A+    A-
(442) جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی نامۆبوونەوە

(پێشەکیی کتێبی: لەخۆگرتنی نامۆبوون[1])

 

 

 

 

 

تۆد مەکگوان

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

چ شتێک بە ئەنجامنەدراوی بهێڵرێتەوە؟

  نامۆبوون (Alienation) باڵکێش نایەتە بەر گوێ. زاراوەکە خۆی نیشانەی پرۆسەیەکی شێوێنەرە، کە پێویستە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی خۆمانی لێ لابدەین. هیچکەس تا هەنووکە بە برادەرەکانی نەوتووە: «یەڵا با گشتمان نامۆببین». وا دەردەکەوێت نامۆبوون هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ چالاکییە چێژبەخشەکانی وەک درووستکردنی کۆمەڵەیەک، ئاشقاتی‌کردن، چوونەدەر لەگەڵ برادەر، پیتزاخواردن، ئەنجامدانی یاریی تێنس یان سەرخۆشبووندا نەبێت. تەنانەت لە قسەکردنی ڕۆژانەشدا وەک دۆخێکی جێی‌داخ مامەڵە لەگەڵ نامۆبووندا دەکەین، کە پێویستە هەوڵبدەین خۆمانی لێ لابدەین. دەخوازین یارمەتیی ئەو گەنجە یان ئەو بێگانە نامۆبووە بدەین لە دۆخەکە هەڵبێت و ڕووەو ئەوە بڕوات پتر هەست بە یەکانگیری بکات. چەپەکانیش لە ڕووە تیۆرییەکەوە بە شوێنپێی بیرکردنەوەی کارڵ مارکسدا، پێیان‌وایە چالاکیی سیاسی شەڕە لە دژی نامۆبوون. خەڵکی بەنزیکەیی لە هەموو جۆرە تێڕوانینێکدا نامۆبوون وەک کێشەیەک دەبینن، کە دەبێت بەسەریدا زاڵ ببن.

  بەڵام ئەم بۆچوونە لەسەر نامۆبوون، خەسڵەتی ڕزگارگەری نامۆبوونی لەکیسدەچێت. نامۆبوون لە ڕووە مێژووییەکەوە ناوبانگێکی خراپی هەیە. پێویستە ئەرێنی‌تر بیری لێ بکەینەوە وەک لەوەی [ئێستا] بیری لێ دەکەینەوە. گەرەکە وا بیری لێ بکەینەوە بنچینەی توانستی تێپەڕاندنی بارودۆخی ئێستامانە، ئیتر بارودۆخەکە هەرچۆنێک بێت. پێویستە کۆببینەوە فەزیلەتەکانی نامۆبوون پەرەپێبدەین و هەوڵبدەین ڕێگەگەلێک بدۆزینەوە بۆوەی ئەزموونی نامۆبوونمان هەڵکشێنین.

  هەرچەند تا ئێستا کەس بەڕاستەوخۆیی نامۆبوونی وەک پرۆژەیەک هەڵنەگرتۆتەوە، بەڵام هەندێک ‌هێڵی بیرکردنەوە هەن کە نامۆبوون وەک بنچینەی ڕزگاری[2] دەبینن. ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، کە لە فەلسەفەی هیگڵدا دەگاتە ترۆپک، نامۆبوون وەک مەرجی هەموو خودئاگاییەک دەبینێت. دەروونشیکارییش دەرهەق بە پشکی خۆی، نامۆبوونی سوبێکت وەک ڕاستییەکی کورتنەکراوەی بوونمان وەردەگرێت و کاردەکات تاکو ئادەمیان لەگەڵیدا ئاشتببنەوە. هەر پەیوەست بەمەوە، بوونگەراییەکەی ژان-پۆڵ سارتەر و سیمۆن دو بۆڤوار، نامۆبوونی سوبێکت وەک بنەمای ئازادی وەردەگرێت. فرانز فانۆن هەموو ئەم هێڵانە- هیگڵ، دەروونشیکاری و بوونگەرایی- بەیەکدەگەیەنێت بۆ ئەوەی تیۆرییەکی دژەکۆڵۆنیالی فۆرمولەبکات، کە ڕەخنەی هەر هەوڵێکی خۆلادان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نامۆبوونە بنەڕەتییەکەماندا دەکات. هەرچەندە نامۆبوون بۆ ئەم بیریارانە نابێتە درووشمی پرۆژەکانیان، بەڵام هێشتاش ئەو شتەیە ئەم هەوڵە جیاوازانە یەکدەخات بۆ ئەوەی بەتەواوی بیر لەوە بکرێتەوە چۆنچۆنی لە ڕزگاری تێبگەن. ئەم پرۆژەیە نامۆبوون دێنێتە پێشەوە و لە مەسڵەحەتی ئەودا مشتومڕدەکات.

