A+    A-
(602) جار خوێندراوەتەوە

                                                   ئایدۆلۆژیاى «دڵپاکى»

 

 

 

 

لێرەدا مەبەستمان لە ئایدۆلۆژیا، سادەترین ماناى باوێتى؛ ئەوەى کە ئاگاییەکى هەڵە و فریودەرە دەربارەى واقیع. ئایدۆلۆژیا هەوڵدەدات کەلێن و ناکۆکییەکانى واقیع بشارێتەوە، واتە جۆرێک سپێتى، سافێتى، یەکڕەنگى پێشکەشدەکات بۆ ئەوەى نکۆڵى لەو ناکۆکییانەى هەناوى خۆى بکات. "دڵپاکى"يش لەسەرەتادا، ناوێکى دەروونییە، جۆرە سیفەتێک کە دەخرێتە ڕیزى چاکە و فەزیلەتە مرۆییەکانەوە. بەڵام ئەوە چۆن کە ئەم سیفەتە ئەرێنییە، ڕۆڵى خۆى بۆ چرکەساتێکى ئایدۆلۆژى دەگۆڕێت؟ ڕۆڵێک کە دەیەوێت شتێک بشارێتەوە و نکۆڵى لە شتێکى تر بکات بێ‌ئەوەى پێمان بڵێت پێچەوانەکەى خۆى، یان ناکۆکییەکەى خۆى دەنێرێت بۆ کوێ؟

ئەمڕۆ و بگرە دەمێکیشە، شایەتى زۆر کەسین کە لە پێناسەکردنى خۆیدا پێى‌خۆشە بڵێت کەسێکى «دڵپاکم». یان «دڵم هیچى تیا نیە» و هتد. ئەم کەسانە پتر لە شاشەى میدیاکانەوە، ئەم وێنەیە لەسەر خۆیان بڵاودەکەنەوە. بەتایبەت ئەو میوانە ژنانەى کە ڕەنگە بۆ وتنى ئەو قسەیە بچنە بەرنامەیەکەوە. دیارە لاى پیاوانیش هەمان خۆپێناسەکردن هەیە، جاریش هەیە مورادفێکى ترى هەیە و دەڵێن "میزاجییم، بەس هیچ لە دڵما نیە، زوو ساف دەبم". هەتا بەشێک لە وتارى مەلاکان، ستایشکردن و شیتەڵکردنى پرسى "دڵپاکى"یە. ڕەنگە بتوانین یەکەمیان ناوبنێین "دڵپاکیی سرووشتى"، دووەمیشیان ناوبنێین "دڵپاکیی دینى". یەکەمیان سرووشتى و فیترى خۆى دەردەخات، ئەوەى کە خۆت کورتبکەیتەوە بۆ مناڵێک، بەڵام لە دووەمیاندا مرۆڤێکى گەورە لەئارادایە کە پێویستە هەوڵبدات دڵى پاک بێت، چونکە هەمیشە ئەگەرى گومڕابوونى هەیە و دڵپاکى زیاتر ململانێیەکى ئایدۆلۆژییە لەنێوان چاکە و خراپەى دینییدا.

 ئەم دووانە، هەردووکیان دوو دڵپاکیی ئایدۆلۆژیین، یەکەمیان پێشوەختە و بەشێوەیەکى سرووشتى هەرچى خراپەیە لە خۆى دەیکاتە دەرێ. لە دووەمیشیاندا، دەبێت لەڕێى کۆمەڵێک ڕێکارى ئایدۆلۆژیی دینییەوە کەسەکە خۆى لەگەڵ ئەو وێنەیەدا بگونجێنێت کە دین وەک ئایدیاڵێک بۆى دیاریدەکات. لێرەدا تەنیا سەرنجێکى کورتى دڵپاکییە ئایدۆلۆژییە سرووشتییەکە دەدەین و دیسان ئەو پرسیارە دەکەینەوە ئاخۆ لە «کەسانى دڵپاک»دا، خراپە دەچێت بۆ کوێ؟ گەرچى ئاشکرایە (هەتا لاى «دڵپاکەکان» خۆیشیان) هەموو مرۆڤێک بە زاتى خۆى لە کۆمەڵێک سیفەتى «باش» و «خراپ» پێکهاتووە. بۆیە لێرەدا دەتوانین لە "کەسى دڵپاک" خۆى تێبپەڕین و ئەو ڕووبەرە بپشکنین کە "خراپە" باردەکات و بۆ ماوەیەک لەو کەسە ون‌دەبێت.

