A+    A-
(657) جار خوێندراوەتەوە

شێر و ڕێوی: مەکیاڤیللی

 

 

 

 

نایجڵ واربورتۆن

و؛ سوورێن ئیبراهیم

 

 

 

 

 

وای دانێ شازادەیەکی و فەرمانڕەوای دەوڵەتشارێکی وەک فلۆرەنسا یان ناپۆلیی ئیتاڵیای سەدەی شانزەیت. دەسەڵاتی تەواوت لایە، دەتوانیت فەرمان بدەیت و تێکڕا دەستلەسەرسنگن بۆ تۆ، گەر بتەوێت پێت دەکرێت ئەو کەسەی دژی تۆ قسەی کردووە یان گومان دەبەی داو بۆ کوشتنت دەچنێت، لە زیندانی بپەستێویت. کەسی گوێلەمستت هەن، لێ لە گەمارۆی دەوڵەتشار و فەرمانڕەوا چاوچنۆکەکانیان دایت. جا مرخیان لە داگیرکردنی هەرێمەکەت خۆش کردووە. پێویستە چی بکەیت؟ داخۆ دەبێت ڕاستگۆیانە بجووڵێیتەوە؟ بەپێی قسەکانت ڕەفتار بنوێنی؟ هەمیشە میهرەبان بیت و دڵت لای بەرژەوەندیی خەڵک بێت؟

هەمووان گەرەکیانە باش و جوامێر بێنە بەر دیدە، لێ  ئەمە بە لای نیکۆڵۆ مەکیاڤیللیی (١٤٦٩-١٥٢٧)ـەوە بیرۆکەیەکی چاک نەبوو، ئەو پێی وابوو؛ بڕێک کەڕەت باشترە درۆ بکەین، پێچەوانەی ئاخافتنەکانمان بجووڵێینەوە، تەنانەت دوژمنەکانمان گۆشاوگۆش سەر بڕین. هیچ شازادەیەک پێویست ناکات لە هۆڵ[1]ـی جێبەجێنەکردنی قسەکانیدا بێت، مەکیاڤیللی پێی وابوو؛ شازادەی باش دەبێت ''فێری خراپەکاریی بێت.'' گرنگترین کار دەسەڵاتپارێزییە، سا لەم ڕێیەدا گشت شتێک پەسەندکراوە، نابێت سەرمان بسووڕمێ کە پەڕتووکی میر[2]ـی مەکیاڤیللی، لە کاتی لەچاپدانییەوە ١٥٣٢ تا ئێستا، ناوبانگێکی باشی نییە. هەندێک پێیان وایە ئەم پەڕتووکە توندوتیژە و تەنانەت لە باشترین دۆخدا ڕێبەریی تاوانکارانە، هەندێکی تر پێیان وایە باشترین شڕۆڤەیە تا ئێستا لەمەڕ جیهانی واقیعی سیاسییەوە نووسرابێت، زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆ ئەم پەڕتووکە دەخوێننەوە، هەرچەندە تەنیا پێڕێکیان ناوەڕۆکەکەی پەسەند دەکەن، چونکە ڕەنگە لەوە بسڵەمێنەوە بە جێبەجێکردنی ڕێبازەکەی تۆمەتبار بکرێن.

بڕیار نەبوو میر پەڕتووکێک بێت بۆ هەمووان، بەڵکوو تایبەت بوو بەو کەسانەی تازەکیی لەشیان لەسەر تەختی دەسەڵات گەرم دادەهات، هەنگێ مەکیاڤیللی ئەمەی نووسی، لە کێڵگەیەک دەژیا یانزە کیلۆمەتر لە باشووری فلۆرەنساوە دوور بوو. ئیتاڵیای سەدەی شانزە شوێنێکی ترسناک بوو، مەکیاڤیللی لە فلۆرەنسا لەدایک بووە، هەر لەوێش گەورە بوو، لە تافی لاوییدا وەک دیپلۆمات هەڵبژێردرا، لە گەشتەکانیدا بۆ سەرانسەری ئەورووپا، دیداری لەگەڵ پاشا و ئیمپڕاتۆری زۆردا ساز دا، هەروەها پاپاشی دیت، ئەو فرە بیری لەمانە نەدەکردەوە، تاکە ڕابەرێک سەرنجی بۆ خۆی کەمەندکێش کرد، چێزارێ بۆرجا بوو، پیاوێکی دڵڕەق و کوڕە زۆڵەکەی پاپا ئەلیکساندەری شەشەم، هەنگێ دەسەڵاتی بەشێکی گەورەی ئیتاڵیای گرتە دەست، لە فریودان و کوشتنی دژبەرانی نەدەپڕینگایەوە، ئەوەی پەیوەندیی بە مەکیاڤیللییەوە هەبوو، پێی وابوو کارەکەی بۆرجا ڕاستە، لێ دواجار تەختی بەختی هەڵەوژوور بوویەوە: هاوکاتی هێرشی دوژمن، نەخۆشیی بەربینگی گرت، بێبەختیی لە ژیانی مەکیاڤیللیشدا ڕۆڵێکی باڵکێشی وازیی کردووە، ئەمە پرسێک بوو شەو و ڕۆژ مێشکی دەکرۆشت.

