A+    A-
(582) جار خوێندراوەتەوە

کونەپەپووی مینێرڤا

 

 

 

نایجڵ واربورتۆن

و؛ سوورێن ئیبراهیم

 

 

 

''کونەپەپووی مینێرڤا تەنێ زەردەپەڕان دەفڕێ.'' ئەمە بیروباوەڕی هیگڵ (١٧٧٠-١٨٨١) بوو، دەی ئەمە واتای چییە؟ ڕاستییەکەی خوێنەرانی هیگڵ چەندین جار ئەمەیان لە خۆیان پرسیوە: ''ئەمە بە چ واتایەک دێت؟'' نووسینەکانی هیگڵ فرە دژوارن، تا سنوورێک ئەمە لەبەر ئەوەیە، چونکە ئەویش وەک کانت سوودی لە زمانێکی زۆر ئەبستراکت و داهێنراوی خۆی دەدیت، هیچ کەس، تەنانەت ڕەنگە خودی هیگڵیش، سەرەندەری لە هەموو ئەمانە دەرنەکردبێت، بەشی کونەپەپوو، یەکێکە لەو بەشانەی سادەتر سەرەندەری لێ دەردەکەین. ئەو بەم دەساوێژە پێمان دەڵێت؛ ژیریی و ئاگایی لە دیرۆکی مرۆڤایەتییدا، تەنیا ئەو کاتە سەرتاپێ دەردەکەوێت، کە ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە و باری سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕووداوانەی وا لە ڕابردوودا ڕوویان داوە، فیتاوفیتی ئەو کەسەی لەگەڵ شەو داهات، بیر لەو ڕووداوانە دەکاتەوە وا لە درێژەی ڕۆژەکەدا ڕوویان داوە.

لە ئوستوورەی ڕۆمانییدا، مینێرڤا خوای زانینە، جا بە کونەپەپووی زاناشی ناو دەبەن، دەربارەی زانایی و نەزانیی هیگڵ زۆر وتراوە، لێ بێ حەوت و هەشت، ئەو فرە کاریگەر بوو، گۆشەنیگای هیگڵ لەمەڕ ئەوەی مێژوو بە شێوەیەکی تایبەت گوڵ دەکات، سرووشبەخشی کارڵ مارکس بوو، جا لەم بەستێنەدا، بێ ئەملاولا، ڕێڕەوی ڕووداوەکانی گۆڕی، چونکە بیروڕامانی مارکسی شۆڕشگێڕی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی ئەورووپای کردەیی کردەوە، لێ هیگڵ ناسۆریکی زۆریشی بۆ فەیلەسووفان سازاند، هەندێ لە فەیلەسووفان پێیان وابوو، بەرهەمەکانی هیگڵ نموونەی باڵای بەکارهێنانی تەماویی پەیڤ و زاراوەکانن. بێرتراند ڕاسڵ چەمۆڵەی لە بەرهەمەکانی دەنا، هەروەها ئەلفرێد جۆڵس ئێر پێی وابوو زۆرینەی وشەکانی پڕوپووچن، ئێر پێی وابوو نووسینەکانی هیگڵ هەر هێندەی شیعرێکی هەڵۆڵ کردەیی دەکرێنەوە، سەرنجڕاکێشییەکەشی بە شێوەیەکی باڵکێش کەمترە لە شیعر، کەسانێکی وەک پیتەر سینگەریش قووڵاییەکی لە پێناسەبەدەریان لێ هەڵێنجاوە، پێیان وابوو کەس لە نووسینەکانی تێ ناگات، چونکە ئەو مژارانەی بەرباسیان دەدات، تازەن و تێگەشتنیان دژوارە.

