A+    A-
(664) جار خوێندراوەتەوە

                 ئەنفال، یان جارێکى تر دەربارەى کێشەى تیۆریزە

 

 

 

ئەنفال، تراومایەکى مێژوویی یان بڵێین بێ‌مێژووە بۆ کورد. سەیر ئەوەیە ئەم تراومایە زۆر بە میلەتەکەوە دیار نیە، ئەو قوربانى و پاشماوانەى کارەساتەکە نەبێت کە ڕاستەوخۆ و نیوە-ڕاستەوخۆ ئەزموونیانکردووە. هۆکارى ئەمە خۆى بەشێکى ئاڵۆزى پەیوەندیی کورد و تراومایە (ئەنفال). بەهەرحاڵ، لێرەدا ئەو دێڕەى ئەدۆنیسم بیردەکەوێتەوە کە بە ناواخنێکى شیعرییەوە «داوا لە خودا دەکات لە کوردەکان خۆش ببێت کە نەتوانن قورئان خەتم بکەن، چونکە هەرکە دەگەنە سەر سوورەتى ئەنفال هەموویان دەمرن». ویستم بڵێم، ئەم دەربڕینە، ناواخنە تراوماییەکەى ئەنفالى گواستووەتەوە. هەر لە دێرزەمانیشەوە مرۆ هیستریاییەکان (ئەوانەى دەستدرێژییان کرابووەسەر) بە بیستنەوە و بیرهاتنەوەى وشەیەک یان ناوى کارەساتەکە دیسان لە هۆشى خۆیان دەچوونەوە و هەشبوون دەمردن. ئەنفال، ئەو وشە بەزەبر و تراوماییەیە کە دەشێت جارێکى تر قوربانییەک لە هۆشى خۆى بباتەوە (تا چەند لەقووڵاییدا بۆ کورد وایە، مەسەلەیەکى ترە و من دەست لەو گومانە تیۆرییەى خۆم هەڵناگرم).

ئەم نوسینە کورتە، پتر تەرخانە بۆ چۆنیەتیی بیرکردنەوە لە ئەنفال. واتە چۆنیەتیی تیۆریزە و کەرەستەکانى تیۆریزە. چونکە پێشتر چەند جارێک سەرنجى کورت و ڕاگوزەرمان لەسەر ئەوە تۆمارکردبوو کە شانەوشانى گەشەى ناسرووشتیی ژیانى کوردەوارى، تیۆریزە و نوسینیش گەشەیەکى ناسرووشتى دەبڕێت. وەک دەوتریت "لەناو گشتێکى ناسرووشتییدا، بەشى سرووشتى چۆن دەڕسکێت". تیۆریزە، وەک کرۆکى نوسینى تیۆرى وایە. تیۆریزە، هێنانى واقیعە بۆ ناو چەمک و تیۆرەکان یاخۆ بەپێچەوانەوە بردنى تیۆرە بۆ واقیع بۆ ئەوەى زیاتر خۆى ڕوونبکاتەوە. دەشێت کەسێک شتێک بنوسێت بەڵام تیۆریزە نەبێت، چونکە ئەرکى تیۆریزەى نەخستووەتە سەر شانى نوسراوەکەى خۆى. بەڵام ئەوەى بیەوێت پرسێک تیۆریزەبکات، ئەرکەکەى دژوار دادەگەڕێت. پێموایە دژواریی ئەم ئەرکە بە پلەى یەکەم دەکەوێتە دەرەوەى نوسین خۆیەوە، چونکە نوسین تەنیا یەکێکە لە دیاردەکانى کۆمەڵگا و مێژوو. گەر کۆمەڵگایەک لەناو مێژوودا گەشەى سرووشتیی خۆى نەبڕیبێت، ئەوا ئەستەمە هیچ دیاردەیەکى تریش گەشەى سرووشتیی خۆى ببڕێت. گەر حاڵەتێکى ئاوارتەش ڕوویدا، و توانیی بەسەر ئەو ناسرووشتیبوونەدا سەربکەوێت، ئەوا پاش ماوەیەک ملکەچى دۆخى گشتیی کۆمەڵگاکە دەبێتەوە (بێ ئەوەى زۆر پەیوەندیی بەم باسەوە هەبێت حەزدەکەم ئاماژە بۆ کۆمەڵێک بۆچوونى هەڵەشانەى نیچە بکەم کە وا خۆى دەردەخات باکى بە یاساکانى مێژوو نیە، بەڵام سەرەنجام بەشێوەیەکى زیمنى ملکەچى مێژووگەرێتییەکەى هیگڵ دەبێتەوە- بەتایبەت لە وتارى زیان و قازانجەکانى مێژوودا).

