A+    A-
(617) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگی نێگەتیڤ (چەمکەکانى فەلسەفەى یۆنان)

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

ئەلێسیا (حەقیقەت):

 

  ئامادەیی و تەنانەت ئیمکانی هەبوونی حەقیقەت، بەتوندی پەیوستە بە جیاکاریی گریکییەکە لەنێوان دۆکسا و ئەپستیم و ئۆبێکتەکانیاندا. هەربۆیە تا ئەو دەمەی پارمەنیدس بوون لە نەبوون (nonbeing) جیادەکاتەوە کێشەیەکی جددییمان نەبوو؛ [پارمەنیدس] ئەمەی دووەمیان بە درکی هەستەکییەوە ڕەپت دەکاتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کەوا هیچ حەقیقەتێک لە جیهانی دیاردەیی (فینۆمیناڵ)ـی دۆکسادا بوونی  نیە، هەروابێتەوە دەیکاتە پێچەوانەی "ڕێگەی حەقیقەت". پرۆتاگۆراس، لە ئاکامی ئەمە و درککردن بە سرووشتی هەڕەمەکیی یاساکان و عادەتەکاندا، تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت بە ڕێژەیی‌بوونی حەقیقەت دەخاتەڕوو، ئەمە لای ئەفڵاتوون باسکراوە (Theaet. '5, e-152e, 161e-167a). تیۆریی ئەرستۆیی حەقیقەت نە لە شتەکاندایە، نە لە زانینی ئێمەدایە دەرهەق بە جەوهەری شتە سادەکان (کە لێرەدا تەنیا زانین یان فەرامۆشکردن مومکینە)، بەڵکو لە حوکم (judgement)دایە؛ واتە لە پێکەوەنانی ئەو چەمکانەدایە کە هاوتای واقیع نین. لای ئەپیکۆر، هەموو درکە هەستەکییەکانمان ڕاستەقینەن، جا بۆیە هەستکردن (ئەیستێسیس)، پێوەری ئەوپەڕینەی حەقیقەتە.

 

 

ئیدۆس (ڕوواڵەت، سرووشتی بونیادنەر، فۆرم، تایپ، چەشن، ئایدیا):

 ئیدۆس، دەمێکی زۆر پێش ئەوەی ئەفڵاتوونیش باسیبکات، چەمکێکی دامەزراو و پێچەڵاوپێچ بوو. مانای یەکەمی، بەو جۆرەی لای هۆمیرۆسییش بەکارهاتووە، واتە "ئەو شتەی دەیبینیت"، "ڕوواڵەت"، "شێوە"، عادەتەن [مەبەست لە شکڵوشێوەی] جەستەیە؛ جا فەلسەفەی پێش‌سۆکراتی بەردەوام بوو لەوەی بەم مانایە بەکاریبهێنێت. لە سەردەمی هیرۆدۆت‌دا، ئیدۆس و ئایدیای هاوزاشی کە ئەودەم هێدی‌هێدی بەکاردەهێنرا، فراوانکرانەوە و بۆ "خەسڵەتی تایبەتمەندانە" یان "تایپ" ئەبستراکت کرانەوە. بەکارهێنانەکەی توسیدیدیش هەر هاوشێوەی ئەمەیە، و لە جێیەکیشدا باسی "ئیدۆسی نەخۆشی" دەکات، ئەمە دەربڕینێکە سەردەکێشێت بۆ گەشەکردنی زاراوەکە لەناو بازنە پزیشکییەکانی ئەودەمدا. لێرەدا ئیدۆس/ئایدیا وەک تێرمێکی تەکنیکی جیاکراوەتەوە، پەیوەستکراوەتەوە بە بیرۆکەی هێزەوە، تەقریبەن بە مانای "سرووشتی بونیادنەر" دێت.

 

  لێکدانەوەی تێکستەکانی دواتر هەرچییەک بێت، ئەوە ڕوونە نزیکبوونەوەیەک لە فۆرمی شتەکان هەبوو، کە پەیوەست نەبوو بە ڕوواڵەتی ڕوولەدەریانەوە (هەرچەندە پەیوەستێتییەکەی بە دینامیسەوە ئەوە دەردەخات، کەوا پێناسەکردنەکەی بەندە بە ئاگاییەوە دەرهەق بە کاریگەرییە بینراوەکانەوە)، بەڵکو زیاتر پەیوەست بوو بە شەفافیەتی ناوەکییانەوە.

ئاخۆ گەشەیەکی تەریب لەنێو فەیلەسوفاندا بوونی هەبوو؟ هەردوو ئەفڵاتوون و ئەرستۆ دەریدەخەن کە هەبوو. ئەفڵاتوون، بە نیگایەکی ناوازە لە مێژووی فەلسەفە، دەڵێت باسوخواسەکان لەمەڕ سرووشتی واقیع بوونەتە چەند جەمسەر و دەستەیەکەوە، وی بەمانە دەڵێت زەبەلاحەکان (giants) و خوداکان. ئەوەی یەکەم ماتریاڵیستەکانن و ئەفڵاتوون ئاماژە بە نەریتی ئەتۆمیستی دەکات. لە بەرامبەردا، خوداکان وەک "هاوڕێیانی ئیدە" وەسفکراون، لەڕێگەی چەندین میتۆدەوە، و بە فاکەڵتیی ئەقڵ تیۆریی زانراویان هەڵگرتووە. یەکێک لەو میتۆدە سەرەتاییانە بەبیرهێنانەوەیە، ئەوەی گیانی تاک ئیدەی لەگەڵ ئەو شتەدا بەبیردێتەوە، کە پێش لەدایکبوون پەیوەندیی پێوە هەبووە. دوور لە مانا ئایینییە حازرەکان، ئەمە میتۆدی فەلسەفیی دیالەکتیکە. وەک لە سەرەتاشدا باسکراوە، میتۆدەکە پێویستە لە گریمانەوە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای گریمانەنەکراو، بەس لە دیالۆگەکانی دواتردا دیالەکتیک میتۆدۆلۆژیایەکی پڕ و ڕەوانە پێکدێت لە "کۆکردنەوە" و پاشان دابەشکردن، ئیتر لە دووبارەبوونەوەوە لە فۆرمێکی هەمەلایانەوە بەرەو ئیدۆسی ئەتۆمی دەجووڵێت. لە کۆتاییدا، دەشێت لەڕێگەی ئیرۆسەوە لە ئیدۆس نزیکببینەوە، واتە هاوتا ڕیشەییەکەی فۆرمە کۆنەکەی دیالەکتیک.

