A+    A-
(222) جار خوێندراوەتەوە

                                                                             «کەمتر لە هیچ»:

 

 

 

سلاڤۆى ژیژەک

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

 

هەر ئەم وەرچەرخانە لە "کات"ى گێڕانەوەى ڕاستەهێڵییەوە بۆ "هاوکاتی"ـی پەرشوبڵاوى کاتە جیاجیاکان[1]، بە تایبەتمەندیی سینەماى پێشەنگى فەڕەنسا دادەنرێت لە کۆتاییەکانى دەیەى ١٩٥٠ـەوە بۆ سەرەتاکانى دەیەى ١٩٦٠، ئەمەش بەڕوونى لە بەرهەمەكەى ئالان ڕێنیە[2] [١٩٢٢-٢٠١٤]دا بەدیدەکرێت کە یەکەم فیلمى وى بریتییە لە بەڵگەفیلمى "شەو و تەم" و سەرودەرى لەگەڵ هۆڵۆکۆستدایە. شاکارەکەى ڕێنییە، ساڵى پار لە مارینباد[3]، باسى ژن و مێردێک دەکات کە پەیوەندییەکەیان لە بڕگەی زەمەنیی جیاجیادا دەگێڕدرێتەوە و ڕیزبەندییەکەشیان ڕوون نیە: بونیادى زەمەنیی گێڕانەوەکە لە شێوەى تۆپەڵێکى [کەڵەکەبووى] هاوکاتدا دەبینین کە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو وەکو یەک بەردەستن، و هەرکات بمانەوێتە [لە دۆخى متى دێنەدەر] و پێکەوە ئامادە دەبن. سیناریۆکەى مارینباد لەلایەن ئالان ڕۆب گرێ، نوسەرى دیارى شەپۆلى ڕۆمانى نوێى فەڕەنساوە نوسراوە کە کارى دەرهێنانى بۆ کۆمەڵێک فیلمیش کردووە. نابێت پێمان سەیر بێت "سیمپروون[ـى سیناریۆنووسى ئیسپانى: ١٩٢٣-٢٠١١]"یش هاوکاریی ڕێنییەى کردووە: جیا لەوەى دوو سیناریۆى بۆ نوسیوە، یەکێک بوو لە بەشداربووە نەناسراوەکانى ناو [فیلمە خەیاڵى‌زانستیی]ـیەکەى ڕێنییە «خۆشم دەوێیت، خۆشم دەوێیت[4]». لە باسکردنى ئەم فیلمەدا، ژیل دۆڵۆز چەمکێکى وەک "پەڕەى کات[5]"ـى هێنایەگۆڕێ: خاڵێکى تراومایی ناو کات، جۆرێک لە کێشکردنى موگناتیسى کە چرکەساتەکانى ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لە سیاقى شیاوى خۆیان هەڵدەکەنێت و تێهەڵکێشیان دەکات بە پانتاییەکى ئاڵۆسکاو لە کات[-مەنديى] فرەیی و لێکدابڕاو و کارلێککەر. لە فیلمى «خۆشم دەوێیت، خۆشم دەوێیت»دا، "پەڕە"کە بریتییە لە بیرەوەریی پڕ تراوماى گێڕەرەوەکە لەمەڕ مەرگ (یان کوشتن؟)ـى ماشووقەکەى. کلۆد ڕیدەر، کە نوسەرێکە و دواى مردنى ماشووقەکەى هەوڵیداوە خۆى بکوژێت، وەک بابەتى ناو تاقیگەی سەنتەرێکى تەمومژاوى دەردەکەوێت کە خەریکى لێکۆڵینەوەن لە گەشتکردن بە کاتدا. پلانى زاناکان وایە بیگەڕێننەوە بۆ ڕابردووى خۆى، ڕێک بۆ ساڵى پێشوو، ئەویش بۆ ماوەى تەنیا یەک خولەک. بۆ نەگبەتى، تاقیکردنەوەکە لە دەست دەردەچێت، و کلۆد تێدەگات لەناو کاتدا نەگیرساوەتەوە و بەنێوان ساتەوەختە هەڕەمەکییەکانى ژیانیدا بازبازێنى کردووە، و هەندێک کۆپلەى ژیانى ڕابردووشى ئەزموونکردووەتەوە، ئەویش لە تێکەڵەیەک ساتەوەختى وەک عەشق، گومان، سەرلێتێکچوون، بەختەوەرى، و تەنانەت ڕۆتینى ژیانى ڕۆژانەشدا کە تێکڕا لە شێوەى لەتى بچوک‌بچوک بەناو یەکدا پەرشبوونەتەوە یان وەکو تۆمارێکى ڕووشاو بڵاوبوونەتەوە. لەکاتێکدا ئەو زانایانەى سەرپەرشتیی ئەم تاقیکردنەوە پڕپینەوپەڕۆیە دەکەن، شێتانە لە هەوڵدان کلۆد بێننەوە، ئەو هەتادێت زیاتر خۆى دەنوسێنێت بە ساتەوەختەکانى ڕابردووەوە، دەگەڕێتەوە سەریان و بێ‌ئەوەى کۆتاییەکەى دیار بێت دووبارەیاندەکاتەوە. ئاخۆ شتێکى هاوشێوەش لە Le grand voyageدا بەسەر جیراردا نایەت؟ هەروەها دەستى لە ڕەوتى ڕاستەهێڵیی کاتیش بەربووە، و لە بازنەیەکى پڕ کارلێکى نێوان کۆمەڵێک پەڕەى تراومایی فرەییەک کاتدا گیریخواردووە.

