هیوا چیە؟
ئەو سێ فەزیلەتە دینییەى پێیاندەوترێت «هیوا، ئیمان و چاکەکارى»، لەلاوە هەندێ ئاکامى ماڵوێرانکەر دەخەنەوە. دوور نیە ئیمان سەربکێشێت بۆ خۆشباوەڕى، چاکەکارییش بۆ شلکردنى جڵەوى سۆز (سانتیمانتالیزم)، و هیوایش ببێتە مایەى خۆفریودان. ڕاستییەکەى، گۆکردنى وشەى "هیوا" بەبێ وشەى "بەباچوون"، کارێکى زەحمەتە؛ چونکە بێ ویستى خۆمان ئاوەڵناوەکانى وەک "بێترووسکایی"، یان "بێحاسڵ"مان بە زەیندا دێنێتەوە. وەکبڵێى شتێکى ساویلکانە لەم چەمکەدا هەیە ڕاستنابێتەوە، هەروەک ئەوەى "ڕوودرژی" جۆرێک لە کەماڵ و پێگەیشتووییمان بیردەخاتەوە. هیوا، چاوەڕوانییەکە دوو کوتى ترس و پەروایە؛ تارمایی زلى دڵنیاییەکیش بەدواى خۆیا ڕادەکێشێت. لە ڕۆژگارى مۆدێرندا، هیوا تاڕادەیەک هەروەکو نۆستالیژیا هەستێکى ناخۆش بە مرۆڤدا دێنێت، و کەمتازۆر پێچەوانەى خۆیشى بووەتەوە. هیوا، هاوڕێى نیوەڕێیە؛ کۆشکى سەر لمە، هاودەمێکى دڵنشینە بەڵام ڕێبەرێکى کۆڵەوار، تامێکە فێرماندەکا و تێرمانناکا. ئەلیوت، لە قەسیدەى "وێرانەخاک"دا، لەبەر ئەوە "نیسان" بە مانگێکى هەرەدڵڕەق ناودەبات چونکە هیواى درۆیینەى سەوزبوونەوەمان تیا دەچێنێت.
هەتا بە لاى زۆرکەسەوە، هیوا جۆرێکە لە سەرکزى؛ زیاتریش بە کەڵکى ڕیفۆرمکارانى کۆمەڵایەتى دێت تا پاڵەوانانى تراژیدیا. جۆرج شتاینەر، بە شانوباڵى ئەو «تراژیدیا بێگەرد»ـەدا هەڵدەدات کە هێشتا «گەردوتۆز»ـى شتە قێزەونە وردەبۆرژواییەکانى وەک "هیوا"ى لێ نەنیشتووە. ئەو دەنوسێت: «گەردێک هیوا دەتوانێت داوێنى بێگەردی تراژیدیا گەورەکان پیسبکات- وەک کونێکى ڕەش هەڵیلوشێت». شتاینەر، بەگازندەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت شکۆى تراژیدیا بەم ئارەزووە پڕوپووچانە دادەبەزێت. دیارە ئەمە سەبارەت بە "ئۆرێستیا"ـى ئاخیلۆس، یان درامەکانى شکسپیر ڕاستدەرناچێت، کە هەردووکیان پڕ بە سەلیقەى هەموو کەسێکن جا هەرکێ بێت. بەڵام بە لاى شتاینەرەوە، تراژیدیا بۆ شکسپیر شتێکى سرووشتى نیە، هەر بۆیەشە سوورە لەسەر ئەوەى گەوهەرە بێگەردەکەى تراژیدیا بەهۆى ئەنواوئەشکاڵ ناواخنى نزمونەویی بەناو ڕزگارییەوە بێنێتەخوار. [بۆ نمونە، هێنانى کەسایەتیی