ناسیۆنالیزم و ناكامییه‌كانی
(بەشی یەک)
وه‌لید عومه‌ر
به‌و پێیه‌ی ناسیۆنالیزمیش ئایدۆلۆژیایه، ڕاسته‌وڕاست نایه‌ت درۆبكات؛ به‌ڵكو له‌ڕێی ئوستووره‌سازی، میكانیزمه‌كانی باوه‌ڕپێهێنان، و داپۆشینی كه‌لێنه‌كانی خۆیه‌وه ده‌یكات. ناسیۆنالیزم له ئایدۆلۆژیا مۆدێرنه‌كانه كه دونیا به‌سه‌ر "ئێمه" و "ئێوه"دا دابه‌شده‌كات، به‌ڵام ئه‌م "ئێمه"یه شتێكی یه‌كپارچه و یه‌كڕه‌نگ نیه؛ و پڕه له ناكۆكی و ته‌نگژه و به‌شی جۆراوجۆر. ته‌نانه‌ت ناسیۆنالیزم هه‌موو دزێوییه‌كان ده‌داته‌پاڵ ئه‌وانیتر بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بێخه‌وش ده‌ربكه‌وێت؛ له‌كاتێكدا خه‌وشی ڕاسته‌قینه و ڕۆژانه له ئه‌ستۆی خۆیه‌تی. سه‌ره‌تا دوو مرۆی ناو یه‌ك وڵات كێشه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، تاوه‌كو وڵاتێكی تر. ئه‌م ده‌رهاوێژییه‌ی كێشه‌كان بۆ سه‌ر ملی ئه‌ویتر، یه‌كێكه له میكانیزمه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزمی كوردی كه كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، كه‌مێك ئاڵۆزتر ئیشده‌كات. ئاسانتریش سته‌می ناو مێژووی كورد په‌رده‌پۆشده‌كات، ئه‌و سته‌مه‌ی كه له هه‌ناوی كورد خۆیدا بووه ده‌رهه‌ق به خۆی. ڕاسته كورد ده‌وڵه‌ت و ئیمپراتۆرییه‌تی نه‌بووه، به‌ڵام بۆ سه‌دان و بگره هه‌زارساڵیش ده‌سه‌ڵات (power)ـی هه‌بووه (ئیدی له ده‌وڵه‌تۆكه‌ی ناوچه‌ییه‌وه بیگره تا كۆنفیدراڵیزمی خێڵ و میرنشین و حیزب و حوكمی زاتی و هتد). به‌شێكی تری ناسیۆنالیزمه‌كه‌ش، كه ده‌كه‌وێته داهاتووه‌وه؛ نازانین چۆن ده‌جووڵێته‌وه. ئه‌گه‌ری سته‌م و پڵیشاندنه‌وه‌ی تاك و هه‌ڵاوێردی نوێش له‌ئارادایه. به بیانووی درووستكردنی نه‌ته‌وه‌شه‌وه، كه ده‌شێت وه‌كو به‌مۆدێرنبوون سه‌دان ساڵ بخایه‌نێت؛ هه‌موو ده‌نگێك سه‌ركوت‌بكات. چونكه خۆی به‌رهه‌می سه‌ركوتی سه‌دان ساڵه‌ی ئه‌وانیتره. لێره‌وه پێویستده‌كات، ڕه‌خنه هاوشان بێت به ناسیۆنالیزم و شوێنپێی هه‌نگاوه ئایدۆلۆژییه‌كانی هه‌ڵبگرێت.