لەنێوان ئەم ڕچە و ڕێکارانەى سینەما و ئەدەبدا، لێکچوونەکە لە لێکچوونێکى فۆرماڵ (ڕواڵەتى) زیاترە: Le grand voyage، جۆرە ڕۆمانێکە تەنیا دواى سەرهەڵدانى سینەما سەرپێکەوت، و سود لە هەستیاریی سینەمایی و تەکنیکەکانى مۆنتاژ، فلاشباک، وێناکردنى داهاتوو، ڕێشکەوپێشکە (هەلوەسە)ـى دیدەکى و هتد دەبینێت. یەکێکى تر لە تایبەتمەندییە دیارە سینەماییەکانى گێڕانەوەى ڕۆمان، دەرکەوتنى کتوپڕى کۆمەڵێک وردەکارییە (وێنەکان، ئۆبێکتەکان، دەنگەکان) کە لە گرتەیەکى نزیکەوە نیشاندەدرێن، نزیکیی لەڕادەبەدەر و دەستدرێژکەرى وان باڵ بەسەر سیاقى ئەو گێڕانەوەیەدا دەکێشێت کە بەشێکن لێى. دەبێت خۆمان بەرامبەر ئەو وەسوەسە هێرمینۆتیکییە بگرین کە ئەم وردەکارییانە وەک هێما دەخوێننەوە، و گەرەکە بۆ ماناى شاراوەى پشتەوەشیان نەگەڕێین: ئەوانە کۆمەڵێک لەت‌وپارچەى ڕیاڵ[6]ن کە بەڕووى مانادا دەوەستنەوە. ماناى سیاقەکەیان –دۆخى ترسناکى شووا[7]- لەوە تراوماییترە وێنابکرێت، بۆیە ئەم سەرنجدانە کتوپڕەى وردەکارییە مادییەکان لەو پێناوەدایە سەرنجمان لەسەر مانا دووربخاتەوە.

