A+    A-
(491) جار خوێندراوەتەوە

                عوساب وەک میتۆد

 

 

 

 

زۆرجار لە کایەى دروونشیکارى دا، بەر چەمکێکى وەک «عوساب» دەکەوین کە زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بەتەواوى خۆى ناداتە دەستەوە و هەڵدێت. دەشێت زۆرجار لە خۆمان بپرسین هۆکارى ئەم هەڵهاتنە چیە؟ نەک هەر بۆ چەمکێکى ئاواهى، بەڵکو چەندین چەمکى ترى ناو مێژووى بیرکردنەوە هەن هەمووجار بەریاندەکەوین و بەتەواوییش ملکەچى زەینى مە نابن. وێنایەکى یەکەجێ و ڕوون درووست ناکەن. لێرەوەیە هەرجارە و دەشێت هۆکارەکە، شتێکى تایبەت بێت، تایبەت بەو سیستەمە فیکرییەى کە چەمکەکەى تیا ڕسکاوە. پێشگریمانەى ئەم یاداشتە کورتە، ئەوەیە کە هۆکارى هەڵهاتنى "عوساب" لە زەینى ئێمەى خوێنەرى ئەمڕۆ، هۆکارێکى شاراوە و قووڵترە. هۆکارێک کە ناومناوە «دیوە میتۆدییەکەى عوساب». واتە عوساب چیدى ناوى نەخۆشییەکى تایبەت نیە، بەڵکو ناوى چەمکێکى میتۆدییە: سنورەکانى میتۆدێک.

عوساب، هاوتاى عەرەبیی زاراوەکەیە کە لە زمانى کوردییدا جێگیربووە. هاوکات هەریەکە لە "نیرۆس" و "نیورۆسیس"یشى پێ دەوترێت (ڕەنگە کوردییەکەشى بەنزیکەیی بکاتە نەخۆشیی دەمارى یان دەروونگرژیى دەمارى). نيورۆسیس، خۆی لە نیورۆنی یۆنانییەوە هاتووە کە واتای «دەمارەهەست(عەسەب)» دەگەیەنێت، پاشگری «سیس»یش واتە نەخۆشی و بیمارکەوتن. بەکارهێنانى عوساب (neurosis)، وەک تێرمێکى پزیشکى-دەروونى، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى سەدەى هەژدە. ولیام کوڵین (١٧١٠-١٧٩٠) پزیشک و کیمیاناسى سکۆتلەندى، بە پێشەنگى بەکارهێنەرى ئەم تێرمە دادەنرێت. دیارە ئەوسا و ئێستاش تێرمەکە بەوەدا دەناسرێتەوە گوزارشت لە کۆمەڵێک تێکچوون و شڵەژانى زەینى و دەروونى دەکات، یان تێکچوون لە هەستەوەرەکان و و جووڵەى کەسەکەدا، تێکچوون لە سیستەمى دەمارى دا (کە لەسەرەتادا کۆما و پەرکەم لە دەرکەوتەکانى بوون)، یاخۆ هەندێک نیشانەى وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکى و دڵتەنگیی توند لەگەڵدایە. مرۆڤ گەر ئەو هەزاران بابەتە بەسەر بکاتەوە کە لەسەر عوساب (نیورۆسیس) نوسراوە، کۆمەڵێک نیشانە و شوێنەوارى چەندبارە دەخوێنێتەوە، بەڵام باسەکەى ئێمە لێرەوە جیادەبێتەوە. چونکە "عوسابى فرۆیدى" لەو عوسابە گشتیەى ناو عەقڵى باو یان دەروونناسیی باو جیادەکاتەوە و لەناو میتۆدۆلۆژیی دەروونشیکاریی فرۆیددا دەیخوێنێتەوە. ئەوەشى وایکردووە فرۆید و برۆیەرى هاوڕێى ئەو، چەمکەکە وەربگرن، ئەو دیوە شاراوەیەى هۆناسیی عوسابە کە لە نیشانە دیارەکانیدا بەدیناکرێت. واتە نەخۆشەکە بەدەست شتێکى شاراوە و نادیارەوە دەناڵێنێت، کە بەپێى سیستەمى فرۆیدى، ئەو شتە نادیارە دەشێت تراومایەکى سێکسى بێت لە ژیانى ڕابردووى نەخۆشەکەدا. بۆیە عوساب خۆى ئاماژەیە بۆ ئەوەى کۆئەندامى دەروونیی مرۆڤ باش کارناکات و کێشەیەکى نادیارى هەیە. ئەم کێشە نادیارە، لە ژیانى تاکەکەسدا نەمایەوە لاى فرۆید و کۆى مێژوو و شارستانییەتى پێ خوێندەوە.

