ئایا پێگەى هونەرمەند و ڕۆشنبیر، قەرزێکى کۆمەڵایەتییە؟
(هەندێک سەرنجى سەرەتایی)
وەلید عومەر
ڕۆڵى سیمبوڵى
پێگەى ڕەمزیی هونەرمەند و ڕۆشنبیر و هتد لە کۆمەڵگاى ئێمەدا، وەک زۆر پرسى تر ئاڵۆزن. بەڵام ئەم ئاڵۆزییە ماناى ئەوە نیە، هەندێک هێڵى گشتى و ئاسۆى تایبەت نەکێشین. ئەو ڕۆڵە سمیبوڵییەى دەکەوێتە سەر شانى مرۆى دەستەبژێر (نوخبەیی)،
دەتوانین بڵێین هونەرمەند/ڕۆشنبیر، سەرەتا وەک هەر مرۆڤێکى تر تاک (individual)ن. تاکیش پێدراوێکى بەتاڵە بەهۆى زمان و مێژوو و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هتدەوە شوناسى خۆى پڕدەکاتەوە. سەرەتا تاک هەیە, و دواتر دەبێتە سوبێکت (subject). سوبێکت بەراورد بە تاک, خەسڵەتێکى زیاترى وەرگرتووە. جیاوازیی تاکێکى ئاسایی و تاکێکى پێگەدار لەوێوەیە کە پێگەدارەکە جارێکى تریش خەسڵەتوەردەگرێت و خەڵک/کۆمەڵگا ئەم خەسڵەتەى دەدەنێ. خەسڵەتپێدان (Determination), لە دونیاى فیکردا واتە هەر شتێک بەهۆى شتێکى ترەوە خۆى ڕاگرتووە و بەتەنیا بریتییە لە بۆشایی. ئەوەى زۆرجار لە زارى هونەرمەندانەوە دەیبیستین (خۆشەویستیی خەڵک)، لەبنەڕەتدا ئەم خەسڵەتپێدانەیە، ئەو تایبەتمەندییەى کە ئەوانى لەڕووى ڕەمزییەوە دەوڵەمەندکردووە. ئەمە لە ترۆپکدا بۆ پاشا و سەرکردەش ڕاستە. ئەوانیش لەناو سووڕى ڕەمزیی کۆمەڵگادا شوناسى خۆیان وەردەگرن. لاکان دەڵێت ئەو شێتەى خۆى لێ بووەتە پاشا، هێندەى ئەو پاشایە شێت نیە کە پێى وایە خۆى هەر بەزات پاشایە. واتە شێتەکە بە خەیاڵ خۆى لێ دەبێتە پاشا، بەڵام پاشاکەش دیسان هەر لەنێو کۆپەیوەندییەکى خەیاڵى-ڕەمزیدا دەبێتە پاشا و خەڵک ئەویان کردووە بە پاشا. گەر پاشاکە وا بزانێت لەخۆوە بووەتە پاشا، لە شێتەکە شێتترە. خەڵکیش بەتەنیا ئەو ژمارە زۆروبۆرەى مرۆڤەکان نین لە شوێنە گشتییەکان، بەڵکو مەبەست لەو شوێنە تۆپۆلۆژی یاخود فشارە خەسڵەتپێدەرە دیالەکتیکییەیە کە لە هەناوى کۆمەڵگادا کاردەکات. خەڵک (یان ئەم فشارە دیالەکتیکییەى ناو کۆمەڵگا)، شوناس بە کەسانى هونەرى دەبەخشن. متمانە دەدەن بەوان. متمانەکە وەک قەرزێکى کاتى وایە، هەتا گەر بێتو تا کۆتاییش بپارێزرێت. بەهۆى خراپبەکارهێنانى ئەم متمانەیەوە، کەسەکە خۆى تووشى تەنگژەیەکى دوولایەنە و دیالەکتیکى دەکات. واتە ئەو قەرزە وەک قەرز تێناگات کە لایەتى. دەسەڵاتی سیاسییش کە پوختەى هەموو دەسەڵاتەکانى ترە لە کۆمەڵگادا[1]، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئەم قەرزە سیمبوڵییە. گەر لە ڕوانگەى دەروونشیکارییەوە سەیرى پێگەکە بکەین، بەشێکى بۆ ئەوە درووستبووە تاکو خەڵک (بە واتاى مرۆڤە زیندووەکانى ناو ژیانى ڕۆژانە) مەراق و نائومێدییەکانى ڕۆژانەیانى پێ خاڵى بکەنەوە. لەگەڵیدا "هاوشوناس" دەبن بۆ ئەوەى لاوازى و "بێ-دەسەڵاتى"ـى خۆیانیان بیربچێتەوە. کاتێک فڵانى، ئەم پێگەیە پێشکەشى دەسەڵات دەکات دیسان تووشى ناکۆکى دەبێت، شوناسەکەى لە ناوەڕۆک بەتاڵ دەبێتەوە، و بیریچووە ڕەهەندێکى کۆمەڵایەتى لەپشت ئەم شوناسەوە هەیە. سادەتر: پێگەکە بۆ خەڵک، قەرەبووکردنەوەى پێگە سیاسییەکەیە کە هەموو کەس پێى ناگات؛ بۆیە پێشکەشکردنى بە دەسەڵات یەکڕاست ناکۆکییەک قوتدەکاتەوە کە بوارى بەرەوپێشچوونى تیا نیە پووکانەوە نەبێت. هەڵبەت هەموو نزیکبوونەوەیەک لە دەسەڵات، بە ماناى پێشکەشکردنى پێگەکە نایەت، چونکە خەڵک لەبنەڕەتدا جاروبار (بەتایبەت لە سەرەتاکانەوە) پێویستیان بەوەیە دەسبازییەکى نەرم و هەژمووندار لەنێوان کەسەکە و دەسەڵاتدا ببینن بێ ئەوەى سەربکێشێت بۆ دەسکەوتى زەق و ناهەق.
فرۆید لە هەرکەس باشتر ڕۆڵى بنەڕەتیی هونەرمەندان و هزرمەندان ڕووندەکاتەوە و لە کتێبى "داهاتووى وەهمێک"دا دەنوسێت: «هونەر، تێربوونێکى جیاوازتر بۆ ئەندامانى کەلتور دەڕەخسێنێت، گەرچى عادەت وابوو لە دەستى ڕەشەخەڵک بەدوور بێت، ئەو خەڵکەى کە کارى تاقەتپڕووکێنیان لەسەرشانە و بە هیچ پەروەردەیەکى تاکەکەسىیشدا تێنەپەڕیون. وەک دەمێکە تێگەیشتووین، هونەر کۆمەڵێک ]ڕەزامەندى[ و تێربوونى جێگرەوە بۆ کۆنترین و هەتا قووڵترین چاوپۆشییە کەلتورییەکانیش پێشکەشدەکات؛ و هەر لەبەر ئەمەش هیچى تر ناکات جگە لەوەى مرۆڤ لەگەڵ ئەو قوربانیدانانەدا ئاشتبکاتەوە کە کەلتور لێىدەخوازێت. لەلایەکەوە، داهێنراوە هونەرییەکان هەستى هاوشوناسبوون دەگەیەننە ئەوپەڕ، ئەوەى کە هەموو بازنەیەکى کەلتورى زۆر پێویستێتى؛ ئەمەش بە بەشدارى لە باڵاترین ئەزموونە هەستەکییەکاندا ئەنجامدەدات. كاتێكيش داهێنراوە هونەرییەکان وێنەى دەسکەوتە کەلتورییە تایبەتەکان دەکێشن، و بەشێوەیەکى کاریگەر ئایدیاڵە کەلتورییەکان بیرى تاکەکەس دێننەوە، ئیدى تێربوونێکى نارسیستى بۆ تاک دەڕەخسێنن[2]».
لەوێوە کە پەیوەندیی بە باسەکەمانەوە هەیە، فرۆید دەیەوێت بڵێت ڕیشەى کایە هونەرى و هزرییەکان لە کۆمەڵگادا چین و بۆچى هەن. کاتێک کەمینەیەک ڕۆڵى هونەر دەگرنەئەستۆ، دەبێت بزانن شتانێک بۆ ئەوانە قەرەبوودەکەنەوە کە خۆیان نەیانتوانیوە. لێرەدا جۆرێک نیگای چینایەتى/توێژایەتى دەبینین، کە تۆزێک سرووشتییش دەرخراوە. چینێک/توێژێک دەبنە هونەرمەند، بۆ ئەوەى فەزایەک بۆ ئەو شتە قەدەغەکراوانەش بڕەخسێنن کە چینەکانى خوارەوە ناتوانن ئەزموونى بکەن یاخۆ کۆى کۆمەڵگاش هەر نابێت ئەزموونى بکات و لە تابۆ و قەدەغە کەلتوری و شارستانییەکانن. هەڵبەت ئەم حوکمەى فرۆید، سەر بەو ڕاستەهێڵەى کەلتورە کە هێشتا کەمینەیەک خاوەنى دەسەڵاتن و خەڵک نەگەیشتوون بە خۆبەڕێوەبەرى و دابەشکردنى ئاسۆیی دەسەڵات.
