A+    A-
(413) جار خوێندراوەتەوە

پرسیار دەربارەی تەڵیسم ­و جادووی ئایین ­و ئایدیاکان*

 

 

 

دانیال دێنیت

و. وريا ئەحمەد

 

 

 

١

فەلسەفە پرسیارگەلێکە، پێدەچێت هەرگیز وەڵام نەدرێنەوە. ئایین وەڵامێکە، ڕەنگە هیچ­کات پرسیارێکی دەرهەق نەخرابێتەڕوو...

من فەیلەسووفم، بایۆلۆژیست، ئەنترۆپۆلۆژیست، کۆمەڵناس یان مێژووناس­ نیم. ئێمەی فەیلەسووفان، هێندەی دەزانین پرسیار­بکەین، هێندە نازانین وەڵام­بدەینەوە. دەشێت لەڕوانگەی هەندێک­ کەس، ئەمە وەک ملدانێکی گاڵتەجاڕانە بۆ بێ­هوودەیی، بێتەئەژماردن. ''تەماشای ئەم بەزمە بکەن، ئەو کابرایە دێژێت پسپۆڕییەکەی، پرسیارکردنە، نەوەک وەڵامدانەوە، چ کارێکی پەست و دزێو! دەترسین لە بەرانبەر ئەم کارەدا، مووچەشی بدرێتێ!''.

 

 

٢

زانست وەک ئەو کەسە زۆربڵێ­و دەم­نەوەستاوە وایە، کە بە گێڕانەوەی کۆتایی فیلمەکە، ئەفسوون­و جادووی فیلمەکە بەتاڵ دەکاتەوە.

 

 

٣

چ پێشهاتێک لە دۆخی ڕووداندایە؟

لە چەمەنزارێکدا بۆ مێروولەیەک دەڕوانیت، بەتەرزێکی تاقەتپڕوکێن بەسەر گەڵایەکدا هەڵدەگەڕێت­و هەڵدەگەڕێت، دواتر دەکەوێتە خوارەوە، چەشنی سیزیف­و بەردەکەی، مێروولەکەش دیسان تێهەڵدەچێتەوە­و دووبارە بەسەر گەڵاکەدا هەڵدەگەڕێتەسەرێ. بۆچی مێروولە وا دەکات؟ لەم کارە پڕوکێنەرەدا، چ­سوود­و قازانجێکی گیردەبێت؟ وا­دیارە پرسیارەکەمان هەڵەیە. مێروولەکە لەم کارەدا، هیچ سوود­و قازانجێکی بایۆلۆژی بەنسیب نابێت. واتە مێروولەکە لەم کارەدا بەدوای ئەوەوە نییە بەشێوازێکی باشتر قەڵەمڕەوەکەی بخاتە ژێر چاودێرییەوە، یان بەدوای خوردوخۆراک­دا کنەوپشکنین بکات، یاخۆ خۆی بۆ ڕەگەزی بەرانبەر بسەلمێنێت. (کەواتە بۆچی وا دەکات؟)، مێشکی ئەم مێروولەیە لەلایەن مشەخۆری جۆری  دیکرۆسلێووم دێندریتیکووم(Dicrocelium dendriticum)ەوە کۆنترۆڵکراوە. ئەم وردە زیندەوەرە مشەخۆرە، کە مێشکی مێروولە وەک خانەخوێ بەکاردەهێنێت، نیازی­وایە لەم ڕێگەیەوە خۆی بگەیەنێتە ناو ورگی مەڕێک یان مانگایەک، تاوەکو لەوێدا سووڕی زاوزێی خۆی تەواوبکات. ئەم کرمە مشەخۆرە گچکەیەی ناو مێشک، هۆکاری بزوێنەری مێروولەکەیە بەرەو جێگایەک، کە بشێت سوودی بۆ ڕەچەڵەکی خۆی، نەوەک خێزانی مێروولەکە، هەبێت. ئەمە دیاردەیەکی دەگمەن و ناوازە نییە. لە سرووشتدا، بەزۆری­و بەشێوازی جۆراوجۆر، بەر ئەم جۆرە دیاردەیە دەکەوین. چەندان جۆری کرم­و مشەخۆری کاریگەر، ماسییەکان و مشکەکان و جۆرەکانی تری گیانداران، وەک خانەخوێ بەکاردەهێنن. ئەم میوانە ناوەختە بەلاشخۆرانە، دەبن بە هۆکاری ئەوەی، خانەخوێکانیان، بەشێوازێکی ناباو­ و دوور لەچاوەڕوانی ڕەوتار بکەن­و تەنانەت دژبە خۆیان بجوڵێنەوە­و خۆیان بەرەو خەرەندی لەناوبردن ببەن. هەموو ئەمانەش بە سوودی مشەخۆرەکە، نەوەک خانەخوێکە، دەشکێتەوە.

ئایا هاوشێوەی ئەم دیاردەیە لە ناو گرۆی ئادەمیزاد­دا ڕوودەدات؟ ڕاستی ئەوەیە، بەڵێ. زۆرجار بەر ئەو مرۆڤانە کەوتووین، کە بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان، تەندروستی­و ئیمکانی خستنەوەی وەچە دەخەنەلاوە­و، سەراپای ژیانیان تەرخاندەکەن بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی ئەو ئایدیایەی، لەناو مێشکیان­دا چێنراوە. ئیسلام، وەک دەستەواژەیەکی عەرەبی، بەمانای "سەر سپاردن" و "تەسلیمبوون" دێت، ژیانی هەر موسوڵمانێکی باش، خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە بۆ سەلماندنی ئەمە، ئاخر موسوڵمانی باش لەڕۆژێکدا پێنج­جاران نوێژ دەخوێنێت، خێر دەکات، لەمانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبێت­و لەوەرزی حەجدا، دەچێتە زیارەتی کەعبە، هەموو ئەمانەش لەپێناو "اللە"­و موحەممەدی پەیامبەریدایە. بێگومان مەسیحییەکان­و جووەکانیش هەر بەم جۆرە دەجوڵێنەوەو، ژیانی خۆیان لەپێناو بڵاوکردنەوەی وتەی خودا، قوربانیدانی گەورە، ئازارکێشانی دلێرانە و گیانبازی­دا، دادەنێن. هەموو ئەمانە، لەپێناو تەنیا ئایدیایەکدایە و هیچی تر. سیخییەکان، هیندۆسەکان­و بودییەکانیش لەم یاسایە بەدەر نین. لەبیرتان نەچێت، چەند هەزار ئادەمیزادی هیومانیستی سیکۆلاریش، ژیانی خۆیان لەپێناو دیمۆکراسی، یان دادپەروەری، یاخۆ تەنیا لەپێناو هەقیقەتێک­دا، دەکەن بەقوربانی. زۆرن ئەو ئایدیایانەی، تاکەکان لەپێناویان­دا، گیان دەبەخشن.

ئەم تایبەتمەندییەی ئێمە، ئەوەی ژیانمان بۆ شتێک تەرخان­دەکەین، کە لە بەختەوەری­و خۆشگوزەرانیی خۆمان یان لە جەبری بایۆلۆژیی خستنەوەی وەچە بەگرنگتری دەزانین، ئێمەی لەهەموو گیاندارانی­تر جیاکردۆتەوە. ورچێکی دایکانە، دلێرانە بەرگری لە خواردنەکەی خۆی دەکات، بوێرانە بێچووەکانی خۆی یان لانە­و­خانەی خۆی دەپارێزێت، لێ وا دەردەکەوێت ئادەمیزادەکان هێندەی بەهۆی بەرگری­کردن لە دەق­و شوێنە پیرۆزەکان گیانیان لەدەستداوە، هێندە بەهۆی بەرگری­کردن لە کۆگاکانی ماددەی خۆراک، منداڵەکانیان یان خانووەکانیان، گیانیان لەدەستنەداوە.

هاوشێوەی گیاندارانی­تر، ئێمەش خاوەنی غەریزەی وەچەخستنەوەین، ئەم غەریزەیە، وەک ئامانجێکی سرووشتی لە ناوەوەی ئێمەدا چێنراوە، لەپێناو گەیشتن بەم ئامانجەدا، هەرچییەکمان لەدەست­بێت، دەیکەین، وەلێ هاوزەمان ڕستێک ڕێوڕەسم­و سرووتی تایبەتیشمان هەیە. ئێمە خاوەنی ئەو بەهرەیەین، چوارچێوەکانی جەبری جێنەتیکیی تێپەڕێنین. ئەم ڕاستییە، ئێمەی جیاواز بەبارهێناوە، لێ هێشتا وەک ڕاستییەکی بایۆلۆژی ئەژماردەکرێت، بەجۆرێک کە لە چنگی زانستی سرووشتیی ڕزگاری نابێت­و دەرئەنجام، ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە، لەڕێگەی زانستی سرووشتییەوە ڕوونبکرێتەوە. چۆنچۆنی تەنیا یەک جۆر­و ڕەگەز، کە ئەویش هۆمۆسایپینسەکانن، لەژیانی خۆیاندا خاوەندارییەتی لەم جۆرە ڕوانینە دەکەن؟

ئەوە دوورە لەچاوەڕوانیی ئێمە، کە کەسێک بڵێت گرنگترین شت لەژیاندا، هەبوونی وەچەی زیاترە لەچاو نەیاران­دا، وەلێ هەر ئەم بابەتە بۆ هەرچەشنە گیاندارێکی کێوی، وەک پێشمەرجی باڵاترین پلەی سەرکەوتن دێتەئەژمار. ئەوان هەر ئاژەڵن­و تەواو، لەوە زیاتریان لێ چاوەڕوان ناکرێت. دەشێت لەناو گرۆی گیانداران­دا، حاڵەتێکی دەگمەن­و سەیر بوونی هەبێت: سەگ! داخۆ "باشترین دۆستی مرۆڤ"، واتە سەگ، ناتوانێت جۆرە وەفادارییەک بنوێنێت، شیاوی چاولێکەری بێت؟ ئایا سەگ، لەکاتی پێویستی­و لەپێناو پاراستنی خاوەنەکەیدا، نامرێت؟ بەڵێ، سەگەکانیش هاوشێوەی مرۆڤەکان، گیان­و ژیانی خۆیان، لەپێناو شتانێکی بەدەر لەنیازی بایۆلۆژیا، دەخەنە مەترسییەوە. ئەمەش بەڕێکەوت نییە، کە ئەم تایبەتمەندییە جێگا­ستایشە، لە جۆر و ڕەگەزێکی ماڵی­کراو­دا بەبارهاتووە. سەگەکانی ئەمڕۆ، وەچە­و توخمی ئەو سەگانەن، پێشینانی ئێمە گەلەک خۆشیان­ویستوون­و ستایشیان­کردوون. پێشینانمان، تەنانەت ئەو ئامانجەیان لەبەرچاو نەگرتووە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەگەکان فێری وەفاداری بکەن، وەلێ سەرکەوتووانە ئەم کارەیان ڕاپەڕاند ­و باشترین بوونەوەرێکیان لەناو گرۆی گیانداراندا، پەروەردەکرد. داخۆ ئێمەش لەنواندنی وەفا­و دڵسۆزی بۆ خودا، بەشێوەیەکی ناخودئاگایانە لاسایی ئەم نمونەی وەفادارییە نیسبەت­بە ئاغا و سەروەر، دەکەینەوە؟ ئایا ئێمە لەوێناکردنی خۆمان­دا، سەگ بە نموونە وەردەگرین؟ پێ­دەچێت وابێت. سەگەکان وەفا­و دڵسۆزی بۆ ئادەمیزاد دەنوێنن، چونکە لە پێشینانەوە بۆیان ماوەتەوە. وەلێ وەفا­و دڵسۆزی ئێمە بۆ خودا، لەکوێ سەرچاوەی گرتووە؟   