  پارادۆکسی نامۆبوون ئەوەیە، نیشانەی لادان نیە لە شوناسێکی ئۆرجیناڵ کە ڕۆژگارێک خاوەنی بووین و ئیستێ لەدەستمانچووە، بەڵکو نامۆبوون بونیادنەری کەسێتییمانە. نامۆبوون ڕوودەدات، بەڵام لەوە نامۆمان ناکات ڕۆژگارێک هەر بەڕاست کێ بووین. لەجیاتیدا، نامۆبوون شتێکی سەرەتاییە[3]. ئێمە لە هەناوی سوبێکتیڤیتەماندا نامۆبووین، و نامۆبوونیش تا مردن دەمێنێتەوە. مەرگ تاکە چارەسەری مومکینی نامۆبوونە، هەر ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە نابێت بەتوندی بکۆشین بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵببین[4]. نامۆبوون نەک شتێک نیە لێی پاشگەزببینەوە یان لێی هەڵبێین، بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە هەلومەرجی ڕەخسانی ئەو شتەیە وا لە بوونمان دەکات شایەنی بەرگەگرتن بێت- ئازادی، یەکسانی و توانای تێپەڕاندنی دۆخەکەمان.

  هەموو مەخلوقات بەندە بە نامۆبوونەوە؛ نامۆبوونیش ئەو پرۆسەیەیە ڕیشەمان لە جێی خۆی و لە خەسڵەتە پێدراوەکانی بوونمان هەڵدەکەنێت. مادەم لە جێی خۆمان هەڵماندەکەنێت، ئەوا لە دۆخەکەی خۆیشمان ئازادمان دەکات. هەرچەندە هەموو خەڵکی لە بارودۆخێکی تایبەتی کۆمەڵایەتیدا لەدایکدەبن کە هێزە باڵادەستەکان بەسەریانەوەن، بەڵام کورتیشناکرێنەوە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا لەدایکدەبن، یان کورتناکرێنەوە بۆ ئەو هێزە خەسڵەتپێدەرانە؛ ئیتر ئەو هێزانە هەرچەنێکیش بەهێز بن. وەک بەرەنجامی نامۆبوونێکی سەرەتایی لە زماندا، مەودایەکی ناوەکی درووستدەبێت کە وا لە خەڵک دەکات بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ خۆیاندا بکەن وەکبڵێی مامەڵە لەگەڵ یەکێکی تردا دەکەن، ئەمە لە هەمان کاتدا مەودایان لەگەڵ ئەو خەڵکەشدا بۆ درووستدەکات وا لە چواردەوریاندان [واتە هەم مەودایەک لەگەڵ خۆ و هەم مەودایەکیش لەگەڵ ئەوانیتردا]. ئێمە هەم لە خۆمان و هەم لە ئەوانیتریش نامۆین. گرنگ نیە چی دەکەین، قەت ناتوانین بەسەر ئەم نامۆبوونەدا زاڵببین. ئەمە ڕاستیی بنچینەیی بوونمانە.