  پەیوەندیی نێوان ئیدۆسی ئەبەدیی دابەشنەبوو و دیاردەی هەستەکیی کاتی، بە چەندین شێوەی جیاواز باسکراوە. ئیدۆس هۆکاری هەستکردنە، دیاردەکانیش لەناو ئیدۆسدا بەشداری دەکەن. لە میتافۆریکی تەسەلدا، لای ئەفڵاتوون باوە، ئۆبێکتی هەستکردن (ئەیستێتۆن) کۆپیی مۆدێلە ئەبەدییەکەیەتی، واتە ئیدۆس [واتە ئەوەی لێرە هەیە، یان ئەو شتانەی ئێمە لەم دنیایەدا هەستیان پێ دەکەین، لەبەرگیراوە و کۆپیی نوسخەیەکی ئەسڵیین؛ نوسخە ئەسڵییەکەش سەر بە جیهانی ئیدە/ئایدیاکانە]. ئەم ئەکتی خوڵقاندنی هونەرمەندانەیە، کاری سازگەرێکی باڵایە.

  پرسارێکی بچوک لەسەر بڵندنشینی (ترانسێندێنس)ـی ئیدۆس هەیە، بەڵام ئەفڵاتوون بە بەکارهێنانی مێتێکسیس (پەیوەندیی نێوان ئیدۆس و بەشە هەستپێکراوەکان) بڕێک لە خۆنشینی (ئیمانێنس)یش دەخاتەڕوو، و ئەمە ئەو خاڵەیە لە پارمەنیدس و پاسجێکی درێژی میتافیزیکدا زۆرترین ڕەخنەی لەسەر خراوەتەڕوو. ئەی کەواتە ئیدۆس بخەینە کوێوە؟ ئا لێرەدا ئانالۆژی (analogy) دێتە کایەوە. هەروەک چۆن شتە هەستپێکراوەکان لەناو جۆرێک لە یەکێتیی ئۆرگانیدان، کە ئەو یەکێتییەش کۆسمۆسە، ئاوا ئیدۆسیش لە "شوێنێکی دیار و قابیل بە تێگەیشتن"دایە، لەودیو ئاسمانەکانەوەیە. کاتێک لە "تیمایۆس، 30c-d"دا ئیدۆس لەناو "بوونە زیندووە لەتێگەیشتن‌هاتوو"ەکاندا ڕێکدەخرێت، وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە.

  لە نیگای یەکەمدا، وا دیارە ئیدۆسێکی ئەفڵاتوونی بۆ هەریەک لە پۆلێنی شتەکان بوونی هەیە. هەر بۆیە ئیدۆسی ئیتیکی، ئیدۆسی ماتماتیکی، ئیدۆسی ئۆبێکتە سرووشتییەکان و تەنانەت ئیدۆسی شتە پەڕپووتەکانیش بوونی هەیە. ئەوەی شۆکهێنەرترە، ئەوەیە ئیدۆسی ئۆبێکتە دەستکردەکان، پەیوەندییەکان و نێگەتیڤەکانیش بوونی هەیە. لەپشت هەموو ئەمانەوە، گریمانەی مێتێکسیس نوستووە: مادەم هەستپێکراوەکان لە ئیدۆس‌دا بەشدارن، ئەوا پێویستە [ئیدۆس و شتە هەستپێکراوەکان] یەک مانایان هەبێت، شێوازی سیفەتەکانیشیان دەبنە پێوەری هەبوونی ئیدۆسی جیاجیا. کەواتە، ئاخۆ ئیدۆس تەنیا ئایدیا یان چەمکە؟ ئەم پرسیارە لە دیالۆگەکاندا بۆیە قیتکراوەتەوە، بەس بۆ ئەوەی ڕەتبکرێتەوە.

 

  ئەفڵاتوون، لە خاڵی جیاجیای دیالۆگەکاندا، یەکێک لە ئیدۆسەکان دەکاتە باڵادەست. کەواتە، هەردوو چاکە و جوان زیاتر زەق دەکاتەوە، ئەویش بۆوەی هیچ شتێک لەبارەی گریمانەی بەدناوی یەکەوە نەڵێت کە لە پارمەنیدسدا هاتووە. بەڵام کێشەی ئەم نێوپەیوەندییە، یان ئەوەی ئەفڵاتوون پێی دەڵێت "پێکەوەبەستن (combination)" یان "بەشداری"، تا دیالۆگی سۆفیست بە شێوەیەکی فەرمی باسنەکراوە. ئەوە یەکلاییە، دیسان بەرمەبنای سیفەتەکان، کۆمەڵێک ئیدۆس لەگەڵ ئەوانیتردا تێکەڵ دەبن و کۆمەڵێکی تریان نابن، و ئەوە ئەرکی دیالەکتیکە ئەم تێکەڵبوونە جیاوازانە بخاتەڕوو، بەتایبەت لەڕێی ئەو میتۆدە دابەشکارییەوە کە پێی دەوترێت دایەرێسیس.

  ئەفڵاتوون، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرۆسەیە، پێنج ئیدۆس (ئیدە) هەڵدەبژێرێت: بوون (existence)، هەمان (the Same)، جیاواز (the Different)، جووڵە (motion)، سرەوت (restخۆیشی بەمانە دەڵێت "مەزنترین جۆرەکان (megista gene)". هەردوو وشەکە لەم دەربڕینەدا قابیلی ڕاڤەی جیاوازن. خوێندنەوەی megista وەک هاوەڵناوێکی پلەباڵا (superlative)، "مەزنترین"، و "gene"یش وەک "جۆر" یان "پۆل"، سەردەکێشێت بۆ کەشفکردنی «summa genera»ـی ئەفڵاتوون، کە هاوتای «kategoriai»ـی ئەرستۆیە. ئەفڵۆتین ئەو پاسجەی خوێندبووەوە، بە جۆرێک دواتر باسی جۆر (gene)ەکانی بوونی دەکرد. بەڵام گومانێکی قووڵ لەوەدا هەیە ئاخۆ «gene» بە مانا ئەرستۆییەکەی «genera» بخوێنرێتەوە یان نا؛ بەکارهێنانەکەی لای ئەفڵاتوون بۆ ئەوەیە «genos- جینۆس» ببێتە هاومانای ئیدۆس، ئیتر بۆیە ئەم دەربڕینەی باسمان کرد مانای هیچ ناگەیەنێت جگە لە "هەندێ ئیدۆسی زۆر گرنگ".

