A+    A-
(440) جار خوێندراوەتەوە

"دەنگ"ی سوپەرئیگۆ

 

 

 

 

ملادن دۆلار

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

  با بگەڕێینەوە بۆ کرۆکی دەنگ وەک فیگەرێکی ئەخلاقی. لەڕێگەی هەموو ئەو هەوڵانەوە پێشتر بەکورتی ڕەچاومانکردن، بەرامبەرکێیەکی دیاریکراو لەنێوان دەنگ، فەرمانە پەتییەکەی، زرینگانەوە فەرماندارییەکەی بە سەرێک، و بە سەرێکی تریش گوتارمەندێتی، ئارگۆمێنت، عادەتە تایبەتەکان، قەدەغەکان یان حوکمە ئەخلاقییەکاندا درووستبوو؛ دنیایەک تیۆری ئەخلاقیی جۆربەجۆر هەن. لەم بەرامبەرکێیەدا، گەرچی لە زۆر ڕێکخستنی جیاجیاشدا چەندبارە دەبێتەوە، بە شێوەیەکی نامۆ و لە فۆرمی گۆڕاودا دەگەینەوە سەر دابەشکارییە سەرەتاییەکەمان لەمەڕ دەنگ[1] (وەک ئۆبێکت) و دال[2]. دەکارین بڵێین فیگەری دەنگی ویژدان[3] دەلالەتە لە تێڕوانینێکی دیاریکراوی ئەخلاق، کە تێیدا زنجیرەی دەلالەت[4] ناتوانێت خۆی بەردەوامیی بە خۆی بدات؛ پێویستی بە بناغە و ڕەگداکوتانە، ڕەگ لە شتێکدا کە دال نیە [واتە درووستبوونی زنجیرەی دەلالەت لەسەر شتێک کە دال نیە: نوقسانی و نەبوونی دال]. ئەخلاق پێویستی بە دەنگە، بەڵام دەنگێک کە لەوپەڕیدا هیچ ناڵێت، هەر بە فەزڵی ئەمەش بەرزترینی ناو دەنگەکانە، گردبوونەوەی موتڵەق [ـی دەنگە]، بێدەنگییەکە کە بێدەنگ ناکرێت[5]. دەنگ، بناغەی بێمانای نادەلالەتکاری ئەخلاقە. بەڵام چ بناغەیەک؟ گەر وەک دەنگێکی خوایانە (divine) وەربگیرێت-پێرفێکتە چونکە خوایانەیە، گەرەنتییەکی جێگیریشە-، ئەوا وەردەگەڕێتە سەر پۆزەتیڤیتەیەک کە سوبێکت دەخاتە پێگەی ناچالاکی ڕاییکردنی فەرمانەکانەوە- داوێکە تەنیا وەختێک دەتوانیت خۆتی لێ لابدەیت کە دەنگ وەک بانگهێشتێکی پەتی وەربگریت، وا فەرمان بە هیچ شتێکی دیاریکراو ناکات و هیچ گەرەنتییەکیش نادات. [دەنگ] لە یەک ژێست [و لە یەک کاتدا]، هەم ڕوومان لە ئەویتر دەکات و هەم بەرپرسیارێتییەکەی خۆیشمان.

