A+    A-
(316) جار خوێندراوەتەوە

شوناس و ئازادی لە «بوون و نەبوون»ـدا

 

 

 

ستیڤن وانگ

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

بۆچی کەسەکان شتێک دەکەن لەبری شتێکی دیکە؟ چ شتێک کردارەکان لێکدەداتەوە؟ لە وەڵامەکانماندا بۆ ئەم پرسیارانە ئاماژە بە ژمارەیەکی زۆر لە هۆکار و بزوێنەر و هاندەر دەکەین. هەروەک هەوڵدەدەین ئەم وشانە لەیەکتر جیا بکەینەوە. بەڵام زۆرجار وەڵامە باوەکان بۆ ئەمە پێمان دەڵێن ئەم بکەرە کێیە و چۆنە: «ئەو نەخۆش چارەسەر دەکات، چونکە دکتۆرە»؛ «ئەو هەڵدێت، چونکە ترسنۆکە»؛ «ئەوان بایەخ بە مناڵەکانیان دەدەن، چونکە دایک و باوکێکی دڵسۆزن». هەموو ئەم ڕوونکردنەوە و لێکدانەوانە ئاماژەن بۆ شوناسی بکەرەکە. بەم چەشنە، دەتوانین لە ڕەفتاری مرۆڤ تێبگەین بە ڕوانین لە چەند ڕەهەندێکی شوناسی کەسێتی.  

بەڵام سارتەر بەم ڕاڤە ڕوونکردنەوانە قایل نییە، پێی وایە ئەم ڕاڤانە سەراوژێر کراون. بەڕای سارتەر ڕەفتارەکانمان دەرهاویشتەی شوناسەکانمان نین، بەڵکو لەڕێگەی ڕەفتاری دیاریکراوەوە شوناسی خۆمان جێگیردەکەین. بۆیە لەبری ئەوەی بڵێین «ئەو هەڵدێت، چونکە ترسنۆکە»، پێویستە بڵێین «ئەو ترسنۆکە، چونکە هەڵدێت»؛ لەبری ئەوەی بڵێین «ئەوان بایەخ بە مناڵەکانیان دەدەن، چونکە دایک و باوکێکی دڵسۆزن»، پێویستە بڵێین «دایک و باوکێکی دڵسۆزن، چونکە بایەخ بە مناڵەکانیان دەدەن».

لەم وتارەدا، دەبینین سارتەر مەبەستی چییە و چی نییە لەڕێگەی ئەم هەڵگێڕانەوەیەی زمانی ڕۆژانەوە. لە تێڕامانەکانیدا سەبارەت بە کردارەکان، سارتەر دەگاتە ئەوەی مرۆڤ پێویستە چۆن بێت. پێی وایە کردارە ئازادەکانمان دەرئەنجامی شوناسمان نیین، بەڵکو بناغەی شوناسمانن_ بەهۆی سرووشتمانەوە وەک مرۆڤ، بەردەوام خۆمان تێدەپەڕێنین بەرەو خودێک ئازادانە هەڵمانبژاردووە. دەتوانین ببین بە کەسانێک هەرگیز خەیاڵمان بۆ نەکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە کۆیلە نین، بەڵکو خوڵقێنەری بوونی خۆمانین، ئازادییەکەمان ڕێگەخۆشکەرە بۆ دیزاینکردن و دووبارە بنیاتنانەوەی شوناسمان.

سارتەر تێبینییە سەرەتاییەکانی خۆی بۆ بەرهەمە مەزنەکەی «بوون و نەبوون» (Being and Nothingness) لەکاتی دیلی و لە هاوینی ١٩٤٠ نووسی. لەپاش ئازادبوونی لە هاوینی ١٩٤١، بەجدییەتەوە نووسینی کتێبەکەی دەستپێکرد، ئەمە لە مانگەکانی دواتری لە پاریس و گەشتەکانیدا درێژەی کێشا. ڕەنگە «بوون و نەبوون» لە ئۆکتۆبەری ١٩٤٢ ـدا تەواو بووبێت. مانای وایە ئەم بەرهەمە مەزنە لەماوەیەکی کەمدا نوسراوە. شیاوی ئاماژەپێدانە، هەرچەند ئەم کتێبە لە هاوینی ١٩٤٢ بڵاوکرایەوە، کاتێک ئاراستەی جەنگ لە ئەورووپا و باکووری ئەفریقادا دژی نازیزم وەرچەرخا، بەڵام خودی کتێبەکە لە وەختی داگیرکراوییدا نوسرابوو، کاتێک سەرکەوتن دوورەدەست دەهاتە پێشچاو و داهاتووی فەڕەنسا تاریک و لێڵ بوو. ئەمە وا دەکات بۆچوونەکانی سارتەر دەربارەی ئازادی و داهاتوو و ئیمکانی ئازادکردنی خۆمان لە دیلێتیی ئێستامان، زیاتر سەرنجڕاکێش بێت.

