ئاخۆ وێنه له بنه‌ڕه‌ته‌وه شتێكی نائه‌خلاقی نییه؟
گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ژان بۆدریار
و. ڕوشدى جەعفەر
پرسیار- ئایا سینه‌ما چ شوێنێكی له ژیانتدا داگیركردووه؟ چۆنچۆنی فیلمه‌كان هه‌ڵده‌بژێریت؟
بۆدریار: په‌یوه‌ندیی من له‌گه‌ڵ سینه‌مادا، به جۆرێك له جۆره‌كان، په‌یوه‌ندیی سینهمادۆستێكی بێسه‌واده[1]، هه‌میشه‌ش ویستومه ئه‌م په‌یوه‌ندییه هه‌ر به‌م چه‌شنه بهێڵمه‌وه، هه‌رگیز نه‌مویستووه ڕۆبچمه [په‌یوه‌ندییه‌كی] "شیكاریانه"ی سینه‌ماوه. به وتنی ئه‌مه‌ش، تا بڵێی حه‌ز له سینه‌ما ده‌كه‌م. سینه‌ما یه‌كێكه له‌و شته ده‌گمه‌نانه‌ی هێشتاش جۆرێك خه‌یاڵی (imaginary)ی هێجگار چڕوپڕی تیادا به‌دیده‌كه‌م. بۆنمونه، گه‌لێك زیاتر له نیگاركێشان، كه خۆم زۆر باشتر شاره‌زاییم لێی هه‌یه. له سینه‌مادا هێشتاش جۆره چێژێكی ڕاسته‌وخۆ ده‌دۆزمه‌وه.
له په‌یوه‌ند به هه‌ڵبژاردنی فیلمهكانیشهوه، شته‌كه زۆر به‌ساده‌یی جێده‌گرێت. سینه‌مای ئه‌مریكی، سینه‌مای دڵخوازی منه، و مه‌یلم بۆ فیلمگهلێكیش هه‌یه كه به زه‌رووره‌ت له كارامه‌ترین یان كهمهندكێشترین فیلمه‌كان نین. سینه‌مای ئه‌زموونگه‌ری به هیچ جۆرێك سه‌رنج ڕاناكێشێت. له لۆس ئه‌نجلۆسدا، كاتێك به‌رهه‌مه گه‌وره‌كانی وه‌كو "جه‌نگی ئه‌ستێره‌كان"م، له‌و هۆڵانه‌ی سینه‌ما كه 4000 كورسییان تێدایه و هه‌مووان خه‌ریكی خواردنی گه‌نمه‌شامی برژاون، بینی، هه‌ستم به بۆنێكی هێجگار توندی سینه‌مای به‌رایی كرد، پرسیێكی ته‌قریبه‌ن ده‌سته‌جه‌معی به‌ڵام به‌هێز و چڕ‌وپڕ. شتێكی باش له‌باره‌ی ئه‌مریكاوه هه‌یه: هه‌ركه له سینه‌ما دێیته ده‌ره‌وه، كه خۆی فه‌زایه‌كی ده‌ستنیشانكراوه، تێكڕای وڵاته‌كه سینه‌ماتۆگرافیكه؛ ئه‌وكاته‌ی له ئه‌مریكایت، ئه‌وا له ناو فیلمێكی. ئه‌مه‌ش له چه‌شنی هه‌مان ئه‌و چێژه‌یه وا له شارۆچكه‌یه‌كی بچووكی ئیتاڵیدا دهستتدهكهوێت؛ له مۆزه‌خانه‌یه‌ك دێیته ده‌ره‌وه و هه‌مان شت به‌دیده‌كه‌یت [كه ده‌ره‌وه‌ی مۆزخانهكهش، هه‌ر جێكه‌وتی ئه‌وه‌ت تیادا جێده‌هێڵێت كه له مۆزهخانهیت]، ئاپۆتیۆسیس (بهباڵاكردن و بهخوداییكردن)ی وێنه. چێژه‌كه ئاماده‌بوونه له سینه‌ما وه‌ك له‌ناو مناڵداندا، ده‌توانی به‌هه‌مان ئاسانی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م چێژه له سینه‌ما، له هاتوچۆكردن له بیابانێكی ئهمریكیشدا بدۆزیته‌وه.