بەراوردەکەی سەرەتا، لەنێوان ئەو کرمە مشەخۆرەی، مێشکی مێروولە داگیردەکات و ئایدیاکان، کە مێشکی مرۆڤ داگیردەکەن، پێ­دەچێت وەک کارێکی دوور لەچاوەڕوانی و هەڵاساز دابنرێت. ئاخر گوایە بە پێچەوانەی کرمەکانەوە، ئایدیاکان زیندوو­نین­و مێشک داگیرناکەن، ئایدیاکان بەرهەمی خودی زەینن. ئایدیاکان نازیندوون، ناتوانن ببینن کە بەرەو کوێ ملدەنێن، تەنانەت ئەگەر توانای بینینیشیان هەبووایە، دەست­و­پێ­و سەریان نییە، تاوەکو فەرمان بەسەر مێشکی خانەخوێکانیان­دا بکەن. ڕاستە، وەلێ خۆ کرمی  مشەخۆری (دیکرۆسلێووم دێندریتیکووم)یش بوونەوەرێکی هۆشیارو بەئاگا نییە، هەر بەڕاستی هێندەی گێزەرێکیش هۆشیار نییە، تەنانەت مێشکیشی نییە. هەموو چانس­و بەختێکی ئەم گیاندارە مشەخۆرە ئەوەیە، خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکە، بەهۆیانەوە دەتوانێت مێشکی مێروولە وەک خانەخوێ بەکاربهێنێت­و سواری ملی مێروولە ببێت­و لەبەرژوەندی خۆی ئاڕاستەی­بکات. (ئەم تایبەتمەندییانە، هاوشێوەی ئەو نەخش­و­نیگارەی سەر باڵی پەپوولەکانە، کە شێوەی چاوێک دەنوێنێتەوە. هەندێک­جار باڵندە ڕاوچییەکان بەهۆی ئەم نەخش­و­نیگارەوە، دووچاری وەهم­زەدەیی دەبن­و وا هەستدەکەن گیاندارێکی زەبەلاح سەیریان دەکات. باڵندەکان لەم نەخش­و­نیگارە دەترسن­و پەپوولەکان لێی­سوودمەند دەبن، وەلێ ئەم نەخش­و­نیگارە هیچ هۆش­و ئاگاییەکی نییە). ئایدیایەکی بێ­گیان، ئەگەر بە درووستی دیزاین کرابێت، بێ­ئەوەی خۆی ئاگای لێ­بێت، دەشێت کاریگەریی باش بەسەر مێشکەوە بەجێ­بهێڵێت. ئەگەر کاریگەریی باش­و بەسوود بەجێ بهێڵێت، پێ­دەچێت گەشە­و بووژانەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، ئەم گەشە­و بووژانەوەیەش، بۆ هێڵکاریی ڕاست­و درووستی دیزاینەکەی سەرەتای دەگەڕێتەوە.  

بەراوردی کرمی مشەخۆری (دیکرۆسلێووم دێندریتیکووم) بە وتەی خودا، مایەی نیگەرانیە، وەلێ دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێین، بەراوردکردنی ئایدیایەک بە گیاندارێک، بابەتێکی تازە نییە. من، دەستنووسێکی دیرۆکییم لەلایە، کە لەسەدەی شانزەیەم لەسەر پێستی (گیاندار)ێک نووسراوەتەوە. ئەم دەستنووسەم نیوسەدە پێش ئێستا، لە کتێب­فرۆشییەکی پاریس پەیداکرد. دەقی ئەم دەستنووسە (کە بەزمانی لاتینییە)، حەکایەتی پەندئامێزی بابای جووتیار(چێنەر) دەگێڕێتەوە(Matthew 13: Semen est verbum Dei; sator autem Christus). لێرەدا وتەی خودا وەک (تۆو)، مەسیحیش وەک جووتیار(چێنەر) وێناکراوە. تۆوەکان لەنێو زەینی ئادەمیزادەکان­دا ڕەگ­دادەکوتن، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەم ئادەمیزادانە، وتە­و گوفتارەکان، لەئاستێکی بەریندا بڵاوبکەنەوە­و لەبەرانبەردا، هەمان ئەم ئادەمیزادانەی کە بۆ تۆوەکان بوونبە خانەخوێ، ژیانی هەتاهەتاییان پێ دەبەخشرێت(eum qui audit manebit in sternum).

چۆنچۆنی ئایدیاکان لەلایەن زەینەوە دادەهێنرێن؟ پێ­دەچێت لەڕێگەی وەحی­و پەرجووەوە بێت، یانیش پێ­دەچێت بەشێوازێکی سرووشتی بێت. ئایدیاکان لە زەینێکەوە بەرەو زەینێکی تر دەگوازرێنەوە، لەپرۆسەی وەرگێڕانی نێوان زمانەکان­دا، بەسەلامەتی دەرچوون، بەسەر باڵی ئاوازەکان، هێماکان، پەیکەرەکان و سرووتەکانەوە فڕیون، لەگەڵ فۆرم­و شێوەی نائاسایی نێو زەینی کەسانی تایبەت، تێکەڵ­بوون، لەنێو ئەم زەینانەدا پەڕوباڵی تازەیان پێ­بەخشراوە­و ئایدیای تازەیان پێ­ئافرێنراوە. ئەو ئایدیایانەی ڕۆژێک لەڕۆژان ئیلهامیان بە ئەم کەسە تایبەتانە بەخشی، لەنێو گەلان­دا ڕەنگ­و بۆنی نەتەوەییان بەبەرداکرا، وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا، تایبەتمەندیی­و هێز­و وزەی تازەشیان بۆ سەربارکرا. پێ­دەچێت هەندێک لە ئایدیا ڕامنەکراوەکان، ئەوی لەسەرەتادا زەینی ئێمەیان داگیرکردبوو، لەدوای خۆیان، وەچە­ئایدیا­و نەوەگەلێکیان بەجێهێشتبێت، کە ئاسان دەستەمۆ­و ماڵی کرابن، هەروەتر، ئێمەش هەوڵمانداوە سەروەر­و ئاغای ئەم وەچە­ئایدیایانە بین، یان لانیکەم جڵەویان­بکەین. ڕەگ­وڕیشەی ئایدیاکانی ئەمڕۆ، چییە؟ پێشینانی ئەو ئایدیا دەستەمۆکراوانەی لەمڕۆدا بەربڵاون، کێن­و چیین؟ بۆچی­و لەکوێوە سەریانهەڵدا؟ ئەو سەروەختەی پێشینانی ئێمە خەیاڵی ئەوەیان کەوتە سەر، کە نەک هەر ئایدیاکان پەروەردە­و بڵاوبکەنەوە، بەڵکوو قەدر­و ڕێزیشیان لێ­بگرن، چۆنچۆنی پرۆسەی "باوەڕهێنان بە باوەڕ" بووبە­هۆی ئەوەی گۆڕان لەماهییەتی ئەم ئایدیا بەربڵاوانەدا بەباربێت؟

ئایدیا گرنگە ئایینییەکان، بەدرێژایی هەزاران­ساڵ­و بەر لە مێژووی نووسراویش، ئێمەی ئادەمیزادیان دیل­و یەخسیر کردبوو، وەلێ ئەم چەردە زەمەنییە لەچاو مێژووی بایۆلۆژیی­دا، مەودایەکی گەلەک کورتە. ئەگەر بمانەوێت وەک دیاردەیەکی سرووشتیی، لەماهییەتی ئایینی ئەمڕۆ تێبگەین، نابێت بە تەنیا ئەوە ببینین، کە ئایین لەمڕۆدا و هەنووکە چۆنە، بەڵکو دەبێت ئەوەش ببینین، کە ئایین لە دوێنێدا چۆن بووە.

 

 

4

شکاندن یان نەشکاندن

زانست وەک ئەو مرۆڤە زۆربڵێ­و دەم­نەوەستاوە وایە، کە بەگێڕانەوەی کۆتایی فیلمەکە، ئەفسوون­و جادووی فیلمەکە بەتاڵ­دەکاتەوە. (نێد فلاندێرس؛ کەسایەتیی کارتۆنی لە ئەنیمەیشنی سیمپسۆن دا).

لە کۆنسێرتێک­دا دانیشتوون، حەپەساو ­و هەناسەلەسینەدا قەتیس­ماو، گوێتان بۆ ئەو ژەنیارانە ڕادێراوە، کە خۆشتان­دەوێن، نەوای میوزیکی دڵڕفێن، باڵتان لێ­دەڕوێنێت­و بەرەو جێگایەکی ترتان دەبات... لەپڕ زەنگی موبایلی کەسێک لێ­دەدات! شکانی تەڵیسم­و بەتاڵبوونەوەی ئەفسوون و جادووی کۆنسێرتەکە. مایەی نەنگە، مایەی شەرمە­و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەو کەسە گەمژە­و بێ­ئاگایە، کۆنسێرتەکەی لێ­تێکدان، ساتێکی گرانبەهای لە­کیسدان، کە هەرگیز ناگەڕێتەوە. شکاندنی ئەفسوون­و تەڵیسمی کەسێک، کارێکی قێزەونە! من نامەوێت ئەو کەسە بم، کە زەنگی موبایلەکەی لێ­دەدات، وەلێ زۆرباش ئاگام لەوەشە، کە بەم نووسینە، لەڕوانگەی زۆر کەس­دا، هەر هەمان ئەو کەسە ڕەزاگرانەم.

کێشەکە لەوەدایە، هەم ئەفسوونی باش هەیە­و هەم ئەفسوونی خراپیش. خۆزگە دەکرا تەنیا لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی­و زەنگی موبایلێکەوە، ناوبڕێک یان ڕاچەنینێک لە­دۆسێ کارەساتبارەکانی وەک دۆسێی جۆنیس تاون(Jonestown) و گوویانا(Guyana) لەساڵی ١٩٧٨ بەدی­بهێنرایە، ئەوەی کە سەرشێتێکی وەک جیم جۆنز(Jim Jones) فەرمانی بە سەدان پەیڕەوکاری ئەفسوونزەدە­و تەڵیسم­کراوی خۆی کرد، خۆیان بکوژن! خۆزگە تەنیا بمانتوانیبایە، ئەو تەڵیسمە بشکێنین، کە بووبەهۆی فریوخواردنی گرووپی ئوم_شینریکیۆ(Aum Shinrikyo)ی ژاپۆنی­و بڵاوکردنەوەی گازی سارین لەناو میترۆی تۆکیۆدا، کە مەرگی دەیان کەس­و برینداربوونی هەزارانی تری لێکەوتەوە! ئەگەر لەمڕۆدا بتوانین ڕێگایەک بۆ شکاندنی ئەو تەڵیسم­و ئەفسوونە بدۆزینەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوڕ­و­کاڵی موسوڵمان بەرەو قوتابخانە تووندئاژۆکان پەلکێش­دەکرێن، چی­دەبوو! ئەو قوتابخانانەی، لەبری ئەوەی وانەکانی دونیای مۆدێرن، دیمۆکراسیی و مێژوویان تێدا بخوێنرێت، ئەم کوڕ­و­کاڵانە بۆ ژیانێک ئامادەدەکەن، لێوان­لێوە لە­ مەرگ­و شەهیدبوون ! ئەگەر دەکرا، ئەو تەڵیسمە بشکێنین، کە هاووڵاتیانی ئێمە بەوە تەڵقین­دەکات، گوایە لەلایەن خوداوە ڕێگەیان­پێدراوە، کلینیکەکانی لەباربردنی­ منداڵ بتەقێننەوە!