 

دڵەڕاوکێی ئازادی[1]

لەو بەشەی «بوون و نەبوون» کە پەیوەستە بە دڵەڕاوکێ (angoisse)وە، سارتەر نمونەی دوو کارەکتەر دەهێنێتەوە کە هەستدەکەن شوناسییان پارێزراو نییە. یەکەمیان، «جووڵاو بەرەو کەندەڵان»، کەسێکە لەسەر لێوارێکی ترسناک و ڕێگەیەکی تەسک و درێژ ڕێدەکات، بەبێ هیچ پارێزێک. ئەم کەسە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت. ئەم دڵەڕاوکێیە ترسێکی ڕاستەوخۆ نییە لە داڕمانی ڕێگەکە (ڕێگەکە بەڕادەی پێویست تۆکمە و خۆڕاگرە)؛ ترس نییە لەوەی بایەک بیخاتە خوارەوە (هەوا کپە)؛ بەڵکو ترسە لەوەی خۆویستانە خۆی بخاتەخوارەوە بەرەو مەرگی خۆی. ئەو متمانەی بە خۆی نییە.

زۆرینە ئەزموونی ئەم «سەرەگێژە-vertigo »ـیەیان کردووە. لەلایەک، کاتێک دەڕوانینە کەندەڵانەکە، دەمانەوێت بژین؛ لەلایەکی دیکە، درک بە ئازادیی تەواوەتیی خۆمان دەکەین. سەرنجدەدەین ئەم «ویستی ژیان»ـە بەشێکی جێگیر نییە لە پێکهاتەی دەروونیمان. تاوەکو زیاتر بیری لێدەکەینەوە، زیاتر درک بەوە دەکەین کە نەبەستراوین بەمەوە، ئەوکات دەشڵەژێین بەهۆی ئەو ئیمکانە زۆرانەی لەپێشماندا کراونەتەوە. دەشێت سەرکێشی بکەین و بازبدەین بۆ خوارەوە، بەبێ هیچ هۆکارێک_ ئەمە ترسە ڕاستەقینەکەیە.

ئەمە نمونەیەکی تایبەتە، بەڵام ڕوونیدەکاتەوە چۆن دەشێت لەناکاو متمانەمان بە شوناسمان لاواز ببێت، جێگەی سەرسوڕمانە ئەم «سەرەگێژە»ـەیە دەتوانێت لە حاڵەتە ئاساییەکاندا چی بخوڵقێنێت: لەناکاو تێدەگەین لەوەی دەتوانین کارەکان بەڕێگەیەکی دیکە ئەنجامبدەین، دەتوانین دووبارە بیر لە شتە لەپێشینەکانمان بکەینەوە، هەمان ئەو شتانەی دەتوانین بیانگۆڕین، کەواتە پێویستناکات هەمان ئەو کەسەی پێشووتر بین. شوناسی مرۆڤ جێگیر نییە. زۆرجار چێژ لەوە دەبینین بەشێوەیەکی جێگیر بەردەوام بین و بەرەو پێشەوە بچین، ئەمەش لەسەر بناغەی ئەوەی ئێمە کێین، بەڵام تاو نا تاوێک ئەم هەستە تووشی ڕاچڵەکانمان دەکات: بەڵام دەتوانین ببینە کەسێکی تر.  

ئەزموونی «سەرەگێژە» فۆرمێکە لە دڵەڕاوکێ: ئێمە ناتوانین گەرەنتیی بەردەوامبوونی ئەو بزوێنەر و پاڵنەرانە بکەین کە کاریگەرییان لەسەرمان هەیە: شوناس بریتی نییە لە (straightjacket)[2]، هەروەها پێشوەختە داهاتوومان دیاریناکات. لەم ساتەدا، لە ناوەڕاستی ئەم ڕێگە ترسناکەدا، ڕەنگە متمانەت هەبێت؛ بەڵام پاش چەند هەنگاوێک، کێ دەزانێت دەتوانین چی بکەین؟ «ئەگەر شتێک نەبێت ناچارمبکات ژیانم بپارێزم، هیچ شتێک ڕێگەم لێناگرێت بازبدەم بەرەو کەندەڵانەکە. کۆمەڵە ڕەفتارێک لە من دەوەشێتەوە کە پێشتر هەڵگری نەبووم». بەهەرحاڵ، زۆرینەی خەڵک بە سەلامەتی دەپەڕنەوە. بەڵام ئەوەی سارتەر دەیەوێت لەڕێگەی ئەم نموونەیەوە پیشانی بدات ئەوەیە کە بڕیارەکەمان بۆ هەنگاونان بە وریاییەوە دەرهاویشتەی شوناسمان نییە. بەڵکو خودی بڕیارەکە شوناسمان دەستنیشاندەکات و زامنی بەردەوامبوونمان دەکات. ئەمە جیاکارییەکی وردە.