فرۆید زۆرجار زاراوەى عوساب یان بەتەنیا بەکاردەهێنێت، یاخۆ بە شێوەى لێکدراو (عوسابى وەسواس، عوسابى نارسیستى، عوسابى دڵەڕاوکێ، عوسابى هیستریایی، عوسابى هەنوکەیی، عوسابى گواستنەوە و هتد). کە ناوى نەخۆشەکانیش دێنێت، بە کەسى عوسابى (نیورۆتیک)، نەخۆشى عوسابى و هتد ناویاندەبات. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، کەسەکە بەدەست چەپێنراوێکەوە دەناڵێنێت، چەپێنراوێک کە ڕەهەندى سێکسیی هەیە، زۆرجاریش دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکى مناڵى. ئەم سێ ڕاستییە بەتەنیشت یەکترەوە، عوساب دەکەنە چەمکێکى بنەڕەتى: گوزارشت لە کێشەى چەپاندن دەکات لاى مرۆڤ، چەپاندن ناوەڕۆکێکى سێکسیی هەیە (با کرچ و ڕێکەوتیش بێت)، ئەم ڕووداوە لە مناڵییدا جێى تێگەیشتن نیە و لە فۆرمى تراومایەکدا جێدەمێنێت. هەر لە بن ئەم سێ خاڵەوە، ڕاستییەکى تریش هەیە کە ئێمە ناتوانین مرۆى «هەمیشە-نۆرماڵ» یان «تەواو نۆرماڵ» بین. کۆى خواست و ئارەزووەکانى ئێمە نایەتەدى، گەر بشیەتەدى ڕێک ئەوە نیە کە دەمانەوێت، بۆیە لێرەوە کۆمەڵێک سەمپتۆم (نیشانەى نەخۆشى) بەرهەمدێت. مرۆڤ بەبێ سەمپتۆم نایکرێت. عوساب، بە قەولى فرۆید خۆى، سنورى نێوان مرۆى نۆرماڵ و نانۆرماڵ (نەخۆش) دەسڕێتەوە. نەخۆشى چیدى ناو و ناتۆرەیەکى نەرێنى نیە، بەڵکو ڕاستییەکى مرۆییە: عوساب، کە چەندین تێکچوونى دەروونى دەگرێتەوە، لە کەمەوە بۆ زیاد، لە خاوەوە بۆ توند، دەلالەتە لەوەى ئێمە هەمیشە بەڕێژەیەک "نۆرماڵ"ين. دیارە فرۆید خۆى پێى وابوو لەڕێى شیکردنەوەى دەروونى و چارەى دەروونییەوە، دەکرێت حاڵەتەکانى عوساب چاکبکرێنەوە، بەڵام ژاک لاکان چەمکى عوسابى تا کۆتاییە لۆژیکییەکەى ڕاکێشا و پێى لەسەر ئەوە داگرت «عوساب بونیادە، لەناونابرێت»، بۆیە ئێمە لەڕێى شیکردنەوەى دەروونییەوە هاوکارى دەکرێین لەگەڵ عوسابەکەمان (تێکچوونە دەروونییە جیاجیاکانماندا) هەڵبکەین و هیچى تر. ئەم هەڵکردنەش، دیدى خۆمان بەرامبەر خۆمان و ئەوانیتر دەگۆڕێت و لە ئوستورە پڕووکێنەرەکەى مرۆى نۆرماڵ ڕزگاردەبین.