كه‌واته من ئه‌م په‌یوه‌ندییه هێجگار به‌هێز به‌ڵام پچرپچڕهم له‌گه‌ڵ سینه‌مادا هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌كی ناڕێكوپێك، هه‌ڕه‌مه‌كی و له‌خۆوه و سه‌رتاپا سوبێكتیڤ. من به دوای ئه‌زموونێكی بڕاوه و ڕهچهتهئاسادا[2] ناگه‌ڕێم، هه‌وڵی ڕكێفكردنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ش ناده‌م. دیاره لێره‌دا ناودژییهك هه‌یه چونكه، وه‌كئه‌وه‌ی تۆ ده‌ڵێیت، من ناتوانم خۆم له ڕۆشنبیربوون بدزمه‌وه. به‌لام ده‌رهه‌ق به هه‌ندێك شت هیچ ئاره‌زوویه‌كم نییه توانا شیكارییهكانم بخه‌مه‌گه‌ڕ. به‌تایبه‌تیش له په‌یوه‌ند به سینه‌ماوه، من جاروبار له خۆم داده‌بڕێم و وا ده‌چمه نێو سینه‌ماوه وه‌كئه‌وه‌ی بچمه نێو خه‌ونێكه‌وه؛ سینه‌ما خه‌سڵه‌تێكی خهونئاسای هه‌یه، خه‌ونئاسا به‌ڵام ئه‌زموونكردنی كاریگه‌رییه‌كی جێگیریشی له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه هه‌یه؛ ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كهمهندكێشم ده‌كات، پێكداچوونی[3] ژیان و سینه‌ما.
پرسیار- ئاخۆ هه‌رگیز وه‌سوه‌سه‌ی ئه‌وه‌ت تێكه‌تووه به شێوازێكی كۆمه‌ڵناسانه له سینه‌ما ڕابمێنیت یان بگره "كۆمه‌ڵناسیی سینه‌ما" دابهێنیت؟
بۆدریار: نه‌خێر، به‌ڵام بێگومان كه‌سانێك ئه‌م پێشنیاره‌یان بۆ كردووم. ئه‌و شته‌ی له‌باره‌ی سینه‌ماوه سه‌رنجم ڕاده‌كێشیت، ده‌قاوده‌ق ئه‌و شته‌یه كه ده‌كه‌وێته ئه‌ودیوی سنووره‌كانی كۆمه‌ڵناسییه‌وه، واته كاریگه‌رییه سه‌رسوڕهێنه‌ر و گه‌وره‌كه‌ی نه‌ك ئه‌و شته‌ی ده‌بێته هۆی ئه‌م ئاكام و كاریگه‌رییه. كۆمه‌ڵناسی تاڕاده‌یه‌ك وه‌ڕسم ده‌كات، له‌كاتێكدا سینه‌ما دهمگهشێنێتهوه؛ كه‌واته بۆچی تێكه‌ڵیان بكه‌م؟
----- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كۆمهڵناسییهكی ڕاسته‌قینه‌ی سینه‌ما پێشینهییانه[4] ده‌بێت مامه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كسان له‌گه‌ڵ هه‌موو فیلمه‌كاندا بكات، كاریگه‌رییه‌كه‌یان هه‌ڵبسه‌نگێنێت...
