نیولیبراڵيزم
پێشه‌كيی كتێبی "كورته‌مێژووی نیولیبراڵیزم"
داڤید هارڤه‌ی
وه‌رگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
مێژوونووسه داهاتووگهراكان[1] ساڵانی 1978-1980 به خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی شۆڕشگێڕانه له مێژووی جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری‌دا داده‌نێن. له ساڵی 1978 دا، "دینگ خیاوبینگ"[2] یه‌كه‌م هه‌نگاوی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی به‌ره‌و لیبراڵیزهیشن هه‌ڵگرت بۆ ئازادكردنی ئابوورییه‌ك كه كۆمۆنیزم له وڵاتێكدا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، كه پێنج له‌سه‌ر یه‌كی دانیشتوانی جیهانی پێكده‌هێنا. ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ی كه دینگ گرتبوویه به‌ر، ئامانجی ئه‌وه بوو له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌دا، چین له ده‌وڵه‌تێكی دواكه‌وتووی دووره‌په‌رێز و به‌سه‌رخۆدا داخراوه‌وه بگۆڕێت بۆ ناوه‌ندێكی كراوه به‌سه‌ر دینامیكییه‌تی سهرمایهداريیدا، ئه‌وه‌یش به تێكڕای گه‌شه‌كردنێكی خێرا و به‌رده‌وام كه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا نمونه‌ی نه‌بێت. لهبهرهكهی دیكه‌ی ده‌ریای ئارام‌دا و له هه‌لومه‌رجێكی ته‌واو جیاوازدا، پاۆل ڤۆلكه‌ر[3]، كه له‌و كاته‌دا كه‌سێكی زۆردیار نه‌بوو (له ئێستادا ناوبانگی بڵاوه)، سه‌ركردایه‌تيی بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵيی ئهمریكيی له مانگی ته‌موزی 1979دا گرته‌ده‌ست، له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا گۆڕانكارییه‌كی دراماتیكی [و خێرا]ـى له سیاسه‌تی دراوی ئه‌مریكیدا درووستكرد، له‌و كاته‌یشه‌وه بانكه‌كه پێشه‌نگیی جه‌نگێكه كه دژ به هه‌ڵاوسان به‌رپای كردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنج له ئاكامه‌كانی بدات (به تایبه‌تیش ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به بێكارییه‌وه هه‌یه). له به‌ری ئه‌تڵه‌سیشدا، مارگرێت تاتچه‌ر[4] له مانگی نیسان/ئه‌پریلی 1979 دا، كه تازه به سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا هه‌ڵبژێردرابوو، ویلایه‌ته‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد و ئه‌مه‌یش هێزی ئه‌وه‌ی پێدابوو سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان دابنێت و كۆتایی به حاڵه‌تی نه‌خوازراوی ئه‌و داكشانه ههڵئاوساوییه[5] بهێنێت كه له ده‌یه‌ی پێشوودا وڵاته‌كه‌ی گرتبووه‌وه. پاشان له ساڵی 1980دا ڕۆناڵد ڕه‌یگان[6] به سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبژێردرا، به بلیمه‌تی و كاریزمایی كه‌سییانه‌ی خۆی توانيی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان سه‌رله‌نوێ بخاته‌وه سه‌ر ڕێگای بوژانه‌وه و هه‌ستانه‌وه‌ی ئابوری، ئه‌وه‌یش له‌ڕێگه‌ی پشتیوانیكردن له هه‌نگاوه‌كانی فۆلكه‌ر، له بانكی یه‌ده‌كی فیدراڵیدا و تێكه‌ڵكردنی به‌و سیاسه‌تانه‌ی كه ئامانجیان ئه‌وه‌بوو سنوورێك بۆ هێزی كار دابنێن، هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ستكردنی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و ڕزگاركردنی سامان و سه‌روه‌ته‌كان له‌و كۆتوبه‌نده ڕێكخهرییانهی كه به‌سه‌ریاندا سه‌پێنرابوو، ئینجا ئاگاداریكردن و پاراستنی هێزی پاره، له یه‌ك كاتدا، هه‌م له ناوه‌وه و هه‌م له‌سه‌ر شانۆی جیهانی. له‌م سه‌نته‌ره زۆروزه‌به‌نده هه‌ژێنه‌رانه‌وه، شتێكی وه‌ك پاڵهێزی شۆڕشگێڕی له پانتاییه‌كی به‌رفراواندا بڵاوبوویه‌وه و ده‌نگدانه‌وه و بهدهمهوهچوونیشی سه‌رله‌نوێ جیهانی ده‌وروبه‌رمانی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز داڕشته‌وه.