قەرەقۆز و عەوامانە بۆ ناو کارەکانى]. لەبەرامبەردا، ڕوانگەکەى کریستۆفەر مارلۆمان هەیە لە شانۆنامەى دکتۆر فاوەستدا، کە هێجگار نەساز و نالەبار و خوێنساردانەیە و «هەتا بشڵێى ناشکسپیرانەیە» (non-Shakespearean). ئاوەڵناوەکەش وەکو تەواوکەرێک هاتووە. تراژیدیا، پشت لە هەموو هیوا کۆمەڵایەتییەکان دەکات و لەناواخندا سیمایەکى دژەچەپانەى هەیە. ڕەشبینى، خۆى گۆشەنیگایەکى سیاسییشە. پیتەر گێچ، فەیلەسوفى کاسۆلیکى، بە هەمان ڕادە دیدێکى تاریکى بۆ هیوا هەیە، دیارە کۆمەڵێک هۆکارى خۆیشى هەیە. ئەو دەڵێت مادام ئینجیلى مەسیحییان لەسەر بناغەى هیوا دانەڕێژراوە، ئەوە بزانە هیچ هیوایەک لەگۆڕێدا نیە. قورسیشە باوەڕ بەوە بێنیت مادام مەرگ و هەستانەوەى مەسیح ژەمێکى تێروپڕ خۆراکى تیا نیە، ئیتر چاوەڕوانییەکى تامەزرۆیانەى لەو جۆرەش دیسان ماناى نیە. هەتا گەر بێتو مەسیحییەت دوایین هیواى مرۆڤایەتى بێت مابێتەوە، واتاى ئەوە نیە گەر دەستى هەر ئارەزوویەکى بەرزەفڕ نەگاتە مەملەکەتى خواوەند، ئیتر ئەو ئارەزووەش نایەتەدى.
چەپى سیاسىیش، ئەوەندەى ڕاستڕەوى شتاینەرى، لە هیوا دەسڵەمێتەوە. بۆ وێنە، کلێر کۆلیبرووکى ژنەنوسەر، بیرۆکەى فیمینیزمێکى بێهیوا (hopeless feminism) لە خەیاڵى خۆیدا دێنێت و دەبات. ئەو دەنوسێت: «ڕەنگە وا باشتر بێت فیمینیزم دەست لە هیوا بشوات: هیوا بە کوڕەهاوڕێیەکى دەوڵەمەندتر، جووتێک مەمکى زلتر، دوو ڕانى باریکتر و جزدانێکى مۆدەى قایمتر. ئەمەش لەپێناوى ئەوەى بتوانین وێناى داهاتوویەک بکەین لەو کڵێشانە ڕزگارمانبکات کە تا بینەقاقامان هاتووە و هەرچى بوێرییشە لێى سەندووینەتەوە. تا بەناو بێهیواییەکى قووڵدا نەڕۆین ناگەینە یۆتۆپیا». ئەمەى ناو کەوانەکە، کارنامەیەکى سیاسى نیە کۆلیبرووک بە چاوى نوقاوەوە واژۆىبکات، بەڵکو هۆیەکى ماقووڵى لەپشتەوەیە: ڕەنگە ژنان هەندێک هیواى پڕوپوچیان هەبێت، بەڵام خۆ بڕێک هیواى ڕەسەن و ڕاستەقینەشیان هەیە بیگەنێ. هەروەها بەدگومانیی چەپەکان لە "هیوا"، شتێکى ئەوەندە بێبنەماش نیە. خەون و خەیاڵاتى یۆتۆپی، هەمیشە ئەو وزانە بۆ خۆى زەوتدەکات کە ئەگەر وا نەکات، دوایی یۆتۆپیاکە لەسەر پشتى ئەوان ڕۆدەنرێت.
