هیگڵ و مارکس له چیدا هاوبه‌شن؟
بارن بارلاس
و. شکار وه‌فا
نوسینه‌کانی هیگڵ کاریگه‌ریی به‌رچاویان به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی کارڵ مارکسه‌وه هه‌بووه. گه‌ر له‌و بیرۆکانه ورد ببینه‌وه که لای هیگڵ و مارکس هاوبه‌شن، به‌تایبه‌ت دیالەکتیک، په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزه‌که‌ی نێوانیان ڕوون ده‌بێته‌وه.
گیۆرگ ڤیڵهێلم فرێدریش هیگڵ و کارڵ مارکس دوو فه‌یله‌سووفی دیاری ئه‌ڵمانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ن و زۆرجار پێکه‌وه ناویان ده‌هێنرێت، چونکه ڕوونه که هیگڵ کاریگه‌رییه‌کی ئاشکرای به‌سه‌ر مارکسه‌وه هه‌بووه. تیۆره بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی هه‌ردووکیان له‌باره‌ی داینه‌میکییه‌تی مێژووی مرۆڤه‌وەیه. درووسته گه‌ر بڵێین مارکسی لاو له سه‌ره‌تاکاندا به جۆرێک هیگڵی بووه؛ به‌ڵام زۆرجار ئه‌وه‌شمان به‌رگوێ ده‌که‌وێت که فه‌لسه‌فه‌ی مارکس پێچه‌وانه‌ی هیگڵه. ده‌توانین به وه‌رگرتنی دیالەکتیک وه‌ک چه‌مکی چه‌ق له نێوان هه‌ردووکیاندا، باشتر له په‌یوه‌ندیی هیگڵ و مارکس تێبگه‌ین.
هیگڵ و مارکس: دوو ڕووی یه‌ک دراون؟
به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی ئاشنای مارکسیزمن به‌ر ئه‌م دێڕه به‌ناوبانگه ده‌که‌ون:
''مارکس فه‌لسه‌فه‌که‌ی هیگڵی خسته‌سه‌رپێ و ڕاستیکرده‌وه.'' ئه‌م دێڕه به‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕواڵه‌تی و ساده‌له‌وحانه‌یه بۆ سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی ماتریالیستانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیستی هیگڵ له‌لایه‌ن مارکسه‌وه. دژایه‌تیکردنی ئه‌و دێڕه‌ش هه‌روا ئاسان نییه، چونکه ئه‌ساسی دێڕه‌که وته‌یه‌کی مارکس خۆیه‌تی له به‌شی یه‌که‌می سه‌رمایه.
هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر قسه‌که‌ی مارکس زۆر ساده بکه‌ینه‌وه، ئایدیا بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی بڕێک ڕاستیشی تێدایه. مارکس شوێنکه‌وته‌ی هیگڵ بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌وکاته‌ی که یه‌کێک بووه له هیگڵییه لاوه‌کان. دواتر به‌رمه‌بنای ته‌فسیر و ڕه‌خنه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌که‌ی هیگڵ، تێگه‌یشتن و دونیابینی خۆی بینا ده‌کات. به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌یا ئه‌وه‌یه، هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه مارکس بوو فه‌لسه‌فه‌که‌ی هیگڵی خسته‌سه‌رپێ؟ ئه‌ی بۆچی [مارکس] پێی وابووه فه‌لسه‌که‌ی هیگڵ لنگاوقوچه؟ ئایا ڕه‌خنه‌کانی مارکس له هیگڵ هیچ مه‌عنایه‌کیان هه‌یه؟ ئایا هیچ شوێنه‌وارێکی هیگڵ به فه‌لسه‌فه‌که‌ی مارکسه‌وه دیاره؟ ئه‌مانه بڕێکن له‌و پرسیارانه‌ی هه‌وڵی وڵامدانه‌وه‌یان ده‌ده‌ین.
