A+    A-
(575) جار خوێندراوەتەوە

               «کەمتر لە هیچ»:

          هەڵبەزودابەزى ڕواڵەتەکان[1]

 

 

 

سلاڤۆى ژیژەک

و. وەلید عومەر

 

 

 

ئەوەى ناتوانین بیڵێین، دەبێت پیشانیبدەین

 

کۆتا گوزارەى بەناوبانگى ناو "تراکتاتۆس[2]"ـەکەى ڤیتگنشتاین- «ئەو شتەى نەتوانین لەبارەیەوە بدوێین، دەبێت لێى بێدەنگ بین»- پارادۆکسێکى ئاشکرای تیایە: قەدەغەیەکى زیادەى هەڵگرتووە، چونکە شتێک قەدەغەدەکات کە پێشوەخت خۆى هەر مەحاڵ [و قەدەغەیە][3]. ئەم پارادۆکسە، بێ‌پێچ‌وپەنا دیدە باڵادەستەکە سەبارەت بە نواندنەوەى ئێستاتیکیی هۆڵۆکۆست، بەرهەمدەهێنێتەوە: نابێت بکرێت، چونکە خۆى [هەر] لە توانادا نیە بکرێت. ڕەچەڵەکە ئیسپانییە-کاسۆلیکەکەى خۆرخە سێمپرون [ـى نوسەرى ئیسپانى١٩٢٣-٢٠١١]، ڕۆڵێکى گرنگ لە ئاوەژووکردنەوەى ئەم قەدەغەیەدا دەگێڕێت: بە لاى سێمپرونەوە، ئەوەى دواى ئاوشڤیتز مەحاڵە چیدى چیرۆکەخەیاڵى شاعیرانە نیە، بەڵکو دۆکیومێنتاریی پەخشانیی [- تەواو واقیعییە]. لە بەرامبەریشدا، بەلاى ئیلى ڤیزیلەوە، هیچ ڕۆمانێک ناتوانێت لەبارەى ئاوشڤیتزەوە بێت: هەر دەقێک بانگەشەى واى هەبێت، یان لەبارەى هۆڵۆکۆستەوە نیە، یاخۆ ڕۆمان نیە. سێمپرون ئەم بانگەشەیە ڕەتدەکاتەوە کە ئەدەب و هۆڵۆکۆست بەراوردناکرێن بە یەکتر، و ڕایدەگەیەنێت ئەوە تەنیا هونەرە دەتوانێت هۆڵۆکۆست بنوێنێتەوە: هەڵەکە، بەئێستاتیکیکردنى هۆڵۆکۆست نیە، بەڵکو دابەزاندنێتى بۆ ئاستى بابەتى بەسەرهاتێکى بەڵگەنامەیی. هەر هەوڵێک بۆ «بەرهەمهێنانەوەى ڕاستییەکان[4]» بە شێوەی بەڵگەنامەیی (دۆکیومێنتارى)، ئاسەوارى تراومایی ئەو جۆرە ڕووداوانە پووچەڵدەکاتەوە، یان بە وتەى ژاک لاکان، یەکێکى تر لە کاسۆلیکە بێخواکان: حەقیقەت، بونیادێکى وەک چیرۆکەخەیاڵ (فیکشن)ـى هەیە. تەقریبەن کەس نیە بەرگەى فیلمێکى ڤیدیۆیی بگرێت کە ئەشکەنجە و کوشتوبڕى واقیعى پیشاندەدات، تەنانەت بشتوانێت کەمەکێک چێژى لێ وەربگرێت، بەڵام گەر چیرۆکەخەیاڵ(فیکشن)ێک بێت دەتوانین چێژى لێ وەربگرین: هەرکاتێک حەقیقەت هێند تراومایی بووەوە کە نەتوانین ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووى ببینەوە، ئەوسا بەس لەژێر کەوڵى چیرۆکەخەیاڵێکدا پێمان قووتدەچێت. کلۆد لانزمەن ڕاستى دەکرد کە دەیگوت، گەر بهاتایە و بەڕێکەوت تووشم ببووایە بە تووشى هەندێ لەو فیلمە بەڵگەنامەییانەى وا کوشتارى واقیعیی زیندانییانى ئاوشڤیتزیان پیشاندەدا، ئەوا بێ‌ئەملاولا لەناومدەبردن. جا دۆکیۆمێنتاریی لەم شێوەیە نەک هەر قێزەونە، بگرە بێڕێزیکردنە بە قوربانییەکانیش. گەر بێتو بەم شێوەیە سەیربکرێت، ئەوا چێژى چیرۆکەخەیاڵە ئێستاتیکییەکە هەروا شێوازێکى سادەى هەڵهاتن نیە [لە تراوما و زەبرە دەروونییەکە]، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ هەڵکردن لەگەڵ بیرەوەرییە تراوماییەکەدا- میکانیزمێکى مانەوە.