  دەشێت دەنگی ئەخلاقی ڕەپتبکەینەوە بە دەنگی دەربڕینی پەتی[6]یەوە، ئەوەی پێشتر لە دەربڕینە زمانەوانییەکاندا دیاریمانکرد. بەڵام گەر لە زمانەوانیدا دەنگ بتوانێت دەربڕین لەودیو دەربڕاو[7]ەوە بنوێنێتەوە، [واتە] دەربڕین وەک زیادەی ناوەکی و نەبینراوی دەربڕاو، ئەوا لە پانتایی ئەخلاقدا پێویستە ڕووبەڕووی دەربڕین بەبێ دەربڕاو ببینەوە. ئەمەیە خاڵە گرنگەکە، سەنگی مەحەکی ئەخلاق: دەنگ دەربڕینە، ئەوە خۆمانین دەبێت دەربڕاوی بۆ زیادبکەین. یاسای ئەخلاقی وەک سزایەکی هەڵپەسێردراو وایە، سزایەک کە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، خراوەتە دەستی دەربڕینی پەتییەوە، بەڵام سزایەک کە داوای بەردەوامی دەکات، سزایەک کە پێویستە سوبێکت بە ئەکت و بڕیارە ئەخلاقییەکانی تەواوی بکات. دەربڕینەکە لەوێیە، بەڵام پێویستە سوبێکت دەربڕاوی بۆ سەرباربکات و دەربڕینەکە لەخۆبگرێت، وەڵامی بداتەوە و بیگرێتەشان. دەنگ نە فەرمان دەردەکات نە شت قەدەغەدەکات، بەڵکو بەردەوامییەک دەکاتە زەروورەت، پاشکۆیەک دەکاتە ناچاری. هێشتاش ئەم دەنگە ئەخلاقییە بەتەواوی ناڕوونە: لە کرۆکی پرسی ئەخلاقی[8]دایە، ئەویش وەک دەنگی فەرمانی پەتی بەبێ ناوەڕۆکێکی پۆزەتیڤ، هەروابێتەوە لە کرۆکی دوورکەوتنەوەشدایە لە پرسی ئەخلاقی، لە بانگهێشتەکە هەڵدێت، هەرچەندە لەژێر ناوی ئەخلاقیشدا [ئەمە دەکات]. ناوە دەروونشیکارییەکە بۆ ئەم لادانە، سوپەرئیگۆ[9]یە.

دەشێت بەئاسانی ئەوە ببینین سوپەرئیگۆ لە دەنگێکەوە هەڵدەستێتەوە و دەنگێکیشی پێ‌بەخشراوە. فرۆید بەردەوام بۆ ئەمە دەگەڕایەوە: «مەحاڵە بۆ سوپەرئیگۆ و ئیگۆیش، ڕیشەی خۆیان لە شتە بیستراوەکان داببڕن» (PFL 11, p. 394). گەر بۆ فرۆید دەنگدارێتی یەکێک بێت لە خەسڵەتەکانی سوپەرئیگۆ، ئەوا بۆ لاکان خەسڵەتە جەوهەرییەکەیە وا بنیاتنەری سوپەرئیگۆیە: «سوپەرئیگۆ لە فەرمانە ناوەکییەکەیدا... لەسەروو هەموو شتێکەوە دەنگێکە (voice) و دەنگییە (vocal)، هیچ ئۆتۆریتەیەکیشی نیە ئەوەی دەنگێکی بەهێز[10] نەبێت» (Lacan 1966, p. 684). دەتوانین تێزێکی پوخت لەمەوە هەڵبگۆزین: جیاوازیی نێوان دەنگی ئەخلاقی و سوپەرئیگۆ، جیاوازیی نێوان دەربڕینی پەتی و دەنگێکی بەهێزە. پتر لەوەش، دەنگی بەهێز هەمیشە ئاراستەی لەگەڵدایە، بەڵام ئەمانیش تەنیا بە دەنگ دەسپێردرێن. ئەمە سزایەکی هەڵپەسێردراو نیە بیخەینەوە کار، بەڵکە بریکارێکی ئەخلاقییە لە پەیوەندیدا بەو شتەوە کە ئێمە هەمیشە نوقسانین: هەرچەن هەوڵی خۆمان بدەین، کەچی هەر کورت‌دێنین، تا زیاتریش هەوڵبدەین بەدەستیبێنین، کەلێنەکە گەورەتر دەبێت. دەنگێکە هەردەم سوبێکت بۆ هەستی گوناهـ کورتدەکاتەوە، جا لەناو پرۆسەیەکی خۆجووڵێنەردا، هەستی گوناهەکەمان بەردەوام هەڵدەکشێت و زیاتر دەبێت[11]؛ تەنانەت چێژ لە سەرزەنشت و شکستەکانی خۆیشمان دەبینین. ئەوە دیوە قێزەونەکەی سوپەرئیگۆیە: ئەمە بێلایەنییە ڕقاوییەکەیەتی، ئەمە بێ‌ڕەپتییە پڕکینەکەیەتی دەرهەق بە خۆشگوزەرانیی سوبێکت. با بە زمانە کانتییەکە بیڵێین: دەنگی سوپەرئیگۆ دەنگی ئەقڵ نیە، بەڵکو دەنگی ئەقڵێکی شێتبووە، دەنگی ئەقڵێکی گڕگرتووە (berserk). سوپەرئیگۆ یاسای ئەخلاقی نیە- وێڕای لێدوانە پێچەوانەکانی فرۆیدیش- بەڵکو ڕێگایەکە بۆ هەڵهاتن لێی.

ئەو هێڵەی جیایکردوونەتەوە، زۆر باریکە. ئەمە لای کانت دەبینین: بە سەرێک، خزانێک هەیە لەو شتەوە کانت پێی دەڵێت ڕێز بۆ یاسای ئەخلاقی، بە سەرێکی تریش ئەو شتە هەیە وی پێی دەڵێت ترس، [یان] داهێزران لەبەردەمیدا. ڕێز[12] پاڵنەر (der Triebfeder: Kant 1993, pp. 75f)[13]ـی یاسای ئەخلاقییە، هەلومەرجی هەڵگرتنەوەیەتی لەلایەن سوبێکتەوە، نوێنەرەوەی پارادۆکسی هەستێکی لەپێشینەیە[14]، تاکە هەستی ناپاتۆلۆژیکی ناو فیکری کانت. یاسای ئەخلاقی بۆیە کارایە، تەنیا لەبەرئەوەی ڕێز بەرەو ئەو یاسایە پاڵماندەنێت [واتە ڕێز یاسای ئەخلاقی ڕاگرتووە]. بەڵام کانت لە چەند پەڕەیەکی دواتردا دەڵێت: «لە ڕێزی بێ‌ئەندازدا بۆ یاسای ئەخلاقیی پەتی... کە تەنانەت دەنگەکەی زەقترین لەرەی گونا‌هـ دەخوڵقێنێت و وا دەکات [مرۆ] خۆی لە نیگاکەی داشارێت، شتێکی تاقانە هەیە ناتوانین سەرمان بسووڕمێ گەر بۆمان دەربکەوێت کە ئەم کاریگەرییەی ئایدیای ئەقڵانیی پەتی لەسەر هەست بۆ عەقڵی تیۆری[15] ڕووننابێتەوە» (Kant 1993, p.83). وی، کاریگەریی یاسای ئەخلاقیی لەسەر سوبێکت لە جەوهەردا وەک سوکایەتی (humiliation) وەسفدەکات. یاسای ئەخلاقیی فۆرماڵی پەتی لەپڕتاو دەنگێک وەردەگرێت وامان لێ دەکات بلەرزین، نیگایەک کە ناتوانین خۆمانی لێ داشارین، سوکایەتییەک کە نەک تەنیا ڕێز، بەڵکو ترس و سەرسوڕمان و تۆقینیشی لەگەڵە: هەموو ئەم ڕەگەزانە لەژێر ناونیشانی سوپەرئیگۆدا بە تاکە لەمسێک جێیان دەبێتەوە. دەنگی دەربڕین پنتێکی یاسای ئەخلاقی دەورەدەدات بەبێ ئەوەی هیچ جەوهەر یان ناوەڕۆکێکی پۆزەتیڤی پێ‌ببەخشێت، ئەمە لە کاتێکدا دەنگی سوپەرئیگۆ ئەم پنتە و جێیە تێکدەدات، بە دەنگدارێتیی خۆی پڕی دەکاتەوە، ئا بەم جۆرەش فیگەری سەرنجڕاکێشی «ئەویتری ئەویتر[16]»مان بۆ دەخاتەڕوو، ئەویترێک بەبێ نوقسانی، ئەویترێکی ترسناک- نەک تەنیا ئەویتری یاسا، بەڵکو ئەویتری سەرپێچی (transgression)یەکەشی. چونکێ زیادەی دەنگ لێرەدا دەقیق وەک سەرپێچیی یاسا کاردەکات، ئەو وریاکردنەوانەشی ئەم دەنگە بڵاویاندەکاتەوە ناتوانن ببنە «پرەنسیپگەلێک وەک بناغەی یاسای گشتەکی (یونیڤێرساڵ)»، بەڵکو لە گشتێتی جیادەبنەوە.

ئەم بەشە قێزەون (نایونڤێرساڵیزەبوو)ـەی سوپەرئیگۆ هەردەم بە دەنگ سپیردراوە: دەکارین بیر لەو ڕێسا و سرووتە نهێنییانە بکەینەوە وا جڤاتێکی دیاریکراو ڕادەگرن- ڕێساکانی وەرگرتن (بەو سوکایەتییە توندەوە کە بە تازەهاتووەکان دەکرێت)، پەیوەستێتیی بە گرووپێکی ناوەکییەوە، هێڵی جیاکەرەوەی خۆمانەکان و بێگانەکان و هتد. ئەو ڕێسایانە هەرگیز نانووسرێنەوە، دەبێت بچرپێنرێن (whisper)، ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان پێ بدرێت و بدرێنە دەستی دەنگەوە. لەوپەڕەکەیدا، دەنگ ئەو شتەیە سوپەرئیگۆ لە یاسا جیادەکاتەوە: یاسا پێویستە لەلایەن پیت (the Letter)ـەوە پشتگیری بکرێت، شتێک کە لە ئاستی گشتیدا دەستپیاگەیشتووە، لە بنچینەدا هەمووکات ئامادەیە، بەڵام لە کاتی سەرپێچی و کۆمەک بە یاسادا هەندێک ڕێسا هەن بە دەنگ سپێردراون، [واتە] ڕێسا سوپەرئیگۆییەکان[17] وا زۆرینەی جار فۆرمی سەرپێچیی یاسا دەگرنەخۆ، بەڵام لە ڕاستیدا و بە شێوەیەکی کارا جڤاتەکان ڕادەگرن و دەبنە ڕاگرە نەبینراوەکەیان [سادەتر، یاسا بەرمەبنای سەرپێچی ڕۆنراوە، ئەوەی لەبنەوەڕا یاسا ڕادەگرێت شتێکی نایاساییە و سەرپێچییە؛ بەڵام ئەم سەرپێچییە چەپێنراوە و لە ئاستە «ڕوون و ئاشکراکان»دا نابینرێت. بۆیە یاسا هەم ڕستێک ڕێسای ئاشکرا و ئەقڵانییە و ژیانە کۆمەڵایەتییەکەمان ڕادەگرێت، هەم ڕێسایەکی نائەقڵانییش لەبنیەوە کاردەکات کە ناوی سوپەرئیگۆیە. یاسا بە شێوەیەکی حەتمی و زەرووری پشت بە سەرپێچییەکەی ناو خۆی (ڕێسا و فەرمانە دزێوەکانی سوپەرئیگۆ) دەبەستێت بۆ ئەوەی نەکەوێت- و].

  ئەوەی دەزگاکان پشت بە سەرپێچیی ناوەکیی یاساکان و ڕێکخستنە نووسراوەکان دەبەستن، ڕەپتە بە ئەزموونی هاوبەش[ـی جڤات]ـەوە و بێگومان هیچ شتێکی وێرانکەری تێدا نیە. [میکایل] باختین باسی نەریتی دوورودرێژی کەرنەڤاڵـەکانی دەکرد، هێشتاش تا ئاستێک لە کۆمەڵگە پیاوسالارییەکاندا زیندوون و بەرمەبنای سەرپێچییە عادەتییەکانی هەموو شیفرە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆنراون، بەڵام بە کات و شوێنی دیاریکراویشەوە پەیوەستکراونەتەوە- سەرپێچییە عادەتییەکان بەم شێوە کەرنەڤاڵییە کاردەکەن، وەک «لادان[18]»ێکی ناوەکی کە بەردەوامی بە ڕێساکان دەدەن، کارکردنی «نۆرماڵ»ـی یاسا ڕادەگرن. سەرپێچی بە شێوازێک کاردەکات کە لەئاستی گشتیدا دەرنابڕدرێت؛ خەدعەکەی لەوەدایە بڕێک چێژ (چێژی سەرپێچیکەرانە)مان دەخاتە بەردەست، وەکبڵێی ئەمە قەرەبووی ئەو زەحمەتییەیە یاسا داوای دەکات، بەڵام ئەم چاوپۆشییە ئاشکاریە[ـی یاسا]، تەنێ یاسا بەهێزتر دەکات و «زێدە-دەسەڵات[19]»ـی پێ دەبەخشێت [واتە سەرپێچییەکان پێشوەخت لەلایەن ئەویتری گەورەی یاساوە پێشبینیکراون، بۆیە لەبری ئەوەی پێی لاواز ببێت، بە پێچەوانەوە «سەرمایەگوزاری» پێوە دەکات و بەهێزتری دەکات]. ئەویتر[ـی گەورە] پتر لەڕێگەی سەرپێچیی ڕێساکانەوە حوکم‌دەکات، کە لە ڕوواڵەتدا وا دەردەکەون وێرانیبکەن؛ هەمووان پتر لەناو سووڕە نەفرینەکەیدا گیردەخۆین[20]. لەولاشەوە، «دەنگی ئەخلاقی»ـی دەربڕینی پەتی، دەلالەتە لە ڕەهەندێکی ئەویتر کە هیچ گەرەنتییەک نابەخشێت و چواردەوری نوقسانییەکەی دەدات[21].

  بۆیە گەر «دەنگی ئەقڵ» بوونێکی پۆزەتیڤی وەچنگبخات- گەر بەهێز ببێت-  ئەوا وەردەگەڕێتە سەر لادانە سوپەرئیگۆییەکەی ئەقڵ. لاکان لە سیمیناری یەکدا یەکێکی تر لە درووشمە دیارەکانی فۆرمولە کرد: «سوپەرئیگۆ لە یەک کاتدا هەم یاسایە و هەم وێرانکەری یاساشە» (Lacan 1975, p. 119). دەکارین لە بنکی یاسادا زایەڵەی باوکی سەرەتایی[22] ببیستین، ئەو سێبەرەی تائەبەد شوێن یاسا دەکەوێت و «دەستی لێ دەوەشێنێت». گەر لە سیناریۆکەی فرۆیددا یاسا بە کوشتنی باوکی سەرەتایی درووستبووبێت، گەر [یاسا] یاسای باوکی مردوو بێت، واتە هی ناوەکەی بووبێت، ئەوا کێشەکە ئەوەیە ئەو باوکە قەت بەتەواوی مردوو نەبووە- وەک دەنگ مایەوە (ئەمەبوو کارکردی کەڕەنا[23]). دەنگ وەک ئەو بەشەی باوک دەردەکەوێت، کە بەتەواوی نەمردووە: فیگەری چێژ (ژویسانس) قیتدەکاتەوە، هەربۆیە بەرمەبنای ناوەکەی نەخشەی خزان بەرەو وێرانکردنی یاسا دەکێشێت. هیچ یاسایەک بەبێ دەنگ بوونی نیە، هێڵە دابەشکەرەکەش تەنکە، بەڵام گرنگە: گەر سوپەرئیگۆ "خۆراک"ـی یاسا، سێبەرەکەی، جمکە تەمومژاوی و قێزەونەکەی بێت، ئەوا گەرەکە بشڵێین ئەڵتەرناتیڤ یان دابڕانی ئەو دووە زۆریش ماندووکەر نیە: دەنگی یاسای ئەخلاقی، لە بۆشایی نێوان ئەو دووەدا، هیچیان نابڕێت.

  گەر ئەنجامگیرییەک بۆ پشکنینە کورتەکەمان لەمەڕ ئەخلاقی دەنگ بکەین: دەتوانین ببینین دەنگ ڕۆڵێکی گرنگی جەوهەری دەگێڕێت، کە دەیخاتە «مەوقیف»ێکی ناڕوونەوە. ئەو دەنگەی درێژە بە یاسای ئەخلاقی دەدات، لە کۆی نەریتەکەدا هەر لە سۆکراتەوە تا ڕۆسۆ-تەنانەت کانت‌یش-، بە خوایانە ناوبراوە، و لە هەمان کاتدا ئەم یاسا ترانسێندێنتە خوایانە خراوەتە کرۆکی سوبێکتەوە. لەگەڵ هایدیگەردا دەنگ دەهێنرێتە بچوکترین ئاستیەوە: ئاوەڵابوون بەڕووی جیاوازییەکی ڕادیکاڵدا، ئاوەڵابوون بەڕووی بووندا، داوایەک کە خۆی لە خۆڕێکخستن و لەخۆڕامان دەدزێتەوە، شتێک لەدەرەوەی هەبووەکانەوە و لەناو پانتایی غەریبە (uncanny)دا. هەموو ئەوەی ئەم نەریتە تێیدا هاوبەشەوە ئەوەیە دەنگ لە ئەویترەوە دێت، بەڵام ئەمە ئەویترە لێرە[24]. دەنگی ئەخلاقی هی سوبێکت نیە، شتێک نیە سوبێکت بەڕێوەیببات یان کۆنترۆڵیبکات، هەرچەندە ئۆتۆنۆمیی سوبێکتیشی بەتەواوی پێوە بەندە. بەڵام هەروا بەسادەیی سەر بە ئەویتریش نیە، گەرچی لەوەوە ڕاستدەبێتەوە: دەبوو بە هی ئەویتر گەر کورتبکرابایەتەوە بۆ فەرمانە پۆزەتیڤەکان، و گەر بەتەنێ ئاوەڵابوون و دەربڕینی نەبووبا (بە زمانێکی سادەی کانتی، دەتوانین بڵێین ئەقڵ سەر بە ئەویترە، بەڵام دەنگەکەی نا). دەنگ لە ئەویترەوە دێت بەبێ ئەوەی بەشێک بێت لێی؛ بە پێچەوانەوە، دەرخەر و بزوێنەری درزێکە لە ئەویتردا، چواردەوری دەدات، بەڵام یەکانگیرییەکی پۆزەتیڤی ناداتێ. هیچ تایبەتمەندییەکی نیە، بەڵام ناشتوانین خۆمانی لێ لادەین.

