فرۆید و ده‌روونناسیی عه‌شق
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
فرۆید هه‌م وه‌ك كێشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و هه‌م وه‌ك بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به تیۆری گشتیی پاڵنه‌ره‌كان و سێكسواڵیته له عه‌شق ده‌كۆڵێته‌وه. به‌ڵام نه‌ك تیۆرێكی یه‌كانگیر به‌ڵكو به‌درێژایی ژیانه فیكرییه‌كه‌ی چه‌ند تیۆرێكی جۆراوجۆری ده‌رباره‌ی عه‌شق خستۆته‌ڕوو. به‌وپێیه‌ی فرۆید بیریارێكی سیسته‌ماتیكه، ئه‌وا پرسی عه‌شقیش هه‌ر له‌بن چه‌تره زاراوه‌ییه‌كه‌یدا جێ ده‌كاته‌وه، واته لای وی عه‌شق په‌پوه‌ندییه‌كی چه‌مكییانه‌ی توندوتۆڵی به هه‌ركام له سێكسواڵیته‌ی مناڵ، سه‌رمه‌شقی دایكانه، له‌ده‌ستچوونی ئۆبێكت، لیبیدۆ-ئۆبێکت (ئۆبێكت-لیبیدۆ)، پاڵنه‌ر، نه‌ست و شارستانییه‌ت و هتد هه‌یه. فرۆید خۆی واته‌نی هه‌وڵده‌دات دیارده‌كه له ڕاز و ئه‌فسون دابماڵێت یان به‌شێوه‌یه‌كی "بێ‌چێژ" بپه‌رژێته سه‌ری. له‌م ڕووه‌وه تێڕوانینه‌كانی فرۆید هه‌م له بازنه ده‌روونشیكارییه‌كان و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی وانیش مشتومڕی زۆریان لێ كه‌وتۆته‌وه، زۆرێك له ڕاڤه‌كانی دواتر كاردانه‌وه‌ی سه‌لمێنه‌ر یان ڕه‌تكه‌ره‌وه یان درێژه‌پێده‌رن به شرۆڤه فرۆیدییه‌كه‌دا. به‌كورتی باسه‌كه‌ی فرۆید ده‌رباره‌ی عه‌شقیش به‌خۆنازینی مرۆڤی شارستانی ده‌رهه‌ق به یه‌كێك له باڵاترین هه‌سته‌كانی بریندار ده‌كات. گه‌رچی فرۆید خۆی واته‌نی نه ترسێنه‌ره و نه دڵده‌ره‌وه‌ش به‌ڵكو خه‌ریكی كاری "زانستی"یانه‌ی خۆیه‌تی.
فرۆید به تۆنێكی خاكه‌ڕایانه ده‌رباره‌ی "دۆزینه‌وه"كانی ده‌دوێت- واته پێشوه‌خته بوارێك بۆ هه‌مواركردن ده‌هێڵێته‌وه: هه‌م له ئاستی پراكتیكیدا (واته ئه‌وه‌ی كه ڕه‌نگه به‌ره‌وپێشچوونی شارستانییه‌ت وابكات لانیكه‌م كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستی مێژوویی بگۆڕێن- هه‌ڵبه‌ت هاوشان به نه‌غمه ڕه‌شبینه‌كه‌شی ده‌رهه‌ق به شارستانییه‌ت و ماهیه‌تی سێكسوالیته) و هه‌م له ئاستی تیۆریشدا (كه ڕه‌نگه ژاك لاكان و "گه‌ڕانه‌وه"ه‌كه‌ی بۆ فرۆید گرنگترین نموونه بێت). ڕاسته فرۆید له شوێنكاتێكی دیاریكراودا ژیاوه (پیاوێكی سه‌ده‌ی نۆزده، نیشته‌جێ له شاری ڤیه‌نادا كه زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كانیشی هه‌ر سه‌ر به چینه ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی ئه‌و شاره بوون)، به‌ڵام شرۆڤه تیۆرییه‌كانی گه‌ردوونین و هه‌ر كاران.