ئێستاش پرسیارێک لێرەدا درووستدەبێت: ئاخۆ کەسى پێگەدار، چ ڕۆشنبیر بێت یان هونەرمەند و لق و پۆپەکانى، دەبێت هەمیشە لە زوهد و خۆگرتنەوەیەکى ڕەهادا بمێننەوە؟
زوهدى کلاسیک
دیارە نەخێر، ڕیشەى کێشەکە تەنیا دەسکەوت و ئیمتیازى بەرجەستە نیە. لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، مافى مرۆڤ و هاوڵاتى (چ پێگەیەکى ڕەمزیی هەبێت یان نا)، مافێکى پارێزراوە. لە پرسە مادییەکانەوە تا مەعنەوى، بەپێى یاسا ڕێکخراوە. واتە هەمووکەس سەرەتا هاوڵاتییە و سودمەندە لە مافى هاوڵاتیبوون, دواییش ڕۆڵى کۆمەڵایەتیی هەرکەس جیادەبێتەوە. لەم ڕووەوە کەسێک و دووان و چەند، ناتوانن بەناوى پێگەکەیانەوە ئیمتیازى زیادە لە دەوڵەت و دەسەڵات وەربگرن. یاسا، شکۆ و کەرامەتى هەموان تا ئاستێکى «باش» دەپارێزێت. بەڵام لە کۆمەڵگە نایەکسان و دواکەوتووەکاندا، ئەگەرەکانى گەمەکردن بە پێگەکەوە زیاترە. دەسەڵاتیش باشتر دەتوانێت کڕین و فرۆشتن بەو پێگە ڕەمزییانەوە بکات. کەواتە پرسى دەسکەوت، تاکە هۆکارى یەکلاکەرەوەى پرسەکە نیە. ئەرگۆمێنتێکى سادە لێرەدا ئەوەیە کە زۆرجار خەڵک لە دۆخێکى مادیی باشیشدایە، بەڵام پێویستى بە وەکیلێکە لە پێگەیەکدا بوەستێت و ململانێى دەسەڵات بکات. ململانێکە لە مادەدا کورتنابێتەوە، بەڵکو مادە یەک لە دەرکەوتە ڕاستەوخۆکانى ململانێکەیە. بەتایبەت دەرهەق بەو هونەرمەند و نوسەرانەى وا بێ ئەوەى موحتاج بن، متمانەى خەڵک دەگۆڕن بۆ ئاڵوگۆڕ و کاسپیى شاراوە. ڕەنگە زۆرجار ئەو دەسکەوتە هێندە زۆریش نەبێت کەسەکە وەریدەگرێت، بەڵام کەلێنێکى گەورە دەخاتە ئەو متمانەیەوە کە پێى سپێردراوە.
لە ژیانى تاکەکەسیش بترازێت, بوارى ڕۆشنبیرى و هونەرى و هتد, پێویستیان بە پیتاکێکى شەفافى حکومییە. لە سیستەمى سەرمایەدارى دا, دەوڵەتان و حکومەتەکان زوو زوو دەچنە هاناى کۆمپانیا و بانکە مایەپووچبووەکانەوە بۆ ئەوەى نەکەون و بازاڕیش لە قەیران ڕزگاربکەن, بەڵام ئەم بایەخەیان بۆ بوارە مرۆییەکان نیە. ئاشکرایە قازانجى دەوڵەت پتر لەو باجەى ئەواندایە تاوەکو تێچووى کارى ڕۆشنبیرى. لەو ساڵانەى دواییدا, زانستە مرۆییەکانى ناو زانکۆکان, تووشى هەمان پەراوێزخستنى حکومى بووەوە و ئەویش دێتە ناو ئەم کێشە ڕۆشنبیرییانەوە. لێرەدا ئیشى بکەرە مرۆییەکان ئەوەیە خۆیان شەڕى ئەو مافانە بکەن. ئەویش لە فۆرمێکى یاسایی ڕێکخراودا کە بوار بۆ قۆستنەوەى تاکەکەسى نەهێڵێتەوە. لە کەلتورى خۆرهەڵاتى دا یان ئەوەیە ژیانى ڕۆشنبیرى دەبەسترێت بە زوهد و هەژارییەوە, یان ئەوەیە تاکوتەرا بەناوى کایەیەکەوە و لەڕێى حیزبەوە, دەست بەسەر موڵکێکى گشتیدا دەگرن.