  هەمیسان ئۆنتۆلۆژیا (بوونناسی)- یان تۆپۆلۆژیا (شوێنناسی)-ـی دۆخی دەنگ لە «نێوان دوو[25]»دا دەدۆزینەوە، دەقیق لە یەکتربڕینە کونجکۆڵەکەیاندا. دەشێت دەنگ بخرێتە ناو پەیوەستگەی سوبێکت و ئەویترەوە- هەروەک پێشتر-، لە پانتاییەکی جیاوازتردا، لە خاڵی یەکتربڕینی جەستە و زماندا، دەوری نوقسانیی هەردووکیان دەدات. دەنگ ئەو ڕەگەزەیە سوبێکت و ئەویتر گرێ‌دەدات، بەبێ ئەوەی سەر بە هیچیان بێت، هەروەک چۆن پەیوەندیی نێوان جەستە و زمانی ڕسکاند بەبێ ئەوەی بەشێک بێت لە هیچکامیان. دەتوانین بڵێین سوبێکت و ئەویتر لە نوقسانییە هاوبەشەکەیاندا ڕێکەوتی یەکتر دەکەن، کە دەنگ بەرجەستەکەریەتی، جا دەشێت دەربڕینی پەتی وەک ئەو کرۆکە وەربگرین، کە ڕەهەندە زمانەوانی و ئەخلاقییەکانی دەنگ پێکڤە گرێ‌دەدات.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

   

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Voice

[2] Signifier

[3] The voice of conscience

[4] Signifying chain

[5] بێگومان لێرەدا مەبەست لە دەنگ، دەنگە وەک ئۆبێکت. واتە هەمان ئەو زیادەیەی وەک ئێسقانێک لە قورگمان گیربووە. هەرکات لە تفینەوەی ئێسقانەکە بووەستین، ئەوا بێدەنگییەکی کەڕکەر بەسەرماندا زاڵدەبێت. بابڵێین ئەوپەڕی دەنگ (یان وەک دۆلار دەڵێت گردبوونەوەی موتڵەقی دەنگ) بێدەنگییە- و

[6] Pure enunciation

[7] Statement

[8] The Ethical

[9] Superego

[10] Fat voice- grosse voix

[11]  ئەم دێڕە داڕشتنەوەی خۆمانە، دەقاودەق وەریبگێڕین لە کوردیدا سەرلێشێوێنەرە- و

[12] Respect-die Achtung

[13] Drive

[14] A priori feeling

[15] Speculative reason

[16] The Other of the Other

[17] Superegoic rules

[18] perversion

[19] Surplus-Authority

[20] ئەمە ئەو شتەیە ئێریک سانتنەر لە کتێبە نایابەکەیدا (٢٠٠١) پێی دەڵێت «نا-مردوویی» و «زیدە-بزووتن»، ئەو بزووتنەی درێژە بە سووڕی نەفرینی سەرپێچی و هەستی‌گونا‌هـ دەدات: نا-مردوویی (undeadness) لە بەرامبەر ژیاندا.

[21] لە کاتێکدا دەنگی سوپەرئیگۆ گریمانەی ئەویترێکی پڕمان دەداتێ، یان بابڵێین گریمانەی هەبوونی ئەویتری ئەویتر دەخاتەڕوو، کەچی دەنگی ئەخلاقی (ئیتیکی) پتر دەنگێکی ڕیاڵئاسایە و  نوقسانی و نەبوونی ئەویتر دەخاتەڕوو- و

[22] Primal father

[23] Shofar: ئامێرێکی مۆسیقییە، یەهودییەکان بەکاریدێنن

[24] within

[25] Between the two

 

سەرچاوە: A Voice and Nothing More, Mladen Dolar, p. 98-103