  ئەرستۆ لە میتافیزیکەکەیدا، تیۆریی ئیدۆس دەخاتە بەر شیکارییەکی ڕەخنەیی دوورودرێژەوە. هەڵسەنگاندنی ڕەوایەتیی ئەم ڕەخنەیە بەندە بە دوو خاڵی جەوهەری و تەڵخەوە: جیاوازیی نێوان ئەفڵاتوون و پاشینەکانی لە پرسی ماتماتیکدا، هەروابێتەوە هەبوونی کۆمەڵێک سەرچاوە کە ئەرستۆ بەکاریهێناون و بۆ ئێمە بەردەست نین.

  جیاوازیی هەرەمەزنی نێوان دیدی ئەفڵاتوونی و ئەرستۆیی بۆ ئیدۆس لەوەدایە، ئیدۆس بۆ ئەرستۆ (جگە لە حاڵەتی یەکەم جووڵێنەر/جووڵێنەرەکاندا، ئەو شتە ژیەرەی "لەدەرەوەیە") هەبوویەکی بەردەوامی دابڕاو نیە، بەڵکو پرەنسیپی جەوهەرە پڕ و تەواوەکانە. هۆکاری فۆرماڵی شتەکانە، هاوپەیوەندی ماددەیە لە بوونە لێکدراوەکاندا، جەوهەری لەتێگەیشتن‌هاتووی بوونێکە. لە ناسینی شتەکاندا، ئێمە ئیدۆسیان دەناسین، هێزە گونجاوەکە دەبێتە ئەو شتەی بە هۆکاری ئیدۆسی ئۆبێکتە ناسراوەکە داخڵی گیان و ڕۆح دەبێت. کورت‌وکورمانج، ئیدۆس کردەیی‌کردنەوەیە (ئەکچواڵیزەیشن).

  وەک لای ئەفڵاتوون، ئیدۆس لای ئەرستۆش، لە دیدێکی لۆژیکییەوە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سیفەت (predication)دا هەیە. ئیدۆسی چەمکی (وێنایی) سیفەتێکی گشتەکی و بابەتی پێناسەیە. بەڵام لە نوسخە ئەفڵاتوونییەکەی ئیدۆسدا جیاوازن، نەک تەنیا بەو هۆکارەی کە بۆ جەوهەر هیپۆستاتیزە نەکراون، بەڵکو بەو هۆیەشی "پۆلێن کراون"؛ واتە لە ئیدۆسی ئەتۆمییەوە دەسپێدەکەن، کە لەوە بچوکتر ناکرێتەوە بۆ چەشنێکی تر، بەڵکو دەکرێتە کۆمەڵێک تاک، دواتر بۆ ئیدۆسی فراوانتر و گەورەتر، کە پێی دەوترێت جینۆس، تا دەگاتە «summa genera»، یان «kategoriai».

  لە فەلسەفەی دواتریشدا ئیدۆس هەر بە گرنگی مایەوە. ئیدۆسی ئەرستۆیی کە ناونشینی ماددەیە و کۆی بونیادی غایەتناسییانەی بوونە تاکەکانی ئاڕاستە دەکرد، وەک «logos spermatikos» داخڵی ناو رەواقییەت بوو. ڕەنگە نوسخە ترانسێندێنتاڵە ئەفڵاتوونییەکەی ئیدۆس کەوتبێتە بنپێی ڕەخنە ئەرستۆییەکەوە، بەڵام دواتر لەسەر دەستی ئەنتیۆکوسی ئەسکەلۆن دێتەوە ناو نەریتە ئەفڵاتوونییەکە. بەڵام کاتێکی مەترسیدار بوو بۆ ئۆرتۆدۆکسییەت و هەر زوو ئیدۆس وەک بیری خودا شیتەڵ کرا. هەرچەند ئەفڵاتوون نکۆڵی لە دۆخی ژیرانەی ئیدۆسی خۆی دەکرد، بەڵام دواتر لە ئەکادیمیادا هەندێک پاڵپشتی پەیداکرد. بەڵام گومانی تێدا نەبوو خستنەڕووی خودا وەک زەین (ژیر) لەلایەن ئەرستۆوە، کە لێرەدا فاکتەرێکی نێوانگیرکەر بوو، بەدڵنیاییەوە بەتەواوی لەلایەن میتافۆری لاساییکردنەوە (میمێسیس)ـی ئەفڵاتوونەوە پاڵپشتی دەکرا، ئەویش بەو پێشنیارە بەهێزەیەوە کەوا ئەو شتەی ئەرستۆ پێی دەوت هۆکاری فۆرماڵ، سەرەتا و پێش ئەوەی ببێتە ناونشینی شتەکان، پارادایمێک بووە لە زەینی سازگەر (craftsman)ـەکەدا. کەواتە بە دانانی ئیدۆس وەک بیر و بیرکردنەوەی خودا- تێڕوانینێک کە لە ئەفڵۆتینەوە بۆ مەسیحییەت شۆڕ دەبێتەوە، و لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی ئیدۆسی ئەرستۆیی وەک هۆکارە فۆرماڵە ناونشینەکان بە ئاڕاستەی ماددەدا- لانیکەم دەگەین بە چارەسەرێکی بەشەکی دەرهەق بە دووڕیانی ناونشینی و بڵندنشینی (ئیمانێنس و ترانسێندێنس). بەڵام کێشەکە وەک کێشەیەکی جددی لە ئەفڵاتوونیزمدا مایەوە. بەدرێژی لەلایەن هەردوو ئەفڵۆتین و پرۆکلوسەوە باسی لێوە کراوە.