میتۆد، بەگشتى لاى ئێمە بە کۆمەڵێک کەرەستەى تایبەتى لێکۆڵینەوە دەوترێت کە ڕوویەکى تەکنیکییان هەیە. شتانێکى ئامرازى و فۆرماڵ کە باسێکی پێ دەنوسرێت. بەڵام میتۆد لەڕیشەدا، و بە کەمێک سەرکێشییەوە، لەو شتە نزیکدەبێتەوە کە ناوى "جیهانبینى"یە، یان ئەو ڕێگایەى جیهانبینییەکى پێ دادەڕێژین و کێشەى زانین و حەقیقەتى پێ حەل دەکەین. ڕەنگە بگوترێت شیکردنەوەی دەروونی یان بەزەینداهێنانەوەی ئازاد، میتۆدی ئیشکردنی فرۆید بووە؛ ئەمە ڕووی پراکتیکیی میتۆدۆلۆژییەکەی فرۆیدە و لەو پێناوەدایە نەخۆشەکە چەپێنراوە عوسابییەکانی خۆی بۆ دەروونشیکارەکە دەرببڕێت. واتە پێشوەخت ئەو گریمانەیە قبوڵکراوە کە تێکچوونێکی دەروونی هەیە بەڵام پێویستی بە داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی (فرۆید لە وتارێکی کورتدا، باسی پێکەوەنانی نەستی نەخۆش دەکات، واتە جارێکی تر و نۆرماڵتر لە پێشوو پەیوەندیی نەخۆشەکە و عوساب دادەڕێژرێتەوە). میتۆد، ئامرازێک نیە پێی بگەینە ئامانجێک، بەڵکو خودی ئامانجەکەشە. لەوەش پتر میتۆد مایەى بەرگرى و تەنانەت دەمارگیرییە بۆ خاوەنى میتۆدەکە. تۆمەتى ئایدۆلۆژیبوون لاى ئێمە ڕێکەوتى کێشەیەکى وەک میتۆد دەکات و بۆ نەگبەتى هەرکە لە میتۆد نزیکبینەوە یەکسەر تۆمەتى "ئایدۆلۆژیا" حازرە. لەکاتێکدا، نە ئایدۆلۆژیا هێند سادەیە و نە میتۆدیش ئەوەندە بەئاسانى پێکەوەدەنرێت. بۆیە میتۆد، زەینێکى کەمتازۆر یەکانگیر و گشتبینى دەوێت بۆ ئەوەى کۆمەڵێک ڕاستى و ئەرگۆمێنت پێکەوەبنێت و جیهانبینییەکى لێ درووست بکات. ئەمڕۆ نیشانەکانى عوساب لە دەروونناسیی باودا هێند درێژدەبنەوە کە ناناسرێتەوە، بۆیە "عوسابى فرۆیدى" هەر زوو خۆى نەداوەتە دەست ئەم نیشانانەوە و لەناو سیستەمێکى دەروونشیکاریی تایبەتدا کە پێى‌دەوترێت "میتاسایکۆلۆژیا"، چەمکەکەى بە زۆر ماناى لە خۆى قووڵتر بارکردووە. ئەم بارکردنەى مانا، ڕوویەکى تایبەتیی سیستەمەکەش پیشاندەدات، ڕوویەک کە میتۆدییانەیە. واتە بەشێکە لەو جیهانبینییەى لەپشت ئەم سیستەمە فیکری-دەروونشیکارییەوە کاردەکات. بۆ نمونە جیا لەو سێ خاڵەى سەرەتا کە باسمانکرد، عوساب ئەو ڕووەى تریشى هەیە کە نرخێکى میتۆدیی پێ دەدات لە دەروونشیکارى دا، ئەویش ڕووە نادیارەکەیەتى. ئەوەى کە ئاماژە بە چەپێنراوێکى نادیار دەکات لە مرۆڤدا. فرۆید لە سەرەتاکانى فیکرى خۆیەوە، "تیۆرى لەخشتەبردن" دادەڕێژێت، و پێى‌وایە ئەو نەخۆشە ژنانەى دێن بۆ شیکردنەوەى دەروونى، بانگەشەى ئەوە دەكەن "کەسێک بەفیعلى دەستدرێژیی کردووەتە سەریان". بەڵام دواتر بەم تیۆرەدا دەچێتەوە و دەڵێت "مەرج نیە ئەەو ژنانە بەواقیعى تووشى دەستدرێژى هاتبن، پێدەچێت فەنتازیایەک بێت و هیچى تر، بەڵام فەنتازیاکەش کاریگەرە". ئەو لە نامەیەکدا بۆ ولیام فلیسى هاوڕێى دەنوسێت «وازم لە تیۆرەکەم هێناوە دەربارەى نیورۆتیکا (عوساب)». ئەم خاڵە ئەوەمان پێ دەڵێت کە عوساب ڕوویەکى میتۆدیی بۆ فرۆید هەیە، بەشێک لە جیهانبینییەکەى بۆ کارکردنى دەروون ڕووندەکاتەوە، جیهانبینییەک کە مرۆڤ بەتەواوى لەگەڵ خۆیدا کۆک نیە، یەکێک نیە (بە دەربڕینى هیگڵى خود-شوناس نیە، لەگەڵ خۆدا یەکێک نیە)، سەرەنجامیش نادیارێک هەیە ئاراستەى دەکات.

