پازۆلینی و فۆكۆ له ئاوێنه‌ی یه‌كتردا
سه‌رنجێك بۆ "فهزاـ شوێن" له فیلمی ئاكاتۆنێی پیه‌ر پاولۆ پازۆلینی
فازڵ مه‌حمود
ئه‌م وتاره هه‌وڵێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی "فه‌زا - شوێن[1]" له فیلمی Accattone [سواڵكه‌ر] پازۆلینی دا. "ئاكاتۆنێ" ـ فرانكوا چیتی ـ یه‌كه‌م فیلمی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌یه كه باس له ژیانی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی فیلمه‌كه "ئاكاتۆنێ" ده‌كات كه له ژیانێكی هه‌ژاری و بێ ده‌رامه‌تیی دا ده‌ژێت و ده‌ست له خێزان و مناڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌و و توانای ئیشكردنیشی نییه ، و ئیشكردن به مۆدێلێكی نوێی چه‌وساندنه‌وه و كۆیلایه‌تیی ده‌زانێت بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌وه‌ی كه كه‌سی له‌شفرۆش لای خۆی جێگا بكاته‌وه‌و ئیشیان پێ بكات به‌ڵام ئه‌م ئیشه‌شی تا كۆتایی بۆ ناچێته سه‌ر و بڕیار ده‌دات دزی بكات و دواجار له كاتی دزی دا بۆ یه‌كه‌مجار پۆلیس چاودێریی خۆی و هاوڕێكانی ده‌كات له كاتێكدا كه هاوڕێكانی ده‌ستگیرده‌كرێن ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ستی پۆلیس رزگاری ببێت ماتۆڕێك ده‌دزێت به‌ڵام تووشی پێكدادان دێت و هه‌ر له‌وێدا ده‌ستبه‌جێ ده‌مرێت". ئه‌م فیلمه‌ی پازۆلینی وه‌ك فیلمه‌كانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌چێته خانه‌ی شه‌پۆلی نیۆڕیالیزمی ئیتالیییهوه. نیۆریالیزمی ئیتالی یه‌كێكه له شه‌پۆله گرنگه‌كانی سینه‌مای جیهان، كه دهروازهیهكیی تری به‌ره‌و ڕووی جیهانیی هونه‌ری كرده‌وه.. چه‌مكیی نیۆریالیزم بۆ یه‌كه‌مجار له لایه‌ن ره‌خنه‌گری سینه‌مای ئیتالیی ئه‌مبرتۆ باربارا له ساڵی 1942دا به كار هات و پاش ئه‌مه یه‌كه‌م فیلمی نیۆریالیزمی Roma città aperta له ده‌رهێنانیی رۆبێرتۆ رۆسلینی له ساڵی 1945 به‌رهه‌م هات. ئه‌وه‌ی كه خاڵی هاوبه‌ش بێت له نێوان زۆربه‌ی سینه‌ماكارانی ئه‌م شه‌پۆله بریتییه له گه‌نگه‌شه كردنی بارودۆخه كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییهكانیی سه‌رده‌میی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و پاش جه‌نگ ئینجا ره‌خنه له عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاتیی فاشیستی و دواجار تێشك خستنه سه‌ر بارودۆخی ئیتالیا له سه‌رده‌می داگیركردنی له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه به یارمه‌تیی به‌كرێگیراوه فاشیسته‌كان.
جیا له‌م مه‌سه‌لانه به بۆچوونی ئاندرێ بازن واقیع له سینه‌مای نیۆریالیزمی ئیتالیا دا:
« چیتر نواندنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه نییه، "پێكان و سه‌رنجدانه". لهجیایتی نواندنه‌وه‌ی واقعێكی كه‌شف كرا، نیۆ ـ ریالیزم ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرت كه واقع بۆ خوێندنه‌وه و كه‌شف كردن، به‌رده‌وام شاراوه‌یه. هه‌ربۆیه گرته‌ی درێژ له بری نواندنه‌وه‌كان هه‌وڵی جێگرتنه‌وه‌ی مۆنتاژی دا . كه‌واته نیۆ ـ ریالیزم جۆرێكی تر له وێنه‌ی خولقاند، كه بازن پێی باشه ناو بنریت "وێنه ـ واقیع"[2]».