وه‌رچه‌رخانی وه‌ها به‌رفراوان و قوڵ به‌ڕێكه‌وت ڕووناده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌یه گه‌ڕانه به‌دوای چیهتيی ئه‌و كه‌ره‌سته و ڕێگایانه‌دا كه به‌هۆیه‌وه پێكهاته‌ی ئابوريی نوێ –كه زۆر جار ده‌خرێته ژێر ده‌سته‌واژه‌ی "جیهانگیری"ـیه‌وه-، له هه‌ناوی قۆناغه كۆنه‌كانی پێشترییه‌وه، هێنرایه ده‌رێ. هه‌ریه‌كه له فۆلكه‌ر و ره‌یگان و تاتچه‌ر و دینگ خیاوبینگ ئه‌و ئه‌رگومێنتانه‌ی كه‌مینه[7]یان وه‌رگرت كه سه‌رده‌مێكی درێژبوو بڵاوبووبوونه‌وه، ئه‌مان گۆڕيیان به ئه‌رگومێنته‌كانی زۆرینه[8] (له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌مه به بێ ململانێیه‌كی درێژ ڕووینه‌دا). ڕه‌یگان نه‌ریتی كه‌مینه‌ی له‌نێو حیزبی كۆمارییدا زیندووكرده‌وه، كه مێژووه‌كه‌ی هی سه‌رده‌می باری گۆلد وۆته‌ر[9] بوو له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا. بینگیش قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵكشاوی له یابان و هۆنگ كۆنگ و سه‌نگافوره و كۆریای باشوردا ده‌بینی، بۆیه له‌بری پلانی ئابووریی سه‌نتراڵی، كاری كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆمۆنیزمی بازاڕ و هه‌وڵیدا بیقۆزێته‌وه و به‌كاری بهێنێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیيه‌كانی ده‌وڵه‌تی چینی و هه‌نگاوێك بیباته پێش. فۆلكه‌ر و تاتچهریش له سایه‌ی ئاڵۆزییه‌كی ڕێژه‌ییدا، دۆكترینێكی دیاریكراویان به‌رهه‌مهێنا، كه به "لیبرالیزمی نوێ"[10] ناوزه‌د كرا و كردیانه بنه‌مای سه‌نتراڵ بۆ ئاراسته‌كردنی فیكری ئابوری و به‌ڕێوه‌بردن. ڕێك ئه‌م دۆكترینه -ئه‌سڵه‌كانی و هه‌ڵكشانی و ناوه‌ڕۆكه‌كانی- ئه‌و شته‌یه كه له‌م كۆنتێكسته‌دا بایه‌خی پێده‌ده‌م.