کایەى ڕۆشنبیرى, خۆى "زیادە"یەکى کەلتورى بەرهەمدێنێت کە لە هەر دەسکەوتێکى مادیی ڕاستەوخۆ جیادەبێتەوە. دەشێت هونەرمەندێک خۆى بەمیرات یان سامانى کەسى دەوڵەمەند بێت, و پێویستى بە دەسگیرۆیی حکومى نەبێت. یان یەکێکى تر, بڕێک جەخت لەسەر پیشەکەى و دەسگیرۆییش بکاتەوە. ئەمانە هیچیان کۆتا ئامانجى کایەکە نین. دەشێت بۆ ماوەى چەندین دەیە, دەسەڵات و نوخبەش لە هەژارییەکى ڕەها, گرانى, قەیرانى ئابورى, قاتوقڕى دا بژین؛ بەڵام لە ئاستى تاکدا کۆمەڵگا ئەفراندنى دەوێت و لە ئاستى کۆشدا دەیەوێت ڕۆشنبیر و هونەرمەند مەوداى خۆیان بە دەسەڵاتەوە بپارێزن. هەتا گەر کۆمەڵگا لە قۆناغێکیشدا پشت بکاتە ئەفراندن و فریانەکەوێت هیچى بوێت, دیسان هاوکێشەکە لە جێى خۆیدا دەمێنێتەوە.
دیسان پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە ئاخۆ متمانەى خەڵک بەم جۆرەى هاتووە هێند پیرۆزە؟
"خوێنى پێشینى"
دیارە نەخێر. یان: وەڵامەکە، دەکەوێتە ئەودیوى پیرۆزى و ناپیرۆزییەوە. بنەڕەتى کۆمەڵگا خۆى لەسەر خوێن و توندوتیژى درووستبووە، نەک شتى نەرم و پیرۆز. بەردى بناغەى کەلتور و کۆمەڵگا، لەسەر "خوێنێکى پێشینى- a priori blood" و بونیادى درووستبووە. چیرۆکى کوشتنى باوکى سەرەتایی، چیرۆکى ئەم خوێنە پێشینییەیە. دیارە زاراوەى پێشینىم لە کانتەوە وەرگرتووە، کە مەعریفەیەکە دەکەوێتە پێش ئەزموونەوە بەڵام مەرجى ڕەخسانى ئەزموونیشە. چەمکەکە پتر لە توندوتیژییەکى بنیاتنەر دەچێت کە کەلتورى مرۆیی بنیاتناوە، بەڵام بەردەوام بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ و میدیۆمدار دەگەڕێتەوە. لێرەدا دیوێکى کەمتازۆر میتافۆرییمان داوە بە چەمکەکە و ئاماژەیە بۆ ئەو مێژووەى کە کەلتور و کۆمەڵگا لەسەر دەزگاییبوونەوەى خوێنێک ڕسکا (کۆمەڵگاى کوردییش بەشێکە لە کەلتورى مرۆیی و لەم خوێنە پێشینییە بەدەر نیە).
