A+    A-
(939) جار خوێندراوەتەوە

"هیچ" و سەرنجێکى گشتى 

 

 

 

 

مرۆڤ, لەوەدا لە گیانلەبەران جیادەبێتەوە کە خاوەنى «هیچ»ـە(nothing). هیچ گەرچى بوونێکى پڕ و پۆزەتیڤى نیە, بەڵام ئەم بوونەوەرە ڕادەگرێت. هیچ, هەم مایەى ڕاگرتنە و هەم مایەى شڵەژاندنیش. لە دەروونشیکاریی لاکاندا دەشێت ئەم هیچە بریتى بێت لە ئۆبێکتى بچوکى a, واتە ئەو شتەى کە قەت بەدەستنایەت چونکە پێشوەخت لەدەستچووە, پێشتریش خۆى هەر یەکجێ و پڕجێ بوونى نەبووە. مرۆڤ نەک هەر بەدواى هیچدا دەگەڕێت, بەڵکو بوونى ئەو خۆى سەرچاوەى درووستبوونى پرسى "هیچ"ـە. سارتەر لە کتێبى "بوون و نەبوون"دا دەڵێت «مرۆڤ ئەو بوونەیە کە نەبوون لەڕێگەى ئەوەوە دێتە جیهانەوە». واتە کێشەى نەبوون(و هیچى), کێشەیەکە لە چاوى مرۆڤەوە ماناى هەیە و بۆ مرۆڤیشە. بوون لەبنەڕەتدا دەورى مرۆى داوە, بەڵام مرۆ لەگەڵ هاتنیدا بوون ئاشکرادەکات, ئاشکراکردنێک کە لەسەر نەفى دامەزراوە. گەر پێشتر بوون خۆى پڕ بووبێت, ئەوا لەگەڵ هاتنى مرۆڤدا پرسى نەبوونیش لەدایکدەبێت. مرۆڤ خۆى جۆرێکى تایبەتە لە بوون کە نەبوون پرسە بۆى. نەفى, لەڕووى ئۆنتۆلۆژییەوە سەر بە توخمى نەبوونە تا بوون. مرۆڤ خۆى وەک نەفییەک ئاشکرادەبێت, نەفییەک کە بەر بوون دەکەوێت و بوونى خۆیشى هەمیشە بە ناتەواوى دەمێنێتەوە و لە دەست پرسى بوون-نەبوون ڕزگارینابێت. مرۆف بە هاتنى خۆى, نەفییەک و هیچێک لە هەناوى بووندا دەکاتەوە کە بۆ خۆیشى دەبێتە پرس. دڵەڕاوکێ و پاشان ئازادییش, بەرهەمى پرسى نەبوونن. بگرە ناوێکى ترن بۆ "هیچ" کە هەم ئیمکانى ئەون و هەم بەربەستیش.

گەر لە ژیانى ڕۆژانەدا لە "هیچ" ڕامێنین, و نمونەیەکى بۆ وەربگرین, ئەوا دەشێت باشترین نمونە "جێهێشتن"ـى کەسێک بێت لە جێیەک. کەسێک, هاوڕێیەک کە جێیەک جێدەهێڵێت, ئەوا جۆرێک لە غیاب دەخاتەوە. جێگاکە, جێدەهێڵێت بەڵام زەین دەرگیرى جۆرێکى تر لە حزوور دەکات, واتە غیابى ڕووت ناخوڵقێنێت. غیابەکە, یەکسان نیە بە هیچ, بەڵکو ئالودەبوونى هیچە بە بوون؛ بوونێک کە هى بوونەوەرێکە بەناوى مرۆڤ و شوێن دەگۆڕێت بۆ جێیەکى خەسیو(لە وشەکەشدا جێ‌هێشتن, خۆى وێڵکردنێکى بێباکانەى جێیە). خەسان خۆى جێى شتێکى جێهێڵراوە, بەڵام شوێنەوارى شتە جێهێڵراوەکە بەتەواوى نەسڕاوەتەوە. مرۆڤ کە جێیەک جێدەهێڵێت, جۆرێک نەبوون جێدەهێڵێت کە ناتوانین بەبێ حزوورێکى لاوەکى وێناى بکەین. لە مانا حەرفى و سادەکەیدا, ئەندامى نێرینە, زەکەر دەبوو لەو جێیە بووایە کە نیە, بەڵام نەبوونیشى ماناى ئەوە نیە ئەومان بیرناخاتەوە. بگرە زەکەر(penis), خۆیشى بوونێکى پڕ نیە, خۆیشى بەهۆى خەسانى ژنانەوە, وێناى نەبوون و جێهێشتنى دەکرێت. بۆیەشە پیاوان لە مناڵییەوە ترسى خەساندنیان هەیە. گەر زەکەر بگۆڕین بۆ چەمکێکى پەتییتر, واتە بۆ فالووس(phallus), ئەوا تێدەگەین هەموو بوونێک ئالوودەیە بە نەبوون. فالووس لەوپەڕەى چالاکبوونى خۆیدا بۆ ئەوە هەیە خەسان بسڕێتەوە, بەڵام گیردەخوات و ئەم مەترسییە لە سوورێکى هەمیشەییدا دەمێنێتەوە. ژن و پیاو هەردوو وەک مرۆڤ, خاوەنى هیچێکى کەمتازۆر نزیکن لە یەکتر, کە مەرجى هەبوونى یەکتریشن. غوربەت لە بیرى مرۆڤدا, ڕیشەى دەچێتەوە سەر خەسانێکى ڕیشەیی: جێگا, تووشى خەسانێکى مرۆیی کراوە. غوربەت, بوونى خۆى لە غیابێکەوە قەرزدەکات کە ئالوودەبووە بە حزوور.