  نامۆبوون نەبوونی خود-شوناسی[5]یە. ئەم نەبوونی خود-شوناسییە مەودایەک بۆ سوبێکت لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی تێیدا سەریهەڵداوە، دەهێڵێتەوە. گەر لەگەڵ خۆمدا هاوشوناس نەبم، گەر نامۆ بم بە خۆم، ئەوا هێزە دەرەکییەکان ناتوانن بەتەواوی بەسەرمدا باڵادەست بن. وەک هەبوویەک کە لە خۆم جیابوومەتەوە و یەک شت نیم، ئەوا هەرگیز ناتوانم ئەو شتە بم کە هەر هێزێکی دەرەکی دێت و  بۆم دیاریدەکات. مەودای ڕاستەوخۆ و ئاشکرا، توانا بە سوبێکتیڤیتە دەدات پێچەوانەی ئەو شتە کردار بنوێنێت کە خەسڵەتی پێ دەدات. دەشێت خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و سرووشتییەکان باڵادەستییە یەکلاکەرەوەکەیان بەسەر سوبێکتەوە بدۆڕێنن، چونکە ئەوە نامۆبوونە لە خۆ ئەو خەسڵەتانە بێکەڵک دەخات.

  لەبری ئەوەی هەموو ژیانم وەک مەخلوقێک لە شارۆچکەیەکی ناوەندی ئەمریکادا بژیم، توانام هەیە ئەو شوێنە بەجێبهێڵم و ببمە کەسێک کە ئاڵنگاریی خەسڵەتپێدەرەکانی ئەو بارودۆخە دەکات، چونکە من هەرگیز هاوشوناسی ئەو پێگەیە نیم تێیدا لەدایکبووم. ئەمە ئیمکانم دەداتێ بە شێوەیەکی ڕەخنەیی بەو پێگەیەوە پەیوەستببمەوە، ئەویش تا ئەو ئەندازەیەی بڕیاربدەم هەموو ئەو ئایدیا و بەهایانە جێبهێڵم کە ئەو جڤاتە ڕادەستمی دەکات. ڕەنگە بەخێوبکرێم بۆوەی ببمە سوبێکتێکی بەپەرۆشی کەپیتاڵیست، بەس لەوسەرەوە مارکسیستێکم لێ دەرچێت؛ فشاری ئەوەم لێ بکرێت پیاوانە[6] بم، بەڵام ژنانە[7] دەرچم؛ "قەدەر وا هاتبێت" ناوەندی ئەمریکام خۆشبوێت، بەس ڕەنگە بڕیاربدەم لە ئەرجەنتین کاربکەم و هتد. شکستی ئەوەی بەتەواوی ببیتە ئەو کەسەی کە هەیت- «لەجێدەرچوونت»- دابڕان لە دۆخی ئۆرجیناڵ دەکاتە مومکین. بەڵام گەر لە هەمان دۆخدا بمێنمەوە و حوکمەکانی ئەو دۆخەش قبوڵبکەم، هەر بە جۆرێک ڕەپتم پێیانەوە وەکبڵێی پێم نامۆن. پێویست ناکات ماڵ بەجێبهێڵیت بۆ ئەوەی لێی نامۆ ببیت. وەک هەموو ئادەمیان، منیش نامۆییەکی ناوەکییم هەیە کە نایەڵێت بڕیارەکانی جڤات بۆم بگوازرێنەوە.

