A+    A-
(374) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ (چەمکە گشتییەکان):

ئا. شکار وەفا

 

 

ئه‌نترۆپۆلۆژیا

 

 

ئه‌نترۆپۆلۆژیا Anthropology واته‌ مرۆڤناسی. لە بارى ئاوەڵناو (سیفەت-وەسف)یشدا بە ئەنترۆپۆلۆژى بەکاردێت. زاراوه‌که‌ له‌ دوو وشه‌ی کۆنی یۆنانی پێکدێت. ئه‌نترۆپۆس Anthropos واته‌ مرۆڤ، لۆگی یان لۆگۆس واته‌ زانست، واته‌ زانستی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ژیان و ڕه‌فتاری مرۆڤ. ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژیا بکه‌ین: ئه‌و زانسته‌یه‌ له‌ مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌، به‌و سیفاته‌ی که‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی زیندووه‌ و له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌ژی که‌ ڕێکخستن و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژێر سایه‌ی که‌لتوورێکی دیاریکراودا تێیدا باوه‌ و کاری جیاجیا و ڕه‌فتاری دیاریکراوی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین ئه‌نترۆپۆلۆژی ئه‌و زانسته‌یه‌ له‌ته‌ک ژیانی نوێ و هاوچه‌رخ، له‌ ژیانی سه‌ره‌تایی و مرۆڤی سه‌ره‌تایی ده‌کۆڵێته‌وه‌. بیرمه‌ندان و زانایانی ئه‌م بواره‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ پشتبه‌ستن به‌ پێشکه‌وتنی مێژووی دورودرێژی مرۆڤ له‌ ژیانی مرۆڤ بکۆڵنه‌وه‌. ئه‌نترۆپۆلۆژیا زانستێکی نوێیه‌، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ به‌دواوه‌ و به‌هۆی کۆڵۆنیاڵیزم و پڕۆسه‌ی داگیرکارییه‌وه‌ ده‌ستکرا به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌لانی نائه‌وروپی یان با بڵێین ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا. ئه‌م زانسته‌ له‌ ڕووی سرووشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی و ژیارییه‌وه‌ له‌ ڕه‌فتار و کاره‌کانی مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌.

زانسته‌که‌ له‌ دوو به‌شی سه‌ره‌کی پێکدێت، یه‌که‌میان، ''ئه‌نترۆپۆلۆژیای سرووشتی-ئۆرگانی'' که‌ به‌ گشتی له‌ فۆڕم و لایه‌نی ئۆرگانی مرۆڤ و ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌کی مرۆڤ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان ده‌کۆڵێته‌وه‌، دووه‌میان ''ئه‌نترۆپۆلۆژیای که‌لتوری'' که‌ له‌ که‌لتور و ڕه‌فتار و دابونه‌ریت و کاره‌کانی مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وانی ئه‌م بواره‌، وه‌ک یه‌که‌ یان وه‌ک سیسته‌م و میتۆدێکی پێکه‌وه‌به‌ستراو له‌ بواره‌که‌دا قاڵ ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌نترۆپۆلۆژیا, وه‌ک زانستی ده‌روونناسی یان فیسیۆلۆژیا بایه‌خ به‌ مرۆڤی تاک نادات، به‌ڵکو بایه‌خ به‌ مرۆڤ ده‌دات وه‌ک به‌شێک له‌ گروپ و ڕه‌گه‌زی جیاجیا، له‌ چوارچێوه‌یه‌کی سۆسیۆکه‌لتوریدا جیاوازی و لێکچوونی نێوان مرۆڤه‌کان، که‌الور و دابونه‌ریته‌ جیاوازه‌کان ڕوون ده‌کاته‌وه‌ و دیاریده‌خات. بیریشمان نه‌چێت په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و ئۆرگانی له‌نێوان ئه‌نترۆپۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیادا هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی زانسته‌که‌ له‌ مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌، یه‌که‌میان وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی که‌لتووری/ژیاری له‌ ڕه‌فتار و که‌لتووری مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌، دووه‌میان وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ده‌روون و ڕه‌فتاری مرۆڤه‌کان ده‌کۆڵێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ردووکیان له‌وه‌دا هاوبه‌شن که‌ له‌ مرۆڤ ده‌کۆڵنه‌وه‌.

