A+    A-
(794) جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی چەمکی «ڕۆح»ـی هیگڵییەوە

 

 

 

  ڕۆح(Geist) یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفە پێگەیشتووەکەی هیگڵ، و بەشێکی زۆر لە هەڵەتێگەیشتن و نەیارێتیی لە هەمبەر فەلسەفەکەی وی‌دا لەبەر ئەو تەمومژە نیمچە-عیرفانی[1] و ناڕوونییەیە، کە کەشوهەوای ئەم چەمکەی داگیرکردووە. ئەو چەمکانەی هەر لە دێرزەمانەوە وەک «ڕۆح-spirit» وەرگێڕدراون، بەشێک بوون لە فەلسەفە؛ هەوڵە پڕ لە تەماحەکەی هیگڵیش بۆ ناساندنی خودایەکی خۆنشین(ئیمانێنت) و ڕۆحی جیهان[2] بە مەسیحییەت و فەلسەفە، [چەمکەکە] لەو بازنەیە دێنێتەدەرێ. گەر نەتوانین لە ڕۆح تێبگەین، ئەوا لە فەلسەفەکەی هیگڵیش تێناگەین: تەنیا دەتوانین هێندەی تێگەیشتن لە چەمکی ڕۆح لە فەلسەفەی ڕۆح‌یش تێبگەین.

  ئەوەی بەڕوونی لە فەلسەفەکەی هیگڵەوە سەرهەڵدەدات ئەوەیە ڕۆح ئاماژەیە بە جۆرێک لە ئاگایی گشتی، زەینێکی تاقانە کە لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا هاوبەشە. کۆی گەشت و جووڵەی «فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح» دوورە لە چەمکاندنێکی ناڕێک و نەسازی مرۆڤ وەک تاکێک ڕووەو چەمکاندنی "موتڵەق"ـی هەموو مرۆڤایەتی وەک "یەک(one)"ێک. لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح‌دا، پێش هەموو شت سەروکارمان لەگەڵ بەسنەبوون(inadequacy)ـی چەمکاندنی خود-دا هەیە وەک تاک(ئیندیڤیجواڵ) لە بەرامبەر ئەوانیتر(پەیوەندیی نێوان ئاغا و کۆیلە) و خودا(ئاگایی پەشیمانی[3])دا. سەرەتا ئەم بەرامبەرکێیە لە ئیتیکدا حەلدەکرێت، واتە لە چەمکاندنی خود-دا وەک ئەندامێکی خێزان و کۆمەڵگە، وەک «شانشینی کۆتاییەکان»ـی کانت، وەک هاوڵاتییەک لە دەوڵەتدا؛ دواتر [بەرامبەرکێیەکە] لە ئایین‌دا حەلدەکرێت، لەمێدا خود وەک بەشێک لە خودا و ئوممەتێکی ئایینی دەبینین. ئاگایی موتڵەق[4]، ناسینەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای شوناسی خودە لە ڕۆحێکی گشتەکی(یونیڤێرساڵ)دا. چەمکی ڕۆح نیشانە و عەیاری تیۆریی شوناسی خودە-. تیۆرێک کە تێیدا من شتێکم نەوەک کەس(person)ێک.

  بێگومان تیۆریی شوناسی سەرووکەسی(superpersonal) هەموو ئەوە نیە کە لە نوسینەکانی هیگڵدا دەربارەی چەمکی ڕۆح دەیبینین. ڕۆح لە بنەڕەتدا چەمکێکی ئایینییە، مەرامی سەرەکیی هیگڵیش لە جێگیرکردنی چەمکی ڕۆحدا چارەسەرکردنی ئەو ناڕێکی و نەسازییەیە کە لە نەریتی مەسیحییەتدا بوونی هەبووە و هەر خۆیشی پێشوەخت لە نوسینە "تیۆلۆژی"یەکانیدا باسیکردوون. مادەم چەمکی «خودای خۆنشین»ـی هیگڵ بەندە بە تیۆرە تایبەتەکەی شوناسەوە کە لە ڕۆحدا بەرجەستەدەبێت، ئەوا گەرەکە ناڕاستەوخۆ(هەر ڕێک ناڕاستەوخۆ) سەروکارمان لەگەڵ فەلسەفەی ئایینی هیگڵدا هەبێت. ڕۆح نوێنەرەوەی هەوڵێکی تەماحکارانەی ترە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی ئەپستمۆلۆژیی گرنگی تر، واتە "نەسازیی(disharmony) نێوان سوبێکت و ئۆبێکت". بەڵام ئەم ڕەهەندەی چەمکی ڕۆحی هیگڵ زۆر لەودیو تیۆریی شوناسی خودەوەیە، کە ئێمە گەرەکە خەریکی بین.