  بەبێ مەودایەکی ناوەکی، ناتوانیت وەک سوبێکتێک کە دەتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ خۆیدا ببەستێت، سەرهەڵبدەیت. بۆشایی و درزێکی سەرەتایی سوبێکتیڤیتە بەگەڕدەخات و پێناسەشیدەکات. جیابوونەوەمان لە خۆمان توانامان دەداتێ ببینە ئەو کەسەی کە هەین، ئەویش بە جەختکردنەوە لەوەی ئێمە لەو شتە دانەبڕاوین کە لەناوماندە بێگانەیە. ئەو بێگانەییەی ناوەوە گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە کێین؛ تاقانەیی خۆمانمان پێ دەبەخشێت. ئەو بێگانەیەی ناوەوە ئەوەیە فرۆید پێی دەڵێت نەست[8]. ئامادەیی نەست بەربەستێک دەخاتە نێوان سوبێکت و بارودۆخ، هەروابێتەوە سوبێکت و خۆیشیەوە. تەنێ هەبووە نامۆبووەکان نەستیان هەیە، بەڵام دۆخی نامۆ و بێگانەی نەست دەلالەتە لەوەی لە ڕاستیدا نەست ئێمەی هەیە، نەک ئێمە ئەومان هەبێت. بێگانە ناوەکییەکە بڕیاردەدات سوبێکت چۆن ڕەفتار بنوێنێت، پرسەکانی بە چ بارێکدا بخات و چ شتێکی بە لاوە سەرنجڕاکێش بێت. نەست سوبێکتیڤیتە ئاڕاستەدەکات و دابەشبوونی ناوەکیی سوبێکتیڤیتەش دەنوێنێتەوە[9].

  نەست سوبێکت بەو ئاڕاستەیەدا پاڵدەنێت دژ بە خولیاکانی خۆی بێت، ئاوهاش نامۆبوونی بە خۆی ڕووندەکاتەوە. لەبری ئەوەی سێو و برۆکلی بخۆیت بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشیی دڵ نەیەیت، ڕەنگە زیادەڕەویی لە دۆنەت و کێکدا بکەیت؛ لەبری هەڵبژاردنی هاوەڵێکی ڕۆمانسیی گونجاو، ڕەنگە یەکێک نەفەرێک هەڵبژێرێت کە هیچی لێ نابێتەوە شەڕی بەئازار نەبێت؛ ڕەنگە یەکێکیش هەر بەدوای کحولەوە بێت، گەرچی لەو مەترسییانەش بەئاگایە کە کحول دەیخاتە بەردەم ژیانێکی درێژ و تەندرووستەوە. یەکێکیش بەردەوام لە کاردا دەکەوێتە بەرەی بەرامبەری سەرۆکەوە، هەرچەندە ئارەزووی ئەوەشی هەیە بەرەوپێشچوونێکی پیشەگەرانە بەدەستبهێنێت. لە هەریەک لەم حاڵەتانەدا، کردارێکی خۆوێرانکەر ئەنجامدەدرێت، کە لە کۆنترۆڵی ئاگایانەی کەسەکە دەردەچێت.

  هەموو کەسێک بە هێزێکی ناوەکییەوە دەژی، کە بەردەوام ئارەزووە ئاگایانەکانی بەکەم‌دەگرێت. وەختێک خەڵکی بە جۆرێک ڕەفتاردەکەن کە زیان بە چاوەڕوانییەکانی ژیانیان دەگەیەنن، ئەوا غیابی کۆنترۆڵی ئاگاییان بەسەر بوونیانەوە کەشفدەکەن. بەڵام ئەم غیابی کۆنترۆڵی ئاگاییە تەنیا شتێکی لاوازکەر نیە، بەڵکو بناغەی توانای سوبێکتیشە بۆ ئەوەی ببێتە شتێکی جیا لەوەی ئێستە هەیە. ئەولەویەتی بێگانەکەی ناوەوە- نەست- ئازادی دەکاتە شتێکی مومکین. ئازادی بەندە بە دەستوەردانی نەستەوە لە توانای بەدیهێنانی ئارەزووە ئاگایانەکانمان.

  عادەتەن وا بیر لە نەست دەکەینەوە مۆڵگەی نائازادییە. کاتێک نەستەکییانە ڕەفتاردەنوێنین، بیر لە زنجیرەی کردارەکان و ئەزموونی هەڵبژاردنیان ناکەینەوە. بەڵام ئازادی بەرهەمی بیرکردنەوەی ئاگایانە نیە؛ [بەڵکو] توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێگایەی خەسڵەتپێدانە، کە ئەگەر هەڵینەوەشێنینەوە ئەوا بوونمان بەڕێوەدەبات. ڕێک ئەمە ئەو شتەیە نەست ئەنجامیدەدات. نەست دابڕانێک دەخاتە ناو خەسڵەتپێدەرە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانەوە و بەدیلێک دەخاتەڕوو، کە هیچ پێشینەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی نیە. نەست بۆیە مۆرکی ئازادیی سوبێکتە، چونکە لە کۆنترۆڵی ئاگایی دەردەچێت. ئێمە لەڕێگەی دابەشبوونە ناوەکییەکەمانەوە ئازادین.