بە تەنیا گرووپە ئایینیەکان­و توندڕەوە سیاسییەکان، ئەفسوونکاران­و جادووگەرانی ئەمڕۆکە نین. وێنای ئەوانە بکەن، دیل­و یەخسیری دەست ماددەی هۆشبەر، قومار، خواردنەوە کحولییەکان یان هەرزەگۆیین. ئەم جۆرە کەسانە، پێویستیان بە زۆرترین بڕ لە کۆمەک­و هاوکاریی بەپەلە هەیە، گومانم­ نییە لەوەی، هیچ­کەس ناخوازێت پەردە­ بەسەر ئەم ئەفسوونزەدە_جادوولێکراوانە­دا بدات­و هاواربکات کە ''تکایە بێدەنگی! تەڵیسمەکە مەشکێنن!''. پێ­دەچێت باشترین ڕێگا، بۆ شکاندنی ئەم تەڵیسمە خراپانە، ئەوە بێت، کە کەسی تەڵیسمکراو بخەینەژێر تەڵیسمی باشی وەک تەڵیسمی خودا یان ئینجیلەوە! دەشێت ئەمە باشترین ڕێگاچارەبێت، ڕەنگە واش نەبێت. دەبێت هەوڵبدەین وەڵامەکە بەدەست­بهێنین. ئەوی­دەم بەدوای وەڵامدا دەگەڕێین، دەبێت لەوە بکۆڵێنەوە، داخۆ ئەگەر بە چەقەنەیەک دەوای دەردی ئەوانە بکەیەن، کە بە کارکردنەوە ئالوودەبوون، دونیا باشتر دەبێت یان نا؟ وەلێ ئەمە بابەتێکی هەڵاسازە. زۆرێک لەوانەی ئالوودەی کارن، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، کە گوایە ئالوودەبوونی ئەوان نەرێنی­و وێرانکەر نییە، بگرە بۆ کۆمەڵگا و ئازیزانیان بەسوودە، سەربار، ئەم جۆرە کەسانە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، لەکۆمەڵگایەکی ئازاد­دا، مافی ئەوەیان هەیە شوێن  هەستی خۆیان بکەون­و خۆیانی پێ­بسپێرن، هەڵبەت تا ئەو جێگەیەی زیان بە ئەوانی تر نەگات. ئەمە پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگرە؛ ئێمە، لە پێگەی ئەوانی­تردا، تا ئەو دەمەی دڵنیابین لەوەی، کە ئەمانە بەنیسبەت ئێمەوە بێ­زیانن، ناتوانین دەست لە کارە تایبەتییەکانیان وەربدەین. لێ کاتێک پرسێکی لەم شێوەیە دێتە­پێشێ، دڵنیابوونەوە، دژوار­و دژوارتر دەبێت.

تاکەکان، وابەستەی زۆر­شت دەبن. هەندێک وا بیردەکەنەوە، ناتوانن بەبێ ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئازاد، ژیان بەسەربەرن، لەکاتێکدا کەسانی­تر پێیان­وایە بەبێ جگەرە ناتوانن بژین. هەندێک لەو­باوەڕەدان، ژیان بە­بێ میوزیک، وێرانەیە، هەندێکی­تریش ژیانی بێ ئایین، بە شتێکی بێ­نرخ ئەژماردەکەن. ئایا هەموو ئەمانە دەچێتە خانەی ئالوودەبوونەوە؟ یاخۆ ئەمانە نیاز­­و پێداویستی ڕەسەنن­و دەبێت بە­هەرچ نرخێک بووە، بیانپارێزین؟

دواجار، دەبێت دەست بۆ ئەو پرسیارانە بەرین، کە بەدەوری بەها باڵاکاندا هەڵدەسوڕێن، هەڵبەت هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیی، ناتوانێت وەڵامێک بۆ ئەم چەشنە پرسیارانە بخاتەڕوو. لەبەرانبەر ئەمەدا، ئەوەی لەدەستمان­بێت، ئەوەیە کە دابنیشین­و هەموو پێکەوە بیربکەینەوە. ئەم کارە، جۆرە پرۆسەیەکی سیاسیی هاوبەش­و پەروەردەییە لەپێناو قنیات­پێهێنان­دا و، دەتوانین بە نییەت باشییەوە ڕایپەڕێنین. وەلێ بۆ  ڕاپەڕاندنی ئەم کارە، دەبێت سەرەتا ئەوە بزانین، بژاردە­و ئۆپشنەکانی بەردەممان چین­و چۆنن، هەروەتر، دەبێت پێناسەیەکی ڕوون­و­ڕەوان بۆ ئەو بەڵگانەش بخەینەڕوو، کە بۆ سەلماندن یان ڕەتکردنەوەی دیدگا جۆراوجۆرەکانی بەشداربووان، دەهێنرێنەوە. ئەوانەی خۆیان لەبەشداری­کردن دەدزنەوە (ئاخر ئەمانە گوایە هەر زوو وەڵامەکانیان چنگ کەوتووە!)، سەربەو گرووپەن، کە دیدگایان لە دیدگای ئێمە جودایە، ئەمانە خۆیان بەشێکن لە کێشەکە. بۆنموونە، ئەگەر بمانەوێت لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە­، دەربارەی دیاردەی ئال نینۆ(El nino)** و گەرمبوونی زەوی، گفتوگۆبکەین، کارێکی بێ هوودەمان ئەنجامداوە، لێ چ پێیان خۆشبێت یان نا، ئێمە لەوەدا لەسەر هەقین، کە بانگەواز بۆ ئەوە دەکەین، خوێندنەوەیکی جددی­و قووڵ بۆ ئەم بابەتانە بکرێت. پێ­دەچێت ئەم جۆرە کەسانە، ڕۆژێک لەڕۆژان بۆچوونیان بگۆڕێت­و بێنەڕیزی ئێمەوە، تاوەکو کۆمەکمان بکەن، پاشخانی کارکردن­و ڕێوڕەسمی ئەوان باشتر بناسین، وەلێ چ بەم کارە هەستن یاخۆ نا، ئێمە دەبێت هەموو ئەوەی لەبارەیانەوە پێوێستە، بزانین، چونکە ئەمانە هەموو ئەو شتانە دەخەنەبەر مەترسیی، کە بۆ ئێمە گرنگ­و بەبایەخن.

کاتی هاتووە ئایین وەک دیاردەکی سرووشتیی­و وەک بابەتی توێژینەوەیەکی فرەڕەهەند­و چڕوپڕ، بەرباس­بدرێت، هەڵبەت بەهاوکاری باشترین پسپۆڕانی سەر ئەم هەسارەیە. بۆچی؟ ئاخر ئایین بە نیسبەت ئێمەوە، زۆر لەوە گرنگترە، کە لەبارەیەوە وەک نەزانێک بمێنینەوە. ئایین نەک تەنیا کاریگەری بەسەر تەنگەژە و ململانێ کۆمەڵایەتیی، سیاسیی­و ئابوورییەکانی ئێمەوە هەیە، بگرە ئەو مانایەی، کە بۆ ژیانی خۆمان دایدەتاشین، لەژێر کاریگەری ئایین­دایە. بۆ زۆرینەی تاکەکان، ڕەنگە بۆ بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی گۆی زەوی، هیچ شتێک هێندەی ئایین گرنگ­و بەبایەخ نییە. هەر بۆیە دەبێت تا ئەو جێگایەی بۆمان دەلوێت­و دەتوانین، لەبارەی ئایینەوە شت فێربین.

ئایا ئەم چەشنە پەلاماردانە­و ئەم شێوازە لە هەڵسەنگاندنی تاقەت پڕوکێن، زیان بە دیاردەی ئایین ناگەیەنێت؟ ئایا تەڵیسم­و ئەفسوونی ئایین بەتاڵ­ناکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گەلەک باشە­و من وەڵامەکەی نازانم. هیچ کەس وەڵامەکەی نازانێت. بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم، تاوەکو بەوردی لێکدانەوەی بۆ بکەین­و دواجار، ١: بەهەڵپەهەڵپ خۆمان هەڵنەدەینە ناو بابەتێکەوە و لەو سەرەوە بە پەشیمانی­و دەست لە ئەژنۆ درێژتر بێینە دەرەوە ٢: ئەو ڕاستییانە لەبەرچاوبگرین، کە دەشێت ژیانی ئێمە باشتر بکەن. دانیشتوانی ئەم هەسارەیە، لەگەڵ کێشە­و ئارێشەگەلی زۆروزەبەندا دەرگیرن، هەژاری، برسییەتی، نەخۆشی، ستەم، توندوتیژیی جەنگ­و توندوتیژیی تاوانکاریی­و زۆرێک کێشەی تر، یەخەی خەڵقی سەر ئەم هەسارەیەیان گرتووە. لەسەدەی بیستویەک­دا، ئێمە دەبین بە خاوەنی هێز­و دەسەڵاتی بێ­ڕکابەر، کە دەشێت بەهۆیەوە بتوانین چارەیەک بۆ ئەم کێشانە بدۆزینەوە. وەلێ دەبێت چی­بکەین؟