نیولیبراڵیزم به‌ر له هه‌ر شتێك تیۆرێكه ده‌رباره‌ی پراكتیكی سیاسی و ئابوری، بڕوای وایه باشترین ڕێگا بۆ باشتركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی دۆخی مرۆیی وا له ئازادكردنی ئازادی و لێهاتووییه داهێنه‌رییه بازرگانییه‌كانی تاكه‌كه‌سدا[11]، له‌نێو چوارچێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی گشتیدا، كه به‌توندی پارێزگاری له مافه‌كانی خاوه‌ندارێتيی تایبه‌ت و ئازاديی بازرگانی و ئازاديی بازاڕه ئابوورییه‌كان، ده‌كات. له‌م تیۆره‌دا ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت وا له دۆزینه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیی ئه‌و چوارچێوه دامه‌زراوه‌ییه‌دا كه بۆ ئه‌و پراكتیكانه گونجاوه. بۆ نمونه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته گه‌ره‌نتيی به‌ها و سه‌لامه‌تیی سامانه داراییه‌كان بكات؛ ده‌بێت په‌یكه‌ربه‌ندی و وه‌زیفه سه‌ربازی و به‌رگری و ئاساییشی و دادوه‌رییه‌كان دابمه‌زرێنێت بۆ پاراستنی مافه‌كانی موڵكایهتيی تایبه‌ت و له كاتی پێویستیشدا هێز به‌كاربهێنێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كاری بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو. هه‌روه‌ها ده‌بێت ده‌وڵه‌ت، له دۆخێك‌دا كه بازاڕی ئابوری (له بواره‌كانی وه‌كو زه‌وی و ئاو و فێركردن و چاودێریی ته‌ندروستی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان پیسبوونی ژینگه‌دا) له‌ئارادانه‌بێت، بازاڕ په‌یدابكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بێت له‌ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆوه ئه‌م كاره بكات. له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م ئه‌ركانه‌وه، ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز بۆی نییه سه‌ركێشی و ده‌ستێوه‌ردان بكات. به‌تایبه‌ت له بواری ئابوريیدا پێویسته ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام كه‌مترین ده‌ستێوه‌ردانی پێویست له بازاڕه‌كاندا بكات (دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م بازاڕانه داده‌مه‌زرێنێت یان په‌یدایان ده‌كات)، چونكه به‌پێی ئه‌م تیۆره، ده‌وڵه‌ت ناتوانێت زانیاريی پێویست به‌ده‌ستبهێنێت كه توانای ئه‌وه‌ی پێبدات لێكدانه‌وه و خه‌مڵاندن بۆ ئاماژهدهرهكانی بازاڕ (نرخه‌كان) بكات، یان پێشبینیان بكات؛ هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی گروپه‌كانی فشار و به‌رژه‌وه‌ندییه به‌هێزه‌كان (به‌تایبه‌تیش له ده‌وڵه‌ته دیموكراسییه‌كاندا) هه‌میشه ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان ده‌شێوێنن و ده‌قۆزنه‌وه.
له حه‌فتاكانه‌وه، هه‌ردوولایه‌نی بیركردنه‌وه و پراكتیكی سیاسی-ئابوری، سه‌رله‌به‌ر وه‌رچه‌رخانێكی ڕوون و ئاشكرا و به‌هێزیان به‌ره‌و نیولیبراڵیزم به‌سه‌ردا هات. به‌ربه‌ره‌ڵایی و سه‌ربه‌ستكردنی ئابووری له كۆتوبه‌ند و ڕێكخستنه‌كان و كشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی چه‌ندین بواری چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، له هه‌موو شوێنێكی جیهاندا و له به‌رفراوانترین پانتایيدا باو و به‌ربڵاو بوو. زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ده‌وڵه‌تان –هه‌م ئه‌وانه‌ی كه تازه "له سكهدرابوون"[12] دوای ڕووخانی یه‌كێتيی سۆڤیه‌ت و هه‌میش ده‌وڵه‌تانی چاودێريی كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆشیالدیموكراتی ته‌رزی كۆن، وه‌كو سوید و نیوزله‌ندا- نوسخه‌یه‌كی چاككراوی تیۆری نیولیبراڵیزمیان هه‌ڵگرته‌وه، هه‌ندێجار به خۆشيی خۆیان و هه‌ندێجاریش له ژێر فشاره ناچاركهرهكاندا، به‌م هۆیه‌شه‌وه لایه‌نیكه‌م هه‌ندێك سیاسه‌ت و پراكتیكی خۆیان گۆڕی. ته‌نانه‌ت باشوری ئه‌فریقای پاش ئاپارتاید[13]، به‌خێرایی باوه‌شی بۆ نیولیبراڵیزم گرته‌وه؛ وایش پێده‌چێت، وه‌ك دواتر ده‌بینین، كه وڵاتی چینیی نوێیش به هه‌مان ئاراسته‌دا ده‌ڕوات. وێڕای ئه‌مه‌یش، له‌مڕۆدا بانگه‌شه‌كارانی نیولیبراڵیزم له بواره‌كانی په‌روه‌رده و فێركردن (زانكۆكان و چه‌ندین په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه)، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، هۆڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كان و دامه‌زراوه داراییه جیاوازه‌كان، دامه‌زراوه‌كانی هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت (وه‌زاره‌ته‌كانی خه‌زێنه و بانكه ناوه‌ندییه‌كان)، دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌كو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF) و ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی دیكه‌دا، كه جوڵه‌ی دارایی و بازرگانیی جیهانی ڕێكده‌خه‌ن، پێگه‌ی زۆر كاریگه‌رییان گرتووه. به كورتی، نیولیبراڵیزم وه‌ك مۆدێلێكی گوتار هه‌ژموونی خۆی سه‌پاندووه و كاریگه‌ريی به‌رچاوی له‌سه‌ر شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه هه‌یه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاوێزانی عه‌قڵ يان هه‌ستی سه‌لیم و باو[14] بووه و بۆته كڵێشه‌یه‌ك بۆ ته‌فسیركردن و تێگه‌یشتن له جیهان و شێوازی ژیان له‌و جیهانه‌دا.