  ئەوە تەنیا سوبێکتیڤیتە نیە کە خاوەنی خودشوناسی نیە، بەڵکو هەر بەسادەیی هیچ تەنێک خودشوناس[10] نیە. گەر شتێکی خودشوناس بوونی هەبێت، ئەوا ناتوانێت بەپێی کات گەشەبکات، یان تەنانەت لە شوێنیشدا بجووڵێت. ئەمە بۆ ئۆبێکتە بێ‌گیانەکانی وەک شاخ و جۆگەلەکانیش ڕاستە، هەروابێتەوە بۆ ڕووەک و ئاژەڵەکانیش، کە گۆڕانی کاتەکی و شوێنەکی تێیاندا ڕوونترە. گەر هەر تەنێک بەسادەیی ئەو شتە بێت کە هەیە، ئەوا هەرگیز هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت. ئێمە ئا بەم جۆرە دەزانین هیچ تەنێکی وەها بوونی نیە. بەڵام سوبێکتی دەلالەت ئەم غیابی خودشوناسییە وەردەگەڕێنێتە سەر ئەو بونیادەی کە خۆی پێ پێناسەدەکات. ئەمە پرۆسەی نامۆبوونە.

  ناو (name)، ئەوەڵین مۆرکی نامۆبوونە کە خەڵک وەریدەگرن. هیچ مناڵێک لەڕێوە ناو لە خۆی نانێت. ناو نیشانەی ئەکتێکی توندوتیژانەیە ئۆتۆریتەیەک دەرهەق بە ساوایەک دەینوێنێت. دایباب، یانژی گەنجانی تر، ناوێکی نامۆ لە مناڵ دەنێن، ئیتر یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، یان بەو ڕۆحیەتەوە کە بڕوایان وایە ئەو ناوە نزیکترینە لە کەسێتیی مناڵەکەوە (یاخۆ لە داهاتوودا نزیکترین دەبێت). تەنانەت گەر یەکێکیش بەتەواوی ئەزموونی ناوەکەی وەک شتێکی گونجاو و هی خۆی بکات، کەچی هێشتاش سەپاندنێکی نامۆ هەر دەمێنێتەوە. ئەوانیتر لەڕێگەی ناوە هەڵبژێردراوەکەوە چارەنوسێک بۆ مناڵەکە دەستنیشاندەکەن. ڕەنگە کەسانێک ناو لە مناڵەکەیان بنێن ئێرنست، ئەویش بەو هیوایەوە ڕاستگۆ و سەرڕاست دەربچێت؛ یان ڕەنگە بەو بیرۆکەیەوە ناوی بنێن گرەیس، کە بەحەیا و ڕێکوپێک دەربچێت. دایباب عادەتی ناوی هونەرمەندان لە مناڵان دەنێن، بۆ نمونە لانگستۆن یان داشیەڵ، ئێ بەڵکو خوایە بەو خاڵە هاوبەشە پشکێک لەو بلیمەتییە وەربگرن. زۆربەی جاریش ناوێک لە مناڵ دەنێین، کە مێژوویەکی خێزانی هەیە، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو هێڵە مێژووییە بیری مناڵەکە بخرێتەوە و لە هەڵسوکەوتەکانی داهاتووی بەئاگایبهێنێتەوە. تەنانەت کاتێکیش ناوەکە هیچ دەلالەتێکی نیە، کەچی وەک دالێکی نامۆ بە قنگی مناڵەکەوە دەمێنێتەوە. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، مناڵەکە ناوی خۆی هەڵنابژێرێت، بەڵکو وەک سەپاندنێکی نامۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە. وەکیەک‌دانانی خۆ و ناو لەلایەن مناڵەوە، تەنیا پاش نامۆبوونە سەرەتاییەکەی پرۆسەی ناونان ڕوودەدات.