"کەسى دڵپاک"، دەیەوێت بڵێت من لە پێگەیەکى بێلایەندا وەستاوم و نامەوێت خراپەم بۆ کەس هەبێت. بەڵام ئاشکرایە تێرمى "شوێنى بێلايەن" خۆى تێرمێکى ئایدۆلۆژییە. مرۆڤ گەر بیەوێت لەکۆدا بێلایەن بێت، ئەوا لە شوێنى تردا کاریگەرى جێدەهێڵێت. واتە بێ‌ڕۆڵى لە جێیەک، ڕۆڵ لە جێیەکى تر دەگێڕێت. ئەمە بەشێوەیەکى هەڤدژ، لە چارەنووسى "دڵپاکەکان" خۆیانەوە هەڵدەهێنجین. بەتایبەت ئەو کاتەى کە دەگوترێت «خەتاى خۆم بوو باجى دڵپاکیی خۆمم دا...». واتە دڵپاکى لە جێیەک، دەبێتەوە بە مایەى زیان و کاردانەوە لە جێیەکى تر. خۆشاردنەوە لە خراپە، دەبێتە مایەى ئەوەى خراپە لە کەناڵێکى ترەوە بگەڕێتەوە. "چاکە"، لەوێوە ڕەهەندێکى ئایدۆلۆژى وەردەگرێت کە لە شێوەى خراپەیەکى حەتمییدا دەگەڕێتەوە. بە دەربڕینێکى تر، ئەم باجە خۆى کۆتاسنورەکانى ئەم جیهانەمان وەک خۆى پیشاندەداتەوە؛ ئەو عەدالەتەیە کە سافێتییە ئایدۆلۆژییەکە دەگەڕێنێتەوە ناو هاوکێشە دیالەکتیکییەکە، ئەو هاوکێشەیەى کە سافى و ناسافى پێکەوە مانایان هەیە و کاردەکەن. دڵپاکى، خۆى وەک دۆخێکى ڕاستەوخۆ و بێ‌نێوانگر پیشاندەدات کە ئەویترى نیە، بەڵام لە کاتى باجداندا لەو کارلێکە دیالەکتیکییە تێدەگەین کە پاکى و سافى ناتوانێت بەجیا بژى.

"دڵپاکى" جیا لەوەى لەبنەڕەتدا شاردنەوەى خراپەکانى ناو جیهانە، هاوکات شاردنەوەى شەپۆلێک خراپەى نوێترە کە مۆدى ژیانى ئێستاى گرتووەتەوە. درووشمى دڵپاکى، خۆلادانە لەم شەپۆلە. بەڵام دیسان حاڵەتەکە تاکلایەنە نیە، چونکە مرۆى ئەمڕۆ دەیەوێت بە زۆر شت بگات بەڵام بەر خراپەش نەکەوێت. ئەم خواستە، خۆى ڕوویەکى ترى ئایدۆلۆژیاى دڵپاکى نیشاندەداتەوە. لاوازبوونى لینکى مرۆیی، خۆى زەمینە بۆ کۆمەڵێک خراپە دەڕەخسێنێت. بۆیە لەم دۆخەدا، ناتوانین چاوەڕوانى و چالاکییەکمان هەبێت ئاسان خۆى لە خراپە لابدات و بە قەڵغانى "دڵپاکى" لێى دەربچین. لێرەوە کەسى "دڵپاک"، دەیەوێت خۆى لەو ململانێ بونیادییەى نێوان هەردوو "پرەنسیپى چێژ" و "پرەنسیپى واقیع" لە مانا فرۆیدییەکەیدا لابدات. چونکە پرەنسیپى یەکەم، شوێنى مناڵییەکى مەیلەو دڵپاکانەیە، پرەنسیپى دووەمیش شوێنى گەورەبوون و بەرکەوتن و ناکۆکییەکانى ژیان خۆیەتى. ئێمە ناتوانین لە میانى گەورەییدا، کەشى مناڵێتى ئەزموونبکەین، چونکە کەشێکى لەدەستچووە. خۆهاوشوناسکردن لەگەڵ ئەو کەش و قۆناغەش، دیسان ڕەهەندێکى ئایدۆلۆژیی هەیە، چونکە هەوڵێکە بۆ نکۆڵیکردن لە پارادۆکسەکانى گەورەیی، پارادۆکسەکانى پرەنسیپى واقیع، پارادۆکسەکانى کەلتور و هتد. دڵپاکى، هەوڵێکە بۆ خۆبەتاڵکردنەوە لە ناکۆکییەکانى "پرەنسیپى واقیع" و ئەمەش پتر خەونێکى ئایدۆلۆژییە وەک لەوەى مامەڵەکردن بێت بە پارادۆکس و ناکۆکییەکانەوە.

