A+    A-
(933) جار خوێندراوەتەوە

حەقیقەت، گواستنەوە و نەریت

 

 

موراد فەرهادپوور

و. بۆتان بەختیار

 

 

 با لە دادگاوە دەستپێبکەین، شوێنێک کە بنەڕەتی زۆرێک لە چەمکە فەلسەفییەکان بووە. ئەو سوێندەی لە دادگادا لەلایەن شایەتەوە دەخورێت، سرووتێکە کە دەبێت لەپێناو خودی «حەقیقەت- Truth»دا ئەنجام بدرێت. سرووتەکە بریتییە لە دەربڕینی سێ واژە بە دانانی دەستی ڕاست لەسەر کتێبی پیرۆز: "سوێند دەخۆم حەقیقەتەکە بڵێم، هیچ نەڵێم بێجگە لە حەقیقەتەکە، و هەموو حەقیقەتەکە بڵێم". ڕوونە، کارکردی دوو بەشی کۆتایی [هیچ نەڵێم بێجگە لە حەقیقەتەکە، و هەموو حەقیقەتەکە بڵێم] دانانی سنورە. دەشێت حەقیقەت لەگەڵ درۆدا تێکەڵ بکرێت، یان بەشێک لە حەقیقەتەکە باس نەکرێت. بۆیە دوو بەشی کۆتایی زەروورن تاوەکو لەوە دڵنیاببینەوە، کە هیچ شتێک بۆ حەقیقەتەکە زیادنەکراوە یان کەمنەکراوەتەوە، چونکە تەنیا بەم ڕێگەیە دەتوانین لەوە دڵنیاببینەوە کە "شایەتەکە حەقیقەتەکەی وتووە". بەس ئەی کارکردی واژەی یەکەم چیە؟ بێکەڵک نایەتە بەرچاو؟ پێویستە وەڵامێکی نێگەتیڤ، لەڕێی ئاماژە و شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان «حەقیقەت» و «وتنی حەقیقەت (telling the truth)»ـەوە، کارکردە شاراوەکەی کەشف بکات. بەس خاڵە قەشەنگەکە ئەوەیە، پێویستە شیکردنەوەیەکی لەم چەشنە مامەڵە لەگەڵ جەوهەری خودی حەقیقەتدا بکات. بەشە "بێکەڵکە" یەکەمینەکە، ئاماژەیە بە شتێک، کە لە ئاگایی ئەزموونیی شایەتەکە، یان بەئاگابوونی وی لە کردارەکانی زیاترە. ڕەنگە لێرەدا نمونەیەک یارمەتیدەرمان بێت. دادگایی "سەرۆک‌مافیا"یەکی مەشوور بهێننە پێش چاوتان. هەمووان دەزانن وی بەرپرسی چەندین کوشتن و تاوانی تری ڕێکخراوە، بەڵام کەسیش ناوێرێت حەقیقەتەکە بڵێت. بەڵام ئەوەی لە کۆگای زانینی گشتی یان بازنە ڕەمزییەکەدا هەیە، لەتەنیشت ئەم خاڵەدایە: پێویستە کەسێک (بۆنمونە ژمێریاری مافیاکە، بەو جۆرەی عادەتەن لە فیلمەکاندا هەیە) وەک شایەت هەستێتەوە و حەقیقەتەکە بە دادگا بڵێت. لەبەر ئەم هۆکارە، واژەی یەکەم زۆر گرنگترە؛ وا دەکات درزیی ڕەمزی بکەوێتە بەر چاوی هەمووان (هەروەک ئەو مناڵەی هاواری کرد: "پاشا ڕووتە، پاشا ڕووتە")؛ هەروابێتەوە فەزایەکی بەتاڵیش دەکاتەوە تاوەکو تێیدا حەقیقەت شکڵ وەربگرێت، یان ببیسترێت.