گرنگترین ئامانجه‌کانی ئه‌نترۆپۆلۆژی بریتین له‌: 1-وه‌سفی ڕواڵه‌تی ژیانی به‌شه‌ری له‌ میانی چوونه‌ نێو ژیانی گرووپ و ڕه‌گه‌زه‌مرۆییه‌ جیاجیاکان و تۆمارکردن و سه‌رنجدان له‌ ڕه‌فتار و ژیانی ڕۆژانه‌یان. 2-پۆلێنکردنی ژیانت به‌شه‌ری تا لێیه‌وه‌ بگه‌ن به‌ چه‌شنه‌ جیاوازه‌کانی مرۆڤ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاکانی وه‌ک ڕاوشکاری، کشتوکاڵی و پیشه‌سازی و هتد. 3-دیاریکردنی گۆڕانکارییه‌کان و هۆکاری ئه‌و گۆڕانانه‌. 4-ده‌ره‌نجامیش پێشبینییه‌کان بۆ گۆڕانکارییه‌ مرۆییه‌کان له‌ ئاینده‌دا و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ی گروپه‌کان.

 

 

ئیتنۆلۆژی

ئیتنۆلۆژی Ethnology، ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی، لقێکه‌ له‌ لقه‌ زانستییه‌کانی ئه‌نترۆپۆلۆژی، ئه‌سڵی وشه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وشه‌یه‌کی کۆنی یۆنانی: ئیتنۆس Ethnos، واته‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کی گه‌لان و میلله‌تان، ئه‌م زانسته‌ش بێگومان له‌ مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌ به‌ڵام له‌نێو تایبه‌تمه‌ندی و چوارچێوه‌ی گه‌لان و نه‌ژاد و ڕه‌چه‌ڵه‌کدا. که‌واته‌ ئه‌م زانسته‌ له‌ مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئیتنی و نه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها له‌ سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ژاد و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی مرۆڤ و له‌ یه‌که‌مین ئه‌سڵی مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ زمانه‌وانی و که‌لتووری و نه‌ژادییه‌کانی گه‌لان ده‌کۆڵێته‌وه‌. کلۆد لیڤی شتراوس (1908-2009) یه‌کێکه‌ له‌ پێشڕه‌وانی ئه‌م بواره‌، له‌ چوارچێوه‌ی میتۆدی بونیادگه‌ریدا تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر په‌ره‌ی به‌م بواره‌ و ئه‌نترۆپۆلۆژیا داوه‌.

ئیتنۆلۆژی له‌ جوڵانه‌وه و تێکه‌ڵبوونی گه‌لان ده‌کۆڵێته‌وه‌، له‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی به‌ر له‌ چه‌ندین ملیۆن ساڵ ده‌کۆڵێته‌وه‌ که‌ مرۆڤ تێیدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، لێره‌وه‌ به‌دوای سه‌رچاوه‌ی مێژووی گه‌لانی سه‌ر زه‌ویدا ده‌گه‌ڕێت، بۆ نموونه‌ هۆزێک له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ کوێوه‌ هاتووه‌ و کام ڕێچکه‌یان گرتووه‌ته‌به‌ر و که‌ی له‌و شوێنه‌دا و بۆچی له‌وێدا نیشته‌جێ بوون. ئه‌م لقه‌ له‌ که‌لتووره‌کان و جیاوازییان و پێشکه‌وتنیان و کۆچی که‌لتووره‌کان، و خاڵی جیاواز و لێکچوونیان له‌ ڕووی به‌راوردکارییه‌وه‌ ده‌کۆڵێته‌وه‌.

