ببەخشە و بمرە!
ڕامانێكی دەروونشیكارانە لە پرسی لێخۆشبوون
ژوولی ڕێشێ
و. ڕوشدی جەعفەر
وانەیەكی بنەڕەتی كە لە دەروونشیكارییەوە فێردەبین ئەوەیە كە پڕێتی، كەماڵ و هارمۆنیەت وەهمن. لە ئاستی تاكەكەسی و دەستەكۆییشدا هیچ شتێكی "پڕ و كامڵ" لەئارادا نییە. بەڵام وادیارە بێ ئەوەی پێی بزانین زۆرجار چاوەڕوانی كامڵبوونمان هەیە لە خۆمان و ئەوانیتر. لە پەیوەندیی مرۆڤ بە خۆیەوە كێشەدارتر، پەیوەندییەكانێتی بە ئەوانیترەوە. چ عەشق و چ ڕق- یان وەك باوە تێكەڵەیەك لە هەردووكیان. ژوولی ڕێشێ، دەروونشیكارێكی ئۆكرانییە، لەم وتارەدا لە گۆشەنیگای دەروونشیكاریی نێگەتیڤەوە پرسی لێخۆشبوون دەخاتە بەرباس. لە ناونیشانەكەشدا، ببەخشە و بمرە، ڕاستییەكەی "بمرە" وشە سەرەكییەكەیە.
"دەروونشیكاریی نێگەتیڤ" كڕۆكی جیهانبینیی ئەوە كە دژی هەژموونی پۆزەتیڤگەرایی یان خۆی واتەنی "ستەمكاریی پۆزەتیڤیتە" جەختی لێ دەكاتەوە: شتانی وەك ئازار و ناكامی بەشێكی جەوهەرین لە مرۆڤ، دەبێت قەبووڵ بكرێن، نەك خۆیان لێ لابدرێت یان بەحسێب تیمار بكرێن. ڕێشێ خۆی كتێبێكی نایابی هەیە بە ناونیشانی "دەروونشیكاریی نێگەتیڤ بۆ زیندووە مردووەكان: ڕەشبینیی فەلسەفی و پاڵنەری مەرگ."
نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ دوو زاراوەی سەرەكی ئەم وتارەن. هەڵبەت پێش هەر شتێك با بڵێین ئەم دوو زاراوەیە بە هیچ جۆرێك مانای "ئەرێنی" و "نەرێنی"ـی باو نادەن. لە نەریتی دەروونشیكاریی فرۆیدی-لاكانیدا، ئەم دوو زاراوەیە سەر بە هێڵێكی فەلسەفین كە بەتایبەت لە هیگڵەوە دێت. پۆزەتیڤ هاوەڵناوی "پۆزەتیڤیتە" و نێگەتیڤیش هی "نێگەتیڤیتە". پۆزەتیڤیتە ئاماژەیە بە جێداری، جێگرتن و پۆزیشن، لەبەرامبەردا نێگەتیڤیە نەفی و درز و لەجێخستنە. لە دەروونشیكاریدا، چەمكەكانی وەك خەسان، ناكامی و نوقسانی سەر بەم نەریتەی نێگەتیڤیتەن. بۆیە دەروونشیكاری وەك جیهانبینی لە فەلسەفەوە نزیكترە تا لە زانست یان دەروونناسی.
بە ڕای ئەو، لێخۆشبوون بەرەنجامی جیهانبینیی نێگەتیڤانەیە، بەڵام تۆڵەكردنەوە هی پۆزەتیڤانە. واتە كاتێك ئێمە لە كەسانی تر خۆش دەبین (یان ئەوان لێمان)، ئەوا لەبنەڕەتەوە دانپیانانە بەوەی خراپە شتێكی بێگانە نییە، بەڵكو هەڵژەنراوە لە ناخ و پەیوەندییەكان. بەپێچەوانەوە ئەوەی بە ڕق دەچێت و نابورێت، جیهانبینییەكی پۆزەتیڤی هەیە (وەك وتمان پۆزەتیڤ ئەرێنی نییە): لای ئەو كەسە وەهمی یەكانگیری و چاكەكاریی ڕیشەیی و تاد هەیە. لێخۆشبوون لە هەڵەی كەسێك، واتا خۆیشمان شیاوی هەمان هەڵەین. ناسینەوەی لاوازیی ئەویتر، ناسینەوەی لاوازیی خۆیشمانە، هاوبەشین لە ئازار و لە خراپەدا. پۆزەتیڤبوون واتا حاشاكردن لەو بۆشایی و لەدەستدانەی دەمانكاتە سوبێكتی ئارەزوو، بەڵام نێگەتیڤبوون بریتییە لە ناسینەوە و هەڵكردن لەگەڵی- سلاڤۆی ژیژەك هەر كتێبێكی بە ناونیشانی "هەڵكردن لەگەڵ نێگەتیڤ" نووسیوە.