نمونەی دووەم، بریتییە لە قوماربازی تۆبەکار[3]. ئەم قوماربازە بڕیاریداوە چیتر قوماربازی نەکات، بەجدی بڕیاریداوە واز بهێنێت. خۆی بە قوماربازێکی تۆبەکار لەقەڵەمدەدات، پەنادەباتە بەر ئەم شوناسە بۆ دەربازبوون لە هەر تەڵە و ئیغراییەک کە دێتە پێشی. بەڵام هەر وەخت نزیکی مێزی قومار دەبێتەوە، ئەم بڕیارە بە هەوادا دەچێت: «ئەوەی لەم حاڵەتی سەرەگێژەییەدا درکی پێدەکات،  ناکارایی بڕیارەکەی پێشوویەتی. ئەو بڕیارە لەوێدا ئامادەیە، بەڵام جێگیر و ناکارایە، خۆشی ئاگادارە بە بڕیارەکەی. هێشتا بڕیارەکە بە دەستی خۆیەتی، بە چەشنێک دەزانێت شوناسەکەی بە تێپەڕبوونی زەمەن هەر لەگەڵیدا دەمێنێتەوە، بەڵام چیتر وەها نییە_ چونکە بووە بە ئۆبێکتی ئاگاییەکەی. «من ملکەچی ئەو نیم، ئەو شکستی هێناوە لە ئەرکەکەیدا». ئەو شوناسەی قوماربازەکە بۆ خۆی سازیداوە وەک تۆبەکار، شوناسێکی لەرزۆک و فشەڵە. لەبەرامبەردا، قوماربازەکە دەخوازێت شوناسەکەی جڵەوگیری بکات و شێوازێکی نوێی ژیانکردنی بۆ فەراهەم بکات، بەڵام خودی ئەم خۆزگەیە خیانەت لە بڕیارەکەی دەکات، چونکە هەریەک لە قومارکردن و قومارنەکردنیش بە ئەندازەی یەکتر شیمانەی ڕوودانیان هەیە. شوناسەکەی ئێستای وەک تۆبەکار وەهمییە _ لە حەقیقەتدا یادگاری شوناسەکەی پێشووییەتی (وەختی بڕیارەکەی): بەفیعلی تێپەڕێنراوە، بڕیارەکە کارا نابێت ئەگەر دووبارە دانەڕێژرێتەوە.

کەسی جووڵاو بەرەو کەندەڵان هەست بە دڵەڕواکێ دەکات، چونکە دڵنیا نیە لەوەی بڕیارەکەی بۆ بەردەوامبوون لە ژیان تا کۆتایی ڕێگەکە دەمێنێتەوە. قوماربازەکەش هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات، چونکە بڕیارەکەی پێشووی بۆ قومارنەکردن لەئێستادا پاڵپشتی ناکات. بۆ هەردوو کارەکتەرەکە، ئاگاییان بە شوناسەکە ئەو کاتەیە کە دەزانن ملکەچی نین. لە گەڕان بەدوای هۆکارەکاندا، هەریەکەیان هۆکارەکان جیادەکەنەوە و ناکاراییان دەکەن. هەمان ئەم ئاگاییەیە هۆکاری نیگەرانیی ماتیۆیە (کارەکتەری ناو ڕۆمانەکەی سارتەر «چاخی ئەقڵ»_ ١٩٤٥). ماتیۆ دەیەوێت لەڕێگەی هۆکاری گونجاوەوە پاساو بۆ کارەکانی بهێنێتەوە، یاخود لانیکەم لەڕێگەی ئارەزووی بەهێزەوە؛ بەڵام کاتێک لە پاڵنەرەکان دەپرسێتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت قایلکەرن یان نا، ئەوکات خۆی دوور دەخاتەوە لێیان. ئەم پرۆسەیەی تاقیکردنەوەی پاڵنەرەکان، پیشانیدەدات هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بەسەر داهاتوویەوە: گەڕان بەدوای ملکەچی دەیگەیەنێت بە ئازادی، چونکە دەگاتە ئەو ڕاستییەی ڕێڕەوی کردارە جێگرەوەکانیش شیاوی ژیانن. هەرچەند باجی خۆی هەیە، بەڵام نرخی درککردن بە شوناس بریتییە لە ئازادبوون لەو شوناسە، لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکی هەمیشەیی بۆ بەردەوامبوون یان ڕەتکردنەوەی ئەو شوناسە. لەڕێگەی دڵەڕاوکێ ـەوە ئەم بەرپرسیارێتییە ئەزموون دەکەین.