 ئەمە دەیسەلمێنێت لە بنچینەدا «وتنی حەقیقەت» و «حەقیقەت» پێکەوە بەندن، هەریەکەیانو وەک جەوهەر دەچێتە بونیادنانی ئەویتریانەوە. بەڵام ئەم دوو دیوە قەت نابنە یەک. وتن (telling) دیالەکتیکی خۆی هەیە، کە هەم شتەکان بە حەقیقەتەوە پەیوەست دەکاتەوە، هەم لە هەمان کاتدا جیاشیان دەکاتەوە. ئەوەی ئەم پەیوەندییە پارادۆکسیکاڵە دەڕەخسێنێت، نێوەندگیریی کاتە (mediation of time). کاتی وتن[1]، جیایە لە کاتەکی‌بوونی حەقیقەت[2]؛ دەبێت وا لە یەکەمیان تێبگەین، کە بەشێکە لە ڕەوینی مەزنی ئەو کاتەی پێی دەڵێین نەریت (tradition)؛ ئەوەی دووەمیشیان تەنیا پردی نێوان ئەبەدییەت و "کات-ی-ئێستا[3]"ی بنیامینییە. لە ڕاستیدا، وتارەکەی [واڵتەر] بنیامین لەسەر لێسکۆڤ، بە ناوی «حیکایەتخوانەکە»، ئەو وێنەیەمان دەخاتەبەردەست کە تێیدا «حەقیقەت» و «وتنی حەقیقەت» یەکتر سەرپێدەخەن. بەگوێرەی بنیامین، گێڕانەوەی حیکایەت، ئەو ئارەزووە لە ناخی گوێگردا دەڕسکێنێت، کە هەمیسان حیکایەتەکە بگێڕدرێتەوە. هەموو حیکایەتێک داوا دەکات بگێڕدرێتەوە (to be retold). بەس ئەم ئارەزووەش دیاردەیەکی سایکۆلۆژی، کەڵکەڵەیەکی نەستەکیی دەستەجەمعی، یان مانیفێستبوونی زەروورەتی خەلقکردن و درێژەدان بە جڤاتی بەها و ئوستوورە و عورفە نێوخۆییەکان نیە. ئەم ئارەزووی دووبارە گێڕانەوەی حیکایەتە، ڕیشەی لەناو حەقیقەت-ناوەڕۆک[4]ـی حیکایەتەکەدایە. دەشێت پێ لەوە زیاتر ڕابکێشین و بڵێین ئەمە ئارەزووە بۆ خودی حەقیقەت، ئارەزووە بۆ وتن و وتنەوەی حەقیقەت تا ناکۆتا. گومانی تێدا نیە هەموو حیکایەتێک لە کاتی وتنەوەیدا بڕێک دەگۆڕێت: هەموو حیکایەتخوانێکی نوێ، جێ‌پەنجەی خۆی لەسەر گێڕانەوەی حیکایەتەکە جێدێڵێت. بەڵام هێشتاش وەک خۆی دەمێنێتەوە، یان با بڵێین هەردەم وەک هەمان حیکایەت دەگەڕێتەوە. ئەم گەڕانەوەیە، جەوهەر و حەقیقەتی ئەو ئەزموونە مرۆییەیە، کە پێی دەوترێت نەریت. وتارەکەی بنیامین ڕووەو دەرخستن و ڕزگارکردنی ئەم حەقیقەتەیە.