لێخۆشبوون، بە ڕای ڕێشێ، بۆ ئەوە نییە بگەینە دۆخێكی ساز و تەبا و پڕ هارمۆنی- وەها دۆخێك كە هەر نییە. بە لێخۆشبوون ڕووبەڕووی بەتاڵی و بۆشایی خۆمان و ئەویتریش دەبینەوە. توانای لێخۆشبوون، توانای هەڵكردنە لەگەڵ ئەو خەرەندەی چاومان تێبڕیوە، یان چاوی تێبڕیوین.
دەقەكە
لە یەكشەممەی لێخۆشبووندا[1]، با بیر خۆمانی بێنینەوە كە لێخۆشبوون كوشندەیە، بەڵام بەبێ لێخۆشبوون، پەیوەندییە مرۆییەكان دەبنە كاری نەكردە.
مرۆڤ لە لێواری بەتاڵییەكەی ناخی خۆیەوە سەرگەردانە. لەدەستدانی خود و بەتاڵی لەو جێیەی كە وای دادەنێین سوبێكتی لێیە، مەرجی دەركەوتنی سوبێكتن. شوناس و حەقایەتی ژیانمان فەنتازیای جێگرەوەن، هەوڵێكن بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە بنەڕەتیی و ئەفرێنەرە، كە هەڵبەت هەرگیز پڕ ناكرێتەوە. سوبێكت بە نەبوون (nothingness) دەست پێ دەكات و هەرگیزیش نابێتە كەسێك، ئاخر نەبوونێكی هەمیشەییە لە بنكی هەموو "شتبوون"ێكدا (somethingess). هەر كاتێك فەنتازیا جێگرەوەكە لەكاردەكەوێت، بەر ئەم لەدەستدانە سەرەتاییە دەكەوین. ئەمە ئازاردەرە، وەك تراوما، میلانخۆلیا، دڵەڕاوكێ یان تەنانەت بیرۆكەی خۆكوژانەش هەستی پێ دەكرێت. بۆ ئەوەی بەتەواوی بەر كڕۆكی خۆمان بكەوین، دەبێت بوونمان نەمێنێت، ببینە بۆشاییەكە. ناوە ناوە لەم كڕۆكە بەتاڵەمان دەخشێین، ئەگەر بەختیشمان هەبێت ئەوا لێی دەگەڕێینەوە و هەمیسان بڕوا بە یەكانگیریی شوناس و ماناداریی ڕووداوەكانی ژیان دەكەینەوە.