بۆچی ناسیۆنالیزمی كوردی و ڕه‌گه‌زه په‌رته‌كانی ناوی، له ڕه‌خنه ده‌ترسێت؟ ئه‌مه پرسیارێكه بۆ پاشه‌ڕۆژیش نرخی خۆی هه‌یه. ساده‌ترین وه‌ڵام په‌یوه‌ندیی به ڕابردووی خه‌ڵكی كورده‌وه هه‌یه چ له پێش مۆدێرنه و چ ناو مۆدێرنه‌شدا كه به‌ڕێوه‌یه و نه‌گه‌یشتووه به‌و شته‌ی "گوایه ده‌یه‌وێت". له‌و ڕابردووه‌دا، چه‌مكی خیانه‌ت و جیاوازی تێكه‌ڵ به یه‌كتری بووه. پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كورد به‌جۆرێك بووه، تا به‌مڕۆش ده‌گات، هه‌ر جیاوازییه‌ك بیرخه‌ره‌وه‌ی خیانه‌ته. له نه‌ستی ناسیۆنالیزمه ته‌واو نه‌ڕسكاوه كوردییه‌كه‌شدا، ئه‌م یه‌كسانكردنه ئیشده‌كات. هه‌موو جیاوازییه‌ك، یه‌كسه‌ر ده‌روونی كورد به لای خیانه‌تدا ده‌بات. وه‌ك‌بڵێی هه‌ر جیاوازییه‌ك، ماته‌وزه‌ی خیانه‌تێكی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه و ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی، ده‌بێته جووڵه‌وزه و ڕووده‌دات. بۆیه خیانه‌ت، لانیكه‌م له نه‌ستی ناسیۆنالیزمه‌كه‌دا بووه‌ته تراومایه‌كی مێژوویی. ئه‌مه وه‌ك به‌زه‌ینداهاتنه‌وه‌ی نه‌سته‌كی، ئه‌گینا پرسی خیانه‌ت یه‌كێكه له پرسه ئاڵۆزه‌كان كه فاكته‌ری هه‌مه‌ڕه‌نگی له‌پشته‌وه‌یه و شافاكته‌ری پشتی هه‌موویشی شتێكه كه خۆی سه‌رتاپێ خیانه‌تكارانه نیه. بۆ نمونه، ده‌توانین هه‌ر "خیانه‌ت"ێكی به‌شه‌كی و كه‌سه‌كی له‌م مێژووه درێژه‌دا ببه‌ستینه‌وه به‌وه‌ی كه چوارچێوه‌یه‌كی یه‌كانگیری كوردی بوونی نه‌بووه كه مرۆی كورد بزانێت سنوری ناوه‌وه و ده‌ره‌وه كامه‌یه. یان بژارده‌یه‌كی ڕوون و جێگیر بوونی نه‌بووه، شتێك هه‌ڵبژێرێت و یه‌كێكی تر ڕه‌تبكاته‌وه. یاخۆ له‌نێوان مانه‌وه و له‌ناوچووندا، مانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه. یانژی، له‌نێوان كۆمةڵێك شوناسی وه‌ك بنه‌ماڵه، خێڵ، حیزب، گه‌ل، دین و هتددا یه‌كێكیانی هه‌ڵبژاردووه و لای ئه‌وانیتر بووه‌ته خیانه‌تكار. ئه‌مڕۆش ئه‌و دالانه به‌رهه‌مدێته‌وه كه ئاماژه‌ن بۆ خیانه‌ت له چه‌شنی جاش، جاش‌سیغه، حه‌سه‌ن خه‌یری، پیاوی فڵان و فیسار، و هتد. له ئه‌ندام پارله‌مانه كورده‌كانی به‌غداوه بۆ پرۆسه‌ی ئاشتیی په‌كه‌كه و توركیا، تراوما مێژووییه‌كه خیانه‌تێك به‌زه‌ینداده‌هێنێته‌وه كه هه‌مووده‌م سه‌رڕاستانه نیه؛ به‌ڵكو ده‌شێت حه‌سره‌تێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆچی شته‌كه بۆ ئه‌م نه‌ڕه‌خساوه. دالی خیانه‌ت هێند به‌ربڵاوه، هه‌موو كوردێك ده‌توانێت ئه‌ویتری پێ تۆمه‌تباربكات. ئه‌م تۆمه‌ته، ته‌نراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانه كاتی و تاكتیكییانه‌ش كه ده‌شێت به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بگۆڕن. یه‌ك نه‌زانێت هه‌موو جیهان له خیانه‌تدایه له‌گه‌ڵ كورد، بۆیه‌شه ده‌یه‌وێت له جیهاندا خۆی وه‌كو تاقانه‌یه‌ك ده‌ربخات. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به كه‌وڵگۆڕكێ و ناوی نوێ‌نوێ هه‌یه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ناسیۆنالیزمی كوردی، وه‌ك هه‌ر ناسیۆنالیزمێكی تری دونیا، پێویستی به نوێكردنه‌وه‌ی میكانیزمه ئایدۆلۆژییه‌كانێتی. یه‌ك له‌و ناوانه‌ی كه بارێكی كه‌متازۆر فیكری و ڕۆشنبیرانه‌ی هه‌یه وشه‌ی "كوردبوون"ـه. كوردبوون خۆی سه‌ره‌تا وشه‌یه‌كی بێلایه‌نه و گوزارشته له‌وه‌ی ئه‌تنییه‌ك هه‌یه زمان و خاك و یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شی هه‌یه؛ به‌ڵام له‌وێوه ئایدۆلۆژی‌ده‌بێته‌وه كه سه‌نگێكی ئۆنتۆلۆژی (بوونناسانه)ـی ده‌داتێ و ئه‌به‌دیی ده‌كاته‌وه و له هه‌ر نوقسانییه‌كی مێژوویی پاكیده‌كاته‌وه. كاتێك ده‌وترێت كوردبوون، وه‌ك‌بڵێی شوناسێكی زاتی و نه‌گۆڕه، ده‌ستكاری ناكرێت، ئازار به‌شێكی هه‌تاهه‌تاییه لێی، قه‌ت ناگاته مه‌قسه‌د. به‌ڵام وێڕای ئه‌و ڕاستییانه‌ی كه هه‌موومان سه‌باره‌ت به به‌شمه‌ینه‌تیی كورد ده‌یزانین، كوردبوون پرۆسه‌یه‌كی ئاوه‌ڵایه نه‌ك ئه‌به‌دی و داخراو. بۆیه په‌یڤه‌كه‌ی فایه‌ق بێكه‌س كه ده‌ڵێت "كورد ئه‌به‌د ناگاته مه‌قسه‌د"، خاڵی نیه له میكانیزمێكی ئایدۆلۆژیی وه‌ك ئه‌به‌دیكردنه‌وه/سرووشتیكردنه‌وه كه كورد هه‌رگیز ناگاته‌جێ. به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئایدۆلۆژیا فێرمانده‌كات چۆن شته نه‌مر و سرووشتییه‌كان، مێژوویی بكه‌ینه‌وه. به‌م پێیه‌ش، ته‌نگژه‌یه‌كی هێرمینۆتیكیی ساده ده‌توانێت قسه‌كه‌ی بێكه‌س له ته‌مومژ دابماڵێت و بڵێین: ڕاسته، كورد ئه‌به‌د ناگاته مه‌قسه‌د، چونكه یه‌ك مه‌قسه‌د و یه‌ك شێواز و یه‌ك غایه‌تمان نیه. كوردبوون خۆی هه‌میشه به‌ڕێوه‌یه و یه‌ك مه‌قسه‌دی جێگیری نیه بیگاتێ. كوردبوون وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌كی تری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی، ده‌بزوێت و ده‌گۆڕێت و هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زه جێگیرانه‌ش ده‌خاته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه كه به‌ڕواڵه‌ت ناگۆڕێن. ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌شی ناگۆڕێن، خۆیان له‌پشتی ده‌مامكی نوێوه ده‌شارنه‌وه كه ئیشی ڕۆشنبیره هه‌ڵیماڵێت. پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌بوونیش خۆی دیسان هه‌ر كراوه‌یه و له ناسیۆنالیزمێكه‌وه بۆ دانه‌یه‌كی تر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. له پارادایمی زانستیی ئه‌مڕۆوه ده‌زانین پێش چه‌ند هه‌زارساڵێك نه‌ك نه‌ته‌وه، ئه‌تنی-یش بوونی نه‌بووه. بۆ داهاتووی دووریش، نازانین فۆرمه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چی‌یان به‌سه‌ردێت.