ئەم ئارگۆمێنتەی سەرەوە، بە مانایەک، دووبارەکردنەوەی دەربڕینەوە بەناوبانگەکەی ژاک لاکانە: «حەقیقەت، بونیادی ساختەچیرۆک (فیکشن)ـی هەیە». بەڵام هیچ نیەتێکیش نیە حەقیقەت لەگەڵ حیکایەت و چیرۆکدا بکرێنە یەک. هەوڵێکی لەم چەشنە زۆر مەترسیدار و سەرلێشێوێنەرە (وێڕای ئەوەشی ئەمە خوازراوترینی ناو گوتارە تیۆرییەکانی سەردەمی خۆمانە). بە پێچەوانەوە، پێویستە لەپێناو خودی حەقیقەتدا دژ بەم فریوە بوەستینەوە. حەتمەن ئەم بەرەنگاربوونەوەیە سەردەکێشێت بۆ سنوردانان و گوێپێنەدانێکی تەواو دەرهەق بە یەک دنیا پرسیار لەمەڕ چەمکی مانا (meaning). و ئەم گوێپێنەدانەش هەموو پرسیارەکان لەخۆدەگرێت: ئیتر ئەوانە بێت کە سەروکاریان لەگەڵ "هێنانەوە"ی مانای لەدەستچوودا هەبێت- واتە ئەوانەی پۆل ریکۆر لەبن ناوی "هێرمینۆتیکی بەبیرهاتنەوەی سیمبولەکان" کۆیاندەکاتەوە؛ لێرەوە دەتوانین لە مانای حەرفیی نیشانەکانەوە بەرەو دەلالەتی سیمبولیکییان بڕۆین و لەودیو باوەڕە نازانستی و بوودەڵەکانی مەسیحیەتی پێش‌مۆدێرنەوە، درێژە بە باوەڕەکانی خۆمان بدەین- یان ئەو پرسیارانەی مامەڵە لەگەڵ "هەلومەرجی مرۆیی" و "وەهمی سوبێکت"دا دەکەن؛ هەمان ئەو باسانەی لەلایەن هەمان نوسەرەوە [پۆل ریکۆر] بە هێرمینۆتیکی بەدگومانی ناوزەد کراون. هەردوو کۆمەڵەی پرسیارەکان ئامانجیان ئەوەیە ئەو درزانە پڕبکەنەوە، کە برینەکانی حەقیقەت لە جەستەی کۆمەڵایەتیدا جێیان هێشتووە. لە ڕاستیدا، تەنانەت ئەگەر بە شوێنپێی ئەدۆرنۆدا بڵێین هێرمینۆتیک یان لێکدانەوە "ئایدیای فەلسەفەیە"، ئەوا نابێت بیرمانبچێت کە "ئایدیای لێکدانەوە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ کێشەی مانادا نایەت، ئەوەی زۆرترین جار تێکەڵکراوە" (ئەدۆرنۆ، ل‌١٢٦). پرسی مانا، بە لەدەستچوون، هێنانەوە، بونیادنان، هەڵوەشاندنەوە و تەنانەت ماناکەشیەوە [واتە مانای پرسی مانا]، هەردەم وەک تێکدەرێکی بەردەوام دەرهەق بە بیرکردنەوە کاری کردووە. پرسەکە هەمیشە پرسی مانای زیاتر، مانای کەمتر، لەدەستچوون یان نوقسانیی مانا، ناڕوونیی مانا و هتدە. ئەم وەسوەسەیە لەگەڵ مانا و ئەنجامەکانیدا- بۆنمونە ڕێژەگەرایی، بێتوانایی ڕێژەیی بیرکردنەوە، لەسیاسەت‌داماڵین و گەشەی بەرچاوی زانکۆکان لە هەموو جیهاندا- تەنیا دیاردەیەکی فەلسەفی نیە؛ هێندە بەسە جێگەی "مانا" بە "دەربڕین (expression)" بگرینەوە- وەک ئەوەی ساموێل بێکێت لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ جۆرج دوتهویت‌دا کردی- تاوەکو وێنەیەکی دەقیقی دۆخی پانتایی هونەرمان بکەوێتە دەست.

 گەر قبووڵمان بێت کە خستنەڕووی "پرسیاری حەقیقەت" دەریچەیەکی مومکینە- تاکە دەریچەیەکە مومکین بێت- بۆ دەرچوون لەو بنبەستەی لەسەرەوەڕا خستمانەڕوو، ئەوا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دادگاکە و وردتر سەیری "سرووتە یاساییەکە"ی بکەینەوە. لە بنچینەدا دوو ڕێگە هەن بۆ شیکردنەوەی پەیوەندیی حەقیقەت بە وتنی حەقیقەتەوە. دەشێت بە خودی حەقیقەت دەستپێبکەین و دواتر پەیوەستی بکەینەوە بە وتنی حەقیقەت وەک «بونیادێکی چیرۆکئاسا»وە؛ یان دەشێت بە ڕێگە پێچەوانەکەدا بڕۆین و بە وتنی حەقیقەت دەستپێبکەین تا دەگەینە حەقیقەت. وێڕای جیاوازیی ئاڕاستەشیان، کەچی ئەستێرەی ڕێنیشاندەرمان بە هەردوو ڕێگەکەدا ڕووبەڕووبوونەوەی بنیامینە لەگەڵ کافکادا. بنیامین، لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ گێرهارد شۆلێم، (پاش مامەڵەکردن لەگەڵ کتێبەکەی ماکس برۆد ـدا لەسەر کافکا وەک یەکەمین بەرهەمی "پیشەسازیی کافکا") دەنوسێت:

"کافکا گوێی بۆ نەریت هەڵخستبوو، ئەوەشی زۆر بەخەستی گوێدەگرێت، نابینێت... کارەکانی کافکا نوێنەرەوەی نەخۆشکەوتنی نەریتن... وی یەکەمین کەس نەبوو ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببێتەوە. زۆرێک خۆیانیان لەگەڵدا ڕاهێنابوو، دەستیان بە حەقیقەت، یان ئەو شتەوە گرتبوو کە پێیان‌وابوو حەقیقەتە، و بە دڵێکی کەمتازۆر خەمینەوە، دەستیان لە توانای گواستنەوە (transmissibility) هەڵگرت. بلیمەتیی ڕاستەقینەی کافکا لەوەدا بوو، شتێکی تەواو نوێی تاقیکردەوە: لەپێناو دەستگرتن بە توانای گواستنەوەوە، حەقیقەتی کردە قوربانی" (بنیامین ١٩٩٤: ٥٦٥).

گواستنەوە (transmission)، ناوێکی ترە بۆ نەریت، یان دووبارە وتنەوەی حەقیقەت. جیاوازیی گواستنەوە لەگەڵ حەقیقەتدا، هەمان جیاوازیی نێوان «سوبێکتی دەربڕین» و «سوبێکتی دەربڕاو»ە. ئەمە تەنیا لە زمانەوانی و تیۆریی ئەدەبیدا کێشەیەکی سەنتراڵ نیە، بەڵکو لە فەلسەفەشدا هەر وایە. لەژێر چەندین ناو و ناونیشاندا ڕەچاوکراوە، لە «جیاوازیی ئۆنتۆڵۆژیی نێوان بوون و هەبووەکان»ـەوە تا «جیاوازیی زمانەوانیی نێوان لانگ و پارۆڵ». بێمەڵامەت نیە بنیامین لە هەمان نامەدا بە کافکا دەڵێت "شکست (failure)". دەشێت لەوە زیاتر بڕۆین و بڵێین کافکا (بە پێچەوانەی شکۆدارکردنی شکست، کۆتاداری، یان بوون-ڕووەو-مەرگی ناو هەموو نوسخەکانی بوونگەراییەوە) بە دوو مانا شکستیهێنا؛ و ئەم سرووشتە دووقاتە گەرەنتیی حەقیقەتی شکستەکەی کرد. بەپێی بێکێت، بۆوەی هونەرمەند بیت، پێویستە "شکستبهێنیت، چونکە کەسی تر غیرەتی ئەوەی نیە شکستبهێنێت، و ئەم شکستە جیهانی وییە و خۆلادان لێی فیرار و هەڵهاتنە، هونەر و پیشەیە، ماڵدارییەکی باشە و ژیانە... بۆ ئەوەی ئەم پرسە ناخۆشە بگەیەنینە دەرەنجامێکی قبووڵکراو، ئەوەی ئێستا پێویستمانە ئەوەیە ئەم دانپیانانە، ئەم دڵسۆزییەیە بۆ شکست، بکەینەوە بە بۆنەیەکی نوێ [بۆ دروستکردنی کاری هونەریی نوێ]" (بێکێت، ل٢١). لەگەڵ کافکادا، ئێمە زیاتر لەگەڵ "دڵسۆزیی بۆ شکست"دا ڕووبەڕووین تا خودی شکست. هەر لەبەر ئەمەشە شکست یان هونەرەکەی وی دووقاتە. دابەشبوونی دابەشبوونە، هێڵێکە بە هەموو شتێکدا تێدەپەڕێت و هەموو شتێک دابەشدەکات، تەنانەت بە خۆیشیەوە. بەس ئەم "شکستە دووقاتە" چۆنچۆنی بە حەقیقەت و وتن(ـەوە)ی حەقیقەتەوە پەیوەندە؟