ئەم نادیارە، شتێکى غەیبى نیە، تەمومژێکى جەوهەرییش نیە، بەڵکو ناوى ئەو ناکۆکییەیە کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا هەیەتی، کە لەنێوان مرۆڤ و پاڵنەرەکانیدا هەیە، یان پاڵنەرەکان و واقیعى مرۆڤ. بەپێى پێناسە پسپۆڕییەکە، عوساب بەرەنجامى چەپاندنى بەشێک لە ئیدە لەلایەن ئیگۆوە. ئاشکرایە ئید، شوێنى پاڵنەر و هاندەرە غەریزییە جۆراوجۆرەکانە. ئیگۆش، نوێنەرى ئێمەیە بەڕووى واقیعدا. کاتێک ئەم نوێنەرە واقیعییە، پاڵنەرەکان دەچەپێنێت، ئیدى دەشێت کۆمەڵێک تێکچوونى جیاجیاى عوسابى بخوڵقێت. لێرەشدا دیسان بە شێوازێکى تر، ڕووە میتۆدییەکەى چەمکى عوسابمان بۆ دەردەکەوێت. ئەو ڕووەى کە بەشێک لە جیهانبینیی فرۆید پیشاندەدات، ئەو جیهانبینییەى وا پێى‌وایە مرۆڤ قەت بەتەواوى دەستى بە واقیعدا ناگات، و شەڕێکى ناوخۆ لە کۆئەندامى دەروونی ئەودا دەگوزەرێت کە مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ سوبێکتێکى پارچەپارچە. سوبێکتى پارچەپارچە (یان لەتبوو)، بەشێکە لە تێڕوانینى فرۆید بۆ مرۆڤ. دیارە فرۆید خۆى لە وانەوتارى "جیهانبینى"دا دژى چەمکى جیهانبینى دەوەستێتەوە و نایەوێت دەروونشیکارى ببێتە جیهانبینییەک، بەڵام چەمکى "عوساب" لەلاوە سنورى ئەم جیهانبینییە دەکێشێت. بۆ نمونە جار هەیە لە فەرهەنگى چەمکە فرۆیدییەکاندا، عوساب وەک هەستێکى گوناهـ پێناسەدەکرێت، ئەوەى کە هەمیشە شتێک لە ئارەزووى مرۆڤ دەمێنێتەوە هەستێکى تاوانبارانەى تیا دەچێنێت. ئەم هەستى گوناهە، بەدوور نیە لە هەستى ناو جیهانبینیی دینى، تەنانەت خودا و باوک سەرچاوەى ئەم هەستەن. بۆیە دیسان چەمکى عوساب، لە پێناسەى دینیشدا لاى فرۆید ڕۆڵى خۆى دەگێڕێتەوە و فرۆید دین بە عوسابێکى وەسواسى دەچوێنێت لە سەرتاپاى جیهاندا، ئەوەى کە مناڵیش هەیەتى و دەخوازێت بگەڕێتەوە بۆ بندەستى باوک. بە دەربڕینێکى تر، مادام عوساب دەرەنجامى گرێى ئۆدیبە و مرۆڤ هەردوو هەستى کینە و ئەڤین تاقیدەکاتەوە و دواییش هەم باوکى خۆشدەوێت و هەم ڕقیشى لێیەتى، دینیش هەمان ڕۆڵى بۆ مرۆڤەکان هەیە. دین ئەو مژدەیەى پێیە مرۆڤ چەشنى مناڵێکى بێدەسەڵات بگەڕێنێتەوە بندەستى باوکێکى ئاسمانى (خودا). دیارە ئەم "چواندن"ـە لێرەدا چواندنێک نیە لە فۆرمدا لەنێوان دوو دیاردەدا، بەڵکو چواندنێکى میتۆدییە، تەنانەت هەردوو لاى چواندنەکە یەکسانن بە یەکتر، دین وەک ناوەڕۆک کتومت عوسابێکە بەڵام ناوەکەى گۆڕاوە. بەو دیوى تریشدا، عوساب هەر دینێکە بەڵام لە ئاستى تاکەکەسدا. تەنانەت فرۆید لە "تەوتەم و تابۆ"دا عوسابى وەسواسى بە وێنەیەکى شێواوى دین ناودێنێت. ئەم بەراوردکارییەى دیاردە مرۆییەکان بە عوساب، دەیسەلمێنێت کە عوساب چەمکێکى ڕیشەییە لە ئاستى پێکهێنەرێکى میتۆددا، ڕیشەیی بەو واتایەى کە بوونى مرۆیی پێکدەهێنێت. هەتا ناونیشانى دووەمى "تەوتەم و تابۆ" بریتییە لە "هەندێک لێکچوون لەنێوان ژیانى دەروونیی مرۆ سەرەتاییەکان و عوسابییەکاندا"، واتە مرۆڤە سەرەتاییەکانیش لە کەسانى عوسابى دەچن و میکانیزمى بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان لە یەکترەوە نزیکە. بۆ نمونە، ئەو وەهمانەى کە لاى هەردوو لا هەیە کە بتوانن بە وشەیەک دونیا بگۆڕن. دەشتوانین عوساب بە جومگەیەک بزانین کە هەردوو ڕەهەندى ئەپستمۆلۆژیا/ئۆنتۆلۆژیا لە دەروونشیکارییدا دەبڕێت: ئەپستمۆلۆژیا بەو مانایەى کە ئێمە تاکوێ دەتوانین شت لەبارەى واقیعەوە بزانین، ئۆنتۆلۆژیاش بەو مانایەى کە بوونى مرۆڤ چەندى لە جیهاندا قبوڵدەکرێت و چەندیشى وەدەر دەنرێت. بۆیە تواناى زانین و هەبوونى ئێمە لە جیهاندا، لە چەمکێکى وەک عوسابدا کۆدەبێتەوە و ئەمەش بەشێکى جیهانبینیی دەروونشیکاریی فرۆیدمان پێ دەناسێنێت. تەواو ئەو شتانە نازانین کە "بە نەست دەیانزانین"، تەواوى بوونیشمان وەک مرۆڤ پڕاوپڕ نیە و هێڵێکى بەسەردا هاتووە (عوساب ئەم هێڵە خێچەیە).