بەڵام ئەى چۆن خۆمان لەو مەترسییە بپارێزین کە چێژى ئێستاتیکیی چیرۆکەخەیاڵەکە، ئەو تراومایانە نەسڕێتەوە وا تایبەتن بە هۆڵۆکۆست؟ تەنیا کەمەکێک هەستیاریی ئێستاتیکییمان پێویستە بۆ ئەوەى بزانین ڕۆمانێکى حەماسى (ئێپیک) دەربارەى هۆڵۆکۆست، کە بە ستایلى باڵاى ڕیالیزمى سایکۆلۆژیی سەدەى نۆزدە نوسراوە، چ عەیبوعارێکى هەیە: دونیاى ئەم جۆرە ڕۆمانانە، یانى ئەو گۆشەنیگایەى لێیەوە نوسراون، سەر بە سەردەمێکى مێژوویین کە دەکەونە پێش هۆڵۆکۆستەوە. ئانا ئەخماتۆڤ [ـى ژنەشاعیرى ڕووسى]، کاتێک لە ساڵانى سیى یەکێتیی سۆڤیەتدا هەوڵیدا وێنەى کەشوهەواى ترس‌وتۆقى ستالینى بکێشێت، تووشى گرفتێکى وەک ئەم گرفتەى ئێرە بوو. ئەو لە یادەوەرییەکانى خۆیدا باسى ئەوە دەکات لە گەرمەى پاکتاوە ستالینییەکاندا چ ڕوویدا، ئەو خۆى لە ڕیزێکى درێژى دەرەوەى گرتووخانەى لینینیگراد چاوەڕێ دەبێت چارەنووسى کوڕە دەسگیرکراوەکەى بزانێت:

ڕۆژێکیان کەسێک لەو قەرەباڵغییەدا منى ناسییەوە. ژنێکى گەنج لەپشتمەوە بوو، لێوى لە سەرمادا شین‌هەڵگەڕابوو. وەکو "ناومنى نەدەناسییەوە. دواى بیستنى ناوەکەم، لەو خەواڵووییە عادەتییە هاتەدەر کە باڵى بەسەر هەمووماندا کێشابوو و بە چپەوە لێى پرسیم (هەمووى بەچپەوە قسەیاندەکرد)، «ئەتوانى وەسفێکى ئەم دۆخە بکەى؟». منیش وتم: «بەڵێ ئەتوانم». پاشان شتێکی چەشنى بزەیەکى ڕاگوزەر کەوتە سەر ڕووخسارى[5].