کێشەى ڕزگاربووەکان تەنیا ئەوە نیە کە «شایەتیدان مەحاڵە، چونکە هەمیشە ڕەگەزێکى ڕەوانبێژانە لەئارادایە [و واىدادەنێین مردووەکە ئامادە دەبێتەوە]، بەڵکو شایەتحاڵە واقیعییەکە خۆى پێشوەخت مردووە و ئێمە تەنیا ئەوەمان لەدەستدێت لە زارى ئەوەوە بدوێین. هەروا بێتەوە، کێشەیەکى هاوشان بەمەش لەولاى ترەوە دەگوزەرێت: هیچ بەردەنگێکى شیاو، هیچ گوێگرێکى شایستە بوونى نیە شایەتییەکە وەربگرێت. تراوماییترین خەونى "پریمۆ لیڤى [ـى کیمیاناسى بەرپرسیارى جوولەکە ١٩١٩-١٩٨٧]" ئەوە بوو لە ئاوشڤیتز ڕزگارى ببوو: جەنگ کۆتاییهاتووە، دەگەڕێتەوە ناو خاوخێزانى، ژیانى خۆى لە ئۆردووگا دەگێڕێتەوە بۆیان، بەڵام ئەوان وردەوردە وەڕس دەبن، دەستدەکەنە باوێشکدان، یەک لەدواى یەک مێزەکە جێدەهێڵن تا ئەوەى لیڤى خۆى بەتاقى تەنیا دەمێنێتەوە. بەسەرهاتێکى ئەخلاقیی جەنگى بۆسنە لە سەرەتاى نەوەتەکان هەیە هەمان خاڵ دەگێڕێتەوە: زۆرێک لەو کچانەى لە دەستدرێژیی دڕندانە ڕزگارببوون و دوایی خۆیان کوشتبوو، هاتنەوە ناو کۆمەڵگا و سەیریانکرد خۆ کەس ئامادە نیە گوێیان لێ بگرێت یانژى شایەتییەکەیان قبوڵ بکات. بە زمانى لاکان بیڵێین، ئەوەى لێرەدا غایبە مرۆڤێکى [کۆنکرێتیی] تر نیە، گوێگرێک نیە سەرنجى قسەکانمان بدات، بەڵکو «ئەویترى گەورە» خۆیەتى، واتە فەزاى هەڵکۆڵینى ڕەمزى یان تۆمارى ڕەمزیی وشەکانم/قسەکانم. لیڤى، بە شێوازى سادە و سەرڕاستى خۆى ئاماژە بەم خاڵە دەکات: «ئەوەى بە جوولەکەکانى دەکەین ترس‌وتۆقەکەى هێند لەوەسفبەدەرە کە تەنانەت گەر کەسێک لە ئۆردووگاکان (کەمپەکان) ڕزگارى ببێت، ئەو کەسانە بڕواى پێ ناکەن وا لەوێ نەبوون- هەر بەسادەییش بە درۆزن یان کەسێکى نەخۆش ناویدەبەن!». بەو پێیەى لیڤى هونەرمەند نەبوو، وێنەى پاشهاتەکانى ئەم واقیعەى نەکێشا، بەڵام سێمپروون کردى. جیرارد، بەدرێژایی "دەمى ئێستا"ـى سەفەرى ناو فارگۆنەکە لە " Le grand voyage "دا، بیرەوەرییەکانى خۆى بۆ هاوەڵێکى نەناس دەگێڕێتەوە کە نازناوى " Ie gars de Semur"ـى هەیە (پیاوێک لە سیمور- Semur ـەوە). بۆچى پێویستی بە هاودەمێکى ئاوایە؟ ئەم هاودەمە، چ ڕۆڵ و کارکردێک دەگێڕێت؟ جیرارد، هەر لەسەرەتاوە ئاگادارماندەکاتەوە لەوەى هەرکە هاوەڵەکەى گەیشتە ئۆردووگا دەمرێت، بۆیە بەئاشکرا بەرگرى لە ئامادەیی کزداگەڕاوى ئەویترى گەورە دەکات، واتە ئەوەى کە [وەک گەرەنتیکارێکى مانابەخش] ئاخاوتنمان لێ وەردەگرێت. لە کەمپى کارى زۆرەملێ، هیچ ئەوێکى ترى گەورە بوونى نیە، ئەوەى کە بتوانین بۆ گەیاندن و پشتڕاستکردنەوەى شایەتییەکەمان پشتى پێ ببەستین. [ئەویترى گەورە] ئەو شتەیە تەنانەت مانا بە مان و نەمانیشمان دەبەخشێت.

ئەمەش جارێکى تر دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چارەنووسى هونەرى مۆدێرن. شۆنبێرگ، هێشتاش هەر هیواى بەوە بوو لە جێیەکدا گوێگرێک هەبێت و بەگیان لە مۆسیقا بێ‌تۆنەکەى تێبگات. ئەوە تەنیا گەورەترین قوتابیی وى، ئانتۆن وێبرێن[8] بوو ئەو ڕێچارەى پەسەندکرد کە نە گوێگر هەیە و نە ئەوێکى ترى گەورەش تاکو بەرهەمەکە وەربگرێت و بەهاکەشى ڕاست‌ودرووست بناسێتەوە [و دانى پیا بنێت]. لە ئەدەبیاتیشدا، جێمس جوێس، وەک بەردەنگى ئایدیاڵى خۆى، پشتى بە ڕەخنەگرانى ئەدەبیى ناو نەوەکانى داهاتوو دەبەست، و بانگەشەى ئەوەى دەکرد "شەونخونیی فینیگەکان[9]"ـى بۆ ئەوە نوسیوە چوارسەد ساڵى داهاتوو سەرقاڵیان بکات بەخۆیەوە. دواى کارەساتى هۆڵۆکۆست، پێویستە ئێمەى نوسەر و خوێنەر ئەوە قبوڵبکەین کە تەنیاین، خوێندنەوە و نوسین لە ئەستۆى خۆمانە بێ‌ئەوەى هیچ گەرەنتییەک لاى ئەویترى گەورەوە هەبێت (ئەوە بێکێت بوو بە خۆدابڕین لە جوێس، گەیشتە ئەم دەرەنجامە).