  زۆربەی ڕاڤەکاران بەبێ ڕەخنەگرییەکی جددی چەمکی «ئاگایی گشتەکی»یان قبووڵکردووە. زۆرجار وتوویانە چەمکی ڕۆحیش وەک زۆرێک لە چەمکەکانی ترە لە مێژوویەکی درێژدا، ئەمە بەتایبەت لە نەریتە عیرفانییەکانی مەسیحییەت و ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکاندا؛ بگرە لەوەو پاشتریش فیختە و شیڵینگ وەک «ئیگۆی موتڵەق» یان هەر بەسادەیی وەک «موتڵەق» قبووڵیانکردووە. بەڵام ئایا چەمکی «زەینی گشتەکی»[5] مانای هەیە؟ گەر زەینی دوو کەس وەک یەک و هاوشێوە بن، ئەوا وا دیارە ئەمەی بەدوادا دێت، گەر یەکیان شتێک بزانێت یان ئەزموون بکات، ئەوا ئەویتریشیان هەمان شت دەزانێت و ئەزموون دەکات: بەپێی زاراوەناسییە سارتەرییەکە، ئاگایی نیمچەڕوونە- هیچ "بەش"ێکی نیە و هیچ شتێکیشی تێدا ناشارێتەوە. لە بەرامبەر ئەمەشدا، دوو زەین جیاواز و لەیەکنەچوو دەبن، ئەگەربێتو یەکیان شتێک بزانێت و ئەزموونی بکات، بەبێ ئەوەی ئەویتریان ئەم شتە بزانێت و ئەزموونی بکات؛ بە زمانێکی زۆر جیاوازتر، تایبەتمەندێتی(کەسی‌بوون-privacy) خەسڵەتی سەرەکیی زەینەکانە: زەینێک لەڕێی "دەستپیاگەیشتنی تایبەت" بە ناوەڕۆکی خۆیەوە لە زەینێکی تر جیادەکرێتەوە[واتە ئەوەی زەینێک تا چ ئاستێک دەستی بە ناوەڕۆکی خۆیدا دەگات]. ئەو ڕاستییەی کە کەسە جیاوازەکان یادگە، ئەزموون و مەعریفەی جیاوازیان هەیە، زۆرجار وەک پێوەرێک بۆ شوناسی تاکەکەسی بەکاربراوە(بۆنمونە لای جۆن لۆک). ئەی کەواتە چۆن مانایەک بەو دەربڕینە بدەین کە دەڵێین ئێمە هەموومان یەک ئاگایی-ڕۆح‌ین، ئەویش لە کاتێکدا بەڵگە و بورهانەکان یەکلاکەرەوانە دەیسەلمێنن کە کەسە جیاوازەکان ئایدیا، فیکر، هەست و تەنانەت زەینی جیاوازیشیان هەیە؟ بەبیرمنایەتەوە ئەو دەمەی یۆلیۆس قەیسەر بەرەو بەڕیتانیا پەڕییەوە بیری لە چ شتێک دەکردەوە؛ وێڕای ئەوەی خەڵک هەن دەتوانن بە زمانی پۆڵەندی قسەبکەن، کەچی من ناتوانم؛ هەست بە ئازارێک دەکەم کە تۆ نایکەیت: کەواتە من هەمان زەینی یۆلیۆس قەیسەرم نیە، هەمان زەینی پۆڵەندییەکم نیە و هەمان زەینی جەنابتیشم نیە. ئێستا ئەوەش زۆر ڕوونە کە هیگڵ ئینکاری لە تایبەتمەندێتی و تاکێتیی زەینی کەسەکان ناکات. کەواتە «ڕۆحی گشتەکی» بەو مانایە نایەت هەموان یەک ئاگایی بین.