 

 

 

ئیتنۆگرافی

ئیتنۆگرافی Ethnography، لقێکه‌ له‌ لقه‌کانی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌کان. ئه‌م زانسته‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ له ئه‌نترۆپۆلۆجی و ئیتنۆلۆژی و له‌ ته‌ک ئه‌واندا کار ده‌کات. هه‌روه‌ها پێشی ده‌وترێت ئیتنۆلۆژیای وه‌سفی، به‌و پێیه‌ی ئیتنۆگرافی لایه‌نی پڕاکتیکی و وه‌سفی و مه‌یدانی ئه‌نترۆپۆلۆژی و ئیتنۆلۆژییه‌. پشت به‌ تێبینی ڕاسته‌وخۆ و به‌شداریکردنی فیعلی و به‌ دۆکیۆمێنت ده‌به‌ستێت، واته‌ توێژه‌ران و کارکردووانی ئه‌م لقه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ فیعلی به‌ شێوه‌یه‌کی پڕاکتیکی بچنه‌ ناو هۆز و گه‌له‌ سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه‌ و تێبینی بنووسن و به‌شداری ژیانیان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ کۆمه‌ڵێ ده‌ره‌نجامی زانستی به‌سوود گرنگ.  ئه‌کرێت دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مریکا و هیندییه‌ سووره‌کان له‌لایه‌ن کریستۆفه‌ر کۆڵۆمبسه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی تێبینی له‌باره‌ی دابونه‌ریتییان به‌ یه‌که‌مین کاری ئیتنۆگرافی دابنرێت. له‌ سه‌ده‌ی نوێشدا کڵۆد لێڤی شتراوس به‌ناوبانگترین بیرمه‌نده‌ که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی تیۆری و پڕاکتیکی ده‌رباره‌ی هۆزه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان کردبێت و خۆیشی سه‌ردانی ناوچه‌ جیاجیاکانی به‌ڕازیل و چیلی و ئه‌رجه‌نتینی کردووه‌.

 

 

ئارکیۆلۆژیا

ئارکیۆلۆجیا Archaeology واته‌ هه‌ڵکۆڵین یان هه‌لکه‌ندن یان شوێنه‌وار، که‌ له‌ شوێنه‌وارناسیدا به‌کاردێت. له‌ بنه‌مادا ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ ''ئارکایۆس-Arkaios''ی یۆنانییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ که‌ به‌ مانای دێرین یان کۆن دێت.

له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌و لێکۆڵینه‌وه‌ زانستییانه‌دا به‌کارده‌هێنرا که‌ تایبه‌ت بوون به‌ بارودۆخ و ژیانی مرۆڤی پێش مێژوو، ئه‌ویش له‌ میانی پشکنین بۆ به‌رد و ئاساره‌ کۆنه‌کان. له‌مڕۆدا له‌ فه‌لسه‌فه‌ و فیکری هاوچه‌رخدا ئارکیۆلۆژیا بووه‌ته‌ زاراوه‌یه‌کی باو و زیاتر به‌ مانا مه‌جازییه‌کی به‌کارده‌هێنرێت، نه‌ک به‌ مانای زانستی شوێنه‌وار. ئه‌م زاراوه‌یه‌ بۆ گه‌ڕان و پشکنین به‌دوای ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌ر فیکرێت، یان مه‌عریفه‌یه‌ک، یان قوڵایی هه‌ر مانایه‌ک و بۆ هه‌ڵکۆڵینی بنه‌مای هه‌ر مه‌عریفه‌یه‌ک که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێت، تا ئه‌وه‌ی له‌ ژێره‌وه‌یه‌ و شاراوه‌یه‌ پێی بگه‌ین و ڕه‌گه‌کانی بدۆزینه‌وه‌.

بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی میشێل فوکۆ (1926-1984) ئه‌م زاراوه‌یه‌ی برده‌ ئاستێکی تر و هێنایه‌ ناو باسه‌کانی فه‌لسه‌فه‌وه‌ بیری هاوچه‌رخه‌وه‌، و له‌ کایه‌ی مه‌عریفه‌دا ته‌وزیفی کرد. فوکۆ کتێبێکیش به‌ناوی ''ئه‌رکیۆلۆژیای مه‌عریفه''ه‌وه‌ هه‌یه‌.