  لەڕێگەی ناوەوە، لە مەودایەکی ڕوونەوە بە خۆمانەوە پەیوەست دەبینەوە. هەموو زمانێک ڕێگەیەکی بۆ خۆپێناسەکردن هەیە لەڕێگەی خستنەڕووی ناوەوە. من لە ئینگلیزیدا دەڵێم «My name is Todd»، بە ئەڵمانی «ich heiße Todd»، یان بە ئیسپانی «Me llamo Todd». جیاوازییە زمانەوانییەکان گرنگ نین، لە هەریەک لەم حاڵەتانەدا ئەو دەربڕینەی شوناس بەیاندەکات، هاوکات مەودایەکی ناوەکیی لەنێوان سوبێکتی قسەکەر و ناوەکەشدا دەردەخات. ئەو ڕستەیەی شوناسەکە ڕادەگەیەنێت، بەزەروورەت خیانەت لە مەوداکەش دەکات، چونکە جیابوونەوەی من «ich» و تۆد «Todd» دەردەخات. گەر هەبوویەکی خودشوناس و نامۆنەبووبام، نەمدەتوانی وا بڵێم.

  تەنانەت کاتێکی ناوی خۆیشمان دەگۆڕین، دۆخی نامۆکەری ناو هەر دەمێنێتەوە. لەبری ئەوەی خۆم وەک تۆد ببینم، پتر لەگەڵ ناوی تیۆدا هاوشوناسم و ناوی خۆم دەگۆڕم. کاتێک ئەم هەنگاوە دەنێم، خۆم ناو لە خۆم دەنێم نەوەک پشت بەو ناوە ببەستم ئەوانیتر پێیان بەخشیوم. وا دەردەکەوێت ئەم هەنگاوە نامۆبوونی ناو ناوەکە چارەبکات، بەڵام کێشەکە هەر دەمێنێتەوە. هەرچەند خۆم ناو لە خۆم دەنێم، بەڵام بەو ئەگەرانەوە ناو لە خۆم دەنێم کە ئەوانیتر پێم دەدەن. ناوێک لەو ناوانە هەڵدەبژێرم پێشتر خەڵک بەکاریانهێناوە، یان بڕێ ناوی جیاواز تێکەڵدەکەم بۆ ئەوەی ئەوەکەی خۆم پێکەوەبنێم. هەڵبژاردنی ناو هەمیشە قەرزێکی تێدایە لە هەمبەر ئۆتۆریتەیەکی دەرەکیدا. ناوە نوێیەکەم نەک تەنیا لە ئەوانیترەوە دێت، بەڵکو هەڵیدەبژێرم بۆ ئەوەی کاریگەرییەک لەسەر وان درووستبکەم. گرنگ نیە لەکوێڕا دێت، ناوەکەم ناو لە دابەشبوونە ناوەکییەکەم دەنێت.

  ئەو قازانجەی نامۆبوون دەیبەخشێت، ئەوەیە وامان لێ دەکات شتێک لە دابەشبوونە ناوەکییەکەمان وەچنگبخەین. لەبری ئەوەی تا ئەو چرکەیەی مەرگ یەخەمان دەگرێت بەدەست دابەشبوونە ناوەکییەکەمانەوە بتلێینەوە، دەتوانین پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستین، دەستکاریبکەین و تەنانەت شتیشی بۆ زیادبکەین. لەڕێگەی کردەی هەڵگرتنەوەی نامۆبوونەکەمانەوە- نەک بەردەوام هەوڵبدەین بەسەریدا زاڵببین- بارودۆخەکە گۆڕانێکی بەسەردا دێت. گەر نامۆبوون وەک بەربەستێک لەبەردەم زاڵبووندا ببینین [یان گەر وای دانێین نامۆبوون شتێک نیە بەسەریدا زاڵببین]، ئەوا نامۆبوون وەک ئەو شتە دەبینین کە لەمەی ئێستا ئازادماندەکات. پیاچوونەوە بەو حوکمە نەرێنییەی دەرهەق بە نامۆبوون دراوە، ئەرکێکی گرنگی سیاسییە، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە بێشومار هێڵکارییمان دەخاتەبەردەست بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵببین.