له عه‌قڵی باودا هه‌م كۆمه‌ڵێك كڵێشه‌ی جێكه‌وتوو ده‌رباره‌ی عه‌شق هه‌یه و هه‌م كۆمه‌ڵێك كڵێشه‌ی هاوتاش ده‌رباره‌ی تێڕوانینی فرۆید بۆ عه‌شق. عه‌شق خۆی پڕاوپڕه له ڕاز و كه‌لتوره جیاوازه‌كانیش زیاتر ئه‌فسونبار و ڕازنشینی ده‌كه‌ن. سه‌رده‌مانێك به جۆره شكۆمه‌ندییه‌ك ده‌برایه كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك و ئێستاش به‌زه‌قی وه‌ك قۆشمه‌ییه‌ك لێی ده‌ڕوانرێت. فرۆید كۆمه‌كمان ده‌كات به هه‌ندێ جووته-كڵێشه‌ی كه‌لتوری ده‌رباره‌ی عه‌شق بچینه‌وه وه‌كوو"عه‌شق هه‌ر سێكسه/ عه‌شق سێكس نییه"، "عه‌شق خۆپه‌رستی تێدا نییه هه‌ر ئه‌وپه‌رستییه/ عه‌شق خۆپه‌رستیییه و به‌س"، "عه‌شق ڕزگارمان ده‌كا/ عه‌شق ماڵوێرانكه‌ره" و هتد. مه‌به‌ست له جووته-كڵێشه ئه‌وه‌یه كه عه‌قڵی باو هاوكات تێزێك و پێچه‌وانه‌كه‌یشی ده‌رباره‌ی شته‌كان هه‌یه و هه‌ردووكیشیان وه‌ك حیكمه‌ت ده‌فرۆشێته‌وه. بێگومان فرۆیدیش په‌ناگه‌یه‌كی مسۆگه‌رمان پێ نادات تاكو له عه‌شق و كۆژانه‌كه‌ی بمانپارێزێت، به‌ڵام لانیكه‌م بۆمان ڕوونده‌كاته‌وه كه بۆچی زۆرجار عه‌شق خۆیشی شكستدێنێت له‌وه‌ی كه ببێته قه‌ڵایه‌كی قایم دژی ئازارچه‌شتن.
فرۆید به‌ڕوونی باسی ئه‌وه ده‌كات ئه‌و شته‌ی ده‌یخاته‌ڕوو ته‌نیا هه‌ندێ بۆچوونی شه‌خسیی نوسه‌رێك نییه، به‌ڵكو دیدی ده‌روونشیكارانه‌یه بۆ مه‌سه‌له‌كه؛ ده‌روونشیكاریش له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه جۆرێكه له له‌ڕازداماڵینی نه‌هێنییه‌كان (ته‌نانه‌ت نه‌هێنییه ئاشكراكانیش) نه‌ك ئه‌وه‌ی كه چه‌شنه ته‌مومژسازیییه‌كی باتنیگه‌را بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له جیاوازییه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان ده‌روونشیكارییه ڕۆشنگه‌رانه"كه‌ی فرۆید و ده‌روونناسییه باتنیگه‌راكانی ئه‌وسا و هاوچه‌رخیش. فرۆید شرۆڤه‌كه‌ی به "زانستی" ناوده‌بات- به‌ڵام مانای ئه‌م وه‌سفه لای وی جۆرێك نییه له كه‌ڵكه‌ڵه‌ی پۆزه‌تیڤیستی، به‌ڵكو له‌م باسه‌شدا توخمگه‌لێكی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی له‌خۆگرتووه. فریدریش نیچه كاتێك باسی ڕوانگه‌خوازی (پێرسپێكتیڤیزم) ده‌كات، تێبینییه‌كی گرنگ ده‌خاته‌ڕوو: ده‌بێت توانستی ئه‌وه‌مان تێدا بێت بتوانین تێڕوانینی ئه‌وانیتر به‌گه‌ڕبخه‌ین و بیانخه‌ینه ئاستێكی دیكه. ڕاستییه‌كه‌ی مامه‌ڵه‌ی فرۆیدیش له‌گه‌ڵ مه‌تریاڵه ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌كاندا جۆرێكه له‌م قۆستنه‌وه‌یه: سوود له ئایدیاگه‌لێك وه‌رده‌گرێت و پاشان ده‌یانخاته چوارچێوه‌ی سیسته‌مه‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام دیاره پێی وانییه شرۆڤه‌ی ده‌روونشیكارانه جێی شرۆڤه‌ی جوانیناسانه بۆ ده‌ق بگرێته‌وه... تا ئێستاش گرژییه‌كی به‌رهه‌مدار له‌سه‌ر "فرۆید وه‌ك زانستگه‌را" و "فرۆید وه‌ك فه‌یله‌سووف" هه‌یه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بیڵێین ئه‌وه‌یه كه فرۆید به مانایه‌كی تایبه‌ت بیریارێكی "زانستی"یه- مانایه‌ك كه هه‌ندێجار بۆ زانست قه‌بووڵكراو نییه، بۆ نموونه كارڵ پۆپه‌ر فرۆیدیزم به نازانستی داده‌نێت، چونكه بنه‌ما و گریمانه‌كانی قابیلی پووچه‌ڵكردنه‌وه نین، به‌ڵكو ده‌كرێت هاوكات بۆ ڕاڤه‌كردنی دوو هه‌ڵوێستی