واتێدەگەم لە ئەنفالدا، تیۆریزە دوو ڕوو وەردەگرێت: یەکەمیان، نواندنەوە (representation). دووەمیشیان، ئەفراندن (creation). نواندنەوە بە ماناگشتییەکەى واتە شتێک بنوێنرێتەوە، لە دەمى ئێستادا پیشانبدرێتەوە، ئامادەبکرێتەوە. ئەفراندنیش، واتە شتێک یان لە هیچەوە یان لە شتێکى ترەوە بخوڵقێنرێت و دابهێنرێت. لە مامەڵەى ئەنفالدا، ڕەنگە فیکر بچێتە شانى مێژوو و ئەو جۆرە کایانەى تر کە پێویستە کارەساتەکە بنوێننەوە، بەڵام هەریەکە بە زمانى تایبەتى خۆى. تیۆریزە ناچێت کارەساتەکە بئافرێنێتەوە، بەڵکو دەینوێنێتەوە، واتە بێ‌ئەوەى ڕاستییەکان لەناوبچێت ئامادەى دەکاتەوە. هەر ڕاستییەک دەگرێتە بەرگى چەمکێک یان کاتیگۆرییەک. بەڵام کایەکانى ترى وەک هونەر و ئەدەب و هتد، پتر بیر لە ئەفراندن دەکەنەوە. لەبرى چیەتییەکە، پتر بایەخ بە چۆنیەتیی گەیاندنى کارەساتەکە دەدەن. دیارە پەیوەندیی نواندنەوە و ئەفراندن، خۆیشى پەیوەندییەکى ئاڵۆزە و لێرەدا ناتوانین لەسەرى بوەستین. بەڵام نواندنەوە خۆى لەخۆیدا لە خودى پەیوەندییەکەى بە ئەفراندنەوە قورستر دەردەکەوێت: نواندنەوە کارێکى سادە نیە، بۆیە تیۆریزەش کارێکى سادە نیە. لەڕواڵەتدا وادەردەکەوێت نواندنەوە بەو مانایە دێت شتێک لەوێدا ڕوویداوە و ئێمە تەنیا دەیگوازینەوە، بەڵام کە دەستبەکاردەبین تێدەگەین ئەرکەکە گەلێک دژوارە. بەتایبەت نواندنەوە و گواستنەوە بۆ ناو چەمک، کارێکى هەستیارە. بەتایبەت لەنێوان دوو جیهاندا کە خۆرهەڵات و خۆرئاوایە. دو جیهان کە زۆرجار پرۆسەى نواندنەوە (یان لێرەدا تیۆریزە) دەگۆڕێت بۆ کارێکى تەمومژاوییش. چونکە کەرەستەکانت لە جیهانێکەوە دێنیت، بەرەنجامى گەشەى ئەم جیهانەى تۆ نیە، بەڵام مادام ڕوویەکى گەردوونیشیان هەیە ناچاریت دەستى بۆ ببەیت. بەڵام ئاخۆ ئەم دەست بۆ بردنە، چەندى کورتدێنێت و چەندیشى دەیپێکێت؟ وەڵامەکە دیسان ئاسان نیە.