سەربارى ئەمەش، ئەم غیابەى ئەویترى گەورە، بەو واتایە نایەت تازە لە دەست دەرچووە و ئیتر گیرۆدەى کۆتاداریی خۆمانین، و لە هەر چرکەیەکى ڕزگارى بێبەشین. لە ڕۆمانەکەى سێمپرووندا، جیرارد بینەرى گەیشتنى لۆرییەکى بارهەڵگرە بە بۆخنواڵد کە جوولەکە پۆڵەندییەکانى هەڵگرتووە. لە شەمەندەفەرێکى بارهەڵگرى نزیک دووسەد فارگۆنییدا سوارکرابوون، سەفەرى ڕۆژەهاى ڕۆژى بێ‌نان‌وئاو لە ساردترین زستانى جەنگدا. هەرکە دەگەنە جێ، هەموو لە سەرماندا ڕەقیان بردووەتەوە پانزە مناڵ نەبێت کە لە نێوبەینى ڕیزێک لاشەدا گەرم مابوونەوە. وەختێک مناڵەکان دادەگرنە خوارەوە، نازییەکان سەگیان تێ بەردەدەن. زۆر نابات، تەنێ دوو مناڵى ڕاکردوو دەمێننەوە:

گچکەکە وردەوردە کەوتەدوا، ئێس‌ئێسەکان (SS) بەدوایاندا دەیانقووزاند و دواییش سەگەکان دەستیاندەکرد قووزاندن. بۆنى خوێن ئەقڵى لە سەر دەپەڕاندن و پاشان مناڵە گەورەکە خاویدەکردەوە بۆ ئەوەى دەستى بچوکەکە بگرێت...پێکەوە چەند مەترێکى تر دەبڕن...تا ئەو کاتەى زەبرى گۆچان دەیانخاتە سەر زەوییەکە و پێکەوە دەکەون و دەستەکانیان بۆ ئەبەد لەناو دەستى یەکتردا دەمێنێتەوە[10].

 

ئەوەى نابیت نادیدەى بگرین ئەوەیە کە ئەبەدییەت[11] لە دەست [ـى مناڵەکان]دا، تووشى ڕەقهەڵاتن (بەستن) دێت، لە دەستدا وەک ئۆبێکتێکى بەشەکى بەرجەستەدەبێت: ئەو دەمەى لەشى دوو مناڵەکە لەناودەچێت، دەستە پێکەوەگرێدراوەکانیان بۆ ئەبەد وەک بزەى پشیلەکەى چەشایەر جیڕى‌دەنوێنن و دەمێننەوە... قورس نیە وێناى ئەوە بکەین ئەم دیمەنە بەسەر شاشەوە چۆن دەردەکەوێت: وەکچۆن تراکى مۆسیقا ئەو شتە تۆماردەکات وا لە واقیعدا ڕوویداوە (بە گۆچان لە دوو مناڵەکە دەدەن تا دەمرن)، وێنەى دەستە پێکەوەگرێدراوەکانیان ڕەقهەڵدێت و بۆ هەتاهەتایە جووڵەیان لەبەر دەبڕێت؛ لەکاتێکدا دەنگ واقیعێکى کاتى پیشاندەدات، وێنە ڕیاڵى ئەبەدى پیشاندەدات (ڕێک ڕچە و ئسلوبێکى لەم جۆرە بوو کە مانوێل دى ئۆلیڤێرا لە دوایین دیمەنى "وێنەى قسەبێژ"دا بەکاریهێنا.)[12]ئەوە ڕووکارى پەتیی ئەم وێنە جێگیرانەى ئەبەدییەتە، نەک ماناى قووڵتر [و شاراوەترى پشتەوەیان]، کە ساتەوەختى ڕزگاریى ناو چیرۆکى تاڵ‌وتاریکى شووا دەڕەخسێنێت. گەرەکە ئەم دیمەنە خەیاڵییە وێناکراوە، بە دوو شێوەى جیاواز بخوێنینەوە. دوایین گرتەى تێلما و لوویس بێننەوە بیرى خۆتان: وێنەى بەستووى دوو ژنى ناو ئۆتۆمبێلەکە "بەحەواوە" بەسەر هەڵدێرەکەوە. ئاخۆ ئەمە دیمەنێکى سەر بە یۆتۆپیاى [بەدەستهاتووى] پۆزەتیڤە (سەرکەوتنى سوبێکتیڤیتەى ژنانەیە[13] بەسەر مەرگدا)، یاخۆ دەمامکێکە بەسەر واقیعى تاڵى داهاتووەوە؟ کورتەفیلمێکى کۆنى ئاڤانگاردى کرواتیی سەردەمى گەنجیى خۆمم بیردێتەوە کە باسى پیاوێکى دەکرد شوێنى ژنێک کەوتووە بەدەورى مێزێکى گەورەدا و هەردووکیشیان وەکو شێت قاقا پێدەکەنن. بگرە و بەردەکە بەردەوامە، و تریقەى پێکەنینەکەش تادێت بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە، تەنانەت ئەو کاتەشى کە هەردووکیان لەپشت مێزەکەوە دیارنامێنن و تەنیا دەستى پیاوەکە دەبینین بەرزبووەتەوە. لە کۆتا گرتەدا، لاشەى ژنەکە دەبینین قەلەپاچەکراوە، بەڵام تریقانەوەکە لەپەسا هەر درێژدەبێتەوە...

