A+    A-
(215) جار خوێندراوەتەوە

                           «کەمتر لە هیچ»:

 

 

 

سلاڤۆى ژیژەک

و. وەلید عومەر

 

 

 

دەرکەوتنى ئایدیا

ئەمە سەبارەت بە عەشقیش هەر ڕاست‌دەردەچێت، واتە چ ڕوودەدات ئەو دەمەى بەجۆشوخرۆشەوە خۆمان لە عەشقدا دەبینینەوە؟ ئاخۆ ئەم [دۆخى عاشقبوونە]، دۆخێکى بەردەوامى ئاوارتە[1] نیە؟ هەرچى هاوسەنگیی لەبارى ژیانى ڕۆژانەمانە تێکدەچێت، هەر کارێک ئەنجامدەدەین ڕەنگ‌وڕووى بیرى بنەوانکێی «ئەو کەسە» دەگرێتەخۆى: دۆخەکە ڕێک دەکەوێتە «ئەودیوى چاکە و خراپە»وە: هەست بە بێباکییەکى سەیر دەکەین دەرهەق بە پابەندبوونى مۆراڵییمان بە دایبابمان، مناڵەکانمان، هاوڕێکانمانەوە- تەنانەت کە وەک جاران دەچینە دیدەنییان، بەشێوەیەکى میکانیکى دەچین، لەسەر شێوگى "وەکبڵێى[2]". شتەکان هەموویان بەراورد بە دڵبەندییە پڕجۆشوخرۆشەکەى مە، کاڵ و کەمبایەخ دەبنەوە. ئا لەم ڕووەوە، عاشقبوون وەک ئەو ڕووناکییە کوێرایی‌هێنەرە وایە کە لەسەر ڕێى دیمەشق خۆى کێشا بە نێوچاوى شائول/قەدیس پۆڵس دا: جۆرە هەڵپەرساردنێکى دینیی پرسى ئەخلاقى[3]، گەر بێتو زاراوەکانى کیرکەگارد بەکاربێنین. موتڵەق (Absolute)ێک خۆى پیادە دەکات و ڕەوتى ئاسایی شتەکانمان لە سکەى خۆى دەترازێنێت: بەو جۆرە نا کە هیرارشییەتى باوى بەهاکان هەڵگێڕێتەوە، بەڵکو لەوە ڕیشەییتر، ڕەهەندێکى تر خۆى دەردەخات، ئاستێکى جیاوازى بوون[4]. هەڵبەت هەمان شت بۆ دەرگیربوونێکى سیاسیی ڕەسەنیش هەر ڕاست‌دەردەچێت. ئیمانوێل کانت لە وتارەکەى خۆیدا بەناوى "ململانێى کۆلێژەکان" کە ناوەڕاستى دەیەى ١٧٩٠ بڵاویکردەوە، پرسیارێکى سادە بەڵام قورسیش دەکات: ئایا لە مێژوودا شتێک هەیە بەناوى پێشکەوتنى ڕاستەقینەوە؟ (مەبەستى لە پێشکەوتنى ئەخلاقى بوو لە مەسەلەى ئازادىدا، نەک پێشکەوتنى مادى بەو سادەییە). کانت پێى لێ دەنێت کە مێژووە واقیعییەکە تێکەولێکەیە و هیچ بەڵگەیەکى ڕوون ناخاتەڕوو: ڕەنگە بکەوینە بیرکردنەوە لەوەى ئەوە چۆن بوو سەدەى بیستەم دیموکراسى و خۆشگوزەرانییەکى بێ‌پێشینەى هێنایەئاراوە، بەڵام هۆڵۆکۆست و گولاگ‌یشى خوڵقاند. بەڵام وێڕاى ئەمەش کانت گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە گەرچى پێشکەوتن شتێک نیە بسەلمێنرێت، بەڵام خۆ دەتوانین کۆمەڵێک نیشانە بدۆزینەوە ئاماژە بن بەوەى پێشکەوتن شتێکە ڕێى‌تێدەچێت. کانت شۆڕشى فەڕەنساى وەک نیشانەیەک لێکدایەوە کە ئیمکانى ئازادیی نەخشاندووە. ڕووداوێک کە تا ئەودەم بە خەیاڵى کەسدا نەدەهات، خەڵک یەکپارچە بێ‌ئەوەى بترسن جاڕى ئازادى و یەکسانیی خۆیانیان دا. بە لاى کانتەوە، هەتا گرنگتر لەو واقیعە سەرومڕ خوێناوییەى بەسەر شەقامەکانى پاریسەوە ڕوویدا، ئەو جۆشوخرۆشە بوو کە ڕووداوەکانى فەڕەنسا لە ڕوانینى چاودێرە هاوسۆزەکانى سەرانسەرى ئەورووپادا درووستیکرد (هەروەها هایتى‌یش![5]):

شۆڕشى ئەم دواییەى خەڵک، کە لەڕووى ڕۆحییەوە شۆڕشێکى دەوڵەمەندە، ڕەنگە شکست بێنێت یان سەریش بکەوێت، نەهامەتى و دڵڕەقى کەڵەکەبکات. وێڕاى ئەمەش، لە دڵى هەموو تەماشاکەراندا (کە خۆیان دەستەویەخەى نەبوون) لایەنگیرییەک دەخوڵقێنێت لەسەر بنەماى ئەو ئارەزووانەى کە سنورى بە سنورى جۆشوخرۆشەوەیە. مادام دەربڕین و [ئەزموونکردنیشى] ‌خاڵى نەبوو لە مەترسى، ئەوا تەنیا لە مەیلێکى ئەخلاقیی مرۆییەوە سەرچاوەیدەگرت.[6]

ئاخۆ ئەم وشانە پڕ بە بەرى ئەو ڕاپەڕینەى میسر نیە لە شوباتى ٢٠١١ کە سەرەک موبارەکى سەرنگونکرد؟ شۆڕشى فەڕەنسا بۆ کانت نیشانەیەکى مێژوو بوو بە سێ ماناى جیاجیاوە: بیرهێنەرەوە، پیشاندەر، پێشبینیکەر[7]. ڕاپەڕینەکەى میسریش نیشانەیەک بوو بیرەوەریی ڕابردوویەکى دوورودرێژى سەرکوتى دەسەڵات و خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەى تیا دەنگدەداتەوە؛ ڕووداوێک کە ئێستا ئیتر ئەگەرى گۆڕانکارى دەردەخات، و پێشبینیی هیوایەکیش دەکات بۆ دەسکەوتەکانى داهاتوو. دوودڵى و ترس و سازشەکانمان هەرچى بووبێت، ئا لەو چرکەساتى جۆشوخرۆشەدا، هەریەکەمان ئازاد بووین و بەشداریی ئازادییە گەردوونییەکەى مرۆڤایەتییمان دەکرد. هەموو ئەو گومان و ڕاڕاییانەى لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە دەردەبڕرا، تەنانەت ئەوانەشى زۆرێک لە پێشکەوتنخوازە دەست‌لەسەردڵەکان دەریاندەبڕى، دەرکەوت هەڵەن.

یەکەم، ناتوانین خۆمان لە سرووشتى "موعجیزەئاسا"ـى ڕووداوەکانى میسر نەبان بکەین: شتێک ڕوویدا کەم کەس پێشبینیی کردبوو، و ڕاوبۆچوونى شارەزایانیشى پووچەڵکردەوە، وەک‌بڵێى ئەم ڕاپەڕینە هەروا لە کۆمەڵێک هۆکارى کۆمەڵایەتى نەکەوتووەتەوە، بەڵکو دەستێوەردانى بریکارێکى دەرەکییە بۆ ناو مێژوو، بریکار (فاکتەر)ێک کە دەتوانین بە شێوازە ئەفلاتوونییەکەى پێى‌بڵێین ئایدیاى ئەبەدیی ئازادى، دادپەروەرى، و کەرامەت.