لێكدژ به‌كاربهێنرێن، ئاشكرایه لای پۆپه‌ریش "توانستی پووچه‌ڵبوونه‌وه " ئه‌و شته‌یه زانستی‌بوون دیاری ده‌كات. به‌لام پێم وایه هه‌ر ڕێك ئه‌و شته‌ی پۆپه‌ر له‌سۆنگه‌ی "میتۆدی زانستی"یه‌وه وه‌ك لاوازییه‌ك ده‌یداته‌پاڵ فرۆیدیزم، واته ناونانی به زڕه-زانست، ڕوونتر پێگه زانستییه تاقانه‌كه‌ی فرۆیدمان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه: فرۆید نه هه‌روا به‌سانایی سه‌ر به زانستگه‌راییه و نه هه‌روا ساده‌ش دژه-زانسته. بۆ نزیكبوونه‌وه له فرۆید پێویستمان به وێناكردنێكی دیكه‌یه. واته پێویستمان به تێگه‌یشتنێكی دیكه‌یه بۆ مرۆڤ وه‌ك مه‌یدانی گه‌مه نه‌سته‌كییه‌كان و فه‌نتازیای نائاگایانه: پێویستمان به‌وه‌یه مرۆڤ له پیرۆزی دابماڵین.
ده‌روونناسیی عه‌شق
فرۆید له ساڵانی 1910 و 1912 و 1918دا سێ وتاری له‌ژێر سه‌ردێڕی "چه‌ند به‌شدارییه‌ك له ده‌روونناسیی عه‌شق"دا نووسیوه. دوو وتاره‌كه‌ی سه‌ره‌تا، "جۆرێكی تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنی ئۆبێكت لای پیاوان" و "ده‌رباره‌ی مه‌یلی گشتی بۆ سووكدانان له پانتایی عه‌شقدا" و وتارێكی تری په‌یوه‌ستیش ده‌رباره‌ی "فیتیشیزم"، هاوشان به ڕاڤه‌ی هه‌ر سێ ده‌قه‌كه، له‌لایه‌ن وه‌لید عومه‌ر كراونه‌ته كوردی و پار وه‌ك به‌شێك له زنجیره‌ی "نزیكبوونه‌وه له فرۆید" بڵاوبوویه‌وه.[1] له خواره‌وه‌دا چه‌ند سه‌رنجێكی بچووك ته‌نیا ده‌رباره‌ی وتاری یه‌كه‌م ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به‌هیواین خوێنه‌ران خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌ر سێ ده‌قه‌كه...
یه‌كه‌م) وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناونیشانه‌كه‌شدا ده‌یبینین، " جۆرێكی تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنی ئۆبێكت لای پیاوان "، لێره‌دا پێداگرییه‌كه له‌سه‌ر جۆرێكی تایبه‌ت (special type)ـه كه زیاتر مرۆڤی "نا-نۆرماڵ" ده‌گرێته‌وه. گه‌رچی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی فرۆید وه‌ك نموونه ده‌یهێنێته‌وه زیاتر مرۆڤه "نیۆرتیك و نانۆرماڵه‌كان"ن و له كۆدا جیاكاریی نێوان "نۆرماڵ"/ "نانۆرماڵ" یان عوسابی/ ده‌رووندرووستیش به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت و هه‌ندێك له پێشمه‌رجه‌كانی خۆشویستنیش (به‌تایبه‌ت عاشقبوون به به‌ڕه‌ڵایه‌ك) وه‌ك لادان ده‌ناسێنێت به‌ڵام ئه‌م چه‌شنه خه‌سڵه‌تانه هاوكات لای مرۆڤه به‌حسێب نۆرماڵه‌كانیش كه‌متاكوت هه‌ر ده‌بینینه‌وه. وێڕای ئه‌وه، نۆرماڵبوون مانایه‌كی گرنگی دیكه‌شی هه‌یه له په‌یوه‌ست به گه‌شه‌ی ده‌روونی-سێكسی (سایكۆسێسكواڵ)ـه‌وه: ڕه‌وتی تێپه‌ڕین له قۆناغی مناڵێتییه‌وه بۆ پێگه‌یشتن (باڵقبوون)، تێپه‌ڕینه به‌ناو ڕه‌وتی گه‌شه نۆرماڵه‌كه‌ی لیبیدۆدا؛ واته ده‌ستبه‌رداربوون له خواسته مه‌حره‌مبازییه‌كانی مناڵێتی (ئۆبێكته مه‌حره‌مه‌كان) و چوونه‌ناو ژیانێكی سێكسیی نۆرماڵه‌وه، به‌ڵام مرۆڤه‌كان نه به‌ته‌واوه‌تی و نه به هه‌مان ڕاده‌ش ئه‌م ڕه‌وته ده‌گوزه‌رێنن، چونكه ژیانی سێكسی ته‌نراوه به نا-نۆرماڵبوون، لادان، چه‌قین له‌م یان له‌و قۆناغی گه‌شه‌ی ده‌روونیی سێكسی‌دا، گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌پێنراوه‌كان و فه‌نتازیا نه‌سته‌كییه‌كان و هتد.