گه‌ر مارکس فه‌لسه‌فه‌که‌ی هیگڵی خستبێته‌سه‌رپێ، ئه‌توانین بڵێین [مارکس] هه‌روا به ساده‌یی فه‌لسه‌فه‌که‌ی هیگڵی ڕه‌تنه‌کردووه‌ته‌وه. مارکس که‌ڵکی له ئایدیاکانی هیگڵ وه‌رگرتووه، به‌ڵام به عه‌کسه‌وه. وه‌لحاڵ، ئامانجی سه‌ره‌کی و بنه‌مایی تیۆره‌کانی هه‌ردووکیان، ئازادی مرۆڤ بووه، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌شیان بۆ گه‌یشتنه ئه‌و ئامانجه [ئازادی مرۆڤ] قه‌ناعه‌ت و ڕێگای جیاوازیان هه‌بووه. ئه‌توانین هه‌ر به سه‌رنجدان له چوارچێوه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی هه‌ردووکیان، لێکچوون و خاڵه هاوبه‌شه‌کان ببینین. هه‌ردووکیان سه‌رنجیان له‌سه‌ر پرسی گه‌شه‌سه‌ندن بووه له‌ناو مێژووی مرۆڤدا، تا له‌و ده‌ریچه‌یه‌وه هه‌وڵ بده‌ن له کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن تێبگه‌ن. به‌ڵام مارکس زیاتر ئه‌ڕوات و هه‌وڵی ته‌شکیلکردنی تیۆرییه‌ک ده‌دات تا بزانین ده‌بێت چ کارێک ئه‌نجام بدرێت تا کۆمه‌ڵگه‌کان پێشبکه‌ون. هیگڵ قه‌ناعه‌تی وابوو گه‌شه‌ی مێژوو سرووشتییه، و خۆی جوڵێنه‌ری خۆیه‌تی، پێی وابوو ناتوانین وه‌ک تیۆری کۆمۆنیزمی مارکس، به شێویه‌کی ئه‌قڵانی ئاڕاسته ڕه‌وت و گه‌شه‌ی مێژوو بکه‌ین. پێچه‌وانه‌کردنه‌وه‌ی دیالەکتیک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆڵه‌یه هه‌ردووکیان به فه‌لسه‌فه‌یان به‌خشیوه.
هیگڵ و مارکس له‌باره‌ی ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌وه
ئه‌و خاڵه ئه‌ساسییه‌ی مارکس هاوڕای هیگڵ نییه، گفتوگۆیه‌کی باڵایه له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌وه. دیدگا پێچه‌وانه‌کانیان له‌باره‌ی ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌وه ڕێگه‌که‌مان بۆ خۆشتر ده‌کات، تا وێنه گه‌وره‌که ببینین و به وردی شوێنپێی ئه‌م لێکدژییه له‌ناو تیۆرییه‌کیاندا هه‌ڵبگرین.
''فه‌لسه‌فه نماینده‌ی زه‌مه‌نی خۆیه‌تی، و له‌ناو هزره‌کاندا لێی تێده‌گه‌ن''
ئه‌مه یه‌کێکه له دێڕه‌کانی پێشه‌کی کتێبی ڕه‌گه‌زه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی مافی هیگڵ. پێش ئه‌م دێڕه، هیگڵ ئاماژه ده‌کات به‌وه‌ی مرۆڤه‌کان ناتوانن له زه‌مه‌نی خۆیان ده‌رباز ببن. مانای ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه، بیرکردنه‌وه‌مان ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌که‌مانه: ناتوانین له‌و سه‌رده‌مه ده‌رباز ببین که تێیدا ده‌ژین، و با بڵێین له نیگایه‌کی ئۆبجێکتیڤییه‌وه له جیهان بنۆڕین. بۆیه فه‌لسه‌فه‌ش هه‌روه‌ک مرۆڤ بووه به ته‌ڵه‌ی زه‌مه‌ن و مێژووی خۆیه‌وه.
به ڕای هیگڵ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه ئه‌نجامی بده‌ین ئه‌وه‌یه له مێژوو ورد ببینه‌وه، تا له‌وه تێبگه‌ین که له ژێره‌وه ده‌گوزه‌رێت. به‌ڵام نابێت لێمان تێکبچێت، ئه‌مه قودره‌تی ئه‌وه‌مان ناداتێ پێشبینی داهاتوو بکه‌ین. ڕه‌گی ئه‌م ئایدیا له تیۆری ئۆبێکت-سهوبێکتی هیگڵدایه و له به‌شی دواتر ڕوونی ده‌که‌ینه‌وه.