خاڵى لاوازی کۆتا گرتەى تێلما و لوویس ئەوەیە کە وێنە بەستووەکە[14]هاوشان نیە بە دەنگى تراکیى ئەو شتەى کە "بەڕاستى" ڕوودەدات (پێکدادانى ئۆتۆمبێل، قیژوقاژى ژنەکان)- سەیر ئەوەیە ئەم غیابەى واقیع[15] ڕەهەندى یۆتۆپیى وێنە بەستووەکە لاوازدەکات. لە فیلمە کرواتییەکەدا، پەیوەندییەکە پێچەوانەبووەتەوە: ئەوە تراکە دەنگییەکەیە درێژە بە فەنتازیاى گەمە ئیرۆتیکییەکە دەدات، لەکاتێکدا وێنەى بەستووى لاشەکە ڕووبەڕووى واقیعمان دەکاتەوە. بۆیە ئەم وێنەیە بەشێوەیەکى ڕیشەیی تێگەیشتنمان بۆ تراکە دەنگییەکە دەگۆڕێت: هەمان پێکەنین، بێگوناهییە ئیرۆتیکییەکەى خۆى لەدەستدەدات و وەردەگەڕێت بۆ قاقاى قیزەونى دەنگى مردووگەلێکى بێزارکەر. وانە [تیۆرییە شاراوەکە] ڕوونە: ئەو دیمەنەى سێمپروون وێنایکردووە، وێنە بەستووەکەى تەک واقیعە تۆمارکراوەکەى دەنگ، یۆتۆپیایەکى ئەبەدى-ئەخلاقیى پۆزەتیڤ دەنوێنێتەوە، لەکاتێکدا لە فیلمە کرواتییەکەدا ئەو پێکەنینەى وا دواى هەڵگرەکەشى بەردەوامە، کۆمەڵێک نامردووى قێزەون و خراپەکار دەنوێنێتەوە [نامردوو undead، واتە گەرچى مردوون بەڵام هەر پێداگرى دەنوێنن بێنەوە و بەتەواوى نەمردوون- و].