 گومانی تێدا نیە گشتێتی (یونیڤێرساڵیتە) خەسڵەتی زەرووریی هەر حەقیقەتێکە، بەڵام بەو مانایە نا گشتێک بخوڵقێنێت. بە دەربڕینێکی تر، گەر تێڕوانینی "س" ڕاستبێت، ناکرێت بڵێین "س" بۆ هەموو شتێک ڕاستە. بەڵکو (بە بەکارهێنانی چەمکە لاکانییەکەی نە-هەموو) "هەموو مرۆڤێک لە ڕووی ئۆنتۆڵۆژییەوە دەتوانێت وەک حەقیقەت مامەڵە لەگەڵ 'س'دا بکات، یان لێی تێبگات". حەقیقەت گشتێک نیە هەموو دۆسیەیەکی تاک لەخۆبگرێت؛ پتر بە هێڵێک دەچێت کە هەموو شتێک کەرت دەکات و هەموو کەسێک بۆ دوو بەش دابەشدەکات- ئا بەم جۆرەش کەسەکە دەکات بە سوبێکت (ـی حەقیقەت). ئەم هێڵە هیچ نیە جگە لە "هێڵی ئەپێڵس[5]" (کە بەپێی ئاگامبێن خوێندنەوەی درووستی "apollinische schnitt"ـە لە "arcades project"ـی بنیامیندا)، هێڵێکە دەگەڕێتەوە و لە کاتی درزخستنە شتەکانی تردا، خۆیشی دابەشدەکات.

حەقیقەت یان شکستی کافکا، درزێک دەخاتەناو "ماڵداریی باش" یان "ژیان"ـەوە. هێشتاش، بەهۆی سرووشتە دووقاتەکەیەوە، درزەکەش دابەشدەکات. گەر ئەم درزە بە "شوێنی حەقیقەت" ناوزەد بکەین، ئەوا دەبێت ناوێک بۆ دابەشبوونی خودی درزەکەش بدۆزینەوە، [واتە] بۆ شکست یان دڵسۆزیی بۆ شکستی شکستخواردوو. لەپاڵ سەلماندنی گرنگیی فەلسەفیی لەپێوانەنەهاتووی کافکا و بێکێتدا، دەبێت ئەم ناوە لەپێشترێتیی وتن و وتنەوە بەسەر خودی حەقیقەتدا بهێنێتە بەر ڕۆشنایی؛ لە دادگایی سەرۆک‌مافیاکەدا، شایەتیدانی شایەتەکە، لەو درۆ و ئیزافاتانە گرنگتر نیە کە دەیخاتەسەر حەقیقەتەکە، یان ئەو بەشانەی کە بە نەوتراویی دەیانهێڵێتەوە (بێگومان بە قازانجی شایەتەکە)، خۆی ئەوە  ڕێک جەوهەری حەقیقەتە، یان حەقیقەتی حەقیقەتە [واتە درۆ و زیادەکانیش هەر جەوهەری حەقیقەتن. یان بە دەربڕینێکی تر، درۆکانیش دەبنەوە بە بەشێک لە دەربڕینی حەقیقەت و حەقیقەتیان تێدا بەیان دەبێت]! ئێستا دەتوانین تێبگەین بۆچی کافکا حەقیقەت لەپێناو گواستنەوەدا دەکاتە قوربانی. ئەمە نوسخەیەکی تری "جیاوازیی ئۆنتۆڵۆژی" یان باڵادەستیی دەربڕین نیە بەسەر دەربڕاودا؛ ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کەوا بەبێ ئایدیای هێڵێکی خۆکەرتکەر، هیچ حەقیقەتێکی گشتەکی بوونی نابێت. بە دەربڕینێکی تر، ناکرێت هێزی نێگەتیڤی هەر گشتێک تەنیا ڕووەو بەشێک ئاڕاستە بکرێت، بوونی بەردەوامی خۆی بەندە بە خۆنەفیکردن (self-negation)ـەوە. وتنی حەقیقەت تەنیا هانی وتنەوەی نادات، بەڵکو پێویستیشیەتی. بۆ وردەکاریی زیاتر، با سەیری وتارێکی تر بکەین، کە مامەڵە لەگەڵ پرسی "گشتەکی" و پەیوەندییەکەی دەکات بە "حەقیقەت"ـەوە.