بۆیه ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه سه‌ر به ته‌نیا ناوه‌ڕۆكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه نییه له‌م فیلمه‌دا، به شێوه‌یه‌كی ڕوونتر، نامه‌وێت له ریگای ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵایه‌تیی و مێژوویی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه خوێندنه‌وه له سه‌ر ئه‌م فیلمه بكه‌م به‌ڵكوو ده‌مه‌وێت له ریگای خودی فیلمه‌كه‌وه، له ریگای وێنه/ شوێن ـ فه‌زا خوێندنه‌وه بۆ ناوه‌ڕۆكه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كه‌ی فیلمه‌كه بكه‌م... چونكه یه‌كێك له ههڵهگهورهكانی له بواری ره‌خنه‌ی سینه‌ماییدا ئه‌وه‌یه واقیعی مێژوویی یان زمانه‌وانیی یان ده‌روونشیكاری وه‌ك پێش مه‌رج بسه‌پێنی به سه‌ر فیلم دا، بۆ نموونه زۆر هه‌ڵه‌یه كه بێی خوێندنهوهكیی دهروونشكیاری بۆ "ئاكاتۆنێ"ی ـ چیتی ـ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م فیلمه بكه‌ی... ره‌خنه‌ی سینه‌ماتۆگرافیك ده‌بێت هاوته‌ریب بێت له گه‌ڵ زمانی خودی سینه‌ما واته له ڕێگای گرته‌كان، له ڕێگای رووناكیی و ئنجا به‌ستنه‌وه‌ی ته‌كنیكه هونه‌رییه‌كان و دهلالهتانهكانیی خوێندنه‌وه‌ی خۆی له سه‌ر ناوه‌ڕۆكی فیلم بخاته روو...
یه‌كێك له‌و قسه جیدییانه‌ی دۆلوز له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئایدیا له سینه‌ما و فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌وه‌یه كه ده‌رهێنه‌ر له ریگای وێنه ـ كات ، وێنه ـ جووڵه ، ئافراندن ده‌كات به پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سووف كه له‌ڕێگای چه‌مكه‌وه ئه‌م ئیشه ده‌كات، بۆیه له ره‌خنه‌ی سینهماتۆگرافیكدا پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئێمه توانای ئه‌وه‌مان هه‌بێت بتوانین گرته‌و وێنه‌و دهلهلاتهكانی بگوازینه‌وه بۆ نێو ئایدیاكان و مشتوومڕه فه‌لسه‌فییه‌كان نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه......
زۆبه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیی پازۆلینی بریتییه له بهرپرسیارێتییەكی سیاسی و مرۆیی به‌رانبه‌ر به واقیع، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سێكی چه‌پگه‌رای ڕادیكاڵ بوو بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌ندامی هیچ پارتێكی چه‌پ یان كۆمۆنیست نه‌بوو ، بۆیه له سینه‌ماشدا هاوشێوه‌ی شیعر و رۆمانهكانیی لەڕێگای ئافراندانی هونه‌ریییه‌وه واته له ریگای وێنه‌و مهتریاڵهكانی سینه‌ماوه نه‌ك له ریگای دروشم و بانگه‌شه‌وه په‌یامیی بهرپرسیارنهی خۆی ده‌رببڕێت ، شتێك كه دواجار له به‌ر دوافیلمی واته (Salò o le centoventi giornate di Sodoma) كه ره‌خنه بوو له ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵی فاشیستی ئیتالی تیرۆر كرا.