هیگڵ لە ساڵی ١٧٧٠ لە شتوگارتی ئەڵمانیای ئەمڕۆ لەدایک بوو، لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسییدا پێگەشت، ئەو سەردەمەی پەرگاڵی پاشایەتیی سەرەونخون بوویەوە و کۆمارێکی تازە پاوەجێ بوو، هیگڵ ئەم سەردەمەی بە 'درەوشانەوەیەکی شکۆمەند' ناوبردە کرد، سا لەگەڵ هاوپۆلەکانی درەختێکی بۆ یادی ئەم ڕووداوە ناشت، ئەم سەردەمەی نائارامیی ڕامیاریی و بزاوتی توندوتیژ باندۆری خستە سەر سەرپاکی ژینی، بەڵگەکان دەیانگوت ڕەنگە گریمانە بنەرەتییەکانیش هەڵەوژێر ببنەوە و ئەوەی ڕۆژانێک پتەو لێی دەڕوانرا، هەمیشە پتەو نامێنێتەوە، یەکێک لەو بیرانەی پاش ئەمە ڕەنگڕێژ بوو، ئەوە بوو کە بیرۆکەکانی ئێمە ڕاستەوڕاست گرێدراوی ئەو سەردەمەن وا تێیدا دەژێین، سا لە دەرەوەی چنینی میژووییان، سەرومڕ فام ناکرێن، هیگڵ پێی وابوو ژیانی هەڵکەوتی پێڤاژۆیەکی چارەنووسسازی مێژووی کردووە، لە ژیانی تایبەتییدا، لە نەناسراوییەوە ناوبانگی دەرکرد، یەکەمین کاری مامۆستای تایبەت بوو، پێش ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری خوێندنگە، خێزانێکی دەوڵەمەندی پێکەوە نا، پاشان بووە مامۆستای زانکۆی بەرلین، هەندێک لە پەرتووکەکانی دەستنووسی وتاربێژییەکانین، جا ئەمانەی لەو سۆنگەوە نووسی تا فێرخوازەکانی لە فەلسەفەکەی تێ بگەن، کاتێک مرد، بەناوبانگترین و پەسەندترین فەیلەسووفی سەردەمی خۆی بوو، ئەم هەلومەرجە لەگەڵ لێڵیی نووسینەکانی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لێ پێڕێک لە فێرخوازە هەڵوەداکانی خۆیان بۆ تێگەشتن لە دانایی و ڕوونکردنەوەی چەمکە سیاسیی و میتافیزکییەکانی دابین کرد.

هیگڵ زۆر لە بن کاریگەریی میتافیزیکی ئەمانوێل کانتدا بوو، لێ بیرۆکەی؛ ''واقع لە خۆیدا لە پشت جیهانی دیاردەکانەوە داشاراوە''ـی پەرچ دایەوە، لەبری ئەوەی مل بۆ ئەوە کەچ بکات کە واقع لە خۆیدا لەودیو تێگەشتنی ئەزموونەکییمانەوەیە، بەو دەرەنجامە گەیشت؛ کە بە ڕاستیی ئەو زەینەی واقع ڕەنگڕێژ دەکات، خودی واقیعە، سا هیچ شتێک ئەولاتر نییە لەمە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نەبوو واقیع لە هەلومەرجێکی وەستاودا بمێنێتەوە، هیگڵ پێی وابوو؛ هەموو شتێک دووچاری گۆڕان دێت، جا ئەم گۆڕانە بە شێوەی هەڵکشانێکی پلەڕیز لە ئاگاییدا ڕەنگڕێژ دەبێت، ئەو دۆخی ئاگاییەی وا تێیدا دەژێین، ئەمە دەسەلمێنێت.