ئەلێنکا زوپانچیچ، لە وتارە قەشەنگەکەیدا لەمەڕ "کۆمیدیا، گشتی کۆنکرێتی و کۆمیدیا دەتوانێت چیمان پێ بڵێت"، دەڵێت کۆمیدیا وەک فۆرمێکی هونەر، باشترین نوێنەرەوەی چەمکی "گشتی کۆنکرێتی"ـی هیگڵە. وەک ئەویش باسیدەکات، لە داستان و تراژیدیادا، سوبێکت ڕیترۆئەکتیڤانە گشت (the Universal) دەگێڕێتەوە و جێبەجێدەکات، بەڵام "لە کۆمیدیادا، سوبێکت گشتە، جەوهەرە، موتڵەقە (یان دەبێتە ئەمانە). ئەمە بەو واتایەش دێت، کە گشت، جەوهەر و موتڵەق دەبنە سوبێکت" (زوپانچیچ، ل١٨١). خاڵە سەرەکییەکەش ئەوەیە، جووڵە یان هێزی نێگەتیڤی کۆمیدیا، جووڵەی خودی گشتە، یان بە دەربڕینێک لە دەربڕینەکان، "گشتە لە بوون‌بە"دا. کۆمیدیا پێمان دەڵێت تەنانەت پاشا یان سەرۆکیش دەخزێت، تڕ لێ دەدات، یان یەک دنیا شتی گەمژانە ئەنجام دەدات (بۆنمونە بە خۆی دەڵێت «ئێمە»، یان بۆ ئەوەی دیموکراسیی بۆ خەڵک بەرقەرار بکات، ڕەشەکوژییەک ئەنجام دەدات)؛ ئەمە هێزە نێگەتیڤەکەیەتی. بەڵام کۆمیدیای ڕاستەقینە، بە دەرخستنی "ڕووخساری مرۆیی" ئەم "تاکە عەزیمانە [پاشا و بارۆن و هتد]"- کە بەرجەستەکەری جەوهەری گشتەکیی کۆمەڵگەن- ئەمە ناکات. ئەوەی بەڕاستی کۆمیدییە، کەوتنی دووبارە و دووبارەی بارۆنێک نیە لە قوڕاوێکدا؛ ئەمە فێڵێکی ئایدۆلۆژیی کۆنزەرڤاتیڤانەیە بۆوەی "وەک ئیگۆ-ئایدیاڵ لەگەڵ بارۆندا هاوشوناس ببین... ئێمە لەگەڵ لاوازیی پاڵەوانەکەدا هاوشوناس دەبین، کەچی هێشتاش بانگهێشتە باڵاکەی (یان کارکردە یونیڤێرساڵە ڕەمزییەکەی) وەک ئۆبێکتی ڕێز و سەرنجڕاکێشی دەمێنێتەوە" (زوپانچیچ، ل١٨١). بە دیدی زوپانچیچ، مە لە کۆمیدیای ڕاستەقینەی هەڵتەکێنەردا، بەو بنیامە خڵەفاوە پێناکەنین کە بڕوای وایە پاشایە، بەڵکو بەو پاشایە پێدەکەنین کە هەر بەڕاست پێی‌وایە پاشایە، یان لە ڕاستیدا بە دەزگای گشتەکیی پاشایەتی و عەیبوعارەکانی، کورتهێنانەکانی و ناکۆکییەکانی پێدەکەنین (زوپانچیچ، ل١٨٤). بەم شێوەیە، عەیبوعار و بۆشاییەکانی سوبێکت دەگوازرێتەوە سەر گشتەکە.

بەڵام ئەوەی لەم وتارە نایابەدا گوێی پێ نەدراوە، ئەو ڕاستییەیە کە ئەم بۆشاییەی گشتەکە هیچ نیە جگە لە بەشێکی غایب؛ یان سادەتر، کاتێک پاشا یان بارۆنەکە دەخزێت، ئەویش تووشی ئازاری جەستەیی و شەرمەزاری دێت. ڕەنگە قاچێکی بشکێت، یان تەنانەت بەبۆنەی شکانی کەللەسەرییەوە بمرێت! بێگومان ئەمە کۆمیدیاکە ناکاتەوە بە تراژیدیا، بەڵکو سەلمێنەری ئەوەیە کە باجی بوون بە گشتی کۆنکرێتی، بە سوبێکتێکی ئازارچەش دەدرێت. لە ڕاستیدا، لە حاڵەتێکی لەم جۆرەدا (کە ئازار و ناڕەحەتییەکەی ئەوێ دەخاتەڕوو)، ئەوەی ئاخۆ ئەم کۆمیدیایە وەردەگەڕێتە سەر تراژیدیایەکی جێی‌داخ یان تراژیکۆمیدیایەک، کێشە ڕاستەقینەکە نیە. باسەکە ئەمەیە، ئەگەر بوون بە گشتی کۆنکرێتی وەک حەقیقەت وەربگرین- وەک ئەوەی هیگڵ دەیکات- ئەوا پێویستە کۆمیدیاکە دووبارە بگێڕدرێتەوە و بوترێتەوە. وەک زوپانچیچیش دەریخستووە، گێڕانەوەی کۆمیدیاکە باشترین ڕێگەیە بۆ نزیکبوونەوە لە حەقیقەت؛ بەس بەبێ گێڕانەوەی لەلایەن سوبێکتەوە، هەرگیز ناگاتە جەوهەری حەقیقەت.