له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و ڕۆڵه‌ی مارکس به فه‌لسه‌فه‌ی ده‌دات، ته‌واو ناکۆکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیگڵدا؛ ''تا ئێستاکه ئیشی فه‌لسه‌فه ته‌فسیرکردنی جیهان بووه؛ ئیتر بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌رکه‌که ئه‌بێته گۆڕینی [جیهان].'' نابێت تێزی یانزه‌یه‌می مارکس له‌باره‌ی فۆیه‌رباخه‌وه به مانایه‌کی ساده و وه‌ک بانگه‌شه‌یه‌ک بۆ کردار وه‌ریبگرین. به‌ڵکو بیرخستنه‌وه‌یه‌که بۆ فه‌یله‌سووفان تا تێبگه‌ن کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌ڵقوڵاوی دۆخه ئابووریی و مادیه‌کانن. بۆ مارکس، ئه‌رکی فه‌لسه‌فه‌یه به‌دوای چاره‌سه‌ر و گۆڕینی ئه‌م کێشه حه‌یاتیانه‌دا بگه‌ڕێت، به نموونه، کێشه‌ی چه‌وساندنه‌وه.
سه‌به‌بی بنه‌ڕه‌تیی ناکۆکی مارکس به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی پاسیڤی هیگڵ ئه‌وه‌یه که مارکس پێی وابووه ئه‌وه دۆخه مادییه‌که‌یه که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئایدیاکانمانه‌وه هه‌یه و شکڵی ده‌داتێ. به دیدی مارکس، ئه‌وه ژێرخانه -هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان- که کاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌رخان –که‌لتوور، زانست، ئایدیۆلۆجی، ئاین و سیاسه‌ت و هتد-له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا درووستده‌کات. بۆیه [مارکس] باوه‌ڕی وابووه تا دونیاکه نه‌گۆڕین، هه‌روا به ئاسانی ناتوانین پێشبینی ئه‌وه له خه‌ڵکی بکه‌ین زه‌ین و تێگه‌یشتنیان بگۆڕێت.
دیالەکتیکی هیگڵی: میتۆدی گریمانه‌یی (خەمڵاندنى تیۆرى: Speculative)
تێگه‌یشتن له دیالەکتیک ڕێگه‌مان بۆ خۆشده‌کات تێبگه‌ین ئه‌م دوو بیرمه‌نده بۆچی سه‌ره‌ڕای لێکچوونی میتۆده‌کانیشیان، که‌چی هه‌ریه‌که‌یان به دوو ڕێگای جیاوازدا ڕۆیشتوون. باشه دیالەکتیک چییه؟ دیالەکتیک له فۆڕمه کلاسیکییه‌که‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سۆکراتی نێو دایه‌لۆگه‌کانی ئه‌فلاتوون، به‌تایبه‌ت دایه‌لۆگی ئیوسیفرۆ.
هه‌ر ده‌قێکی ئه‌فلاتوون کۆمه‌ڵێک دایه‌لۆگ و گفتوگۆ له‌خۆده‌گرێت، عاده‌ته‌ن له‌نێوان سۆکرات و که‌سێک یان چه‌ند که‌سێکدایه و ته‌ڕه‌فێک ڕایه‌کی پێچه‌وانه‌ی سۆکراتی هه‌یه و دژبه‌ره، ئامانجی دایه‌لۆگه‌که‌ش ڕوونکردنه‌وه‌ی پێدراوه‌کان یان حه‌لکردنی لێکدژییه‌کانه.
دیالەکتیکی هیگڵ، یان ئه‌وه‌ی له زاراوه‌ناسی هیگڵیدا پێی ئه‌وترێت میتۆدی گریمانه‌یی، بریتییه له پڕۆسه‌یه‌کی لۆجیکی، به‌ڵام لێره‌دا دایه‌لۆگه‌که له‌نێوان دوو سه‌بجێکتدا نییه. [دیالەکتیک] پێکدێت له ته‌رتیبه‌یه‌کی سیانه‌یی بۆ حه‌لی گرژییه‌کی ناو سیسته‌مێک، و پاشان تێهه‌ڵکێشکردنی به‌شه لێکدژه‌کان. زۆرجار، تێز-ئه‌نتیتێز-سێنتێز به هه‌ڵه ده‌درێته‌پاڵ هیگڵ، به‌ڵام هیگڵ هه‌رگیز ئه‌م چه‌مکانه‌ی به‌کارنه‌هێناوه. عیباره‌ته‌که له ئه‌سڵدا هی یۆهان گۆتلێب فیخته‌یه.