فه‌زا و شوێن له‌م فیلمه‌دا بریتییه له‌وه‌ی له زمانیی ئیتالی دا پێی ده‌وترێت «borgata» . بۆرگاتا یه‌كێكه له‌و وشه ئیتالیییانهی كه زۆر ئه‌ستمه ته‌رجه‌مه‌ی زمانی تر بكرێت.. چونكه مه‌به‌ست شوێنی نێشته‌جیێ یان كۆمهڵگاكانیی قه‌راخ یان ده‌ره‌وه‌ی شاری رۆما نییه.. بۆرگاتا ئه‌و كۆمهڵگایهنهن كه تا راده‌یه‌ك هه‌ندێكیان هه‌ر به پێ 10 بۆ 15 خولهك له رۆماوه دوورن... چه‌ند جۆرێك بۆرگاتا له رۆما هه‌یه كه یه‌كێكیان بریتییه له‌و كۆمهڵگایهنهی كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی ئیتالیا له نزیك ڕۆما دروست كرا كه ئه‌مه‌یان له فیلمی دووه‌می پازۆلینی دا ده‌بینرێت واته: Mamma Roma. به‌ڵام له فیلمی "ئاكاتۆنێ" دا فه‌زا و شوێن بریتی له بۆرگاتای ئازاد... بیناكان له بۆرگاتای ئازاد دا بریتین له خانووی كه‌لاوه‌و و ڕووخاو، شوێنیك كه ته‌نیا بكرێت بڵێی سه‌قف و دیواری هه‌یه، له‌م شوێنه‌دا ئه‌وه‌ی كه كۆبووه‌ته‌وه چینی هه‌ژار و كرێكار و لێقه‌ومان
یان شوێنی نیشته‌جێ بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌ڕێگای له‌شفرۆشییه‌وه یان دزییه‌وه ژیان و بژێوی خۆیان دابین ده‌كه‌ن.. یان ئه‌و شوێنه‌ی كه پێی ده‌وترێت شوێنی په‌نابه‌ران، به‌ڵام په‌نابه‌ری ناوخۆیی نه‌ك ده‌ره‌كیی، واته گوندنیشهكان كه له به‌ر وێرانبوونی گونده‌كانیان و نه‌بوونی گوزه‌ران روویان كردووه‌ته ئه‌م شوێنه و به پارهیهكیی زۆر كه‌م ئیشی قورسیان پێده‌كرێت، پاره‌یه‌ك كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بتوانن خۆیان و مناڵه‌كانیانی پێ تێر بكه‌ن و له برسا نه‌مرن. ئه‌م فه‌زای بۆرگاتای ئازاده له هه‌مانكاتدا فهزایهكیی ئهنارشیستیشی تێدایه، واته زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌وتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی نۆرمی فه‌زای ژیانی راسته‌قینه و له ده‌ره‌وه‌ی یاسادا ده‌ژین، چ به‌رانبه‌ر یاسای ده‌وڵه‌ت و چ به‌رانبه‌ر به عورف و مه‌سه‌له‌ی ئهخلاقیاتیی كۆمه‌ڵگای مه‌زهه‌بی ئیتالیاش. شوێن و فه‌زا لای پازۆلینی له‌م فیلمه‌دا بریتی نییه له پیشاندانیی رۆما وه‌ك ئه‌و واقیعه‌ی كه هه‌بووه و هه‌یه، چونكه ئه‌و نایه‌وێت هه‌رگیز وێنهیهكیی گلۆباڵ و گشتی له رۆما بخاته روو، بۆ نموونه شوێنه مێژووه بهناوبانگهكانیی رۆما پیشان بدات، یان شوێنه توریستییهكان یان رۆمای بۆرژوا، بۆ ئه‌و رۆما وه‌ك شوێن وه‌ك واقیع و فه‌زا بریتیی نییه له‌و شوێنه‌ی ده‌بینرێت، بۆیه ئه‌و ده‌یه‌وێت فهزایهكیی تر له واقیع پیشان بدات كه كه‌وتووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو فهزایهكهوه... فه‌زایه‌ك كه به ته‌نیاش بریتی نه‌بێت له