ناسیۆنالیزم و ناكامییه‌كانی
(٣)
وه‌لید عومه‌ر
كورد، ساڵانێكی زۆر ده‌یوت چل ملیۆنین؛ ماوه‌یه‌كه ده‌ڵێت شه‌ست یان حه‌فتا و قسوورین. ئه‌م جه‌سته‌یه تا دێت ڕه‌قده‌بێت و هه‌ڵده‌ئاوسێت، به‌ڵام هیچ گۆڕانێكی چۆنایه‌تیی ئه‌وتۆی تیا نابینین. هێند هه‌یه ئوستووره‌ی ئایدۆلۆژیی نوێتر به‌رهه‌مدێنێت. یه‌ك له‌وانه‌ش، پیشاندانی جه‌سته‌ی خۆیه‌تی وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی زلی یه‌كگرتوو. خه‌ونی ئه‌وه‌یه له‌ناو دونیای میدیایی هه‌نوكه‌دا، دیمه‌نی ملیۆنی تۆماربكات. دیاره له‌ناو سووڕێكی ئایدۆلۆژیی وه‌ك ناسیۆنالیزمدا، ڕۆڵ و كاركرده‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی كه خه‌ڵك ده‌ینوێنێت، بۆ كورد جێگره‌وه‌ی ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی تره كه یه‌كینه‌گرتووه. ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی تر كه ناوكه واقیعییه‌كه‌ی به‌رگرییه و ناوی سوپایه. كورد، كه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆی دژیه‌ك سوپای یه‌كگرتووی نیه، له‌م ساتانه‌دا پشت به سوپایه‌كی تر ده‌به‌ستێت كه چه‌كی پێ نیه. ڕه‌نگه ئه‌م سوپا مرۆییه له جێیه‌كدا ببێته مایه‌ی فشار، به‌ڵام ئه‌و نوقسانییه‌ی تر پڕناكاته‌وه. بۆیه نمونه‌ی سوپاش دێنینه‌وه، چونكه هێزی ڕووتی كۆمه‌ڵگا له چه‌كدا كۆده‌بێته‌وه و ئایدۆلۆژیا له‌وێدا گشت ڕووپۆش و نێوانگره‌كان فڕێده‌دات. گۆڕانی ناوی "كوردایه‌تی" بۆ "كوردبوون" كه خۆی ڕه‌هه‌ندێكی پێشمه‌رگانه‌ی هه‌بوو، هێشتاش هه‌ر جێگۆڕكێیه‌كی تۆتۆلۆژییه[1] به‌بێ به‌ره‌وپێشچوونی ناوه‌كی. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م جه‌سته‌یه هێشتا به واتا تیۆری و یاسایی و سیاسییه‌كه‌ی ناكاته نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌بوون له دیوی مرۆیی و ئه‌خلاقی ئاڵۆزتره.
ئه‌م جه‌سته‌یه، له‌ڕووی پێگه‌یشتنی ده‌روونییه‌وه، به پیاو و ژنه‌وه، پتر مناڵه. مناڵ وه‌ك مناڵبوونه‌وه نه‌ك ئه‌زموونی مێژوویی. ناسیۆنالیزمی كوردی، له ئێستادا پێویستی به‌وه هه‌بوو ئه‌م مناڵبوونه‌وه‌یه له نوقسانییه‌وه بگۆڕێت بۆ كامڵی؛ له ناكامییه‌وه بگۆڕێت بۆ پڕێتی. بۆیه‌شه مناڵێكی مه‌مكه‌مژه‌ی ئاڵابه‌كۆڵ له وه‌ختی خۆیدا ده‌ركه‌وت و ئه‌م ئاره‌زووه ته‌وقیتكرده‌ی ڕه‌خساند. ئه‌م مناڵه (به‌جیا له‌وه‌ی سبه‌ی چۆن بیرده‌كاته‌وه)، ڕۆڵێكی تری گێڕا كه په‌یوه‌ندیی به زاتی خۆیه‌وه نه‌بوو: نه‌ته‌وه، له‌بری پێگه‌یشتن؛ خۆی مناڵكرده‌وه. په‌روه‌رده‌ش، وه‌ك یه‌كێك له ده‌زگا ئایدۆلۆژییه‌كان، ئه‌م دیمه‌نه‌ی ڕه‌سمیكرده‌وه. مناڵبوونه‌وه‌كه ئه‌و هه‌سته به ناسیۆنالیزم ده‌دات سرووشتی و بێگوناهه، و له‌سه‌ره‌تاشه‌وه ده‌ستپێده‌كاته‌وه؛ ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ش له ئه‌ستۆی خۆی داده‌ماڵێت كه ناسیۆنالیزم ده‌یسه‌پێنێت[2].
