A+    A-
(475) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگی نێگەتیڤ (چەمکەکانی فەلسەفەی یۆنان)

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

تێخنە (پیشەگەری، بەهرە، هونەر، زانستی پیادەکراو):

 

  گەر بەگشتی قسەبکەین، ئەفڵاتوون هیچ تیۆرییەکی تێخنەی نیە. وەک ئەوەی هەردەم ڕوودەدات، وشەیەک کە لای ئەرستۆ دەبێتە زاراوەیەکی تەکنیکیی ورد-پێناسەکراو و بێسنور، پێشتر لای ئەفڵاتوون بە شێوەیەکی ناتەکنیکی و گشتی بوونی هەیە. بەکارهێنانی ئەودەمی تێخنە بۆ باسکردن بووە لە کردن و بەتایبەتییش جۆرێک لە توانای پیشەگەریی دژ بە توانای غەریزی، یانژی دژ بە بەخت‌وناوچاوی ڕووت. ئەفڵاتوون هەر ڕێک بەم مانایە زاراوەکەی بەکارهێناوە؛ لە هیچ شوێنێکدا سەری خۆی بەوەوە نەئێشاندووە پێناسەیەکی تەکنیکی یان دەقیقی وشەکە بکات، [چونکە] تێگەیشتنە باوە قبووڵکراوەکە بۆ وی زۆر شیاو بوو.

 

  تێخنە لە سۆفیست و کۆماردا دەچێتەناو گوتارێکی فەلسەفی-تەکنیکییەوە. ئەفڵاتوون لەوێدا، دەیەوێت لەڕێگەی میتۆدی دیالەکتیکییەوە، کە بریتییە لە پرۆسەی کۆکردنەوە و دابەشکردن، بگات بە تێگەیشتنێک لەمەڕ سۆفیستایی و سیاسەتوان. لەمەڕ کۆکردنەوە نەختێ بەڵگە هەن، بەڵام لەمەڕ دابەشکردن بەڵگەکان زۆروبۆرن و تا ئاستێکیش پێکداچوون. هەردوو نمونەکە [سۆفیست و پۆلیتیکۆس] بە تێخنە دەستپێدەکەن، هەرچەندە لە پۆلیتیکۆس‌دا بەم جۆرەیان دەڵێت «زانینی دابەشبوو»، بەڵام بە سیاقەکەدا دیارە ئاماژە نیە بە مانای تەکنیکی وشەکە وەک ئەوەی دەردەکەوێت- بۆنمونە، وەک ئەوەی لە ئانالۆژیی هێڵ[1]دا هەیە- بەڵکو ئاماژەیە بەو شتەی پێشوەخت پێی دەوت تێخنە.

 

  بە بەراوردکردنی دیالۆگەکان، بۆمان دەردەکەوێت ئەفڵاتوون "هونەرەکان" بەسەر بەدەستهێنەر، جیاکەرەوە (هونەری خاڵیبوونەوەی سۆکرات نمونەیەکە بۆ ئەمە) و بەرهەمهێنەر[2]دا دابەشدەکات. هونەری بەدەستهێنەر بریتییە لە بەدەستهێنانی زانین (مەعریفە)، کە دەشێت لەپێناو ئامانجی پڕاکتیکی یان تیۆریدا بەکاربهێنرێت. ئەفڵاتوون «هونەرە تیۆرییەکان» بەسەر "بەڕێوەبەری (directive)" و "ڕەخنەیی (critical)"دا دابەشدەکات. تاکە نمونەی بۆ ئەمەی دووەمیان تەنیا «هەڵسەنگاندن و پاکانەحیساب (reckoning)»ـە، بەڵام پێدەچێ ئەمە ئەو دابەشکارییە بێت کە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی- یان بەو جۆرەی ئەفڵاتوون پێی خۆشبوو، لێکۆڵینەوەی دیالەکتیکی- لەخۆدەگرێت.

 

  «هونەرە پڕاکتیکییەکان»ـی ناو پۆلیتیکۆس، لەگەڵ «هونەرە بەرهەمهێنەرەکان»دا پێکدادەچن. دەشێت ئەمانە دابەشبکرێن بۆ پیشەگەریی پیرۆز (هەندێک حەزدەکەن بڵێن ئەوانە لەلاین سرووشت/فیسیسەوە درووستکراون، بەڵام ئەفڵاتوون شەرحێکی خوداباوەڕییانەی پێ باشترە، چونکە ژیریی هاوشانی هەموو تێخنەکانە) و پیشەگەریی مرۆیی. پیشەگەریی پیرۆز تەنە سرووشتییەکان درووستدەکات، بۆنمونە توخمەکان و ئەو تەنانەی لەو توخمانەوە لەدایکدەبن؛ پیشەگەریی مرۆیی، تەنە دەستکردەکان بەرهەمدێنێت.