بۆدریار: ئا لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی كۆمه‌ڵناسی خۆی ده‌بینه‌وه. چونكه كۆمه‌ڵناسی خۆی ده‌په‌رژێته سه‌ر حه‌شاماته كه‌متازۆر ناشهخسییهكان[5] ، بۆیه ناچاره به‌گوێره‌ی ئامارزانی، تێكڕای ڕێژه[6]، ڕێساكان و یاسا گشتییه‌كانه‌وه ئه‌م ئه‌ركه ڕاییبكات. واته با بڵێین، به‌پێی یه‌كه نه‌گۆڕه‌كان، ئه‌و شتانه‌ی كتومت هێند نه‌گۆڕ و ئۆبێكتیڤن كه هیچ خولیایه‌كی [تایبه‌تی] ناخه‌نه‌ڕوو؛ به‌ڵام من تاقانهییهكان و ڕووداوه ئاوارتهكانم له لا په‌سه‌ندتره. پێم وایه كۆمه‌ڵناسی دیسپلینێكی كورتكردنهوهگهرایه.
پرسیار- ئه‌و شته‌ی هه‌ندێجار له میتۆده كۆمه‌ڵناسییه‌كان بۆ سینه‌مادا بێزاركه‌ره ئه‌و شێوازه‌یه كه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كۆمه‌ڵێك فیلمی دیاریكراو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بینه‌رێكی زۆر كه‌میش ڕابكێشن، نمونه‌یی و به‌رجه‌سته‌كه‌ر و ڕێنوێنیكهرن یان نوێنه‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا [ی باڵاده‌ست] و عه‌قڵیه‌تی گرووپێك یان وڵاتێكن له كاتێكی [مێژوویی] دیاریكراودا. ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاست بێت، به‌ڵام چۆن له دیوه كۆمهڵناسییهكهوه ڕه‌وایه‌تی ئه‌م بابه‌ته پشتڕاستدهكهیتهوه؟
بۆدریار: هاوڕاتم. به‌پێی ئه‌زموونی خۆم له كۆمه‌ڵناسیدا هه‌موو گریمانه‌كان شیاوی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ن، یان داوامان لێده‌كرێت ئیعتیبارێك بده‌ینه پاڵ كۆمه‌ڵناسییه‌وه كه شه‌خسی خۆم ڕه‌تیده‌كه‌مه‌وه پێی بده‌م. وێڕای ئه‌مه‌ش، خۆم به كه‌سێك دانانێم [خولیا]یه‌كی قووڵی كۆمه‌ڵناسانه‌ی هه‌بێت. من زیاتر كار له‌سه‌ر شوێنه‌وار و كارتێكه‌رییه ڕه‌مزییه‌كان ده‌كه‌م نه‌ك داتای كۆمه‌ڵناسانه. ئینتیباعێكی وام هه‌یه كه سینه‌ما زیاتر په‌یوه‌سته به پرسی خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگاوه، ئه‌و شێوازه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌خۆی ڕاده‌كات و خۆی شیتاڵ ده‌كات یان پارچه‌پارچه ده‌بێت، واته ئه‌و شێوازه‌ی تیایدا ئاواده‌بێت نه‌ك ئه‌و شێوازه‌ی خۆی تێدا درووست ده‌كات، خۆی ڕۆده‌نێت. من به‌دگومانم له‌هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانه ئه‌كادیمییه‌كان له‌م بواره‌دا، ئه‌و شێوازه‌م به‌ته‌واوه‌تی شۆڕشگێرانه دێته‌به‌رچاو كه هه‌ر گوتارێك هه‌وڵده‌دات جۆرە مافێکی ئەربابانە به‌سه‌ر گوتاره‌كانی تردا پیاده‌بكات. دیسپلینه جیاجیاكان چه‌مكه‌كانیان، عاده‌ته‌ن خراپترینیان، توڕدهدهنه نێو بواره كۆكه‌ره‌وه و یهكتربڕهكهوه[7]. له‌ڕاستیدا، ئه‌وان ئاڵوگۆڕ به خراپترین ئه‌و شته‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌یانه، هه‌رگیز ئاڵوگۆڕ به باشترینه‌وه ناكه‌ن.
---- له‌ڕاستیدا، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی چه‌مكێك ده‌ستنیشانكردنی ئۆبێكتێكی دیاریكراو بێت، ئه‌وه‌ی به‌دوادا دێت كه ناكرێت ئاڵوگۆڕبكرێت.