كاره‌كته‌ره‌كان و بیناسازی و باری گوزه‌رانیی ئه‌م كاره‌كته‌رانه به‌ڵكوو ده‌رخستنی وشه‌و ئه‌و زمانه‌ی كه به كاری ده‌هێنین و ئه‌و ئه‌خلاق و مۆراڵه‌ی كه باڵی كێشاوه به سه‌ر ههڵسووكهوتیی كاره‌كته‌ره‌كانی نێو ئه‌م فیلمه‌دا، جۆره مۆراڵێك كه له ژێر جه‌بری ده‌سه‌ڵاتدا دروست بووه، ده‌سه‌ڵاتێكی ئابوری كه هه‌موو بههایهكیی مرۆیی له‌م كاره‌كته‌رانه داماڵیوه. یه‌كێك له تایبهمهندییهكانیی سینه‌مای نیۆریالیزم بۆ شوێن بریتییه له پیشاندانی فراگمێنت، شوێنی پچڕپچڕ و پارچه پارچه، واته نیۆریالیزم هه‌رگیز نایه‌وێت له وێنهیهكیی چه‌سپیودا خۆی بهێڵێته‌وه كه ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تیی له‌م فیلمه‌دا به‌رجه‌سته‌یه. ئه‌وه‌ش كه لێره‌دا ده‌بینرێت له رۆمای مێژوویی ته‌نیا رۆباری "تیبر" و پردی سه‌ر ئه‌م رووباره پیشان ده‌دات، و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه وێنه‌ی خاچ و كه‌نیسه له‌م بۆگارته پیشانده‌دات هه‌رگیز بۆ جارێكیش ده‌رهێنه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر پیشاندانیی ڤاتیكان، له كاتێكدا له مه‌راسیمی خاكسپاردن و پیشاندانی گۆڕستاندا كه شوێنێكی تری ره‌مزییه له‌م فیلمه‌دا، ئێمه قه‌شه‌كان ده‌بینین به‌ڵام وێنه‌ی ڤاتیكان به‌رچاو ناكه‌وێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بێینه نێو ئه‌م پارچه/شوێنانه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مكێكی گرنگی فۆكۆ ئه‌ویش چه‌مكی hétérotopie یه. فۆكۆ ئه‌م چه‌مكه‌ی له زمانیی یۆنانی وه‌رگرتووه كه topos"شوێن" و hétéro"ئه‌وی تر" كه به واتای : "شوێنی تر" دێت. فۆكۆ بۆ یه‌كه‌مجار چه‌مكی hétérotopie له بهرنامهیهكیی رادیۆیی به كاربرد و پاشان له 14ی مارسی 1967 له كۆنفرانسێك بۆ قوتابیانیی بیناسازی په‌ره‌ی به ئه‌م چه‌مكه دا له ژێر ناونیشانیی "فهزاكانیی تر[3]" له ساڵی یش1984 له كتێبی Dits et écrits چاپكرا. "به بۆچوونی فۆكۆ كولتوورێكی تایبه‌ت یان تاقه كولتوورێك له جیهاندا نییه كه به ته‌نیا هه‌ر ئه‌و بتوانێت ئێتێرۆتۆپیی دروست بكات. به‌ڵكوو هه‌موو گروپه مرۆییه‌كان توانای دروستكردنیی ئه‌م شته‌یان هه‌یه. فۆكۆ سه‌رچاوه‌ی دروستكردنیی ئێتێرۆتۆپیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تاییه‌كان[4] و هه‌ندێك له‌م فۆرمانه ناولێدهنێت " ئێتێرۆتۆپیی قه‌یران[5]" كه ئه‌م ئێترۆتۆپیی قه‌یرانه بریتین له شوێنه پیرۆزه‌كان، شوێنه نایابه‌كان[6]، یان قه‌ده‌غه‌كان، یان ئه‌و شوێنانه‌ی كه به پێی په‌یوه‌ندیی تایبه‌تییان تاكه‌كان ده‌توانن له‌وێدا یه‌كتر ببینین، بۆ نموونه ژنان له كاتیی سووڕی مانگانه‌دا[7]، یان له كاتیی مناڵبووندا[8]".