هیگڵ له بنه‌ڕه‌تدا ته‌رتیبه‌ی ئه‌بستراکت-نێگه‌تیڤ-کۆنکرێتی به‌کاربردووه.
چونکه ته‌رتیبه‌ی تێز-ئه‌نتیتێز-سێنتێز بۆ تێگه‌یشتن له لۆجیکی پڕۆسه‌ی دیالەکتیکی به‌که‌ڵکمان ناخوات. فۆرموله‌که به ڕوونی خه‌سڵه‌تی تێزمان بۆ ڕوون ناکاته‌وه، کراوه‌شه بۆ هه‌ر بێسه‌روبه‌رییه‌ک. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، فۆرموله‌که‌ی هیگڵ به ڕوونی ئه‌وه ده‌رده‌خات که ناته‌واوییه‌ک له تێزدا هه‌یه. له له‌حزه‌ی یه‌که‌م، تێز ته‌واو ئه‌بستراکته و گه‌ره‌که به ئه‌زموونی نێگه‌تیڤدا بڕوات. ئه‌وه دواتره کۆتا تێهه‌ڵکێش (سێنتێز)-کۆنکرێت- ده‌گاته ته‌کمیله و ئه‌نجامی خۆی، ئه‌ویش به گرتنی دیوه پۆزه‌تیڤه‌کانی ئه‌بستراکت و نێگه‌تیڤ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێتییه‌ک پێک‌بێت.
نموونه‌یه‌ک که ڕه‌بتێکیشی هه‌یه به فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی هیگڵه‌وه، تیۆری گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تییه. ده‌ستپێکی تیۆره‌که دۆخی سرووشتییه؛ دۆخی بێسه‌روبه‌ری و فه‌وزا، دۆخێک که که‌سبه‌که‌سه و هه‌رکه‌س چۆنی ویست ئازاده له‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه ده‌کات.
دواتر خه‌ڵک ڕێکده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حکومه‌تێکی به‌ده‌سه‌ڵات دابمه‌زرێنن، تا پارێزراوبن له هه‌ر ده‌ستوه‌ردان و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئه‌وانی تر. کۆتا قۆناغی تیۆری گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ساته‌یه خه‌ڵکی بۆیان ڕوون ده‌بێته‌وه که ده‌وڵه‌ت بووه‌ته ده‌سه‌ڵاتێک که زاڵه به‌سه‌ریاندا و ده‌وڵه‌تێکی چاکسازه. ئه‌مه‌ش شێوازی پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه.
له‌حزه و ساتی یه‌که‌م، واته دۆخی سرووشتی، قۆناغی ئه‌بستراکته به مانا هیگڵییه‌که‌ی.
[ئه‌و قۆناغه] ئازادییه‌کی پۆزه‌تیڤی تیدایه و هه‌رکه‌س چۆنی پێخۆش بوو وا ده‌جوڵێته‌وه، به‌ڵام نه‌قسیشی هه‌یه و له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌ستێوردان و بێسه‌ربه‌رییه‌ک هه‌یه. له‌حزه‌ی دووه‌می ده‌وڵه‌تێکی به‌ده‌سه‌ڵات، قۆناغی نێگه‌تیڤه: هه‌وڵ بۆ له‌ناوبردنی و به‌زاندنی لێکدژییه‌کانی ناو له‌حزه‌ی یه‌که‌م[ئه‌بستراکت] ده‌دات. به‌ڵام ئه‌میش به‌س نییه و نه‌قس هه‌یه، چونکه ده‌وڵه‌تێکی به‌ده‌سه‌ڵات و زۆردار هه‌یه که که‌س له‌ژێر سایه‌یدا ناتوانێت هه‌ناسه‌بدات و فزه بکات، و خه‌ڵکی ئه‌زموونی جۆرێک له نائازادی ده‌که‌ن. له کۆتا قۆناغ، ده‌وڵه‌تی مۆدێرن پێکدێت، یه‌کێتییه‌ک له‌سه‌ر ئه‌ساسی وه‌رگرتنی دیوه پۆزه‌تیڤه‌کانی هه‌ردووکیان شێوه‌گیر ده‌بێت: ئازادی جوڵانه‌وه، و ئازادبوون له هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێک.
