A+    A-
(713) جار خوێندراوەتەوە

        ئەو شتە چیە وا «کەس تێى‌ناگات»؟

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

لە دۆسیەى فەرهاد پیرباڵدا، هەم خەڵک و هەم پیرباڵ خۆیشى پێیانوایە شتێک هەیە «کەس تێى‌ناگات». واتە فەرهاد وێنەیەکى بۆ خۆى درووستکردووە (یان درووستکراوە) کە ئاسان لێى تێناگەن، ئەو قوربانیی تەمومژێکى کۆمەڵایەتییە، کورتبینییەکى دەستەجەم. خەڵکەکەش تێکڕا (نەک هەمووى ڕەها)، لەسەر ئەوە کۆکن ئەوان لە فەرهاد ناگەن. پارادۆکسەکە لێرەدایە گەر لە فەرهاد ناگەن، ئەى بۆ دەڵێن تێناگەین؟ واتە تێنەگەیشتن ئەودەم تێنەگەیشتنە، خۆت ئاگات لەوە نەبێت کە تێناگەیت. بۆ نمونە، خەڵک بەو ئاسانییە نەیگوتایە لە فەرهاد تێناگەین. گەر دەزانن تێناگەن، ئەى بۆ هەوڵنادەن تێبگەن؟ مەگەر ئەم نهێنییە چیە، کە دەزانیت نهێنییە و هەوڵى تێگەیشتنیشى نادەیت؟  ئاخۆ ئەمە تەنیا ژێستێکى پووک و نەزۆکە، یان قەیدى چى، بەو پووکییەشەوە گوزارشت لە شتێکى تر دەکات لە دەرەوەى خۆیەوە. لێرەدا تەنیا سێ ئەگەر دەپشکنین کە لە دۆسییەکە پتر دەڕوات، چونکە دیاردە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان عادەتەن لە خۆیان زیاتر دەڕۆن، گوزارشت لە شتانێکى تر دەکەن کە دەشێت لە ویستى شەخسێنیی بکەرەکانیش دەربچێت. لانیکەم، دەتوانین لەسەر سنورى تاک/کۆدا بوەستین، نە بچینە ناوەوەى دیاردەکەوە و نە بەتەواویش لێى بێینەدەر.

یەکەم، پێموایە ئێمە خەڵکێکین، هێشتا لە مەودایەکەوە دەمانەوێت لە شت تێبگەین. تێگەیشتن، پرۆسەیەکى ڕیسکئامێزە، دەبێت خەڵکێک بەکۆ بچنە ئەم ڕیسکەوە، مێژوو و میتافیزیکەکەیان بخەنە ڕیسکەوە، وێنەى خۆیان و کۆمەڵگاکەش بخەنە ڕیسکەوە. تێگەیشتن، جۆرێک بێ‌شەرمییە، بێ‌شەرمی لە هەموو ئەو شتانەى مرۆ بنیاتیناوە (یان ئەو وەهمەى هەیە بنیاتیناوە). تێگەیشتن بۆ ئێمە، هاوکات و هاوشانە بە گۆڕان. واتە هەرکە تێبگەین، گۆڕاوین. تێگەیشتن چەمکێکى ناچالاک نیە، بەڵکو دووقاتە بە چالاکییەکى ناوەکى. بە مانایەکى تر، گەر "ویستى تێگەیشتن" بکەوێتەگەڕ، ویستى گۆڕانیش پێشوەخت کەوتووەتەگەڕ. تێگەیشتن، جۆرێک دانپیانانە بە وێنایەکى نوێدا کە وێنا کۆنەکەمان لێ دەشێوێت. بەتایبەت لەو ڕووەوە کە تێگەیشتن هەڵگرى تراومایەکە، تراومایەک ئەو یارییەت لێ دەشێوێنێت پێشتر کردووتە. ژیانى کوردەوارى، لە هەموو ڕوویەکەوە گەمەیەکى شانۆییە. هەوڵدەدەین یان حەزدەکەین بەو جۆرە ببینرێن کە دەینوێنین. بەڵام کەلێنێکى جدى لەنێوان نواندنەکە و ئەرزى واقیعدا هەیە. لە سیاسەتەوە بۆ هەموو کایەکان، ئەم شانۆیە بەشێوەیەکى زیرەکانە لەگەڕدایە (زیرەکانە بەو واتایەى کە ئاسان خۆمانى پێ فریو دەدەین). جا تێگەیشتن، بۆ ماوەیەکى باش ئەو نواندنە شانۆییە لە مرۆڤ تێکدەدات. بەر ڕاستییە تاڵەکانى خۆى دەخات. بۆیە هەر تێگەیشتنێک بۆ مە، ڕوشاندنى وێنە وەهمییەکەشە