لێرەدا مەبەست لە چ وەسفکردنێکە؟ بەدڵنیاییەوە وەسفى ڕیالیستیی دۆخەکە نیە، بەڵکو وەسفێکە فۆرمى ناوەکیی خۆى لە واقیعە پشێوەکەوە دەردەکێشێت، هەر بەو جۆرەى کە شۆنبێرگ لە هەناوى مۆسیقا بێ‌تۆنەکەى خۆیەوە، فۆرمى ناوەکیی ترس‌وتۆقى تۆتالیتاریی دەرکێشا. لەم ئاستەدا، حەقیقەت (truth) چیدى ئەو شتە نیە بەسترابێتەوە بە بەرهەمهێنانەوەى ڕاستگۆیانە و [دەقاودەقى] فاکتەکان (fact)ـەوە. لێرەدا پێویستدەکات جیاوازییەکەى نێوان حەقیقەت (ـى فاکتمەند) و ڕاستبوون[6]بخەینەڕوو: ئەوەى چیرۆکى ژنێکى ئەتککراو دەکاتە جێى بڕوا‌ومتمانە، شتانێکى وەک پشت‌پێ‌نەبەستن، تێکەڵکارى، نایەکانگیریی چیرۆکەکەیە. گەر قوربانییەکە بیتوانیایە ئەزموونە بەژان و پڕسوکایەتییەکەى خۆى بەڕوونى بگێڕێتەوە، و هەموو زانیارییەکانى لە نەزمێکى ڕێکوپێک و یەکانگیردا بخاتەڕوو، ئەوا هەر ئەم تایبەتمەندییە [ڕێکوپێکە] دەیخستینە گومانەوە. هەمان شت سەبارەت بە پشت‌پێ‌نەبەستراویی ئەو چیرۆکە زارەکییانەش ڕاست‌دەردەچێت کە ڕزگاربووانى هۆڵۆکۆست خستوویانەتەڕوو: شایەتحاڵێک بیتوانیایە ڕوون‌وڕەوان ئەزموونى ئۆردووگاى خۆى بگێڕێتەوە، مافى شایەتیی خۆى لەباردەبرد. بە دەربڕینێکى هیگڵى بیڵێین، کێشەکە خۆى بەشێکە لە چارەسەر: ئەو کەموکورتییانەى ناو گێڕانەوەى سوبێکتە تراوماچەشتووەکە کە لە فاکتەکاندا هەیەتى، خۆى بەڵگەیە بۆ ڕاستبوونى گێڕانەوەکەى؛ چونکە ئەو کەموکورتییانە دەریدەخەن ناوەڕۆکە گێڕدراوەکە ئەو فۆرمەى تووشى خەوش و [کەموکورتى] کردووە وا پێى گێڕدراوەتەوە[7]. دیارە ئەوەى لێرەدا سەروکارمان هەیە لەگەڵى، کەلێنێکە لەنێوان ناوەڕۆکە دەربڕاوەکە[8] و پێگەى سوبێکتیڤى دەربڕینەکەدا[9]. گ. ک. چیستەرتۆن سەبارەت بە نیچە، کاتێک هەر بە "تەنیا بە وەعز نکۆڵیی لە خۆپەرستى کرد" دەنوسێت: «وەعزدان لەبارەى هەر شتێکەوە، ماناى بەخشینى ئەو شتەیە. سەرەتا کەسى خۆپەرست ژیان بە جەنگێکى بێڕەحمانە ناودەبات و پاشان هەر زەحمەتێکى گەورەى لەدەست بێت دەیدات بۆ ئەوەى دوژمنەکانى لە جەنگدا بەکاربێنێت. وەعزدان لەبارەى خۆپەرستییەوە، ماناى خۆڕاهێنانە لەسەر مرۆدۆستى[10]». میدیۆمەکە لێرەدا خۆى پەیامەکە نیە[11]، بەڵکو تەواو پێچەوانەیە: ئەو میدیۆمەى بەکاریدەهێنین – واتە نێوکەسیبوونى گەردوونیی زمان- خۆى پەیامەکە لاوازدەکات. بۆیە، شتەکە بەو جۆرە نیە کە ئێمە بێین و ئەو پێگە تایبەتەى دەربڕین ئیدانەبکەین کە ناوەڕۆکە دەربڕاوە گەردوونییەکە دەپارێزێت- بۆ نمونە ئەو سوبێکتە سپى‌پێست و دەوڵەمەندەى جاڕى گەردوونیبوونى مافەکانى مرۆڤ دەدات. بەڵکو هەڵدانەوەى گەردوونیبوونەکە گرنگترە، ئەوەى کە بانگەشە تایبەتەکەى ئەو دەهێڵێتەوە و بەشێوەیەکى نوستووش سست و لاوازیدەکات. نمونەیەکى پڕاوپڕ لێرەدا، وەک ئەوەى بێرتراند ڕاسلیش ئاماژەى بۆ کردووە، ئەوەیە کە کەسێکى منگەرا (solipsist)[12] هەوڵدەدات قەناعەت بەوانیتر بێنێت تەنیا خۆى بەڕاستى بوونى هەیە [و بەهۆى ئەوانیترەوە منگەرێتییەکەى خۆى خەوشداربکات و بێ ئەوانیتر نەتوانێت منگەرا بێت]. ئاخۆ دەتوانین ئەم ئەرگۆمێنتە بەسەر کێشەى تۆلێرانس یان نەبوونى تۆلێرانسیشدا بگشتێنین؟ پێناچێت هەرگیز بتوانین، گەرچى لە وەعزدانى تۆلێرانسیشدا بابەتێکى لەو جۆرەمان هەیە: ئەو پێشگریمانەکانى خۆى (دەگرێتەپێش) و پێشیاندا دەچێتەوە[13]. واتە، سوبێکت بەقووڵى لاى دراوسێکەیەوە «وەڕس دەکرێت»، و بەم پێیە تەنیا جارێکى تر [لەڕێى تۆلێرانسەوە] پشتڕاستیدەکاتەوە. ئاخۆ پۆل کلاودێل، لە وەڵامە مەشهورەکەى خۆیدا ڕووەو "جول ڕۆنار"، شتەکەى تەواو نەپێکا:

«ئەى تۆلێرانس؟»، ئەویش وەڵامدەداتەوە:

»II y a des maisons pour ça!«

بە حەرفى واتە: هەندێ ماڵ یان خانەمان بۆى هەیە.

 (بەڵام خۆى une maison de tolerance، دەربڕینێکە لە زمانى فەڕەنسی‌دا بۆ قەحبەخانە بەکاردێت). ئاخۆ چیستەرتۆن، وەک هەموو جارێک، بەو توانجە ناسراوەى خۆیەوە، «تۆلیرانس، فەزیلەتى ئەو کەسەیە وا قەناعەت و بیروباوەڕى نیە»، ڕاستییەکەى تەواو نەپێکاوە؟

وانەى ئێستاتیکیی پشتەوەى ئەم پارادۆکسە، ڕوونە. ترس‌وتۆقى هۆڵۆکۆست نانوێنرێتەوە؛ بەڵام دەبێت ئەم زیادەیەى ناوەڕۆکە نوێنراوەکە[14]بەسەر نواندنەوە ئێستاتیکییەکەیەوە، خەوش بخاتە خودى فۆرمە ئێستاتیکییەکەوە. ئەوەى وەسفناکرێت، دەبێت لە فۆرمە هونەرییەکەدا وەک شێواوییەکى سەیرونامۆ هەڵبکۆڵرێت[15]. ڕەنگە لێرەدا گەڕانەوەمان بۆ تراکتاتۆسەکەى ڤیتگنشتاین یارمەتیدەر بێت. بەپێى تراکتاتۆس، زمان وێنەى واقیع دەکێشێت، ئەویش بەیاریدەى هاوبەشی‌پێ‌کردنى فۆرمێکى لۆژیکیى هاوبەش لەگەڵ وى‌دا.

 

گوزارە (proposition) ناتوانێت فۆرمى لۆژیکى (logical form) بنوێنێتەوە؛ بەڵکو [فۆرمى لۆژیکى] خۆى لەودا پیشاندەداتەوە. ئەوەى لە زماندا ڕەنگدەداتەوە، زمان ناتوانێت بینوێنێتەوە. ئەوەى لە زماندا خۆى دەردەبڕێت، ئێمە ناتوانین بەهۆى زمانەوە دەریببڕین. گوزارە، فۆرمى لۆژیکیی واقیع پیشاندەدات. [واقیع]، دەخاتە نمایشەوە. (١٢١.٤)   

 