مێژوو لە وێنەی پارچە کاغەزێکی درێژ وێنا بکەن، جا ئەم کاغەزە قەد کراوە، تا هەمووی نەکەینەوە، لە کاکڵەکەی تێ ناگەین، تا ئەو دەمەی دواتای ئەو کاغەزە نەکەینەوە، نازانین چی لێ نووسراوە، ئەم کاغەزە بە شێوەیەکی بنیادیی دەکرێتەوە، هیگڵ پێی وایە؛ واقع یەکپشوو بەرەو تێگەیشتن لە خۆی ملی پێوە دەنێت، مێژوو هەرگیز هەڵکەوت نییە و ئامانجێکی هەیە، کاتێک ئاوڕ بۆ ڕابردوو دەدەینەوە، تێدەگەین دەبوو مێژوو هەر بە هەمان ڕێچکەدا خۆی بچنێت، کاتێک یەکەم کەڕەت ئەم بیرۆکەیە دەژنەفن، سەیر دێتە بەر دیدەتان، پێم وابێت زۆرینەی ئەوانەی ئەم نووسراوە دەخوێننەوە، لەگەڵ بیرۆکەکەی هیگڵ کۆک نین، زۆرینەمان مێژوو وەک ئەو پێناسەیەی هێنری فۆرد تەماشا دەکەین: ''نەفرەتی پەیدەرپەی.'' مێژوو زنجیرەیەک ڕووداوە و بەرنامەی گشتیی بۆ دانەڕێژراوە، لە سۆنگەی خوێندنەوەی مێژووەوە دەتوانین پەی بە هۆکاری گریمانەیی ڕووداوەکان ببەین و پێشبینیی ڕووداوەکانی ئاییندە بکەین، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە هیگڵ واتەنی؛ مێژوو سەرمەشقێکی ناچارەکییە و بەرەو مەبەستێک بۆ پێشێ دەکشێ، مسۆگەر بەو واتایەش نییە پلەپلە لە خۆی ئاگا دێتەوە.

خوێندنەوەی میژوو لای هیگڵ چالاکییەکی جودا نییە لە فەلسەفە، بەڵکوو بەشێکە لێێ: شابەش، لە گۆشەنیگای ئەوەوە مێژوو و فەلسەفە ئاوێتەی یەکترین و تیکڕای شتەکان مل بۆ شتێکی باشتر دەنێن، ئەو یەکەم کەس نەبوو ئەم بیرۆکەیە بخاتە ڕوو، لە ڕوانگەی ئایینیشەوە مێژوو بەرەو خاڵی کۆتایی دەچێت، وەک هەڵسانەوەی مەسیح، هیگڵ مەسیحیی بوو، لێ باوەڕدار نەبوو، پێی وابوو دوائامانج هەڵسانەوەی مەسیح نییە، هیگڵ پێی وابوو مێژوو ئامانجێکی هەیە و ڕاستییەکەی کەس تا ئێستا پەی بەمە نەبردووە، ئامانجەکەی ئاگایی پلەڕیز و ناچارەکیی ڕۆحە بە دەسنێژی ئەقڵ.

بەڵام دەی ڕۆح چییە؟ ئاگابوونەوەی چ واتایەکی هەیە؟ هاوتای واژەی ڕۆح بە ئەڵمانیی 'Geist'ـە، لێکۆڵەران سەبارەت بە واتای تەواوی ناکۆکن، هەندێک پێیان باشە بە 'زەین' وەری بگێڕن، وا دیارە مەبەستی هیگڵ شتێکی وەک کۆزەینی مرۆییە، هیگڵ ئیدیاڵیست بوو، پێی وابوو ڕۆح یان زەین مژارێکی بنگەهییە و لە جیهانی ماددیدا دەردەکەوێت، (مادەگەران بە پێچەوانەی ئەوەوە پێیان وابوو؛ کە بنەڕەتی فیزیکیی سەرچاوە و ڕیشەی هەموو شتێکە.) هیگڵ مێژوو لە چێوەی هەڵکشانی پلەڕیزی ئازادیی تاک دەگێڕێتەوە، مرۆڤ لە ئازادیی تاکانەوە بۆ ئازادیی ئەوانی دی، هەموویان نا، پاشان ڕووەو ئەو جیهانە ملی پێوە دەنێ وا لەوێڕا هەمووان لەڕێی سوودبینین لە ئازادیی سیاسییەوە دەتوانن ڕۆڵێک لە کۆمەڵدا وازیی بکەن.