لەسەر خۆمان. کاتێک مارکس و ئەنگڵس، دەقێکى ڕۆشنبیرانەى وەک "ئایدۆلۆژیاى ئەڵمانى" دەنوسن، دەقێکى خۆماڵى لەسەر واقیعى خۆیان دەنوسن و فیکرى کلاسیک هەڵدەوەشێننەوە/هەڵدەگرنەوە. ئەوان تێگەیشتن و تەفسیر دەکەنە پێشزەمینەى گۆڕان، گەر نەڵێین دەستێوەردانى پێشوەخت لە گۆڕان. لێرەوەیە چەمکى تێگەیشتن بۆ ئێمە، تۆنێکى ناخۆشترى هەیە لە چەمکى گۆڕانکارى. گۆڕانکارى، چەمکێکى ڕاستەوخۆ و بێ‌نێوانگرە، فێڵێکە لە پرسى تێگەیشتن و خۆبینین. خۆبینین، واتە چالاکانە خۆت ببینیت، خۆت بکەیتە ئۆبێکتى تێگەیشتن. کورد خۆى دەڵێت «ڕێسەکە بکەیتەوە بە خورى»، گەرچى ئەوە بۆ کاروبارى بەشەکیی ڕۆژانە گوتراوە، لەکاتێکدا تێگەیشتن پێویستى بە ڕیسکێکى گشتەکییە بەبێ ڕەچاوکردنى بەشەکان. ئەمڕۆ لێرەولەوێ، لە میدیاکان، هەتا لاى ئەو نوسەرانەى گەڕانەوەیەکى نیمچە-خورافییان هەیە بۆ مێژوو هەوڵێک لەبارەى تێگەیشتنەوە هەیە، تێگەیشتن لە خۆمان و هتد؛ بەڵام جار هەیە ورووژاندنى خورافاتێک بۆ زەمەنێکى تر مرۆڤ و کۆمەڵگا دوادەخات (وێڕای ڕێز لە ماندووبوونی خاوەن هەوڵەکان). ئێمە تازە ناتوانین لە مێژوودا بژێینەوە، تاکە پەیوەندییمان هەر هاوشوناسى دەبێت، بۆیە هاوشوناسى سود و زیانیشى هەیە. بە مانایەکى تر، گەڕانەوە بۆ مێژوو دەشێت فێڵى ئیگۆى ئێمە بێت بۆ خۆفریودان، چ لەوەش باشتر کە لەژێر کەوڵى ناوگەلى وەک کورد و مێژوو و فیسار شارستانییەتى کۆندا ئەنجامبدرێت. کوردێکى زیندووى ئێستا، پێوەرى کۆتایی تێگەیشتنمانە لە خۆمان.

دووەم، بگەڕێینەوە لاى مەسەلەى ئەو شتە چیە وا «کەس تێى‌ناگات». ئێمە لە بەراییەکانى دونیاى مۆدێرندا، ناتوانین لە هەموو شتێک تێبگەین، نامانەوێت، یان لاى کەمییەکەى فریا ناکەوین. ئەمە وادەکات، حەزمان لە هێشتنەوەى بڕێک تەمومژ بێت، بەتایبەت لە پرسە ڕۆشنبیرییەکاندا. دەمانەوێت فڵان ناو هەبێت، فڵان کتێب هەبێت، بەس ناوەڕۆکەکەى نا. هێشتنەوەى ئەم تەمومژە، پەیوەندییەکى سەمەرە بە ژیانى مۆدێرنەوە ڕادەگرێت. بۆ نمونە، دەمانەوێت شتەکە هەبێت، بەڵام بە هەڵپەسێراوى، دوورەدەست، ئەزمووننەکراو. دیارە ئەمەش ڕیشەى دەچێتەوە سەر ئەو شانۆ دەستەجەمییەى کە کۆمەڵگاکە دەینوێنێت. بەتایبەت لەو ڕووەوە کە ئێمە ناتوانین و نەڕەخساوە، ئاگایانە و بەپێى ویستى تێگەیشتنى خۆمان لە شتەکاندا بژین. هەر شتێک تێیدا نەژیت، بێگومان وەک شتێک دەمێنێتەوە کە «کەس تێى‌ناگات». تێنەگەیشتن، لێرەدا واتە "تیا نەژیان". واتە ئاگایی دەستەجەمعى تێیدا نەژیاوە، ئەزموونمان نەکردووە، لە کرۆکى مێژووەکەدا تۆمارنەبووە. بۆیە ئەو شتەى کە «کەس تێى‌ناگات»، شتێکى زۆر دیاریکراو نیە، مەتەڵ و نهێنییەکى ڕۆشنبیرى نیە، بەڵکو فێڵێکى بۆشى مێژوو خۆیەتى و کۆى خەڵک دەتوانن دانى پیا بنێن بێ‌ئەوەى لەوە زیاتر لێى بچنەپێش. تێنەگەیشتنەکە، حوکمی کۆمەڵەی بەتاڵی هەیە. هەروەها سود و چێژى زیاترە تا