 

 

دایمۆن (بوون یان زاتێکى سەروو-سرووشتى، شتێک لەنێوان خودا و پاڵەواندا):

 

  ئەلف: باوەڕ بە ڕۆحە سەرووسرووشتییەکان، کە هێندەک کەمتر لەوەی ئۆڵۆمپییەکان خرابوونە سەر شێوەی مرۆڤ، خەسڵەتێکی سەرەتایی ئایینی گشتیی یۆنانە؛ دایمۆن، لە کاتی لەدایکبووندا بە کەسێکەوە دەلکێت و ئیتر بە خێر یان بە شەڕ، چارەنوسی دیاریدەکات (بڕوانە وشەی یۆنانیی دڵخۆشی "eudaimonia": واتە هەبوونی دایمۆنێکی باش). هێراکلیتس ڕەخنەی لەم باوەڕە هەبووە، بەڵام کاریگەرییەکی وەهاشی نەبووە. لە تێڕوانینی شامانیستیدا بۆ دەروون، دایمۆن ناوێکی ترە بۆ گیان (Soul)، ڕەنگدەرەوەی ڕیشە پیرۆز و دەسەڵاتە نائاساییەکانێتی. سۆکرات، وەختێ باسی «شتێکی پیرۆز (daimonion ti)» دەکات کە ئاگاداری دەکاتەوە هەندێک کردەی دیاریکراو ئەنجام نەدات، هێشتا بە شێوەیەکی بەشەکی لەنێو نەریتی کۆنی ئایینیدایە. ئەوەی جێ‌سەرنجە، بەکارهێنانی بەردەوامی فۆرمی ناشەخسیی وشە یان هاومانای "نیشانەی پیرۆز (divine sign)"ە لەلایەن سۆکراتەوە، ڕەنگە ئەمە ڕاستکردنەوەی بچوک بووبێت سەبارەت بەو شتەی لە باوەڕی گشتیدا سەبارەت بە پیرۆزی، خەونەپەیام[1]ـی پیرۆز، وەحی و هتد هەبووە، ئەویش لەلایەن ئەو ئەقڵگەرایەوە. بێگومان هەڵەیە گەر پێمان‌وابێت سۆکرات یان هاودەمەکانی زۆر بەوریاییەوە دایمۆنیۆن و تێیۆن (theion)یان جیاکردۆتەوە، چونکە ئەو بەرگرییە سۆکراتییەی لە "apol 27d"دا لە دژی ئیلحاد دەکرێت، پشتی بەو ئارگۆمێنتە قاییمە، کە باوەڕکردن بە دایمۆنەکان واتە باوەڕکردن بە خوداکان.

بێ: ئایدیای دایمۆن وەک جۆرێک لە «فریشتەی ئاگاوان (guardian angel)»، هێشتاش لای ئەفڵاتوون دەبینرێت، هەرچەندە هەوڵێکیش هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لەو چارەنوسگەراییەی لە باوەڕی باودا هەبووە سەبارەت بەوەی کە گیانە تاکەکان خۆیان دایمۆنی خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەوەی ئاخۆ ئەم دایمۆنە لەناوماندایە یاخود نا، لە فەلسەفەی دواتردا باسوخواسی زۆر لەسەر کراوە. ئەفڵاتوون لە جێیەکدا لەگەڵ گیان‌دا یەکسانیدەکاتەوە، و دەشێت ئەم جۆرە تێڕامانەش لای مارکۆس ئۆرلیۆس ببینین.

پێ: بەڵام ئایدیایەکی تریش، ئەوەی دایمۆن فیگەرێکە لەنێوان ئۆڵیمپییەکان و مرۆکەکاندا، لای ئەفڵاتوون ئامادەیی هەیە؛ بۆنمونە "ئیرۆسی دایمۆنی" لە سیمپۆزیەم و ڕێکخستنی یاساکاندا. ئەم چەشنە تێڕوانینە، لای ترانسێندینتاڵیستەکانی هەردوو نیۆفیساگۆرییەکان و ئەفڵاتوونییەکانی دواتر، برەوێکی چاکی بەخۆوە بینی؛ خودا ڕاستەقینەکان لە ئیتەر (aither) نیشتەجێ بوون، کەچی دایمۆنەکان لە ئەیر (aer)ێکی نزمتر نیشتەجێ بوون و ویستی ڕاستەوخۆی خودایان بەسەر کاروباری مرۆڤەکاندا جێبەجێ دەکرد.

تێ: پلوتارک دێمۆنۆلۆژییەکی پێشکەوتووی پەرەپێداوە، و لەڕێگەی موحافیزکارییە دینییە نمونەییەکەیەوە، ڕیشەی ئەم بوونە نێوانییانە [دایمۆنەکان] دەگێڕێتەوە بۆ یۆنانییە سەرەتایی و ڕۆژهەڵاتییەکان، هەروابێتەوە بۆ ئیمپیدۆکلیس‌یش. سەرچاوەیەک پلوتارک پشتگوێیخستبێت، پەیوەندییە بە نەریتی سامییەکانەوە، پەیوەندییەک کە پێشتر بەڕوونی لای فیلۆ [ـی ئەسکەندەری] دیارە؛ فیلۆ پێشتر دایمۆنەکانی فەلسەفەی یۆنانی لەگەڵ فریشتەکانی نەریتی یەهوودی (ئێرانی؟)دا یەکسان کردبوویەوە.

 

 

دیالەکتیک:

 بەپێی گەواهییەکەی ئەرستۆ، دیالەکتیک داهێنراوی زینۆی ئیلیاییە، پاڵپشتێک بووە بۆوەی خزمەت بە دژە گریمانەییەکانی پارمەنیدس بکات. بەڵام ئەوەی بۆ ئیلیاییەکە جۆرێک لە دژواریی زارەکی بووە (ئەوەی ئەفڵاتوون پێی دەوت "مشتومڕساز" یان "کێشمەکێش")، ئەفڵاتوون کردوویەتیە میتۆدێکی باڵای فەلسەفی. بێگومان بەستەرەکەش تەکنیکی پرسیار و وەڵامی سۆکراتی بوو بۆ گەڕان بەدوای پێناسە ئیتیکییەکاندا؛ تەکنیکێک کە ئەفڵاتوون بەڕاستەوخۆیی پێی دەڵێت دیالەکتیک. بە هیپۆستاتیزەکردن[2]ـی پێناسە سۆکراتییەکان بۆ ناو ئیدەی ئەفڵاتوونی، ڕۆڵی دیالەکتیک دەبێتە ڕۆڵێکی سەنتراڵ و دەبێتە شای ئەو مەنهەجە ئایدیاڵەی لە کۆماردا باسکراوە: پاش دە ساڵ خۆتەرخانکردن بۆ ماتماتیک، ئەو کەسەی بڕیارە ببێتە فەیلەسوف سی بۆ سیوپێنج ساڵ بۆ خوێندنی دیالەکتیک تەرخان دەکات.