  ناوبانگی خراپی نامۆبوون لەو وێنەی پڕێتی و تەواوەتییەوە دێت کە لەپشتیەوە دەبزوێت. پێمان‌وایە ئەم پڕێتییە لە ڕابردوویەکی لەدەستچوودا بوونی هەبووە، بۆ نمونە وەک باخی عەدەن یان داهاتوویەکی یۆتۆپی کە هێشتا بەدەستمان نەهێناوە. گرنگ نیە سیناریۆکە چۆنچۆنییە، پڕێتی و تەواوەتی لەدەرەوەی دەستپیاگەیشتنی ڕاستەوخۆی ئێمەوەیە. هەر لەبەر ئەمەش فریوماندەدات. ئەم دۆخی بێ‌نامۆبوونە وەک بەدیلێکی سەرنجڕاکێش لە هەناوی نامۆبوونەکەمانەوە بانگماندەکات. بەڵام بۆیە سەرنجڕاکێشە، چونکە بە شێوەیەکی ئەبستراکت وێنایدەکەین. هەر هەوڵێک بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی کۆنکرێتی بۆ بوونێکی بێ‌نامۆبوون بکێشرێت، خێرا ئەم هێڵی بیرکردنەوەیە «موفلیس» دەبێت.

  یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی ئەوەی سوبێکتی نامۆبوون بین ئەوەیە، پێویستە هەوڵبدەین بەبێ ئاماژەکردن بە پڕێتی یان خودشوناسی، لە نامۆبوون تێبگەین. مە نامۆبووین، بەس نەک لە شتێک کە بشێت بمانکاتە کۆیەکی پڕ (whole). لەگەڵ ئەمەشدا، ئێمە هیچ شتێکمان لەدەستنەداوە تا لە کۆیەتییەکی ئۆرجیناڵ بێبەشمانبکات. بیرکردنەوە لە نوقسانی بەبێ ئاماژەکردن بە پڕێتی، توانای سیاسیی نوقسانی و نامۆبوون دەگۆڕێت. وێڕای ئەوەشی چۆن دێتە بەر گوێ، نامۆبوون بەبێ ئاماژەکردن بە دۆخێکی نامۆنەبوو بوونی هەیە.  نامۆبوون سەرچاوەی هەموو ئازارێکی مرۆیە- گەر نامۆنەبووباین، ئەوا ئازارمان نەدەچەشت- بەڵام سەرچاوەی هەموو تێربوون و ڕەزامەندی[11]یەکیشە. بەبێ نامۆبوون، بێ هەر شتێک دەژین کە نرخ بە ژیان دەدات، چونکە ئەو فەزایەمان نامێنێت پێچەوانەی شتە پێدراوەکان ڕەفتاربنوێنین. [ئەوکات] سوبێکتەکان هیچ نابن، ئەوە نەبێت هێزەکان بەرهەمیاندەهێنن. نامۆبوون دەرچەیەک بۆ هەر چالاکییەکی چێژبەخش ئاوەڵادەکات- لە ئەنجامدانی سێکسەوە بۆ خواردنی کێکێک و تا موناقەشەکردنی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانییش.