بۆیه كاتێك كوردبوون پرۆسه‌یه، ناسیۆنالیزمه‌كه‌شی پرۆسه‌یه. هه‌ر ئێستا و ده‌مێكیشه كه به‌شێكی ناسیۆنالیزم یاخۆ كوردبوون و كوردایه‌تی و هتد، له حیزب‌دا كرده‌كی‌بووه‌ته‌وه. حیزب، یه‌كێكه له فۆرمه كرده‌كی و به‌دیهاتووه‌كانی كوردبوون. ئیمكانێكی به‌شه‌كیی هاوكاته به ئێستا. دواخستن و هه‌ڵپه‌رساردنی حیزبایه‌تی كه گوایه یه‌كسان نین به كوردبوون، خۆی میكانیزمێكی ئایدۆلۆژیی ناسیۆنالیزمه كه به‌سه‌ر تاكه‌كاندا سه‌پاندوویه‌تی. ناسیۆنالیزم هه‌میشه له به‌شێكدا خۆی كرده‌كی ده‌كاته‌وه، و شتێكمان نیه ناوی به‌دیهاتنی ته‌واوه‌تیی ناسیۆنالیزم بێت (بێجگه له فاشیزم). ناسیۆنالیزمی كوردی و كوردایه‌تی، شتێك نیه له حیزب جیابكرێته‌وه. ڕاسته زیاده (surplus)یه‌ك ده‌مێنێت كه هه‌ستده‌كه‌ین ده‌كه‌وێته ئه‌ودیوی حیزبه‌وه، به‌ڵام ئه‌و زیاده‌یه شتێك نیه بۆ ئه‌زموونكردن بێت. ئه‌و زیاده‌یه، ڕه‌گه‌زێكی داهاتووگه‌رای ترانسێندێنتاڵه كه ئێستا و ئێره به‌ره‌و لای خۆی ڕاده‌كێشێت. به‌ڵام كه ده‌مانه‌وێت بیگرین و ئه‌زموونی بكه‌ین، فۆرمێكی تر كرده‌كی ده‌بێته‌وه و كوردبوونه‌كه خۆی له شتێكی ڕۆژانه‌ییدا ده‌رده‌بڕێت. ده‌شێت مرۆڤ فۆرمێكی به‌دڵ نه‌بێت و بۆ فۆرمێكی تر بگه‌ڕێت، به‌ڵام ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت حیزب له كوردبوون جیابكاته‌وه. حیزب خاوه‌نی یه‌كه‌م و كۆتایی ناسیۆنالیزم نیه، به‌ڵام یه‌كێكیشه له ڕووه كرده‌كیبووه‌وه‌كانی. ناسیۆنالیزم جێگۆڕكێ ده‌كات و هه‌رجاره‌ی به‌شێك ده‌كاته نوێنه‌ره‌وه‌ی خۆی. ده‌شێت ماهیه‌تی به‌شێك له ماهیه‌تی به‌شێك كه‌مێك جیاوازتر بێت، به‌ڵام شتێك نیه ته‌واو فڕێبدرێته ده‌ره‌وه‌ی كوردبوونه‌وه. كاتێك شێركۆ بێكه‌س دیوانه‌شیعری "ئێستا كچێك نیشتمانمە"ـی بڵاوكرده‌وه، هه‌مان جێگۆڕكێی له شیعردا ئه‌نجامدا. ئه‌و نیشتمانی له دایكه‌وه گۆڕی بۆ كچێك (ماشووقه‌یه‌ك)، كه فۆرمێكی تری نیشتمانه و له تابۆی دایكێتییه‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ ئه‌زموونكردنی ماشووقه.
ڕه‌خنه‌كردنی به‌رده‌وامی ناسیۆنالیزم، هه‌وڵه بۆ هه‌ڵماڵینی ئه‌و وزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌شی كه له ئاڵوگۆڕێكی پێدزكه‌دا ڕاده‌ستی ناسیۆنالیزم ده‌كرێت. بۆ نمونه، ده‌كرا ژیان له یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌دا باشتر بێت، ڕێكخستنی ڕه‌مزی جۆرێكی تر بووایه، به‌هاكان مرۆییتر بان، په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان ته‌ندرووستتر بووبان، دادپه‌روه‌ریی مادی و مه‌عنه‌وی له ئاستێكی تردا بووایه؛ ئازادی خه‌سڵه‌تی خۆی له دادپه‌روه‌رییه‌وه