کاتێک بنەماڵەی زەنگینی میدیتچیی فەرمانڕەوای پێشتری فلۆرانس گەڕانەوە سەر تەخت و بەختی دەسەڵات، بە پاساوی بەشداریی لە پیلانگێڕیی لێسەندنەوەی تەختی دەسەڵات، مەکیاڤیللیان لە زیندان توند کرد، مەکیاڤیللی بەرگەی ئەشکەنجەی گرت و سەرەنجام ئازاد کرا، هەندێک لە هەڤاڵانی لەدار دران، لێ سزای دانپێدانەنانی دوورخستنەوەی بوو. ئیتر نەیدەتوانی بگەڕێتەوە بۆ شارە دڵخوازەکەی و لە سیاسەت دابڕا، شەوانی دوورخستنەوەی بە گفتوگۆی خەیاڵیی لەگەڵ بیرمەندە مەزنەکان ڕادەبرد، لەو خەیاڵانەدا لەمەڕ باشترین ڕێگاکانی پاراستنی هێزی ڕێبەرێتیی گەنگەشەیان لەگەڵ دەکرد، ڕەنگە میری بە ئامانجی سەرنجڕاکێشانی دەسەڵاتداران و وەک کۆششێک بۆ بەدەستهێنانی ڕاوێژکاری سیاسیی نووسیبێت، بەم ڕەنگە ڕایەی دەکەوت بگەڕێتەوە بۆ فلۆرەنسا و خرۆش و ترسەکانی جیهانی ڕاستەقینەی سیاسەت ئەزموون بکاتەوە، لێ نەخشەکەی گاڵی هانی، دواجار هەر بە نووسەر مایەوە، جگە لە میر چەندین پەڕتووکی سەبارەت بە سیاسەت نووسی، بە شانۆنووسێکی سەرکەوتووش هەژمار دەکرێت، شانۆنامەی ماندراگۆلا[3] تا ئێستاش نمایش دەکرێتەوە.

دەی ئامۆژگارییەکانی مەکیاڤیللی فیت چی بوو؟ بۆچی پەڕتووکەکانی زۆرێک لە خوێنەرەکانی حەپەساندوە؟ ئەو پێی وابوو پاشا دەبێت 'virtù'ـی هەبێت، ئەم پەیڤە ئیتاڵییە و بە واتای 'هونەر[4]' و وەستایی دێت، سا بە واتای چی دێت؟ مەکیاڤیللی پێی وابوو سەرکەوتن تا سنوورێكی باڵکێش گرێدراوی بەختە، بە باوەڕی ئەو نیوەی ئەو ڕووداوانەی لە ژیانماندا ڕوو دەدەن، پەیوەندییان بە بەخت و ناوچاوەوە هەیە و نیوەکەی تریش بڕیار و بژاردەی خۆمان، هاوکات پێشی وابوو دەتوانین لە ڕێی نەسڵۆکیی و خێرایی بڕیاردانەوە ئەگەری سەرکەوتن هەڵکشێنین، ئەوە ڕاستە کە بەخت و ناوچاو نەخشێکی باڵکێش لە ژیانماندا دەگێڕن، لێ ئەمە بەو واتایە نییە وەک قوربانیی بجووڵێینەوە، ڕەنگە ڕووبارەکە پێچ بخوات و ئێمە نەتوانین بەربەستی لە بەردەم دانێین، لێ بەنداوسازیی و درووستکردنی بەربەست لە سەر ڕووبارەکە، پەناگە زیاد دەکات. بە واتایەکی تر، ئەو ڕابەرەی ئامادەیە هەلەکان بقۆزێتەوە، لەو ڕابەرە سەرکەوتووترە وا هەلەکان ناقۆزێتەوە.  