 دیالەکتیک چیە؟ پرسیارەکە ئاسان نیە، چونکە ئەفڵاتوون بە عادەتی خۆی بە چەندین شێوە باسی لێوە کردووە. بەپێی دیدی فایدۆ و کۆمار، دیالەکتیک هەوراز و بەرزبوونەوەیەکی کورتەوەبووە، بە زنجیرەیەک تێڕوانینەوە (گریمانە، تیۆریی فۆرمەکان نمونەیەکە لە فایدۆدا)، تا ئەوەی دەگەینە ترۆپکەکەی. لە کۆماردا، کە تێیدا سیاقی ئەم چەشنە باسە بە شێوەیەکی دانپێدانراو سیاقێکی مۆراڵییە، ئەم "پرەنسیپە بەگریمانەنەکراوە (unhypothesized)" لەگەڵ چاکە-لە-خۆیدا دەکرێنە یەکێک، بە شێوەیەک کە هەموو گریمانە بچوکترەکان لەخۆدەگرێت.

 گەر دیالەکتیک لە فایدۆ و کۆماردا کورتەوەبوو (synoptic) بێت، ئەوە لە فایدرۆس بەدواوە جیاکەرەوەیە (diacritic). ئەمە لە فایدرۆس‌دا ناسێنراوە و لە دوو ڕێکار پێکهاتووە، "کۆکردنەوە" و "دابەشکردن"، جا ئەم پرۆسەی دووەمیان لە دیالۆگەکانی وەک سۆفیست، پۆلیتیکۆس و فیلێبوسدا بەتێروتەسەلی باسکراوە. دیالکتیکەکەی پێشووتر لە کاروبارەکانی ئیرۆس دەچوو، بەڵام چیتر پێمان ناوەتە جیهانی ئەرستۆیی پۆلێنکردن لەڕێگەی دابەشکردنەوە (دایەرێسیس): بەرزبوونەوە بووەتە نزمبوونەوە. لە کاتێکدا ئەوە ڕوونە کەوا هێشتر مامەڵە لەگەڵ واقیعە ئۆنتۆڵۆژییەکاندا دەکەین، بە هەمان شێوەش ڕوونە هەنگاوێکی گرنگ ڕووەو لۆژیکێکی چەمکی (کۆنسێپچواڵ) نراوە. زاراوەی دایەرێسیس ئەو ئیدۆسەیە کە ڕاستەوخۆ لەسەروو بەشە هەستەکییەکانەوەیە، و لە کاتێکدا کە لەناو هێڵکارییە ئەفڵاتوونییەکەی شتەکاندا "بەڕاستی ڕاستەقینەیە"، ئەوەش گرنگە کە ئەم پرۆسەی دایەرێسیسە لای ئەرستۆ لە "ئەتۆمۆن ئیدۆس"دا کۆتاییدێت؛ واتە کەمترین جۆر لە داکەوتنێکی لۆژیکیدا.

  ئەرستۆ، ئەو ڕۆڵە ئۆنتۆڵۆژییەی لە کۆماری ئەفڵاتووندا بە دیالەکتیک دراوە، جێدێڵێت؛ وی لەجیاتیدا دەرگیری کردارەکانی زەینە کە لە دەرخستندا دەگەنە چڵەپۆپە. دیالەکتیک دەرخستنێکی سەرڕاست نیە، بەوەدا کە لەو پێشگریمانانەوە دەستپێناکات وا ڕاستەقینە و بەرایین، بەڵکو لەو بۆچوونانەوە دەستپێدەکات کە زۆرینە وەیا حەکیمەکان قبوڵیان کردووە. ئایرۆنیی ئەم جیاکارییە لەوەدایە، خودی پرۆسیجەرەکەی ئەرستۆ هەر ئەو شتەیە کە پێی وتووە «دیالەکتیکی». بەڵام وەک تیۆرسێنێک، ئەرستۆ حەزێکی کەمی بۆ دیالەکتیک هەیە، لە میتافیزیکەکەیدا- یان لە تێکەڵکردنی نێوان بیر و واقیعدا- دەڵێت ڕەنگە ئەمە "مایەپووچبوون"ـی ئەفڵاتوون بووبێت.

 لای ڕەواقییەکان، دیالەکتیک بۆ لۆژیک کورت کراوەتەوە؛ واتە لێکۆڵینەوە لە فۆرمەکانی گوتاری ناوەکی و دەرەکی، ئەمە لە کاتێکدا بە هەمان نەفەسەوە ئامانجەکانیان درێژکردۆتەوە بۆوەی ئیتیک و تەنانەت فیزیاش لەخۆبگرن. ئەنجامەکەش ئەوەیە لۆژیک چیتر ئامڕازێکی فەلسەفە نیە بەو شێوەی قوتابخانەی ئەرستۆیی تێیگەیشتبوو.

  گەڕاندنەوەی دیالەکتیک بە مانا ئەفڵاتوونییەکەی، لەسەر دەستی ئەفڵۆتین ڕوویدا. وەک ئەوەی لە کۆماردا هەبوو، دیالەکتیک جارێکی تر نزیکبوونەوەیەکی درکییە لە دەرکەوتەکان، بەڵام بە تۆنێکی ڕەواقییانە: دیالەکتیک پەروەردەیەکە لەپێناو چاکەدا و لە هەردوو کردار و ئۆبێکت، و بابەتی بیرلێکردنەوە پێکهاتووە.

 

 

 

کۆسمۆس (ڕازاندنەوە، نەزم، فیزیکی، گەردوونی بینراو):

  بەپێی نەریتێک، ئەو کەسەی بۆ یەکەم جار گەردوونی بە کۆسمۆس ناوزەدکردووە، فیساگۆرس بووە؛ بەڵام ئایدیای گەردوون وەک نەزمێک، لە نوسینی پێشینەکانیدا دەرکەوتووە، ئینجا زەحمەتیشە بزانین چۆنچۆنی دەقیقەن قۆناغ‌بەقۆناغ گەشەیسەندووە: نەزم، نەزمی ئەم گەردوونە، گەردوون وەک نەزم. بەدڵنیاییەوە لە سەردەمی ئیمپیدۆکلیسدا بەم واتایە گەیشتووە، ئەمە لە کاتێکدا ئایدیای مرۆڤ وەک مایکرۆکۆسم (microcosm)ـی گەردوون لای دیموکریتەس سەریهەڵداوە. ڕیشەی تێڕوانینە ئەسڵییەکە هەرچی بێت، ئەوە فیساگۆرییەکان بوون کە تیۆریی کۆسمۆسیان هەبوو؛ گەردوون کۆسمۆس بوو، چونکە دەشیا کورتبکرێتەوە بۆ هاوکێشەی ماتماتیکی، ئەویش چونکە ئەسڵی هەموو شتەکان ژمارە بوو، دەرەنجامی ئەخلاقیی هەوڵی هێنانەوەی هارمۆنیی گەردوونیی بۆ ناو گیان (soul)یشی لەگەڵدا بوو. میلێتوسییەکانیش ئەم ئایدیا بنچینەییەیان خستبووەڕوو، لە شێوەی هاوکێشە ماتماتیکییە فیساگۆرییەکاندا نا، بەڵکو لە زنجیرەیەک شێوەی قەرزکراو لە بازنە ئیتیکییەکانەوە بۆ ئەوەی پرۆسە کۆسمیکەکان شەرح بکەن، و جێی میتافۆرە سێکسییەکانی ئوستورە کۆنەکان بگرنەوە.

هێراکلیتس، یەکەم کەسە ئێمە پێی ئاشناین کە هەنگاوی زیاتری نابێت و نەزمی کۆسمیکی لەگەڵ یاسادا هاوشوناس کردبێ، ئا بەم جۆرەش یەک ڕیز بیرکردنەوەی سەرپێخست، کە بەرەو ئایدیای یاسای سرووشتی سەریانکێشا. هێراکلیتس، ئەو یاسایەی بە پیرۆز ناودەبرد، کە ئەم نەزمەی ڕاگیرکردبوو، بەڵام ئەمە تەنیا یەکێکە لەو تاڵەدەزووانەی بەرەو باوەڕی پیرۆزیی کۆسمۆس دەمانبەن؛ ئەوانیتر ژینگەرایی میلێتوسییەکانن؛ هەروابێتەوە باوەڕ بە پیرۆزیی تەنە ئاسمانییەکانیش. هەندێ بەڵگەی درەنگوەختە هەن کە فیساگۆرییەکان و زەینەفۆنیش باوەڕیان بە پیرۆزیی کۆسمۆس هەبووە. ئەفڵاتوون بە کۆسمۆسی دەوت «خودای بینراو»، ئەمەش لەسەر بنەمایەکی ژینگەرا (vitalist) نا، بەڵکو لەبەر ئەو ڕۆڵە ئیتیکییەی لە تیۆرییەکەیدا سەبارەت بە "هارمۆنیا-کاتارسیس (harmonia-katharsis)" دەیگێڕێت. تێڕوانینە دەمەلاسکەییەکەی سەریکێشا بۆوەی کۆسمۆسێکی تر جێگیر بکات کە لەڕێگەی هەستەکانەوە شایەنی تێگەیشتن نیە، وەک ئەوەی خۆمان، بەڵکو لەڕێگەی شهود (intelligence)ەوە لێی تێدەگەین.

ئەرستۆ، لە نوسینە سەرەتاییەکەیدا سەبارەت بە فەلسەفە، جەخت لە پیرۆزیی گەردوون دەکاتەوە، دەبێتەوە زایەڵەی فۆرمولە ئەفڵاتوونییەکە "خودایەکی بینراو"؛ بەڵام بەپێی کات و لە نوسینەکانی دواتریدا، بەشی زۆری تیۆلۆژیای ئەفلاتوونی لە بەرامبەر تیۆریی فیسیس (physis)دا دیارنامێنێت. لە سیستەمە تەواو گەشەسەندووە ئەرستۆییەکەدا، تەنیا دوو شتی پیرۆز بوونیان هەیە، و یەکەم دانەیان، یەکەم بزوێنەر، لەدەرەوەی کۆسمۆسەوەیە. ئەویتریشیان بازنەی دەرەوەی کۆسمۆسە؛ بازنەی ئەستێرە جێگیرەکان و ئیتەر. ئەمە بەبۆنەی جووڵە بازنەییە ئەبەدییەکەیەوە پیرۆزە.

  "وحدت الوجود"ـی ڕەواقییەکان پیرۆزیی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆسمۆس، و دواتر بە شوێنپیی تیۆریی ئاگر و نیوما (pneuma)دا، پێیان‌وایە کۆسمۆس بوونێکی زیندوو، گیانلەبەر و ژیرە. گومانگەراکان ئەم دوو تێڕوانینەیان ڕەتدەکردەوە. سرووشتی ئۆرگانیکیی کۆسمۆس لەلایەن پۆسایدۆنیۆسەوە بەرگری لێ دەکرا و بووە خاڵی دەسپێکی تیۆرییەکەی سەبارەت بە سیمپاتێیا (پەیوەستێتیی بەشەکانی گشتێکی ئۆرگانیکی). فیلۆ و ئەفلۆتین، دژ بە گنۆسییەکان کە پێیان‌وابوو کۆسمۆس بەرهەمی خراپە و پشتگوێخستنە، بەرگرییان لە گەردوونێکی ژیر دەکرد، هەردووک پێیان‌دەوت «کوڕی خودا»، ئەویش لە کارکردنیدا وەک وێنەی سەرچاوە ئەوپەڕینە ترانسێندێنتاڵەکەی.  

 

 

پاتۆس (ڕووداو، ئەزموون، ئازارچەشتن، هەستوسۆز، ڕەوش):

  مێژووی وشەی پاتۆس، بە چەندین شێوە و مانا لیخن کراوە. بە قبوڵکراوترین شێوە واتە «شتێک کە ڕوودەدات»، ئیتر یا هێمایە بۆ خودی ڕووداوەکە، یانژی بەو کەسەی بەرکەوتەی ڕووداوەکەیە؛ بەکارهێنانی دووەمیان [واتە بۆ بەرکەوتەکان]، تا ئاستی ئاڕاستە ئیتیکییەکان گەورە بووە، بۆنمونە وەک ئەو "ئازارچەشتنە سوودمەند"ەی لای تراژیدیانەکان هەیە. لەم خاڵەوە، تێڕامانە فەلسەفییەکان دەبنە دوو بەشەوە، بە جۆرێک لە پاتۆس دەکۆڵنەوە کە هەم "ئەو شتەیە بەسەر جەستەدا ڕوودەدات"، هەم "ئەو شتەیە بەسەر گیان‌دا ڕوودەدات"، یەکەمیان لەژێر ناونیشانی گشتیی چۆنێتییەکاندا و دووەمیان لەژێر ناونیشانی گشتیی هەستوسۆزدا. پردی پەیوەندییەکە، تیۆرە ماتریالیستییەکانی هەستکردن درووستیانکردووە، کە زانینی هەستەکی بۆ پاتۆسی هەستەکان کورتدەکەنەوە، وا ئەمیش دواجار و لە بەرامبەردا دەتوانێت پاتۆسی گیان وەگەڕبخات.