مادام سوبێكت تەنها وەك بۆشاییەك هەیە كە فەنتازیا دایپۆشیوە، ئەوا دەتوانین بڵێین كە پەیوەندییە ڕاستەقینەكان لەنێوان سوبێكتەكاندا لە ڕەهەندی نەبووندا ڕوودەدەن. بەپێی تێگەیشتنی ڕۆژانەمان بێت، پەیوەندییەكان پڕۆژەی پۆزەتیڤن، با بڵێین بە دیوە ئایدیاڵییەكە وەك سازانێكی بێ ململانێ و هەماهەنگن كە گوایە لە ئازارچەشتن بەدەرن. لەبەرامبەر ئەم تێگەیشتنەدا، لە ڕوانگەی دەروونشیكاری و بوونگەرایانەدا: ئەوە بۆشایی و درز و كەلێنەكانن كە پەیوەندییەكان دەڕەخسێنن. پەیوەندییە كۆمەڵاییەتییەكان و عەشق پێكهێنراوی پۆزەتیڤ نین، بەڵكو نێگەتیڤن. پەیوەندییەكان تەنها بەو فەنتازیایە تەواودەكرێن كە گوایە هیچ كەلێن و بەتاڵییەكی پێكهێنەریان تیا نییە. تەنانەت لەو پەیوەندییانەشدا كە بە ڕووكەش هێجگار دڵنشین و سازاون، جاروبار بنكی بۆشایی و بەتاڵێتی لەڕێی فەنتازیاوە دزە دەكات، تا ئەوەی زەقوزۆپ دەردەكەوێت. لە كێشەكێش و مشتومڕدا دەبینین كە چۆن هارمۆنیەت وەهمێكە و بەس.
عەشقی ڕاستەقینە و پەیوەندییەكان بریتی نین لە پەیوەندی لە ئاستی فەنتازییەك كە بەتاڵییە پێكهێنەرەكە دادەپۆشێت، بەڵكو كتومت لە ئاستی بەتاڵیین. ئەم پەیوەندییانە لەسەر فەنتازیایەكی پۆزەتیڤ ڕۆنەنراون، بەڵكو سەرلەبەر دژی بیرۆكەی تێكەڵبوونی هەماهەنگن.
بە وتەی دوەین ڕوسێل، عەشقی ڕاستەقینە لەدەستدانە بنەڕەتییەكە پەردەپۆش ناكات، تەنانەت تەقەلای پڕكردنەوەشی نادات.[2] بەڵكو عەشقی ڕاستەقینە هاونشینی ئەم لەدەستدانەیە[3]. ئاواهی، ڕاستەوڕاست بەر كەموكوڕییە بنەڕەتییەكەی بوون دەكەوێت. بەتاڵی جەوهەرە ڕەسەنەكەی عەشقە، كاتێك لە پەیوەندییەكی عاشقانەین، تاقە شتێك هەمانبێت كە پێكەوە بەشی بكەین لەدەستدانە- ئەرێ لەدەستدان: برینە سەرەتاییەكەی بوون.
عەشقی ڕاستەقینە، بەهۆی فەزیڵەتی نزیكبوونی لە بەتاڵییەوە، دەتوانێت ئەویتر وەك خۆی وەربگرێت، لەو دۆخەی كە بەڕاستی تێیدا دەژی، واتە لە بەتاڵییە پێكهێنەرەكەیدا[4]. عەشقی ڕاستەقینە ڕووبەڕووبوونەوە نییە لەگەڵ بەتاڵیدا، بەڵكو دەرفەتی پێ دەدات كە هەبێت، بواری بۆ دەڕەخسێنێت. عەشقی ڕاستەقینە باوەش بۆ بەتاڵی دەكاتەوە، كە جەوهەرە ڕاستەقینەكەی ئەویترە. ئەم عەشقە مانای قەبووڵكردن و ڕێزگرتنە لەو دۆخە سەرلێشێوێنەرەی كە شوناسی ڕاستەقینەمانی داپۆشیوە.
عەشق هاوشێوەی تراژیدیا، خراپە، مردن و تراومایە. وەك چۆن بەركەوتنی تەواوەتی بە كڕۆكە نێگەتیڤەكەی خۆمان وەك تراومایەكی دەروونی ئەزموون دەكرێت و سوبێكت وێران دەكات، بە هەمان شێوە بەركەوتنی تەواوەتی بە كڕۆكە ڕاستەقینە، با بڵێین نێگەتیڤەكەی عەشقیش وێرانكەرە- تەنانەت وێرانكەرتریشە. ئاخر لەناوبردنی عەشق و هەر شتێكی پەیوەست پێوەی لێ دەكەوێتەوە. ئەوەی عەقڵی باو بە شێوازێكی قەبووڵكراوی عەشق دایدەنێت، لەڕاستیدا خۆكوشتنە یان لەناوچوونێكی دووقۆڵییە كە بە فەنتازیای هارمۆنییەت و یەكێتی پەردەپۆش كراوە.