مەکیاڤیللی پێی وابوو فەلسەفەکەی ئاو لە واقیع دەخواتەوە، مەبەستەکەی لە ڕێی نموونەی هەمەچەشنی مێژووی تازەی ڕووداوە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی گفتوگۆی لەگەڵ کردبوون، دەخستە ڕوو و پیشانی خوێنەرانی دەدا، بۆ نموونە هەنگێ چێزارێ بۆرجا زانی خێزانی ئاڤەرسینی خەریکن داوی پیلانێکی لە دژ دەچنن، وا خۆی دەرخست هیچ ئاگای لەم بابەتە نییە، ڕابەرەکانیانی فریو دا و بۆ دانوستان ڕایکێشانە شوێنێک بە ناوی سینیگاگلیا، هەنگێ گەیشتنە ئەوێ، هەموویانی شەلوپەل کرد، مەکیاڤیللی پشتگیریی لەم فریودانە دەکرد، پێی وابوو ئەمە نموونەیەکی باشیی 'virtù'ـە.

لە جێیەکی تر، کاتێک بۆرجا ناوچەیەکی بە ناوی ڕۆمانیا خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، پیاوێکی دڵڕەقی بە ناوی ڕۆمێرۆ دووئارکۆ کردە فەرماندە، ڕۆمێرۆ دووئارکۆ بە قامچی ترس خەڵکی ملکەچ کرد، لێ پاش ئارامبوونەوەی ڕۆمانیا، بۆرجا بڕیاری دا پەرێزی خۆی لە خوێنڕێژییەکانی پاک بکاتەوە، سا فەرمانی کوشتنی دا، پاشان تەرمەکەیان پارچەپارچە کرد، بە گۆڕەپانی شاردا هەڵیانواسی تا ببێتە پەند بۆ ئەوانی دی. مەکیاڤیللی ئەم کارە چەپەڵەی پێ باش بوو، ئەم کارە خواستی بۆرجای بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خەڵکی ڕۆمانیا بەدەست هانی. ئەوان بە مەرگی دووئارکۆ خەندان بوون، بەڵام هاوکات تێگەشتن بۆرجا فەرمانی ئەم کارەی داوە و ئەمەش تۆقاندنی، گەر بۆرجا ئاوا توندوتیژ لەگەڵ فەرماندەکەی خۆی جووڵابێتەوە، کەواتە کەسیان لە ئاساییشدا نەبوون، جا مەکیاڤیللی لەم ڕوانگەوە ئەم کارەی بۆرجای پێ مێرخاسیی بوو: نیشاندەری جوامێریی ئەو بوو، فیتاوفیت پاشا دەبێت هەر ئەم کارە بکات.

وادیارە مەکیاڤیللی کوشتن و تاوانی پێ باش بووە، ڕاستییەکەی لە هەلومەرجێکدا کە بەرەنجامی ئەم هەنگاوە پاساوێک بووە بۆ ئەوە، هەر بەو ڕەنگەش بوو، بەڵام مەبەستی لەو نموونانەی دەیهێنانەوە ئەمە نەبوو، ئەوەی ئەو هەوڵی بۆ دەدا ئەوە بوو؛ کە ڕەفتاری بۆرجا لە کوشتنی دوژمنان و بەسەرمەشقکردنی فەرماندەکەی کاریگەر بووە، ئەم کارە بەرەنجامێکی خوازراوی لێ کەوتەوە و خوێنڕێژییەکانی دواتری وەستاند، بۆرجا لە ڕێی تەڕدەستیی و دڵڕەقییەوە لە تەختی دەسەڵات مایەوە و بەربەستی بۆ ڕابوونی خەڵکی ڕۆمانیا دژی خۆی سازاند، مەکیاڤیللی پێی وابوو ئەنجام لە ڕێبازەکانی گەیشتن بەو ئەنجامە گرنگترە: بۆرجا پاشایەکی باش بوو، چونکە بۆ ئەو کارانەی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی پێویست بوو، هەست و سۆز دەستی شل نەکرد، کوشتنی بێئامانج، کوشتن تەنیا لە پێناو کوشتن، ئەمە ئامانجی مەکیاڤیللی نەبوو؛ ئەو تاوانانەی وا باسی دەکردن لەمانە نەبوون، پێی وابوو جووڵانەوە بەپێی هەست و سۆز لە هەلومەرجێکی بەم ڕەنگەدا بە زیانی بۆرجا و وڵاتەکە دەکەوتەوە.  