ئەوانەى هیوایان هەیە، لەچاو ئەوانەى نیانە، کەلەڕەقتر و ناواقیعیتر دەردەکەون؛ هەرچەند هەندێک ساتوسەردەم هەن هیچ شتێک نیە هێندەى ڕەشبینى، ناواقیعی بێت. لە سەردەمى مۆدێرندا، وادەردەکەوێت خەموتەم لە شەوقوشادى سەنگینتر بێت. هیواى دواى کەمپەکانى بۆخنواڵد و کوشتوبڕى هێرۆشیما، هیوایەکە لە زەواجە سەرلەنوێکەى ساموێل جانسۆن دەچێت: توانجێک کە هێمایە بۆ سەرکەوتنى هیوا بەسەر تەجرووبەى تاڵى ڕابردوودا، باوەڕ بەوەى داهاتوو دەکەوێتە پێش ئێستاوە. سەربارى ئەمانەش، جار هەبووە ترسناکترین ڕووداوەکانى سەردەمى خۆمان زەمینەیان بۆ هیوا خۆشکردووە. وەک ئەوەى ڕیمۆند ولیامزیش ئاماژەى بۆ دەکات، گەرچى زۆرکەس لە کەمپى نازییەکاندا تیاچوون، بەڵام خۆ خەڵکانێکیش هەبوون گیانى خۆیان بەخشییە ڕێى ڕزگاریی جیهان دژ بەو کەسانەى ئەم کەمپانەیان درووستکردبوو.
بەگشتى، هیوا پەیوەندییەکى لاوازى بەو فەزیلەتە دینییانەى ترەوە هەیە، و لە ئیمان و عەشق کەمتر بووەتە هەوێنى هەوڵوکۆشش. کتێبى "هەقیقەت و هیوا"ـى پیتەر گیچ، بەپێچەوانەى ناونیشانەکەیەوە، شتێکى ئەوتۆ لەسەر هیوا نادرکێنێت، و ئەو بەشەى لەسەر فەزیلەتەکانى هیوا نوسیویەتى زۆر لەو بەشە لاوازترە کە بۆ ئیمانى تەرخانکردووە. شایانى باسە ئەم سێ خوڕەفتارە بێ یەکترى نایانکرێت و توند بەستراون بە یەکترەوە: ئیمان، عەشق، و هیوا. قەشە ئۆگەستین لە "ئەنکریدیۆن"ـەکەى خۆیدا دەنوسێت: «عەشقى بێ هیوا بوونى نیە، هیواى بێ عەشق بوونى نیە، عەشقى بێ ئیمانیش هەر بوونى نیە». ئیمان، جۆرێک دەروەستیی عاشقانەیە یان با بڵێین قەناعەتێکى پڕجۆشوخرۆشە، قەناعەتێک کە بەپێى بیروباوەڕى مەسیحییەتى ئۆرتۆدۆکس، ئەودەم ڕسکا وا یەکەمجار خودا عەشقى خۆى بۆ مرۆڤ دەربڕى. کیرکەگارد لە کتێبى "نەخۆشى تا دەمى مەرگ"دا دەنوسێت: «ئیماندار، کەسێکى عاشقە». ئیمان، گرێدراوە بە متمانەوە، و بەشبەحاڵى خۆیشى چاکەخوازى و لەخۆبردوویی پێیە. ئیمان، قەناعەتێکى پتەوە بەوەى ئەویتر دەستخەڕۆت ناکات، متمانە بەوەش کە مرۆڤ شایستەى پشتگوێخستن نیە، خۆى کۆڵەکەى هیوایە. لەڕاستییشدا، فەرهەنگى ئینگڵیزیی ئۆکسفۆرد «هەستکردن بە متمانە» دەخاتە جێى ماناکەى جارانى «هیوا». هیوا، بریتییە لەو بڕوا و متمانەیەى باڵ بەسەر ژیانى کەسەکەدا دەکێشێت؛ شتێک کە پاتریک شەیدى ڕاڤەکار ناویدەنێت «دەروەستبوونى چالاکانە بەرامبەر ئامانجێکى ئارەزووکراو». بەم شێوەیە، هیوا، ئارەزوو لە هەناوى خۆیدا هەڵدەگرێت و بە مانایەکى فراوانتریش جێى عەشق دەکاتەوە. ئیمان، پەردە لەسەر ئەو شتە هەڵدەماڵێت کە کەسەکە بەهەق هیواى پێى هەیە. لەکۆتاییشدا، ئەم دوو فەزیلەتە، مەبەستم ئیمان و هیوایە، سەر لە چاکەخوازییەوە دەردەهێنن.