لە زمان(ڕێزمان)ـى ڕۆژانەدا, ئامرازێکى لێکدەرى وەک «وەک», دەتوانێت ئەو پەیوەندییە میتافۆرییە ڕوونبکاتەوە کە لەنێوان حزوور و غیابى دوو شتدا هەیە. چوواندن خۆى گرێدانى حزوور و غیابە.  ئەم شتە لەویتر دەچێت, وەک ئەویتر وایە, بۆیە لەڕێگەى ئامادەیی ئەمیانەوە هەوڵدەدات ئەویتریشیان بانگبکاتەوە. حزوور, پشکێک لە شتە غایبەکە دەپچڕێت. برینى خەسانەکە بۆ ماوەیەک دەشارێتەوە. کاتێک دەڵێین کلیتۆریسى ژن وەک چووکى نێرینە وایە, ئەوا حوکمى حزوور دەدەین لەڕێى غیابێکەوە کە زەکەرە. نمونەیەکى تر: لە عەشقدا ژن وەک دایکى لێ دێت: "وەک". وەک, جۆرێکە لە فەنتازیا نەک بوونەوە بە نوسخەى یەکەمین و ئەسڵ. وەک, لە ژیانى ڕۆژانەدا پێدەچێت لە زۆر حاڵەتدا هەمان ڕۆڵى فەنتازیا بگێڕێت. فەنتازیا, پەیوەندیی حزوور و غیاب ڕێکدەخات. وەک, جۆرێکە لە هاوشوناسکردن کە کارکردەکەى بریتییە لە فەنتازیا. من وەک تۆم, واتە هاوشوناست دەبم, هەروەها من وەک تۆ نیم, واتە هاوشوناست نابم. گەمەى ناچارییانەى هاوشوناسى, خۆى ڕوویەکى ترى کێشەى خەسانە. لەوەش ڕیشەییتر, کێشەى "هیچ" كە نازانین بۆ هەیە, بەڵام مامەڵە بە شوێنەوارەکانیەوە دەکەین.