ئەو خاڵەی مەکیاڤیللی پێی لە سەر دادەگرت ئەوە بوو، کە باشترە لە پاشا بترسن تا خۆشیان بوێت، ئامانجەکە ئەوەیە خەڵک هەم لە ڕابەرەکەیان بترسن و هەمیش خۆشیان بوێ، لێ گەیشتن بە ئامانجی وا دژوارە، گەر پشت بە خۆشەویستیی و لایەنگریی خەڵک ببەستیت، ئەوا ڕەنگە لە کاتی تەنگەژەدا لێت بتەکێنەوە، لێ گەر لێت بترسن، ئەوا ناپاکییت لێ ناکەن، ئەمە بەشێک بوو لە خانەگومانیی و ڕەشبینیی ئەو بۆ کاکڵەی مرۆڤ، پێی وا بوو نەژادی مرۆڤ جێی باوەڕ نین و چاوچنۆک و دووڕوون، بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەکی سەرکەوتوو بیت، گەرەکە ئەمانە بزانیت، باوەڕهێنان بە پەیمانی دیتران ترسناکە، مەگەر بە پاشهاتی پێچەوانەی پەیمانەکەیان ئەوانت ترساندبێت.

گەر دەتوانیت بە میهرەبانیی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و تامەزرۆیی دڵخوازێتیی بە ئامانجەکەت بگەیت، گەرەکە ئەم کارانە بکەیت (یان لانیکەم وا بنوێنی کە خەریکی ئەنجامدانیتی). بەڵام گەر ناتوانیت، ئەوا دەبێت ئەم تایبەتمەندییە مرۆییە لەگەڵ تایبەتمەندیی ئاژەڵێنیی ئاوێتە بکەیت، فەیلەسووفانی تر پێیان وایە گەرەکە ڕابەران شان بۆ تایبەتمەندییە مرۆییەکانیان شل بکەن، بەڵام مەکیاڤیللی پێی وابوو ڕابەران هەندێک جار پێویستە مینا ئاژەڵی دڕندە بجووڵێنەوە، ئەو ئاژەڵانەی دەبێت مرۆڤ بیانکاتە سەرمەشقی خۆی، شێر و ڕێوین، ڕێویی پەنبازە و پێی بۆ تەڵە هەڵناخلیسکێ، شێریش چەپۆکسالار و ترسناک، گەر هەمیشە وەک شێر و بەپێی ڕەمەکیی دڕندەیی بجووڵێینەوە، ترسناکە، چونکە مرۆڤ بۆ داو و تەپکە هەڵدەخلیسکێنێ، هەروەها ناتوانین هەمیشەش وەک ڕێویی فێڵباز بین: بۆ ئەوەی دەسەڵاتمان بپارێزین، هەندێک کەڕەت چەپۆکی شێرمان گەرەک، لێ گەر شان بۆ سۆز و یەکسانیی شل بکەین، ئەوا زۆر بەرگە ناگرین، خۆشبەختانە مرۆڤ خۆشباوەڕن و فریوی ڕووکەش دەخۆن، سا کەواتە دەتوانین لە ڕووکەشدا ڕابەرێکی جوامێر و نەرمونیان بین، لێ لە ڕاستییدا پەیمانشکێنیی و ستەم بکەینە پیشە.