پێویستە لێرەدا "ئەبەدییەت" بە مانا تەواو ئەفلاتوونییەکەى وەربگرین. لە یەک لە چیرۆکەکانى ئاگاثا کریستى دا، هێرکول پۆیرۆ سەیردەکات فڵان پەرستارى ناشیرین هەر ئەو ژنە جوانەیە وا پێشتر لە گەشتێکى زەریاى ئەتڵەسدا چاوى پێى کەوتبوو، هێند هەیە خۆى دەرنەخستووە بۆ ئەوەى جوانییە سرووشتییەکەى خۆى بشارێتەوە. هاستینگز، هاوەڵى واتسۆن هەروەکو پۆیرۆ بەحەسرەتەوە دەڵێت گەر جوانى بیتوانیایە خۆى ناشیرین دەربخات، ئەوا دەیتوانى پێچەوانەکەشى بکات [واتە ناشیرینى، خۆى وەک جوانى دەربخات]. کەوایە لە شەیدابوونى مرۆڤدا، جگە لە فریو چیى تر دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەم دیدە دەرهەق بە پشتنەبەستن بە ژنى جوان، نیشانەى کۆتایی عەشق نیە؟ پۆیرۆ وەڵامدەداتەوە: «نا هاوڕێم»، "دەسپێکى حیکمەت[16] ڕادەگەیەنێت". بە دەربڕینێکى تر، گومانێکى ئاواهى، ئاگاییەکى لەم شێوەیە دەرهەق بە سرووشتى فریودەرى جوانیی ژنانە، ئەم خاڵە نادیدە دەگرێت: جوانیی ژنانە، هەرچۆنێک بێت، موتڵەقە، موتڵەقێک کە خۆى دەردەخات: گرنگ نیە لە ئاستى واقیعە جەوهەرییەکەدا[17] چەنێک ناسک و فریودەرە، ئەوەى لە ساتى جوانییەکەدا و[18] لەڕێگەى جوانییەکەوە ڕوودەدات موتڵەقێکە- ئەو حەقیقەتەى لە ڕواڵەتدا نوستووە زیاترە لەوەى لەپشتیەوە نوستووە. ڕوانینە قووڵەکەى ئەفلاتوون کەوتووەتە ئێرەوە: ئایدیاکان (یان فۆرمە نەمرەکان)، واقیعێکى شاراوە نین لەپشتى ڕواڵەتەکانەوە (ئەفلاتوون باش دەیزانى ئەم واقیعە شاراوەیە گەندەڵبوون و لەناوچوونە، لەناوچوونێکى هەمیشەگۆڕاو). ئایدیاکان، هیچ نین بێجگە لە فۆرمى ڕواڵەت[19] خۆى. ئەم فۆرمەى بەو جۆرەى هەیە –یان وەک ئەوەى لاکان بەپوختى ڕوانینەکەى ئەفلاتوونى دەربڕیوە- سەرووهەستەکى (supra-sensible)، ڕواڵەتە وەک ڕواڵەت. هەر لەبەر ئەم هۆیە، نە ئەفلاتوون و نە مەسیحییەت هیچیان فۆرمى حیکمەت نین. هەردووکیان دژەحیکمەت هەڵکەوتوون (بەرجەستە بوون).

مەبەستەکەمان ئەوەیە لە وێناکردن و تێگەیشتنى هونەردا، دەتوانین بێ شەرمکردن بگەڕێینەوە بۆ ئەفلاتوون. ناوبانگى ئەفلاتوون لەبەر ئەو بانگەشەیەى كە دەبێت شاعیران شاربەدەر بکرێن، ڕووشاوە. (ڕێنوێنییەکى کەمتازۆر ماقووڵ، بەپێى داوەریکردنى ئەزموونى خۆم پاش یۆگۆسلاڤیا، ئەو جێیەى بەهۆى خەونى ترسناکى شاعیرانەوە ڕێى پاکتاوى ئەتنیی بۆ خۆشکرا- ڕادۆڤان کاراچیچ ڕێبەرى سربەکانى بۆسنە، تەنیا یەکێک بوو لەوان. گەر خۆرئاوا کۆنشینگە[20]ـى سەربازی/پیشەسازیی خۆى هەبێت ئەوا ئێمە لە یۆگۆسلاڤیاى پێشوو کۆنشینگەیەکى سەربازى/شیعرییمان هەبوو: جەنگى دواى یۆگۆسلاڤیا بەهۆى تێکەڵەیەکى پڕتەقینەوەى ڕەگەزى شاعیرانە و سەربازییەوە دەستیپێکرد). لە ڕوانگە ئەفلاتوونییەکەوە، شیعر چیی پێ دەکرێت بۆ هۆڵۆکۆست؟ «وەسفێکى بێ‌شوێن» دەخاتەڕوو: ئایدیاى هۆڵۆکۆست [بە واتا ئەفلاتوونییەکەى] پیشاندەدات.