دووەم، ڕاپەڕینەکە جیهانى (گەردوونى) بوو: ئێمە ڕاستەوخۆ لە سەرانسەرى جیهانەوە دەمانتوانى خۆمانى لەگەڵدا هاوشوناس بکەین، بێ‌ئەوەى پێویستمان بە شیکردنەوەى کەلتوریی تایبەتمەندییەکانى کۆمەڵگاى میسرى هەبێت بۆ ئەوەى بزانین ڕاپەڕینەکە دەربارەى چیە. بەپێچەوانەى شۆڕشەکەى خومەینی‌یەوە لە ئێران، کە چەپەکان ناچاربوون پەیامى خۆیان لە چوارچێوەیەکى تاڕادەیەکى زۆر ئیسلامگەرادا بشارنەوە، لێرەدا چوارچێوەکە بەئاشکرا بانگهێشتێکى جیهانى و سێکۆلار بوو بۆ ئازادى و دادپەروەرى، بەجۆرێک کە تەنانەت "ئیخوان موسلیمین"يش ناچار بوو ئەم زمانە سێکۆلارە بگرێتەبەر. باڵاترین ساتەوەخت ئەودەم ڕوویدا کە مسوڵمانەکان و قیبتییەکان لە مەیدانى تەحریر چوونە نوێژێکى هاوبەشەوە، و درووشمى "ئێمە هەموو یەکێکین!" باشترین وەڵام بوو بۆ توندوتیژیی دینیی ئەم گرووپ و ئەو گرووپى تر. ئەو کۆنزەرڤاتیڤە نوێیانەى لەژێر ناوى بەها گەردوونییەکانى ئازادى و دیموکراسی‌دا فرەکەلتورگەرایی (multiculturalism)یان دەدایە بەر ڕەخنە، ڕووبەڕووى چرکەساتێک لە حەقیقەت بوونەوە: ئازادى و دیموکراسیی گەردوونییتان دەوێت؟ ئەمە ئەو شتەیە کە خەڵکى میسر داواى دەکەن، ئیتر بۆچى ئارامتان لێ بڕاوە؟ ئاخۆ هەر لەبەر ئەوە نیە کە خۆپیشاندەرە ناڕازییە میسرییەکان، داواى عەدالەتى کۆمەڵایەتى و ئابورى دەکەن نەک هەر ئازادیی بازاڕ؟

سێیەم، توندوتیژیی خۆپیشاندەرانى ناڕازى تەنیا شتێکى سیمبوڵى بوو، نافەرمانییەکى مەدەنیی ڕادیکاڵ و دەستەجەمعى بوو: ئەوان ئۆتۆریتەى دەوڵەتیان هەڵپەسارد- ئەمەش تەنیا ئازادبوونێکى ناوەکى نەبوو، بەڵکو کردەیەکى کۆمەڵایەتى بوو بۆ پچڕاندنى زنجیرەکانى کۆیلایەتیی خۆویستانە [بەپێى کتێبەکەى ئاتین دۆلا بووتى]. زەبروزەنگى فیزیکى لەلایەن شەقاوەکانى موبارەکەوە پیادەکرا کە بە سوارى ئەسپ و وشترەوە خۆیان کرد بەناو مەیدانى تەحریردا بۆ ئەوەى لە هەرچوارلاوە لە خۆپیشاندەران بدەن؛ خۆپیشاندەران گەر زۆریشیان کردبێت تەنیا بەرگرکردن بووە لە خۆیان.

چوارەم، پەیامى خۆپیشاندەران با شەڕەنگێزانەش بووبێت، بەڵام [پەیامى] کوشتوبڕ نەبوو. داواکە ئەوە بوو موبارەک بڕوات، پۆستەکەى و وڵاتەکەش جێبهێڵێت، کەشێک بۆ ئازادى بکرێتەوە لە میسر، ئازادییەک کەسى لێ دەرنەکرێت- هاوارى خۆپیشاندەران ڕووەو سوپا و تەنانەت پۆلیسە بێزراوەکانیش بریتى نەبوو لە "مردن بۆ ئێوە"، بەڵکو بریتى بوو لەوەى "ئێمە گشتمان براین، بێنە پاڵمان!". ئەم تایبەتمەندییەى دوایی، بەڕوونى خۆپیشاندانە ڕزگاریخوازەکان لە خۆپیشاندانەکانى ڕاستڕەوى پۆپۆلیستى جیادەکاتەوە: گەرچى ڕاستڕەوەکان لە میانى سازوتەیارکردنى خۆیاندا بانگەشەى یەکێتیی ئۆرگانیی خەڵک دەکەن، بەڵام ئەم یەکێتییە بەو جۆرە درێژە بە خۆى دەدات بانگهێشتى [خەڵک] بکات بۆ لەناوبردنى دوژمنە مۆرلێدراوەکە (جوولەکەکان، خیانەتکاران...).

کاتێک سەرەک ئۆباما وەک دەرکەوتەیەکى ڕەواى بیروباوەڕ پێشوازیی لە ڕاپەڕینەکە کرد کە دەبێت دەوڵەت بەڕەسمى دانى پیا بنێت، یەکپارچە تێکەڵکردن بوو: جەماوەر لە قاهیرە و ئەسکەندەریە نەیاندەویست دەوڵەت بچێتە ژێر بارى داواکانیان، بەڵکو نکۆڵییان لە شەرعیەتى خودى دەوڵەت دەکرد. ئەوان نەیاندەویست بچنە گفتوگۆیەکى هاوبەشەوە لەگەڵ ڕژێمەکەى موبارەک؛ دەیانویست موبارەک گۆڕى خۆى ون بکات. ئەوان هەروا حکومەتێکى نوێیان نەدەویست گوێ لە بیروڕایان بگرێت، بەڵکو دەیانویست سەرتاپاى دەوڵەتەکەیان دابڕێژنەوە. ئەوان [بە ماناى سیاسەتى باو] «بیروڕا»یان نەبوو؛ ئەوان خۆیان حەقیقەتى دۆخى میسر بوون. موبارەک، لە ئۆباما باشتر لەمە تێدەگەیشت. بوارێک بۆ سازشکردن نەمابووەوە: یان دەبوو سەرتابەپێى بیناى دەسەڵاتەکەى موبارەک بڕووخێت، یاخود لەژێرەوە دەست تێکەڵ بکرێت و خیانەت لە ڕاپەڕینەکە بکرێت. ئەو ململانێیەى لە میسر درێژەىکێشا، ململانێی نێوان کۆمەڵێک ڕوانگەى جیاجیا نەبوو، بەڵکو ململانێى نێوان ڕوانگەى ئازادى، ئایدیا "ئەبەدى"یە ئەفلاتوونییەکەى ئازادى بوو لەگەڵ خۆنوساندنێکى کوێرانە بە دەسەڵاتەوە کە ئامادەبوو دەست بۆ هەموو شتێک ببات، ئیدى لە تیرۆرەوە بۆ بڕینى خۆراک، شەکەتکردن، بەرتیل؛ ئەویش لەپێناوى ئەوەى ئیرادەى ئازادیی [خەڵک] تێکبشکێنێت.