گواستنەوە یان نەریت، وەک هێڵێکی گشتەکیی خۆنەفیکەر و خۆکەرتکەر، هەمان ئەو ناوەیە کە بەدوایدا دەگەڕاین. بەڕێکەوت، ڕەنگە ئەم هێڵی بیرکردنەوەیە، وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە قەدیمە ئیتیکییە ساردوسڕە بخاتەڕوو، کە لە ئەنجامی فیکری توندی ئیمانوێل کانتدا (یان زیهنیەتی توندی وی) بەناوبانگ بووە: ئاخۆ دەبێت حەقیقەت بە بکوژێک یان پۆلیسێکی نهێنی بڵێین، کە داوامان لێ دەکات شوێنی خۆشاردنەوەی کەسێکی پێ بڵێین، کە بەنیازە ئەشکەنجەی بدات و بیکوژێت؟ گەر گواستنەوە یان نەریت ناوە ڕاستەقینەکەی حەقیقەت بێت، ئەوا هاوشانی شکستە دووقاتەکەی کافکا، دەبێت ئێمەش لەڕێگەی وتنەوەیەکی دووقاتەوە دڵسۆزیی خۆمان بۆ حەقیقەت بسەلمێنین. سەرەتا ئەو حەقیقەتە دەڵێین کە بونیادێکی چیرۆکئاسای هەیە، دواتر لەڕێگەی دابەشکردن و شکاندنی ئەم بونیادەوە هەمدیس دەیڵێینەوە (یان گەر لاکان بووبا دەیوت: تێپەڕاندنی فەنتازیای چیرۆکئاسا). وتنەوەی دووەم، تەنیا دووبارەکردنەوەیەکی فۆرماڵی ئەوەی یەکەم نیە بە شێوەیەکی تر، یان "نەفیی نەفی" نیە لە گشتی ئەبستراکتەوە بەرەو گشتی کۆنکرێتی بمانبات. [وتنەوە] ناوەڕۆکی گشتی [وتن]ـی یەکەم نەفیدەکات، نەک تەنیا فۆرمەکەی. ئەمە بەو واتایە دێت بۆشایی، درز، دابەشبوون یان هەر شتێکی تر کە گشتەکە پێکدێنێت، لەڕێگەی نەفیکردن یان تێکشکاندنی بەشێکەوە درووستدەبێت؛ یان وتنەوە (retell)ـی حەقیقەت بۆشایی بونیادنەری وتن (tell)ـی حەقیقەتە، [وتنەوەی حەقیقەت] ئەوەیە سەردەکێشێت بۆ مەرگ. وەڵامە ئیتیکییەکە بە ڕووی پۆلیسە نهێنییەکەدا، دوو بەشە: سەرەتا پێی بڵێ تۆ ئەو هەڵهاتووە دەناسیت کە ئەو بەدوایدا دەگەڕێت، و دواتر "هیچ"ـی پێ بڵێرەوە، ئەو هیچ یان بۆشاییەی یەکەم وتنی حەقیقەتی لەلایەن تۆوە دابەشکرد/بونیادنا.

 

 

 

 

 

          

 


[1] Time of telling

[2] Temporality of truth

[3] Now-time

[4] Truth-content

[5] Apelles line

 

سەرچاوە:

 ئەم وتارە خۆى بە زمانى ئینگڵیزى نوسراوە:

تز یازدهم: Truth, Transmission, and Tradition (thesis11.com)