 ئەوەی ئاخێوەران لە باقیی گەردوون جیادەکاتەوە، توانای تێگەیشتنیانە لە نەبوونی خودشوناسی. زمان بوار بە سوبێکت دەبەخشێت نامۆبوونەکەی وەک ئەو شتە بناسێتەوە کە بونیادنەری کەسێتییەتی. ئەو مەودایەی زمان دەیخاتە هەناوی هەبووە قسەکەرەکانەوە، پەیوەندیی [قسەکەران] بە نامۆبوونەوە دەگۆڕێت. سوبێکتانی دال دەکارن خۆیان وەک نامۆبوو بناسنەوە و نامۆبوونەکەیان هەڵبگرنەوە. دەکارن چێژ لە نەبوونی خودشوناسیدا بدۆزنەوە، نەک تەنیا لێی هەڵبێن؛ بەڵام ڕەتکردنەوەی بینینی نامۆبوون وەک بونیاد، ئەم ئەگەرە کوێردەکاتەوە.

 دەبێت وا بیر لە پرۆژە سیاسی و وجوودییەکانمان بکەینەوە، کە هەوڵن بۆ زاڵبوون بەسەر نامۆبووندا. هەرچەندە ئاوارتەی گرنگیش هەن، بەڵام زۆربەی هەوڵەکانمان نامۆبوون وەک شتێک وەردەگرن کە دەبێ بسڕدرێتەوە. چارەسەرکاران پێیان‌وایە یارمەتی نەخۆش دەدەن بۆ ئەوەی خودشوناسی بەدەستنهێنێت. شۆڕشگێڕە سیاسییەکان هەوڵ بۆ کۆمەڵگەیەک دەدەن تێیدا بتوانن بە هارمۆنی لەگەڵ ئەوانیتردا بژین. چالاکوانە ژینگەییەکان هەوڵ بۆ فۆرمێکی بوون دەدەن لە داهاتوودا، کە لەگەڵ باقیی دنیای سرووشتیدا لە پەیوەندیدا بێت. وێڕای هەمەچەشنیی ڕادیکاڵی ئەم پرۆژانە، کەچی لە هەموویاندا نامۆبوون ئەو شتەیە کاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتەدەر، گەرچی ڕاستەوخۆ ناویشی ناهێنن. لە ڕێگا زاڵ و باوەکانی بیرکردنەوەدا، نامۆبوون ئەو شتەیە دەبێت بەسەریدا زاڵ ببین، نەک ئەوەی شتەی هەموو هەوڵەکان دەخاتەگەڕ.

 ئەم کتێبە تێڕوانینێکی تەواو جیاوازی بۆ نامۆبوون هەیە. بانگەشەی ئەوە دەکات هەوڵ بۆ زاڵبوون بەسەر نامۆبووندا وەڵامێکی ڕادیکاڵ نیە بۆ دۆخی ئێستای شتەکان، بەڵکو شکستی دیتنی هێزی بونیادیی نامۆبوونە دەرهەق بە مە. لەبری ئەوەی هەوڵی زاڵبوون بەسەر نامۆبووندا بدەین و بچینە بوونێکی نامۆنەبووەوە، پێویستە نامۆبوون وەک پرۆگرامێکی وجوودی و سیاسی ڕزگاربکەین. نامۆبوون ڕزگارییە.  

 

 

 

 

پەراوێز:


[1] Embracing Alienation

[2] Emancipation

[3] Primary

[4] مەرگ نیشانەی کۆتایی نامۆبوونە، چونکە ئەو خاڵەیە تێیدا بەتەواوی دەبینە نامۆ. لەگەڵ مەرگدا، سوبێکت بەتەواوی لە ئەویترێتیدا خۆی ون‌دەکات بەبێ ئەوەی هیچی خۆی بەدەستەوە بمێنێت.

[5] Self-identity

[6] Masculine

[7] Feminine

[8] The Unconscious

[9]  فرۆید لە دەرووندا لەپێشینەییەکی بونیادی بە نەست دەبەخشێت. گەرچی عادەتەن نەست لە کۆنترۆڵی ئاگاییمان دەردەچێت، بەڵام لەچاو بیرکردنەوەی ئاگایانەماندا ڕۆڵێکی گەورەتر لە فۆرمسازیی کەسێتییماندا دەبینێت. فرۆید لە لێکدانەوەی خەونەکاندا دەڵێت: «نەست، واقیعی ڕاستەقینەی دەروونمانە».

[10] Self-identical

[11] Satisfaction