ئەم "حەقیقەتەى ئەفلاتوون[8]"، ڕوونترین فۆرمولى خۆى لە یەکێک لە بەرهەمە گەورە دژەئەفلاتوونییەکاندا دۆزییەوە، کە ئەویش کتێبى لۆژیکى هەستى[9] ژیل دۆڵۆزە و دوالیزمەکەى ئەفلاتوونى تیا "ئاوەژوودەکاتەوە"، ئاوەژووکردنەوەى دوالیزمى ئایدیاکان و لاساییەکانیان لە واقیعى هەستپێکراو[10]دا بۆ دوالیزمى تەنە جەوهەرییەکان (مادییەکان) و ڕووکارى پەتیی بێ‌هەستى هەست، تەوژمى بوونبە (صەیروورە[11]) کە دەکەوێتە سەر سنورى بوون و نەبوونەوە. هەستەکان، کۆمەڵێک ڕووکار (surface)ن کە بوونیان نیە (=do not exist)، بەڵکو تەنیا هەن (=subsist): ئەوان شت یان فاکت نین، بەڵکو ڕووداو[12]ن. ئێمە ناتوانین بڵێین بوونیان هەیە، بەڵکو هەن یان خۆنشینن[13] (هەبوونى ئەم کەمۆکە لە بوون بارتەقاى شتێکە کە شت نیە، بوونێکى نەبوو (nonexisting entity)ـە. ڕەواقییەکان[14]، پەرەیان بەم تێگەیە لە "نا-لەشەکان" دا:

ئەوان یەکەم کەس بوون ئەفلاتوونیزمیان ئاوەژووکردەوە و ئاوەژووکردنەوەیەکى ڕیشەییان بەجێگەیاند. چونکە گەر لەشەکان (جەستەکان) بە دۆخەکانى خۆیانەوە، چۆنایەتى، چەندایەتى، هەموو خەسڵەتەکانى جەوهەر و هۆکار بگرنەخۆیان، ئەوا بەپێچەوانەوە خەسڵەتەکانى ئایدیا دەدرێتەپاڵ ئەو لاى تر، واتە "زێدە-بوونى بێ‌هەست[15]" کە نەزۆک و ناکارایە، و بە ڕووکارى شتەکانەوەیە: ئایدیاڵ یان پرسى نالەش بێجگە لە "شوێنەوار"ێک[16] هیچى تر نیە.

ئەم دوالیزمە، "حەقیقەتى مادى"ـى دوالیزمى ئایدیاکان و شتە مادییەکانە، و هەر لەم چوارچێوەشدایە دەتوانین وێناى ئەوە بکەین چۆن دەگەڕێینەوە بۆ ئەفلاتوون. با نمونەیەکى چاوەڕواننەکراو بێنینەوە: «ژنێک بەردێک دەهاوێژێت[17]» تابلۆیەکى کەمتر ناسراوى پیکاسۆیە و دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغە سوریالییەکەى لە دەیەى ١٩٢٠، و هەر خۆیشى بەئاسانى خوێندنەوەیەکى ئەفلاتوونى بۆ تابلۆکە دەخاتەڕوو: کۆمەڵێک پارچەى شێواوى ژنێک لە ڕۆخى دەریایەکدا کە دیارە گەر بە پێوەرى بەرهەمهێنانەوەى ڕیالیستى بیپێوین، ئەوا خراپ‌نواندنەوەیەکى [سەمەرەى] گرۆتسکییە[18]. بەهەرحاڵ...لە شێواوییە کێشهاتووەکەى خۆیدا، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ/ شهودى، ئایدیاى «ژنێک بەرد دەهاوێژێت» پیشاندەداتەوە؛ واتە "فۆرمى ناوەکى"ـى فیگەرێکى لەم شێوەیە. ئەم تابلۆیە، ڕەهەندى ڕاستەقینەى شۆڕشە فەلسەفییەکەى ئەفلاتوون ڕووندەکاتەوە، شۆڕشێکى هێند ڕادیکاڵ کە ئەفلاتوون خۆیشى خراپ لێکیدایەوە: بانگەشەى ئەوەى کرد کەلێنێک هەیە لەنێوان نەزمە شوێنەکى/کاتییەکەى واقیع لە سووڕى "ئەبەدى"ـى مان و نەماندا لەلایەکەوە، و نەزمى "ئەبەدى"ـى ئایدیاکان لە لایەکى ترەوە (ئەو تێگەیەى کە واقیعە ئەزموونییەکە دەتوانێت "بەشدارى" لە ئایدیایەکى ئەبەدىدا بکات، کە ئەو ئایدیا ئەبەدییە لەڕێگەى ئەوەوە دەدرەوشێتەوە، لەودا خۆى دەردەخات). ئەو جێیەى ئەفڵاتوونى تیا کەوتە هەڵەوە بەئۆنتۆلۆژیکردنى ئایدیاکانێتى[19] (ڕێک بەو جۆرەى بەئۆنتۆلۆژیکردنى کۆجیتۆ لاى دیکارت)، وەک‌بڵێى ئایدیاکان نەزمێکى تر پێکدەهێنن، نەزمێک کە تەنانەت لە واقیعە "ڕاستەقینە"کە[20] بنچینەییتر و سەقامگیرترە. ئەوەى ئەفلاتوون ئامادە نەبوو پەسەندى بکات (یان باشترە بڵێین نەیتوانى پەسەندى بکات)، پێگەى تەواو مەجازى، "نامادی" (یان باشترە بێژین "ناجەوهەرى[21]")ـى ئایدیاکانە: هەروەکو «ڕووداو-هەستەکان[22]» لە ئۆنتۆلۆژیاى دۆڵۆزدا، ئایدیاکان خۆیان بۆ خۆیان هیچ هۆکار (هۆمەندى)ێکیان نیە؛ کۆمەڵێک بوونى مەجازیین[23] کە لەلایەن پرۆسە مادییە شوێنەکى/کاتەکییەکانەوە بەرهەمدێن.