بۆدریار: بێ شك ناكرێت، به‌ڵكو شته كهمهندكێشهكه بریتییه له جیاوازییه‌كه، باشترین شتیش ئه‌وه‌یه به‌چڕوپڕی ڕۆبچیته نێو پرسیاره‌كه‌وه، ڕوویه‌كی قووڵی پێببه‌خشیت. شتێكی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی سینه‌مای هاوچه‌رخ له‌ئارادایه، واته ئه‌و شێوازه‌ی سینه‌ما هه‌وڵده‌دات بناغه‌یه‌كی پارێزه‌رانه‌ی مه‌رجه‌عی[8] له تێكڕای شته‌كانی تردا بدۆزێته‌وه،[ بۆنمونه له] پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌روونشیكاریدا.
پرسیار- له وتارێكتاندا له‌باره‌ی "هۆڵۆكۆست"ه‌وه، له) Cahiers du Cinema 1979(دا، نوسیوتانه ده‌ڵێیت ته‌له‌فزیۆن چیتر هه‌ڵگری[9] پرسی خه‌یاڵی نییه، چیتر وێنه (image) نییه. ده‌توانیت ئه‌مه ڕوونبكه‌یته‌وه؟
بۆدریار: وام دێته‌به‌رچاو شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن شوێنی ئاوابوونی وێنه‌كانه، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كامێك له وێنه‌كان، وێنه‌یه‌كی جیانه‌كراوه (undifferentiated)یه، ئه‌مه‌ش تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زنجیره‌ی به‌دوایه‌كداهاتووی وێنه‌كان ده‌بێته گشت (تۆتاڵ). ناواخنه‌كان، سۆز و عاتیفه‌كان، شته هێجگار بهگوژمهكان هه‌موویان له شاشهیهكدا ڕووده‌ده‌ن كه هیچ قووڵاییه‌كی نییه، ڕووكه‌شێكی په‌تییه، له‌كاتێكدا دیاره سینه‌ماش شاشه‌یه به‌ڵام قووڵاییه‌كی تێدایه، چ قووڵاییه‌كی فهنتاستیك، خه‌یاڵی یان شتێكی تر بێت. ته‌له‌فزیۆن ئا له‌وێدا هه‌ڵكه‌وتووه، ئیمانێنته، دهشتگۆڕێته سه‌ر شاشه‌یه‌ك. درككردنێكی خێرا و مهلموست له‌باره‌یه‌وه هه‌یه. له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه هیچ وێنه‌یه‌كی به‌هێز له‌گۆڕێدا نییه؛ ئه‌و شته‌ی لێت داوا ده‌كات، جۆره به‌شداریكردنێكی ڕاسته‌وخۆ و ده‌موده‌سته، تاوه‌كو بیخوێنیته‌وه، بیهێنیته بوونه‌وه، به‌ڵام هیچ ده‌لاله‌تێك نه‌به‌خشێت.
بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كت هه‌بێت، پێویسته دیمه‌نێكت هه‌بێت، واته مه‌ودایه‌كی دیاریكراو كه به‌بێ ئه‌م مه‌ودایه ناكرێت هیچ تهماشاكردنێكیش هه‌بێت، هیچ گه‌مه‌یه‌كی دزه نیگاكان[10]، هه‌ر ئه‌م گه‌مه و كارلێكهشه ده‌بێته هۆی ده‌ركه‌وتن یان ئاوابوونی شته‌كان. به‌م مانایه‌یه من ته‌له‌فزیۆن به قێزه‌ون داده‌نێم، چونكه هیچ سته‌یج وهیچ قووڵایی و هیچ شوێنێكی بۆ نیگایه‌كی ڕه‌خساو تێدا نییه، به‌م پێیه هیچ شوێنێكی بۆ فریوێكی مومكینیش تێدا نییه. وێنه كارلێك له‌گه‌ڵ پرسی واقیعی (real)دا ده‌كات، ده‌شبێت كارلێك و گه‌مه‌ی نێوان پرسی خه‌یاڵی و پرسی واقیعی كاربكات. ته‌له‌فزیۆن نامانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پرسی واقیعی، ته‌له‌فزیۆن له زێده-واقیعه. ته‌له‌فزیۆن جیهانی زێده-واقیعه و ڕووه‌و دیمه‌نێكی تر ڕامانناژهنێت. وام دێته‌به‌رچاو ئه‌م دیالهكتیكهی نێوان پرسی واقیعی و پرسی خه‌یاڵی، كه زه‌رووره بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك هه‌بێت، زهرووریشه بۆ ڕێگه‌پێدان به ژویسانسی وێنه، به‌هۆی ته‌له‌فزیۆنه‌وه به‌دینایه‌ت.