ئەم خوێنە بنیاتنەرەى کەلتورى مرۆڤ، دەگاتەوە بە پێگە ڕەمزییەکانیش: لە سەرۆکى دەوڵەتەوە تا هەر پێگەیەکى ڕەمزیی تر، شتێک لە توندوتیژیی لێ ئاڵاوە. کاتێک خەڵک متمانە و خۆشەویستیی خۆیان دەبەخشن بە فیگەرێک، لەڕاستییدا ئەمانەتێکى کەمتازۆر ترسناکى پێ دەبەخشن. متمانەکە لە بۆمبێکى خۆپارێز دەچێت کە ئەگەرى خۆلەناوبردنیشى هەیە. هەمیشە بڕێک پرەنسیپ و هۆشیاریی پێداگر و نائومێدییش پێویستە بۆ پاراستنى ئەم بۆمبە سیمبوڵییە لە گیرفاندا. ئەو خوێنە پێشینییەى کە دەکەوێتە پێش هەموو خوێنە بەشەکى و ڕۆژانەییەکانەوە، لەو متمانەیەدا بەرهەمدێتەوە. هەموو دەزانین بەرهەمهێنان، بەبێ بەرهەمهێنانەوە درێژەى نابێت. چیرۆکى درووستبوونى کۆمەڵگا، بۆ چەپ و لیبراڵ و ئەوانیتریش هەر تێکڕا جێى پەسەندکردنە. بۆیە ئەو پرسیارەى ئاخۆ هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، بەشێکن لە خەڵک یان نا، پێشوەخت وەڵام دراوەتەوە: بەڵێ، بەڵام بەشێوەیەکى دیالەکتیکى. تۆ لە فەزاى تایبەتیی خۆت و کەشى داهێناندا ئازادیت، بەڵام ڕایەڵەیەکت بە دەرەوەى خۆتەوە دەمێنێت؛ ڕایەڵەیەک بە دەسەڵات و میکانیزمەکانى ئیشکردنى دەسەڵاتەوە. دیالەکتیکەکە لەو سووڕى خوێنەدا کاردەکات کە کۆمەگاى لەسەر بنیاتنراوە. لە مێژوودا جاروبار هەنگاوى گرنگ نراوە بۆ دەرچوون لەم سووڕە, بەڵام بونیادەکە نەشکاوە. هونەرمەند/ڕۆشنبیر، هەم مەودایەک لەو خوێنە پێشینییە وەردەگرێت بۆ ئەوەى کۆمەڵگا بڕەخسێت و بەردەوام بێت، ئازادى هەبێت، خەڵک پشوویەک بدات، یان ڕۆحە لاوازەکان پشوویەک بدەن (بە قەولى نیچە)؛ هەم بێ ویستى خۆیشى بەشێک لە گەمە ئەبەدییەکە/بونیادییەکە بەرهەمدەهێنێتەوە- گەر کۆمەڵگایەکى نوێش لە داهاتووى دووردا بێتەئاراوە و یەکجارى ئەم سووڕە بپچڕێنێت پرسێکى ترە با مەحاڵیش بێت. ئەو خاڵەشمان بیرنەچێت کە فیگەرەکە جاروبار لە غافڵگیرییەکدا ئەم پەیمانە پێشیلدەکات بۆ ئەوەى وێناى خەڵک بۆ شتەکان بگۆڕێت (بۆ نمونە، هەموو دەرکەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتدا بە واتاى خۆڕادەستکردن و فرۆشتنى متمانەکە نەیەت)، یان ڕێساى یارییەکان بگۆڕێت بێ ئەوەى بتوانێت هەروا ئاسان چیرۆکەکە بسڕێتەوە. فیگەرى ڕەمزى نچاارە بە هۆشیارییەوە مامەڵە بەو ڕێسایانەوە بکات (لە دواى ڕاپەڕینەوە لە گوتارى ڕۆشنبیریی ئێمەدا نزیکبوونەوە لە قەڵەمڕەوى دەسەڵات هێند بەشەیتانیکرا، کە بوارى هیچ ڕێکەوت و تاکتیکێکى نەهێشتەوە و زۆرجاریش خاوەنى ئەو گوتارانەى تێ خزا و ڕووبەڕووى نەفرەتى خەڵک بوونەوە).
ئەى ئەگەر...
دەوترێت: ئەى گەر بۆ تاکەکەى خەڵک (نەک کۆى خەڵک) بڕەخسێت، خۆیشیان ناچن بە پیریی داوەتى دەسەڵاتەوە؟ بێگومان ئەمە ئەگەرێکى بەهێزە و هەمیشەش لە ئاستى تاکەکەسدا ڕوودەدات. بەتایبەت لە کۆمەڵگاى کوردى دا دەسەڵات شەبەنگێکى ئەفسووناویی تایبەتى هەیە و هەر بەرپرسێک دەستى بە سەرى کەسێکدا هێنابێت، تێڕوانینى ئەو کەسەى بۆ خۆى گۆڕیوە. بۆیە خەڵکیش، بەتایبەت تاکەتاکەى خەڵک، لەبنەڕەتدا پیرۆز نین. تەنانەت خودى گریمانەکە، لەبنەڕەتدا گریمانەیەکى هەڵە و ناکۆکە؛ چونکە یەکسەر لەوێدا کەسێکى ئاسایی و کەسێکى پێگەدار یەکساندەکەین بە یەک. کەسە ئاساییەکان ئەو بەرپرسیارییەى کەسێکى