گەر دۆخێکى مرۆیی وەک "نۆستالیژیا" وەربگرین, ئەوا دەتوانین سەرنج لە بوونى نۆستالیژیا بدەین کە بۆچى هەیە و نیشە؟ نۆستالیژیا, جۆرێک چەقینى دەروونى/فینۆمینۆلۆژییە لە ساتێکدا کە ئەو ساتە بۆ هەمیشە لەدەستچووە. ئێمە گەر بگەڕێیتەوە ئەو شوێن و کاتەش, ناتوانین بیرەوەرییەکە بەدەستبێنینەوە. بیرەوەرییەکە, خۆى وەک بونیاد بریتییە لە لەدەستچوونێک کە وەهمى گەڕانەوە و نزیکبوونەوە لەخۆیدا هەڵگرتووە بەڵام لەڕاستییدا جگە لە وەهمەکە هیچى تر نیە. نۆستالیژیا, ئەو هیچە لیق و نەگیراوەیە کە لە زەینى مرۆڤ ئاڵاوە. بە مانایەکى تر, ئارەزووکردنى هیچێکە کە وەک بوونێکى پڕ خۆى دەنوێنێت. لێرەدا ڕستە ناودارەکەى هیراکڵیتۆس, ئەوەى کە مرۆڤ دوو جار پێ ناخاتە ناو یەک ڕووبار, و ڕووبارەکە هەمیشە نوێ دەبێتەوە, قابیلى پەیوەستکردنەوەیە بە پرسى نۆستالیژیاوە: ئێمە تەنیا لە مەودایەکەوە دەتوانین نۆستالیژیا وەک نۆستالیژیا درووستبکەین, کەمێک پاش ئەو ساتە چیدى ئەو کەسەى پێشوو نابین. شیوەنەبیر بۆ زەمانێک کە ئێستا و ئێرە نیە, خۆى ماهیەتى شیوەنەبیرەکە پێکدێنێت.  

مامەڵەکردن بە هیچەوە, دەشێت سەرەداوى بیرکردنەوە بێت لە هیچگەرایی(نیهیلیزم) وەک چارەنووسێکى حەتمى: نیچە لە کۆتا بەندى کتێبى "جینالۆژیاى ئەخلاق"دا چەمکى ئایدیاڵى زوهد(ascetic ideal) دەئافرێنێت کە جۆرێک چاوپۆشى و دەستبەرداربوونە لاى توێژەکانى خەڵک بۆ ئەوەى بژین. ڕەنگە قەشەیەک یان مەلایەک دەست لە ژیان بەربدات لەپێناوى ژیانێکى تردا, دونیا نەفى بکاتەوە و بەهاکانى ناوى بە نزم بژمێرێت. یان فەیلەسوفێک بوون بۆ چەمکێکى تەواو ئەبستراکت کورتبکاتەوە و ناوەڕۆکە زیندووەکەى ژیان فەرامۆش بکات. یان ئایدۆلۆژیایەک بێت هەژارى وەک چاکە و فەزیلەت بفرۆشێتەوە. لەڕاستییدا چەمکەکە ناوەڕۆکێکى دەروونشیکارانەى هەیە و پتر لە چەمکى بڵندبوونەوە(sublimation) دەچێت لاى فرۆید. بەپێى بڵندبوونەوە, مرۆڤ لە پرۆسە دینامیکییە نەستەکییەکانیدا پاڵنەرێک بە پاڵنەرێکى تر دەگۆڕێتەوە بۆ ئەوەى خواستێکى بێتەدى. ئاییاڵى زوهد, جۆرێک زوهدە, جۆرێک لە بڵندبوونەوە کە کەمتر لەوە بەدەستدێنین وا دەبێت بەدەستیبێنین, چاریشمان ناچارە چونکە بوون خۆى وەک بونیاد گرفتێکە لەبەردەم ئەم بوونەوەرەدا کە ناوى مرۆڤە. ئێمەى مرۆڤ, هەمیشە شتێکمان کەمە. نیچە پێى‌وایە "ئایدیاڵى زوهد" لە ژیانى مرۆڤ بکەینەدەرێ, ئەوا ژیانى لە مانا و ئامانج بەتاڵدەبێتەوە. بۆشاییەک دەورى مرۆى داوە کە هیچ مانایەکى نیە و مرۆڤیش لە ئازاردایە و ئازارەکەشى هیچ مانا و مەنتیقێکى تیا نیە. مرۆڤ بوونەوەرێکى داماو و نەخۆشە و سەر لە ئازارى بوون دەرناکات, چونکە لەبنەڕەتدا هیچ مانایەکى نیە. ئەو ناچارە بەدواى ئازاردا بگەڕێت, ناچارە بەرگەشى بگرێت, بەو مەرجەى مانایەکى هەبێت بۆى, مانایەک کە خۆى لەڕێگەى "ئایدیاڵى زوهد"ـەوە پێى‌ببەخشێت. بەم پێیە, ئەم چارە ناچارییە و ئەم پارادۆکسەى کە ناوى ئایدیاڵى زوهدە, خۆى باشترینى ناو «لە هیچ باشتر»ـەکانە. واتە ئەو ئەگەرەى هەیە, لەوە باشترە هەر نەبێت. ئایدیاڵى زوهد, بۆشاییە ئازاردەرەکەى بوون دەشارێتەوە. لە کۆتا دێڕیشدا نیچە ڕستە نێودارەکەى خۆى دەردەبڕێت کە دەڵێت ویستنى هیچ بۆ مرۆڤ لە نەویستن خۆشترە. واتە مرۆڤ داواى "هیچ" بکات, هیچ ببێتە ئۆبێکتى ویستن, ئەوا باشترە لەوەى هیچى نەوێت و بە بۆشاییەکەى بووندا ڕۆبچێت. ئایدیاڵى زوهد, پێشنیارکردنى جۆرێک نیهیلیزمە لەبرى نیهیلیزمێکى ڕیشەییتر. بەم پێیە, مرۆڤ ناچارە بەرگەى ماسۆشیزمێکى بونیادى بگرێت و لەڕێگەى ئایدیاڵى زوهدەوە نکۆڵیی لێ بکات. ڕەنگە هەر سادیزمێکى ڕاستەوخۆ و ئاگایانەش, جۆرێک بێت لە بوغز و کینە و پەرچەکردار و هیچى تر. بۆیە ئەم بوونەوەرە بەهۆى ئازارەوە نەخۆشکەوتووە و شتێکى کەمە کە هەرگیز بۆى پڕنابێتەوە.