لەم ڕۆژگارەدا باوی ئەوە نییە داكۆكی لە لێخۆشبوون بكرێت. لێخۆشبوون وەك ئاسەوارێكی ئەخلاقناسیی مەسیحییانە سەیر دەكرێت كە گوایە دەبێتە هۆی خۆخواردنەوە و ناكارایی. چوارچێوەی كەلتوری سڕینەوە پێویستی بە بانگەشەیەكی ئاكاریی پێچەوانەیە: لێخۆشنەبوون، لەبیرنەكردن و حەیابردن. كەلتوری سڕینەوە خەڵك لە كۆمەڵگا وەدەردەنێت، لە خۆیان ناگرێت. گەرچی ئەم ڕەوتە ڕەنگە نێگەتیڤ دیار بێت (بەهۆی جەختكردنەوەی لە وەدەرنان)، بەڵام لە كڕۆكی خۆیدا پۆزەتیڤە. چونكە فەنتازیای ئەگەری كۆمەڵگایەكی هارمۆنی تیایە، ئەوانەی بە نەگونجاو دادەنرێن، وەدەریان دەنێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی بەحسێب هارمۆنی و تەبا بۆ گونجاوەكان درووست بكات. كێشەكە ئەوەیە دەكرێت هەمووان وەدەربنرێن. ئەم پرۆژە پۆزەتیڤانە هەمیشە بەناچاری لە مێژووی كۆمەڵگادا هەبوون، چونكە وەگەڕخەریان بووە. بەڵام سەرەنجام شكست دێنن، چونكە لەسەر وەهمی یەكبوون و هارمۆنیەتێكی ڕەها ڕۆنراون. پرۆژە پۆزەتیڤەكەی مەسیحییەت یەكخستنەوەی هارمۆنیانەی خەڵكی لە بەهەشتدا خستەڕوو، فەنتازیا یۆتۆپییەكەی كۆمۆنیزم ئایدیای كۆمەڵگایەكی دادپەروەر و یەكسانیخوازی هەماهەنگە، فەنتازیای پۆزەتیڤی كۆمەڵگای ژێر هەژموونی دەروونناسیش، پڕۆژەی پێكەوەژیانی كەسانی دەرووندرووست، با بڵێین لە ڕووی دەروونییەوە بێ تراومایە. هەر كام لەم فەنتازیایانە بە جۆرێك لە جۆرەكان ڕەهەندی نێگەتیڤی پەیوەندییە مرۆییەكان نادیدە دەگرن. بە دەربڕینێكی دیكە، ئەم پڕۆژانە حسێب بۆ خراپە ناكەن وەك بەشێكی بونیادیی بوونی مرۆیی، بەڵكو خراپە دەدەنە پاڵ دیاردەیەك، كۆمەڵە كەسانێك، ڕووداوێكی مێژوویی یان تێكچوونێكی دیاریكراو، دڵیان بەوە خۆش دەكەن گوایە ئەگەر سەرچاوەكەیان وشك كرد، خراپەش خۆبەخۆ لەبن دێت. لەم ڕوانگەیەوە، خراپە شتێكی بونیادی و ڕەها نییە، بەڵكو لەبنەڕەتەوە نامۆیە بە مرۆڤ، كە ئەمەش وادەگەیەنێت دەكرێت تەرە بكرێت و لە مرۆڤایەتی دوور بخرێتەوە- بەهۆی دوورخستنەوەی خەڵكی هەڵە، پاككردنەوەی كەسێك لە گوناح، تێپەڕاندنی سەرمایەداری، یان چارەسەركردنی تێكچوونە دەروونییەكان.
جێگرەوەیەكی نێگەتیڤ بۆ فەنتازیای پۆزەتیڤ لەپێناو هێشتنەوەی پەیوەندییە مرۆییەكان لێخۆشبوونە. فەنتازیا خۆبەخۆ بە لای بڕوابوون بە پەیوەندیی هارمۆنی و نا-تراومایی لاردەبێتەوە، دان بە كڕۆكە تراومایی و ڕەهەندە نێگەتیڤە پێكهێنەرەكەیان نانێت. بەڵام لێخۆشبوون پێچەوانەی فەنتازیایە. لەو درز و قڵیشانە دەچێت كە پەیوەندییەكان دێننەئاراوە.