کارن هۆرناى (١٨٨٥-١٩٥٢)، ژنەدەروونشیکارێکە پاش فرۆید هاتووە. ئەو کتێبێکى لەسەر عوساب نوسیوە بەناوى «عوسابییەکانى سەردەمى مە». ئەویش دیسان کۆمەڵێکى زۆر لەو نیشانانە هەڵدەکۆڵێت کە دەشێت لە کەسێکى "عوسابى"دا هەبێت، بەڵام نیشانەکان هێند زۆر و درێژدەبنەوە کە ڕەنگە لەمڕۆدا نیشانەى زۆر نەخۆشیی دیکەش بن. کاتێک دەتەوێت عوساب بگۆڕیت بۆ نەخۆشییەکى تایبەت، تایبەت نابێتەوە، و بگرە گشتى دەکەوێتەوە. هۆکارەکەش هەر گومانەیە کە دەبێت عوساب پتر ناوى چەمکێکى میتۆدى بێت وەک لەوەى نەخۆشییەکى بەشەکى بێت لەپاڵ نەخۆشییەکانى تردا. دیارە مەبەستەکە ئەوە نیە کە عوساب لە نەخۆشى دەربکرێت، تەنانەت ماهیەتى نەخۆشییە نەستەکییەکانە، بەڵام خۆى کورت نابێتەوە بۆ یەک نەخۆشى و یەکێک لە جۆرەکانى ژێر پۆڵێنى خۆى. هۆیەکە لە ڕوانگەیەکى تر و بە زمانێکى تر هەر بریتییە لەوەى کە مرۆڤ ناتوانێت کۆى واقیع/جیهان بەدەستبێنێت و دەبێت بچەپێنێت و بخەسێت، دەبێت ئەو ناهاوسەنگییە بنەڕەتییە لەنێوان خۆى و واقیعدا قبوڵبکات. گەر ئەم ناهاوسەنگییەش توندبووەوە بۆ یەکێک لە دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانى عوساب، ئەوا ئەودەم دەتوانین بە حاڵەتێکى نەخۆشانەى بزانین بێ ئەوەى دیوى میتۆدیی چەمکەکە فەرامۆش بکرێت. واتە نابێت وردەڕاستییەکانى ناو جیهانبینییەک، سنورە گشتییەکانى ئەو جیهانبینییەمان لێ بشارێتەوە. بۆیە هەموو ئەو سیفەتە وردانەى کە هۆرناى بۆ کەسایەتیی عوسابى دیاریی دەکات، لەو خاڵە میتۆدییەدا پوخت دەبێتەوە کە مرۆڤ لەگەڵ خۆى و واقیعیشدا هاوسەنگ نیە، هێند هەیە ناهاوسەنگییەکە بڕ و گوژمى خۆى دەگۆڕێت و دەشێت ژیانى کەسەکە بخاتە مەترسییەوە. بە مانایەکى تر، عوساب سنورێکى میتاسایکۆلۆژییە کە دەروونشیکارى لە دەروونناسیی باو جیادەکاتەوە- دەروونناسییەک کە ژمارەیەکى زۆر ناوى نەخۆشى و نیشانەى داهێناوە بێ ئەوەى هەڵگرى جیهانبینییەکى نوێ و تایبەت بە خۆى بێت. یان کۆکردنەوەیان پێکەوە ناتوانێت میتۆدێک پێکبهێنێت کە پێناسەى مرۆڤ بکات و پەیوەندییشى بە واقیع و جیهانەوە لە سیستەمێکى تیۆرییدا دابڕێژێت. هەتا دەتوانین جۆرێک هاوتاکردنى دەرەکى ئەنجامبدەین و بڵێین ئەم ناونانە خێرا و ڕاگوزەرانە لە کێشەکانى مرۆڤ، خۆى نکۆڵییە لە عوسابێکى ڕیشەیی.