 بەڵام جیاکارییەکی زێدەگرنگ هەیە، کە گەرەکە لێرەدا بیکەین. هەردوو بەرهەمهێنانی مرۆیی و پیرۆزیش لە توانایاندایە ئەسڵەکان (originals) و وێنەکان (images) بخوڵقێنن، و ئەوە هاوپەیوەندێتیی ئەپستمۆلۆژیی بەرهەمهێنانی وێنەیە کەوا نزمترین بەشی هێڵەکە لە کۆماردا پێکدێنێت. ناوە گشتییەکەی ئەفڵاتوون بۆ بەرهەمهێنانی وێنە، لاساییکردنەوە (میمێسیس)یە. بەڵام هەر لەو سیاقەدا دەرکەوتە پیرۆزەکانی وەک سێبەرەکان، خەونەکان و سەرابەکان زۆر جێی باس نین، لاساییکردنەوەی مرۆیی بنچینەی تەواوی ئیستاتیکای ئەفڵاتوونییە.

  وەک ئەرستۆش پێناسەی کردووە، تێخنە سیفەتێکە پتر بۆ بەرهەمهێنان (production) سازکراوە تاکو کردار (action). لە ئەزموونی چرکەساتی تاکەوە سەرهەڵدەدات، و کاتێ ئەزموونەکانی تاک دەگشتێنرێن بۆ زانینی هۆکارەکان، دەبێتە تێخنە: مرۆ بەئەزموونەکە دەزانێت چۆن، بەڵام نازانێت بۆچی. بۆیە ئەمە چەشنێکە لە زانین و دەشێت فێربکرێت. ئەقڵانییانە کاردەکات، بە لۆگۆسەوە، ئامانجەکەشی جێنەسیسە، هەر بەم جۆرەش لەو زانینە تیۆرییەی جیادەکاتەوە کە پتر سەروکاری لەگەڵ بوون‌دا هەیە، نەک بوون‌بە (صیرورە). ڕەگەزە ئەقڵانییەکەی وا دەکات لە چانس و بەختوناوچاو جیابێت، کە ئەمیش فاکتەرێکی تری مومکینی جێنەسیسە. دووبارە، تێخنە بەشێکی دەرەکیی پرەنسیپی جێنەسیسە نەک ناوەکی، لە فیسیسەوە وەگەڕیدەخات. لە کۆتاییدا، مادەم پتر بەرهەمهێنەرە تا پراکتیکی، ئەوا لە فرۆنێسیس (ئەقڵی پڕاکتیکی) جیایە.

 

 

تێلۆس (تەواوکردن، کۆتایی، غایەت):

  هەرچەندە پێشینەیەکی ڕوونی لە ئایدیای «ئەو ئاگرە ئاسمانییەی هەموو شتێک بەڕێوەدەبات»ـی هێراکلیتۆس و «بەکارهێنانی زەین» لەلایەن ئاناکزاگۆراسەوە هەیە، بەڵام مانایەکی دەقیقی غایەت لە کردەکانی کۆسمۆسدا، تا سەردەمی دیۆگینسی ئاپۆڵۆنیا لە فیکری تیۆریی یۆناندا بوونی نەبوو. بە دیدی وی، دەستپێکی هەموو شتەکان هەوایە، کە هەم گیانە (کاتێ گەرم دەبێت) و هەم ئەقڵ‌یشە، پیرۆزە و هەموو شتێک بەرەو باشترین بەڕێدەکات؛ ئەم خەسڵەتەیان بەبۆنەی نوێبوونەوەی ماوەماوەی سرووشتەوە خراوەتەڕوو.

  سۆکرات تەواو خولیای بۆ پاڵنەری تێلیۆلۆژی (غایەتناسی) هەبوو؛ هەر لەم گۆشەنیگایەوە تیۆریی زەینی ئاناکزاگۆراسی پشکنی، بەڵام بە لایەوە بێ‌هیواکەر بوو: هەمان شەرحە کۆنە میکانیکییەکەی شتەکان بوو، ئەوەی ئەفڵاتوون پێی دەوت تێکەڵکردنی سینایتیا و ئایتیا[3]، ئەرستۆش لەگەڵ ئەم هەڵسەنگاندنەی غایەتناسییەکەی ئاناکزاگۆراسدا هاوڕایە. بەڵام سۆکرات پێی‌وابوو هەندێ بنک و بناغەی بیرکردنەوە هەن، کە مایەی قاییلبوونی زیاترن بە دیۆگینس. تێڕوانینی ئەفڵاتوونیش بە هەمان شێوەیە، بەتایبەت لە سەروکاریدا لەگەڵ جیهانی بینراو لە دیالۆگەکانی دواتردا. لە تیمایۆسدا، بەرامبەرکێیەکی گشتیی لەنێوان بەرهەمەکانی زەین و ئەو بەرهەمانەی بەزەروورەت دێنەبوون هەیە، لە یاساکاندا ئەو شتانەی بەزەروورەت دێنەبوون، لەگەڵ کارە کوێرەکانی سرووشتدا هاوشوناسکراون؛ بەرهەمکانی زەینیش، لەڕێگەی دیزاین (تێخنە)ـەوە دێنەبوون. سایکی (psyche) جووڵە درووستدەکات، بەڵام ئەوە پەیوەندییەکەیەتی لەگەڵ زەین (ئەقڵ)دا کەوا گەرەنتیی دەرەنجامی مەبەستداری ئەم جووڵەیە دەکات.