ڕاکێشەر[24]ێک لە بیرکارىدا بە نمونە وەربگرن: هەموو هێڵ یان خاڵە پۆزەتیڤەکان تا ناکۆتا لە ناوچەى کێشکردنەکەى نزیکدەبنەوە، بێ‌ئەوەى بگەن بە فۆرمەکەى- بوونى ئەم فۆرمە بوونێکى تەواو مەجازییە؛ هیچ نیە بێجگە لەو فۆرمەى کە هێڵەکان و خاڵەکان بەرەو لاى وى کێش دەبن. هەر بەم شێوەیەش، پرسى مەجازى (ڤێرتوێل) بریتییە لە ڕیاڵى ئەم ناوچەیە: خاڵێکى چەقى نەبزۆک کە هەرچى ڕەگەزە بە دەورى وى دا دەسوڕێنەوە. پێویستە لێرەدا زاراوەى "فۆرم[25]" بە قورساییە تەواو ئەفلاتوونییەکەیەوە وەربگرین، چونکە سەروکارمان لەگەڵ ئایدیایەکى "ئەبەدى"دایە کە واقیع بەشێوەیەکى ناکامڵ و نیوەناچڵ "بەشداری"ـى تیا دەکات: بۆیە ناچارین بەتەواوەتى ئەوە قبوڵبکەین کە واقیعى شوێنەکی/کاتەکی «هەموو ئەو شتانەیە کە هەن»، کە هیچ واقیعێکى "ڕاستەقینەتر"ـى تر بوونى نیە: پێگەى ئۆنتۆلۆژیی ئایدیاکان بریتییە لە ڕواڵەتى پەتى[26]. کێشەى ئۆنتۆلۆژیی ئایدیاکان هەر ئەو کێشە بنچینەیەیە وا هیگڵ ئاوڕى لێ داوەتەوە: میتافیزیک چۆنچۆنى دەڕەخسێت. واقیعە کاتمەندەکە چۆنچۆنى دەتوانێت بەشدارى لە نەزمە ئەبەدییە [ناکاتمەندەکەدا] بکات، ئەم نەزمە چۆن خۆى لەودا دەردەخات، چۆن لەوەوە دەدەڵێت[27]؟ وەڵامەکە ئەمە نیە "چۆن بتوانین بگەین بە واقیعى ڕاستەقینەى ئەودیوى ڕواڵەتەکان"؟ بەڵکو ئەمەیە "ئەى ڕواڵەت چۆن دەتوانێت خۆى لە واقیعدا دەربخات؟". ئەو ئەنجامەى ئەفلاتوون خۆى لێ بەدوور دەگرێت، لە هێڵە فیکرییەکەى خۆیدا بەشاراوەیی ئامادەیی هەیە: ئایدیا سەرووهەستەکی‌یەکە[28]لەودیوى ڕواڵەتەکانەوە نیشتەجێ نیە، لە پانتاییەکى ئۆنتۆلۆژیی دابڕاو لە بوونێکى تەواو پێکەوەنراودا نیشتەجێ نیە. بەڵکو ڕواڵەتە وەک ڕواڵەت. جێى سەرسوڕمان نیە کە دوو سەرسامبووى گەورەى پارمەنیدسەکەى ئەفلاتوون، واتە هیگڵ و لاکان، هەردووکیان ڕێک هەمان هاوکێشەى "حەقیقەت"ـى ئایدیاى سەرووهەستەکیی ئەفلاتوونى دەخەنەڕوو: سەرووهەستەکى لە ڕواڵەتەوە سەریهەڵداوە و [هەر] ڕواڵەتیش نێوانگرییەکەیەتى. یان ["بە دەربڕینێکى تر"] ڕواڵەت زاتەکەی و لەڕاستییشدا بەدیهاتنێتى. سەرووهەستەکى، بریتییە لە پرسى هەستەکى و پرسى درککراو بەو جۆرەى لە حەقیقەتدا پۆزەتیڤکراون[29]؛ بەڵام حەقیقەتى پرسى هەستەکى و پرسى درککراو ڕواڵەتبوونە. سەرووهەستەکى، ڕواڵەتە وەک ڕواڵەت...عادەتەن دەوترێت پرسى سەرووهەستەکى ڕواڵەت نیە؛ بەڵام ئەوەى لێرەدا وەک ڕواڵەت فامدەکرێت ڕواڵەت نیە ["بە واتا ڕاستەقینەکەى خۆى"] بەڵکو لەجیاتیی ئەوە جیهانە هەستەکییەکەیە وەک جیهانێک کە خۆى ئەکچواڵیتە (کردەکیبوون)ـى ڕاستەقینەیە.[30]

کاتێک لاکان باسى ئەوە دەکات پارهاسیۆس تابلۆى لەسەر پەردەکە کێشا بۆ ئەوەى داوا لە زیوس بکات لێى بپرسێت: "دەى باشە، ئێستا پەردەکە لابدە بزانین وێنەى چیت کێشاوە"؛ ئیتر تەفسیرى ئەو بۆ چیرۆکەکە، ڕوونکردنەوەیەکە بۆ پەرەگرافەکەى هیگڵ لاى سەرەوە. تابلۆکەى پارهاسیۆس  وەک شتێکى تر دەردەکەوێت (وەک شتێکى دیکە)، وەک شتێک نا کە خۆى پێشکەشبکات/بنوێنێتەوە، یان باشترە بڵێین حاڵى حازر خۆى وەک ئەم (یەک) شتەى تر پێشکەشدەکات/دەنوێنێتەوە. ئەم تابلۆیە ڕکابەریی ڕواڵەت ناکات، بەڵکو ڕکابەریی ئەو شتە دەکات وا ئەفلاتوون وەک ئایدیا خستوویەتیە ئەودیوى ڕواڵەتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە تابلۆکە هەر ئەم ڕواڵەتەیە وا دەڵێت ئەمە هەر ئەو شتەیە کە ڕواڵەت پێشکەشدەکات، ئەفلاتوون خۆى دژى وێنەکێشان کە چالاکییەکە و ڕکابەرى چالاکییەکەى ئەوە، دەوەستێتەوە[31].

وانە شاراوەکەى ئەفلاتوون ئەوە نیە کە هەموو شت ڕواڵەتە، ئەوە نیە کە هێڵێکى ڕوونى جیاکەرەوە لەنێوان ڕواڵەت و واقیع‌دا هەیە (کە بە ماناى سەرکەوتنى سۆفستاییەکان دەهات)، بەڵکو ماهیەت (زات[32]) بریتییە لە "ڕواڵەت وەک ڕواڵەت" ، زات بەپێچەوانەى ڕواڵەتەوە لەناو ڕواڵەتدا دەردەکەوێت؛ دەبێت جیاکاریی نێوان ڕواڵەت و زات لە خودى ڕواڵەتدا هەڵبکۆڵرێت. مادام کەلێنى نێوان زات و ڕواڵەت لە ڕواڵەتدا نیشتووە، بە دەربڕینێکى تر، مادام زات هیچ نیە جگە لەو ڕواڵەتەى وا لە خۆیدا ڕەنگیداوەتەوە (reflected) ئەوا ڕواڵەت دەکەوێتە چوارچێوەى هیچ‌ەوە- هەموو شتێک کە دەردەکەوێت سەرەنجام لە هیچەوە سەردەردەهێنێت (یان بەپێى زمانى فیزیاى کوانتۆم، هەبووەکان هەموویان لە هەڵبەزودابەزە کوانتۆمییەکانى بۆشاییەوە[33] دێنەبوون). ڕواڵەت خۆى لەخۆیدا هیچە؛ تەنیا بوونێکى وەهمییە، بەڵام ئەم بوونە وەهمییە تاکە بوونى زاتە، بەجۆرێک کە جووڵەى ڕەنگدەرەوەى زات جووڵەى هیچە بۆ هیچ. بۆیەشە بەرەو لاى خۆى دەگەڕێتەوە. پەڕینەوە، یان بوون‌بە (صەیروورە) خۆى لە پەڕینەوەکەى خۆیدا بڵنددەکاتەوە؛ ئەویتر کە لەم پەڕینەوەیەدا دێتەبوون نەبوونى بوونێک نیە، بەڵکو هیچییی هیچێکە، هەروەها ئەم نەفیبوونەى هیچێک، بوون پێکدەهێنێت. بوون تەنیا جووڵەیەکى هیچە بۆ هیچ، و هەر لەبەر ئەمەش زاتە؛ دووەمیشیان (واتە زات) ئەم جووڵەیەى لەنێو خۆیدا نیە، بەڵکو ئەم جووڵەیە بوونێکە خۆى سەرتاپا وەهمییە، نێگەتیڤیتەى پەتى[34]، لە دەرەوەى ئەوەوە هیچ شتێک بۆ نەفیکردن نامێنێتەوە (یان هیچ شتێک بوونى نیە نەفیی بکات)، بەڵکو تەنیا نێگەتیڤەکەى خۆى نەفیدەکات، و ئەم نێگەتیڤەش تەنیا لەناو ئەم نەفیکردنەدایە[35].   