به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین، مناڵ بوونه‌وه‌رێكی پاك و یه‌كپارچه نیه. مناڵ، لانكه‌ی كۆمه‌ڵێك ململانێی بنه‌ڕه‌تییه كه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بووندا لێی به‌ئاگادێته‌وه. ناسیۆنالیزمی كوردی، كه مناڵیی تێپه‌ڕاندووه و ئه‌زموونێكی هه‌یه؛ به‌ر ناكۆكییه ناوه‌كییه‌كانی خۆی كه‌وتووه. سه‌رده‌مانێكی زۆر ئه‌م ناسیۆنالیزمه، به نابه‌دڵی خۆی له‌گه‌ڵ ماركسیزم گونجاندبوو. ئێستاش له هه‌ندێك توخمی ماركسی و چه‌پانه پاكنه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام توخمێكی تری لێ ڕاست بووه‌ته‌وه كه ئیسلامیزم یان ئیسلامی سیاسییه. ماركسیزم، به‌و پێیه‌ی یه‌كێكه له زانسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و بڕوای به داهاتووه؛ به‌راورد به ئیسلامیزم كه‌متر سه‌رێشه‌ی هه‌بوو. پرسی شوناس یاخۆ نوخته‌ی ململانێكه‌ی ده‌هێنایه‌وه بۆ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا كه چین بوو هاوشان به نه‌ته‌وه و بان-نه‌ته‌وه. ئیسلامیزم، نوخته‌كه ده‌باته ده‌ره‌وه كه ئوممه‌ت یاخۆ خه‌لافه‌ته. لای ناسیۆنالیزم نه‌ته‌وه یه‌كه، به‌ڵام لای ئیسلامیزم ئوممه‌ت یه‌كه. ئه‌مه وێڕای ئه‌و درووشمه تیۆلۆژییه‌ی ئیسلام كه به‌س خودا یه‌كه (لا اله الا الله)، كه‌چی ناسیۆنالیزمی كوردی له ململانێیه‌كی ئایدۆلۆژیی نه‌سته‌كیی كه‌مێك دره‌نگوه‌ختدا دێت زیكر یان درووشمی "یه‌كه یه‌كه یه‌كه، گه‌لی كورد یه‌كه" قوتده‌كاته‌وه. ئه‌و ڕۆژانه ئه‌م شه‌ڕه، به‌شێوه‌یه‌كی ناوه‌خت و سیمبوڵی ڕوویدا. ئیسلامییه‌كان ئه‌م شه‌ڕه‌یان برده ناو شیعرێكه‌وه گوایه دژی خودا و قورئان و ئیسلامه. به‌ره‌كه‌ی تریش، ته‌فسیرێكی حه‌رفیی ده‌قه‌كه‌یان كرد گوایه دژه‌خودا نیه. له‌م نێوانه‌دا نوخته‌ی ئایدۆلۆژیی ململانێكه ون ببوو، به‌ڵام ده‌شزانرا و ده‌شزانرێت هه‌یه. ئیسلامیزم له ململانێی خۆیدا شه‌ڕی ئه‌و فۆرمه ده‌كات كه ناسیۆنالیزم بردوویه‌تی، فۆرمی یه‌كێتی و یه‌كایه‌تی كه خۆی زاتی خودای ئیسلامه. ناسیۆنالیزم ئه‌م فۆرمه‌ی به ناوه‌ڕۆكی خۆی پڕكردووه‌ته‌وه. دوا سنوری كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م شه‌ڕه به‌ره‌و ئه‌و جێیه ده‌برێت كه ناسیۆنالیزم بڵێت "من ئیسلامێكی كوردیی تایبه‌ت به كورد درووستده‌كه‌م". ئیسلامی كوردی، ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ناكۆكه به گوێی ئیسلامیزم؛ چونكه ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی ئیسلامێكی كوردیی لێ درووستده‌بێت هه‌ر ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ن كه ئه‌وانیش خۆیان به خاوه‌نی ده‌زانن. گه‌ر شێخ و عارف و شاعیرت ده‌وێت كورد بن، هه‌یه. گه‌ر بشته‌وێت له كورد تێپه‌ڕن هه‌ر نمونه‌ی هه‌یه. به‌كورتی، ئیسلامیزم ده‌یه‌وێت بڵێت كورد یه‌كێكی كاتییه (چه‌پیش وه‌ك هه‌میشه یه‌ك به یه‌ك‌ی كه‌لێندار و پڕگرژی ده‌بینێت). كۆمه‌ڵگا تێكڕا له‌سه‌ر ئۆبێكتێكی باڵای ئایدۆلۆژی[3] ده‌جه‌نگن كه یه‌ك، مانایه‌كی فه‌نتازیی جیاجیای بۆ به‌ریانه جیاجیاكان هه‌یه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌ریه‌ك له‌م به‌ریانانه به ده‌ره‌وه‌ی كورد خۆیه‌وه پێچه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌یه.
گوتاری ناسیۆنالیستی، كه سه‌ره‌تاكانی خۆی به درووشمی "برایه‌تی" ده‌ستپێده‌كات؛ كتوپڕ له نوسخه ناڕه‌سمییه‌كه‌یدا تووشی چه‌قینێكی مناڵی ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێت ئێمه برای كه‌س نین. پێده‌چێت ئه‌مه پاشڤه‌چوون بێت بۆ ئه‌و ساتانه‌ی كه هه‌ر وه‌ك تاكتیكێكی دوودڵانه به‌كاریهێناوه نه‌ك به‌ها و ستراتیژ. واته گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ مانا خێڵه‌كییه‌كه‌ی برایه‌تی نه‌ك مانا سیاسییه‌كه‌ی. له خه‌یاڵدانی دا، برا هه‌ر به برای ناو خێزان گه‌یشتووه. یه‌ك له ئه‌رگۆمێنته‌كانی ئه‌م گوتاره ناڕه‌سمییه ئه‌وه‌یه كه ئێمه ملیۆنان خوشك و برامان هه‌یه، برای ترمان ناوێت. له‌كاتێكدا ئاشكرایه ئه‌م خوشك و برایه‌ی ناو نه‌ته‌وه‌ش، خوشك و برای گریمانه‌یی و خه‌یاڵیین نه‌ك واقیعی. ئه‌وانه له‌ڕێی ئایدیای نه‌ته‌وه‌وه خوشك و بران، نه‌ك ژیانی ڕۆژانه. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌وانه نه‌ك هه‌ر خوشك و برا نین، به‌ڵكو سه‌ر به پۆڵێنی كۆمه‌ڵایه‌تیی جیاوازترن كه دژ و ناكۆك ده‌وه‌ستنه‌وه به پۆڵێنه‌كانی ئێمه. برایه‌تی به‌هایه‌كی گشته‌كی (universal)ـه و مانای ئه‌وه نیه هه‌مووده‌م ڕاسته‌وخۆ ئه‌وانیتر بكرێنه شه‌ریكه‌به‌ش. ئه‌م گوتاره ناڕه‌سمییه تا ئه‌و ئاسته ڕۆمانسییه ده‌چێته پێشه‌وه بڵێت ڕۆژانه تووشی هه‌ر كوردێك بوویت براته. هه‌تا له‌م دۆخه‌دا، زۆر هه‌واداری ئۆجه‌لانیش برایه‌تی كورتده‌كه‌نه‌وه بۆ شتێكی پراكتیكیی ڕاسته‌وڕاست. وه‌كبڵێی برایه‌تی درووشمێكه و ده‌بێت یه‌كڕاست پیاده‌بكرێت.