 

  بەڵام باسکردنی پاتۆس وەک "ئەو شتەی بەسەر جەستەدا ڕوودەدات"، وەک‌ ئەوە وایە وا لە زاراوەکان بکەین کە بڵێین تا سەردەمی ئەفڵاتوون هیچیان قابیلی تێگەیشتن نەبوون. بەدڵنیاییەوە ئەوە ئەفڵاتوون بوو توانی جیاوازیی لەنێوان جەستە (یان سوبێکت) و ئەو شتەدا بکات کە بەسەریدا دێت، بەڵگەی زۆر کەمیشمان لەسەر ئەوە هەیە پێش‌سۆکراتییەکان توانیبێتیان ئەم جیاکارییە و جیاکردنەوەی "چۆنێتی" ئەنجام بدەن؛ باوانی پێش‌سۆکراتی چۆنێتی، دینامیس، وەک "شتێک" لێی دەڕوانرا. لە مامەڵەی ئاناکزاگۆراسدا بە "تۆو (seed)"ەوە، ئەمە ڕوونە. لە سەرەتادا تەنیا تێکەڵەیەک هەیە کە هەموو شتەکان لەخۆدەگرێت، دواتریش وای لێ دێت ئەمانە تەنیا ستۆیکێیا (stoicheiaئیمپیدۆکلی نەبێت، بەڵکو پاتۆس/دینامیس‌یش بێت: شێدار و وشک، گەرم و سارد، ڕۆشن و تاریک. هیچیەک لەمانە مایەی هەستپێکردن نین، چونکە تێکەڵی "تێکەڵەکە (meigma)" بوون.  بە سەرپێخستنی جووڵەیەکی بازنەیی، چەندین "تۆو" جیادەبنەوە و بەشێک لە هەموو شتێک لەخۆدەگرن، بەڵام لە ڕووی چۆنێتییشەوە جیاوازن، ڕەنگە لەبەر باڵادەستیی ئەم‌یان‌ئەو پاتۆس بێت بەسەر ئەوانیتردا. ئەی بۆچی مایەی هەستپێکردن نین؟ هەستیان پێ ناکرێت چونکە زۆر بچوکن و تەنیا کاتێک هەستیان پێ دەکرێت- بەبۆنەی باڵادەستیی یەکێک لە ڕەگەزەکانەوە- کە بچنەناو پێکهاتەیەکی گەورەترەوە.

 لە ئەتۆمیزم‌دا، پاتۆس ڕۆڵێکی سنوردارتری هەیە. بەپێی ئەم تێڕوانینە تەنیا ئەتۆمەکان و بۆشاییەکە (کینۆن) بوونیان هەیە، ئەتۆمیش تەنیا دوو خەسڵەتی هەیە: قەبارە و شێوە. ئەمە سەردەکێشێت بۆ ئەو تێڕوانینەی کەوا هەموو هەستپێکردنێک و زانینێکی هەستەکی بۆ پەیوەندی یان لەمس کورتدەکاتەوە. بێگومان ئاگاداری چەشنی تری ئەزموونی هەستەکیین، بەڵام ئەوانە سوبێکتیڤ و ئاسایین، لاساییکردنەوەیەکی پاسیڤی ئەو هەستانەن کە هەندێک واقیعیەتیان دەدەینەپاڵ.

 ئەسڵی باسەکە بەڕوونی جیاکاریی نێوان هێزی چالاکی ناو شتەکان و ئەوانەی توانای ئەکت نواندنیان هەیە و چالاک‌کردنی پاسیڤ[3]ـی ئەو جەستەیەن، کە ئەکتی لەسەر نوێنراوە. دێموکریتەس، لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی کۆی میکانیزمی "دژەکان"ـی پێش‌سۆکراتییەکان و کورتکردنەوەی هەموو چالاکییەک بۆ لەمس، سنوری چۆنێتییە چالاکەکان دیاریدەکات. بۆیە جەختکردنەوەی وی لە چۆنێتیی سوبێکتیڤی زانینی هەستەکی، بەرەنجامی ڕەچاوکردنێکی تیۆریی پەتییە، هەرچەندە هاوڕای ئەو ڕەهەندە ئیتیکییانەی ڕێژەگەرایی بوو، کە سۆفیستاییەکان بانگەشیان بۆ دەکرد.

لای ئەفڵاتوون، لانیکەم لە شوێنەکاندا، پاتۆسی ئیتیکی وەک کارکردی ماتریاڵیتە دەردەکەوێت: لە بەشە ئەخلاقییە جەستەییەکانی گیاندا دەردەکەون و وەک بەرەنجامی پەیوەندیی گیان و جەستە ئامادەییان هەیە. لەو دوو شتەدا شوێنپیی ئەتۆمیستەکانی هەڵگرتووەتەوە، کە پاتۆس بکات بە چەشنێکی هەستپێکردن و هەستکردنیش بۆ پەیوەندی (کۆنتاکت) کورتبکاتەوە. لەوەدا لێیان جیادەبێتەوە، کە پێی‌وایە لە ئاکامی پەیوەندیی زیادلەڕادەدا چێژ و ژان پەیدا دەبن. ئەم شەرحە ماتریاڵیستییە، کۆتا یان تاکە قسەی ئەفڵاتوون نیە لەمەڕ سوبێکت، بەڵکو ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، لینکێک لەنێوان پاتۆس وەک چۆنێتییەکی فیزیکی و پاتۆس وەک دیاردەیەکی ئەخلاقیدا درووستدەکات.