ئێستا ڕەنگە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە خۆت بێژی مەکیاڤیللی مرۆڤێکی توندوتیژ بووە، زۆرینەی خەڵکیش هەروا دەنۆڕن و ئاوەڵناوی 'مەکیاڤیللی' بۆ سەرکوێری کەسانی تەڵەکەباز و فێڵباز بەکار دەهێنن، لێ زۆرێک لە فەیلەسووفان پێیان وایە؛ مەکیاڤیللی خاڵێکی گرنگی پەنجەنما کردووە، ڕەنگە گەر ڕابەران ڕەفتاری باش و ئاسایی بنوێنن، کاریگەرییەکی وای نەبێت، میهرەبانیی و متمانەکردن بە خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەدا بابەتێکی جیاوازە. لێ متمانەی ڕابەر بە ڕەفتاری ڕاستەخۆی وڵاتانی تر لەمەڕ ئەو، لەوانەیە سیاسەتێکی فرە ترسناک بێت، ساڵی ١٩٣٨ نێڤیڵ چەمبەرلینی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا باوەڕی بە پەیمانەکەی ئەدۆڵف هیتلەر هانی؛ کاتێک وتبووی ئیتر لە فراوانخوازیی قەڵەمڕەوی ئەڵمانیا دەوەستێت، ئەمڕۆ متمانەی ئاوا گەمژانە و ساویلکانە لێک دەدرێتەوە، گەر مەکیاڤیللی زیندوو با، پێی دەوت؛ هیتلەر پاساوی زۆر بووە بۆ درۆکردن لەگەڵ تۆ، نەدەبوو متمانەی پێ بکەی.  

لە لایەکی ترەوە، نابێت بیرمان بچێتەوە کە مەکیاڤیللی بەرگریی لە نواندنی دڵڕەقیی و ستەم بەرانبەر دوژمنانی گریمانەیی دەکرد، تەنانەت لە جیهانی لەخوێنهەڵژەنراوی ئیتاڵیای سەدەی شانزەشدا، پەسەندکردنی ڕەفتاری چێزارێ بۆرجیا حەپەسێنەر بوو، زۆرینە پێیان وایە دەبێت ئەو بژاردانەی ڕابەرێک دژی توندترین دوژمنی دەیانگرێتە بەر، سنووردار بن، دەبێت ئەم سنووردارێتییە بە یاسا چێوەمەند بکرێت، گەر ئەم سنوورانە نەبن، ئەوا دواجار سەرپاک دەبینە کەسی توندوتیژ و دڕندە، ئەدۆڵف هیتلەر، پۆل پۆت، عیدی ئەمین، سەدام حسەین، ڕۆبەرت مۆگابە، هەموویان بۆ مانەوە لە تەختی بەخت ڕێبازەکەی بۆرجایان بە بنەما گرتووە، لێ ئەمە بانگەشەیەکی باش نییە بۆ فەلسەفەی مەکیاڤیللی.

مەکیاڤیللی خۆی بە واقعبین دەزانی و خۆپەرەستیی ڕەگئاژۆی مرۆڤی فام کردبوو، تۆماس هۆبزیش هەمان بۆچوونی هەبوو: ئەو پێی وابوو؛ ئەم دیدە ژێرخانی هەموو جڤاکێک ڕەنگڕێژ دەکات.

 

 

 

 

پەراوێز:


[1] خەم و ترس

[2] The Prince ئەم پەڕتووکە حسێن عارف کردوویەتی بە کوردیی و چەندین جار چاپ کراوەتەوە، هەروەها لە پێشەکیی وەرگێڕانە کوردییەکەدا، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی د، کەمال مەزهەری مێژوونووسی کورد، دانراوە.

[3] Mandragola

[4] لێرەدا هونەر بە واتای لێزانیی و لێهاتووییەکی هەڵبژاردە دێت و مەکیاڤیللی بەو واتایە بەکاری هێناوە، ئەم دەستەواژەیە لە شیعری کلاسیکی کوردییدا بە شێوەیەکی فراوان بەکار هاتووە و ئێستاش لە قسەی ڕۆژانەدا هەر ماوە، بۆ نموونە دەڵێن: ''فڵان کەس هونەرمەندە و ئەو هونەرەی هەیە''، کە بە واتای وەستایی و لێزانیی و هەڵبژاردەیی و پسپۆڕیی لە بابەتێکی تەڵبژێردا بەکار دێت. سالمیش لە نامەکەیدا بۆ نالی دەڵێت:

لەوساوە حاکمی بە ستەم دەربەدەر کرا - نەیدیوە کەس لە چیهرەیی کەس جەوهەری هونەر

  هەروەها لە درێژەی هەمان قەسیدەدا دەڵێت:

 ئەو بەردەکانی ناوی نرا قسنی شەخسەکەی

دایان بە شاخ و دارەکەیا تورکی بێ هونەر 

 

سەرچاوە: تاریخچە کوتاهی از فلسفە، نایجل واربرتون، ترجمە: مریم تقدیسی، نشر