به بۆچوونی فۆكۆ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا هێشتا ئه‌م مۆدێله ئێتێرۆتۆپیی قه‌یرانه كۆتایی پێنه‌هاتووه به‌ڵكوو فۆرمی تری له خۆ گرتووه بۆ نموونه خزمه‌تكردن له نێو سوپادا، قوتابخانه، یان "مانگی هه‌نگوینی" بۆ كچان له كاتی شووكردندا.
به گشتی لای فۆكۆ ئێتێرۆتۆپیی فه‌زایه‌كه كه ڕێسا باو و ئاساییهكانیی فه‌زای گشتی له‌وێدا به‌كارنایه‌ت، چونكه ئه‌مجۆره فه‌زایانه كاركرد و ڕێسای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. به جۆرێك هه‌ركام له‌م فه‌زایانه یاسا، شه‌رع، ئازادی ــ وه‌هی یان راسته‌قینه ـ ، ده‌سه‌ڵات ئاراسته‌یان ده‌كات به پێی مۆدێل و جۆری خۆیان و به تایبه‌ت به پێی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك.
یه‌كێكی تر له‌و فهزایهنهی كه فۆكۆ باسی ده‌كات "گۆڕستانه" به بۆچوونی فۆكۆ تاوه‌كوو سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌میش گۆڕستان له گوند و له شاره‌كان له ته‌نیشت كه‌نیسه‌وه و له سه‌نته‌ری شار یان گونده‌كان دا بوو و وه‌ك جۆرێك له فه‌زای پیرۆز ته‌ماشا ده‌كرا. به‌ڵام له كولتووری رۆژئاوایی و مۆدێرن دا به‌ره‌به‌ره گۆڕانی شارستانیه‌تیی ئیمانداری سهدهكانیی ناوه‌ڕاست بۆ شارستانیه‌تیی مۆدێرنی"ئاتێیست"ی ئه‌مجۆره له فۆرمی گۆڕستانیان له سه‌نته‌ری شار وه‌ك "مردووپهرستیی" ئاینی ناوهێنا و مردووه‌كان له شاره‌كان دوور كه‌وتنه‌وه.
چه‌ند شوێنێكی زۆر له‌م فیلمه‌دا هه‌یه كه ده‌توانین بڵێین پازۆلینی نه‌ك له ڕێگای ناونان و چه‌مكه‌وه به‌ڵكوو له ڕێگای وێنه و گرته‌وه پێش فۆكۆ وه‌ك ئێتێرۆتۆپیی ده‌ریخستووه. واته بۆرگاتا وه‌ك ئێتێرۆتۆپیییهك خۆی چه‌ند لقێكی تری لێده‌بێته‌وه كه ده‌رهێنه‌ر پیشانی ده‌دات ئه‌وانیش: گۆڕستان، شوێنی له‌شفرۆشی، زیندانه.
له‌م فیلمه‌دا چه‌ند جارێك گۆڕستان پیشان ده‌درێت و شوێنی گۆڕستان به پێی ستراكچه‌ری مه‌زهه‌بی رۆما له سه‌نته‌ری شار و نزیك كه‌نیسه‌یه، واته هه‌مان ئه‌و فۆرمه سه‌ره‌تاییه‌ی سه‌ده‌ی ههژدهیهمیی هه‌یه. ئاكاتۆنێ وه‌ك ده‌بینرێت هیچ خولیایهكیی به‌رانبه‌ر به مه‌زهه‌ب و ئیمان نییه، به‌ڵام له دواجار هه‌میشه وه‌ك ره‌مزێكی مه‌عنه‌وی سه‌یری مه‌راسیمی به خاكسپاردنهكان ده‌كات و دوو جار ئه‌مه له فیلمه‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێت تاوه‌كوو له كۆتایی فیلمه‌كه‌دا خه‌وێك ده‌بینێت، خه‌و ده‌بینێت كه ئه‌و مردووه و هه‌موو هاوڕێكانی له گۆڕستان ئاماده‌ن به‌ڵام ڕێگا ناده‌ن ئه‌و خۆی بچێته ژووره‌وه دواتر له ده‌ره‌وه كابرایه‌ك خه‌ریكه گۆڕههڵدهكهنێت و ده‌زانێت كه ئه‌مه گۆڕی ئه‌وه، دوای لێده‌كات كه له‌و شوێنه گۆڕی بۆ ههڵنهكهنێت چونكه به شوێنێكی تاریكی داده‌نێت به‌ڵكوو بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ نێو گۆڕستانه‌كه... لێره‌دا پازۆلینی ده‌یه‌وێت