  لای ئەرستۆ گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ ڕوودەدات: لای ئەفڵاتوون، زەین فاکتەری باڵادەستی سیستەمە غایەتناسییەکانە؛ لای ئەرستۆ، زەین تەنیا لە بازنەی مرۆیی تێخنە و دیزاینێکی ئامانجداردا کاردەکات، و بێگومان ئەوەی هونەرمەندێکیش دەیکات لاساییکردنەوەی فیسیسە، کە ئەمیش غایەت (تێلۆس)ـی خۆی هەیە و سەرچاوەی جووڵەیە؛ بەکورتی، «هۆکاری کۆتایی (final cause)»ـە. مژاری غایەتناسیی لای ئەرستۆ، باسێکی بنچینەییە: لە سەرەتاییترین کارەکانیدا دەردەکەوێت و لە میتافیزیکەکەیدا کامڵ دەبێت. لە چەندین جێگەی جیاوازدا تێلۆس وەک چاکە باسکراوە، و لە میتافیزیکدا وەک چاکەی باڵا (ultimate Good) باسکراوە؛ هەر بۆیە هۆکاری کۆتایی کۆی کۆسمۆس جووڵێنەری یەکەمە، «نۆیەسیس نۆیەسیۆس (noesis noeseos)».

  تیفراستوسی قوتابیی ئەرستۆ، لەگەڵ غایەتناسیدا ڕووبەڕووی هەندێ تەنگوچەڵەمە بوویەوە، بەڵام باسەکە لە فەلسەفەدا هەرگیز پێگەی خۆی لەدەستنەدا، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی خوداباوەڕی لە قوتابخانەکانی دواتردا؛ لەم سیاقەدا دەبێتە ویستی خودا.

 

 

تیۆس (خودا):

  پیرۆز (the Divine) وەک چەمکێکی فەلسەفی، زۆر کۆنترە لە ئایدیای خودایەکی کەسێنراو. بێگومان خەتێکی بەهێزی گومانگەرا لەنێو فەیلەسوفاندا دەرهەق بەو فیگەرە ئەنترۆپۆمۆرفیزەکراوانە[4] هەیە، کە لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا هەن. تەنانەت کاتێ دەزگا میتۆلۆژییە کۆنەکان لەلایەن فەیلەسوفانەوە بەکاردێن، بۆنمونە لای ئیمپیدۆکلیس، بۆ ئەوەیە ئۆڵۆمپیانەکان بۆ هێزی سرووشتی کورتبکەنەوە. یەکەمین شوێنەواری خودایەکی کەسێنراو، لە پێناسەکردنی ئەقڵ‌دایە- لەلایەن ئاناکزاگۆراس و دیۆگینسەوە- وەک بزوێنەر و فاکتەرێکی غایەتداری کۆسمۆلۆژی. ئەقڵ (نۆس-nous) پیرۆز (تێیۆن) بوو، و لەگەڵ میراتە میلێسیاییەکەی سایکیدا دەشیا پێچەوانەکەشی بێت؛ گەر لە شوێنێکدا نەیتوانیبا ببێتە خودا، بەهۆی نوقسانی و نەبوونی بەرچاوی ترانسێندێنسەوە بووە.

  جیاکارییە زەقەکەی ئەفڵاتوون لەنێوان هەستپێکراو (ئەیستێتۆن) و درکپێکراوی ئەقڵی (نۆیەتۆن)دا بناغەکانی ترانسێندێنس (بڵندنشینی)ـی داڕشت، بەڵام لە دیالۆگەکانی پێشووتریدا هێشتا لەناو چنگی نکۆڵییە پارمەنیدییەکەی جووڵەی بوونی ڕاستەقینەدایە، هەر بۆیە هیچ شوێنێک بۆ خودایەکی دینامیکی لەناو شوێنی جێگیری ئیدەدا بوونی نیە. وەرچەرخانە مەزنە تیۆلۆژییەکە لە سۆفیست و فیلێبوسدا ڕوودەدات؛ ئەویش کاتێ لە سۆفیست‌دا گیان و ئەقڵ شوێنی بوونێکی ڕاستەقینەیان پێبەخشراوە، و ئەقڵی کۆسمیکی لە فیلێبوس‌دا وەک هۆکاری کارامەی گەردوون وەسفکراوە و لەگەڵ زیوس‌دا هاوشوناسکراوە. بێگومان ئەمە دێمیۆرگۆسی تیمایۆس‌ـە، ئەوەی کاتێک چوارچێوە میتافۆرییەکان دادەماڵێت ئەقڵە و ئەوەشی کە بڵندنشینییەکەی بەبۆنەی ملکەچبوونیەوە بۆ ئیدە سنوردارە.