بەتەنیا نییەتی باش بەس­نییە. ئەگەر پەند­و وانەیەکمان لەسەدەی بیستەوە وەرگرتبێت، ئەوەیە کە لەڕێگەی باشترین نییەتەکانەوە، مەزنترین هەڵە­­و گەورەترین گەمژایەتیمان ئەنجامدا. لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیست­دا، لەڕوانگەی ملیۆنان مرۆڤی خاوەن هزر­و خاوەن نییەتی باش، کۆمۆنیزم وەک ڕێچارێکی جوان­و تەنانەت سەرەتاییانە، بۆ هەموو ئەو نادادییەی کە بەچاوی خۆمان دەمانبینی، ئەژماردەکرا، لێ ڕاستیی ئەوەبوو، کە ئەمانە هەموویان بەهەڵەداچووبوون. هەڵەیەکی قێزەون، کە باجێکی سەنگینی بەدواوە بوو. هەر لەو سەروەختەدا، قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان، وەک ئایدیایەکی گونجاو­و باش ئەژماردەکرا. گونجاوی ئەم ئایدیایە، بەتەنیا لەڕوانگەی ئەو پیاوە ئایینییە خۆپارێزانەوە نەبوو، کە هەم کوشتەی دەسەڵات بوون­و هەم پێداگربوون بۆچوونی خۆیان بەسەر هاووڵاتیان­دا بسەپێنن، بەڵکوو لەڕوانگەی زۆرێک لەکەسایەتییە بەڕێزەکانیشەوە، کە زیانە مەترسیدارەکانی کحولیان دەبینی­و بەو ئەنجامە گەیشتن، کە قەدەغەکردنی گشتیی، باشترین دەوایە بۆ ئەم دەردە. هەڵبەت دواجار ئەوە سەلمێنرا، کە ئەمانیش بەهەڵەداچووبوون، وەک چۆن کۆمۆنیزمیش بەهەڵەداچووبوو، لێ ئێمە هێشتا لە کاریگەرییە زیانبارەکانی ئەم چەشنە لە سیاسەتی (خۆش­نییەت)، ڕزگارمان نەبووە. ڕۆژگارێک، کە هێندەش دوور نییە، ئایدیای جیاکردنەوەی ڕەش­پێست­و سپی­پێست لەیەکتر، بە دیدی زۆرێک لە کەسایەتییە ڕاستگۆکان، وەک ڕێچارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئارێشە­و ململانێی ڕەگەزی، ئەژماردەکرا. دەبوو کات تێپەڕێت­و پاش سەرهەڵدانی بزاڤی مافە مەدەنییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان­و پاش ئەزموونی سیاسەتی پڕ لە شەرم­و لێوان­لێو لە ئازاری ئاپاردایت­و، دواجار پاش سڕینەوەی ئەم سیاسەتە لە ئەفریقای باشوور، ئینجا ئەو بەڕێزە ڕاستگۆیانە­و ئەوانەی سەروەختێک بە نییەتی باشەوە بەرگریان لەسیاسەتی ئاپاردایت­و جیاکاری ڕەگەزیی دەکرد، تێگەیشتن، کە چەندە هەڵە­بوون. پێ­دەچێت ئێستا ئێوە بڵێن، دەک داڕزێن بۆ خۆیان­و سیاسەتیان، دەبوو باشتر بیریان­بکردایەتەوە. ئەگەر ئەو­پەڕی هەوڵی خۆمان وەگەڕبخەین، ئەوی­دەم دەتوانین باشتر بزانین­و باشتر بیربکەینەوە، هەڵبەت هیچ بیانوویەک بۆ خۆ دزینەوە لەهەوڵدان، لەئارادا نییە. یان ئایا بیانوویەک بوونی هەیە؟ بەچاوپۆشی لە لێکەوتەکان، داخۆ هەندێک لە بابەتەکان، لەو دیوی هێڵی سوورەوەن؟

لەمرۆدا ملیۆنان ئادەمیزاد لەپێناو بەدیهاتنی ئاشتی­دا، دۆعا دەکەن، تووشی سەرسووڕمان نابم ئەگەر زۆرینەیان لە قووڵایی دڵەوە، لەوباوەڕەدا بن، باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەم دونیایەدا، ئەو ڕێگایەیە، کە بەناو پێکهاتە ئایینییەکەی ئەواندا تێدەپەڕێت. ئەم کەسانە چ مەسیحی بن یان جوو، ئیسلام­بن یان هیندۆسی، بودایی بن یاخۆ سەر­­بە سەدان سیستەمی ئایینی تر، هەر بەو چەشنە تێدەفکرن، کە ئایینەکەی ئەوان باشترین ڕێگاچارەیە. بەهەق هێشتا کەسانێک هەن، باڵاترین ئومێد­و هیوای مرۆڤایەتی لەوەدا دەبینین، کە هەموو ئایینەکان لە چوارچێوەی مێزگردێک­دا کۆبکرێنەوە­و بواربدرێت گفتوگۆیەکی تۆڵێرانس ئەنجام­بدەن، تاوەکو لەمەڕ پرسی چۆنیەتی ڕەوتار­و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا، بگەن­بە ڕێککەوتنی کۆتایی. دەشێت خەونی ئەم کەسانە، جێگای­ستایش بێت، بەڵام ئەمە خەونە. تیینیویەتی باوەڕ، بە مێزگردو یەکتر قبووڵکردن ناشکێت. بۆ باوەڕدارێک هێندەی ئەو پرسە گرنگە، ڕۆژێک ئایینەکەی ئەو سەراپای دونیا بگرێتەوە، هێندە ئاشتی کورتخایەن یان درێژخایەن گرنگ نییە، زۆرێک بەڕاستگۆییەوە ددان بەم بابەتەدا دەنێن. هەندێک کەس ئایین، وەک تاقانە ئومێد بۆ گەیشتن بە ئاشتی، وێنادەکەن. ئایین لەدیدی ئەمانەدا، کەشتیی نەجاتە­و ئێمەی ئادەمیزاد بوێری ئەوەمان نییە دەستی (ڕەخنە)ی بۆ درێژ بکەین، تا مەبادا سەرنگوون ببێت­و هەموومان تیابچین. لەهەمان­کاتدا، هەندێکی تر، شووناسی ئایینی وەک سەرچاوەی سەرەکی هەموو تەنگەژە­و توندوتیژییەکانی جییهان ئەژماردەکەن­و لێ­بڕاوانە پێیان­وایە، کە یەقینی ئایینی لەچاو ئارامی­و عەقڵانییەتی ئاگامەندانەدا، ئاڵتەرناتیڤێکی گاڵتەجاڕانەیە. هەڵبەت ئەوانەی خاوەندارییەتی لەم دوو دیدگا جیاوازە دەکەن، نییەتیان خێرە!

حەق بە کێیە؟ نازانم. ملیاران کەسی دیکەش، بە سەدان جۆری یەقینی پڕ لە هەیەجانی ئایینییەوە، نازانن. ئەو بێ­باوەڕانەش نازانن، کە دڵنیان دونیا بەبێ ئایین، جێگایەکی خۆشتر و باشتر دەبوو. لێرەدا هیچ لەیەکتر نزیک­بوونەوەیک لەئارادا نییە. باوەڕداران و بێ­باوەڕان، هەریەک لە دۆڵێکەوە ئاوازی خۆیان دەچڕن. زۆرجار بێ­باوەڕان، بەشان­و باڵی ئەو هەڵسەنگاندنە ورد­و بابەتییانەی خۆیان­دا هەڵدەڵێن، کە بۆ دیدگاکان، کردارەکان و بەڵگەکانی دەخەنەڕوو. لەبەرانبەردا، باوەڕداران، لە پەرچەکراداریاندا لەهەمبەر بوێری، بێ­ڕێزی­ کردن­و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانیان­و لەئاست هەرکەسێک کە بخوازێت دیدگاکانیان هەڵبسەنگێنێت، تووڕەدەبن. دەبێت ئەم تەڵیسمە بشکێنرێت­و هەر ئێستاش دەبێت بشکێنرێت. ئەوانەی ئاییندارن­و لەوباوەڕەدان ئایین باشترین ئومێد­و هیوای مرۆڤایەتییە، ئەگەر خۆیان ناخوازن بیروباوەڕی خۆیان هەڵبسەنگێنن، نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن، ئێمەی گوومانگەرا دەست لە گوومانکردن هەڵبگرین. ئەگەر هەق بە ئەوان بێت (بەتایبەت دوای قووڵبوونەوەی زۆر، راست و دروستی وتەکانیان بسەلمێت)، ئێمە وەک گوومانگەراکان، نەک تەنیا ئەمە پەسەند­دەکەین، بگرە بەرەو هەمان ئەو دۆڵەش بنەو­بارگە دەگوازینەوە، کە ئەوانی لێ­نیشتەجێن. ئێمە هەمان ئەو شتەمان دەوێت، کە ئەوان بە زۆری وای پیشان­دەدەن بەدوایدا عەوداڵن. دونیایەکی لێوان­لێو لەئاشتی، بە کەمترین ئازارەوە تا ئەو شوێنەی لەدەستمان بێت، دونیایەکی هاوتەراز لەگەڵ ئازادی­و دادپەروەری­و بەختەوەری­و مانا، بۆ هەمووان. ئەگەر بابەت­و ئامانجی ڕێگاکەیان ڕوون­نییە، ئەوا ئەمە پرسێکە دەبێت خۆیان بخوازن­و بیانەوێت، کە بەم ناڕوونییە بزانن. ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، گوایە لە مشتومڕی پەیوەست بە پرسی ئەخلاق، دەستێکی باڵایان هەیە؛ ڕەنگە وابێت­و شایستەی ئەوە بن و ڕەنگە واش نەبێت. وەرن پەردە لەسەر ئەم پرسە لابدەین.      

 

 

5

پێڕستی دیدگاکانی مەریخییەک

 