عەشق بۆ تۆماسى ئاکویناس، لەو ڕووەوە لە هیوا جیایە کە پێشوەخت لەگەڵ ئۆبێکتەکەیدا یەکیگرتووە، لانیکەم لەناو ڕۆحدا ئەم یەکگرتنەکە ڕوویداوە. [ڕوونە بەزۆرى لە هیوادا، ئۆبێکتەکە دەکەوێتە دونیاى دەرەوەوە]. بەڵام دێنیس تێرنەر، بەم شێوەیە قسەکەى ئاکویناس دادەڕێژێتەوە: «چاکەکاریی ڕاستەقینە، هیوایەک دەخوڵقێنێت هاوڕێیەک هەژمار لەسەر هاوڕێیەکى ترى بکات [و پشتى پێ ببەستێت]، چونکە بە باشترین شێوە دەتوانین پشت بەو کەسانە ببەستین وا لەڕێى ئەم چاکەکارییەوە بوونەتە دۆست و هاوڕێى مە».
بە بڕواى ئەکوینى، ئیمان و چاکەکارى بەشێوەیەکى لۆژیکى [نەک زەمەنى] دەکەونە پێش هیواوە، لە حاڵێکدا بە لاى کانت و جۆن ستیوارت میڵیشەوە ئەوە هەبوونى هیوایە بە خوا وامان لێ دەکات بڵێین هەیە. هەمان شت سەبارەت بە میگیل دى ئۆنامۆنۆ ڕاستدەگەڕێت، ئەو لە کتێبى «مەرگەساتى ژیان»دا باسى ئەوە دەکات ئێمە «باوەڕ»مان هەیە لەبەرئەوەى هیوامان هەیە، نەک بەپێچەوانەوە [هیوامان هەبێت هەر لەبەرئەوەى باوەڕمان هەیە]. جارێکیان بیل کلینتۆنى سەرکۆمارى پێشووى ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەردوو فەزیلەتى ئیمان و هیواى پێکەوەگرێدا و گوتى: «من هێشتاش هەر ئیمانم بەو جێیەیە وا پێىدەوترێت هیوا (Hope)». شارۆچکەى هەوپ (هیوا)، ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو جێیەى ئەوى تیا گەورەببوو. گەر بهاتایە و کلینتۆن هەستى خۆى بەم ڕیزبەندییە داڕشتایەتەوە، ئەوا دەیتوانى بەڕێکى هەرسێ فەزیلەتە دینییەکە تێهەڵکێشى یەکدى بکات: «من هێشتاش هەر ئیمانم بەو جێیەیە وا عەشقێکم تیایە پێىبڵێم هیوا».
بەگشتى، هەتا زەمینەى ئیمان ئەقڵانیتر بێت، ئەوا کەسەکەش زیاتر هیواى دەبێت، چونکە ئەگەرى هەیە زۆرتر لە گومان دوورکەوێتەوە و نەهێڵێت لەناوەوە کلۆرى بکات. بۆ نمونە، ئیمان بەوەى دادپەروەرى مەراقى مرۆڤە (کۆى مێژووش شایەتە)، هیوایەکى ئەقڵانییە بەوەى ڕۆژێک دێت دادپەروەرى لەڕێى خەباتێکى بەردەوامەوە لەسەر زەوى بێتەدى، جا با هەموو گۆى زەوییش نەگرێتەوە. لە مەسیحییەتدا، ئیمان بەو خودایەى کە عیسا لەنێو مردووەکانەوە هەڵدەسێنێتەوە، دەرووى هیوایەکە بۆ ئەم بوونەوەرە مرۆییەى وا پاشەڕۆژ خۆیشى دەچێتەوە کۆڕى مردووان. ئێمە ئەو کاتەى ئەگەرى سەرکەوتنى مرۆڤەکان زۆر بە کەم وەردەگرین، هەر ئەو کاتە دەتوانین ئیمانمان بە تواناکانیشیان هەبێت، چونکە یەکسەر هیوا دواى ئیمان نایەت. بەپێچەوانەوە، ڕەنگە هیوامان بە ئاشتى و عەدالەت هەبێت، بەڵام کەمەکێک ئیمانمان بە تواناى مرۆڤ هەبێت ئەمانە دەستەبەربکات. یان ڕەنگبێ عەشقێکى بەتینت بۆ ڕەگەزى مرۆڤ هەبێت، بێ ئەوەى تۆسقاڵێک ئیمان و هیوات بەوە هەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بە بارى باشەدا بچەرخێت. خۆ عەشقى نائومێدکەریش، هەبووە و هەر دەبێت.
