوانەی دیموکراسیی لیبراڵیی کەپیتاڵیست)، تاکو ئەم ململانێ ناکۆکیسازانە بەبێ ئەوەی بەیەکجاری لاببرێن، کۆنترۆڵبکرێن. ئەم هێڵە فیکرییە- کە لە کتێبە بەناوبانگەکەی فۆکۆیاما "کۆتایی مێژوو و کۆتا مرۆڤ"دا هەیە- پێیوایە سەرمایەداریی لیبراڵ دیموکرات فۆرمی مێژوویی یەکلاکەرەوەی دەوڵەت و ئابورییە. بە دیدی فۆکۆیاما، داڕمانی کۆمۆنیزم لە "کۆتایی مێژوو"ی هیگڵدا ناسێنراوە، و ئێستاش یەکسانە بە بڵاوبوونەوەی دیموکراسیی لیبراڵ بە جیهاندا، کە ناهێڵێت گۆڕانکارییە سیاسییە ڕادیکاڵەکانی تر ڕووبدەن. وەڵامەکەی تریان لە تێڕوانینێکی ئازادیخوازی پۆستمۆدێرنەوە دێت، ئەم تێڕوانینە ڕادیکاڵیزمی سیاسی دەگۆڕێت بۆ بازنەی کەلتوری، بانگەشە بۆ سیاسەتی کەلتوریی جیاوازی، فرەکەلتورگەرایی یۆتۆپی و ئیتیکی ئەویتر دەکات، وەک ڕێگەیەک بۆ قبووڵکردنی مۆدە پلوڕاڵیستەکانی سوبێکتیڤیتە و هەڵبژاردنی شێوەژیانی کەلتوری، کە لەڕێگەی دیموکراسییەتی لیبراڵییەوە فەراهەمدەکرێن.
ژیژەک لای وایە تێڕوانینە موحافیزکار، لیبراڵی و پۆستمۆدێرنەکان هەموو وەک تێزەکەی فۆکۆیاما وان؛ ئەو تێزەی پێیوایە "سەرمایەداریی لیبراڵ دیموکرات باشترین و کۆتا هاوکێشەی کۆمەڵگەیەکی مومکینە، ئەوەی بتوانین لەگەڵیدا بیکەین، تەنیا ئەوەیە تۆلێرانس زیادبکەین و هتد"(لە داکۆکی لە ئایدیاڵە لەدەستچووەکاندا: ٤٢١). بە دیدی ژیژەک، گەرەکە ئەم تێڕوانینە گشتگیرە فۆکۆیاماییە بخەینەژێر پرسیارەوە: سەرمایەداریی لیبراڵ دیموکرات، وەک ئەلێکساندەر کۆژێڤ دەڵێت، فۆرمی یونیڤێرساڵ و هاوچەشنی دەوڵەت نیە. بەڵکو دینامیکی دژیەکی سەرمایەداریی جیهانییە، بەو شتەوە کە ژیژەک پێی دەڵێت "چوار سوارەکەی قیامەت"- قەیرانە ئیکۆلۆژییەکان، دەرەنجامەکانی شۆڕشی بایۆجێنەتیکی، ناهاوسەنگییەکانی خودی سیستەم(کێشەی خاوەنداریی ئایدیا؛ کێشەی ماددە خاوەکان و نان و ئاو) و گەشەسەندنی خێرای دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکان و وەدەرنانەکان-، کۆمەڵگە سەرمایەدارییە لیبراڵ دیموکراتەکان دەچنەناو قۆناغی ناجێگیری و نادڵنیایی و تەنانەت خۆوێرانکردنیشەوە.
هەر لەبەر ئەمەیە ژیژەک پێیوایە گەرەکە "فشاری مۆراڵی"ـی دیموکراسیی لیبراڵ ڕەتکەینەوە، ئەوەی پێیوایە سیاسەتی ڕادیکاڵ یان تۆتالیتارە یان تیرۆریستی؛ لەپاڵیدا گەرەکە میراتی شۆڕشگێڕانەی چەپ وەربگرینەوە. لە هەمان کاتدا، ژیژەک هەر وەک هیگڵییەک دەمێنێتەوە: ڕەخنەی وردی ئایدۆلۆژیای هاوچەرخ دەکات، فەلسەفییانە "فشاری مۆراڵی"ـی دیموکراسیی لیبراڵ دەخاتەژێر پرسیارەوە و بەردەوام تێڕوانینێکی ڕەخنەیی لەمەر سیاسەتی هاوچەرخ هەیە. دوای قەیرانە داراییەکانی ٢٠٠٨-٩، ژیژەک پێیوایە ئیتر کاتی فشاری مۆراڵیی دیموکراسییەتی لیبراڵ کۆتایی پێ هاتووە. لە بەرامبەردا، ئاڵنگارییەکەمان لە ئێستادا، دووبارەکردنەوەی هیگڵە: وەرگرتنەوەی چەمکی ڕادیکاڵی سوبێکتیڤیتەی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، ئەویش تاکو تیۆریی هیگڵی-لاکانی ئایدۆلۆژیا دابمەزرێنینەوە و هێزی چەمکایەتییمان زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی لە دینامیکی دژیەکانەی سەرمایەداریی جیهانی تێبگەین.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
چوار گوتارەکە(ـى لاکان لە فیکرى ژیژەکدا)
یەن-یەنگ لای
چوار گوتارەکە(دیسکۆرس) چوار پێکبەستی کۆمەڵایەتیین، کە لاکان لە سیمینارەکانی حەڤدە و بیست و ڕادیۆفۆنیدا باسیاندەکات. ئەم تیۆرە چوار هێڵکاری لەگەڵدایە. هەر هێڵکارییەک و بۆ ڕەگەزێکی دیاریکراو درووستکراوە، جیاوازییەکەیان لە "سووڕانەوەیکی چوونیەک، لە پێگەکەیاندا، لە بونیادە چوارپێکەیاندا" درووستدەبێت: