A+    A-
(913) جار خوێندراوەتەوە

                                              کەس باسی سێکسی کرد؟

 

 

 

ئەلێنکا زوپانچیچ

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

لە فیلمەکەی جۆن هیوستن‌دا («فرۆید: تاسەی نهێنی- ١٩٦٢»)، دیمەنێکی بەهێزی تێدایە، کە تێیدا فرۆید تیۆرەکەی خۆی سەبارەت بە سێکسواڵیتەی مناڵ لەبەردەم کۆڵێک پیاوی بەماریفەتدا دەخاتەڕوو. پێشکەشکردنە کورتیلەکەی دنیایەک ناڕەزایەتیی بەهێز و دەنگبەرزی وەدووی خۆیدا هێنا، بەنزیکی پاش هەموو ڕستەیەکی لەتاو قاڵەقاڵ دەپچڕا؛ چەندین بەشداربوو بەدەم پرتەوبۆڵەوە شوێنەکەیان جێهێشت، لەپەنا فرۆیدیشدا تفێکیان لە ئەرزەکە دەکرد. سەرۆکی دیدارەکە لەپێناو ئاساییکردنەوەی وەزعەکەدا هاواریکرد: «بەڕێزان، لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا نیین!».

  ئەمە سەرنجێکی زۆر باڵکێشە، بە ئاڕاستە درووستەکەماندا دەبات: ڕێکەوتێکی سەیر و سەرسووڕهێن لەنێوان سیاسەت و تیۆری سێکسواڵیتە (ـی فرۆیدی)دا هەیە- لە فەسڵەکانی داهاتوودا دەگەڕێینەوە سەر ئەم ڕێکەوتە. بەڵام با سەرەتا لەسەر ئەو تووڕەییە بوەستین، کە چەمکە فرۆیدییەکەی سێکسواڵیتە دەیخاتەوە (بەتایبەت سێکسواڵیتەی مناڵ). زۆر ئاسانە لە گۆشەنیگا ئەمڕۆییەکەوە ئەو شتە فەرامۆشبکەین کە لێرەدا ڕوودەدات، و هەروا بەسانایی ئەو کاردانەوە توندوتیژانە بدەینەپاڵ ئاکاری ڤیکتۆریایی سەردەمی فرۆید. پێمان خۆشە وا بیربکەینەوە، کە لەو سەردەمەوە چیتر فێربووین بەکراوەیی باس لە سێکسواڵیتە بکەین؛ ئێمە دەزانین "سێکسواڵیتە شتێک نیە شەرمی لێ بکەین"، جا تەنانەت شتێکی باشیشە بۆ تەندرووستیی دەروونی و جەستەییمان. هەروابێتەوە پێشمان‌وایە کەشفەکانی فرۆید لە ڕۆڵی خەسڵەتپێدەری پرسی "دەروونی-سێکسی[1]" لە گەشەماندا، تەواو تێهەڵکێشی کرداری چارەسەرکاری نسیبی دەروونشیکاری بووە، هەرچەند بەداخەوە بە شێوەیەکی شێوێنراو تێکەڵبووە. ڕەنگە مایەی سەرسووڕمانێکی زۆر بێت گەر تێبگەین بابەتەکە بەم جۆرە نیە. ئۆفرا شالێڤ و هانۆخ یەروشەلمی لە ٢٠٠٩دا لێکۆڵینەوەیەکی سەرسووڕهێنیان لەسەر دۆخی سێکسواڵیتە بڵاوکردەوە؛ سێکسواڵیتە لەناو چارەسەرە هاوچەرخەکان و چارەسەرکارە دەروونشیکارەکانیشدا. دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە وایان لە کاوە زەمانیان کرد وتارێک بڵاوبکاتەوە، کە تێیدا دەرەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە پوختبکاتەوە:

 

"دەرهەق بە تێمای یەکەم، چارەسەرکارەکان لە لێکۆڵینەوەکەی شالێڤ و یەروشەلمی‌دا بڕوایان وایە سێکسواڵیتە بەرگرییەکە دژ بە کێشە قووڵتر و ئاڵۆزترەکانی نزیکێتی و خودشوناسی... لە ڕاستیدا، کێشە سێکسییەکان وەک تەگەرەیەک لەبەردەم ئامانجی یارمەتیدانی نەخۆشدا لێیان دەڕوانرێت، کە نایەڵن [نەخۆش] چواردەور و کۆی کارکردی خۆی بگۆڕێت. فاکتەری سێیەم تەنیا لێڵکردنی دێڕەکان و تێکچوونی دەربڕینە دەرهەق بە نزیکێتی(ناوەکێتی-intimacy) لە بەرامبەر سێکسواڵیتەدا... ئەوان پتر تیشکیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە سێکسییەکانە، نەک ڕەهەندە دەروونی-سێکسییەکانی گەشە(development). جا دوو چارەسەرکار کەمەندکێشانە وتوویانە «دەبێت سێکسۆلۆژیستەکان کێشە سێکسییەکان چارەسەربکەن، نەک دەروون‌چارەسەرکارەکان». زۆربەی چارەسەرکارەکانی ناو ئەو لێکۆڵینەوەیە سێکسواڵیتەیان لە پەیوەندییە ناوەکییان جیانەکردووەتەوە و تەنانەت عەشق و سێکسواڵیتەیان تێکەڵکردووە. هەر وەک نمونەیەکیش، یەکێک لە چارەسەرکارەکان لە دەرەنجامدا وتوویە نەخۆشەکانی «بەدەگمەن باسی کێشە سێکسییەکان دەکەن» و هەرکات باسی پەیوەندییە ڕۆمانسییەکانیان دەکەن، «هەرگیز بۆنوبەرامەی سێکسییان لێ نایەت». چوارەم و کۆتا فاکتەر، ئینجا بۆ من کێشەدارترینشیانە، مەیلی چارەسەرکارەکانە بۆ خۆبواردن لە پرسە سێکسییەکان لەبەر ناڕەحەتی. چەندین چارەسەرکاری ناو لێکۆڵینەوەکە وا ئەزموونی باسکردنی پرسە سێکسییەکانیان کردووە، کە جۆرێک نەیارێتییە بەرامبەر وان و تەنانەت لەخشتەبردنیانە لەلایەن نەخۆشەکانیانەوە. دووبارە، مایەی شۆکە، چارەسەرکارێک بەم شێوەیە وەسفی یەکێک لە نەخۆشەکانی کردووە: «شتەکە بە جۆرێک بوو، وەکبڵێی [نەخۆشەکە] وا بیریدەکردەوە کە ئەمە چارەسەرە و ئیتر دەتوانم باسی هەموو شتێکی لەگەڵدا بکەم»." (زەمانیان ٢٠١١، ٣٨).

 

بە ڕەچاوکردنی فۆرمولاسیۆنەکەی فرۆید، ئەوەی کە تاکە ڕێسا یان فەرمانی دەروونشیکاری لە چارەسەری دەروونشیکارییانەدا ئەوەیە بەڕەهایی ئەو شتە بڵێین کە بە مێشکماندا دێت، ئیتر هەرچەنێک نازەروور و نەگونجاویش بێت بەلامانەوە، ئەم کۆتا دێڕەی [نوسینەکەی زەمانیان] پتر لە نوکتەیەکی نایابی دەروونشیکارانە دەچێت...

  گەر ئەمە بارودۆخی شتەکان بێت لە "چارەسەری دەروونیی دەروونشیکارانە"دا، ئەوا نابێت سەرمان بسووڕمێت کە میزاجی گشتییش دەرهەق بە سێکسواڵیتە، بەتایبەت هی مناڵ، لەمە جیاوازتر نابێت. ئەمە بە هیچ جۆرێک پێچەوانەی دەرخستنەکانی میدیای ڕووتەڵە و بەکار‌هێنانی فرەی سێکسواڵیتە نیە لەلایەن ئەوانەوە. لێرەدا هیچ دژبەرییەک بوونی نیە، چونکە ئەمە بریتییە لە کورتکردنەوەیەکی سیستەماتیکی چەمکی سێکسواڵیتە- کورتکردنەوەی بۆ کرداری سێکسی (ـی جیاواز) وەک بنیاتنەری "سەرجێیی"، ئینجا دەورەدانی بە کۆمەڵێک کورتەباسی ناچاریی سێکسی؛ واتە دەورەدانی بە زەریایەکی گەورە لە مانای سێکسی. ئا ئەمەیە پرسی سێکسواڵیتە لای چارەسەرکارەکانی ناو لێکۆڵینەوەکەی شالێڤ و یەروشەلمی: [سێکسواڵیتە لای وان] ئەو شتە چەپەڵانەن کە کەسانێک دەیانکەن یان نایانکەن، یانژی شتانێکن تاوەکو چارەسەرکارەکەیان پێ هەراسان بکرێت. گەر بەم جۆرە لە بابەتەکە تێبگەین، ئەوا بێگومان دەبێت لەگەڵ ئەوەدا هاوڕا بین کە "سێکسواڵیتە بەرگرییەکە دژ بە ئارێشە قووڵتر و ئاڵۆزترەکان". خاڵە ئایرۆنییەکەش ئەوەیە، سێکسواڵیتە بۆ فرۆید "ئارێشە قووڵتر و ئاڵۆزتر"ـەکەی ئەودیو کردە سێکسییەکان، کورتەباسەکان و ماناکانە- شتێکە بەزات کێشەدارە و شوناسەکان دەپسێنێت، نەک بونیادیانبنێت. لە دیدی فرۆیددا، چالاکیی سێکسی (sexual activity) لەلایەن بنبەست و تەنگژە ناوەکییەکەی خۆیەوە دووقاتکراوەتەوە، جا بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە کنەوپشکنینی ئۆنتۆڵۆژیی جددییە. ئەوەی دەرهەق بە باسی سێکسواڵیتە لای فرۆید کێشەدار بووە و تا ئێستاش کێشەدارە، هەروا بەسادەیی خودی سێکسواڵیتە نیە- ئەم جۆرە بەرهەڵستییە کینەوەرە دژ بە "خولیای دەروونشیکاری بۆ باسە چەپەڵەکان"، هەرگیز شتێکی بەقووەت نەبووە، ئینجا هەرزوو لیبڕالیزمی مۆراڵ خستیە پەراوێزەوە. ئەوەی لە هەمووی شێوێنەرتر بوو، ئەو تێزە بوو سەبارەت بە خەسڵەتی ئۆنتۆڵۆژیی پڕگومان و کێشەداری خودی سێکسواڵیتە. کاتێک ڤیکتۆریاییەکان هاواریاندەکرد و دەیانوت "سێکس پیسە"، فرۆید لە وەڵامدا نەیوت "نەخێر پیس نیە، سرووشتییە"، بەڵکو شتێکی بەم جۆرەی وت: «ئەرێ ئەم "سێکس"ـە چیە ئێوە باسیدەکەن؟».

  حەتمەن دەروونشیکاری لە هەڵبەزودابەزەکانی مرۆوە سەرڕێدەکەوێت، ئینجا تیشکی لێکۆڵینەوەکانیشی هەر لەسەر ئەوەیە. ئەوەی وا دەکات نەیەڵێت ببێتە فەلسەفەیەکی حەزبەمرۆڤ (human-interest)ـی "بەسایکۆلۆژی‌کراو"، کەشفکردن و پێداگرییە لەسەر پرسی سێکسی وەک فاکتەری چەوت‌ئاڕاستەگیریی ڕادیکاڵ، فاکتەرێک کە بەردەوام هەموو نواندنەوەکانی مە دەرهەق بەو قەوارەیەی ناوی مرۆڤە، دێنێتەژێر پرسیار. هەر لەبەر ئەمەشە هەڵەیەکی گەورەیە گەر پێمان‌وابێت پرسی سێکسی (the sexual- بە مانای پاڵنەری بەشەکیی بەبونیاد لادەر) لە تیۆرە فرۆیدییەکەدا دوا ئاسۆی ئەو حەیوانەیە کە ناوی مرۆڤە، یان خاڵی داکوتانی مرۆڤایەتییەکی کورتنەکراوەیە لە تیۆریی دەروونشیکاریدا؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، بەگەڕخەری دیوە نامرۆییەکەیە، بەگەڕخەری لەمرۆداماڵینە.