تێگەیشتن کە پڕئەرک و سەرێشەیە. لێرەدا فەرهاد بەشێکى هەرەبچوکى ئەم فێڵەیە و شتەکە پەیوەندیی بە بەدنیازیی شەخسیی ئەوەوە نیە. هەر بەدنیازییەکى شەخسى، زوو دەڕەوێتەوە و کۆتاییدێت. مێژوو، لە بەدنیازییەکان سەرووتر دەڕوات و بەرزىونزمییەکانى ناو ڕەوتى خۆى هەڵدەماڵێت. پشکى شەخس لێرەدا هەر ئەوەندەیە بۆ ماوەیەکى کەم لەم فێڵە سودمەند ببێت (بۆ نمونە مەرامە پاتۆلۆژییەکانى و دەسکەوتە ناڕەواکانى وەک بنیامێک). ئەگینا گەر ڕۆژێک مێژوو وەک «مێژوو» بکەوێتەگەڕ، فێڵە شەخسى و ناشەخسییەکان دەدوورێت بە یەکترەوە و ڕێسایەکیان لێ درووستدەکات. نەڕسکانى مێژوو وەک ئەوەى هەیە، وادەکات کایەى "ڕۆشنبیرى"يش هێشتا میکانیزمە سرووشتییەکانى خۆى نەدۆزێتەوە و ئیشى پێ نەکات. بۆ نمونە، پانتاییەکە هەندێ ڕۆڵ بگێڕێت کە لەبنەڕەتدا ڕۆڵى ئەو نەبێت بەڵکو ڕۆڵى دەزگا سیاسى و یاسایی و مرۆییەکانى ترە. بۆ وێنە، لاى ئێمە، پانتایی بابەتى (ئۆبێکتیڤ) بەتەواوى درووستنەبووە، بۆیە زۆرترین شتە سوبێکتیڤ و شەخسییەکان دێنە ناو کایەکانەوە. زۆرکەس سەر بە کایەگەلێکدا دەکەن کە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە نەڕسکاون، و گەر لە کۆمەڵگایەکى مەدەنى و تەندرووستدا بوونایە، ئاسودەتر و فەردانیتر دەژیان و ئەم کایانەیان بە کۆمەڵێک خواستى مەحاڵى شەخسى بارنەدەکرد. بە دەربڕینێکى تر، گەر تاکەکەس لە ژینگەیەکى تەندرووستتردا پێبگات، پێویستى بە هیچى تر نیە. ئەو دەتوانێت وەک مرۆڤێک بژى کە ماف و کەسێتى و ئازادییەکانى پارێزراون. بۆیە دەشێت کاتێک نوسەرێک دەڵێت تێم ناگەن، مەبەستى ئەوە بێت وەک مرۆڤێک ڕێزى ناگیرێت و داوایەکى مەحاڵى لە ژینگەیەکى پڕکێشە هەیە. گەر ڕاستەوخۆ بچینەوە سەر باسەکە، ئەو شتەى کە «کەس تێى‌ناگات»، هیچ نیە جگە لە نەخەمڵان، تێکەڵکارى، بەدحاڵیبوونێکى مێژوو خۆى کە ئەرکەکانى ڕانەپەڕاندووە. ئەو شتەى «کەس تێى‌ناگات»، لە گۆشەیەکى ڕاشکاوانەى ترەوە هەموو «کەس تێى‌دەگات»: ئەرکەکانى مێژوو. بۆیە لێرەدا و گەر بە حەرفى ڕستەکە وەربگرین ئەوا ئەم "کەس"ـە، بریتییە لە "ئەویترى گەورە"، لە مێژوو، ئەوەى کە یەکسان نیە بە تاکەتاکەى ئەو کەسانەى ڕستەکە دەڵێنەوە (جۆرێک لە ئەویتر کە لە ویستى یەکەیەکەى مرۆفەکان دەرچووە). ئەمە هێشتاش بەو مانایە نایەت کە تاکەکان، نوسەران و هتد، وەک خودى خۆیان تەواو ڕوون و ڕووت ببنەوە. باسەکە لەوە ژوورترە. دەشێت لە ئاساییترین و تەندرووستترین کۆمەڵگادا، نوسەران و کتێبنوسان وەک خاوەنى تەمومژ و لوغزێک بمێننەوە، بەڵام ئەوەیان ئەوکات سەر بە ناوەوەى پانتایی ڕۆشنبیرى دەبێت نەک شتێکى تر. بۆ نمونە تا ئەم ساتەش لە مێژووى فیکردا، زۆر بیرمەند هەن وا ناسراون ناڕوون و دەرەحاڵیبوونن. بەڵام ئەمە لەوە دەرچووە کە «کەس تێى‌نەگات»، گەر بشڵێن «کەس تێى‌ناگات»، ئەوا تەمومژەکە لە پانتایی ڕۆشنبیرى تێناپەڕێت.