ئه‌وه پیشان بدات كه ئاكاتۆنێ به جۆرێك هه‌ست به په‌راوێزخستن ده‌كات كه ته‌نانه‌ت له مردنیشدا ناتوانێت مردنێكی نۆرماڵی هه‌بێت و له گۆڕستانی گشتیش بنێژرێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و شوێنێكی له بۆرگاتا بۆ ژیان نییه شوێنێكی بۆ مردنیش نابێت، یه‌كسانییه‌ك ئه‌گه‌ر له ژیاندا نه‌بووبێت ئه‌وا له مردنیش نییه، بۆیه هه‌موو جارێك به حه‌سره‌ته‌وه ته‌ماشای مه‌راسیمی به خاكسپاردنهكان ده‌كات، پازۆلینی ده‌یه‌وێت ئه‌وه پیشان بدات كه له بۆرگاتایهك كه ده‌كرێت شوێنێكی كۆتایی پێهاتوو بێت و فۆرمه‌كه‌ی بگۆڕێت، ئه‌وا ئاكاتۆنێ ده‌خرێته شوێنێكی ناكۆتا و ئێتێرۆتۆپیییهكی تر له ده‌ره‌وه‌ی گۆڕستان وه‌ك ئێتێرۆتۆپیی كه‌سانی ناپیرۆز و بێ ئیمان. واته لێره دوالیزمێك به‌دی ده‌كه‌ین كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات به واتا فۆكییهكهی به‌دی ده‌كرێت ئه‌ویش دوالیزمی پیرۆز / ناپیرۆزه، فه‌زای یۆتۆپیا ئه‌گه‌ر فهزایهكیی ناواقیعی بێت ئه‌وا ئێتێرۆتۆپیی فهزایهكیی ته‌واو راسته‌قینه‌یه و ده‌سه‌ڵات به هه‌موو فۆرمه‌كانییه‌وه كۆنترۆڵی ده‌كات و ڕێكار و ڕیسای بۆ ده‌رده‌كات، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه هه‌ندێك له ئێتێرۆتۆپییهكان فهزایهكیی ئازادنهیان هه‌بێت به پێی ستراكچه‌ری دروستبوونیان و ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه دروستیان كردووه .
شوێنێكی تری كه له‌م فیلمه‌دا پیشان ده‌درێت شوێنی له‌شفرۆشییه. به بۆچوونی فۆكۆ شوێنی له‌شفرۆشی به پێی مێژوو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه به تایبه‌ت ته‌كنۆلۆژیا و ته‌له‌فۆن رۆڵیان هه‌بووه له گۆڕانی شوێن. لێره‌دا له‌م بۆرگاتایه شوێنی له‌شفرۆشی له سه‌ر شه‌قامه‌كانه... شوێنی له‌شفرۆشی لێره‌دا به‌هەمان شێوه كه چه‌ند جارێك پۆلیس دوایان ده‌كه‌وێت و دوو له‌ش فرۆش ده‌ستگیر ده‌كات ئه‌وه ده‌رده‌خات شوێنی له‌شفرۆشی فه‌زاكه‌ی ناگۆڕێت له ئێتێرۆتۆپییهك بۆ ئێتێرۆتۆپییهكی باشتر واته له شه‌قامه‌وه بۆ ماڵان یان شوێنێكی كه ئاسایشی ئه‌و له‌شفرۆشانه‌ی كه له‌به‌ر برسێتی روویان كردووه‌ته ئه‌م شوێنه پارێزراو بێت به‌ڵكو گواستنه‌وه‌یه له فه‌زای به‌ڕواڵه‌ت ئازادی سه‌رشه‌قام بۆ ئێتێرۆتۆپییهكی تر و فه‌زای داخراوی زیندان و یاساكان. ئه‌م سێ جۆره له ئێتێرۆتۆپیی له‌م فیلمه‌دا كه له بنه‌مادا كاركرد و ڕێسایان جیاوازه و دژبه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ون و وێنه‌ی جیاواز و فراگمێنتی پیشانده‌ده‌ن خۆی له خۆیدا بریتییه له وێنهیهكیی نیۆریالیستی سینه‌مایی پازۆلینی و به گشتی سینه‌مای نیۆریالیستی ئیتالیا.. فه‌زا و شوێن و واقیع ئه‌وه نییه كه ئێمه ده‌یزانین و ده‌یبینین به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه كامێرا و تێڕوانینی ده‌رهێنه‌ر پیشانی ده‌دات.