  ئینجا هەر بەڕێکەوت، ئەمە بەدەقیقی دەبێتە بناغەی تیۆرییەکی مومکینی سوبێکت (بەو جۆرەی لاکان پەرەی پێدا)؛ تیۆرییەک کە تێیدا سوبێکت شتێکە زیاتر لە ناوێک بۆ تاکێک یان کەسێک. لەوەش زیاتر، ئەوە سێکسە وەک بەگەڕخەری دیوە نامرۆییەکە، کە گۆشەنیگای گشتەکی (یونیڤێرساڵ) لە دەروونشیکاریدا ئاوەڵا دەکات، کە عادەتەن بەوە تۆمەتبار دەکرێت وا بەبۆنەی پێداگریکردنەوە لە سێکس (بە جیاوازیی ڕەگەزیشەوە) ئەمەی لەکیسچووە. ئەوەی فرۆید پێی دەڵێت سێکس (پرسی سێکسی)، ئەو شتە نیە کە بە هەموو مانایەکییەوە ئێمە دەکات بە مرۆڤ، بەڵکو ئەو شتەیە کە ئێمە دەکات بە سوبێکت، یان با دەقیقتر بیڵێین، ئەو شتەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی سوبێکتدا هاوکاتە. جا ئەم ڕەهەندە نامرۆییەی سێکسواڵیتە ئەو شتەیە لاکان بە چەند شێوەی جوایەز جەختی لێ کردووەتەوە، بە داهێنانە بەناوباگەکەشییەوە: لامێلا.

  دەشێت ئەوەی لە چارەسەری دەروونیی ئەوڕۆدا ڕوودەدات، بەم شێوەیەی خوارەوە کورتبکەینەوە. لە یەکەم هەنگاودا، بەتەواوی لە چەمکی سێکسواڵیتەی فرۆیدی جیابوونەتەوە، کورتیانکردۆتەوە بۆ شەرحی کۆمەڵێک خەسڵەتی ئیمپریکی [ـی پۆزەتیڤ]، کە پەیوەندن بە هەندێ کرداری تایبەتەوە. دواتر و لە هەنگاوی دووەمدا، (بێ ئەوەی ئاگایان لێ بێت) بۆیان دەردەکەوێت کە سێکسواڵیتە ڕێک هەمان ئەو شتەیە وا لە هەنگاوی یەکەمدا کورتکراوەتەوە: واتە، دیاردەیەکی پلەدووی زێدەهەڵسەنگێنراو. بۆنمونە کاتێ یەکێک پێی‌وایە قەناعەتی دەروونشیکاری ئەوەیە کە هەموو کێشە نیورۆتیک (عوسابی)یەکانمان لە سێکسی خراپ یان بەشنەکردووەوە دێن، ئەوا هیچ کوڵەسووچێک بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە ئاخۆ دەروونشیکاری هەر بەدەقیقی چیە. ئەمە ئەو خاڵە سەرنجکێشەیە کە فرۆید لە وتاری "دەروونشیکاریی کێوی[2]"دا دەیخاتەڕوو؛ ئینجا هەمان ئەو شتەشە کە دوو گۆشەنیگای بە ڕوواڵەت دژبەری چارەسەر (یەکیان ئەوەیە پێی‌وایە سێکس وەڵامە بۆ هەمووشت، یەکیشیان ئەوەیە پێی‌وایە سێکس زێدەهەڵسەنگێنراوە) تێیدا هاوبەشن: لە هیچیاندا کوڵەسووچێک بۆ دەروونشیکاری نەهێڵراوەتەوە. کوڵەسووچێک بۆ دەروونشیکاری نەماوەتەوە، چونکە دەروونشیکاری پێی‌وایە مەحاڵێتیی تێربوونی تەواوەتیی سێکسی- لە غیابی هەموو تەنگژە دەرەکییەکاندا- بەشی بونیادی و ئامێزانی سێکسواڵیتەی نەستەکییە.