پێگەداریان نیە. تەنانەت کەسى پێگەدار بۆیە ئەو ڕۆڵەى وەرگرتووە تاکو تاکەکەس زۆر ناچار نەبێت بیر لە دەسەڵات بکاتەوە. تاکەکان بەتەنیا ناتوانن زۆر بەرهەڵستى بنوێنن، بۆیە متمانەیان بە سیمبوڵێک داوە. بۆیە کاتێک پێگەدارەکە لاوازە، ئیدى گەر تاکێکى ئاساییش لاواز بێت ئەوا لە سەرى ناکەوێت. بە دەربڕینێکى تر، نابێت پەیوەندیی دیالەکتیکیی نێوان تاک و کۆ (یان تاکە و پێگەدارەکە) تێکبچێت. لێرەدا ئێمەى مرۆڤ بیانوو بۆ دۆخێک دێنینەوە کە دەزانین نابێت تێکبچێت. لێرەدا پێویستدەکات لە دەروونناسییەوە بپەڕینەوە بۆ دەروونشیکارى: واتە لە تاکەوە بۆ کۆ، بۆ ئەویتر، بۆ پەیوەندییە نێوسوبێکتى و کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە "ئەگەرەکە" پتر لە نکۆڵییەکى ئایدۆلۆژى/نەستەکى دەچێت، چونکە دەزانین پەیوەندیی تاک و کۆ لەو ساتەدا تێکچووە. لەوەش هەستیارتر، نواندنى بەزەیی خەڵکە دەرهەق بە شوێنى تاکەکەسیی خۆیان لەو فیگەرە پێگەدارەدا. هەڵوەشانەوەى فیگەرەکە یاخۆ پەیوەندییەکە، هەڵوەشانەوەى پشکى ئەوانیشە لەو پەیوەندییەدا. لەو ساتەدا پەیمانێکى ڕەمزى، یاخۆ ئەویترى گەورە هەڵدەوەشێتەوە و ناکۆکیی خۆى دەردەخات. بەشێک لە خەڵک سەرزەنشتى فیگەرەکە دەکەن، بەشێکی تریشى ڕووەو سەرزەنشتکەران دەڵێن: بۆ هەرکامتان بڕەخسێت، ئێوەش بە ڕاکردن دەچن. مەبەستیان ئەوەیە ڕێگرییەک بخەنەڕوو نەک ڕێپێدانێک. قسەکە جۆرێکە لە ڕێگرى لەڕێى ڕێپێدانەوە. ئەویترى گەورە هەمیشە لەم ناکۆکییە پێکدێت. بەشێکى ڕایدەگەیەنن کە ڕواڵەتەکە کەوتووە، بەشێکى تریشى بیانوو بۆ کەوتنەکە دێننەوە. ئەمە ڕاستییەکە کەلتورى مرۆیی بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتى و ناونشینى کردووەتەوە.
نەوت و کەلتور
ئابوریی نەوت لە کوردستان، هەندێک دیاردە یاخود سوبێکتى تازەى هێنایەکایەوە. واتە ئەو سەرمایەى لاى بەرپرسانى کورد کۆببووەوە، هەندێک دیاردەى نوێى وەک مۆدێلەکان، ژۆرنالیستە پڕمووچەکان، و وەچەکانى بنەماڵەى قوتکردەوە. ئەم گۆڕانانەوەسوەسەیەکى لە ناوەندى هونەرى و ڕۆشنبیری و تەنانەت لاى خەڵکە گشتییەکەش درووستکرد کە «بۆچى منیش نەمبێت؟». هەندێک بکەرى هونەرى و ڕۆشنبیرى، کە پێدەچێت دوودڵ بووبن لە پێگە و پیشەکەى خۆیان، سەرمایە ڕەنزییەکەى خۆیان گۆڕییەوە بە ئیمتیازى مادى. ئەم دۆخە تا ئەو جێیە کارى کردە سەر ژنان کە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بچنە ململانێى بزنس و بازاڕەوە تاکو شتێکى هەرەکەمى وەک مۆدێلەکانیان دەستبکەوێت. فشارەکە بێ لەوەى دەروونى بوو، ئابورییش بوو: بێکارییە و ژنیش پێویستى بە سەرچاوەیەکى سەربەخۆى داهاتە. بەڵام ئاشکرایە مۆدێلەکان شتێکى خێرا هەڵتۆقیو بوون، نە خاوەنى پێگەى ڕەمزى بوون و نە ڕەوایەتیی کۆمەڵایەتییشیان هەبوو. دەکرێت خاڵى کۆبوونەوەى ڕانتێکى نەوتى و سەرمایەدارییەکى مەسرەفى و میدیایەکى حیزبى بووبێت. ژنێکى "مەسخبوو"ن کە هیچ باگراوەندێکى ڕۆشنبیرى و فێمینیستییان نیە. ئەم دۆخە، نەک هەر کاریکردە سەر ژنانى کۆمەڵگا، بەڵکو کاریکردە سەر کۆى پانتایی هونەرى و ڕۆشنبیرى. ناهاوسەنگییەک لەنێوان متمانە کلاسیکییەکە و دەسکەوتە خێراکاندا درووستبوو. هەندێک کەسیشى خستە سەر ئەو کەڵکەڵەیەى جێنەمێنن.