  ڕەهەندێکی ماقووڵتری چەمکی «ڕۆح»ـی هیگڵ ئەوەیە کە ئینکاری لە جیاوازیی زەینی تاکەکان ناکات، بەڵکو دەشێت پشتگوێیان بخات. کەواتە دەشێت ڕۆح وەک ناوێک بۆ زەینێکی گشتەکیی تاقانە ڕەتکەینەوە، بەڵام دەشێت بشڵێین ڕۆح ناوی یەکە و قەوارەیەکی ئەبستراکتە؛ بۆنمونە وەک "تێکڕای ژنانی ماڵەوە لە ئەمریکا". ڕۆح خۆی لە تایبەتمەندێتیی تاکەکان دادەبڕێت و پتر تیشک دەخاتەسەر لێکچوونەکانیان: ڕۆح ڕێگەیەکی لەبارە بۆ ئەوەی قسە لەبارەی خەسڵەتە هاوبەشەکانی کۆمەڵگە و خەڵکانێک-بگرە هەموو خەڵک- بکەین، کە جیاوازییەکانیان پشتگوێدەخەن نەک ئینکارییان لێ بکەن. حسابکردن بۆ ڕۆح بە تێگەیشتنەوە، لە پووچێتیی ئەو قسانە ڕزگارمان دەکات کە سەبارەت بە زەینێکی ڕاستەقینەی هاوبەشن لەنێوان هەموو خەڵکدا. ڕۆح گشتەکییە، ئەویش تەنیا لەوێدا کە ناوێکە بۆ ئەو خەسڵەتانەی کە هەموو ئاگاییەکی مرۆیی هەیەتی: بەو مانایە گشتەکی نیە کە ناوێک بێت بۆ قەوارەیەکی تاقانە(زەین)، کە هەموو تاکێک تێیدا هاوبەشە. کەواتە "ڕۆحی پڕۆلیتاریا" یان "زەینی چینی ناوەڕاستی ئەمریکا" ئاماژە نیە بە ڕۆح یان زەینێکی تاقانە، کە هەموو پڕۆلیتاریا و چینی ناوەڕاستی ئەمریکا تێیدا هاوبەش بن. ئاماژەیە بە کۆمەڵێک غەم، ئامانج، باوەڕ و هەست کە زۆربەی ئەندامانی ئەو گرووپانە[بۆنمونە پڕۆلیتاریا و چینی ناوەڕاستی ئەمریکا] تێیدا هاوبەشن. کەواتە دەشێت چەمکی «ڕۆح»ـی هیگڵی وا ڕاڤەبکەین کە ئەبستراکشن‌ێکە هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، هەوڵێکە بۆ باسکردن لە مرۆڤایەتی وەک گشت(کل)ێک بەبێ خۆخەریککردن بە تاکە بەشەکییەکانەوە، هەوڵێکە بۆ قسەکردن لەمەڕ ئاگایی مرۆیی بەبێ خۆخەریککردن بە زەینی تاکە بەشەکییەکانەوە.

  بێگومان ئەم ڕاڤەیە ماقووڵە و مانایەکی باشیش بە چەمکە زۆرئاڵۆزەکەی «ڕۆح»ـی هیگڵ دەدات. بەڵام بەم لێکدانەوەیە فەلسەفەی هیگڵ دەبێتە چ نوکتەیەکی قەڵبوقۆڕ! ئامانجی کۆی «فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح» بەواقیعی‌کردنەوەی ڕۆحە، هەشسەد لاپەڕەی شەکەتکەر تەنیا بۆ ئەوە هەن «زانینی موتڵەق»[6] بخرێتەڕوو، کە "تاکە ئامانج تێیدا ئەوەیە ڕۆح خۆی وەک ڕۆح بناسێت". بەڵام بەپێی ئەم لێکدانەوەیە، ئەو هەوڵە مەزنە تەنیا بۆ ئەوەیە ئەو تێزە سادە و ڕوونە بسەلمێنێت کە دەتوانین بە شێوەیەکی ئەبستراکتانە قسە لەبارەی خەڵک(people)ـەوە بکەین بەبێ ئاماژەدان بە تاک(individual). ئایا باوەڕ بەوە بێنین ئەو فەیلەسوفەی کە پێی‌دەوترێت «ئەرستۆی جیهانی پاش ڕێنیسانسمان»[7]، کۆی هەوڵە فەلسەفییەکانی بۆ ئەوە تەرخانکردووە، کە بیسەلمێنێت ئێمە دەتوانین ئەبستراکشن(بەئەبستراکت‌کردن) ئەنجام‌بدەین و لە تێڕامانی فەلسەفیدا پێویستییمان بە ئەبستراکشن هەیە؟ ئەرێ ئەو ڕاڤەیە بەجددی وەرگرین کە ئەو کەشفە کورتدەکاتەوە، کە هیگڵ خۆی دەیچوێنێت بە سرووشێکی پیرۆز کە بۆ ئەو تێڕوانینە زەین‌سادەیە هاتووە وا فەیلەسوفان وەک خەریکی خەڵک نابن؟ لێکدانەوەی ڕۆح وەک قەوارەیەکی ئەبستراکت هەرچەند هەرسکراو و قبووڵکراو بێت، کەچی هیچ خزمەتێک بە فەلسەفەکەی هیگڵ ناکات. لەوەش زیاتر، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی هیگڵە کەوا "گەرەکە لە ئەکچواڵیتە(کردەیی‌بوون)ـی کۆنکرێتییە لە ڕۆحی هەموو شتەکان بنواڕین". فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح لێکۆڵینەوەیە لە شتێک کە پێی دەوترێت ڕۆح: ئەمە داهێنان و بەرهەمی ئەبستراکشن نیە.

 

 

 

ڕ. س. سۆڵۆمۆن

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Quasi-mystical  

[2] World spirit

[3] Contrite consciousness

[4] Absolute consciousness

[5] Universal mind

[6] Absolute knowledge

[7] Aristotle of our renaissance world

 

   سەرچاوە: Hegel’s concept of “Geist”, R. C. Solomon, Jstor.org, p.1-4