ئەگەر خودا بوویتایە، ئاخۆ پێکەنینت دەئافەراند؟

 Christopher Fry, The Lady's Not for Burning   

پێ­دەچێت هۆکاری ئەوەی ناتوانین هەڵسەنگاندێکی باش بۆ ئایین بکەین، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە گەلەک لەئایینەوە نزیکین­و ئێجگار پێی ئاشناین، بەچەشنێک، ئایین بۆ بابەتێکی ئاسایی گۆردراوە. ئاشنایەتی­و نزیکایەتی، ساڵیانی ساڵ، بۆ هونەرمەندان­و فەیلەسووفان، بابەتێکی نامۆ نەبووە. یەکێک لە کارە تازەگەرییەکانی فەیلەسووفان­و هونەرمەندان، هونەری "لەئاشنایەتیی­و لەناسراوی داماڵین" بوو. هەر بۆیە، بەشێک لە شاکارەکانی لووتکەی داهێنان لەم بوارەدا، چاوێکی نوێ­و دیدێکی تازەیان بە ئێمەومانان بەخشی، تاوەکو ژێر توێژاڵی ئەو شتەی، کە بەئاشنامان دەزانی، ببینن­و، لەپشتەوەی توێکڵ­و توێژاڵە دەرەکییەکاندا، بۆ ناواخنی ڕاستەقینەی ئەو شتە بڕوانین، کە تاوەکو ئەو ساتە، وەک بابەتێکی ئاسایی­و ئاشنا بۆمان دەڕوانی. زانایان بەقووڵی لەگەڵ ئەم میتۆد­و شێوازەدان­و دەخوازن دیاردەکان لەتەمی ئاسایی­بوونەوە دابماڵدرێن. ئاسایی­بوونەوەی دیاردەکان­و دەرکەوتنیان وەک شتانێکی ئاشنا­و ناسراو، نەوەک هەر پرسیاری قووڵ دەمرێنن، بگرە بوار بەوەش نادەن بە وردی­و بە دروستی بناسرێن. بۆ ئەوەی حەپەسانی فەیلەسووفانە لەدەست نەدەین­و لەئاست جییهان­و دیاردەکاندا هێشتا هەست بە شۆک­و نامۆیی بکەین، دەبێت مەودایەک دروستبکەین­و نەختێک لە شتەکان­و ڕووکاری ئاساییان دووربکەوینەوە. ئەوە تەنیا نامۆ­و غەریبەکانن لەمەڕ هەموو­شت پرسیاردەکەن­و هەر جوڵەیەک سەرنجیان­ڕادەکێشێت. چرکەساتە ئەستوورەییەکەی نیوتن، ئەوی­دەم بوو، کە ئەو پرسیارە سەیروسەمەرەیەی لەخۆی کرد، بۆچی سێو لەدرەختەوە ڕوو بەرەو خوار بەردەبێتەوە؟ (هەموو کەسێکی ئاسایی­و بێ­بەهرە، ئەم پرسیارە بەم­جۆرە دادەڕێژێتەوە "باشە، ئەی بۆچی نەکەوێتە خوارەوە؟ خۆ نافڕێت؟" و هەر کەسێکی ئاسایی­و بێ­بەهرەش، بەم­جۆرە وەڵام دەداتەوە "ئیتر قورسە قورس، بۆیە دەکەوێت!" وەک بڵێی ئەمە ئیتر ڕوونکردنەوەیەکی یەکجار نایاب­و حاشاهەڵنەگر بێت). ئەلبێرت ئانشتاین پرسیارێکی هاوشێوە­و سەیری کرد. هەمووان دەزانن دەمی "ئێستا" چ واتایەک دەگەیەنێت، وەلێ ئانشتاین پرسی، ئایا من­و ئێوە مەبەستمان لە "ئێستا"، ئەو دەمەی بەخێراییەکی نزیک لە خێرایی ڕووناکی، لەیەکتر دووردەکەویینەوە، هەر هەمان مەبەستی سەرەتایە­و "ئێستا"ش هەر هەمان مانای سەرەتای هەیە؟ بایۆلۆژیاش، پرسیاری سەیروسەمەری زۆری تێدایە. ''بۆچی گیانداری نێر، شیر بەرهەم­ناهێنێت؟''، ئەم پرسیارە لەلایەن جۆن ماینارد سمیس(John Maynard Smith)ی ڕەحمەتییەوە، لەساڵی ١٩٧٧ خرایەڕوو، کە زانایەکی بایۆلۆژیی داروینیی بوو. ئەو، بەم پرسیارەی، ئێمەی لەخەوی دۆگماتیزم­و تەسکبینی بەئاگا هێنایەوە، تاوەکو لەگەڵ پێدراوێکی سەیروسەمەردا ڕووبەڕووببینەوە. ''بۆچی ئێمە هاوکات­و پێکەوە، پێڵوی هەردوو چاوانمان دەپرتێنین؟''، ئەم پرسیارە لەلایەن جۆرج ولیامز(George Williams) و لەساڵی ١٩٩٢ خرایەڕوو. ئەمیش هەر بایۆلۆژیستێکی داروینیی بوو. هێشتا لەلایەن هیچ بایۆلۆژیستێکەوە، وەڵامی پرسیارە باشەکان نەدراوەتەوە. لێرەدا هێما بۆ چەند پرسیارێکی تر دەکەین. کاتێک شتێکی کۆمیک دەبینیت، بۆچی پێدەکەنیت؟ پێ­دەچێت وا بیربکەینەوە، کە بابەتێکی ئاساییە، ئەوی­دەم دیاردەیەکی کۆمیک یان گاڵتەجاڕانەی وەک (قڕقێنە) دەبینین، وەک پەچەکردارێکی سرووشتیی، پێبکەنین، بەڵام بۆچی بەم جۆرەیە؟ بۆچی بەشێک لە ئەندامە سێکسییەکانی ڕەگەزی مێینە، ورووژێنەرن و بەشێکی تریان وا نین؟ ئایا ئەمە ئاساییە؟ دیسان بە جوانی و بە وردی سەرنجیان بدە! لێ ئەمە کۆتایی بەسەرهاتەکە نییە. ئەو ڕێسامەندییەی لەسیاقی پەچەکردارەکانی ئێمە، لەئاست دونیای دەوروبەردا بوونی هەیە، دەستبەری ئەوە دەکات، کە دیاردەکان وەک شتانێکی ئاسایی و ئاشنا دەربکەون، هەروەتر، ئەرکی ئەم ڕێسامەندییەی، کە پەچەکردارەکانی ئێمە تێیاندا ئاڕاستەوەردەگرێت، ئەوەیە، بیسەلمێنێت کۆی پەچەکردارەکانی لای سەرەوە(پێکەنین یان ورووژان)، بەشێکن لە "سرووشتی ئادەمیزاد"، وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا پرسیارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ بۆچی پێدەکەنین؟ بۆچی دەورووژێین؟ دیارە ئەم چەشنە پرسیارانە، تایبەتمەندیی تیۆری پەرەسەندن بەسەریاندا زاڵە، لێ ئەوەی سەیرە، بەزۆری فەیلەسووفان و هونەرمەندان بەدیدێکی پڕ لە ڕقەوە بۆ ئەم چەشنە پرسیارانە دەڕوانن! جارێکیان فەیلەسووفی ناسراو، لودویگ ویتگینیشتاین(Ludwig Wittgenstein)، ڕستەیەکی بەناوبانگی هێنایە سەرزمان، ناوەڕۆکی ڕستەکە کەم­و­زۆر بەم شێوەیە بوو: دەبێت لە شوێنێک­دا پرۆسەی ڕوونکردنەوە بوەستێنرێت و درێژەی پێ­نەدرێت. پێ­دەچێت ئەم دەربڕینەی ویتگینیشتاین، هەقیقەتێکی دانسقە بێت، لێ ئەگەر ئەم هەقیقەتە حاشاهەڵنەگرە، پاڵنەرەکانی پرسیارکردن لەئێمەدا بمرێنێت­و ببێت­بەهۆی ئەوەی هەرچی زووتر کۆتایی بە بنجکۆڵیی خۆمان بهێنین، ئەو کات چی؟ لەم دۆخەدا ئەم هەقیقەتە ئێمەی گومڕا کردووە. بۆ نموونە، بۆچی میوزیک بوونی هەیە؟ ''چونکە سرووشتیە!''، ئەمە وەڵامێکە، تەنیا خۆمان ڕازی دەکات. زانست هیچکات دەمودەست­و خێرا، هیچ دیاردەیەک بەسرووشتی ئەژمارناکات. زۆرن ئەوانەی لەسەرانسەری دونیادا، چەندان کاتژمێر(بەزۆری ژیانی پیشەیی خۆیان) لەپای ئاوازدانان، گوێ گرتن و سەماکردن لەگەڵ نەوای میوزیکدا بەسەردەبەن. بۆچی؟ کێ سوودمەند دەبێت؟ بۆچی میوزیک بوونی هەیە؟ بۆچی ئایین بوونی هەیە؟ ئایین چییە­و چۆنە­و کەی­و بۆ دەرکەوت؟ وتنی ئەوەی، کە ئەمە دیاردەیەکی سرووشتییە، تەنیا دەستپێک و سەرەتای وەڵامە، نەوەک خاڵی کۆتا.

تێمپڵ گراندین(Temple Grandin)، نوسەری ژانری خەیاڵیی­و پسپۆڕی بواری گیانلەبەران، پێشنیازی ناونیشانێکی گەلەک نایابی بۆ یەکێک لە بەرهەمەکانی ئۆلیڤەر ساکس(Oliver Sacks)ی دەمارناس کرد: ئەنترۆپۆلۆژیستێک، لەهەسارەی مەریخ(An Anthropologist on Mars_1995). ئەم خاتوونە، تێمپڵ گراندین، هەستی بەوەکردبوو، باشترین ناونیشان بۆ بەرهەمێک لەبارەی مرۆڤی نائاساییەوە، ئەو ناونیشانەیە، هەر ئەمەی بە ئۆلیڤەر ساکسیش وتبوو، ئەمە لەکاتێکدا بەڕێزیان هەر لەسەر ئەم هەسارەی زەوییە و لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەژیا. بەگشتی ئەم جۆرە نامۆبوونە، ئەوەی وەک دانیشتوویەکی سەر هەسارەیەکی تر ڕەوتاربکەیت، خۆی لەخۆیدا کۆسپ­و­تەگەرەی زۆر بەباردێنێت، وەلێ نەختێک دوورکەوتنەوە لە دونیای ئاسایی­و دروستکردنی مەودایەک، لەوەدا هاوکار دەبێت، سەرنجمان لەسەر شتێک یان دیاردەیەک چڕبکەینەوە، کە بەدەر لەمە، ئەو شتە یان ئەو دیاردەیە، هێندە ئاشنا و ئاسایی دەبوو بۆ ئێمە، نەیدەتوانی سەرنجمان ڕابکێشێت. ئەگەر بەشێوازێکی کاتی، خۆمان لەبری بوونەوەرێکی "مەریخیی" دابنێین، بەسوود دەبێت، واتە خۆمان وەک ئەندامی گرووپێکی توێژینەوە، کە بێگانەن­و لە هەسارەی مەریخەوە هاتوون، وێنابکەین. ئەم گرووپە بە دیاردە و دەرکەوتە باوەکانی سەر گۆی زەوی، نامۆن.

ئەوەی سەرنجی ئەم گرووپە ڕادەکێشێت، ژمارەی دانیشتووانە شەش ملیارد و ئەوەندەکەی سەر گۆی زەوییە، کە تاڕادەیەک ڕێژەیەکی مەزنی ئەم دانیشتووانە، بەشی هەرە زۆری کات­و وزەی خۆیان لەپای جۆرە چالاکییەکی ئایینیی­دا بەفیڕۆدەدەن: سرووت­و ڕێوڕەسمی وەک نوێژ و پاڕانەوەی ڕۆژانە(چ بەکۆمەڵ و چ بەتاک) یان ئامادەبوونی چەندبارە لە ڕێوڕەسمێکی ئایینی­دا، قووربانی کردنی زۆر­و پڕ لە زیادەڕەوی، پشوودان­و کارنەکردن لە هەندێک لەڕۆژەکانی هەفتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، چ کارەساتێک خەریکە ڕوودەدات­و دەبێت گرنگی پێ­بدرێت، بەفیڕۆدانی ئامراز و دارایی لەپای ڕێوڕەسمی پڕ لەزیادەڕەوی، بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پشتیوانی­کردن لە خزمەتکارانی تایبەتمەند لەناو ئەو کۆمەڵگا ئایینییە دیاریکراوەدا، پاراستنی بینا و باڵەخانەی ئاڵۆز­و پڕ لە پێچ­و­خەم، نەخواردنی چەند جۆرە خۆراکێک، پۆشینی نیقاب­و عەبا، بە سووکایەتی ئەژمارکردنی چەند ڕەوتارێک­و...هیتد! بابای مەریخی، لەوە دڵنیا دەبێت، کە هەموو ئەوەی باسکرا، "سرووشتی"ین. ڕوونتر بدوێین، مەریخییەکە، دەزانێت هەموو ئەو ڕێوڕەسم­و ڕەوتارانەی، لەسەر ئەم هەسارەیە بەرچاوی کەوتوون، لەمەنزوومەی سرووشتی هەسارەکە بەدەر نین. ئاخر ئەو، لەهەر پنتێکی سرووشت­دا، کە گرۆی ئادەمیزادەکان، ئەو گیانلەبەرە دووپێ و قسەکەرانە هەبن، ئەم ڕەوتار­و سرووتانەی بینیووە. وەکو هەموو دیاردەکانی تری سرووشت، مرۆڤەکانیش خاوەنی خاڵی هاوبەش­و خاڵی جیاوازی جێگاسەرنج­و سەرسووڕهێنەرن. مرۆڤ، لەکاتێک­دا خاوەندارییەتی لە دیزاین­و نەخشەی ئەفسووناوی­و پر لەداهێنان دەکات (نموونەی ڕیتمە ئەدەبیی، هونەریی، تەلارسازیی و کۆمەڵایەتییەکان و...هتد)، لەگەڵیدا، خاوەنی ڕازێکی پڕ لەتەمومژیشە. ئەم هەموو نەخشە­و دیزاینانە لەکوێوە سەرچاوەدەگرن­و چی دەبێتەهۆی ئەوەی بمێننەوە­و درێژە بەخۆیان بدەن؟ وێڕای هەموو ئەو نموونە­و داهێنانە ئەدەبی­و هونەری­و ئەندازیاری­و کولتووریانەی، کە هەنووکە هەن، وێڕای ئەو هەموو تێچوون­و وزەیەی، لەپێناو ڕۆنانیاندا بەفیڕۆدراوە، قەبارەیەکی مەزنتر لە نەخشە­و دیزاین­و داهێنان لەڕابردوودا بوونی هەبووە و وزە و تێچوونی بێ­ئەندازەیان بۆ تەرخانکراوە.       