کەواتە وەڵامى پرسیارێکى [دێرینى] وەک «بۆچى شتەکان هەن لەجیاتیی ئەوەى نەبن؟» ئەوەیە کە تەنیا هیچ بوونى هەیە، و هەموو پرۆسەکان "لە هیچەوە و لەڕێى هیچەوە و بۆ هیچ[36]" ڕوودەدەن: لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەم هیچە «بۆشایی»ـەکى خۆرهەڵاتى یان عیرفانى یاخۆ ئاشتییەکى هەمیشەیی نیە، بەڵکو هیچێتیی کەلێنێکى پەتییە (ئەنتاگۆنیزم، گرژى، "هەڤدژى-ناکۆکى[37]")، فۆرمى پەتیی لەجێچوون (ترازان[38])ێکە کە لەڕووى ئۆنتۆلۆژییەوە دەکەوێتە پێش هەر ناوەڕۆکێکى لەجێچوو (ترازاو)ـەوە. بانگەشەیەکى ئۆنتۆلۆژیی ڕادیکاڵى لەم شێوەیە نەک هەر لاى عەقڵى باو (کۆمۆن سێنس) وەک زمانبازییەکى بێ‌مانا ڕەتدەکرێتەوە، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە شوێنکەوتووان و ڕەخنەگرانى هیگڵیشەوە لە شیڵینگەوە تا دیتەر هێنریش‌یش هەر بەکێشەکرا، دەستنیشانکردن (دیاگنۆسیس)ـەکەى ئەوانیش ئەوەیە کە نەفیی نەفیی[39] هیگڵى تەنیا ئەودەم کاردەکات هەردوو ماناکەى بێ‌میدیۆمى (بێ‌نێوانگرێتى-ڕاستەوخۆیەتى[40]) بەهەڵە تێکەڵ بە یەکترى بکەین: بێ‌میدیۆمى، وەک خاڵێکى ڕاستەوخۆى دەسپێکى پرۆسەیەک، و بێ‌میدیۆمى وەک دەرەنجامى میدیۆمدارى[41](نەفیی خۆ-گرێدەر[42]). دەرەنجامە ڕەخنەییەکەى هێنریش ئەوەیە کە هەوڵى هیگڵ بۆ دەستەبەرکردنى بنەڕەتێکى بازنەیی بۆ پرۆسەى دیالەکتیکى لەڕێگەى پیشاندانى ئەوەى کە چۆن خودى ئەو پرۆسەیە وا بەشێوەیەکى ڕیترۆئەکتیڤ شکست بە پێشگریمانەکانى خۆى دێنێت، پۆزەتیڤدەکات/دادەڕێژێت؛ ئەوەشى پێویستە خاڵێکى دەسپێکى تەواو ڕاستەوخۆیە کە لەلایەن خود-ئاشنایی[43] سوبێکتەوە خرابێتەڕوو، ئەویش پێش هەر جووڵەیەکى ڕەنگدەرەوە[44]ـى خود-ئاگایی.

وێڕاى ئەمەش، دەتوانین لێرەدا داکۆکى لە هیگڵ بکەین: بەو شێوەیەى ئەو لە زەینیدایە، با چەمکى کلینامێن[45] (clinamen) بە هەموو ڕادیکاڵبوونەکەى خۆیەوە وەربگرین: شتەکە بەو جۆرە نیە کە سەرەتا ئەتۆمەکان هەن و پاشان لە ڕاستەڕێى خۆیان لادەدەن (یان لانادەن)- ئەتۆمەکان خۆیان هیچ نین بێجگە لە کلاینمێنەکانیان (لادانەکانیان). هیچ "شت"ێکى جەوهەرى بەر لە کلینامێنەکان بوونی نیە گیرى تیا بخۆن، ئەم "شت"ـەى وا تووشى لادان دێت هەر لەڕێگەى کلینامێن خۆیەوە دەئافرێت و دێتەبوون. بۆیە کلینامێن هەروەکو فۆتۆن بارستایی نیە: لە تەنۆلکەیەکى ئاساییدا (گەر شتى وا بوونى هەبێت)، ئەوەى وێناى دەکەین تەنێکە بە بارستاییەکەوە، بەجۆرێک کە تا بزووتنەکەى زیاتر تاوبدرێت ئەوا بارستاییەکەى زیاددەکات. بەڵام فۆتۆنێک خۆى لەخۆیدا هیچ بارستاییەکى نیە، کۆى بارستاییەکەى بریتییە لە ئەنجامى تاودانەکەى. پارادۆکسەکە لێرەدا پارادۆکسى ئەو شتەیە وا هەمیشە نیسبەت بە خۆى زیادەیەکە (هیچ نیە بێجگە لەو زیادەیە): لە دۆخى "نۆرماڵ"ـى خۆیدا، هیچە. ئەمەش دەمانبات بەرەو تێگەکەى لاکان ئۆبێکتى a وەک زێدە-چێژ: "چێژێکى بنەڕەتى" بوونى نیە تا بێین و زێدەچێژێکى بخەینەپاڵ، بەڵکو چێژ خۆى هەمیشە زیادەیەکە، زیادەڕۆییەکە. ئۆبێکت-لە-خۆیدا[46]لێرەدا نەفى نابێت/نێوانگرى‌ناکرێت، بەڵکو وەک دەرەنجامى (پاشەوپاشى) نێوانگرییەکەى خۆى  دێتەئاراوە.

ئەم ئەنجامە، بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو بەرەو لاى دایالۆگى پارمەنیدسى[47] ئەفلاتوونمان دەبات، و بەشێوەیەکى غەریب سەردەکێشێت بۆ هەڵایسانى گریمانەیەک و ئاماژەش بەو تێزە دەکات وا تەنیا هیچ بوونى هەیە[48]، و هەموو پرۆسەکانیش "لە هیچەوە و لەڕێى هیچەوە و بۆ هیچ" ڕوودەدەن: «گەر یەک (one) نەبێت، ئەوا هیچیش بوونى نیە»[49]. ئاخۆ پارمەنیدس، تەنانەت لە سۆفیستەکەى ئەفلاتوون زیاتر، دایالۆگێک نیە دەربارەى هێزە داڕزێنەرە گشتگیرەکەى هیچى؟ [ئەوەى کە وەک خۆرە، شتان دەخوات و دادەڕزێنێت]. پێشوەخت لە پارمەنیدس ١٣٠ c-dیەوە دەستپێدەکات، ئەو کاتەى کە پارمەنیدس پرسیارێک دەرووژێنێت و سەر لە سوقرات دەشێوێنێت و ناچاریدەکات دان بە سنوردارییەکانى خۆیدا بنێت: ئاخۆ شتە مادییە نزمەکانیش ئایدیا (یان فۆرمى نەمر)یان هەیە. پیسایی و خۆڵ...یش ئایدیایان هەیە؟ ئایا «ئەو شتانەشى کە ڕەنگە پووچ بێنە بەرچاو، شتانى وەک موو، قوڕ، چڵک، یانژى هەر شتێکى تەواو بێ‌شکۆ و بێ‌نرخى تریش» ئایدیا (ئایدۆس)یان هەیە؟ (١٣٠c). ئەوەى لەپشت ئەم پرسیارەوە خۆى مەڵاس داوە ئەو ڕاستییە شەرمەزارکەرە نیە کە تێگە ڕەسەنەکەى فۆرم (ئایدیا) سەبارەت بە "گووە-ئۆبێکتەکان[50]"یش ڕاست‌دەردەچێت، بەڵکو ئەو پارادۆکسە پڕاوپڕەیە وا ئەفلاتوون خۆى لە دایالۆگى پیاوى دەوڵەت ([51]Statesman)دا ئاوڕى لێ دەداتەوە و لەویادا بانگەشەیەکى گرنگ دەخاتەڕوو: پێویستە دابەشبوونى (توخم[52] بەسەر جۆر[53]دا) لە جومگەى شیاوى خۆیدا ئەنجامبدرێت. بۆ نمونە، هەڵەیە گەر بێتو توخمى مرۆڤەکان هەموویان بەسەر یۆنانى و بەربەرىدا دابەشبکەین: "بەربەرى" فۆرمێکى شیاو نیە، چونکە گوزارشت لە گرووپێک (جۆر) ناکات پێناسەیەکى پۆزەتیڤ و [دیاریکراو]ی هەبێت، بەڵکو تەنیا گوزارشت لەو کەسانە دەکات وا یۆنانى نین. بۆیە پۆزەتیڤیتەى زاراوەى "بەربەرى" ئەو ڕاستییەمان لێ دەشارێتەوە کە وەک دەفرێکى کۆکەرەوە کاردەکات بۆ لەخۆگرتنى هەموو ئەو کەسانەى وا پڕ بە بەرى فۆرمى "یۆنانى" نین: گریمانەکەى هیگڵ (و لاکانیش) ئەوەیە کە ئەمە سەبارەت بە هەموو دابەشکارییەکانى توخم بەسەر جۆردا ڕاست‌دەردەچێت: هەر توخمێک، بۆ ئەوەى بەسەر جۆرێکدا دابەش ببێت، ئەوا دەبێت «کۆلکە-جۆر[54]»ێکى نێگەتیڤى لەم شێوەیە بگرێتەخۆى، «بەشى نا-بەش[55]»ـى توخم، هەموو ئەوانەى سەر بە توخمن بەڵام هیچکام لە جۆرەکان نایانگرێتەوە. هەڤدژى (ناکۆکى)ـى نێوان توخمێک و جۆرێک لەو گرووپە زیادەیەدا بەرجەستەدەبێت کە یەکانگیرییەکەى تەواو "نێگەتیڤ"ـە؛ ئەو شتەیە وا پرۆسەیەکى دیالەکتیکى دەجووڵێنێت.