ئێمە دەزانین وێنەیەکى خۆرئاوابوون، خۆرئاوابوون دەنوێنێتەوە؛ چونکە هەریەکە لە وێنەکە و خۆرئاوابوونەکەش "فۆرمێکى وێنەیی"(pictorial form)ـى هاوشێوەیان هەیە. بە هەمان شێوە، گوزارەیەک و ئەو شتەشى گوزارەکە دەینوێنێتەوە، "فۆرمێکى لۆژیکى"ـى هاوشێوەیان هەیە: هەر گوزارەیەک، وێنەى فاکتێک دەکێشێت، و دەشتوانین فاکتەکە بەسەر دۆخى جیاجیاى شتەکاندا شیبکەینەوە، هەروەها گوزارە خۆیشى بەسەر گوزارەى سەرەتایی جیاجیادا دابەشدەبێت. ڤیتگنشتاین لێرەدا جیاکارییەک دەخاتە نێوان وتن (saying) و پیشاندان (showing)ـەوە: کاتێک گوزارەیەک دەڵێت فاکتەکە فڵان دۆزە، ئەوا خەریکە ئەو فۆرمە لۆژیکییە پیشاندەدات وا بەهۆیەوە ئەم فاکتە بوونى هەیە. ئەنجامى ئەم جیاکارییە ئەوەیە ئێمە تەنیا دەتوانین شتانێک لەبارەى فاکتەکانى ناو جیهانەوە بڵێین. ناتوانین لەبارەى فۆرمى لۆژیکییەوە بدوێین، تەنیا دەتوانین پیشانیبدەین. «ئەوەى بتوانین پیشانیبدەین، ناتوانین بیڵێین» (تراکتاتۆس١٢١٢.٤ ). گەر بێتو ئەم گوزارەیە لەگەڵ کۆتا گوزارە [ـى تراکتاتۆس]دا بخوێنینەوە ("ئەو شتەى نەتوانین لەبارەیەوە بدوێین، دەبێت لێى بێدەنگ بین ")، ئەنجامەکە واى لێدێت کە ئەوەى نەتوانین بیڵێین دەتوانین پیشانیبدەین، واتە ڕاستەوخۆ لە/لەلایەن[16]فۆرمى قسەکردنەکەوە[17] خراوەتەڕوو. [واتە لە یەک کاتدا لە فۆرمى قسەکردنەکەدا و لەلایەن فۆرمى قسەکردنەکەشەوە خراوەتەڕوو]. بە دەربڕینێکى تر، پێویستە پرسى «پیشاندان» لاى ڤیتگنشتاین نەک لە مانا عیرفانییەکەیدا، بەڵکو وەک بەشێک لە زاتى زمان تێى‌بگەین، وەک فۆرمى زمان. ئێستاش با بگەڕێینەوە سەر نمونەکەى خۆمان دەربارەى تراوما: ئێمە ناتوانین ڕاستەوخۆ دەربارەى تراوما بدوێین یان وەسفى‌بکەین، بەڵکو دەتوانین زیادە تراوماییەکە[18]لە شێواویی ئاخاوتنماندا دەربارەى تراوماکە «پیشانبدەین»، لە دووبارەبوونەوە شێوەهێلکەییەکانى و شێواوییەکانى تریدا [«پیشانیبدەین»]. سێمپرون لە ڕۆمانى "Le grand voyage"ـى خۆیدا، ڕێک فۆرمێکى نوێى لەم جۆرەى داهێنا: «فۆرمێکى لۆژیکی»ـی گێڕانەوە کە پڕ بە بەرى تراوماکەى هۆڵۆکۆستە، ئەویش بەهۆى «پیشاندان»ـى ئەو شتەوە کە ناتوانین ڕاستەوخۆ وەسفى‌بکەین[19].