''ئارکیۆلۆجیای مانا'' هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش واتا هیچ مانایه‌ک ئه‌زه‌لی نییه‌، به‌ڵکو هه‌ر مانایه‌ک چرکه‌ساتێکی سه‌رهه‌ڵدان و شکڵگرتنی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ ساته‌وه‌ختی له‌نێوچوون و تێکچوونیشی هه‌یه‌، تا مانای نوێ شوێن مانای کۆن بگرێته‌وه‌.

ته‌وزیف و بایه‌خی فوکۆ به‌ ئارکیۆلۆجیا وایکرد له‌ ناوه‌نده‌ زانستییه‌کاندا زاراوه‌که‌ گرنگیی زیاتر وه‌ربگرێت.

 

 

لۆگۆس

زاراوه‌ی لۆگۆس (Logos) بە شێوازێکی زۆر بەرفراوان لەناو کەلتوری بیرکردنەوەی یۆنانی دا بەکارهاتووە. بەکارهێنان و واتاکانیشی زۆر و بەرفراوانن، بۆ نموونە، وشە، قسە، گوتەزا، دیسکۆرس، بەدرۆخستنەوە، ڕوونکردنەوە، ئەقڵ، بیر و هزر. کاتێک دەڵێین (وشە-word) مەبەست لەو وشەیە نییە کە لە ڕێزماندا مەبەستە، بەڵکو وشەی (lexis) لەبری بەکارهاتووە.

بەڵام لەناو فەلسەفە و ئایندا بە شێوەیەکی بنەمایی و بنەڕەتی دوو واتای هەیە: جارێکیان بریتییە لە هزر و ئەقڵ و تێگه‌یشتن کە ناوەکییە، جارێکیش بە واتای دەربڕینی هزر دێت کە ڕووی دەرەوەیە و کەلام و قسەیە. وشەی لۆگۆس هێندەی زمانی یۆنانی کۆنە، بەدرێژایی مێژووش ئەم وشەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و واتای جیاواز جیاوازی وەرگرتووە کە تەنها لە ڕێگەی ئاڵۆزی و ئاڵۆزکردنەوە دەتوانین پەلی بگرین و بیخەینە چوارچێوەیەکی سادەوە. لۆگۆس سێ واتای بنەڕەتی هەیە.

یەکەمیان واتایەکی ئۆبجێکتیڤییە: زەمینەکەی زەمینە و بوارێکی ئەقڵانییە و ئەساسە بۆ شتێک، و زیاتر مەسەلە لۆجیکییەکان دەگرێتەوە. دووەم، واتایەکی سەبجێکتیڤی هەیە: کە بریتییە لە هێز و قودرەتی هزر یان ئەقڵ. سێیەم، دەتوانین بڵێین تەعبیری و دەربڕدارە: بریتییە لە هزر و کارکرد و بڕیاری هزر کاتێک لە قسەدا یان نووسیندا دەردەبڕدرێت.

 

 

لۆگۆس لەلای هێراکلیتس

یەکێکە لەو هزرمەندە مەزنانەی کە پێش سۆکرات و ئه‌فلاتوون ژیاوە. زانیاری زۆر لەبارەی هێراکلیتسەوە بەردەست نین، ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە خۆی بەدوورگرتووە لە چوونە ناو سیاسەتە، لەو سەردەمەدا بەشداربوونی فەیلەسووفان لە سیاسەتدا شتێکی ئاسایی بووە، بەڵام هێراکلیتس گۆشەگیری و تەنهایی هەڵدەبژێرێت.

لەو سەردەمەی کە سەردەمی قسە و دەربڕین بوو، هێراکلیتس سەرنجی زیاتر لەسەر نووسین بووە. لە ئەنجامیشدا بیرکردنەوەکانی، ئەو بۆ هەمیشە ڕزگار دەکەن و کتێبەکەی لەلایەن ئه‌فلاتوونه‌وه‌ جێی سه‌رنج بووه‌ و قسەی لەسەرکردووە، بەڵام ستۆیکەکان (هەیوانییەکان) لە هەمووان زیاتر پێی سەرسام بوون.