دیالەکتیکی مارکسی: تێگه‌یشتنی ماتریالیستانه بۆ مێژوو
مارکس تێگه‌یشتنه‌که‌ی ناو دیالەکتیکی هیگڵی ڕه‌تنه‌کرده‌وه، به‌ڵام پێی وابوو ده‌بێت ئه‌رک و سه‌روکاری میتۆدی دیالەکتیکی له‌گه‌ڵ دونیای مادیدا بێت. خۆ مارکس ئه‌و دێڕه‌یشی هه‌یه که ده‌ڵێت دیالەکتیک ''...لنگاوقوچه و که‌وتووه‌ته سه‌ر سه‌ر. ده‌بێت دیسان بخرێته‌وه سه‌رپێی خۆی...'' مامه‌ڵه‌ی دیالەکتیکی هیگڵ له‌گه‌ڵ لێکدژییه‌کانی نێو ئایدیاکانه؛ ته‌نانه‌ت ئه‌وکاته‌شی به‌سه‌ر پرس و بابه‌ته مێژووییه‌کاندا جێبه‌جێ ده‌کرێت، وه‌ک پڕۆسه‌یه‌ک که له کۆمه‌ڵێک چه‌مک پێکهاتبێت، له‌ناو پرسه‌که‌دا عه‌مه‌لییه‌ی هه‌یه. مارکس پێچه‌وانه‌ی هیگڵ، ده‌یویست له ڕێگه‌ی گۆڕانه مادیه‌کان دیالەکتیک بۆ شه‌رح و لێکدانه‌وه‌ی مێژوو به‌کاربهێنێت، چونکه باوه‌ڕی وابوو ئه‌وه دۆخه مادیه‌کانه که کاریگه‌ری به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه و شكڵی ده‌داتێ.
تێگه‌یشتنی ماتریالیستانه‌ی مارکس بۆ مێژوو، دیالەکتیکه مارکسییه‌که‌ش له‌خۆده‌گرێت، تیۆره‌که له پێشه‌کی کتێبی پێشه‌کییه‌ک بۆ ڕه‌خنه‌ی ئابووری سیاسی پوختکراوه‌ته‌وه.
مارکس [له‌و پێشه‌کییه‌دا] ئه‌وه ڕوون ده‌کاته‌وه که چۆن تاکه‌کان ده‌که‌ونه دۆخێکه‌وه که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بونیاده ئابوورییه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه. له‌و بونیاده‌دا ئه‌وه‌ی شکڵ و شێوه ده‌داته ئاگایی کۆمه‌ڵگه‌که، شێواز و هۆیه‌کانی به‌رهه‌مێنانه. بونیاده ئابوورییه‌که‌ش ته‌نها به‌هۆی شۆڕشێکه‌وه ده‌گۆڕێت که سه‌رچاوه‌ی پریشکی ئاگره‌که‌ی لێکدژییه‌کانی نێوان چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بێت؛
''له قۆناغێک له قۆناغه‌کانی گه‌شه‌سه‌ندندا، هێزه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌وێنه لێکدژی و ململانی له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان... ئه‌مه‌ش ده‌بێته ده‌ستپێکی سه‌رده‌می شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی. زوو بێت یان دره‌نگ گۆڕانکارییه‌کان له بونیاده ئابووریه‌که‌دا، گۆرانی ته‌واوه‌تی سه‌رخانیشی له‌گه‌ڵ ده‌بێت.''
ده‌توانین سوود له مێژوو وه‌ربگرین بۆ باشتر ڕوونکردنه‌وه‌ی تیۆره‌که‌ی مارکس.