هیگڵ پێی وابوو یەکێک لەو ڕێگەیانەی وا دەبێتە هۆی پێشکەوتنی بیری مرۆیی، پێکدادانی بیرۆکەیەکە لەگەڵ دژەکەی، بە باوەڕی هیگڵ ئێمە دەتوانین لە وای[1] بەکارهێنانی ڕێبازی دیالێکتیکی ئەوەوە لە هەقیقەت نزیکتر بینەوە، سەرەتا کەسێک بیرۆکەیەک دەخاتە ڕوو: تێز، جا ئەم بیرۆکەیە تووشی بە تووشی دژەکەیەوە دەبێت: دژەتێز، کاتێك ئەم دووانە پێکدا دەدەن، دۆخی سێیەم و ئاڵۆزتر دەر دەکەوێت، ئەمە هەردووکیان دەگرێتەوە، کۆتێزی ئەو دوو بیرۆکەیە، سا پاشان ئەم ڕێکارە زۆربەی کات دووپات دەبێتەوە، کۆتێزە تازەکە دەبێتەوە بە تێز، جا دژەتێزێک لە بەرانبەری سەر هەڵ دەدات، تا ئەوکاتەی ڕۆح تێگەشتنێکی سەرتاپاگیری بۆ خۆی لا دەڕسکێ، دۆخەکە ئاوا بەردەوام دەبێت.

کەواتە شاکاکڵەی مێژوو تێگەیشتنی ڕۆحە لە ئازادیی خۆی، هیگڵ بەدواداچوونی بۆ ئەم پێشکەوتنە لەو کەسانەوە وا لە سایەی فەرمانڕەوای دەسەڵاتدارە چەپۆکسالارەکانی چین و هیندی دێریندا دەژیان و ئاگایان لە ئازادیی خۆیان نەبوو، تا سەردەمی خۆی کرد، پێی وابوو 'ڕۆژهەڵاتییەکان' تەنیا فەرمانڕەواکانیان تامی ئازادیی دەچێژن، هیگڵ پێی وابوو خەڵکە ئاساییەکەیان ئاگایان لە ئازادیی خۆیان نەبووە. ئێرانییانی دێرین لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە ئازادییەوە، نەختێک لەوانی تر پێشکەوتووتر بوون، یۆنانییەکان بەزاندنیان و ئەمەش هۆکاری پێشکەوتنیان بوو، یۆنانیی و ڕۆمانییەکان لە پێشینانی خۆیان پتر لە ئازادیی تێدەگەشتن، لەگەڵ ئەوەش هێشتا کۆیلەدارییان دەکرد، هەر ئەمە نیشانی دەدا کە هێشتا درکیان بەوە نەکردبوو کە ئازادیی گرێدراوی سەرپاکی مرۆڤایەتییە، نەک تەنیا زەنگینان و دەسەڵاتداران، هیگڵ لە بەشێکی پەڕتووکە بەناوبانگەکەیدا 'دیاردەناسیی ڕۆح (١٨٠٧) کێشمەکێشی نێوان کۆیلە و سەردار شڕۆڤە دەکات. سەردار دەیەوێت لە پلەی ئاگایی تاکانەدا بە ڕەسمیی بناسرێت و بۆ گەیشتن بەم خواستە، پێویستی بە کۆیلەکەی خۆیەتی: بەڵام مل بۆ ئەوە کەچ ناکات کە کۆیلەکەش پێویستی بەم خۆناسینەیە،  ئەم پەیوەندییە نایەکسانە بە پێکداهەڵپژان کۆتایی دێت و یەکێکیان پێگەکەی لەدەست دەدات، لێ ئەم ڕێکارە شکست دێنێت، چونکە دواجار سەردار و کۆیلە پێویستان بە یەکترە و لە ڕێزدانان بۆ ئازادیی یەکتر تێ دەگەن.