ناهاوکاتیى نێوان ئەم دوو جیهانە وایکردووە، هەستبکرێت دوو مێژوو لەناو یەکدا ئامادەیە. مێژوویەکى درێژتر و مێژوویەکى کورتتر. هەر مرۆڤێکى ئێمە بگریت، بیر لە دوو مێژوو دەکاتەوە. یەکیان ناوخۆییە، ئەویتریشیان جیهانییە. بۆ نمونە لێرە کە دەوترێت حەفتاکان یان هەشتاکان، وەک ئەوە وایە هاوکات بیر لە سەدەى حەڤدە و هەژدەى خۆرئاوا بکاتەوە. جا کاتێک دوو جیهانى ئاوەها، لە پانتایی نوسین و تیۆریزەدا ڕووبەڕووى یەکتر دەکرێتەوە، چەندە هەژمار لەسەر کێشەیەکى هەستیارى وەک فۆرم و ناوەڕۆک دەکەین. ئاخۆ لە تیۆریزەدا زۆربەى ئەو نوسین و توێژینەوانەى زانکۆکان ناچنە خانەى ئەو شتەوە کە  ناومانناوە "لێکچوونى فۆرماڵى بەشەکى"؟ ئەم دەستەواژە چەمکایەتییە واتە لەنێوان ئەم دوو جیهانەدا لێکچوونێک دەدۆزرێتەوە، بەڵام لێکچونەکە فۆرماڵە و ناوەڕۆکیان جیاوازە و پتریش لە بەش (جزء)دا بەر حەقیقەت دەکەون. دیارە ناکرێت زۆر گلەیی لە دۆخى نوسین بکرێت لاى مە، چونکە وەک وتمان گەشەکە خۆى سرووشتى نەهاتووە و ڕوون نیە ڕوودەکاتە کوێ. یان هەر باسێک، هەرچى و هەرچۆن بێت، خەسڵەت بە باسێکى تر دەدات کە هێشتا نەهاتووە. بەڵام دەشبێت زووزوو ئەوە بیرى خۆمان بخەینەوە کە گرفتەکانمان چین تاکو هیچ نەبێت لەپاڵ گەشە ناسرووشتییەکەدا، خەسارناسى یاخۆ گرفتدۆزییەکى سرووشتییمان بۆ پرسەکانمان هەبێت. مەبەستم لەڕێى دیاریکردنى کێشەکانەوە، کێشەکان کەمبکەینەوە.

ئەمڕۆ بەخێرایی چاوێکم بەو نوسراوانەى چواردەورمدا خشاندەوە کە لەسەر ئەنفال نوسراون، بەشێکیان بەڵگەنامەى مێژوویی بوون و بەشێکیشیان نوسین و هەوڵى تیۆریزە. دیارە تێکڕاى هەوڵەکان، مایەى پێزانینن. بەشێک لە تیۆریزەکان، وەرگرتنى چەمک یان زیاترى خۆرئاوایین بۆ ئەوەى ڕووى تراژیدیی دیاردەکە بگوازنەوە. هاوکات ئەو سەرنجانەشى لا درووستکردم: بۆ نمونە چەمکى "هۆمۆساکەر" کە فەیلەسووفى ئیتالیایی جۆرجیۆ ئاگامبێن[1] بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتى مۆدێرن کارى پێ کردووە. هۆمۆساکەر، زاراوەیەکى یاساییە لە دەوڵەتى ڕۆمى کۆندا کە بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهات تووشى سەرپێچییەکى کۆمەڵایەتى دەهاتن و یاسا فڕێى دەدانە دەرەوەى خۆیەوە. خوێنى ئەم قوربانییانە، خوێنێکى خۆڕایی بوو، هەرکەس بیکوشتنایە سزاى لەسەر نەبوو. ئەم خەسڵەتانە لە ئاستى فۆرمدا بەسەر قوربانییانى ئەنفالیشدا ڕاست‌دەردەچن. بەڵام ئاگامبێن سیستەمى سیاسیی خۆرئاوا دەپشکنێت، لە فەلسەفەشدا لە ئەرستۆوە وەریدەگرێت تا سەدەى بیستەم. بەڵام ئەنفال، هەر بە ناوەکەشیدا دیارە کە سەر بە مێژوویەکى ناخۆرئاواییە (خۆرهەڵات و ئیسلام). هەندێک لەم نوسەرانە زۆر خۆیان ماندووکردووە تاکو بە ڕیشەى زاراوەکەدا بچنە خوار، بەڵام نەیانتوانیوە بەسەر ئەو ناکۆکییە زەینییەدا زاڵ ببن کە زاراوەیەک هێند خۆرهەڵاتییانە-ئیسلامییانە بێت، چۆن ئاوا ئاسان یەکساندەکرێت بە زاراوەیەکى ڕۆمى-غەربیی بەناوەڕۆک جیاوازدا؟ ئاخۆ بەئاسانى ناتوانین ئەو چەمکە بگۆڕین بە هەر چەمک یان تەنانەت وشەیەکى ئەخلاقیی تریش لاى هەر بیرمەندێک؟