ستراتیژە کۆنە کاسۆلیکەکە بێننەوە بیرى خۆتان کە تایبەتە بە خۆپارێزیی پیاوان بەرامبەر گوناهەکانى لەش: کاتێک لەشى ژنێکى شەهوانى ئاڵۆشت تێ‌دەگەڕێنێت، بیهێننە بەرچاوى خۆتان دواى چەند دەیەیەک ئەو لەشە چیی لێ دێت- پێستێکى چرچ و دوو مەمکى شۆڕ... (لەمەش باشتر ئەوەیە بیهێننە بەرچاوتان حاڵى حازر لەژێر ئەو پێستەوە چى هەیە: گۆشت و ئێسقانى خاو، شلەى جۆراوجۆرى ناو لەش، خۆراکى نیوەهەرسبوو و پیسایی...). ئەم ڕێنوێنییە پێشتر لەلایەن مارکۆس ئۆرلیۆس‌یشەوە، لە تێڕامانەکانیدا،  خرابووەڕوو:

وەک ئەوەى گۆشتى برژاو و خواردنى تر لەبەردەمتدا بێت و کتوپڕ تێبگەیت: خۆ ئەوە ماسییەکى مردارەوەبووە. باڵندەیەکى مردارەوەبوو. بەرازێکى تۆپیو. یاخود ئەم کۆنەبەرهەمە گیراوەى ترێیە، و جلە ئەرخەوانییەکە چنراوى خوریی مەڕە و بە خوناوى گوێچکەماسى ڕەنگکراوە. یان عاشقبوون بە ئەندامى نێرینەتان، کرژبوونێکى کورتخایەن و کەمێک شلەى لێڵ. هەندێک درکەهەستى وەک ئەوەى خۆمان بە شتەکانەوە قوفڵبکەین و بسمین (کونى بکەین)، ئەوجا دەبینین هەر بەڕاستى چین. ئەمە ئەو شتەیە گەرەکە سەرتاپاى ژیانمان ئەنجامیدەین-هەموو ژیانمان کاتێک شتەکان وا خۆیان دەنوێنن متمانەى مەیان بەدەستهێناوە- هەڵیانبماڵین و تێبگەین چەنێک بێمانان، ئەویش لەپێناوى ئەوەى ئەو ئەفسانەیە بدێرینەوە دەورى وانى داوە[21].

بەجیا لە گەڕانەوە بۆ ڕیاڵ، و ئەوەشى کە تەلیسمە خەیاڵییەکەى لەش بشکێنن، ئەم ڕچەوئسلوبانە جۆرێکن لە هەڵهاتن لە ڕیاڵ[22]، ڕیاڵێک کە خۆى لە ڕواڵەتى فریودەرى لەشە ڕووتوقووتەکەدا ڕادەگەیەنێت. واتە، لە بەرامبەرکێى نێوان ڕواڵەتى تارماییئاساى لەشە سێکسیبووەکە و لەشە ڕووەو ڕزینەکە، ئەوە ڕواڵەتە تارماییئاساکەیە کە ڕیاڵە، لەکاتێکدا لەشە ڕووەو داڕزانەکە تەنیا واقیعە (ڕیاڵێتى): واتە ئەو شتەى پەناى بۆ دەبەین بۆ ئەوەى خۆ لە کەمەندکێشییە کوشندەکەى ڕیاڵ لابدەین چونکە هەڕەشەمان لێ دەکات بمانپێچێتە گێژاوى ژویسانسەکەى[23] خۆى. ئەفلاتوونگەراییەکى "کرچوکاڵ" لێرەدا بانگەشەى ئەوە دەکات ئەوە تەنیا لەشى جوانە کە ئایدیا بەرجەستەدەکات (ماتریالیزەدەکات)، و ئەو لەشەى وەک مەتریاڵ خەریکە دادەڕزێت هەروا بەسادەیی لە ئایدیاکەى خۆى دووردەکەوێتەوە و چیدى لەبەرگیراوەیەکى بەوەفاى وى نیە. جا بەپێچەوانەوە، لە ڕوانگە دۆڵۆزییەکە (و لاکانییەکەشەوە لێرەدا)، ئەو تارماییەى بەرەو لاى خۆیمان ڕادەکێشێت، ئایدیاى لەشە وەک ڕیاڵ. ئەم لەشە خۆى لەواقیعدا لەش نیە، بەڵکو لەشى ڤیرتواڵ (مەجازى)یە بە مانا دۆڵۆزییەکەى: لەشى نا‌لەش[24]/نامادی بە گوژم (تین‌وتاو)ـە پەتییەکانیەوە. (بۆیە دەبێت دژیەکییە باوەکەى نێوان هونەرى ڕاستەقینەى "قووڵ" و کیچ[25]ـى بازرگانیی ڕووکەش ئاوەژووبکەینەوە: گرفتى کیچ ئەوەیە زۆر "قووڵ"ـە، ساختەکاریی هێزە قووڵە لیبیدۆیی و ئایدۆلۆژییەکان، لەکاتێکدا هونەڕى ڕەسەن دەزانێت چۆن لە ڕووکاردا بمێنێتەوە، چۆنچۆنى بابەتەکى خۆى لە سیاقى "قووڵتر"ـى واقیعى مێژوو دابشکێنێت.)