....تیۆرە دڵنشیەنەکان: سەرەتا، وێنای ئەو خوردوخۆراکە جۆراوجۆرانە بکەن، کە تامەزرۆی خواردنیانین، یان دەمانەوێت بەجۆرێک لەجۆرەکان، لەورگی خۆمانیان ڕۆبکەین. وەک دەستپێک، بۆنموونە تەنیا بیر لە چەوری، خواردنەوە کحوولییەکان، کافایین، شۆکۆلات، نیکۆتین، ماریجوانا و تریاک بکەنەوە. لەپێوەندیدا بەو ماددانەی هێمایان بۆکرا، لەهەناوی لەشی ئادەمیزاددا، سیستەمێکی پەرەسەندووی ناسینەوە بوونی هەیە، ئەم سیستەمە، ئەو ماددانە دەناسێتەوە، کە بەشێکی زۆر لەو تایبەتمەندییەیان تێدایە، ئێمە تامەزرۆیانین. بەگشتی مرۆڤ، یان لەڕێگەی خواردنەوە ئەم ماددانە بەدەست دەهێنێت، یان لەلەشی خۆیدا دروستیان­دەکات، بۆنموونە ئەندرۆفییەنەکان(Endrophins) یان هەمان ئارامکەرەوە سرووشتییەکانی ناو لەش، ئەمانە لەلایەن سیستەمی بایۆکیمیایی لەشەوە بەرهەم­دەهێنرێن، یاخود ئەو ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرانەی بە بەکارهێنانی مۆرفین تیایاندا و بەشێوازی دەستکرد­و لەدەرەوەی لەش، دروست­دەکرێن. بەدرێژایی هەموو سەدەکان، ڕەگەزی هۆشیاری ئێمە، کەم­و­زۆر کێوماڵی هەموو دیاردە­و دەرکەوتەکانی سرووشتی کردووە­و لەبەری گرتوونەتەوە، پاش هەزاران جار لە ئەزموون­و هەڵەکردن، لەوەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە بتوانێت ڕێگا و شێوازەکانی کۆکردنەوە­و چڕکردنەوەی ماددە تایبەتەکان، بدۆزێتەوە، تاوەکو ئێمە لەڕێگەی ئەم ماددە چڕکراوانەوە، سیستەمە ناوەکییەکانی لەشمان بورووژێنین، یان زیاد لەڕادە بیانورووژێنین. دەشیت لێرەدا مەریخییەکان بپرسن، داخۆ لە لەشی ئێمەدا سیستەمێکی جێنەتیکیی پەرەسەندو بوونی هەیە، کە ئەرکەکەی نواندنی پەچەکرداربێت لەئاست دیاردە یان شتێکدا، کە ئایینەکان ئەو دیاردەیە یان ئەو شتە بەشێوازی چڕکراوە، دەستەبەربکەن؟ زۆرێک لەسەر هەمان باوەڕ بوون­و پێیان­وابوو ئایین، جۆرە هێورکەرەوەیەکی دەرکییە­و سیستەمی ناوەکی ئێمە دووچاری ورووژاندن دەکات. سەروەختێک کارل مارکس، ئایینی وەک تلیاکی خەڵکی ڕەشۆک وێناکرد، دەشێت ئەمە ڕاست بێت­و زۆر لەوەش ڕاست­تر بێت، کە خودی مارکس چاوەڕوانی دەکرد.

 

 

6

سەرهەڵدانی ئایینەکان

لەنێو هیندۆسەکان­دا، لەمەڕ ئەوەی شیڤا(Shiva) و ڤیشنۆ(Vishnu) کامیان باڵاترن، بیروڕای جیاواز هەیە، زۆرێک لەسەر ئەم جیاوازییە کوژراون. کتێبی پیرۆزی لینگاپۆرانا(Lingapurana) بەڵێنی بەهەشتی شیڤا بەو کەسە دەدات، هەستێت بە کوشتن یان بڕینی زمانی ئەوەی سوکایەتی بە شیڤا دەکات(Klostermaier: 1994).

لەنێو هۆزی زۆلۆ(Zulu)دا­ و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی جادووگەرانی هۆزەکە، ئەو سەروەختەی ژنێک ژانی منداڵبوون دەیگرێت، هەندێکجار "ڕۆحی مارئاسای پیرەژنێک" دەردەکەوێت­و ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی، کە دەبێت بزنێک یان هەر گیاندارێکی تر، بۆ پێشینانی هۆز، بکرێت بەقووربانی(Lawson and McCauley:1990; 116 ).  

گەلی ژیڤارۆ(Jivaro) لە ئیکوادۆر باوەڕیان­وایە، ئێوە خاوەنی سێ گیانن. گیانی ڕاستەقینە، هەر ئەو گیانەیە، کە لەسەروەختی لەدایکبوونەوە لەگەڵتاندایە. ئەو سەروەختەی دەمرن،  ئەم گیانە بۆ زادگا­و شوێنی لەدایکبوونتان دەگەڕێتەوە­و لەوێ­دا بۆ ئەهریمەنێک دەگۆڕێت، دواتر ئەم ئەهریمەنەش دەبێت­ بە پەپوولەیەکی مەزن­و لەکۆتایی­دا پەپوولەکەش بۆ گەردوغووبار دەگۆڕێت. گیانی دووەم، بە ئاروتام(arutam) ناسراوە. ئەم گیانە، لەڕێگەی رۆژوگرتن، خۆشۆرین لەژێر تاڤگە­و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەدەستدەهێنرێت. ئەم گیانە، فێری نەسرەوتن­ و بوێرییتان دەکات، وەلێ لە ڕەوتارە چەوتەکانی ئەم گیانە، ئەوەیە، کە لەڕۆژی تەنگانەدا­ پشتان تێ­دەکات. دواهەمینیان، گیانی سێیەم، بە موسیاک(musiak) ناسراوە. ئەم گیانە، ئەوی­دەم خاوەنەکەی دەکوژرێت، هەوڵدەدات لەسەری خاوەنەکەیەوە بێتە­دەرەوە­و بابای بکوژ، بکوژێتەوە! هەربۆیە دەبێت هەمیشە لەبیرتان بێت، سەری قووربانییەکانتان پانبکەنەوە!

گرنگ نییە پەیڕەوانی ئەم ئایین­و بیروباوەڕانە، چی دەڵێن، ئەوەی گرنگە، ئەم چەشنە سرووت­و نەریتانە، "ئەزەلیی" نین­و هەمیشە بوونیان نەبووە. مارسێل گۆشێ، لەسەرەتای کتێبەکەی لەمەڕ مێژووی سیاسی ئایین، دەنووسێت: ''ئەوەندەی زانیبێتمان، بەبێ هیچ بواردنێک، ئایین لەهەموو شوێن­و سەردەمەکاندا بوونی هەبووە''(Marcel Gauchet:1997; 2). بەڵام ڕاستی ئەوەیە، ئەم بۆچوونە، بۆچوونێکی سنووردار­و ناڕاستە. لە مێژوودا قۆناغێکیش هەبووە، کە کەوتووەتە پێش سەرهەڵدانی سرووت­ و بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە. هەرچۆنێک بێت، سەردەمانێک هەبووە، کە هیچ باوەڕدارێک لەسەر ئەم هەسارەیە بوونی نەبووە، سەردەمێک، کە هیچ چەشنە باوەڕێک لەمەڕ هیچ شتێکەوە بوونی نەبووە. بەشێک لە بیروباوەڕە ئایینیەکان، بەڕاستی گەلەک دێرینن(بە گوێرەی پێوەری مێژوویی)، لێ هەندێکی تریان، هێندە تازەن، دەشێت لە ئەرشیفی ڕۆژنامەکاندا، مێژووی سەرهەڵدانیان بدۆزینەوە. هەموو ئەمانە، چۆنچۆنی سەریانهەڵدا؟

هەندێکجار و بەتایبەت کاتێک لەبارەی مێژووی نزیکەوە، بەڵگەی بەهێزمان لەبەردەستدایە، وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، بەئەندازەی پێویست ئەرخەیانمان دەکات. ئەو سەروەختەی ئەورووپاییەکان لە سەدەی هەژدەیەم، لەڕێگەی کەشتییە شکۆمەندەکانی خۆیانەوە، بۆ یەکەمینجار پێیان لەسەر دوورگەکانی ئۆقیانووسی هێمن دانا، دانیشتوانی ئەو دوورگانە، کە بە مێلانیزییەکان (Melanesians) ناسراوبوون، لەبینینی کەشتییەکان­و ئەو هەموو خەڵات­و سەوقات­و پۆشاکە سەیروسەمەرەی، کە بۆیان هەڵڕێژرا، حەپاسان! تا چاوبڕبکات، ئامراز و کەرەستەی لە پۆڵا دروستکراو، سەدان بوخچە­و ڕەفەی پڕ لە پۆشاک­و شووشە­و کاڵاکانی تر هەبوون، کە هەموو ئەمانە، لە بازنەی تێگەیشتنی دانیشتوانە ڕەسەنکە بەدەربوو. ئەگەر لەمڕۆدا، میوانگەلێکی ناوەخت لە بۆشایی ئاسمانەوە دابارێن بەسەرماندا­و خاوەنی تەکنۆلۆژیای سەیروسەمەر بن، بەجۆرێک هەرکات ویستیان، بتوانن بەسەرماندا زاڵببن، ئەوی­دەم پەچەکرداری ئێمەش، تاڕادەیەک هاوشێوەی هەمان ئەو پەچەکردارەی مێلانزییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەبێت. ''دەبێت بەشێک لەم کاڵا و کەرەستانە بۆ خۆمان فەراهەم­بکەین، دەبێت فێربین چۆنچۆنی هێزی جادوویی ئەم میوانانە وەچنگبخەین''. بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بارودۆخەکە­و وەچنگخستنەوەی ئاسایش­و دەسەڵاتمان لەبەرانبەر بێگانەکان­دا، ئەگەر نەختێک زیاتر هەوڵ­و کۆشش بدەین و لەم پێناوەدا پشت بە زانینی خۆمان ببەستین، دەشێت ئەم بێگانە پێشکەوتووانە، کە لەئێمە باڵاترن، دووچاری شۆک بکەین. ئەو ئەنجامەی، کە مێلانزییەکان بەدەستیان هێنا، جێگای سەرسووڕمان بوو. ئەوان پێیان­وابوو، ئەورووپاییەکان، هەر هەمان پێشینان­و باووباپیرانی خودی ئەوانن، کە بەپۆشاکی سەیروسەمەرەوە­و بە سەرەوەت­و سامانی بێ ئەندازەوە، لە دونیای مردووەکان گەڕاونەتەوە، ئەمانە نیوەخودایانێکن، دەبێت بپەرەسترێن! کاتێک، لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، موژدەدەرانی لۆتەریی(Lutheran) گەیشتنە پاپواگینای نوێ(Papua New Guinea)، تاوەکو مێلانزییەکان بۆ ئایینی مەسیحیی بانگهێشت بکەن، خۆیان لەبەرانبەر ژمارەیەک مرۆڤی بەدگوومان و سەرسەختدا بینیەوە! مێلانزییەکان، بەو جۆرە تێدەفکرین، کە بۆچی ئەمجارە ئەم پێشینانە چرووک­و چاوچنۆکانە، بەم پۆشاکە نامۆ و گۆڕاوەیانەوە، کاڵا و کەرەستەکانیان بۆ خۆیان گلداوەتەوە­و تەنیا هەوڵدەدەن ناچارمان بکەن وێردی سوپاس­و ستایش بخوێنین؟