دووه‌م) هه‌ڵبژاردنی ئۆبێكت (the choice of object)، ماهیه‌تێكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی هه‌یه. زاراوه‌ی ئۆبێكت خۆی پێگه‌یه‌كی سه‌نتڕاڵی له ده‌روونشیكاریی فرۆیدیدا هه‌یه؛ ده‌كرێت بابه‌تێكی ده‌ره‌كی بێت (وه‌كوو ماشوقه‌یه‌ك، یان شتێك كه خه‌سڵه‌تێكی فیتیشیستی وه‌رگرتووه، جلی ژێره‌وه به نموونه) یان بابه‌تێكی ناوه‌كی بێت وه‌كو پارچه‌یه‌كی جه‌سته‌یی و زه‌ینی سوبێكت. له ده‌قی یه‌كه‌مدا فرۆید زیاتر ده‌رباره‌ی ئۆبێكت ده‌دوێت و له ده‌قی دووه‌مدا ئاوڕ له خودی پاڵنه‌ریش ده‌داته‌وه. له‌م ناوكۆییه‌دا، مه‌به‌ست له ئۆبێكت عاده‌ته‌ن ئۆبێكتی سێكسی یان ئۆبێكتی خۆشه‌ویستییه، جا چ جۆرێك له زێده‌باڵایی و ئایدیاڵیزه‌كردنی پێ درابێت یان نزم و سووككرابێت. ئه‌م ئۆبێكته جێگره‌وه‌ی ئۆبێكتی له‌ده‌ستچووی دایكانه‌یه، له‌ده‌ستچوونێكی ڕۆنه‌ر و بنیاتنه‌ر. په‌یوه‌ندیی مرۆڤ و دونیای ده‌وروبه‌ر به په‌یوه‌ندیی نێوان ئیگۆ و ئۆبێكته‌كان ناوده‌برێت. دواتر ژاك لاكان پێچێكی تری زاراوه‌یی به‌م مانا فرۆیدییه ده‌دات و ده‌رباره‌ی "ئۆبێكتی بچووكی a" و "ئۆبێكتی باڵا" و هتد ده‌دوێت.
لای فرۆید هه‌ڵبژاردنی ئۆبێكت هه‌ڵبژاردنێكی ئاگایانه و ئیرادی نییه به‌ڵكو نائاگایانه‌یه. ئه‌وكاته‌ی ده‌وترێت چه‌مكی نه‌ست كۆڵه‌كه‌ی ده‌روونشیكارییه زیاده‌ڕۆیی نییه، ئه‌وه‌تا جار له دوای جار له زاراوه و ئایدیا په‌یوه‌سته‌كانی تردا ده‌یبینینه‌وه. ئه‌گه‌ر لای بادیۆ عه‌شق ڕووداوێكی تاقانه بێت، ئه‌وا لای فرۆید عه‌شق به‌ره‌نجامی ڕووداوێكی پێشوه‌خته. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له گه‌مه نه‌سته‌كییه‌كان هه‌ڵژه‌نراوه: مناڵێتی وه‌ك تارماییه‌كی نه‌سته‌كی درێژه به هه‌ڵكوتانه سه‌ر باقیی ته‌مه‌ن ده‌دات؛ هه‌ڵبژاردنه‌ئۆبێكتی مه‌حره‌مانه له مناڵێتییدا ئاسه‌واری خۆی ده‌هێڵێته‌وه. فرۆید له ده‌قی پاڵنه‌ره‌كان و چاره‌نووسیاندا، له‌پاڵ "په‌ستان" و "مه‌به‌ست" و "سه‌رچاوه"ی پاڵنه‌ردا، ده‌رباره‌ی "ئۆبێكت"ـی پاڵنه‌ریش ده‌دوێت، هه‌ر له‌وێدا تێبینییه‌كی گرنگ له‌م ڕووه‌وه ده‌خاته‌ڕوو: "له هه‌ر پاڵنه‌رێكدا ئۆبێكت ئه‌و شته‌یه وا زۆرترین هه‌مه‌ڕه‌نگیی له‌خۆگرتووه و له‌بنه‌ڕه‌تیشدا په‌یوه‌ندی ]یه‌كی زاتیی[ به پاڵنه‌ره‌وه نیه". هه‌ر ئه‌م هه‌مه‌ڕه‌نگییه‌شه هۆكاری ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه چۆنه كاتێك ئۆبێكتێك له‌ده‌ستده‌چێت، ئیدی زنجیره‌ی ئۆبێكته جێگره‌وه و به‌دیله‌كان ده‌كه‌ونه‌گه‌ڕ. په‌یوه‌ندیی سوبێكتیش به‌م ئۆبێكتانه‌وه شتێكی ڕاسته‌وڕاست نییه به‌ڵكو پڕ له هه‌ڵبه‌زودابه‌ز و كینه‌ڤین و ململانێیه.