به‌ڵام وا پێده‌چێت پرۆسێسی نیولیبرالیزم ئاكامی زۆر "خاپووركردنی داهێنه‌رانه"[15]ی له‌گه‌ڵدا بووه، نه‌ك ته‌نیا شكاندنی چوارچێوه و هێزه دامه‌زراوه‌ییه‌كانی پێشتر (كه ته‌نانه‌ت ته‌حه‌دای فۆرمه ته‌قلیدییه‌كانی ده‌وڵه‌تی حاكمیه‌ت[16]ـى كردووه)، به‌ڵكو شكاندنی دابه‌شكردنه‌كانی كار، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خزمه‌تگوزارییه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكهاته ته‌كنۆلۆژییه جیاوازه‌كان، شێوازه‌كانی ژیان، بیركردنه‌وه، چالاكی به‌رهه‌مهێنانه‌وه و زۆربوون، په‌یوه‌ندی به زه‌وی و نه‌ریته هه‌سته‌كی و ویژدانییهكانیش. نیولیبراڵیزم پێىوایه په‌یوه‌ندییه ئاڵوگۆڕكارییهكان له بازاڕی ئابووريیدا »له‌خۆیدا به‌هایه‌كی ئه‌خلاقییه، ده‌توانێت ببێته ڕێنمای كار بۆ كرده‌ی مرۆیی به‌سه‌رجه‌م شێواز و فۆڕمه‌كانییه‌وه و، جێگیره‌وه‌ی سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕه ئه‌خلاقییه‌كانی پێشتریشه)، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه گرێبهستییهكان[17] له مه‌یدانی بازاڕدا، ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها باوه‌ڕی به توانای به‌رزكردنه‌وه‌ی خێروبێره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه تا دوا سنووری خۆی، ئه‌وه‌یش له‌ڕێگه‌ی به‌رفراوانكردنی ته‌وه‌ری مامه‌ڵه‌كانی بازاڕه‌وه تا دوایین ڕاده‌ی خۆی، بۆیه هه‌وڵده‌دات سه‌رجه‌م شێوازی كرده‌ی مرۆیی بخاته نێو پانتایی بازاڕه‌وه. ئه‌مه‌یش به زه‌رووره‌ت پێویستی به داهێنانی ته‌كنۆلۆژیای جیاوازی زانیاری و دۆزینه‌وه‌ی تواناكانی كهڵهكهڵكردن و خه‌زنكردن و گۆڕین و شیكردنه‌وه و به‌كارهێنانی ڕێسای زانیارییه زۆروزه‌به‌نده‌كان هه‌یه، بۆ ڕێنماییكردن و ئاراسته‌كردنی بڕیاره‌كان به‌درێژایی مه‌یدانی بازاڕی جیهانی، ڕێك لێره‌دایه كه نیولیبراڵیزم بایه‌خێكی ئێجگار زۆر به ته‌كنۆلۆژیای زانیاری ده‌دات (ئه‌مه‌یش وای له هه‌ندێكیان كرد كرد كه سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی جۆرێكی نوێی "كۆمه‌ڵگه‌ی زانیاری" ڕابگه‌یه‌نن). ئه‌م ته‌كنۆلۆژیایانه پشتیان به‌ست به چڕبوونه‌وه‌ی زیاتری مامه‌ڵه شوێنی و كاتییه‌كانی بازاڕ، بۆیه پاڵهێزێكی به‌هێزیان به‌رهه‌مهێنا به‌ره‌و ئه‌و شته‌ی كه له جێیه‌كی تردا ناومناوه "چڕبوونه‌وه‌ی كاتهكى-شوێنه‌كی"، به جۆرێك كه له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونی مه‌ودای جوگرافی (له‌به‌رئه‌مه‌یه كه ئه‌وه‌نده جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی "جیهانگیری" ده‌كرێته‌وه) و كورتبوونه‌وه‌ی كاتی گرێبه‌ستی بازاڕدا، سوود زیاتر ده‌بێت. ئه‌م لهپێشترێتییهی كه كاتی ماوه كورت هه‌یه‌تی ته‌ریب و هاوتایه