هەمان شت سەبارەت بە هونەرى هاوچەرخیش هەر ڕاست‌دەردەچێت، لەو جێیەى کە زۆرجار کۆمەڵێک هەوڵى دڕندانەى تیا دەبینین بۆ "گەڕانەوە بۆ ڕیاڵ"؛ ئەویش لەو پێناوەدا بیرى بینەر (یان خوێنەر) بێنێتەوە خەریکە چیرۆکێک دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەى لەو خەونە خۆشەى دەریبێنێت. ئەم ژێستە دوو فۆرمى سەرەکیی هەیە، گەرچى دژیەکیشن بەڵام دەبن بە یەکێک. لە ئەدەب یان سینەمادا (بەتایبەت دەقە پۆستمۆدێرنەکان)، کۆمەڵێک بیرهێنانەوەى خۆڕەنگدەرەوە بەدیدەکەین کە پێماندەڵێت ئەوەى خەریکین دەیبینین چیرۆکەخەیاڵ (فیکشن)ـى ڕووتە، وەکو ئەو کاتەى ئەکتەرێک ڕاستەوخۆ لەسەر شاشە ئێمە وەک بەردەنگ بانگدەکات، ئیدى بەم شێوەیە وەهمى فەزا ئۆتۆنۆمییەکەى گێڕانەوەکە دادەڕووخێنێت، یاخود نوسەرەکە ڕاستەوخۆ دەست وەردەداتە چیرۆکەکە بۆ ئەوەى خاڵێکى ئایرۆنیی بۆ زیادبکات. لە شانۆشدا، جاروبار کۆمەڵێک کردەى دڕندانە دەبینین (وەکو سەربڕینى مریشکێک بەسەر سەکۆى شانۆکەوە) کە لە واقیعى سەر شانۆکە ئاگادارماندەکاتەوە. لەجیاتیی ئەوەى جۆرێک شکۆى برێختى بەم ژێستانە ببەخشین و وەک نوسخەى بێگانەکردن[26] سەیریانبکەین، باشترە هەر لەبەر ئەوەى ئاوەهان سەرکۆنەیان بکەین: هەڵهاتن لە ڕیاڵ، ڕێک بەپێچەوانەى ئەوەوە ئەوان باسیدەکەن، کۆمەڵێک هەوڵى لێبڕاوانەیە بۆ خۆلادان لە ڕیاڵى خودى وەهم[27]، ڕیاڵێک کە لە کەوڵى دیمەنێکى وەهمى‌دا خۆى دەردەخات.              

  

 

 

 

 

پەراوێز:


[1] fragmented synchronicity of different  times

[2] Alain Resnais

[3] Last Year in Marienbad

[4]  Je t'aime، je t'aime

[5] sheet of time

[6] the real

[7] Shoah (هۆڵۆکۆست:)

[8] Anton Webern

[9] Finnegans Wake

[10] Semprun، The Long Voyage، p. 172.

[11] Eternity

[12] . لەم زانیارییەدا قەرزارى دالمار عەبدولمەجیدم لە شیکاگۆ.

[13] feminine subjectivity

[14] frozen image

[15] Reality

[16] Wisdom

[17] substantial reality

[18] in/through

[19] form of appearance

[20] Complex

[21] Marcus Aurelius، Meditations، trans. Gregory Hays، New York: Modern Library 2002، pp· 70-1.

[22] escape from the Real

[23] Jouissance

[24] Incorporeal

[25] Kitsch

[26] . extraneation، بێگانەکردن جۆرێک ستراتیژى شانۆییە لاى برێخت بۆ ئەوەى واقیعى شانۆ لە ئاشنایەتى و سواوێتیی واقیع دابماڵێت- و

[27] real of the illusion itself