کتێبەکەی پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک فراگمێنت و گوتەزا کە دەربارەی سرووشت، گەردوون، ئه‌خلاق و سیاسەت بوون، بەڵام ئەوەی زیاتر مایەوە و هێراکلیتسی ناساند بیروبۆچوونە مێتافیزیکییەکانی بوو.

هێراکلیتس لە کتێبەکەیدا بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

''هەرچەندە لۆگۆس شتێکی ئەزەلییە، بەڵام هێشتاش مرۆڤ ناتوانێت لێی تێبگات، نەک پێش ئەوەی دەربارەی بیستبێتیان، بەڵکو پاش ئەوەشی کە لەبارەیەوە دەبیستن. هەموو شتەکان بەپێی لۆگۆس دێن و دەچن، مرۆڤ بەبێ ئەزموونکردنی لۆگۆس هیچ نییە. ئەرکی من  و میتۆدی من ئەوەیە سرووشتەکەی نیشان بدەم و دەریبخەم چۆن کار دەکات، بە پێچەوانەوە، مرۆڤەکانی تر لەبیریان کردووە و خەوتوو و بێئاگان لە ئاستیدا.''

هێراکلیتس پێی وایە لە پشتەوەی ئەم گەردوونەدا کە شتەکان تێیدا بەردەوام لە گۆڕاندا پەیوەندییەکی سابت و نەگۆڕ هەیە کە ڕێکوپێکی و نەزمێکی بە گەردوون بەخشیوە و لە قانوونێک دەچێت کە حوکمی جیهان بکات: قانوون و فرمانێک کە دروستنەکراوە و بۆ هەمووانە. ئەم قانوونە بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی و هێراکلیتس ناویناوە (لۆگۆس). ئەم لۆگۆسە فۆرمولە و بونیادێکی شاراوەی هەموو شتەکانە و لە پشتەوەی گۆڕانەکاندایە و دیار و بەرچاو نییە. لۆگۆس دەربڕی یەکێتی گەردوونە و لەلایەن لۆگۆسەوە دەردەبڕدرێت و هەمیشەییە، جا پێی بزانین یان نا، بە واتایەکی تر، لۆگۆس زمانی شتەکانە، یان خودی کۆزمۆس و گەردوونە. تەنانەت پاش ئەوەشی لەبارەیەوە دەبیستین و دەزانن هێشتا ناتوانین لێی تێبگەین. لۆگۆس گشتییە و دەکرێت هەمووان لەبارەیەوە بزانن، هەرچەندە بەو شێوەیەشە بەڵام هێشتا ئیدراکپێکردنی ئاسان نییە. خودی مەعریفە بریتییە لە مەعریفەی لۆگۆس، هەرچەندە قورسە بەڵام تێگەیشتن لێی ئەستەم نییە. شکستهێنان لە تێگەیشتن لە لۆگۆس واتە شکستهێنان لە بینین و تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان شتەکان. هەربۆیە ڕاستە مرۆڤەکان بەشێوەی فیزیکی و بەرجەستە بوونیان لەم جیهانەدا هەیە، هەموویان پێوەی پەیوەست نین، بۆیە ونن.