لێخۆشبوون بەوپێیەی ڕەچاوی درز و هیچێتی دەكات، بۆیە قەبووڵكردنی ڕاستگۆیانەی ڕەهەندە قەبووڵنەكراوەكەی ئەویتریشی تیایە. لێخۆشبوون پەنا ناباتە بەر فەنتازیا تا بیانوو دابتاشێت. بەڵكو لە هەناوی دانپیانێكی ڕوون بە ترس و تۆقینی ئەویتر و پەیوەندییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. لێخۆشبوون پەناگەیەكی فەنتازی نییە بۆ خۆشاردنەوە لەویتر و خراپەكەیان. لێخۆشبوون قەبووڵكردنی ئەویترە: ئەویتر بە هیچێتییەكەیەوە، ئەویتر بە درز و كەلێنەكانیەوە، ئەویتر بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی خۆی بووبێتەوە، ئەمەش نەك بە فەنتازیایەكی پۆزەتیڤ لەبارەیەوە، كە لەڕاسیتیدا ئەمەیان نەبینینی ئەویترە و بەم جۆرەش تەنها بەرگەگرتنێتی.
لێخۆشبوون ئەویتر لەناونابات و وەدەری نانێت بەوەی فەنتازیایەكی بەرگری وەك ئەوەی خەڵكی باش و خەڵكی خراپ (كە گەرەكە بسڕدرێنەوە) هەن زەق بكاتەوە، یان ئەوەی هەموو كەسێك سیفەتی باش و خراپی هەیە (كە پێویستە ڕاست بكرێنەوە یان بەرگەیان بگرین). لێخۆشبوون خۆی لە تۆڵەكردنەوە دەبوێرێت، نایەوێت كەس لەناوببات، وای دانانێت خراپە لە ناخی ئەو كەسەیە و ئەگەر لەناو ببرێت یان وەدەربنرێـت كۆمەڵگا خراپەی تیا نامێنێت. تۆڵەكردنەوە، بەپێچەوانەی لێخۆشبوون، پرۆژەیەكی پڕهیوا و پۆزەتیڤە و دەخوازێت خراپە و سەرچاوە فەنتازییەكەشی بسڕێتەوە: كەسێكی دیاریكراو یان دیاردەیەكی تایبەت. لێخۆشبوون ئەم پرۆسە پۆزەتیڤە تێك دەدات.
بەوپێیەی لێخۆشبوون نزیكە لە كڕۆكی نێگەتیڤی عەشقەوە، وێرانكاریشە، بەڵام بە شێوەیەكی جیاواز لە پڕۆژەیەكی پۆزەتیڤ. لێخۆشبوون بەنەرم و نیانی لەناودەبات، نەك شەڕەنگێزانە. تۆڵەكردنەوە و لێخۆشبوون دوو شێوازی جیاوازی لەناوبردنن. تۆڵە لەناوبەرە، بەڵام لێخۆشبوون لەجیاتی كوشتنی ئەویتر، مەرگێكی هاوبەش دەخاتە جێگەیەوە. لێخۆشبوون هونەر بەرگەگرتنی نەبوونە وێرانكەرەكەی ئەویتر و خۆیشمانە. ئا لەم پانتاییەیە، واتە لە لەناوبردنی خود و ئەویتر پێكەوە، بە مانای پڕاوپڕی وشە بە ئەویتر دەگەین.