بەڵام هیگڵ پێی وابوو تەنیا لە سۆنگەی مەسیحییەتەوە بوو ئاگایی لە چێوەی ڕۆحانییەوە پزیسکەی سەند و ئازادیی واقعیی کردەیی بوویەوە، لە سەردەمی ئەودا مێژوو ئامانجەکەی خۆی کردەیی کردەوە، ڕۆح لە ئازادیی خۆی بەئاگا هاتەوە و پاش ئەمە ڕێچکەی ئەقڵ کۆمەڵگەی چێوەمەند کرد، لە ڕوانگەی هیگڵەوە ئەمە گرنگییەکی باڵکێشی هەبوو: بانگی ئازادیی واقعیی لە کۆمەڵگەیەکی زۆر پتەوەوە هەڵدەستێ. ئەوەی زۆرێک لە خوێنەرانی هیگڵ نیگەران دەکات ئەوەیە کە لە کۆمەڵگە ئیدیاڵییەکەی هیگڵدا، ئەوانەی دیدیان لەگەڵ پێکهێنەرە بەهێزەکانی کۆمەڵدا نەیەتەوە، بە ناوی ئازادییەوە ناچاری پەسەندکردنی ئەم ڕیبازە 'ئەقڵانیی'ـیەی ژیان دەکرێن، ئەوان بەپێی گوزارشتە پێچەوانەکەی ڕۆسۆ: ''ناچارن ئازاد بن.''

دوا ئەنجامی کۆی مێژوو ئەوە بوو؛ هیگڵ هەڵگۆستەی واقعی دۆزییەوە، وەک دیارە لە لاپەڕەکانی کۆتایی یەکێک لە پەڕتووکەکانیدا ئەو بڕوایەی هەڵێنجاوە کە ئەم ئاگاییەی چنگ خستووە، ئەمەش ئەو پێڤاژۆیەیە وا ڕۆح بۆ یەکەم جار خۆی دەناسیت، پاشان هیگڵیش وەک ئەفڵاتۆن پێگەیەکی تایبەت دەداتە فەیلەسووفان، بیرتانە ئەفڵاتۆن پێی وابوو کۆماری ئیدیاڵیستیی دەبێت لە ژێر فەرمانڕەوایی فەیلەسووف- پاشادا بێت، هیگڵ بە پێچەوانەی ئەوەوە پێی وابوو فەیلەسووفان ڕایەیان دەکەوێت[2]  دەستیان بە جۆرێکی تایبەتی خۆناسییدا ڕابگات، ئەمە هاوکات تێگەیشتنە لە واقیع و سەرپاکی مێژوو، ئەمە دەرکەوتەیەکی تری پەیڤە هەڵکۆڵراوەکانی سەر پەرەستگەی دڵفییە: ''خۆت بناسە.'' ئەو پێی وابوو ئەوە فەیلەسووفانن کە سووسەی دوانموونەی دەرکەوتنی مێژووی مرۆییان کردووە، ئەوان دەزانن لە سۆنگەی دیالێکتیکەوە دەتوانن بە ئاگایی پلەمەند بگەن، لەپڕ هەموو شتێکیان بۆ ڕوون دەبێتەوە و ئامانجی سەرپاکی دیرۆکی مرۆیی تێ دەگەن، ڕۆح بۆ قۆناغێکی تازەی خۆناسین هەڵدەکشێ، دەی مەبەستی ئەم تێزە هەر ئەمەیە. خەڵکێکی زۆر شاباشیان بە سەر هیگڵدا هەڵگوتووە، لێ شۆپنهاوەر لەوانە نەبوو، ئەو پێی وابوو هیگڵ فەیلەسووفێکی واقعیی نییە، چونکە ڕوانگەکانی بەدوور بوو لە پێکۆڵیی و چاکە، شۆپنهاوەر پێی وابوو؛ فەلسەفەی هیگڵ وڕێنەیە، هیگڵیش شۆپنهاوەر بە ''شووم و گەمژە'' ناودێر دەکات.

 

 

 

 

 

پەراوێز:


[1] لە سۆنگەی

[2] پێیان دەکرێت - دەتوانن