لە کایەى هونەردا، وەک "دەرکەوتنى هەستەکیی ئایدیا[56]" (تێگەیەک کە پێویستدەکات سەرلەبەر داڕێژرێتەوە، بەو مەرجەى ئایدیا بە ڕووکارى ئەو ڕووداوە بزانین کە لەناو مەنزوومەیەکى فیزیایی تاقانەوە دەدرەوشێتەوە)، بەر پرسیارێکى تەواو هاوشێوە دەکەوین: دەتوانین چ "ئۆبێکت-ناوەڕۆک"ێک بکەین بە بابەتى هونەرى؟ مێژووى هونەر، مێژووى سەرهەڵدانى پلەپلەى کایەى نوێ و نوێترە: لەگەڵ ڕۆمانتیسیزم[57]دا، وێرانە تێکەولێکەکان و شاخەکان باڵا دەبنەوە؛ لە ڕۆمانە پۆلیستییە ئاستبەرزەکاندا، جێى شارى گەورەى گەندەڵ و پەراوێزگەلى گەنیو کراونەتەوە بێ‌ئەوەى ئاماژە بە کوشتار بدرێت. لە مۆدێرنیزمى Fin de siècleدا، هیستریاى ژنانە دەبێتە بابەت، و هتد. ملادن دۆلار [ـى نوسەرى زیندووى سلۆڤینى] لەسەر هەقە کاتێک ئەم کێشەیە گرێدەدات بە ئاگالما (agalma)وە، ئەو نەزانراو (x)ـە لەوەسفبەدەرە، ئەو گەنجینە شاراوەیەى (تەنانەت) کە خۆى ناداتە دەستى پێشبینیکردنیشەوە:

ئێمە لێرەدا هاوتایەکى پێویستمان هەیە، نیوە ونبووە ئەفلاتوونییەکە، بۆ نمونە بۆ تیۆرى ئۆبێکتى بچوکى a. لاى ئەفلاتوون دوو تێڕوانینى تەواو جیاواز، هێجگار دژیەک بۆ ئۆبێکت هەیە: ئاگالما و جەنک[58] (ئەى بۆ نەڵێین ئاگالما و گوو، بۆ ئەوەى درووشمێکى باشتر درووستبکەین؟)، کە پێویستدەکات سەرەنجام لە چەمکى ئۆبێکتى aدا یەکبخرێن، و تیۆرى ئۆبێکت لەسەر یەک تەوەر هەردووکیان ڕوونبکاتەوە[59].   

بۆیە ئۆبێکتى a، یەکێتیی ئەوپەڕینەى دژەکانە لاى ئەفلاتوون...لە سەرەتاکانى دەیەى ١٩٢٠دا لینین پێشنیارى ئەوەى کرد پێویستە فەیلەسوفە مارکسییەکان «کۆمەڵگاى هاوڕێیانى ماتریالیستیى هیگڵ[60]» دابمەزرێنن- ئەمڕۆش کاتى ئەوە هاتووە فەیلەسووفە ڕادیکاڵەکان «کۆمەڵگاى هاوڕێیانى ماتریالیستیی ئەفلاتوون» دابمەرزێنن: ئەفلاتوون یەکەم کەسى ناو زنجیرەی فەیلەسووفانە (دیکارت و هیگڵیش دوو کەسى سەرەکیی ترن) کە لە سەدەى بیستەمدا دانى خێرى پیا نەنرا و هەرچى بەدبەختیی ئێمەیە خرایە ئەستۆى وى. ئالان بادیۆ شەش فۆرمى سەرەکی (و تاڕادەیەکیش پێکداچوو) لە ڕەوتە دژەئەفلاتوونییەکانى سەدەى بیستەم دەژمێرێت:

١. دژەئەفلاتوونیزمى ژینگەرا[61](نیچە، بێرگسۆن، دۆڵۆز): بانگەشەى ڕاستەقینەبوونى ژیان بەرامبەر نەزۆکیی عەقڵگەرایانەى فۆرمە ئەفلاتوونییەکان- بە وتەى نیچە "ئەفلاتوون" ناوى نەخۆشییەکە.

٢. دژەئەفلاتوونیزمى ئەزموونگەرا-شیکارى[62]: ئەفلاتوون بڕواى بە بوونى سەربەخۆ و دابڕاوى ئایدیاکان هەبوو. بەڵام وەک ئەوەى ئەرستۆش پێشوەخت دەیزانى، ئایدیاکان بەجیا لە شتە هەستپێکراوەکان، واتە فۆرمەکانى خۆیان، بوونیان نیە. تێزى سەرەکیی دژەئەفلاتوونیی ئەزموونگەرا شیکارییەکان ئەوەیە کە حەقیقەتەکان یان شیکاریین یاخۆ ئەزموونیین.