پێمان وایە خراپە درك ناكرێت، بۆیەش لەویتردا قەبووڵی ناكەین. خراپە، كەلێنێك دەخاتە تێگەیشتن و توانستی قەبووڵكردنمان بۆ ئەویتر. چیتر ئەویتر كە بە خراپ دایدەنێین لەگەڵ فەنتازیا ئارامبەخشەكەمان دەرهەق بەو ناگونجێت، هەروابێتەوە لەگەڵ وێناشمان دەرهەق بەو ناسازێت. ئەمە دۆخێكە كە ناتوانین خەیاڵی ئەوە بكەین ئەو كەسە ئەم كارەی لەدەست هاتووە: "ئاخر چۆن توانیت وا بكەیت؟!". لێخۆشبوون واتە قەبووڵكردنی خراپە، قەبووڵكردنی ئەویتر بەو نایەكانگیرییەی خۆیەوە، بە بەتاڵییەكەیەوە، بەوەی وەك بڵێی لە دۆخێكە لێی تێناگەین. قەبووڵكردنی ئەویتر وەك خۆی: مەترسیدار و خراپ.
خۆ ئەگەر تۆمەتی خراپەكاری بدرێتە پاڵ كەسێك، جا بەڵگەكە هەر شتێك بێت، داكۆكی لە خۆی دەكات و تۆمەتەكە ڕەت دەكاتەوە. چ وەڕسكەرە ئەمە! وەك بڵێی بەئەنقەست درۆ دەكات، بەڵام ڕاستییەكەی دەكرێت قسەكەی ڕاستگۆیانە بێت و پێی وابێت هیچ كارێكی هەڵەی نەكردووە. نکۆڵى كاردانەوەیەكی بەرگرییە كە دەروون پەنای بۆ دەبات كاتێك ئەویترێكی گرنگ لە فەنتازیای پۆزەتیڤی خۆیدا دەرهەق بە تۆمەتبارەكە نائومێد دەبێت. ئەگەر ئەم فەنتازیایە بناغەیەكی هەمەگیری پەیوەندییەك بێت، دانپیانان بەوەی ئەویتر لەگەڵی نایەتەوە، شتێكی كوشندەیە بۆ پەیوەندییەكە وەك چۆن بۆ ئەو كەسەی بە خراپیش دادەنرێت هەر وایە.
لێخۆشبوون بوارمان پێ دەدات ئەویتر لە ئاستی كڕۆكە بەتاڵەكەی خۆیەوە قەبووڵ بكەین، لە ئاستی نێگەتیڤیتە بنەڕەتییەكەیەوە كە دەكەوێتە پێش هەر فەنتازیایەكی پۆزەتیڤەوە. لێخۆشبوون یارمەتیمان دەدات ئەویتر لەناو بەتاڵیی خراپەی خۆیدا قەبووڵ بكەین و بواری پەشیمانبوونەوەشی پێ بدەین. لێخۆشبوون پانتاییەكی بەتاڵ دەئافرێنێت كە پێویستی بە پاساوهێنانەوە و مەرجدانان نییە، پانتاییەك بۆ قەبووڵكردنی خۆمان بە هەموو ناچیزی و بێ بایەخییەكمانەوە، لە دۆخی یەكنەهاتنەوە لەگەڵ خۆمان. لێخۆشبوون یانی قەبووڵكردنی ئەویتر وەك ئەوەی هەیە، با بڵێین، لە هیچێتییەكەیدا. لێخۆشبوون دەمانخاتە فەزایەكەوە تێیدا ئەویتر ڕەت ناكرێتەوە- ئەویتر لە دۆخی بەركەوتن بە بەتاڵی خۆیەوە.
لێخۆشبوون نە دەبێتە هۆی باشتربوونی ئەو كەسەی دەبەخشێت نە ئەو كەسەشی دەبەخشرێت، تەنانەت نە پەیوەندیی نێوانیشیان. لێخۆشبوون بواری دەستپێكێكی نوێ بە بەخشراوەكە نادات و پەیوەندییە مردووەكانیش نابوژێنێتەوە. بەڵكو لێخۆشبوون ئەویتر و پەیوەندییەكان لە جەوهەری تراژیكی خۆیان قەبووڵ دەكات- وەك زیندووی مردوو. لێخۆشبوون زیتەڵترمان ناكات، پەیوەندییەكانمان بەهێزتر ناكات، بەپێچەوانەوە بەو مردەڵەییەی خۆیەوە لەرزۆكترمان دەكات. لە هەمان كاتیشدا، لە لێخۆشبوون بترازێت هیچ شتێكی دیكە پەیوەندییەك ڕاناگرێت و نایپارێزێت. لێخۆشبوون ڕێگەیەك نییە بۆ پەیوەندیبەستنەوە بەویتر و خۆیشمان، بەڵكو ڕێگەیەكە بۆ لەئامێزگرتنی بۆشایی نێوان ئەو پارچانەی ناشیانە پێكەوە دانراون. لێخۆشبوون لەگەڵ ئەو برینە هەڵدەكات كە ئەوانیتر تووشمانی دەكەن. ئەم برینە بە لێخۆشبوون تیمار ناكەین، بەڵكو وەك هی خۆمان قەبووڵی دەكەین، هاوشوناسی دەبین، بەكورتی هەر بەم برینە ئازاربەخشەوە درێژە بە ژیان دەدەین.