هەر لەناو ئەم گۆڕانکارییانەدا، مناڵى بنەماڵەکان بوونە خاوەنى سەرمایەیەکى خێرا. بەڵام ئەم سەرمایەیە، پێویستى بە سەرمایەیەکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتییش بوو بۆ ئەوەى ڕەوایەتى وەربگرێت. بۆیە لە هەموو جومگەکانەوە تەما و پاداشت خرایە بەردەست ئەوانەى ئیعتیبارێکى کۆمەڵایەتییان هەیە. پارە دەدەن بۆ ئەوەى کەلتور بکڕن، لەکاتێکدا هەموو دەزانین کەلتورسازى پرۆسەیەکى درێژخایەنە و کۆمەڵێک بەهاشى لەپشتەوەیە. گەر بۆ هەندێک کەس دەستبدات، بۆ هەندێکى تر دەستنادات؛ چونکە کەلتور لەبنەڕەتدا پێویستى بە هیشتنەوەى کۆمەڵێک بەهایە. دیمەنى ئەم دواییەى ئەکتەرێکى کوردى، کۆى وەرچەخانەکەى پێ پیشانداین. ئەم میراتگرە گەنجە کە خۆى خاوەنى سەرمایەیەکى کەڵەکەبووە، پێشوازى لە «سەرمایە»یەکى کەلتورى دەکات بۆ ئەوەى پێگەى خۆى زیاتر بچەسپێنێت. ئەم دیمەنە هەڵگرى دژیەکییەکى کاڵوخاوە، نەوت (سرووشت) و هونەر (کەلتور) ڕووبەڕووى یەکتر دەبنەوە. سادەترین زمانى جەستە، یاخۆ شهودى کەڵەکەبووى خۆڕسکى خەڵکیش تێدەگات چى لە پشتى دیمەنەکەوە هەیە. لێرەشەوەیە پرسیارگەلى وەک "ئەى بۆچى لەگەڵ بەرپرسانى تردا نەتانکردە هەرا"، وەک پرسیارێکى بەسنەبوو دەمێنێتەوە. دیارە حیزبەکەى تریش شەریکەبەشە، بەڵام بارتەقاى ئەم دیمەنەى ئێرە ئاوس نیە بە هەندێک هەستیاری. هەندێکجار حەقیقەت ناڕاستەوخۆ و پاڵێوراو خۆى پیشاندەدات (بگرە زۆرجار بەم شێوەیەیە)، بەڵام جاروباریش تەواو خام و ناقۆڵا. بەتایبەت دیمەنەکە لە قۆناغى وێنەسەنتەرى دا، چەند ڕاستییەکى تریش بەزەیندا دەهێنێتەوە کە بۆ خەڵک نیگەرانکەرن، لەوانە: بەخشینى "ڕابردوو"یەکى کەلتورییە بە "داهاتوو"یەکى سیاسیی نایاسایی. یاخود، سەردانى پێچەوانە کە ڕێزلێنانى مەعنەوى دەگۆڕێت بۆ شتێکى تەمومژاویترى چەشنى دەسکەوتى ڕووت. هەڵبەت لێرەدا ئەوەش دووپاتبکەینەوە کە پرسەکە پرسێکى کەسى و ئەخلاقیی ڕووت نیە، مرۆڤێکى تیا بکرێتە شەیتان. بەڵکو پرسێکى سەروو-تاکەکەسیی سەرووئەخلاقییە کە تاک و ئەخلاق لەناو کۆپەیوەندییەکانى کۆمەڵگادا دەخوێنرێنەوە.