سێیه‌م) ئه‌م باسه‌ی فرۆید تایبه‌ته به ده‌روونناسیی عه‌شق لای پیاوان. گه‌رچی هه‌ندێ سه‌رنجی ڕاگوزه‌ر ده‌رباره‌ی ژنانیش ده‌خاته‌ڕوو[2]. فرۆید له جێی دیكه‌دا چڕوپڕتر ده‌په‌رژێته سه‌ر "قاڕه‌ی تاریك"ـی سێكسواڵیته‌ی مێینه‌ش.
چواره‌م) به‌شدارییه‌كی گرنگی فرۆید له ده‌روونناسیی عه‌شقدا خۆی له خستنه‌ڕووی "هه‌لومه‌رجه‌كانی خۆشویستن"دا ده‌بینێته‌وه. ئه‌م هه‌لومه‌رج یان پێشمه‌رجانه نیشانیده‌ده‌ن كه ئۆبێكتی خۆشه‌ویستی (مه‌عشووق) نه‌كه‌وتۆته پانتاییه‌كی دابڕاو به‌ڵكو به‌توندی به كۆمه‌ڵێك دۆخ و فه‌نتازیا و په‌یوه‌ندی گرێدراوه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشمه‌رجانه نه‌مێنن، ئه‌وا عه‌شقه‌كه‌ش ده‌پووكێته‌وه. له دیده فرۆیدییه‌كه‌دا، مه‌عشووق هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ی فه‌نتازیاییه، بۆیه ئه‌و پیاوانه‌ی ئه‌م پێشمه‌رجه نه‌سته‌كییانه‌یان هه‌یه بۆ خۆشویستن ئه‌گه‌ر ئۆبێكتی خۆشویستییه‌كه له‌م یان له‌و دۆخدا نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانن چیتر خۆشیان بێت و چێژێكی چڕ‌وپڕ ئه‌زموونبكه‌ن. هه‌ڵبژاردنی ئۆبێكتێكی دیاریكراو له‌میانی ئه‌م هه‌لومه‌رجه زه‌روورانه‌ی خۆشویستندا ڕووده‌دات، هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش نه‌سته‌كییه. ئه‌و چوار پێشمه‌رجه‌شی فرۆید باسیان ده‌كات له‌ڕاستییدا ڕه‌پتن به‌و هه‌ڵبژاردنه ئۆبێكته تایبه‌ته‌ی له ناونیشانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه- ئاشكرایه هه‌ڵبژاردنه‌ئۆبێكتی دیكه پێشمه‌رجی جیاوازی هه‌یه، واته پێشمه‌رجه‌كانی خۆشویستن له‌م چوار دانه‌یه‌دا كورتنابنه‌وه...
پەراوێز:
ده‌روونناسیی عه‌شق، زیگمۆند فرۆید، و. وه‌لید عومه‌ر، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند2021[1]
[2] بۆ نموونه بڕوانه تێبینییه سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه بۆچی ژنان پێویستیان به ئۆبێكتی سووككراو نیه وه‌كئه‌وه‌ی لای پیاوان هه‌یه لا 76 یان جیاوازیی فه‌نتازیای ڕزگاركردن لای هه‌ریه‌كه له ژنان و پیاوان لا 45.