"هیچ" لە سیستەمە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکاندا, بە باجى گەورە ڕێکدەخرێت. ژیان, خۆى بە نێوانگریی ئەم سیستەمانە دەبێتە ژیان. دەشێت ڕاکەڕاکى مرۆڤ بە کۆمەڵێک کەناڵدا بڕوات کە ئاخرییەکەى مامەڵەکردن بووە لەگەڵ "هیچ"دا. سارتەر, فەیلەسوفى مەزنى بوونگەرا, کەمێک پێش مردنى باسى ئەوە دەکات کە «هەرچیی ویستووە لە ژیاندا دەستیکەوتووە بەڵام سەرەنجامیش شتێکى ئەوتۆ نەبووە». سارتەر نەیدەتوانى دانیشێت تا درک بەم هیچە بکات, ئەو بە نێوانگریی کۆشش و هەڵپەکانى ژیانى گەیشتووە بەم چرکەساتە. هیچ شتێکە ڕاستەوخۆش نادرێت, لەکۆتاییدا تێدەگەین گەشتێکى دەوراندەورى پێویستبووە بۆ ئەوەى ئەزموونى بکەین. ئەم هیچە بۆ پێگەى هەر مرۆڤێکیش, بەپێى سیاق سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان شوێنەوارى جیاجیا جێدەهێڵێت: خومەینى لە ئینقیلابى ١٩٧٩دا کاتێک لە فەڕەنساوە بۆ ئێران دەگەڕێتەوە, پەیامنێرێکى خۆرئاوایی لەناو فڕۆکەکەدا لێى دەپرسێت هەست بە چى دەکەیت؟ ئەویش دەڵێت "هیچ", هەست بە هیچ ناکەم. ئەم هیچە بۆ کەسێک کە لە دەمەدەمى ڕووداوێکى مێژوویی و سیاسییدایە, بەتەنیا هیچێکى ڕووت و ڕاستەوخۆى عاریفانە نیە, بەڵکو تێکەڵ بە ڕووداوەکە دەبێتەوە. واتە هیچێکى دینیی نیهیلیستییە, فەرامۆشکردنى ژیانە, بەڵام کوشتنى هەر جووڵەیەکیش کە ژیان و مێژووت بیربخاتەوە. خومەینى کە لە قوم دادەنیشت, دەیویست زۆر سیاسى نەبێت, بەڵام خۆى هەستیارترین چرکەساتى سیاسیی لە مێژووى مۆدێرنى ئێراندا ئەنجامدابوو. لێرەدا جیاوازى لەنێوان سوبێکتى دەربڕین و دەربڕاودایە, لەنێوان نیەت و ئەو شتەى لە نیەت تێدەپەڕێت: هیچى کەسى بەرپرسیار ناتوانێت کورتبێتەوە بۆ هیچێک کە لە حزوورى کەسەکەدا دەنیشێت.

 

 

 

 

 

وەلید عومەر