بۆ هێراکلیتس تێگەیشتن جۆرێکە لە هۆشمەندی، ڕێگەیەکە تا بەهۆیەوە بڕۆینە نێو سرووشتی شتەکان، کە لە ڕێگەی دژ و پێچەوانەکان ئیدراکی دەکەین. هەستەکان ئامڕازێکن کە بەرەو تێگەیشتنمان دەبەن، وەک نیشانە و ئیشارە کار دەکەن، بەڵام لۆگۆس لەپشتی ئەوانەوەیە. بە تێگەیشتنی هێراکلیتس یەکێتی شتەکان بریتی نییە لە یەکێتی دژەکان بەڵکو پەیوەستە بەو تێزەی کە دەڵێت دژەکان لە نەزم و شێوازێکی ڕێکوپێکدا یەکدەگرن و کۆدەبنەوە، بۆیە هێراکلیتس پێی وایە هاڕمۆنی و گونجانێک هەیە، تەنانەت ئەگەر شاراوەش بێت. ئەوە هاڕمۆنییەتی و گونجانی دژەکانە وایکردووە کە ئەم جیهانە بەم شێوەیەی هەیە دروست ببێت و دەربکەوێت، واتە جیهان بەرهەمی هاڕمۆنی دژەکانە.

هێراکلیتس بەهەمان شێوە (ئاگری) بەکارهێناوە. ئەرستۆ بەو شێوەیە تەفسیری کردووە کە ئەو ئاگرەی هێراکلیتس مەبەستییەتی ئەوەیە کە هەموو شتەکانی لێ دروستبووە و بنەما و بناغەی دروستبوون و خەلقی گەردوونە. هەندێک وا لێکی دەدەنەوە ئەم ئاگرە سیمبولی گۆڕانە، پەیوەستە بەو هاڕمۆنییەی کە ئیسباتی گۆڕان لە گەردووندا دەکات. ڕەنگە لەبەرئەوەش بێت کە ئاگر بە باشترین و بڵاوترین ڕه‌گه‌ز و بنه‌چه‌ دابنرێت، هەروەها زاڵترینی ناو بازنەی ڕه‌گه‌زه‌کانی گۆڕان دابنرێت. هێشتا وڵامی ئەو پرسیارە نەزانراوە کە ئایا ئاگر بە ڕاستی چی واتایەکی بۆ هێراکلیتس هەیە.

هەندێک پێیان وایە لۆگۆس بۆ هێراکلیتس خودایە، چونکە کەس نەیخولقاندووە  هەر هەبووە. بۆ هێراکلیتس یەکێتی شتەکان تەنها گۆڕانیان نییە، پێی وایە هەموو گۆڕانێک سنووردارە، لەپشتەوەی هەموو دژیەکییەکی شتەکانەوە پڕەنسیپی گۆڕان هەیە، کە لۆگۆسە، کە هێراکلیتس پێی وایە ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لە جیهان تێبگات پێویستە لۆگۆس بناسێت. لۆگۆسی جیهانیش بریتییە لە یەکێتی و جیاوازی.

 

 

لۆگۆس لەلای ئەرستۆ

جیا لە واتاکانی تری لۆگۆس، ئەرستۆ لە کتێبی (هونەری بەلاغەت) واتایەکی جیاواز و تەکنیکی بە لۆگۆس داوە، لەلای ئەرستۆ لۆگۆس بریتییە لەو ئارگومێنت و به‌ڵگه‌سازییانه‌ی کە لە ئەقڵەوە دێت و ده‌که‌ونه‌وه‌ و یەکێکە لە سێ لایەکەی سێگۆشەی قەناعەتپێکردن. دوو لایەکەی تر بریتین لە پاثۆس و ئیثۆس. پاثۆس بریتییە لە قایلکردن و قەناعەتپێکردن بەهۆی هەستەکان و دروستکردنی دۆخێکی هەستەکی بۆ کەسی گوێگر، ئیثۆسیش بریتییە لە قەناعەتپێکردنی کەسی بەردەنگ لە ڕێگەی مۆراڵییەوە. ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە قودرەتی کەسی قسەکەر بۆ قەناعەتپێکردنی کەسی بەردەنگ یان کەسانی بەردەنگ بەندە بەوەی کە چۆن کەسی قسەکەر چوست و چالاکانە دەتوانێت لە سێ ناوچەی جیاوازەوە خۆی بە گوێگرەکان بگەیەنێت کە: لۆگۆس، ئیثۆس، پاثۆسن. ئەم سیانە پێکەوە دواتر ناویان لێنرا سێگۆشەی بەلاغەت و ڕەوانبێژی.