ئەى ئەگەر هیوا وەهمێک بێت، ئەوسا چى بکەین؟ هیچ هۆیەکى ڕوونمان بەدەستەوە نیە بڵێین شتى وا نیە. ئەلێکساندەر پۆپ لە «چەند تێڕامانێک لە مرۆڤ»دا دەڵێت: هیوا، چیرۆکەخەیاڵێکى تیمارکەرە، هەرجارەو بەجۆرێک قەناعەتمان پێدەکات لە ژیانماندا دواى ڕیزێک ئامانجى پووچ و خورافى بکەوین:
هیوا، چاوگى جاویدانەگی لە سینەى مرۆڤدا دێنێتەجۆش
مرۆڤ خۆى جاویدان نیە، بەڵام دایم فەڕى ئەوى بەرکەوێ.
شیعرەکە، بەشى خۆى فریودەرە. بە عالەمى ئاشکرا بەقەد خودى ئەو دوو بەیتە حەماسى و پاڵەوانگێڕییەى پێى داڕێژراوە، دڵودەروونمان گەرم ناکاتەوە. وشەى «جاویدان»(eternal)، توێژاڵێک شکۆى خوایانەی پێوەیە، گەرچى خۆى لەواقیعدا واتاى "هەمیشەیی" دەگەیەنێت. ئەوەى هەمیشە لەگەڵ مەدا دەمێنێتەوە، خۆشحاڵنەبوونمانە، تێرنەبوون و ڕازینەبوونمان. دەربڕینێکى وەک «مرۆڤ خۆى جاویدان نیە، بەڵام دایم فەڕى ئەوى بەرکەوێ»، لەڕواڵەتدا تۆنى تەقواى پێوەیە، بەڵام ڕاستییەکەى، توانجێکى تاڵى تیایە. ئێمە پێ لەسەر هیوا دادەگرین، بەڵام دایمەش هیوابڕاو دەبین، پێداگرتنێک کە ملنەدانێکى زیرەکانەیە بە شکست، یاخۆ خەمساردییەکى گێلانەیە دەرهەق بەوەى گوایە وانە لە ئەزموونەکانى ژیانەوە وەردەگرین! دیارە شیعرەکە دەلالەتێکى شاراوەى تیایە پێماندەڵێت هیوا «چاوگەکانى جاویدانەگى» دێنێتەجۆش، چونکە لەئاست بێهودەییەکەى خۆیدا کوێرە، سەرسەختی و پێداگرتنێک کە لەگەڵ ژیریی نەرمونیانى ناو دێڕەکاندا نایەتەوە. بە لاى پۆپ و ساموێل جانسۆنەوە، وەکچۆن لاى هەندێ لە بیرمەندە دیارەکانى مۆدێرنەى دوایینیش هەر وایە (شۆپنهاوەر، نیچە، فرۆید)، ئاگایی هەمیشە توێژاڵێک ئاگایی درۆیینەى لەگەڵدایە، و بێ ئەوە ناتوانێت وەک ئاگایی کاربکات. [دەشێت ئەم ئاگاییە ساختە و درۆیینەیە، ئایدۆلۆژیا بێت لاى مارکس یان دەرکەوتەکانى نەست و نائاگایی بێت لاى فرۆید، یان ناعەقڵانیەتى ویست لاى شۆپنهاوەر]. هیوا، سەرابێکى ئاپۆڵۆنى یان "ژیان-درۆ"ـى ئیبسنە کە هەوڵدەدات بێهودەیی لە خۆى بتەکێنێت، بەڵام خوداکان لەبەر خۆیانەوە هەر بۆ سوکایەتى پێى پێدەکەنن. ڕەنگە هیوایەک لەئارادا نەبێت، بەڵام گەر هاتو وا جووڵاینەوە هیوا هەیە، ئەوا دوور نیە