بەڵام وێڕاى ئەوەش کۆپەیوەندییە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتییەکان لاى ئێمە، هێشتا تێکەڵەیەکن لە میکانیزمى خێڵ و مۆدێرن. بۆ نمونە، هێشتا لە حیزبى کوردى دا، پێوەرى کەسى و بنەماڵەیی و شار و ناوچەش کارى خۆى دەکات. بەشێک لە هەڵگەڕانەوەکانى ئەو ساڵانەى هونەرمەندان و نوسەران لەنێوان هەردوو زۆنى دەسەڵاتدا، پەیوەندیی بەو ڕقە ناوچەییەوە هەبووە کە حیزب چاندوویەتى. زۆرجار مامەڵەیەکى نوخبەیی هەبووە بۆ شکاندنى ئەم ڕقە، بەڵام هەر حیزب خۆى پرسیارى لەسەر شوناس و کەسێتیی نوخبە داناوەتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن بەسەر ئەم ڕقە ناوچەییەدا زاڵ ببین بەبێ ئەوەى بکەوینە داوى حیزب و مەکرەمە تایبەتەکانیەوە، واتە تەنیا مەکرەمە و پاداشت پاڵنەر نەبن. ئەو ژێستەى جاروبار یەک لە حیزبەکان دەینوێنن بۆ تێپەڕینى ناوچەگەرى، خۆى لەبنەڕەتدا ئیشى نوخبەى هونەرى و ڕۆشنبیرییە. لەم حاڵەتانەدا، ڕەگەزێک لە "كرانەوەى ئەرێنى" هەیە بە ڕووى ئەویتردا کە لە تەوقیتێکى خراپ و هەستیاردا تێکەڵ بە هاوکێشەیەکى سیاسی و ئابورى بووە. ئەم ڕەگەزە چۆن لەم هاوکێشانە ڕزگاردەکرێت، پرسێکى ترە. سەرمایە, بەردەوام سنورەکان دەبەزێنێت بەڵام ئەمە لەپێناوى سووڕى خۆیدا دەکات نەک مەرامێکى تر[3].
پەراوێز:
[1] . چونکە دەسەڵاتى سیاسى، دەسەڵاتێکى ڕاستەوخۆ و تراوماییە و لە مێژووى خوێن و زەبروزەنگ پێکهاتووە- و
[2] . داهاتووى وەهمێک، ل٣٣-٣٤، و. وەلید عومەر، ٢٠٢٤
[3] . وێڕاى ئەمانەش، ڕەگەزێکى نوێ خۆى کردووە بەناو دۆخەکەدا و هەموان بەرەو پاداشتێکى دەرەکى هاندەدات- ئیدى لە فیستیڤاڵەوە بۆ پاداشت و مەکرەمەى تایبەتى و هتد. ئەم ڕەگەزە نوێیە، بەهۆى ئەو شتەوە پەرەیسەند کە پێىدەوترێت "گەشەپێدانى مرۆیی". ئەو هاندانە نەبڕاوەیەی تاکەکەس کە لە گەشەپێدانی مرۆییدا هەیە، دەرەنجامە نەرێنییەکەی لەسەر زۆرینە (و ئێستاش بەتایبەت خوێندکار دەرکەوتووە)- ئەنجامی ئەرێنی تەنیا بۆ کەسانێک بوو خێرا خۆیان دەوڵەمەندکرد. ئەم هاندانە بەخشندە و فیچقەکردووە، ئەو دیوەى سوپەرئیگۆى کەلتورى لاوازکرد کە میراتێکى سەدان و هەزاران ساڵەى بۆ مرۆڤ ى کەلتورنشین ئەفراندووە. دەتوانین بڵێین، هاندانی دەرەکیی ڕووت، بەبێ زایەڵەیەکی ناوەکیی سوپەرئیگۆ، مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ نیمچە-ماشێنێک. گەرەکە مرۆڤ لە ناوەوەڕا خۆیشی گەشەبکات، پەیژە دژوارەکانى ئەزموون ببڕێت، بەرپرسیاریی تیا بڕسکێت. هەڵسووڕان بەپێی هاندانی دەرەکی، تاکێک درووستدەکات کە ویستی نەمێنێت، جڵەوی بکەوێتە دەستی ئەوانیتر، چاولەپاداشت و ناخهەژار. کەوایە سوپەرئیگۆی فرۆیدی، بۆ سەردەمی دەرەکیپەرستی ئەمڕۆ، ڕەهەندێکی پەروەردەیى گرنگیشى هەیە کە بێجگە لە نوخبە، بۆهەموانیش درێژدەبێتەوە: گوێگرتن لە دەنگى ناوەوە (سوپەرئیگۆ)، وێڕاى توندوتیژییە پێشینییەکەى کە وەک بونیادێک کاردەکات, میراتى بەکۆمەڵێ مرۆڤایەتییشە لە هەریەکەماندا.