  ئەمە بۆ هەمان ئەو ئایدیایەش ڕاستە، کە پێی‌وایە بەپێی دەروونشیکاری هەمووشتێک مانایەکی سێکسی هەیە، و تێگەیشتن لەم مانایەش کلیلی چاکبوونەوەی دەروونییە. بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەم ئایدیایە چرووک دەکات، ئەوا بەسادەیی پێویستمان بەوەیە ئەوە لە مێشکی خۆماندا هەڵگرین، کە چۆنچۆنی فرۆید هەر لە بونیادەوە کێشەدارانە گەیشت بە تیۆرییەکەی لەمەڕ سێکس. ئەو نەهات مانای سێکسی "پشت" سەمپتۆمەکان و فۆرماسیۆنە جیاوازەکانی نەست هەڵماڵێت و کەشفبکات، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە: بەوە پێی گەیشت، کە پاش هەڵماڵینی مانا سێکسییەکان، ڕووبەڕووی "شکستی چارەسەر" بوویەوە. مانا سێکسییەکان کەشفکران، ئەو پەیوەندییانەی سەریاندەکێشا بۆی جێگیرکرانەوە و بونیادنرانەوە؛ بەڵام کێشەکە/سەمپتۆمەکە هەر مایەوە.

  جا ئەمە بۆشاییەک بۆ گریمانەیەکی جیاوازتر دەکاتەوە: شتەکە بە جۆرێکە وەکبڵێی مانای سێکسی، کە نەست موحتەرەمانە بەرهەمیدێنێت، بۆ ئەوە لێرەیە تاکو واقیعییەتی نەفییەکی ڕیشەیی لە کاری سێکسواڵیتەدا داپۆشێت، تاکو ئێمە لەو نەفییە دەربازبکات، ئەویش لەڕێگەی "شاشە"یەکەوە کە کاریگەریی خۆی لەڕێگەی ئەوە ڕاستییەوە وەردەگرێت، وا خۆیشی ئامڕازێکی تێرکردنە- تێرکردن لەڕێگەی ماناوە، تێکردن لە بەرهەمهێنانی مانای سێکسیدا، و (هەڵگەڕاوەی ئەمە) لە بەرهەمهێنانی مانایەکدا بۆ پرسە سێکسییەکە. ڕەنگە ئەمە پارادۆکسیکاڵ دەربکەوێت، بەڵام گەرەکە دەروونشیکاری بەهێواشی، بەڵام بەتەواوی، ڕێگەی ئەم تێربوونە ناچالاک بکات، بێنرخی و بێکەڵکی بکات. بۆ ئەوەی سێکس وەک شتێکی موتڵەقەن و بەزات بێمانا بەرهەمبهێنێت، نەک وەک دوا ئاسۆی هەموو مانایەک کە مرۆڤ بەرهەمیهێناوە. دەخوازم بڵێم: بۆ ئەوەی سێکس لە ڕەهەندە ڕیاڵییەکەیدا جێگیربکاتەوە.

  خۆی ئەگەر تێزەکەی "زەمانیان" قبووڵبکەین، ئەوەی کە چارەسەری دەروونیی ئەوڕۆ بەرگرییەکە دژ بە شتێک وا لە تیۆرە فرۆیدییەکەی سێکسواڵیتەدا هەیە، ئەی بەدەقیقی ئەو شتە چیە؟ لە شتێک دڵنیاین: دەبێت بەرهەڵستی ئەو فریوە بکەین کە ئەم بەرگرییە دژ بە سێکسواڵیتە خۆی خۆی ڕووندەکاتەوە؛ ئەوە سێکس نیە کە ئەو بەرگرییە ڕووندەکاتەوە؛ بەڵکو ئەوە بەرگرییەکەیە کە دەتوانێت ڕۆشناییەک بخاتەسەر ئەوە شتە کێشەدارەی لە هەناوی سرووشتی سێکسواڵیتەدایە- شتێک کە دووبارەودووبارە- وەکبڵێی بە شێوەیەکی حەتمی- دەمانخاتەوە سەر ڕێی کێشە میتافیزیکییە قووڵەکان.

 

 

 

   

 


[1] psychosexual

[2] Wild psychoanalysis

 

سەرچاوە:

What is Sex? Alenka Zupančič, p. 5-8