وه‌رگرتبا، سیاسه‌ت هه‌ندێك سه‌وابتی بنگرتووی هه‌با، كه‌لتوری ڕێزگرتن له تاك هه‌بووا، و هتد. به‌ڵام كاتێك ئه‌مانه نیه و هه‌زار گرێ‌وگۆڵ له كاره‌كته‌ری كوردی دا هه‌یه؛ ناسیۆنالیزم ڕێگه‌یه‌كی ئاسانتره بۆ له‌بیركردنی هه‌موو ئه‌وانه. ناسیۆنالیزم به تێچوویه‌كی كه‌متر، ده‌توانێت سوكنایی به هاوئاوازه‌كانی خۆی ببه‌خشێت. بۆیه گوژمی ئه‌و گرفتانه گشتی ده‌چنه سه‌ر ئاوازی ناسیۆنالیستی كه گه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌ك "یه‌كڕیزی" سه‌یربكرێت، سبه‌ی سه‌ر له چوونیه‌كییه‌كی فاشیستییه‌وه ده‌ربهێنێت. فاشیزم خۆی له كۆتاسنوردا، له‌قاڵبدانی هه‌موو ده‌نگه‌كانه له یه‌ك قاڵبی خۆ-هاوشوناسدا، وێرانكردنی فه‌زای گشتی و هاوبه‌شه، یاخود سڕینه‌وه‌ی ئه‌و نێوانگر (میدیۆم)ـانه‌یه كه كۆی دیارده‌كه پێكده‌هێنێت. خۆی له‌ڕاستییشدا ناسیۆنالیزم، به هی كوردییشه‌وه كه پتر په‌رچه‌كرداری و خۆپارێزه؛ وه‌سوه‌سه‌یه‌كی شاراوه‌ی تیایه وه‌رگه‌ڕێت بۆ فاشیزم. فاشیزم مه‌رج نیه هه‌میشه ڕووه‌و ده‌ره‌وه بێت، ده‌شێت ڕووه‌وه ناوه‌وه بێت كه بۆ كورد هه‌روا بووه. له په‌یوه‌ند به باسه‌كه‌شه‌وه، له‌وێوه ده‌بێته فاشیزم كه وه‌ڵامێكی ئاسان و ئه‌بستراكت به تاكه‌كان ده‌داته‌وه؛ چونكه یه‌كپارچه‌یی خۆی ساكارتر و ئاسانتره له فره‌یی. له ڕۆژگاری پێشمه‌رگه‌ییدا، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ناكام و بێبه‌ش یه‌كڕاست خۆی ده‌كرده قوربانی ئینتیما. ئه‌مڕۆ زۆرینه ناكامن و به‌ده‌ست بێ‌ماناییه‌وه ده‌ناڵێنن و به‌شێوه‌یه‌كی ناچاری ده‌چنه‌پاڵ یه‌ك، چونكه ئه‌و گرێبه‌نده عاتفی/لیبیدۆییه به‌هێزه‌ی سه‌ده‌ی پێشوو گۆڕاوه. كۆكردنه‌وه‌ی ڕۆحیه‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌ك و نیشته‌جێیه‌كی ناو سه‌رمایه‌داریی دیجیتاڵی، پتر كۆلاژێكی كاتییه كه كه‌س سازش له‌سه‌ر هیچی خۆی ناكات. واته گوشاری ژیانه مادییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش، ده‌چێته‌وه سه‌ر باڵانسی ناسیۆنالیزم. ئه‌مه بێ له‌و ده‌یان كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ی كورد خۆی كه هیچ موعجیزه‌یه‌ك ناتوانێت له چاوتروكانێكدا چاره‌ی بكات. ناسیۆنالیزم هه‌میشه خۆراكی خۆی له‌و ناكامییانه‌وه وه‌رده‌گرێت كه له‌ناو خه‌ڵكدا هه‌یه (بۆیه‌شه ناونیشانی ناسیۆنالیزم و ناكامییه‌كانی، بیرخه‌ره‌وه‌ی شارستانییه‌ت و ناكامییه‌كانێتی). ناكامی له‌ناونابرێت، به‌ڵام ده‌كرێت له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه بچوككرێته‌وه و له‌ڕووی چۆنایه‌تییشه‌وه مرۆڤ هه‌نگاوێك له ئازادی و به‌خته‌وه‌ری نزیككرێته‌وه.