دیالەکتیک گۆڕانی کۆمه‌ڵگه به‌راییه‌کان بۆ ده‌وڵه‌ته کۆیله‌کان له‌خۆده‌گرێت، دواتر ئه‌م ده‌وڵه‌ته کۆیلانه ده‌گۆڕێن بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی فیوداڵی، و له کۆمه‌ڵگه فیوداڵیشه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ته کاپیتاڵیستییه‌کان. لێکدژییه‌کانی نێو ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یانه به‌هۆی ململانێی چینه‌کانه‌وه ده‌گه‌نه ئه‌نجامێک، و گۆڕانی هه‌یکه‌له ئابوورییه‌که‌شی به‌دوادا دێت. وه‌ک مارکس ده‌ڵێت، ''تا ئێستاکه ته‌واوی مێژووی کۆمه‌ڵگه، مێژووی ململانێی چینه‌کان بووه.'' (مانیفێستی کۆمۆنیست، 1848). که‌واته، ته‌نها چینی کرێکاره که ده‌توانێت کۆمه‌ڵگه بگۆڕێت و به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته کاپیتاڵیستییه‌که‌دا سه‌ربکه‌وێت، و پاشان به‌م شێوه‌یه له کۆتا قۆناغدا دۆخێک بۆ کۆمۆنیزم ده‌خولقێت.
ڕه‌خنه‌ی مارکس له ئایدیالیزمی هیگڵ
مارکس له کۆتاییه‌کانی به‌رگی یه‌که‌می سه‌رمایه، باس له جیاوازییه‌کانی میتۆده دیالەکتیکییه‌که‌ی خۆی و هیگڵ ده‌کات:
''میتۆده دیالەکتیکییه‌که‌ی من نه‌ک ته‌نها جیاوازه له [میتۆده] هیگڵییه‌که، به‌ڵکو پێچه‌وانه‌شییه‌تی. بۆ هیگڵ، پڕۆسه‌ی ژیان و زیندووێتی زەینى مرۆڤ، بۆ نمونه پڕۆسه‌ی بیرکردنه‌وه، که [بۆ هیگڵ] له ژێر ناوی ''ئایدیا''دایه، ده‌یگۆڕێت و ده‌یکات به سه‌بجێکتێکی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌مه خۆی به که‌م سه‌یرکردنی جیهانی هه‌قیقییه، جیهانی هه‌قیقی ده‌ره‌کییه، فۆڕمێکی دیارده (فینۆمیناڵ)یی ''ئایدیا''یه. به‌ڵام بۆ من پێچه‌وانه‌یه، ئایدیاڵ جگه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دونیای مادی به‌سه‌ر زه‌ینی مرۆڤه‌وه هیچی تر نییه، ئه‌مه‌ش بۆ فۆڕمه‌کانی هزر ته‌رجه‌مه‌ده‌بێت.''
مارکس له‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا جۆرێک ئایدیالیزم ده‌داته‌پاڵ هیگڵ. شه‌رحه‌که‌ی مارکس بۆ میتۆده‌که‌ی هیگڵ ئه‌و مانایه ده‌دات که هیگڵ باوه‌ڕی به کۆمه‌ڵێک شتی نامادی هه‌بووه و پێی وتوون ئایدیاکان، و ئه‌م ئایدیایانه ئه‌و جیهانه مادییه به‌رهه‌مدێنن که ئه‌زموونی ده‌که‌ین. وه‌ک ئه‌وه‌ی دیدگای هیگڵیش بۆ مه‌عریفه وه‌ک دیکارت بێت، به‌و مانای دوو جه‌وهه‌ری زه‌ینی و مادی هه‌بن و له‌بنەڕەتدا لێک جیابن. زۆرێک پێیان وایە مارکس لێرەدا نەیپێکاوە و تەفسیرەکەی هەڵەیە، وەک ئەوەی خوێندنەوەیەکی وردتری بۆ ئایدیالیزمی هیگڵی نەبووبێت. لە فەلسەفەدا جەوهەر ئەو شتەیە کە هەموو شتێکی لێ دەکەوێتەوە و سەرچاوەی هەمووشتێکە، و خۆیشی سەرچاوەی هەبوونی خۆیەتی. لە فەلسەفەی پێش-سۆکراتدا جەوهەر بۆ تاڵیسی ماڵتی ئاو و بۆ هێراکلیتس ئاگر بووە. لەلای دیکارت دووالیستییه، واتە دوو جەوهەر هەبووە: زەین و لەش (سوبێکت و ئۆبێکت). بەڵام هیگڵ پێی وانەبووە سوبێکت و ئۆبێکت لەیەکتری جودابن. هیگڵ لە ئەسنای وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەی لە مەعریفەی مرۆڤ، ئەو ئەنجامە هەڵدەهێنجنێت کە سوبێکت لە کاتی درککردن و پەیپێبردندا هەمیشە بەشێکە لە ئۆبێکت.