گه‌ر كۆی وێنه‌كه‌ش وه‌ربگرین، ده‌بینین كێشه‌ی باشور (كوردی عێراق) پتر له‌گه‌ڵ فه‌نتازیای خۆیدایه نه‌ك ڕۆژاڤا (كوردی سوریا): باشور، ڕۆژاڤا به سه‌نتێز و درێژكراوه‌ی خۆی ده‌زانێت و نایه‌وێت له‌ژێر ناوی برایه‌تی دا لێی بترازێت. ده‌شێت هه‌ڵلوشینێكی فرۆیدییانه‌ش بێت له‌ڕێی ده‌مه‌وه كه ناوه سیاسییه‌كه‌ی ده‌كاته ئاسمیلاسیۆن (هه‌ڵمژین و تێهه‌ڵكێشكردن). ئاشكرایه هه‌ڵلوشینی قۆناغی ده‌م به‌پێی لۆژیكی ده‌روون، له خۆشه‌ویستی دا نیه به مانا دره‌نگوه‌خته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی؛ به‌ڵكو هێنانه‌وه‌ی به‌شێكی نامۆ و ده‌ره‌كییه بۆ ناو خۆ (به‌شێك كه لێره‌دا به‌پێی ناسیۆنالیزم، خه‌ڵكێكی نامۆی چه‌پگه‌ران به له‌شی كوردی!). ڕۆژانی تراومای جه‌نگه‌كه، ڕۆژاڤایی و باكورییه‌كان بێده‌نگ بوون؛ به‌ڵام ئێستا ورده‌ورده له‌م هه‌ڵلوشینه به‌ئاگاهاتوونه‌ته‌وه و لێدوانی جیاجیای "برایه‌تی" ده‌ده‌ن. لێشاوێك په‌رچه‌كرداری باشوریش، واته به‌ر كه‌لێنه ناوه‌كییه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت و سه‌ری له‌م "بێوه‌فایی"یه ده‌رناچێت (كه خۆی له‌ڕیشه‌دا بێوه‌فاییه‌كه ناكۆكیی ناو فه‌نتازیای خۆیه‌تی ده‌ره‌كی‌بووه‌ته‌وه). به مانایه‌كی تر، باشور كه پێی وایه قۆناغی ڕزگاریی تێپه‌ڕاندووه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی، ده‌بێت ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ی خۆی پشتڕاستبكاته‌وه. هه‌روه‌ك ده‌زانین ڕزگاری دیارده‌یه‌كی نوقسان و نێگه‌تیڤه، واته شتێكت له خۆت كردووه‌ته‌وه، نه‌یارێكت نه‌فیكردووه. به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی، دیارده‌یه‌كی پڕتر و پۆزه‌تیڤه، ده‌بێت شتێك بخه‌یته سه‌ر خۆت، پێگه‌یه‌كی زیاتر داگیربكه‌یت. پارادۆكسه‌كه له‌وێدایه باشور كه هێشتان دڵه‌ڕاوكێی سه‌ربه‌خۆیی تێنه‌په‌ڕاندووه، له‌ڕێی ڕۆژاڤاوه بۆ پاڵپشت و خۆسه‌لماندنێكی زیاتر و وێنه پۆزه‌تیڤ و یه‌كانگیر و پێگه‌داره‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت. ئه‌م به‌رزه‌خه‌ی نێوان رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی بۆ باشور، وایكردووه له فه‌نتازیای خۆیدا ڕۆژاڤا وه‌ك خوشكێكی بچكۆله ببینێت؛ به‌ڵام زۆر نابات ڕیزێك "زرته-زه‌لام[4]"ـی چه‌پگه‌رای كورد ده‌رده‌كه‌ون و به‌ناوی برایه‌تییه‌وه بۆ ئه‌وانیتر فه‌نتازیاكه ده‌شێوێنن[5]: له‌كۆتاییدا ئه‌مه‌ش به‌شێكی تری هه‌رسنه‌بووی ئه‌و پرسیاره نه‌سته‌كییه هیستریاییه‌یه كه ده‌ڵێت "ئێمه كێین؟[6]".
په‌راوێز:
[1] . تۆتۆلۆژی: هه‌مانگۆیی و هه‌مان شت.
[2] . ئه‌م مناڵبوونه‌وه‌یه ئه‌وه‌شی پێ وتین كه ناسیۆنالیزم و ڕۆشنگه‌ری هاوشانی یه‌كدی نه‌چوونه‌ته‌پێشه‌وه، چونكه وه‌ك كانت ده‌ڵێت ڕۆشنگه‌ری ده‌رچوونه له مناڵی.
[3] . له‌م ڕووه‌وه خوێندنه‌وه‌ی كتێبی "ئۆبێكتی باڵای ئایدۆلۆژیا" سلاڤۆی ژیژه‌ك، سودی هه‌یه.
[4] . ئایكۆنی چیانشینی سه‌رانی په‌كه‌كه له چاوی باشوره‌وه.
[5] . ئه‌م دزاودز كه‌وتنه‌ی فه‌نتازیا، ئه‌و پرسیاره‌ش له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه ده‌ڵێته‌وه "چی له ئۆجه‌لان بكه‌ین؟"
[6] . هه‌ڵبه‌ت پرسیاری ئێمه كێین، پرسیارێكی به‌ئازاره بۆ هه‌موو ناسیۆنالیزمه‌كان. چونكه ناسیۆنالیزم ته‌نیا له ئامانجێكی سیاسیی مۆدێرنی وه‌ك ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌دا نامێنێته‌وه، به‌ڵكو تا ناكۆتا ئاره‌زووی هه‌یه و هه‌ر ئاره‌زوویه‌كیش ده‌یخاته‌وه به‌رده‌م پرسیاری من كێم؟ تۆ بڵێی من كوردێكی په‌تی بم؟