٣. دژەئەفلاتوونیزمى مارکسى (کە خەتاى لینینیشى تیایە): پشتگوێخستنى ئەفلاتوون وەک یەکەم ئایدیالیست، لەبەرامبەر ماتریالیستە پێش‌سوقراتییەکاندا و هەروەها ئەرستۆى "پێشکەوتووتر"تر و ئەزموونگەراتر. بەپێى ئەم ڕوانگەیە (کە بەئاسانى ئەوە لەبیردەکات بەپێچەوانەى تێڕوانینى ئەرستۆوە بۆ کۆیلە وەک "ئامرازى قسەکردن"، لە کۆمارەکەى ئەفلاتووندا کۆیلەکان شوێنیان نیە)، ئەفلاتوون ئایدۆلۆژیستى سەرەکیی چینى خاوەن کۆیلەکان بوو...[63]

٤. دژەئەفلاتوونیزمى ئەگزیستانسیالیستى (بوونگەرا): ئەفلاتوون نکۆڵى لە یەکتایی بوونى تاقانە دەکات و تاقانە[64] ملکەچى گشت (یونیڤێرساڵ) دەکات. ئەم دژەئەفلاتوونیزمە نوسخەیەکى مەسیحییشى هەیە (کیرکەگارد: سوقرات بەرامبەر مەسیح) و نوسخەیەکى ئاتەیستی‌یش (سارتەر: "بوون دەکەوێتە پێش ماهیەت (ناوەڕۆک)ـەوە").

٥. دژەئەفلاتوونیزمى هایدگەرى: ئەفلاتوون وەک فیگەرى بنیاتنەرى «متافیزیکى خۆرئاوا»، ساتێکى چارەنووسساز لە ڕەوتى مێژوویی «لەبیرکردنى بوون»دا. «خاڵى دەسپێکى ئەو پرۆسەی کە لە نیهیلیزمى تەکنۆلۆژیی ئەمڕۆدا دەگاتە ترۆپکى خۆى» ("لە ئەفلاتوونەوە تا ناتۆ NATO").

٦. دژەئەفلاتوونیزمى "دیموکرات" لە فەلسەفەى سیاسى دا، لە پۆپەرەوە بۆ ئارێنت ئەفلاتوون وەک دامەزرێنەرى "کۆمەڵگاى داخراو". وەک یەکەم بیرمەند کە بەتێروتەسەلى پرۆژەى تۆتالیتاریزمى شەنوکەو کرد. (بە بۆچوونى ئارێنت، لە ئاستێکى ورد و پاڵفتەکراوتردا، گوناهى سەرەتایی ئەفلاتوون ئەوە بوو کە سیاسەتى ملکەچى حەقیقەت کرد، نەیدەزانى سیاسەت پانتایی فرۆنیسیس[65]ـە، واتە پانتایی ئەو داوەرى و بڕیارانەى کە لە ساتى تاقانە و پێشبینینەکراودا دەدرێن).

جا بۆیە پێگەى ئەفلاتوون هەروەکو پێگەى دیکارت وایە: «ئەفلاتوون» ئەو خاڵە مەرجەعییە نێگەتیڤەیە کە دوژمنە سەرسەختەکان [ـى یەکتر] یەکدەخات: مارکسییەکان و لیبراڵە دژەکۆمۆنیستەکان، بوونگەراکان و ئەزموونگەرایانى شیکارى، هایدگەرییەکان و ژینگەراکان...

ئەى کەوایە، بۆچى دەگەڕێینەوە بۆ ئەفلاتوون؟ بۆچى پێویستمان بە دووبارەکردنەوەى ژێستە بنیاتنەرەکەى ئەفلاتوونە؟ بادیۆ لە کتێبى لۆژیکەکانى جیهانەکاندا، پێناسەیەکى پوخت لەبارەى "ماتریالیزمى دیموکرات" و "دیالەکتیکى ماتریالیستى"یەوە دەخاتەڕوو: ئەو ئەکسیۆم (پرەنسیپى بەڵگەنەویست)ـەى کە یەکەمیان چڕدەکاتەوە ئەمەیە «بێجگە لە جەستەکان و زمانەکان هیچى تر بوونى نیە...»، دیالەکتیکى ماتریاڵیستییش ئەمەى بۆ زیاددەکات «حەقیقەتەکانى لێ دەربچێت..[66].». پێویستە پاڵهێزە ئەفلاتوونییەکەى ئەم جیاکارییەمان لەبەرچاو بێت، ئەویش بە مانا پڕاوپڕ میتافیزیکییەکەى: لە هەنگاوى یەکەمدا[67]، ناتوانێت وەک ژێستێکى پرۆتۆ-ئایدیالیستی دەربکەوێت بۆ ئەوەى بانگەشەى ئەوە بکات واقیعە مادییەکە هەموو ئەو شتانە نیە کە هەن، بەڵکو ئاستێکى ترى حەقیقەتگەلى نالەش (ناجەستەیی) هەن. بادیۆ لێرەدا وەک ماتریالیستێک، ژێستێکى فەلسەفیی پارادۆکسانەى بەرگریکردن لە ئۆتۆنۆمیی نەزمە "نامادى"یەکەى حەقیقەت دەنوێنێت. بادیۆ وەک ماتریالیستێک، و بۆ ئەوەشى تەواو ماتریالیست بێت، جەخت لەسەر تۆپۆسى ئایدیالیستى دەکاتەوە لە باڵاترین شێوەى خۆیدا: حەیوانى مرۆیی[68] چۆنچۆنى دەتوانێت واز لە حەیوانێتى (animality)یەکەى خۆى بێنێت و ژیانى خۆى بخاتە خزمەتى حەقیقەتێکى بڵندەوە؟ "جەوهەرگۆڕکێ[69]" چۆن ڕوودەدات، ئەویش لە ژیانى چێژسەنتەرى تاکێکەوە بۆ ژیانى سوبێکتێک کە خۆى بۆ ئامانج (ئایدیاڵ)ێک تەرخانکردووە؟ بە دەربڕینێکى تر، چۆنچۆنى کردەیەکى ئازاد دەڕەخسێت؟ چۆنچۆنى لە تۆڕى پەیوەندییە هۆمەندییەکان[70]ـى واقیعە پۆزەتیڤەکە دەربچیت (دەربێیت) و وێناى کردەیەک بکەیت بە خۆى و لە خۆیەوە دەست پێ بکات؟ بادیۆ جارێکى تر لە چوارچێوە ماتریالیستییەکەوە، ژێستێکى سەرەتایی "دژە-کورتکردنەوەگەرا[71]"ـى ئایدیالیستى دووبارەدەکاتەوە: عەقڵى مرۆیی کورتنابێتەوە بۆ ئەنجامى خۆگونجانێکى پەرەسەندنگەرایانە[72]. هونەر تەنیا ڕێکارێکى توندەوەبوو نیە بۆ بەرهەمهێنانى چێژى هەستبزوێنانە، بەڵکو نێوانگر (میدیۆم)ێکى [گەیشتنە بە] حەقیقەت، و هتد.

بۆیە، ئەمە هەڵبژاردنە (بڕیار) بنەڕەتییە فەلسەفییە سیاسییەکەى ئەمڕۆمانە: یان بانگەشەکەى ئەفلاتوون لەمەڕ ڕەهەندە میتافیزیکییەکەى "ئایدیا ئەبەدییەکان"، بە دەمارێکى ماتریالیستییەوە دووبارەبکەینەوە، یانژى درێژە بدەین بە مانەوەمان لە دونیا پۆستمۆدێرنە ڕێژەگەرا مێژووگەرا «دیموکراتە ماتریالیستییەکە» كە ئەویش لەناو بازنەى بەتاڵى ململانێیەکى نەبڕاوەدا گیریخواردووە دژ بە فەندەمێنتاڵیزمە «پێش‌مۆدێرن»ـەکان. ئەم ژێستە چۆنچۆنى دەڕەخسێت، تەنانەت چۆن دەبێتە جێى بیرکردنەوە؟ ڕێم بدەن با بەم ڕاستییە سەرسوڕهێنەرە دەست پێ بکەین کە بادیۆ "هەڤدژیی سەرەکى"، ئەنتاگۆنیزمى باڵادەستى دۆخە ئایدۆلۆژییەکەى ئەمڕۆ بە ململانێ نێوان ئایدیالیزم و ماتریالیزم نازانێت، بەڵکو ململانێى نێوان دوو فۆرمە لە ماتریالیزم (دیموکرات و دیالەکتیکى). سەربارى ئەوەش، بۆ ئەوەى قوڕەکە خەستتر بێتەوە، "ماتریالیزمى دیموکراتیک" بە واتاى کورتکردنەوەى هەموو ئەو شتانەیە کە لە واقیعى مێژوویى جەستەکان و زمانەکاندا هەن (جمکە داروینییەکان، زانستى مێشک و هتد، مێژووگەرایی گوتارمەند). لەکاتێکدا "دیالەکتیکى ماتریالیستى"، ڕەهەندە "ئەفلاتوونى"یە ("ئایدیالیستییەکە")ـى حەقیقەتە "ئەبەدییەکان" زیاددەکات. وێڕاى ئەمەش، هەرکەس ئاشناى دیالەکتیکى مێژوو بێت، سەرى لەم قسەیە ناسوڕمێت.   