به وه‌سفه به‌ناوبانگه‌كه‌ی لیوتار بۆ حاڵه‌تی "پۆستمۆدێرنیتی"، كه تێیدا "گرێبه‌ستی ده‌ستبه‌جێ و كاتی" جێگای "دامه‌زراوه هه‌میشه‌ییه پیشه‌یی و عاتیفی و ڕه‌گه‌زی و كه‌لتوری و خێزانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئینجا دامه‌زراوه‌ی كاروباری سیاسییش" ده‌گرێته‌وه. وه‌ك پێشتر له كتێبی "دۆخی پۆستمۆدێرنیتی"ـدا وتوومه، ئه‌و ئاكامه كولتوورییانه‌ی كه له‌م هه‌ژموونه ئه‌خلاقییه‌ی بازاڕ ده‌كه‌ونه‌وه، زۆروزه‌به‌ند و پێكه‌وه‌به‌ستراون.
له كاتێكدا له‌مڕۆدا چه‌ندین گیڕانه‌وه‌ی گشتی هه‌یه ده‌رباره‌ی گۆڕانه جیهانییه‌كان و شوێنه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م گۆڕانانه، ئه‌وه‌ی به‌گشتی نیمانه و نوقسانه چیرۆكێكی سیاسی/ئابوریی نیولیبراڵیزمه: له كوێوه هاتووه و چۆن به وه‌ها گشتگیرییه‌ك له سه‌ر شانۆی جیهانی بڵاوبۆته‌وه؟ هه‌روه‌ها به ئومێدم به‌یه‌كداچوونه ڕه‌خنه‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌بده‌ن به بوونی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ دیاریكردن و دامه‌زراندنی ڕێككارییه سیاسی و ئابورییه ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان.
له‌م دواییانه‌دا سوودم وه‌رگرت له‌و گفتوگۆیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ "جیرار دومینیل" و "سام گیندن" و "لیۆ پانچیچ"ـدا ئه‌نجاممداون، قه‌رزی ماوه‌یه‌كی پێشتریشم له‌ئه‌ستۆیه، هی "ماسیۆ میوشیی" و "جیۆڤانی ئهریگی" و "پاتریك بۆند" و "سیندی كاتز" و "نیل سیمیس" و "پیترهل ئۆلمان" و "ماریا كایكا" و "ئیریك سۆنگیدۆ"یه، كه له كۆنگره‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی نیولیبراڵیزم، به چاودێریی دامه‌زراوه‌ی "ڕۆزا لۆكسمبۆرگ" له به‌رلین، له تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2001 ڕێكخرابوو، له‌گه‌ڵیاندا كۆبوومه‌وه و ئه‌مه‌یش وه‌ك مه‌شخه‌ڵێك بوو كه وای لێكردم گرنگی به‌م بابه‌ته بده‌م.
[1] Future historians
[2] Deng Xiaoping
[3] Paul Volcher
[4] Margaret Tatcher
[5] Miserable inflationary
[6] Ronald Reagan
[7] minority
[8] Majoritarian
[9] Barry Goldwater
[10] neoliberalism
[11] Liberating individual entrepreneurial freedoms.
[12] newly minted
[13] Post-apartheid
[14] common-sense
[15] creative destruction
[16] state sovereignty
[17] contractual relations
سه‌رچاوه‌كانی وه‌رگێڕانی ئه‌م وتاره:
- ديفد هارفي، الليبرالية الجديدة (موجز تأريخي)، ترجمة: مجاب الإمام، الناشر للنشر, العبيكان, الطبعة الأولى, 2008، ص11-16.
- David Harvey, A brief History of Neoliberalism, Oxford University Press, New York, 2005, Pp. 1-4.