لۆگۆس دەلالەتە بۆ ئەقڵ. دەکرێت لۆگۆس وەک تێکستی ئارگومێنت بیری لێ بکرێتەوە، هەروەها ئەوەی کە تا چەند نووسەر یان قسەکەر بە باشی پەیامەکەی دەگەیەنێت و مناقەشە و جەدەلی دەکات.

ئیثۆس بریتییە لە کارەکتەری نووسەر. دەکرێت ئیثۆس وەک ڕۆڵی نووسەر لەناو ئارگومێنتدا لێکبدرێتەوە، هەروەها ئەوەی کە تا چەند ئارگومێنتەکەی جێگەی بڕوایە.

پاثۆس دەکرێت پاثۆس باوەڕ و بەها، هەروەها هەست و سۆز و دڵسۆزی لێکبدرێتەوە. پاثۆس بریتییە لە ڕۆڵی بینەر لەناو ئارگومێنتەکەدا.

 

 

لۆگۆس لەلای ستۆیکەکان

فەلسەفەی ستۆیکەکان لە زینۆوه‌ دەستیپێکرد و دامەزێنەری ئەم قوتابخانەیە، بۆ ستۆیکەکان لۆگۆس بریتییە لە ئەقڵی کارا و ئەوەیە کە دیزاینی گەردوونی کردووە و کێشاویەتی، دەکرێت وەک خودا یان سرووشت لێکبدرێتەوە. ستۆیکەکان بنەمای هەموو چالاکییەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ لۆگۆس. لۆگۆس وەک پڕەنسیپێک کە هەموو شتەکان بەڕێوەدەبات (ڕۆحی جیهان) بوو بۆ ئەوان.

لۆگۆس هەمیشە یەکێک بووە لە زاراوه‌ بەرچاوەکانی ستۆیکەکان، ئەم زاراوه‌یان هەڵبژاردووە تا بەهۆیەوە ڕوونی بکەنەوە کە چۆن خودا گەردوونی دروستکردووە و بەڕێوەیدەبات.

 

 

 

ئه‌کادیمیزم

ئه‌کادیمیزم Academism ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌ چه‌ندین زماندا به‌ مانای شوێنێک بۆ خوێندن و فێربوون دێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌کادیمیا ناوه‌ندێکه‌ بیرمه‌ندان و زانایان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک کۆده‌کاته‌وه‌. وشه‌ یۆنانییه‌که‌ی ئه‌کادیمیزم مانای ئه‌و شوێنه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌فلاتوون وانه‌ی فه‌لسه‌فی تێدا وتووه‌ته‌وه‌. که‌واته‌ ئه‌کادیمیا قوتابخانه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی بووه‌. ئه‌فلاتوون له‌ ساڵی 387 پ.ز له‌ بێستانه‌کانی ئه‌کادیمۆس له‌ ئه‌سینا دایمه‌زراندووه‌ بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ و بیرکاری. له‌ پاش خۆیشی چه‌ندین قوتابی درێژه‌یان پیدا و هه‌ر به‌ ناوی بێستانه‌که‌وه‌ ناوی ئه‌کادیمیایان لێناوه‌.