    

    

                  

    

  

    

پەراوێز:


[1] Exception (ئیستیسنا)

[2] . "as ifوەکبڵێى، گوزارشتە لە نواندن و ڕاگرتنى ڕواڵەت گوایە فڵان کار ئەنجامدەدەین. ئەم نواندنە، زیاتر بۆ ئەویترى گەورەیە و ناواخنى ئەویترى گەورەشە. لەم سیاقەى سەرەوەدا، سوبێکتى عاشق وەک بووکەڵەیەک ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدەدات چونکە عەشق جۆشوخرۆشەکەى لێ سەندووەتەوە و داویەتى بە یەک کەس- و

[3] the Ethical

[4] being

[5] .  شۆڕشی هایتی (١٧٩١-١٨٠٤) ڕاپەڕینێکی کۆیلە بوو لە کۆلۆنی فەرەنسی سانت دۆمینگ کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لەوێ و دامەزراندنی هایتی. شۆڕشی هایتی تاکە ڕاپەڕینی کۆیلە بوو کە بووە هۆی دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ. جگە لەوەش ئەم شۆڕشە بە گشتی بە سەرکەوتووترین یاخیبوونی کۆیلە دادەنرێت و یەکێک لە ساتەکانی دیاریکەر لە مێژووی ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکادا. ئەم یاخیبوونە بە ڕاپەڕینی کۆیلەی ڕەشپێستی ئەفریقا لە مانگی نیسانی ساڵی ١٧٩١ دەستی پێکرد. بە شکستی سوپای فەرەنسا لە شەڕی ڤێرتێر لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٠٣ کۆتایی هات. هایتی لە یەکەمی ژانویەی ١٨٠٤ بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ- (ويكيپیدیا).

[6] Immanuel Kant، "The Conflict of Faculties;' in Political Writings. Cambridge: Cambridge University Press 1991، p. 182.

[7] . لە دەقەکەدا، وشەکان بە لاتینى هاتوون- و

[8] truth of Plato

[9] The Logic of Sense

 

[10] sensuous reality

[11] Becoming

[12] event

[13] inhere

[14] Stoics

[15] impassive extra-Being

[16] Ibid، p. 7.

[17] A Woman Throwing a Stone

[18] grotesque misrepresentation

[19] ontologization of Ideas

[20] "true" reality

[21] Insubstantial

[22] sense-events

[23] مەجازى یان ڤیرتوێل بە مانا دۆڵۆزییەکەى- و

[24] Attractor

[25] Form

[26] . بۆ  زاراوەى appearance، لەم دەقەدا تا ئێستا هەر "ڕواڵەت"مان داناوەتەوە، کە هەریەکە لە دەرکەوتە و نمود و هتدیش دەگەیەنێت. ڕواڵەت چەمکێکى فەلسەفییترە بەراورد بە دەمامک و ڕووخسار و سیما و ئەو وشانەى هاوشێوەى ئەمانەن. هاوکات وشەى semblanceیشمان هەیە، کە چەند جارێکى دەگمەن لە کۆى دەقەکەدا هاتووە و هەر ڕواڵەتمان داناوەتەوە، دیارە بەو جیاوازییەوە کە کۆى کێشەى ڕواڵەت دەگرێتەوە و پلەى فریودان تێیدا بەرزترە (کە زاراوەى یەکەم ئەم ڕێژە فریوەى تیا نیە). ئەمەى دووەمیان پتر بەکارهێنانێکى کاتییە و لە کۆتا ئیدیتى دەقەکەدا دەتوانین لەسەر وشەیەکى تر ساغ بینەوە- و

[27] Transpire

[28] Supersensible

[29] Posited

[30] . ژیژەک ئەم پەرەگرافەى لە وەرگێڕانەکەى پێشووى "فینۆمینۆلۆژیاى ڕۆح"ـەوە وەرگرتووە  (میلەر، ١٩٧٧). ساڵى ٢٠١٨ وەرگێڕانێکى نوێ لەلایەن تێرى پینکارد، توێژەرى هیگڵیی ئەمریکییەوە بڵاودەبێتەوە. ئێمە پەرەگرافەکەمان لە نوسخەکەى پینکاردەوە وەرگرتووە کە لە یەک دوو حاڵەتى بچوکدا لەوەى میلەر جیایە- و

[31] Jacques Lacan، The Four Fundamental Concepts of Psycho-Analysis، New York: W. vv. Norton & Company 1978، p. 103.

[32] Essence

[33] the void

[34] pure negativity

[35] G. W. F. Hegel، The Science of Logic. trans. A. V. Miller، Atlantic Highlands: Humanities Press 1969. p. 400.

[36] "from Nothing through Nothing to Nothing "

[37] Contradiction

[38] Dislocation

[39] negation of negation

[40] Immediacy

[41] Mediation

[42] self-relating negation

[43] elf-acquaintance 

[44] reflexive movement

[45] . وشەیەکى لاتینییە بۆ پێشبینیکردنى لادانى ئەتۆمەکان- و

[46] object-in-itself

[47] Parmenides

[48] there is only Nothing

[49] Plato، The Dialogues of Plato، Vol. 4، trans. B. Jowett، Oxford: Oxford University Press 1892.

[50] excremental objects

[51] (262a-263a)

[52] genus

[53] Species

[54] pseudo-species

[55] part of no-part

[56] sensible appearing of the Idea

[57] Romanticism

[58] Junk

[59] Mladen Dalar، "In Parmenidem Parvi Commentarii:' Helios 31:1-2 (2004)، p. 65

[60] society of the materialist friends of Hegel

[61] Vitalist anti-Platonism

[62] Empiricist-analytic anti-Platonism

[63] . ئایا هاوتەریبیی نێوان پەڕینەوە لە ئەفلاتوونەوە بۆ ئەرستۆ و پەڕینەوە لە کانتەوە بۆ هیگڵ، شتێکە دەڕەخسێت؟ ئاخۆ هیگڵ هەر بەڕاستى، بە وتەى بوکبارین، «ئەرستۆى بۆرژوازى (the Aristotle of the bourgeoisie)»یە؟ ئەوەندەش پەلە نا...

[64] Singular

[65] Phronesis: حيكمەتى عەمەلى

[66] Author's translation: Alain Badiou، Logiques des mondes، Paris: Seuil 2oo6، p. 9.

[67] prima facie

[68] human animal

[69] Transubstantiation

[70] causal connections

[71] anti-reductionism

[72]  evolutionary adaptation