  چیرۆکى ناو ڕۆمانەکەى سێمپرون، لە گەشتێکى درێژى ناو فارگۆنێکى تەسک و چرووکدا خۆى دەردەخات کە ١٢٠ جەنگاوەرى بەرەنگاریی هەڵگرتووە لە کۆمپێینەوە بیانگوازێتەوە بۆ بۆخنواڵد. چیرۆکەکە، هەروا وەک چیرۆکى ڕاگوزەرى ناو فارگۆنەکە دەمێنێتەوە: لە کۆمەڵێک وەرچەرخانى زەمەنیی کتوپڕدا، چیرۆکەکەى جیرارد لە سەردەمى پێش جەنگەوە بۆ ساتى ئازادبوون لە ساڵى ١٩٤٥ درێژدەبێتەوە، بۆ دوو، سێ، شانزە، یان ژمارەیەکى دیارینەکراوى ساڵانى دواتر بەملا و بەولادا دەڕوات. ئەم وەرچەرخانانە، لە شێوەى کۆمەڵێک چرکەساتدا، لە ڕەوتى ئاگایی [پێچاوپێچ] و تێکشکاوى جیرارددا خۆیان دەردەخەن؛ لەکاتێکدا ئەو خەریکى تێپەڕاندنى تاقیکردنەوەى سەختى گەشتەکەیە لە دەمى ئێستادا، شتان بیردەهێنێتەوە و "شتى نەهاتوو- بیردێنێتەوە[20]"(داهاتوو بیردەهێنێتەوە- وێنایدەکات)، چونکە ئەم ئەزموونە ئەوى بەسەر "خودێکى وردوخاش[21]"دا دابەشکردووە. وردەکارییەکانى ژیانى وى، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا، وەک فرەییەک تەوژم لە ڕەوتى بەرپێنەگیراوى‌ زەینى ئەوەوە هەڵدەقوڵێن: ئەو لە یەک کاتدا پارتیزانێکە لە بەرەى بەرەنگاریی فەڕەنسا، زیندانییەکى دەستبەسەرە لاى ئەڵمانییەکان، ڕزگاربوویەکى بۆخنواڵدیشە. سێمپرون، بەهۆى ئەفراندنەوەى ئاگایی جێراردەوە وەک خاڵى یەکتربڕى سێ زۆنى زەمەنى، تاقیکردنەوەى سەختى نەبڕاوەى شلۆکى زیندانییەکى ئۆردووگا، کە هەستى ژیانکردنى لەدەستداوە، وەک پەڕینەوەیەک دەخاتەڕوو لە دوێنێوە دەگاتە ئەمڕۆ و بۆ سبەینێش درێژدەبێتەوە.  