  پاڵنەرێکی تری تیۆلۆژی لەودیو تیمایۆسەوە نوستووە: باوەڕ بە پیرۆزیی تەنە ئاسمانییەکان. ئەرستۆش لە دیالۆگەکانیدا هێشتا لەژێر کاریگەرییاندایە، بەڵام لە نوسینەکانیدا تەنیا دوو خودا دەخرێنەڕوو، یان باشتر، خودایەک و شتێک (جەوهەرێک)ـی پیرۆز: جووڵێنەری یەکەم وەک ئەوەی لە میتافیزیکەکەیدا باسکراوە، هەروابێتەوە هەوا (ئیتەر). بوونی هەردووکیان لە جووڵە (کینەسیس)ـەوە داڕێژراوە: هەوا پیرۆزە، چونکە جووڵەکەی ئەبەدییە، جووڵێنەری یەکەمیش خودایە، چونکە جووڵەکەی جۆی ناجووڵێنرێت.

  ئەپیکۆرییەکان ئاتایست نین؛ وان دان بە بوونی خودادا دەنێن، بەڵام نکۆڵی لەوە دەکەن خودا ئەم جیهانەی ئافراندبێت، یانژی لەدوورێ‌ڕا حوکمی بەسەردا بکات. ماتریاڵیزمی ڕەواقییەکان ویستی خودا بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی تێیۆنی میلێسییەکان، بەڵام مۆنیزمەکەیان موتڵەق نەبوو، و جیاکارییەکەیان لەنێوان پرەنسیپی ئەکتیڤ و پاسیڤدا ڕێیان بۆ خۆشدەکات خودا وەک ڕەگەزێکی ناونشینی خالق پێناسەبکەن؛ هەر بۆیە پێناسەی خودا وەک «ئاگرێکی خالق» و پێناسە ڕۆحانییەکانی تر غاییب نەبوون: خودا هەم لۆگۆسە (Logos) و هەم نۆس (nous). سینیکەکان ئەوەڵین قوتابخانەی فەلسەفی بوون، کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لێکدانەوەی ئالێگۆرییانە بەکاربهێنن بۆ پێکهێنانی یەکتاپەرستی (monotheism)یەکی فەلسەفی دژ بە فرەخوداپەرستی (polytheism). جا لەمە و لە زۆر شتی تریشدا ڕەواقییەکان شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرتەوە. بەڵام ڕوونە پرەنسیپە مۆنیستیکەکە سەری بۆ پانتیزم (وحدت الوجود) کێشا، هەروەک چۆن جووڵەیەکی هاوتا لە بەرەی ئایینە باوەکەوە سەری بەرەو هێنۆتیەزم[5] و یەکتاپەرستییەکی ناڕەسەن کێشا. لانیکەم پێویستە سینیکا لە پانتیزمی ڕەواقییەکان بکرێتەدەرێ، هەروابێتە «سروودێک بۆ زیوس»ـی کلینتێسیش بەرماوەیەکی پانتیستی نیە.

  چەندین هۆکار وایان کرد لە خوایەتییەکی یەگرتوو[6] دووربکەونەوە؛ ماتریاڵیزمی مۆنیستیی ڕەواقییەکان ڕەتکرایەوە و دووبارە جەخت لە بڵندنشینی (ترانسێندێنس)ـی ئەفڵاتوونی کرایەوە، ئەمجاریان بە ئایدیای هیرارشیەتی پرەنسیپە ترانسێندێنتەکانەوە. ئاڵۆزییەکانی پرسی ویستی خوداییش سەریانکێشا بۆ جیاکردنەوەی "فەرمان و جێبەجێکردن"، و دانانی خەسڵەتە پاشینەکانی تری وەک چالاکیی "ئافراندن و چاودێری" وەک پرەنسیپی دووەم. "خودای دووەم" لای فیلۆ [ـی ئەسکەندەری] و بەتایبەت لای نومێنیۆس دەبینرێت؛ ئەخیرەن لە تیۆریزەکردنی "نۆس"دا لای ئەفڵۆتین کۆتایی پێ دێت. 

 

 

هێن (یەک):  

  عادەتەن گەڕانە پێش‌سۆکراتییەکان بۆ دەستپێکی هەموو شتەکان لە تاقە پرەنسیپێکدا کۆتایی پێ دەهات، [واتە] کورتکردنەوەی چەندین بوونی جیاواز بۆ یەک شت، ئەویش بەبێ جەختکردنەوە لە تاقانەیی ئەو پرەنسیپ و بنچینەیە. وا دیارە یەکەمین دواڵیستەکان فیساگۆرییەکان بوون، "وا دیارە" چونکە حوکمەکە بەندە بە ڕاڤەی تێکسێکی ئاڵۆز لای ئەرستۆ، ئەمەش لەپاڵ ئەو ڕاستییەدا کەوا ماوەیەک دواتر فیساگۆرییەکان بوونە مۆنیست، و- وەک هەمیشە لە سەرچاوە فیساگۆرییەکاندا- جیاکردنەوەی کۆن و نوێ پرسێکی ئاسان نیە.