بۆگارتا وه‌ك ئێترۆپییهك لێره به هامنشێوهی سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م كه كاروانسه‌را و شوێنی بازرگانییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان دروست ده‌كرا و شوێنی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵكی هه‌ژار بوو بۆ گواستنه‌وه‌ی بار و بنه‌ی بازرگانان.. و هه‌میشه به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ئه‌و خه‌ڵكانه ده‌كرا له‌م فیلمه‌شدا كاتێك ئه‌و له‌شفرۆشه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانیی له لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكه‌وه لێی ده‌درێت و سكاڵا له پۆلیس ده‌كات... پۆلیس گومانی له هه‌موو گهنجهكانیی ئه‌و شوێنه ده‌كات و كۆیان ده‌كاته‌وه‌و لێپێچینه‌وه‌یان له گه‌ڵ ده‌كات........ بۆگارتا فه‌زایه‌كه ئه‌گه‌رچی كارهكتهرهكانیی وا هه‌ست ده‌كه‌ن له ژێر هه‌ندێك له دیسپلین و كۆنترۆڵ ده‌رچوون و ده‌توانن ئازادانه تر بژین به‌ڵام ژیانی ئابووری و سیاسی و هه‌موو ئهكتێكیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت ئاكاتۆنێ كه خۆی وه‌ك كه‌سێكی یاخی و ئانارشی پیشان ده‌دات و بڕیار ده‌دات ته‌نانه‌ت دزیش نه‌كات به‌ڵكوو له ڕێگای له‌شفرۆشی به ژنانه‌وه پاره‌ی ده‌ست كه‌وێت دواجار ئه‌و رۆحیه‌ته یاخییه‌ی تێكده‌شكێت و له كاتی دزیكردن دا وێنه‌ی كۆنترۆڵ و چاودێریی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌ی شاراوه ده‌رده‌كه‌وێت. واته ئه‌و ره‌هه‌نده یۆتۆپیایه‌ی ئه‌م گه‌نجانه له ژیانیان له نێو فه‌زای ئێتێرۆتۆپی دا بڕوایان پێیه‌تی تووشی داڕمان دێت..
[1] espace et lieu
[2] Gilles, Deleuze, l'image-temps Cinéma 2, Les éditions de Minuit, 1985, p. 7.
[3] Des espaces autres
[4] les sociétés primitives
[5] hétérotopies de crise
[6] des lieux privilégiés
[7] les femmes à l'époque des règles به بۆچوونی من ئه‌م شته سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌لاتیی له ئێران و باوه‌ڕدارانی ئاینی زه‌رده‌شتی ، چونكه به پێی كتێبی وێندیداد له ئاینی زه‌رده‌شتی به جۆرێك له خێزانه‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه و ته‌نانه‌ت نابێت كه‌س به ده‌ستی ئه‌و خواردن و ئاو بخوات..
[8] Michel Foucault, Des espaces autres " (conférence au Cercle d'études architecturales, 14 mars 1967), Architecture, Mouvement, Continuité, n " 5, octobre 1984, pp. 46-49.