بابەتى "مەرگى سوبێکت"، پەرتەوازەییەکەى لە حەشرونەشرى هێڵە دژیەک و پەرشەکانى گێڕانەوەدا، عادەتەن وەک دەرەنجامى کۆمەڵێک ڕامانى هونەریی نوخبەیی سەیردەکرێت؛ ئەویش جیا لە خەم‌وختوورەی واقیعیى کەسانى واقیعى. دەسکەوتى تاقانەى سێمپرون بریتییە لە درووستکردنى لینکێک لەنێوان ئەم شۆڕشە مۆدێرنیستییە و تراوماییترین ئەزموونى مێژووییدا. تەرکیزى ڕاستەقینەى ڕۆمانی “Le grand voyage”، ئەو شتە نیە لەسەر ڕێگاى بۆخنواڵد ڕوویداوە، بەڵکو ئەوەیە کە ڕووداوێکى وەها ترسناک چۆنچۆنى کاردەکاتە سەر شوناسى سوبێکت: هێڵەسنورییە سەرەتاییەکانى واقیع تێکدەشکێنێت، سوبێکت چیتر خۆى وەک بەشێک لە ڕەوتى بەردەوامى مێژوو ئەزموونناکات کە لە ڕابردووەوە بەرەو داهاتوو درێژدەبێتەوە. لەبرى ئەوە، ئەزموونى ئەو، لەناو جۆرێک "ئێستاى هەتاهەتایی[22]"دا دەبزوێت کە ئێستا و ڕابردوو و داهاتوو، واقیع و فەنتازیا، ڕاستەوخۆ لە کارلێکدان لەگەڵ یەکتر. ئەنیشتاین، لە تیۆرى ڕێژەیی خۆیدا، کات وەک ڕەهەندى چوارەمى شوێن دەخوێنێتەوە کە ڕابردوو و داهاتوو تێیدا هەمووى هەر "ئێستا"یە، پێشوەخت لێرەن؛ ئێمە بەهۆى درکە سنوردارەکەمانەوە ناتوانین بیانبینین، تەنیا دەمى ئێستا دەبینین. لە ڕۆمانەکەى سێمپروندا، دواى تێپەڕین بەناو مۆتەکەى ژیاندا درکمان فراواندەبێتەوە و دەتوانین هەرسێ ڕەهەندەکەى کات لە یەک کاتدا ببینین: کات دەگۆڕێت بۆ شوێن، ئەمەش ئازادییەکى نامۆمان پێ دەبەخشێت پێیدا بێین و بچین، ڕێک وەکو ئەو کاتەى کە لە شوێنێکى کراوەدا پیاسەدەکەین، بە ئارەزووى خۆمان ڕابردوو و داهاتوو وەک ڕێڕەوى جیاجیا دەدەینە ژێر پێوە. جا سەرەڕاى ئەمانەش، دەبێت باجى ئەم ئازادییە بدرێت، خاڵێکى کوێر لەم گۆشەنیگایەى "کاتە بەشوێن‌بوو"ـەکە[23]دا هەیە: ئێمە دەتوانین هەموو شتێک ببینین، دەمى ئێستاى ئۆردووگاکە خۆى نەبێت. دیارە ئەم ئێستا قەدەغەکراوە، بریتییە لە مەرگ؛ مانەوەى دواى بۆخنواڵد هەروا مانەوەیەکى پاک و دەستلێنەدراو نیە: سێبەرى مەرگ بیرەوەرییەکانى جیرارد دەربارەى هاوڕێیەتییە بێ‌خەوشەکانى بەر لە جەنگ خەوشدار دەکات- دواتر تێدەگات زۆرێک لە هاوڕێکانى کوژراون- و ژیانى دواى جەنگى خۆى ژەهراویدەکات. جا بۆیە ژیانى ناو ئۆردووگا نەک هەر دوایین مەرجەعى بیرەوەرییەکانێتى، بەڵکو شاشەیەکى شێوێنەرە هەر هەمووى لەکەدار و وێراندەکات. سێمپرون، چێژوەرگرتنى جیرارد لە خوێندنەوەى بیرەوەرییەکانى مناڵى، کە پرووست خستوویەتییەڕوو، دەخاتە پاڵ بیرەوەریی بەژان و درەنگکەوتووى هاتنى وى بۆ ئۆردووگا زۆرەملێیەکەى بۆخنواڵد. "مادلین"ـەکەى وى، بۆنێکى سەمەرەیە تەنورى کوورەکەى بیردەخاتەوە:

کتوپڕیش بۆگەنێکى دەم سروە، گەیشتە لووت: شیرین، گێژکەر، بە لێوارێکى تاڵ و هەربەڕاست هێڵنجهێنەر. بۆنێکى سەیر کە دواتر دەردەکەوێت لە تەنوورى کوورەکەوە دێت. بۆنێکى سەیر کە یەکسەر خۆى دەکات بەناو واقیعى بیرەوەرى دا. من لەویا لەدایکدەبوومەوە. گەر بگەڕامایەتەوە نێو ژیان، دەمردم. بۆى قوڕاوى و ترسناکى ئەو ئاوڕێژگەیەى مەرگم لەئامێزدەگرت و بۆنم پێوە دەکرد.