عوساب، لەو ڕووەشەوە هەر بەشێکى پێکهێنەرى میتۆدۆلۆژیی فرۆیدە کە گوزارشت لە چەپاندنێکى بنەڕەتى دەکات، و ئەویش چەپاندنى زیناى مەحرەمە. مادام گرێی ئۆدیب ناوکی سەرەکیی بوونى عوساب (بوون بە تۆخى)، پێکدێنێت، ئەوا بێجگە لە باوک، دایکیش ڕۆڵێکى بنچینەیی تیا هەیە. عوساب، لە قووڵاییدا تێپەڕینە بە ململانێی چەندلایەنەى دایبابدا کە ئەنجامى ململانێکە درووستبوونى کۆمەڵگایە. عوساب وەک ڕاستییەکى میتۆدى، ڕووى سودبەخش و بنیاتنەرى هەیە. تەنانەت عوساب تاکە پەیوەندیی مومکینى مرۆڤە بە جیهان و واقیعەوە. جێگرەوەکانى ترى عوساب، بۆ نمونە دەروونپەشێوى (سایکۆسیس) لە عوساب خراپترە، نەمانى پەیوەندییە بە واقیعەوە، تێکچوونى تەواوەتییە نەک ڕێژەیی، لەدەستدانى تواناى ئارەزووکردن و ژیانە. بۆیە عوساب، وەرگرتنى هەندێک ئیمتیازى کەلتورى و شارستانییە لەبرى زیناى مەحرەم. زیناى مەحرەمیش، شتێک نیە کەوتبێتە پێش عوسابەوە و عوساب بەڕەهایی بەرەنجامى نەڕەخسانى زیناکە بێت. بەڵکو لەڕووى لۆژیکییەوە (نەک زەمەنى)، عوساب دەکەوێتە پێش زیناى مەحرەمەوە. واتە جۆرە ڕێگرییەکى پێشوەخت لۆژیکییە و دەتوانین بە زەین وێناى بکەین. بۆیە لەڕووى زەمەنى و ئەزموونییەوە، بەرکەوتن بە مەحرەم، هەرگیز بە ماناى تێپەڕاندنى عوساب (و چەپاندن) نایەت، بەڵکو بگرە عوسابێکى توندترى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ڕەهەندە میتۆدییەکەى چەمکى عوساب لێرەدا دیسان ئەو تێکچوونەیە کە مرۆڤ لەناو بوون، زانین، ئارەزووى خۆیدا هەڵیگرتووە و جێگرەوەى عوساب هەر عوسابێکى کەمترە. سەرەنجام، داننان بە عوسابدا ڕوویەکى ڕۆشنگەرانەى هەیە: لە کەلتوردا خاکییانە سەیرى خۆمان دەکەین، لە خوێندنەوەى دەروونشیکارییشدا تووشى ئەو وەسوەسە بێ‌بەرهەمە نایەین لەسەر کێشی سەدان وردەتێکچوونی تر، بزانین عوساب کامە نەخۆشییە و چۆن چارەى دەکەین و نیشانە بێ‌ژمارەکانیشى کامەن... ئەمەى دووەم ڕێخۆشکەرە بەرەو خوێندنەوەى تیۆرى هەنگاوبنێین و فێرى بیرکردنەوە ببین لەناو جیهانبینییەکدا.

 

 

وەلید عومەر