گرفتێکى ترى تیۆریزەکان ئەوەیە کە خودى تیۆریزەکە نەخەمڵیوە. لەلایەک کۆمەڵێک زانیارى و بەدواداچوونى باش، بەڵام کە کاردەگاتە سەر تیۆریزە شتێکى ئەوتۆمان چنگناکەوێت. واتە زانیارییەکان وەک مادەى خاو، نەبوونەتەهۆى بەگەڕکەوتنى بیرکردنەوە. ئایدیاى نوێ لەدایکنەبوون و مادە خاوەکە وەک ماتەوزەیەکى ڕووت ماوەتەوە. بە زمانێکى باو بیڵێین، بەشى تیۆرى و پراکتیکیی باسەکان پەیوەندییان پێکەوە نیە. گەر زانیارییەکان وەک باسێکى سەربەخۆش بڵاوبکرێنەوە، سوودى مێژوویی و زمانەوانیی خۆیان دەبێت؛ بەڵام خزمەتێکى ئەوتۆ بە پرسى تیۆریزەکە ناکەن.  تیۆریزەکەش ڕاستییەکانى ئەنفال خۆى بەدرووستى نانوێنێتەوە: بۆ نمونە، وشەى "ئەنفال" بە ماناى تاڵانى و غەنیمەتى جەنگ، تەنیا وەک فۆرم، وەک شەرعیەت ڕۆڵى گێڕاوە نەک تاڵانییە بەناوەڕۆک مێژووییەکەى سەرەتاکانى ئیسلام. لە سەرەتاکانى ئیسلام و سەردەمى فتووحاتدا، تاڵانیی جەنگ بەشێوەیەکى حەرفى و دەقاودەق، دەسکەوتێکى ئابوری بووە. ئیسلام دەیویست هەرچۆنێک بێت، وەک دینێکى نوێ و خۆسەپێن خۆى ڕابگرێت. بەڵام لاى بەعس ئەنفال ئەم ڕەهەندە ئابورییەى نیە، چونکە هەم خاوەنى سەرمایەیەکى زەبەلاح بووە و هەم چوارەم وڵاتى خاوەن‌چەک بووە. لە دۆخێکى وادا چ پێویستییەکى بە خاکوخۆڵ و خەڵکێکى ڕووتەڵەى وەک کورد دەبێت (ئەمە بێجگە لەوەى ڕووخاندنى هەزاران گوند، خۆى ئەرگۆمێنتەکە بەتاڵدەکاتەوە)؟ هەر بەپێى گوتەى سیاسییەکانى کورد، ئەودەم بەعس ئامادەبووە بە پارەى مۆڵ دۆخەکە کپبکاتەوە بەڵام بەرامبەرەکانیان ئەوەیان قبوڵنەکردووە. ڕەنگە پێویست‌بکات پاڵنەرەکە لە شوێنى تردا بێت، تەنانەت پێچەوانەش، بۆ نمونە: بۆچى ئەم کۆمەڵەخەڵکە ناگیرێن و نابنە بابەتێکى ئابوری. خاڵەکە "دووجاى نێگەتیڤ"ـە. واتە هەم نەفیی غەنیمەتە و جارێکیش نەفیی ئەو کەسانەیە وا بڕیارە خاوەنى غەنیمەتەکە بن. ئەم گومانە تیۆرییە ئەودەم تۆختر دەبێتەوە کە سەیردەکەین پەیوەندیی کورد و ئیسلام لەپاش ئەنفالەوە، هەمان پەیوەندییەکەى جارانە وهیچ هەڵوەستەیەکى مێژوویی-فیکرى لەلایەن خەڵکى کوردەوە دەرهەق بەو دینە نەبووە. مەگەر ئەنفال هەر لەو مێژووەوە وەرنەگیراوە؟ بۆیە لەبرى ئابوریی سیاسى، ئابوریی دەروونى یاخۆ وردتر ئابورییەکى بوونناسانە و ناسیاسى.