هەڵەتێگەیشتنەکەی مارکس لێرەدا ئەوەیە پێی وابووە هیگڵ باوەڕی وایە ئایدیاڵ هۆکاری بنەڕەتی هەمووشتێک بێت لە گەردووندا، بە جیهانی مادیشەوە. تیۆرەکەی هیگڵ نۆرمەیتڤە: پێی وانەبووە مەعریفە شتێک بێت کە مرۆڤ پاسیڤانە لە دەوروبەرەوە وەریبگرێت، بەڵکو تاکەکان پێکەوە پەیوەستن و لەناو پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیدا کارلێک لەگەڵ یەکتری دەکەن.
مێژوو و له‌مپه‌ڕه‌کانی ئازادیی مرۆڤ
بۆ هیگڵ مێژوو پڕۆسه‌یه‌کی قابیل به تێگه‌یشتنه به‌ره‌و ئازادی. له هه‌ر قۆناغێکیدا به‌هۆی گه‌یشتنەئه‌نجامی لێکدژییه‌کانی ناوه‌وه‌ی، تێگه‌یشتنه‌کانمان بۆ کۆمه‌ڵگاکانمان ئه‌قڵانتر ده‌بێت. بازێکی مێژوویی گه‌وره‌ی وه‌ک شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی ئاوا به‌م شێوه‌یه مانا وه‌رده‌گرێت. هیگڵ پێی وانه‌بوو ئه‌رکی فه‌لسه‌فه گه‌ڕان بێت به‌دوای وڵامی واجبه له‌سه‌رمان چی بکه‌ین، نا، بەڵکو لە ڕێگەی ئەوەی هەیە و مەوجودە، تێبگەین.
هیگڵ لە ڕەگەزەکانی فەلسەفەی ماف هەوڵی دەدات ئەوە بڵێت کە ئێمە تەنها بە بەشداربوونمان لە ژیانی کۆمەڵایەتی ناو دەوڵەتی مۆدێرن دەتوانین ئازاد بین. ئەم بەشدارییەش بەشداری ژیانی خێزانی، لێپرسراوییە ئەخلاقییەکان، و بەشداری ئابووری و سیاسی دەگرێتەوە.
پێدەچێت لەمپەڕەکانی بەردەم ئازادی بۆ هیگڵ سوبێکتیڤ بن. نوقتەی سەرەکی بۆ ئەو ئەوەیە لەبری گۆڕینی دونیا، هەوڵبەین لە ژیانی کۆمەڵایەتییه‌که تێبگه‌ین و ڕۆڵمان هه‌بێت تێیدا. نابێت ئەمە وا لێک بدەینەوە کە هیگڵ پێی وابووبێت ئەو دەوڵەتە مۆدێرنەی لەو سەردەمەدا هەبووە کۆتا فۆڕمی دەوڵەتە. بەڵام باوەڕی وابووە بۆ پرسی ئازادی، ئەو فۆڕمە لە دەوڵەتی مۆدێرن لە سەدەی 19دا، پێرفێکتە. بەهەرحاڵ، هیگڵ پێی وابووە لەڕێی دیالەکتیکی مێژووەوە، ئەتوانین وردە وردە دۆخێک بهێننە ئاراوە کە ئازادی ڕەها فەراهەم بێت. ئەرکی تاکیش ئەوەیە لە زەڕووریاتەکانی ژیانە کۆمەڵایەتییەکە تێبگات و بەشداری بێت.