  ئەرستۆ لە میتافیزیکەکەیدا دەڵێت فیساگۆرییەکان ستۆیکێیا (توخمەکان)یان کردە سنور و بێسنور؛ وان توخمە تاک و جووتەکانن، ئەمانەش دواتر یەک دەڕسکێنن، لەمیشەوە کۆی زنجیرەی ژمارەکان دەستپێدەکات. وا دیارە ئەمە جیاکارییەک دەخاتە نێوان جووتە ستۆیکێیا دژەکان (سنور/بێسنور، تاک/جووت) و ئەنجامەکانیانەوە- کە یەکـە-؛ یەک، ئارکی یان خاڵی دەستپێکی ژمارەکانە. بەڵام ئەرستۆ لە هەمان نوسیندا دەڵێت فیساگۆرییەکان ستۆیکێیاکەیان دەکەن بە دوو تەوەری تەریبەوە، بەشی چەپ سنور و تاک و یەک و هتدی تێدایە، بەشی ڕاستیش بێسنور و جووت و فرەیی تێدایە. گەر ئەو شتە لەبەرچاوبگرین کە دواتر لە قوتابخانەکەدا دەبێتە پێشکەوتنێک، ئەوا سێ گۆشەنیگای جیاوازمان لەمەڕ یەک دەستدەکەوێت: یەک وەک پێشینەی ستۆیکێیا، یەک وەک ستۆیکێیا و یەک وەک پێشینەی هەموو شتێکی تریش.

  ئەم تێڕامانانە بەندن بە ڕەچاوکردنە فیزیکی و ماتماتیکییەکانەوە، بەڵام دەرکەوتنی دواتری یەک لە سیاقێکدایە کە تێیدا لۆژیک باڵادەستە. ئەمە «ڕێگەی حەقیقەت»ـی پارمەنیدسە کە دەیەوێت ئەوە ڕوونبکاتەوە گەر بوون (being) هەبێت، ئەوا یەکـە، ئەویش بەو مانایەی هەم تاقانەیە و هەم دابەشنەبووە.

  زینۆ (زینۆن)، بۆ پاڵپشتیکردنی مشتومڕەکەی پارمەنیدس، ژمارەیەک دژ (ئانتینۆمی)ـی دیالەکتیکی پێکهێناوە. ئەمانە فۆرمی دانانی گریمانەیەک دەگرنە خۆیان، لەم حاڵەتەشدا [باسەکە] فرەیی بوونەکانە، ئەوەش دەردەخات کەوا ئەو ئەنجامانەی لەمەوە دەکەونەوە، هێندەی ئەو ئەنجامانە پووچن کە لە دژایەتیی «بوونی یەک»ـی پارمەنیدسەوە سەریانهەڵدا. ئەفڵاتوونیش ڕێک بەو شێوەیە کۆمەڵێک گریمانە سەرپێدەخات و لە دیالۆگەکەی پارمەنیدسدا دەیانکاتەوە بە ڕووی پارمەنیدس خۆیدا. سوبێکت یەکە. نوسینەکانی دواتر بڕێک ناڕوونییان تێدایە، باسەکەش ئەوە نیە ئەو یەکەی باسدەکرێت «بوونی یەک»ـی پارمەنیدسە یان یەک‌ێتی[7] ترانسێندێنتاڵی ئەفڵاتوون. دووبارە، ئایا ئەمە مشتومڕە زینۆییەکەیە یان دیالەکتیکی ئەفڵاتوونی؟

  دیراسەتی مۆدێرن هەرچی بڵێت لەسەر بابەتەکە (و دەخوازێت نیوەی دووەمی دیالۆگەکە بە تێڕامانی لۆژیکیی لەمەڕ «بوونی یەک» ببینێت) حوکمی دواتری نەریتە ئەفڵاتوونییەکە ڕوونە. گریمانەکانی «دیالۆگی پارمەنیدس» بوونە تێکستێکی پیرۆز لەمەڕ یەک وەک هیپۆستاسیس (hypostasis)ێکی ترانسێندێنتاڵ. بیجگە لە تیمایۆس و ئینیادەکان، زۆرترین جار ئاماژەی پێ کراوە؛ پرۆکلوسیش سەرنجێکی دوورودرێژی لەسەر داوە.