دواتر ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌و مانایه‌دا نه‌مایه‌وه‌، به‌ڵکو وشه‌که‌ بۆ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ به‌کارده‌هێنرا که‌ بیرمه‌ندان و زانایانی تێدا کۆده‌بوونه‌وه‌، کۆڕیان ده‌به‌ست و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ ده‌کرد، پاشان ئه‌و ناوه‌ندانه‌ شێوه‌ی ئینستیتۆیان له‌خۆده‌گرت، بۆ نموونه‌ ئه‌کادیمیای فه‌ڕه‌نسی که‌ کاردینال ڕیشێلۆ له‌ 1635 دایمه‌زراند به‌ مه‌به‌ستی کۆکردنه‌وه‌ی نوخبه‌یه‌ک له‌ زانایان و بیریاران و هونه‌رمه‌ندان، بۆ گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی به‌شه‌ جیاجیاکانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و زانسته‌کان، ده‌ره‌نجامی ئه‌م گفتوگۆیانه‌ بریتی بوو له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئینسایکلۆپیدیایه‌کی گه‌وره‌ و قه‌به‌ی فه‌ڕه‌نسی، هه‌روه‌ها کتێبێک ده‌رباره‌ی بایه‌خی زمان و ڕێزمان، کتێبێکیش ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌ب و ڕه‌وانبێژی و به‌شه‌کانی ڕه‌وانبێژی، دواتریش ئه‌کادیمیای هونه‌ره‌جوانه‌کانی پاریس دامه‌زرا و ئیدی له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌کاندا ئه‌و وشه‌یه‌ به‌و مانایه‌ بڵاوبوویه‌وه‌.

مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌کادیمیزم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌رخی ڕێنیسانسی ئه‌وروپی له‌ سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌می زاینیدا، چونکه‌ له‌ 1462دا له‌ ئیتاڵیا بازنه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی پێکهێنرا به‌ ناوی ''ئه‌کادیمیای ئه‌فلاتوونیزم''، که‌ دواتر ژماره‌ی ئه‌م جۆره‌ ئه‌کادیمانه‌ زیادی کرد، به‌ چه‌شنێک له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌مدا ژماره‌ی ئه‌کادیمیا ئه‌ده‌بییه‌کان (واته‌ بازنه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان) ته‌نها له‌ ئیتاڵیادا گه‌یشته‌ سه‌دان ئه‌کادیمیا. له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌میشدا بازنه‌ی برایانی ''دۆپێ'' له‌ فه‌ڕه‌نسا دامه‌زرا که‌ بازنه‌یه‌کی ئه‌کادیمی بوو و په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی به‌ بیری ئینسایکلۆپیدیایی و سازدانی ئینسایکلۆپیدیا هه‌بوو، بۆیه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌و بازنه‌ ئه‌ده‌بییه‌دا زیاتر گفوگۆ ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌ ئه‌ده‌بییه‌کان کراون. له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌شدا به‌شی زۆری ناوه‌نده‌ ئه‌کادیمییه‌کان ئه‌رکی خۆیان له‌ گواستنه‌وه‌ی بیری ''ڕۆشنگه‌ری''دا چڕکردبوویه‌وه‌.

بۆ ئه‌مڕۆش ماناکانی ئه‌کادیمیا فراوانتر بووه‌، ئه‌مڕۆ زاراوه‌ی ئه‌کادیمیا زیاتر چووه‌ته‌ ناو زانکۆکان و په‌یمانگاکانی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌کانه‌وه‌، ئه‌کادیمی و ئه‌کادیمیست بۆ ئه‌و که‌سه‌ جددیانه‌ به‌کارده‌هێنرێت که‌ توێژینه‌وه‌ی جددیی به‌ شێوه‌یه‌کی زانستی و ئه‌کادیمی و ورد و پسپۆڕیانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، یان نامه‌ و تێزی ماسته‌ر و دکتۆرا ده‌نووسن. ئه‌کادیمیست سیفاتی نووسه‌رێکه‌ به‌ جددی و وردبینی و زانستی میتۆده‌ زانستییه‌کان به‌کارده‌هێنێت، مه‌رج و بنه‌ماکانی توێژینه‌وه‌ی زانستی په‌یڕه‌وی ده‌کات. ئه‌مڕۆ سه‌فه‌تی ئه‌کادیمیا ده‌درێته‌پاڵ زانکۆ و په‌یمانگا هونه‌ری و زانستییه‌کان.

به‌ڵام ژماره‌یه‌ک له‌ زانایان و توێژه‌ران قایل نین و ڕه‌خنه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی و ئه‌کادیمیزم ده‌گرن. پێیان وایه‌ ڕێساکانی توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر ئازادی توێژه‌ری به‌رته‌سک کردووه‌ته‌وه‌.