به‌ڵام بۆ مارکس له‌مپه‌ڕه‌کانی به‌رده‌م ئازادی ته‌واو ئۆبجێکتیڤین. به‌پێی مارکس، بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد مومکین بێت، گه‌ره‌که دۆخی مادی جیهان بگۆڕێت. له کاتێکدا تێگه‌یشتنه کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتووری و ئایدیۆلۆجییه‌کانی کۆمه‌ڵگه له‌ژێر کاریگه‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانن، بۆیه له‌م حاڵه‌دا بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه زه‌ڕوورییه. ئه‌مه ئه‌و هۆکاره‌یه که مارکس هه‌نگاوێک زیاتر له هیگڵ ڕۆیشتووه، و شۆڕشی کردووه به واجبی فه‌لسه‌فه. لای هیگڵ، ئێمه نازانین قۆناغی دواتری مێژوو چییه، یان ته‌نانه‌ت ناشزانین مێژوو به کۆتا دێت یان نا. به‌ڵام مارکس پێی وایه ئه‌گه‌ر خۆمان ئاماده بکه‌ین و له‌سه‌ر ڕابردوو نه‌خشه‌کێشی بۆ داهاتوو بکه‌ین، سۆشیاڵیزم و کۆمۆنیزم داهاتوومان ده‌بن.
یه‌کخستنی هیگڵ و دیالەکتیک له دیالەکتیکدا
وه‌ک ڕۆژی ڕوون دیاره هیگڵ کاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر مارکسه‌وه هه‌بووه. ئه‌توانین له نوسینه‌کانیاندا ئه‌و لێکچوونانه بدۆزینه‌وه که هه‌ردووکیان له‌سه‌ر هه‌مان ته‌رتیبه‌ی دیالەکتیکی ڕۆیشتوون. هیگڵ له فینۆمینۆلۆجی ڕۆح به ''...یه‌کێتی، جیابوونه‌وه‌ی دژه‌کان، یه‌کگرتنه‌وه'' باس له سێ قۆناغه‌که‌ی دیالەکتیک ده‌کات. له سه‌ره‌تادا، دوو شت له به‌رایی خۆیاندا یان له دۆخه نائاگاییه‌کدا، له یه‌کێتیدان. له له‌حزه‌ی دووه‌م، له یه‌کتری جیاده‌بنه‌وه. له کۆتا قۆناغ، دیسانه‌وه پێکدێنه‌وه و یه‌کێتییک درووستده‌بێت، به‌ڵام به‌و جیاوازیانه‌وه پێکدێنه‌وه که له له‌حزه‌ی دووه‌م له یه‌کتری جیابوونه‌ته‌وه.
ده‌کرێت ئه‌م ته‌رتیبه‌یه له‌و ڕوونکردنه‌وه‌ی مارکسدا ببینرێت له‌باره‌ی جیاوازی په‌یوه‌ندی کرێکاران به کاره‌کانیانه‌وه، به‌تایبه‌ت له به‌راییه‌کانی کۆمه‌ڵگه، سه‌رمایه‌داری و کۆمۆنیزمدا. نمونه‌یه‌کی تر، تاک له تیۆری ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌که‌ی هیگڵ له پانتایی خێزان، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌ت، ئه‌زموونی هه‌مان پڕۆسه ده‌کات.
ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت مایه‌ی تێڕامانه که چۆن فه‌لسه‌فه‌که‌ی مارکس به جێگۆڕکێپێکردنی میتۆده‌که‌ی هیگڵ به زه‌مینه‌یه‌کی ماتریالیستی، دونیای شۆککرد. هه‌ردوو فه‌یله‌سووف به دوو میتۆدی جیاوازه‌وه کاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دونیا هه‌بووه. هیگڵ تا ئێستاش سه‌نگ و قورساییه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر دونیای فیکره‌وه هه‌یه. فه‌لسه‌فه‌که‌ی مارکس‌یش جیهانی به‌ره‌و ئاقارێکی تر برد و گۆڕی، هه‌ڵبه‌ت به دونیایه‌ک مشتومڕه‌وه.
سەرچاوە:
https://What do Hegel and Marx Have in Common? By Baran Barlas, MA Political Studies, BA Philosophy