شتەکە ببێتە ڕاستى. فرۆید لە کتێبى "داهاتووى وەهمێک"دا هیواى دینى بە پەرستارێک دەچوێنێت چیرۆکى پەری بۆ مناڵان دەگێڕێتەوە، و دەخوازێت دونیا لە پاڵێوگەى ئەم چیرۆکە خەیاڵییە هێورکەرەوانە بدات. ئێریک ئێریکسۆن وتەنى، ئەو هیوایەى یەکەمجار لە متمانەى زارۆک بە دایکوباوکىدا دەیبینین «یەکەمین و حاشاهەڵنەگرترین فەزیلەتە مرۆڤ بتوانێت پێى بژى». هەروەها دەشنوسێت: لە ڕێڕەوى گەشەى زارۆکدا، «هەر هیوایەکى بەرجەستە کە دێتەدى، ڕێ بۆ کۆمەڵێک هیواى تر دەکاتەوە و پاڵ بەوانەى پێشووەوە دەنێت ون بن. ئەمەش دەیسەلمێنێت بگەین بە هەرچى، ئەومان ناوێ و یەکسەر شتێکى ترمان دەوێت.»
ئەم گومانگەراییە تەنیا لەسەر مۆدێرنە ماڵ نیە. بەگشتى یۆنانییە کۆنەکان هیوایان وەک نەهات دەبینى تا هات. ئۆریپید (ـى شانۆنامەنووس)، "هیوا"ـى بە نەفرەتێک دەزانى بەسەر ئادەمییاندا باریوە. ئەفلاتون لە دایالۆگى تیمایۆسدا، ئاگادارماندەکاتەوە هیوا دەتوانێت مرۆڤ بە لاڕێدا ببات. تۆماسى ئەکویناسىیش، بە لەبزێکى ترشوتاڵەوە بیرماندەخاتەوە: هیوا لاى گەنجان و سەرخۆشان و ئەو گەمژانە زۆر دەستدەکەوێت کە لێکدانەوەیان بۆ شتان نیە. پاسکاڵ، لە "ڕامانەکان"ـى خۆیدا دەنوسێت: «بەم پێیە بێت ئێمە ناژین، بەڵکو هیوادارین بژین». بایرۆن (ـى هۆزانڤانى ئینگڵیز)یش هیوا بە «سۆزانییەکى چرچۆڵ دەچوێنێت دان لە دەمیدا نەماوە». کیرکەگارد لە کتێبى "دووبارەکردنەوە"دا، هیوا بە خزمەتکارێکى شۆخوشەنگ دەشوبهێنێت هەرچى دەکەیت ڕاگیر نابێ؛ گەرچى ئەم ئارەزووانەى ناو سەرى وى، زیاتر دونیایین تا دینى. ژان پۆل سارتەریش باسى «هیواى بێهودە» دەکات. بە لاى زۆرێک لە بیرمەندانى سەردەمە جیاجیاکانەوە، وەهم بزوێنەرى ژیانى مرۆڤە، ئیتر خۆشى بێنێت یا ناخۆشى وەستاوەتە سەر ئەوەى کەسەکە دەکۆشێ و خۆى دەڕەتێنێت، یان دەپۆشێ و خۆى دەخەڵەتێنێت. بە حوکمى ئەوەى ئێمە بوونەوەرێکى فەرامۆشکارین، سەرى چاڵى هیواکانى ڕابردوومان دەنێینەوە بۆ ئەوەى دواى تراویلکەى هیوایەکى تر بکەوین: «ئینسان» خۆى بەرهەمى ئەم هەمووە «نسیان» و خۆفەرامۆشکردنەیە.
ــــــــــــ
تێرى ئیگڵتۆن (پارچەیەکى بچوک لە کتێبى: هیوا بێ گەشبینى)
و. وەلید عومەر