ئەوەى تراوماکە زیندوودەکاتەوە، تەنیا بیرهێنانەوەى ڕاستەوخۆ و ئازاردەرى ئەو وردەکارییانە نیە کە ئۆردووگا بیریدەهێنێتەوە، بەڵکو لەوە زیاتر، هێزى ئەم بیرەوەرییانەى دواترە لە "ڕەنگ‌وڕەونەق پێدانەوە" و سەرەنجامیش وێرانکردنى بیرەوەرییە کۆن و ناسکەکاندا. ڕۆبێرت ئانتیلمە، لە شایەتینامەکەى خۆیدا Lespece humaine، دۆزێکى هاوشێوەى "فرەخەسڵەتپێدان (فرەهۆکارێتى)" دەورووژێنێت: بیرەوەریی چێژبەخشى ماشووقەیەک کە زەنگى دەرگاکە دێنێتەدەنگ، بەهۆى بیرەوەریی ئازاردەرى گشتاپۆوە ڕەنگ و ڕەونەقێکى واى پێ دراوە کە هەمان زەنگ لە کاتى دەسگیرکردنى کەسێکیشدا دێنێتەدەنگ. لەم نمونەیە و لە زەنگى باخەکەى پرووستدا کە سێمپرون بەکاریدەهێنێت، ڕزگاربووەکان تێدەگەن ئەزموونى هۆڵۆکۆست بیرەوەریی داگیرکردوون: هیچ ڕێیەکمان نیە بۆ بەدەستهێنانەوەى بیرەوەریی دڵگیرى ئەو ماشووقەیەى لەبەر دەرگا وەستاوە، گەر بێتو هاوکات تراوما شتێک لە بیرەوەرییەکە نەشێوێنێت.

        

 

 

 

پەراوێز:


[1] . سێ ساڵ پێشتر، پێشەکیی کتێبى"کەمتر لە هیچ" لە چوار بەشدا هەر لە سایتى نێگەتیڤ بڵاوکرایەوە. لێرەوە دەچینە ناو بەشى یەکەمى کتێبەکەوە و لە زنجیرەى سایتەکەدا دەکاتە ژمارە پێنج. ئەم زنجیرەیە ڕەشنووسێکى سەرەتایی دەقەکەیە و بەهیواین  لە داهاتوودا بە ئیدیتێکى نوێوە بڵاوى بکەینەوە- و

 

[2] . Tractatus، ناوی دەقێکى دیارى لودڤیگ ڤیتگنشتاین (١٨٨٩-١٩٥١)، فەیلەسوفى نەمسایی-بەریتانییە- و

[3] Ludwig Wittgenstein، Tractatus Logico-Philosophicus، New York: Cosima Classics 2007

[4] reproduce the facts

[5] Elaine Feinstein، Anna of All the Russians، New York: Alfred A. Knopf 2005، p. 170.

[6] Truthfulness 

[7] . پەراوێزێک لێرەدا هەیە دانەنراوەتەوە- و

[8] enunciated content

[9] subjective position of enunciation

[10] G. K. Chesterton، Orthodoxy، San Francisco: Ignatius Press 1995، p. 38.

[11] ، پێچەوانەکردنەوەى تێزێکى مەک لۆهان، بیرمەندى کەنەدییە کە سەبارەت بە میدیا دەڵێت: میدیۆمەکە خۆى پەیامەکەیە- و

[12] منگەرایی (سۆلیپسیزم)، قەناعەتێکى دێرینى فەلسەفییە کە کەسى بیرکەرەوە پێى‌وایە جگە لە خۆى و منێتیی خۆى هیچ شتێک لە دەرەوەڕا بوونى نیە- و

[13] . لە دەقەکەدا presup )poses) هاتووە کە دوو مانا لە یەک کاتدا دەپێکێت: پێشگریمانە و بەخشینى پۆزەتیڤیتە بە خۆ کە دووەمیان چەمکێکى فەلسەفییە- و

[14] represented content

[15]  لەنێوان وەسفکردن (describe) و هەڵکۆڵین(inscribe)دا، لێکچوونێکى شاراوەى زمانەوانى و ماناییش هەیە-و

[16] in/by

[17] form of speaking

[18] traumatic excess

[19] Jorge Semprun، The Long Voyage، New York: Overlook Press 2005.

[20] "fore-members"

[21] asplintered self

[22] eternal present

[23] spatialized time

سەرچاوە:

·Less Than Nothing: Hegel and the Shadow of Dialectical Materialism, slavoy zizek, First published by "Verso", London · New York, 2012.