ڕه‌خنه له ناسیۆنالیزم، هێشتنه‌وه‌ی مه‌ودای ناسیۆنالیزمه به خۆیه‌وه. به ده‌ربڕینێكی تر، كرده‌كیكردنه‌وه‌ی كه‌لێنێكه له‌ناو خۆیدا كه هه‌وڵده‌دات دایپۆشێت. ئه‌مه سه‌ندنه‌وه‌ی ئینتیما نیه له مرۆڤ، به‌ڵكو ڕاگرتنی دیدێكی ڕه‌خنه‌ییه بۆ ئینتیما؛ نه‌خوازه‌ڵا ئه‌و ئینتیمایه ناسیۆنالیزم بێت. له‌بنه‌ڕه‌تدا، ئینتیما ناوێكی تره بۆ گرێبه‌ندی عاتفی[1] له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا كه زه‌رووره‌تێكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه. به‌ڵام گه‌ر ناواخنه‌كه‌ی كۆنكرێتی‌نه‌كرێته‌وه، سه‌رده‌كێشێت بۆ ڕق له ئینتیما خۆی (سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕین و دوای ڕاپه‌ڕین لای كورد ئه‌م ئاڵوگۆڕه له ئینتیمادا ڕوویدا). بۆ ناسیۆنالیزمه‌كه‌ش هه‌ر وایه، ئه‌مجاره پێشبینیی ڕقه‌كه ناكرێت. چونكه له سیاقێكی تردا ئینتیما په‌خشده‌بێته‌وه كه سیسته‌ماتیكتره و به‌رژه‌وه‌ندییش بووه‌ته به‌شێك له ئینتیما (ئه‌مڕۆ خاوه‌ن‌بڕوانامه‌یه‌ك خه‌ون به‌وەوە ده‌بینێت سبه‌ی ده‌بێته چی، فڵان پیشه مرخی له‌وه خۆشكردووه جێگام چی ده‌بێت، فیسار ورده‌به‌رپرس بیر له داهاتووی خۆی ده‌كاته‌وه و هتد). هه‌تا ڕه‌خنه‌كردنی ئینتیما، به مانای دابه‌زین نایه‌ت بۆ گوتاری ئۆپۆزسیۆن كه ئاسۆكه‌ی له پارله‌مان و خزمه‌تگوزاری دا كورتده‌بێته‌وه؛ به‌ڵكو پێش هه‌ر شتێك پاراستنی چه‌مكی ئینتیما خۆیه‌تی له به‌شتبوون. زۆرێك له‌و ئینتیما كاتییه‌ی ئه‌مڕۆ (كه نازانین ڕاده‌ی سه‌قامگیرییه‌كه‌ی چه‌نده)، خۆی ڕووی له به‌شت‌بوونـه. هه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌س حیزبی خۆی به كۆڵه‌كه‌كه ده‌زانێت، ئیدی به‌شت‌بوونی ئینتیمایه. ئه‌مه‌ش گشتی خه‌تای تاكه‌كه‌س نیه، به‌ڵكو چوارچێوه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ش ڕۆڵی تیا ده‌بینێت. وه‌ك كورد خۆی ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ كه‌س به ئینتیمای وشك ناژی. به‌شێكی شێوازی ژیان وای لێ هاتووه، و به‌شێكیشی ناواخنكردنه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كانی سه‌رده‌مه. بۆیه‌شه خه‌باتی ڕۆژاڤا، كه تێپه‌ڕینه له ناسیۆنالیزمه بێ‌فۆرمه‌كه‌ی باشور، ڕووه سۆسیالیستییه‌كه‌ی خۆی ونده‌كات. ئه‌مه‌ش دیسان ده‌ریده‌خاته‌وه كه چه‌نده كێشه‌ی كورد وه‌ك یه‌ك كێشه چاره‌نه‌بووه، هاوكات كێشه‌كه و ناسیۆنالیزمه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا زۆر ته‌با نیه. ئه‌مه‌ش ترسی ڕه‌گه‌زه‌كانی ناو ناسیۆنالیزمه‌كه به‌رامبه‌ر یه‌كتر زیادده‌كات، با له ڕواڵه‌تیشدا وه‌ك هاوپشت و هاوسۆزی یه‌كتر ده‌ربكه‌ون. بۆ وێنه، میدیای پارتی نمایشی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌كات، به‌ڵام له ڕۆژاڤا كورد تاكه شوناس نیه. له گۆشه‌یه‌كی تریشه‌وه، په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت خۆی ده‌نگی زاڵی ناو كوردبوون بێت و ناوه‌ڕۆكێكی جیاوازی پێ ببه‌خشێت كه جیایه له‌مانی تر. به‌كورتی، ململانێی هه‌ژموون له‌ناو كوردبووندا كه ڕه‌نگه نه‌هێڵێت كورد ئه‌به‌د بگاته مه‌قسه‌د (به مانای ئاوه‌ڵابوون كه لای سه‌ره‌وه باسمانكرد).