 ڕەهەندی ئیتیکیی پاتۆس، بە ڕەچاوکردنی تر دەردەخرێت. ئەفڵاتوون، هەمیسان لە شوێنەکاندا، باس لە سێ‌بەشکردن (tripartition)ـی گیان دەکات. ئایا پاتۆس خەسڵەتی هەر سێ بەشەکەی گیانە، یان تەنیا دوو بەشە نزمەکە؟ ئەفڵاتوون لەم خاڵەدا زۆر ڕوون و سەریح نیە. لە تیمایۆسدا، وا دیارە سەر بە بەشە ئەقڵانییەکە (لۆژیستیکۆن «باڵاترین بەشی گیان») نین، بەڵام لە یاساکان و فایدرۆسدا، شتەکە بەو جۆرە نیە. کۆی دۆکترینی "گیانی سێ‌بەش" لەسەر ناسینەوەی بوونی پاتۆسی ناکۆک ڕۆنراوە، و لە کۆماریشدا بەڕوونی پێمان وتراوە کەوا هەر بەشێکی گیان پاتۆسی خۆی هەیە. ئەفڵاتوون لە هیچ جێیەکدا لەگەڵ لۆژیستیکۆنی ناجەستەیی، دابڕاو و دووردا پێکنایەتەوە، ڕەنگە ئەمەی لە فیساگۆریانیزمەوە داڕشتبێت و بۆ تیۆریی «پالینگێنێسیا (خوڵقاندنەوە/لەدایکبوونەوە)»کەی و مەعریفە لەمەڕ ئیدە پێویستی بووبێت- بە ڕۆحە دەرگیرەکەیەوە لەسەر شیکاریی ئیتیکیی پەیوەندی.

 ئەرستۆ، لە میتافیزیکەکەیدا، بەکورتی دەچێتەوە سەر بەکارهێنانی پاتۆس وەک ئەزموونی جەستە لەلایەن پێشینانیەوە. مادەم پێشوەختە دینامیسی بۆ هەردوو مانای هێز و پۆتێنشیاڵیتە دابەشکردووە، ئەوا ڕەنگە پاتۆس بە هەردوو ماناکە بەکاربێت، یان بخرێتە نێو کاتەگۆریی جەوهەر و ڕووداوەوە؛ ئەمە توانای گۆڕانە لە سوبێکتدا، یان هەر خۆی گۆڕانە ڕاستەقینەکەیە، بە شێوەیەکی بەشەکی‌یش گۆڕانێکی چۆنایەتییە. کەواتە گۆڕان لە کاتەگۆریی چۆنێتیدا، بە "گۆڕان بەپێی پاتۆس" پێناسە دەکرێت.

 ئەرستۆ، لە ئیتیکەکەیدا، دیقەتێکی تەواو لە پاتۆسی گیان دەدات. ئەفڵاتوون، پێشوەختە لە فایدرۆس‌دا، گیانی وەک سوبێکتی ئەزموون و سەرچاوەی چالاکییەکان باسکردووە، ئەرستۆش ئەمانە دەکاتە سوبێکتی مۆراڵیتە (ئاکار). چاکە و ئاکار (virtue) بریتییە لە بەدەستهێنانی هاوسەنگییەک دەرهەق بەوان.

  سرووشتی ڕاستەقینەی دەروونیی پاتۆس، لەڕێگەی ئەو ڕاستییەوە دەخرێتەڕوو، کەوا چێژ و ژانی لەگەڵە. بەڵام ئەمە نابێت وا شیتەڵ بکرێت کە دەرخەری ئەوەیە، پاتۆس بەتەواوی ناماتریاڵییە، هەرچەندە ئەوان بەرەنجامی گیانێکی ناجەستەییشن. پاتۆس هەمیشە کۆمەڵێک گۆڕانی فیزیکی لەگەڵدایە و هەر بەم بۆنەیەشەوە ناکرێت دەروون بە شتێکی جیا و دابڕاو ببینین لە جەستە، بەڵکو کردەیی‌کەرەوە (entelecheia)ی جەستەیە. و کاتێ هەمان پێوەر بەسەر زەیندا پیادەدەکرێت، ئەو نەبوونی پاتۆسە کەوا نەمرییەکەی دەخاتەڕوو.

کاتێک ئەتۆمیزم بە نوسخە ئەپیکۆرییەکەی بڵاودەبێتەوە، دەشێت جێدەستە ئەفڵاتوونی و ئەرستۆییەکە لەسەر پاتۆس ببینین. ڕەگەزە سوبێکتیڤەکە، ئەوەی لای دێموکریتەس هەیە، بڕێک نەرم‌کراوەتەوە؛ هەرچەندە هێشتاش پاتۆس هەستی بەرکەوتنە، بەڵام بە ئامادەیی چێژ یان ژان جیادەکرێتەوە. ئەوە چێژ و ژانە کە چیتر دەبنە چەقی سەرنج، لەبەر ئەوەی ئەمانە ڕەنگدەرەوەی بەجێیی و نابەجێیی ئۆبێکتی هەستپێکراون و ئاواش دەبنە پێوەری چاکە و خراپە.

 زینۆ بەڕوونی پێی‌وابوو هەموو پاتۆسەکان، کە بە "هاندەر و ئەنگێزەی زیادە (excessive ipmulse)" پێناسە دەکران، جووڵە و بزووتنی نائەقڵانیی گیانن، ئەمە لە کاتێکدا کریسپوس تێڕوانینێکی ئەقڵگەرایانەتری هەبوو و وەک دۆخی هێزی ئەقڵانی لێی دەڕوانین. لای ڕەواقییەکان، ژیانی چاک بریتی نیە لە دۆزینەوەی هاوسەنگییەک بۆ پاتۆسەکان، بەو شێوەیەی لای ئەرستۆ هەبوو، بەڵکو ڕیشەکێشکردنی تەواوەتییانە. بۆیە، پیاوی حەکیم ئەو کەسەیە بە دۆخی ئەپاتێیا (خاڵیبوونەوە لە جۆشوخرۆش و هەستوسۆز) گەیشتووە. چوار پاتۆسەکە ئەمانەن: ژان، ترس، ئارەزوو و چێژ.

 

 

 

 


[1] Dream message

[2] hypostatization 

[3] Passive activation

 

سەرچاوە:  

GREEK PHILOSOPHICAL TERMS: A Historical Lexicon, F. E. PETERS, 1967