  ئایا ئەفڵاتوون تیۆرییەکی تایبەتی بۆ یەک هەبوو؟ ئەفڵاتوون، هێندەی سەروکاری لەگەڵ یەکێتیی ئیدە تاکەکاندا هەیە، دەڵێت وان دابەشنەبوون، هێند دەڕوات کە پێیان بڵێت هێنادەکان یان مۆنادەکان. بەڵام ئێمە کەمتر زانیارییمان لەمەڕ ئیدۆسی یەک یان یەک‌ێتی پێدراوە. ئەفڵاتوون لە فیلێبوس‌دا خۆی دەخاتەبەر یەک و فرە وەک کێشەیەکی دیالەکتیکی. ئەو ئاماژە بەوە دەکات پێشوەخت پرسەکەی لە «فرەیی-لە-یەکدا»دا و لە ئاستی یەکێتیی ئۆرگانیی مرۆڤ‌دا حەلکردووە، بەڵام پرسیارە ئاڵۆزەکەی ئیدۆسی مۆنادی و دابەشبوونی لەڕێگەی فرەیی شتە ماددییەکانەوە و کێشەی هاوپەیوەندێتیی ئیدە هەر دەمێنێتەوە. وی بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، چارەسەرە فیساگۆرییەکە دێنێتەوە، ئەوەی ئاڵوگۆڕکردنی یەک و فرەیی بە سنور و بێسنور، دواجاریش ئەمانە تێکەڵی ڕێکارەکەی خۆی دەکات: ڕێکاری کۆکردنەوە و دابەشکردن. ئەم ڕێکارە جووڵەیەکی دیالەکتیکییە لە فرەوە بۆ یەک و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام ئەو یەکەی کۆکردنەوە پێی دەگات یەکێکی ترانسێندێنتاڵ نیە، بەڵکو ئیدەیەکی گشتیی ئەو چەشنەیە لە دیالۆگی سۆفیستدا وەک "ئیدۆسێک کە لە چەندین ئیدەی جیاجیاوە درێژدەبێتەوە" وەسفکراوە.

  دیالۆگی سۆفیست پرسی یەک دژ بە پارمەنیدس قیتدەکاتەوە، بەڵام ئەمجاریان پارمەنیدسی دیالۆگە ئەفڵاتوونییەکە نا، بەڵکو فەیلەسووفی «ڕێگەی حەقیقەت». گەر «بوونی یەک»ـە بازنەییەکە بەو شێوەیە بێت پارمەنیدس باسیدەکات، کەوابێ گشتێکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە و لە خودی یەک جیایە، کە بەتەواوی سادەیە [یەکـە و هیچی تر]. بەڵام تێکستەکە هیچ پاشکۆیەکی کورتیشی نیە باسی ئیدۆسی یەکمان بۆ بکات. لە هەمان دیالۆگدا، وەختێ ئەفڵاتوون باسی مەزنترین جۆرەکانی ئیدەمان بۆ دەکات، یەک لە هیچ شوێنێکدا نابینرێت، ئیتر ئەفڵۆتینیش ناچار شەرحێکی درێژ بۆ ئەوە تەرخان بکات کە بۆچی لابردنی یەک کارێکی شیاوە.

  گرنگیی یەک لای ئەفڵاتوون، بێجگە لە کارە کونجکۆڵەکەی دیالۆگی پارمەنیدس، لە گرنگیی ئیدەکانی تر زیاتر نیە و ڕەنگە لە «مەزنترین جۆر (megista gene)»ـی ناو دیالۆگی سۆفیستیش کەمتر بێت. بەڵام ئەوەی پتر سەرنجڕاکێشە، ئەو پێگەیەیە کە لە ئەکادیمیای ئەودەمدا وەریدەگرێت. مامەڵەی ئەرستۆ لەگەڵ یەکدا، پۆلێنکردنیەتی لەناو "ترانسێندێنتاڵ"ـەکاندا: یەک‌ێتی، وەک بوون، بە شێوەیەکی هاوتا دراوەتەپاڵ هەموو کاتەگۆرییەکانەوە. بەڵام لە بەشی یەکەمدا، هیچ نیە جگە لە دەستپێکی زنجیرە ماتماتیکییەکان، بۆیە وی بڕوای وایە دەبێت ئەفڵاتوون یەکـی وەک جەوهەرێکی سەربەخۆ و دەستپێکی هەموو ئیدەکان وەرگرتبێت، چونکە یەک و بوون گەورەترین جۆرن کە هەموو ئیدەکان بەشێکن لێیان. کەمێک ئەستەمە لە ڕیشەکانی ئەم باوەڕە تێبگەین، بەڵام بەڕوونی پەیوەستە بەو وتە فرەدووبارەکراوەوە کە ئەفڵاتوون ئیدەی لەگەڵ ژمارەکاندا هاوشوناس کردووە. سەرنجێکی تریش بە هەمان ئاڕاستەماندا دەبات؛ ئەرستۆ دێژێت ئەفڵاتوون یەکی لەگەڵ چاکەدا هاوشوناس کردووە، جا ئێمەش دەزانین ئەمە تەنیا لەسەر بنەمای خوێندنەوەی پاژە بەناوبانگەکەی چاکەی ترانسێندێنتاڵ نیە لە کۆماردا، چونکە لە سەرچاوەیەکی ترەوە دەزانین ئەفڵاتوون لە وانەوتاری «لەمەڕ چاکە[8]»دا- کە ئەمیش سەروکاری لەگەڵ ماتماتیکدا هەبووە- ئەم هاوشوناسکردنەی ئەنجامداوە.