ژولیا كریستیڤا وەك پانتاییەكی دەرەكات لەبارەی لێخۆشبوونەوە دەدەوێت- پانتاییەك كەوتۆتە دەرەوەی یەكانگیریی ڕووداوەكانەوە: " لێخۆشبوون نامێژووییە. زنجیرەی هۆكار و ئەنجامەكان، تاوان و سزاكان دەپچڕێنێت، و كاتی كردارەكان دەوەستێنیت. پانتاییەكی سەیروسەمەرە لەناو دەرەكاتێتی (timelessness)ـدا سەردەردێنێت كە سەر بە نەستی بەرایی و ئارەزوومەند و كوشندە نییە، بەڵكو هاوتاكەیەتی- بڵندكردنەوەیەتی بە مەعریفەی تەواوەوە لەبارەی ڕاستییەكان، هارمۆنیەتێكی دڵنشین كە بەئاگایە لە توندوتیژییەكەی بەڵام لە پنتێكی تردا جێی دەكاتەوە. كاتێك ڕووبەڕووی ئەم هەڵپەساردنەی كات و كردارەكان لەناو دەرەكاتێتیی لێخۆشبوون دەبینەوە، لەو كەسانە تێدەگەین كە پێیان وایە تەنها خودا توانای لێخۆشبوونی هەیە."[5]
فەزای بۆشی لێخۆشبوون بوارمان بۆ دەڕەخسێنێت كە سەرنج لە ئازار و مەینەتیی مرۆیی بدەین و بیناسینەوە، نەك بە فەنتازیایەكی ئارامبەخش یان بیانووهێن پەردەپۆشی بكەین. ئەگەر لە هونەری لێخۆشبوون شارەزا بین، با بڵێین ئەگەر فێری بەرگەگرتنی بەتاڵی و ئازاری خۆمان بین، ئەوا دەبینە كونێكی ڕەشی كشاو[6] كە نەك تەنها ئازار و خراپەی خۆمان، بەڵكو هی ئەوانیتریش لە خۆدەگرێت. فێردەبین نەك تەنها بە مەرگی خۆمان بمرین، بەڵكو لە مەرگی كەسێكی تریشدا. ئەمە واناگەیەنێت ئەوانیتر ببنە شیرینی بەردڵان، بەڵكو واتای ئەوەیە ئەوانیتر بە بەتاڵیی خۆمانەوە قەبووڵ بكەین- لە بێ بایەخیی خۆماندا، بێ بایەخیی ئەوانیتر پەسەند دەكەین.
پەراوێزەکان:
[1] یەكشەممەی لێخۆشبوون (Forgiveness Sunday) لە نەریتی مەسیحیەتی ئۆرسۆدۆكسدا بریتییە لە دواهەمین یەكشەممەی پێش دەستپێكردنی "ڕۆژووی گەورە" كە چل ڕۆژ دەخایەنێت.
[2] Rousselle, Duane. 2021. Real Love: Essays on Psychoanalysis, Religion, Society by Duane Rousselle, Atropos Press.
[3] Loss
[4] Constitutive emptiness
[5] Kristeva, Julia. 1992. Black Sun: Depression and Melancholia. Trans. L. Roudiez. New York: Columbia University Press, P. 200
[6] Expanding black hole
سەرچاوە:
Forgive and Die, Julie Reshe, available at: https://www.sublationmag.com/post/forgive-and-die