چەندین­و چەندجار، ئەم چەشنە فیرقە­و گرووپە کاڵاپەرەستانە، لە زۆنی ئۆقیانووسی هێمن­دا دەرکەوتوون. لەسەروەختی جەنگی دووەمی جییهانی­دا، هێزەکانی ئەمریکا چوونە ناو دوورگەی تانا(Tana)ەوە. ئامانجی ئەم هێزە ئەوەبوو، هەزار کەس لەدانیشتوانی دوورگەکە وەک کرێکار ناونووس بکەن، تاوەکو بنەکەیەکی ئاسمانی­و بنکەیەکی زەمینییان لەدوورگەی ئێفات(Efate Island)ی دراوسێی دوورگەی تانادا، پێ­دروستبکەن. ئەو دەمەی، ئەم کرێکارانە ئەرکەکەیان تەواو دەبێت­و بۆ دوورگەکەی خۆیان(تانا) دەگەڕێنەوە، ڕستێک حەکایەت و بەسەرهاتیان لەبارەی ئادەمیزادە سپی­پێست­و ڕەش­پێستەکان، بۆ دانیشتوانی دوورگەکە گێڕایەوە. ناوەڕۆکی ئەو حەکایەت­و بەسەرهاتانە، هەمووی ئەوەبوو، کە گوایە ئەو مرۆڤانە خاوەنی شتانێکن، لە خەیاڵدانی خەڵکانی تانادا جێگەی نابێتەوە. هەر ئەوەندەی ئەم بەسەرهاتانە بەنێو هەموو دانیشتووانی تانادا بڵاوبوویەوە، هەیاوهوویەک بەرپابوو، ئەو سەری دیارنەبێت. زۆرێک لەدانیشتوانی ئەم دوورگەیە، کە لە سەردەمانی زوودا و لەڕابردوودا، لەڕێگەی موژدەدەرە بەریتانیایەکانەوە، باوەڕیان بە ئایینی مەسیحیی هێنابوو، دەمودەست وازیان لە کەنیسە هێنا­و لەبری ئەمە، هەستان بەدروستکردن­و بونیاتنانی بنەکەی ئاسمانی، کۆگا­و بورجی رادیۆ، هەموو ئەمانەشیان لە قەدی درەختی بامبۆ دروستکرد! ئەم تاقمە باوەڕیان­وابوو، ئەگەر ئەنجامدانی ئەم ڕێ­وڕەسمانە بۆ ئەمریکایەکان لەدوورگەی ئێفات، وەڵامگۆ بووبێت، کەواتە بۆ ئەمانیش لەدوورگەی تانا وەڵامگۆ دەبێت­و مرازیان حاسڵ دەبێت! لە درەختی بامبۆ، پەیکەری فڕۆکە، کڵاوخوود و چەکی ئەمریکیی دادەتاشرا­و وەک ڕەمز­و هێمای مەزهەبی، بەکاردەهێنران. دوورگەنیشینانی تانا، لەڕێگەی تاتۆ و خاڵکوتانەوە، ناوی وڵاتی ئەمریکایان لەسەر جەستەی خۆیان دەنووسی­و بەکۆمەڵ ڕێ­پێوانیان ئەنجامدەدا، سەرئەنجام، کار بە ئەو شوێنە گەیشت، کە جۆن فرۆم(John Frum) وەک مەسیحی بەڵێن پێدراوی خۆیان بناسێنن! گوایە ئەم جۆن فرۆمە، سەربازێکی ئەمریکایی بووە. هەڵبەت دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە لەئەرشیفی سەربازیی و سوپای ئەمریکادا، ناوێکی لەم شێوەیە بوونی نییە! واتە هیچ بەڵگە و مەدرەکێک، بوونی نییە، کە بیسەلمێنێت، سەربازێک بەو ناوەوە بوونی هەبووە!

سەروەختێک جەنگ دوایی پێ­هات­و کۆتا سەربازی ئەمریکی ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت، دوورگەنیشینان پێشبینیان­کرد، کە گوایە جۆن فرۆم ڕۆژێک لەڕۆژان دەگەڕێتەوە. ئەم بزاڤە شێوە ئایینیە، درێژەی بە هەبوونی خۆی دا و لە ١٥ی فێبریوەری ساڵی ١٩٥٧دا، ئاڵای ئەمریکای بەسەر کەنداوی سۆلفۆر(Sulphur)ەوە هەڵکرد، تاوەکو بەکردەیی، ئایینی جۆن فرۆم ڕابگەیەنێت. هەموو ساڵێک لەو مێژووەدا، یادی ڕۆژی جۆن فرۆم دەکرێتەوە­و جەژن بەرپادەکرێت. ئەم خەڵکە باوەڕیان­وایە، جۆن فرۆم هاوڕێ لەگەڵ دەستە­و تاقمەکەیدا، لە گڕکانی یاسوور(Yasur) چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکات، تاوەکو کاڵا وکەرەستەکانی خۆی، بە دانیشتوانی تانا ببەخشێت. لەسەروەختی بەرپاکردنی جەژن­ و کەرنەڤاڵی جۆن فرۆم­دا، ئەوانەی بەئەزموونن، هاوشێوەی سوپایەکی ڕەمزی­ و بەدەم سەمای سوونەتیی ناوچەکەوە، مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەدەن. هەندێک چەکی ڕەمزی لە قەدی بامبۆ دروستکراو بەدەستەوە دەگرن، یان وەک یادەوەرییەک کڵاو، تی شێرت و چاکەت لەبەردەکەن. ئەم خەڵکە پێیان­وایە، ڕێوڕەسمەکانیان، کە ساڵانە ئەنجامی­دەدەن، جۆن فرۆمی خودا لە هەناوی گڕکانەکە دەردەهێنێت و کاڵای خۆشبەختی بەسەر هەموو دانیشتوانی دوورگەکە دەبەخشێتەوە(MotDoc: 2004).

دیسان سەرهەڵدانی ئایینێکی تر، کەمێک پاشتر و لەساڵی ١٩٦٠، لە دوورگەی بەریتانیای نوێ(New Britain Island) و لە پاپوا گینیای نوێ، فیرقەی پۆمیو کییڤونگ(Pomio Kivung) بونیاتنرا و تائێستاش بەردەوامن!

فێرکارییە ئایینیەکانی ئەم فیرقەیە، لەسەر چەند بنەمایەکی هەمەجۆر دامەزراوە: پابەندبوون بە دە فەرمانەکەی تەورات(ڤێرجنە ڕیفۆرمکراوەکەی!)، جێبەجێکردنی وردو دەقیقی ڕستێک سرووت­و ڕێوڕەسمی دیاریکراو، وەک پارەدان بۆ کڕینەوەی سزاکان، کە ئامانج لەمە، ئەوەیە مرۆ لەگوناهەکانی پاک ببێتەوە، هەروەتر، ئەم کارە بۆ سەلامەتی دڵ­و دەروون باشە، سەلامەتی دڵ­ و دەروونیش دەبێتە­هۆی ئەوەی هەرچی زووتر، پێشینان بگەڕێنەوە. گرنگترین بەشی ئەم ڕێوڕەسمانە، بەئامانجی دڵدانەوە­و ئاسوودەکردنی پێشینان، ئەنجامدەدرێت. گوایە پێشینان، کۆمەڵەیەکیان بەناوی (دەوڵەتی گوند) پێکهێناوە، کە خودی خودا ڕابەرایەتی دەکات. کۆمەڵەکە، ئەو دەستەیە لە پێشینان­و باووباپیران لەخۆدەگرێت، کە بەر ڕەحمەت­و لووتفی ئیلاهی کەوتوون.

ڕێبەرانی ڕۆحیی فیرقەی پۆمیۆ کیڤۆنگ ئەمانەن، کۆریام(Koriam)بونیاتنەری فیرقەکە، بێرنارد(Bernard)ی یاریدەدەری سەرەکیی کۆریام­و، کۆڵمان(Kolman)ی جێنشینی کۆریام. ئەم سێ کەسە، لەڕوانگەی پەیڕەوانی فیرقەکەوە، ئەندامی دەوڵەتی گوندن­و بەپیرۆز و مەلەکووتی ئەژماردەکرێن. سەربار، ئەم سێ کەسە، لە دونیای ماددی­دا، لەسەر زەوی­و بەتایبەت لەناوچەی پۆمیۆ نیشتەجێ­بوون، وەلێ بەدرێژایی ماوەی مانەوەیان، گیانیان هاونیشینی گیانی پێشینان بووە.

خۆپاریزی­و پاکژبوونەوە لەگوناە لەئاستی گشتی­دا و بەگوێرەی پێویست، مەرجی یەکلاکەرەوەیە لە ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گەڕانەوەی پێشینان­و دەستپێکی سەردەمی کۆمپانیاکان(Period of the Companies)! سەردەمی کۆمپانیاکان، چاخێکە لێوان­لێو لەخۆشگوزرانی بێ­وێنە. ئەم چاخە، چاخی گواستنەوەی زانین­ و بونیاتنانی ژێرخانی پیشەسازییە بۆ بەرهەمهێنانی شمەکە سەرسوڕهێنەرەکانی دونیای تەکنۆلۆژیا و کەڵەکە کردنی سامانی ماددی، کە دونیای خۆرئاوا لەم بوارەدا سوودمەندە(2002; 90 :Lawson and McCauley).