  ئەرستۆ بەردەوام دەبێت و دەڵێت، سپێسیپوسی شوێنکەوتەی ئەفڵاتوون خۆی لەم ئاڵۆزییە لاداوە، چونکە- گەرچی یەکی وەک ئارکی (دەستپێک) وەرگرتبوو- لەگەڵ چاکەدا هاوشوناسی نەکرد، بەڵکو کردیە بەرەنجامی پرۆسەیەکی بەرەوپێشچوو. بە هەمان شێوە باس لە تێڕوانینەکانی سپێسیپوس کراوە لەمەڕ دەستپێک(ـەکان). ئەو ماتماتیکای خستە شوێنی ئیدەی ئەفڵاتوونی، بە شێوە فیساگۆرییەکە ژمارەکانی لە یەک و فرەییەوە دادەڕشت. کەواتە یەکی سپێسیپوس بنچینەیەکی ئەوپەڕینە نیە لە سیستەمێکی مۆنیستیدا، بەڵکو یەکێکە لە دوو پرەنسیپە هاوبەشەکەی ژمارە. زینۆکراتیش سەر بە هەمان نەریتە؛ وی ئیدەی کردە ژمارە و لە مۆنادەکان و دایەدەکانەوە دایدەڕشتن، ئەویش بەرمەبنای ڕاڤەی تیمایۆس. وی بەردەوام دەبێت و یەک لەگەڵ باوک و زیوس (خودای یەکەم، ئەقڵ)دا هاوشوناس دەکات، هەروابێتەوە دەشێت بە دایەد (dyad) بڵێین دایکی خوداکان و ڕۆحی جیهان.

  لە هەموو ئەم تیۆرییانەی ئارکی‌دا ڕوونە کەوا یەک فاکتەرێکی جێگیرە؛ ئەوە هاوپەیوەندەکانیەتی کە جیاوازییە بچوکەکان درووستدەکەن: ناکۆتای فیساگۆرییەکان، دایەدی ناکۆتای جەمسەرداری ئەفڵاتوون، زینۆکرات، فرەیی پلورالیستیی سپێسیپوس و فیساگۆرییەکان. تێڕوانینێکی جیاواز لە کاتی سەرهەڵدانەوەی فیساگۆریانیزم لە سەدەی یەکەمدا درووستدەبێت، ئەو کاتەی نوسەرانی وەک ئیودۆروس و پۆلیستەر باسیان لە فیساگۆریانیزمێک دەکرد کە پێی‌وابوو دایەدی ناکۆتا لە مۆنادەوە داڕێژراوە. پێبەندایەتیی فیساگۆرس و ئەکادیمیا لەلایەن هەردوو لاوە قۆزرایەوە. ئەرستۆ پێشتر ئەو دووانەی پێکەوە ڕەپت کردبوویەوە. داڕشتنی پرەنسیپە ترانسێندێنتە ئەفڵاتوونییەکان لە دیالۆگەکانی دواییدا و لەڕێگەی تیۆریی فیساگۆریی ژمارەوە، بەتایبەت دیاریکراوە؛ ئینجا سیمپلیسیوس درێژەی بە تێڕوانینەکانی "مۆدێراتوسی قادش"ـی فیساگۆری داوە. هەموو هیپۆستاسیسە نیۆئەفلاتوونییەکان تێیدا ئامادەن: یەکـی یەکەم لەودیو بوونەوەیە؛ یەکـی دووەم تەواو ڕاستەقینەیە، ئەقڵانییە، ئیدەیە؛ یەکـی سێیەم، لە یەکی یەکەم و ئیدەدا بەشداریدەکات. جەختکردنەوە لە یەک لای مۆدێراتوس، لە گۆشەنیگا فیساگۆرییەکەیەوە دێت. هەژمارێکی تر لە سێ هیپۆستاسیسەکە لەلایەن ئالبینۆسی ئەکادیمییەوە، و ناوزەدکردیان وەک ئەقڵ، دەرخەری ئاڕاستەگیرییەکی ترە ڕووەو فیلێبوس و تیمایۆس. بەڵام شتێکی ئەرستۆش لێرەدا بوونی هەیە: ئەقڵی یەکەم- لەپاڵ ئەوەدا کە دێمیۆرگۆسە و باوکە و هۆکاری هەموو چاکە و حەقیقەتێکە- بیردەکاتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە یەک بوو کەوا بەسەر ئەقڵدا سەرکەوت. نومێنیۆسی فیساگۆریی سەدەی دووەم، ئەوەی ئەفڵۆتین لای خوێندوویەتی، پێشوەخت ئەقڵ و کارکردی دێمیۆرگۆسی کردبووە پاشکۆ، ئینجا «خودای یەکەم» بە شێوەیەکی ڕەها یەکە و دابەشنەبووە.