هەندێکى تر لە باسەکان، ئەنفال پەیوەست دەکەن بە ڕووداوى هاوشێوەى ترەوە لە کۆمەڵگاکانى تردا کە ئەمەیان لەڕووى نرخى مرۆییەوە درووستە، بەڵام لەڕووى سیاق (کۆنتێکست)ـەوە گرفتدارە. مرۆڤ لە هەرکوێى زەوى بکوژرێت، تابۆیەکى گەردوونییە. بەڵام کوشتنیش سەرەنجام لە سیاقێکدا دەڕسکێت، هۆى تایبەت بەخۆى درووستدەکات، دەرەنجامەکانیشى تێکەڵ بە کۆمەڵێک ڕەگەزى تر دەبن کە ڕەنگە لە کارەساتەکانى تردا نەیبینین. بۆ نمونە شوناس یان سایکۆلۆژیاى ڕۆشنبیرێک دواى "هۆڵۆکۆست، یان ڤێتنام" جیاوازترە لە شوناس و سایکۆلۆژیى خوێنەوارێکى کورد دواى ئەنفال. چونکە دەشێت پێشینە و ڕابردووى کۆمەڵگاکان بەر لەو کارەساتە لە یەک جیاوازتر بن. تیۆریزە لەم حاڵەتەدا لەنێوان هەردوو هەڵوێستى عەقڵ و ئاکاردا ڕادەوەستێت. وەک عەقڵ، شیرازە کۆمەڵایەتى و مێژووییەکەى هەر سیاقێک دەپشکنێت. وەک ئاکاریش، خاڵى هاوبەشى هەموو سیاقەکان وەردەگرێت کە تێیدا لەناوبردنى مرۆڤ هێڵى سوورى ناو شارستانییەتە. پەیوەندیی هەر خەڵکێک بە کارەساتەوە لە هى خەڵکێکى تر ناچێت. وەک وتمان، نازانین ڕێک لەبەرچى وایە، بەڵام پەیوەندیی کورد بە تراوماکانیەوە پەیوەندییەکى تەمومژاوییە. گەر سەیرى کۆمەڵگاى دواى جەنگ بکەین، ئەوەى دواى ڕاپەڕین کە هێشتا هەڵمى مەرگەساتى لێ هەڵدەسێت، کورد و کورد بەردەبنەوە گیانى یەکتر. لەڕووى حکومڕانییشەوە، دزى و گەندەڵى، بەجۆرێک پەرەدەسێنێت کە زۆر شت دەکاتە جێى گومان. یان ئەوە چۆنە هیچ ئەگەرێکى نوێى ژیاندۆستى لەم کەلتورە و لەم کۆمەڵەخەڵکەوە ناڕسکێت؟ ئاخۆ هێشتا لەناو زنجیرەیەک تراژیدیاى دەرەکى و ناوەکییداین کە بەو زووانەش دوایینایەت؟     

سەرەنجام لە پرسى تیۆریزەدا، کەلێنەکە هەر لەنێوان چەمکێکى خۆرئاوایی و واقیعێکى ئێرەدا نیە، بەڵکو زۆرجار لەنێوان شایەتیی مرۆڤێکى خۆرئاوایی و ئەم واقیعەى ئێرەشدایە. مەبەستم شایەتى و بۆچوونى مرۆیەکى خۆرئاوایی، بەدەگمەن شتێکمان لەسەر واقیعى زیندووى خۆمان پێ دەڵێت، چونکە واقیعى ئێرە هەڵگرى کۆمەڵێک میکانیزمى ناوەکى و شێوازى ئیشکردنى تایبەت بە خۆیەتى کە ئەو کەسە تیا نەژیاوە. (گەڕیدە و سیاسەتمەدارە کۆنەکان، وێڕاى ئەو ڕەخنانەى لە گوتارەکەیان گیراوە، لەم ڕووەوە هەنگاوێک لەپێشترن). بە دەربڕینێکى تر، ئەو کەسە ساتێکى ئۆنتۆلۆژى نیە لەم واقیعەى ئێرە. لەم دۆخەدا، ئەویتر هەروەک ئەویتر دەمێنێتەوە. دیارە مەبەستمان لەم دوو ئەویترە، پەیوەندییەکى ئەنتاگۆنیستى و دژکارانەى ئاڵۆزە نەک ئەو دابەشکارییەى "ئێمە و ئێوە" کە لە باسێک دوواندا بینیم و لە زانستە بایۆلۆژییە نوێیەکانەوە وەرگیرابوو. وەرگرتنى ڕوانگەى دەمارناسانە و بایۆلۆژییانە بۆ پرسێکى ڕەمزى و مرۆیی وەک ئەنفال، زۆر وردەکارییمان لێ دەشارێتەوە وەک: گۆڕانکارییە مێژووییەکان، پاڵنەرى مەرگ کە زۆرجار (بە زیانى خۆ یان خاوەنەکەى دەشکێتەوە)، دیالەکتیکى شاردنەوە و دەرخستن لە واقیعى مرۆییدا و هتد.    

 

 

وەلید عومەر

 

 

 


[1] کارل شمیت پێشتر بەشێوەیەکى ڕاگوزەر بەکاریهێناوە.