سێیەم، گوزارەى «کەس تێى‌ناگات»، بەوەش ناڕەوێتەوە نوسەرانى تر بێن و فەرهاد پیرباڵ بڕووتێننەوە (بەتایبەت بە زمانێکی نزیک لەو کەشەی فەرهادی تیا درووست بوو). هاوکات ئەمە تا جێیەک ڕەوایە، بەتایبەت کاتێک مێژووەکە ڕقى خۆى لە کتێب و ڕۆشنبیر بەشێوەیەکى ئاوەژوو لەڕێى فەرهاد پیرباڵەوە پیشاندەداتەوە. گەر ڕاست بڕۆین، خۆشەویستیی گەنجانێک بۆ ئەو هەر لە سەردەمى کتێبى "زمانى حەیزەران"ـەوە، بۆ ئەم ناعەقڵانییەتە شاراوەیە بووە کە دەبوو وەک "مرۆیەکى عوسابى" بیکەیتە هەراوزەنا، نەک خەڵک هانبدەیت بۆ هێمنى و پشوودرێژى و بیرکردنەوە. لە مێژوویەکدا کە عەقڵ، گەشەی سرووشتیی خۆی نەبڕیوە، زۆر جووڵەی هونەری و ئەدەبی وەک شتی ناعەقڵانی دەکەونەوە. لە لایەکى تریشەوە، ئەو شوێنەى فەرهادى لێ وەستاوە، دیسان شوێنێکى ناکۆک و پڕ پارادۆکسە: ئەو بەجۆرێک دەدوێت لەسەروو نوسەرێکى ئاساییەوە بووە، زۆر خۆى نەخستووەتە ناو ڕقەبەرێتى و دژایەتیی نوسەرانەوە، تەنانەت کاتێک باسى سیاسییەک دەکات ئەو ژێستە دەنوێنێت لەوە سەرووترە خۆى بە ڕەخنەى حیزبەوە سەرقاڵ بکات و خەمێکى شاراوەى کوردانەى هەیە، بەڵام هاوکات ناتوانێت ئەم خاڵانە تا کۆتاییەکەى ڕابکێشێت و بیخاتە خزمەتى وێنەکەى خۆیەوە و ئەرکەکەى وەک کەسێکى گەورەتر لە ئێستا ڕاپەڕێنێت (سەرەنجام ئەو خاڵی یەکەمی لە خاڵی دووەمدا لەناوبرد و دەرکەوت خراپە ڕاستەقینەکە لە حیزبدایە و هیچ شتێک ناکەوێتە سەرووی حیزبەوە). شکستى وێنەى فەرهاد، شکستە لەو چاوەڕوانییەى کە لەسەرەتاوە بۆ خۆى درووستیکردووە. پیادەنەکردنى ئەو ماتەوزە و دەسکەوتە پۆزەتیڤانەی ناو خۆیەتى کە نەیتوانیوە بیخاتە سەر زەویی واقیع. درووستکردنى کاریکاتێرێکە لە کۆمەڵێک ئیمکان کە دەشیا لاى خەڵکانى تر شتى باشترى لێ بەرهەمبهێنرێت. کاتێک ئەم ئیمکانانە پووچەڵ دەبنەوە، ئیتر ئەو گوزارەش لە ئاستى کەسێنى‌دا پووچەڵدەبێتەوە وا «کەس تێى‌ناگات»، و ئەوپەڕەکەى کاتى ناو گوزارەکە گۆڕانى بەسەردا دێت و دەوترێت «کەس تێى‌نەگەیشت». ئەمەش دیسان لەناو مێژوودا و لەڕێى کارەکانیەوە ڕووندەبێتەوە چیی نوسیوە و چیی نەنوسیوە (ئەرکەکە دەکەوێتە سەر پانتایی ڕۆشنبیرى و ئەمەش مامەڵەیەکى نەبڕاوەیە).