پرسیار- با هه‌ر له‌سه‌ر وتاره‌كه‌تان له‌باره‌ی "هۆڵۆكۆست" بمێنینه‌وه، ئێمه پێمانوابوو ده‌توانین ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی ئایرۆنیكی [له وتاره‌كه‌تاندا] به‌دیبكه‌ین له‌باره‌ی سینه‌مای ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ناڕه‌زایه‌تی و ئیدانه‌كردن و هوشیاری، واته ئه‌و شته‌ی پێی ده‌ڵێین سینه‌مای سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی.
بۆدریار: ڕاسته. به هیچ جۆرێك باوه‌ڕم به فه‌زیڵه‌ته سیاسی یان په‌روه‌رده‌ییه‌كانی سینه‌ما نییه. ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌میشه ئاوا نه‌بووبێت- ده‌بێت چه‌ند قۆناغێك هه‌بووبن كه سینه‌ما جۆره فرههاوهێزییهكی[11] كاركردی هه‌بووبێت، بگره له‌وانه‌یه ئه‌و فهزیڵهتانهشی هه‌بووبێت كه ئاماژه‌مان پێكردن. به‌لام سینه‌ما وه‌كئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا ده‌یبینین، واته ئه‌و سینه‌مایه‌ی وا كه‌مه‌ندكێشمان ده‌كات، تێكڕای ئه‌م چه‌شنه ئیمكانانه وه‌ده‌رده‌نێت. پێم وایه، جۆره خود-تهمومژاویكردنێكی ده‌سته‌جه‌معی له‌باره‌ی فه‌زیڵه‌ته ئه‌خلاقی و پهروهردهییهكانهوه هه‌یه؛ ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا له‌و جێیه‌دا كه په‌یوه‌سته به سینه‌ماوه. ئاخۆ وێنه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه شتێكی نائه‌خلاقی نییه؟ وێنه له نهزمێكدا جێده‌گرێت كه نه‌زمی داوه‌ری نییه، ئه‌و شته‌ی له فۆرمی وێنه‌دا جێده‌گرێت و به‌دیدێت، له سینه‌ما و له [كایه]كانی تریشدا، هه‌میشه كارلێك و گه‌مه له‌گه‌ڵ ناواخنه‌كه‌ی ده‌كات. نابێت هه‌رگیز بكه‌وینه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه كه وابیربكه‌ینه‌وه وێنه ناواخنێكه پێمان دراوه كه بیبینین؛ گه‌رنا وێنه هه‌رگیز نابێته وێنه. خاڵه گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه وێنه گه‌مه له‌گه‌ڵ ماناكه‌ی خۆیدا ده‌كات.
قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی په‌یامێك ڕاشكاوه یان نا، ئه‌وه ڕاشكاویی ساخته‌ی هه‌موو واعیز و سیاسییه‌كانه، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن حه‌شامات فێربكه‌ن چۆن بژین و چۆن بیربكه‌نه‌وه. وێڕای ئه‌مه‌ش، پێم وانییه كه‌س هیچ شتێك فێری هیچ كه‌سێك بكات به‌م مانایه، به‌ڵام بێگومان وێنه دواهه‌مین میدیۆم و نێوانگره بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌كاربهێنرێت، هه‌ر بۆیه‌شه وێنه هێنده پڕجۆشوخرۆش و دایابۆلیكه. ئه‌گه‌ر خوازیاری سینه‌ما ببێته نیشانده‌ر و هه‌ڵگری په‌یامێكی دیاریكراو، ئه‌وا تاقه شتێك له به‌رده‌ستدا بمێنێته‌وه بریتییه له خراپترین فیلمه به‌رهه‌مهاتووه‌كان؛ ئه‌م جۆره فیلمسازانه یان له دووڕوویه‌كی ناوازه به‌هره‌مه‌ندن یان بێ په‌رده‌یی و ڕاشكاوییه‌كی زۆروزه‌به‌ند.
پرسیار- ئایا نوسینی ڕه‌خنه‌گرانی [بواری سینه‌ما] ده‌خوێنیته‌وه؟
بۆدریار: به‌ڵێ، هه‌ندێجار. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه نایانخوێنمه‌وه تاوه‌كو بزانم سه‌یری چ [فیلمێك] بكه‌م، ئه‌وان له‌م دیوه‌وه هه‌ر به‌ده‌گمه‌ن كاریگه‌ریم له‌سه‌ر داده‌نێن.
پرسیار- ئه‌ی به تێڕوانینی خۆتان تایبەتمهندییهكانی ڕانانێكی باشی ڕۆژنامه‌وانی چین؟
بۆدریار:شتێكی زه‌حمه‌ته بڵێم چین. دیاره، ئه‌و ڕانانانهی خۆیان به گێڕانه‌وه، خستنه‌ڕووی پوخته‌یه‌ك و دواتر داوه‌ریكردنی سیناریۆ و ئه‌كته‌ره‌كان ده‌به‌ستنه‌وه، هێنده زۆر سه‌رنجم ڕاناكێشن. ئه‌مانه وتارگهلێكن كه ده‌توانم... پێم وانییه ئه‌سڵه‌ن شتێكی له‌م چه‌شنه هه‌ر بنوسم. (بۆدریار پێده‌كه‌نێت). هه‌میشه وا هه‌ستده‌كه‌م ده‌توانم شتێكی باشتر بنوسم. ئه‌و شته‌ی بێگومان هێجگار سه‌رنج ڕاكێش دێته‌به‌رچاوم، شێوازێكی گێڕانه‌وه‌ی فیلمه: وتارێك كه له میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌دا ده‌توانێت هه‌موو شت بڵێت- به‌ڵام دانی پیاده‌نێم به‌ده‌گمه‌ن ئه‌م چه‌شنه وتارانه‌م به‌رچاوكه‌وتووه- ده‌شتوانێت كتومت هه‌مان تۆن (tone)ی فیلمه‌كه، به زمانیش ببه‌خشێت، به‌ڵام دیاره هه‌موو شتێك پێشوه‌خته ڕوونناكاتهوه، لانیكه‌م هیچ داوه‌رییه‌كی به‌هاییش ناكات؛ وتارێك كه به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌بێته چه‌شنه ئه‌نالۆگ یان هاوتایه‌ك له گوتاردا بۆ جووڵه و ڕیتمی فیلمه‌كه... بێگومان، پێشمهرجهكه ئه‌وه‌یه ده‌بێت ڕه‌خنه‌گره‌كه فیلمه‌كه‌ی بهدڵداچووبێت. پێم وایه ئه‌مه‌ش شتێكی دژواره ئه‌گه‌ر هه‌موو حه‌فته‌یه‌ك دهستبدهیته نوسین. به‌ڵام به ته‌رزێكی ئاوارته...
[1] Untutored cinema-goer
[2] Prescribed
[3] Telescoping
[4] A priori
[5] Impersonal masses
[6] Averages
[7] Melting pot
[8] Referential support
[10] Glances
[11] Poly valence
سەرچاوە
Baudrillard live, selected interviews, edited by Mike Gane