  ئەمە یەکە، یەکەم هیپۆستاسیسی ئەفڵۆتینە، لەودیو بوونەوەیە و بەتەواوی بێ‌چەندوچونە. یەک‌ێتی لێ بارنەکراوە؛ بێگومان هیچ شتێکی تێدا نیە: ئەوەیە کە هەیە؛ واتە بریتییە لە چالاکی و جەوهەری خۆی. دوو شت دەبێت ڕاستبکرێنەوە. نە یەکەیەکی ژمارەییە، نە تێڕوانینە ئەرستۆییەکەشە لەمەڕ بیرکردنەوە.

  ترانسێندێنسی یەک، لەگەڵ زێدەجەختکردنەوە لە نەریتە فەلسەفییەکانی دواتردا، سەردەکێشێت بۆ قەیرانی ناسینەوە. ئەفڵۆتین ڕووبەڕووی کێشەی یەکەم پرەنسیپی ترانسێندێنتاڵ دەبێتەوە کە لەودیو بوون، تێگەیشتن و شەرحەوەیە لەلایەن تیۆریی لاساییکردنەوە و پەنابردن بۆ شیکردنەوە. دەشێت لە دوو ئاڕاستەوە لە پرسی لاساییکردنەوە (mimesis) نزیکببینەوە. یەکەمیان تەواو ئەرستۆییە، ئەویش یەکێتیی کەسە[9]. لەمەوە و لەڕێگەی یەکێتییەکی پلەبەرزترەوە، دەگەینە سادەییەکی موتڵەق، کە یەکە. لە دیدێکی ئەفلاتوونییشەوە، چالاکیی ئەقڵ و تێڕامان جۆرێکە لە جووڵە، لە ئاسمانەکاندا دەسووڕێتەوە، بەڵام لە ئێمەدا شێواوە، ئەویش بەهۆی ئەو جووڵە ناکۆکانەوە کەوا لە جەستەوە دێن. بۆ ئەفڵۆتین، یەک چەقی نەجووڵاوی هەموو جووڵەکانە، و لە میتافۆری سەماکارانی دەوری سەرکۆڕبێژدا باسی جووڵە ناڕێکەکانمان دەکات، ئەویش لەڕێگەی گۆڕینی سەرنجمانەوە لە "دەرهێنەر"ەوە ڕووەو تەماشاکەر. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پێویستە لەناو خۆماندا یەکێتیی ڕاستەقینە ببینین. یەک لەڕێی بەڵگەکاریی ئەقڵییەوە ناناسرێت، کە ئەمیش بۆخۆی چالاکییە لەناو فرەییدا، بەڵکو لەڕێی ئامادەیی لەناو یەکێتیی ئێمەدا دەناسرێت. تێگەیشتن لە یەک لەڕێگەی تێڕامانی ناوەکییەوە بەدەستدێت، «فڕین لە تەنیاوە ڕووەو تەنیا»، ئەمە گیان (ڕۆح) تەواو سادە دەکاتەوە. ئەم یەکێتییە عیرفانییە لەگەڵ یەکدا و لە جیهانی ئایدیاکاندا ئەزموونێکی ئەبەدییە، ئەفرۆدیتە ئاسمانییە ڕاستەقینەکەیە؛ بەڵام لێرە ئەزموونەکە کاتییە، لێرە ئەزموونی ئەفرۆدیتێکی سۆزانیی قەڵب دەکەین.

  هەروەک چۆن ئەفڵۆتین لە یەکێتیی ڕێژەییەوە ڕووەو یەكێتیی موتڵەق دەڕوات، ئەوهاش پرۆکلوس یەکی موتڵەق لەڕێگەی ئامادەیی یەکەکانەوە لەناو یەکدا دادەڕێژێت. وەک لای ئەرستۆ هەیە، [لێرەش] هۆکارێکی ترانسێندێنتاڵی کۆتایی بوونی هەیە، هۆکارێکی کارای ترانسێندێنتاڵیش بوونی هەیە؛ ئەمانە هاوشوناسی یەکترن و یەکن.     

 

 

 

 

 پەراوێز:


[1] Analogy of Line

[2] Acquisitive, Separative and Productive

[3] Synaitia and aitia

[4] واتە ئەو فیگەرانەی خراونەتە سەر شێوەی مرۆڤ.

[5] واتە یەکتاپەرستی، بەڵام بەبێ ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن لە خوداکانی تر.

[6] Unified godhead

[7] Oneness

[8] On the Good

[9] Unity of person

 

 

سەرچاوە:

GREEK PHILOSOPHICAL TERMS: A Historical Lexicon, F. E. PETERS, 1967