پێدەچێت ئەم نموونانە، دەگمەن­و جیاوازبن. ڕەنگە پێتان­وابێت، ئایینی ئێوە، ئەو زەمانە سەریهەڵدا، کە حەقیقەتی ڕەسەن لەلاین خوداوە، بۆ کەسێک نازڵ­کرا­و ئەویش بۆ ئەوانیتری گواستەوە. ئایینەکەی ئێوە، لەمڕۆدا گەشاوەتەوە­و پەرەی سەندووە، چونکە ئێوە و هەموو هاوئایینەکانتان، ئەوە دەزانن، کە ئایینی ئێوە ئایینی ڕاستییە، کەواتە خودا ڕەحم و بەزەیی بەسەر ئێوەدا باراندووە و هانی­داون دەست بە باوەڕی خۆتانەوە بگرن. ئەم بابەتە بۆ ئێوە، بەم جۆرە سادە و ساکارە! بۆچی ئایینەکانی تر بوونیان هەیە؟ ئەگەر ئایینەکانی تر، بەهەڵەداچوون، کەواتە بۆچی سرووت­و ڕێوڕەسمەکانیان، هاوشێوەی تیۆری­و نەریتە هەڵە­و فەرامۆشکراوەکانی بواری کشوکاڵ­و تەلارسازی، لەنێو نەچووە­و فەرامۆش­نەکراوە؟ ڕەنگە وا بیربکەنەوە­و پێتان­وابێت، بەکاتی خۆی ئەوانیش لەنێو دەچن­و تەنیا تاکە یەک ئایینی ڕاست­و دروست دەمێنێتەوە، کە ئەویش ئایینەکەی ئێوەیە. بەدڵنیاییەوە، ڕستێک بەڵگە­و بیانوو لەپشتەوەی ئەم باوەڕە، بوونیان هەیە. جیا لەو چەند ئایینە سەرەکییەی دونیای ئەمڕۆ (واتە ئەو ئایینانەی، ژمارەی پەیڕەوکارانیان، لەسەدان هەزارکەس یان لە سەدان ملیۆن کەس تێپەڕدەکات)، هەزاران ئایینی تر بوونی هەیە، کە ژمارەی پەیڕەوانیان کەمترە. ڕۆژانە دەرکەوتنی دوو یان سێ ئایینی تازە تۆماردەکرێت، کە درێژی تەمەنیان، لە دەساڵ تێپەڕناکات. هیچ ڕێگایەک بۆ ناسینی ئەو ئایینانەی بەدرێژایی دە یان پەنجا یاخۆ سەدان هەزاساڵی ڕابردوو، پشکووتن، بوونی نییە. تەنانەت ڕێی­تێدەچێت، ژمارەی ئەو ئایینانە لە ملیۆن تێپەڕبکات، وەلێ هیچ پاشماوەیەکیان لێ نەماوەتەوە و بۆ هەمیشە لەنێوچوون.

ئەگەر کەمێک چاو لەو دیرۆکە ئێجگار دێرینانە بپۆشین­و نەختێک مروونەت بنوێنین و سەرنجی مێژووی ئایینەکانی تریش بدەین، دەبینین مێژووی هەندێک لەئایینەکان بۆ چەند هەزارەیەکی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. کەنیسەی مۆرمۆن، وەک بەناوە فەرمییەکەیدا دیارە، دووسەدساڵ نابێت دەرکەوتووە. تەمەنی پرۆتستانس پێنجسەدساڵ، تەمەنی ئیسلام هەزاروپێنجەسەدساڵ، تەمەنی مەسیحییەت دووهەزارساڵ و تەمەنی ئایینی جوو چوارهەزارساڵ تێپەڕناکات.

لەڕوانگەی بایۆلۆژییەوە، ئەوەی هێمای بۆ کرا، بە ماوەیەکی گەلەک کورت دێتەئەژماردن. تەنانەت بە بەراورد بە ماوە کولتوورییەکانی تریش، هێشتا تەمەنی ئەم ئایینانە، یەکجار کەمە. پێشینەی کولتووری کشتوکاڵی، بۆ زیاتر لە دەهەزارساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، نووسین، پێنج هەزارساڵێکە سەریهەڵداوە، مێژووی زمان، کێ دەیزانێت؟! پێ­دەچێت تەمەنی زمان چل هەزارساڵ و ڕەنگە دەجار و بیست­جار زیاتریش بێت. تەمەنی زمان، بابەتی توێژینەوەیەکی بێ­وچانە. لەبەرئەوەی هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن، کە زمانی ئاخاوتنی سرووشتی، لە منداڵدانی زمانە سەرەتاییەکانەوە لەدایکبووە (پێ­دەچێت خودی ئەم زمانە سەرەتاییانەش، بەدرێژایی سەدان هەزارساڵ پەرەیان­سەندبێت)، هەر بۆیە لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی زمانەوە، هیچ کۆڕاییەک بوونی نییە. داخۆ زمان لەئایین دێرین­تر نییە؟ بە هەرچەشنێک مێژووی سەرهەڵدانی زمان دیاری بکەین، هێشتا زمان زۆر زۆر لە هەموو ئایینەکانی ئەمڕۆ یان لە هەر جۆرە ئایینێک، کە سەرەداوێکی مێژووییمان لەسەری هەبێت، کۆنتر و دێرین­ترە. کۆنترین بەڵگەی دیرۆکیی، کە لەسەر ئایین لەبەردەست­دا بێت، گۆڕستانە پر لە نەخش­و­نیگارەکەی کرۆماگنۆن(Cro-Magnon)ی کۆماری چییکە، مێژووی ئەم گۆڕستانە بۆ بیست­و­پێنج هەزارساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە. هەرچەند وتنی ئەمە ئاسان نییە، وەلێ دەشێت دیاردەیەکی هاوشێوەی ئایین، هەر لەسەرەتاکانی پژانی زمانەوە، یان تەنانەت پێش ئەوەش، بوونی هەبووبێت. پێش ئەوەی دیاردەیەکی وەکو ئایین سەرهەڵبدات، پێشینانی ئێمە چۆنچۆنی بوون؟ ئایا وەکو دەستە­و گرووپی شەمپانزەکان وا بوون؟ ئەگەر لەسەر بابەتێکی جیا لە خۆراک، ڕاوچی و ململانێ بۆ وەچنگخستنی ڕەگەزی بەرانبەر، گفتوگۆیان کردبێت، ئەوا ئەو بابەتە چی بووە؟ ئاووهەوا؟ درۆودەلەسە؟ ئەو خاک­و زەمینە دەروونیی­و کولتوورییە چۆنچۆنی بووە، کە بۆیەکەمینجار، ئایین ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتا؟

...ئایین، وەڵامگۆی نیازێکی مەزنە­و بەدەردی مرۆڤایەتی دەخوات! ئەم دەربڕینە، پاساوێکی گونجاوە بۆ ئەو کات­و وزەیەی، لەپای ئایین­دا بەفێڕۆدراوە. ئەو بەڵگە فەرمییانەی وەک بیانوویەک، بۆ زەروورەتی هەبوونی ئایین دەهێنرێنەوە، بەم شێوەیەن:

  • دەوای ئازار و مەینەتییەکانە­و چارەی ترسی ئێمەیە لەمەرگ.
  • ڕوونکردنەوەیەکی گونجاوە بۆ ئەو دیاردە و باباتانەی، کە بە ڕێگای تر ڕوون ناکرێنەوە.
  • هاندانێکە، بۆ هاوبەشی و هاریکاریی و دەستگرۆیی کردن لە دەمی مەینەتی و جەنگ دا.

هەزاران کتێب­و نامە، بەمەبەستی بەرگریکردن لەو بانگەشانەی لای سەرەوە، نووسراون، هەڵبەت دەبێت تاڕادەیەک هەق بدرێت بەم ئایدیا ئاشنایانە، کە لەهەوڵی قنیات پێ­هێنانی ئێمەدان. دەشێت ڕاست بن. بەڵام ئەگەر بەو سێ خاڵەی سەرەوە، یان بە یەکێکیان ڕازی بیت، ئەوا لەئاست ئەو بێ سەرەوبەرەییەی، کە یەخەی زانستە مرۆییەکان­و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی گرتووە، ڕازیت؛ ئەمەش واتە ئەرخەیان بوون، پێش ئەوەی کاتی بنجکۆڵی دەست پێ­بکات(ئاوهاتنەوە. پێش ئەوەی پرۆسە راستەقینەکە دەست پێ­بکات). هێشتا زۆر بابەت ماون، کە پێویستە لەبارەیانەوە پرسیار بکرێت و تێگەیشتن دروستبکرێت. بۆچی هەندێک ئایدیای تایبەت، ئارامی و ئاسوودەیی بە خەڵکی دەبەخشن؟ (بەدروستی بۆچی مایەی ئارامی و ئاسوودەیین؟ ئایا ناشێت و ناکرێت ئایدیای تر بدۆزرێتەوە، کە ئارامی و ئاسوودەیی زیاتری تێدابێت؟). بۆچی هەندێک ئایدیای تایبەت، کە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوە تەمومژاوییەکان بەگەڕدەخرێن، لەگەڵ زەوق و سەلیقەی خەڵکی­دا دێنەوە؟ (چۆنچۆنی ئەم ئایدیایانە سەریانهەڵدا، ئایا کەسێک، کە دەشێت دواتر بە زڕەزانای_بەدەوی بانگی بکەین، دەستی بە تیۆرییەکی میتافیزیکیی ڕاگەیشت و دواتر لەنێو دەرودراوسێیان­دا بڵاوی کردەوە و لیرەوە ئایدیاکان سەریانهەڵدا؟). چۆنچۆنی هەندێک لە ئایدیا تایبەتەکان، لەناو هەلومەرجێک­دا، کە دڵەخوورپە­و بەدگوومانی­و بێ­متمانەیی بوونیان هەبوو، توانیان سەرکەوتووانە هاریکاریی بەکۆمەڵ بەباربهێنن؟ (دیسان دەپرسینەوە، چۆنچۆنی ئەم ئایدیایانە سەریانهەڵدا؟ داخۆ سەرەک هۆزێک، زیرەکانە­و بەمەبەست دەستی بۆ داهێنانی ئایین برد، تاوەکو هۆزەکەی لە مەیدانی ململانێ لەگەڵ هۆزی نەیاردا، خاوەندارییەتی لە تایبەتمەندیی کاری پێکەوەیی بکەن؟).

هەندێک پێیان­وایە، لەمەڕ پرۆسە و لێکەوتەکانی نێو هەناوی رابردووە دوورەکان، جگە لەم گریمانە­و گوومانە سادانە، کارێکی باشترمان لەدەست نایەت. بەهەق، ژمارەیەک لەوان، لەسەر ئەم بابەتە گەلەک پێداگرن­و هەڵبەت ئەم تین­و­تاوەیان، ترسە لەوەی نەوەک شێوازی تێفکرینی خۆیان هەڵەبێت، کە هەڵەیە. لەسایەی خێر­و بەرەکەتی پێشکەوتنەکانی زانست لە کایە و بوارە جیاجیاکاندا، ئەمڕۆکە ئێمە دەتوانین چەقۆی پرسیار تیژبکەین و میوەی وەڵام پاک بکەین.  

___________________________________

* ئەم نوسینە، کە لەچوار بابەتی جیا پێکهاتووە، لە کتێبی (شکاندنی تەڵیسم؛ ئایین وەک دیاردەیەکی سرووشتی)ی دانیال دێنیتەوە وەرگیراوە.

** دیاردەی ئال نینۆ یان ئێل نینیۆ، دیاردەیەکی ژینگەییە و یەکێکە لە سوڕە ناسراوەکانی کەش­و­هەوای جییهان­و، دوو یان حەوت ساڵ جارێک ڕوودەدات و دەبێتەهۆی خوڵقاندنی کەشێکی نالەبار و ئاووهەوای هەسارەی زەوی دەخاتەژێر کاریگەری خۆیەوە. دەشێت لافاوی کتوپڕ، وشکەساڵی، قاتوقڕی و پەتا و درمەکان، بە لێکەوتەی ئەم دیاردەیە دابنرێن. دەستپێکی دیاردەی ئێل نینۆ، وەک دیاردەیەکی ژینگەیی، لە باشووری ئۆقیانووسی هێمنەوە دەبێت و هەنگاو بەهەنگاو، تەوژم و ئاڕاستە ئاوی سارد و گەرمی ئۆقیانووسەکان و هەوا دەگۆڕێت.