ناوبڕێکى بچوک پێوستە: ئاخۆ ئێمە هەرگیز ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپى چێژ؟ یان ڕوونتر و دیاریکراوتر بیڵێین، چ گۆشەیەکمان هەیە "پرەنسیپى واقیع" ڕابگرێت و "پرەنسیپى چێژ" وەک خۆى بهێڵێتەوە؟ پێدەچێت ئەم گۆشەیە، گۆشەى ڕوانینى دایک بێت: مناڵ لاى دایک گەورە نابێت، هەر بە مناڵ یان کوڕ و کچ بانگیاندەکات. زەمەنى گەشەى مناڵ، هەمان ئەو زەمەنەى ناو ڕوانگەى دایک نیە بۆ مناڵەکەى هەیەتى. وەک بڵێى، پرەنسیپى چێژ لە چاوى دایکەوە هەر ماوە، بەڵام ئەوەى لە چاوى مناڵەکەوە دەىبینرێت پرەنسیپى واقیعە: لێرەدا جۆرێک لە پاراڵێکس هەیە. مناڵەکە بۆ خۆى گەورەدەبێت، یان بۆ کۆمەڵگا، یاخۆ باوک؛ ئەینا لە گۆشەى دایکەوە گەورەنەبووە. مناڵ، شانمونەى فالووسە بۆ دایک. مناڵ کە گەورەدەبێت، جەبرێکى بایۆلۆژییە گەرنا بەپێى لۆژیکى دەروونیی دایک هیچ گەورەنەبووە. دایک نایەوێت مناڵ دوورکەوێتەوە، بۆیە لە گوزارشتێکى کەمێک زبردا دەتوانین بڵێین: نایەوێت بە دوورکەوتنەوە و گەورەبوونى مناڵەکە، سەرنجى بچێتە سەر خەسانەکەى خۆى. هەر لێرەوە خەسان بونیادە، بۆیە کات و زەمەنى نیە، هەمیشە قڵیش و کەلێنەکانى دەردەکەونەوە. دایک، بەم نیگایەى خۆیشى، مناڵ فیتیشیزەدەکات. بەڵام دەبێت یەکسەر ئەو سەرنجەشى بۆ زیادبکەین کە ئەم گۆشەیەى دایکیش دیسان گۆشەیەکى تەواو ئایدۆلۆژییە و هەرچى ناکۆکیی نێوان مناڵ و دایکە دەگۆڕدرێت بۆ خاڵێکى بەڕواڵەت نائایدۆلۆژیی وەک مانەوەى مناڵ وەک مناڵ. خاڵى نەجووڵان، مەحاڵ، ڕیاڵ. بەڵام ئەم مانەوەیە، ئەو ناکۆکییەى ژیانى مناڵ دەشارێتەوە کە چووەتە ململانێوە بۆ بەدەستهێنانەوەى جێگرەوەى دایک. گەر بشگەڕێینەوە ناوەڕاستى باسەکە، کەسى دڵپاک لەڕووى گۆشەنیگا و ئەو شوێنەى لێیەوە دەدوێت، بەشێوەیەکى شاراوە و سەمەرە هەوڵدەدات خۆى ببێتە دایکى خۆى. یان بچێتە ئەو گۆشەیەوە و لە خۆى بڕوانێت و خۆى لە ناکۆکییەکانى "پرەنسیپى واقیع" دابماڵێت. بۆیەشە ئەم گۆشەیە هەڵدەبژێرێت، خۆى لە زبرییەکانى گەورەیی/واقیع/کەلتور لادەدات.

سەرەنجام، باسەکە سەرزەنشتى «دڵپاکى نیە وەک دڵپاکى»، بەڵکو دڵپاکییە وەک ساتێکى ئایدۆلۆژى کە ئێمەى مرۆڤ چاو لەم ساتە کۆمەڵایەتى و سیاسى و مرۆییەى ئێستامان دەپۆشین و پەنا بۆ دۆخێکى مناڵبوونەوە دەبەین. دڵپاکى لە هەرە ساکارترین ماناى خۆیدا، دەشێت لێرەولەوێ سودێکى هەبێت، مرۆڤ کەمێک خراپە دوابخات، بەڵام لەکۆدا وەک ساتێکى ئایدۆلۆژى دەمێنێتەوە و هەوڵێکە بۆ شاردنەوەى خراپە. دڵپاکى ئەودەم ڕۆڵى چەمکێکى ڕادیکاڵ دەبینێت کە تێبگەین پەیوەندییە مرۆیی و شارستانییەکان، دەچنە سەرووى تاکەکەسەوە، چ تاکێکى "دڵپاک" بێت یان نا. بە مانایەکى تر، وەرگرتنى خەسڵەتێکى  دەروونیی وەک "دڵپاکى"، بەئێستاتیکیکردنەوەى پەیوەندییە مرۆییەکانە وەک لەوەى عەقڵانیکردنەوەیان بێت. دابڕینیان وەک لە بەستنەوەیان. گەر ئەمەش مەیسەر نەبێت، ئەوەى تریان ئاسانتر دەڕەخسێت کە وەها سەیرى خۆمان بکەین بوونێکى "پاتۆلۆژیک" پڕکەموکورتییمان هەیە. کەموکورتى، شایەتییە لەسەر ململانێ ناوەکى و دەرەکییەکانمان نەک شاردنەوە و نکۆڵیکردنیان. ئەمەش دەبێت هەر بگاتەوە بەو تێڕوانینەى کە مادام مرۆڤەکان پێکەوە دەژین، ناچارن ئەولەوییەت (لەپێشترێتى) بە چەمکى پەیوەندى و کۆپەیوەندى ببەخشن تا تاکەکەسى دابڕاو. واتە گرێدانى وشەکە بە کۆوە، بە بەرپرسیارێتییەوە.    

 

 

 

 

وەلید عومەر