ئەم خاڵە تەنها دەربارەی گۆڕانی شوناس نییە، چونکە دڵەڕاوکێ تەنها بەرهەمی فەرامۆشکردنی شوناسی کۆن و جێگیرکردنی شوناسێکی نوێ نییە. بەڵکوو دڵەڕواکێ نیشانەیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان «دابڕاون لە خۆیان»، لەو شوناسانەی پێکیاندەهێنێت. دەتوانین پێداچوونەوە بە داهاتووشدا بکەین، نەوەک تەنها بە ڕابردوودا، هەروەک بەرپرسیارێتییەکمان لە ئەستۆدایە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شوناسمان لەڕێگەی بژاردەکانمانەوە. لەڕێگەی دڵەڕاوکێ ـەوە، قوماربازەکە درک بە «ترازانی بەردەوامی حەتمییەت» دەکات. بۆیە دڵەڕواکێ یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئازادی، ئازادی تایبەتمەندە بە «ملکەچبوونێکی بەردەوام بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو «من»ـەی بوونی ئازاد دیاریدەکات». سارتەر چەمکەکانی «من-me» و «ماهیەت(یان ناوەڕۆک essence)» بەکاردەهێنێت بۆ ئاماژەکردن بەو ڕەهەندەی شوناسی مرۆیی کە هەر ساتێک لە ڕابردووەوە سەرچاوەدەگرێت. «من» ناوەڕۆکێکی مێژوویی لەخۆدەگرێت پێویستە دووپاتبکرێتەوە یان دەستکاری بکرێت یان ڕەتبکرێتەوە، لەهەمان ئەوکاتەی دەناسرێتەوە. ماهیەت(ناوەڕۆک) ئەوەیە پێشتر وەها بووین و ئێستا هەین،_ ئەو ڕابردووەیە کاریگەریی لەسەر ئێستا هەیە و شێوەی پێدەدات: «بەگوێرەی ئەم فاکتە، چەند تایبەتمەندییەکی کەسایەتیمان ڕاڤەی ڕەفتارەکانمان دەکەن». بەڵام دەبێت ئەم دوو جۆرە دڵەڕاوکێیە ڕەچاو بکەین، بەگوێرەی سارتەر: ئەو تایبەتمەندییانەی لە هەر ساتێکدا شوناسی کەسەکە دیاریدەکەن، پشت دەبەستن بەو ڕەفتارانەی تاک ئازادانە هەڵیبژاردووە، نەوەک بەپێچەوانەوە. بڕیاری قوماربازەکە تەنها ئەوکاتە گرنگە کە دەیهێڵێتەوە، ئارەزووی ژیانکردن لای جووڵاو بەرەو کەندەڵانەکە تەنها ئەوکاتە دەیپارێزێت کە لە هەموو هەنگاوێکدا بیهێڵێتەوە. بۆیە سارتەر دەنووسێت: «کردار هەمیشە لەپشت ماهیەتەوەیە. ئەوە تەنها کاری مرۆییە کە هەموو ڕاڤەکان تێپەڕدەکات، چونکە دەتوانرێت هەموو شتێکی مرۆڤ وەسفکرێت لەڕێگەی فۆرمەلەی «وەهایە»، لەڕێگەی ئەوەی لە بنەڕەتدا چۆنە». دواتر سارتەر ئەم ئایدیایە لە «بوون و نەبوون»ـدا کورتدەکاتەوە، لەڕێگەی دەربڕینێکەوە کە زۆرترین بەدحاڵیبوونی بەدوای خۆیدا هێناوە: «لەگەڵ ئەو فاکتەی کە من ئاگاییم هەیە بە پاڵنەری پشت ڕەفتارەکانم، ئەم پاڵنەرانە ئۆبێکتی دەرنشینن بۆ ئاگاییم، ئۆبێکتی دەرەکیین. بێهودە هەوڵی پێگەیشتنی دەدەم؛ لەڕێگەی بوونمەوە لێی هەڵدێم. تا هەتایە مەحکومم بە بوون لەپشتی ماهیەت و ناوەڕۆکەوە، لەپشت پاڵنەر و هاندەری کارەکانمەوە. من مەحکومم بە ئازادی».

ڕەنگە زمانەکە زیادەڕۆیی تێدا بێت («من ئازادم» یان «من بەردەوام ئازادم» بەراورد بە «من مەحکومم بە ئازادی») بەڵام ڕاستییەکە ڕوونە: هەرکات ئاگاییمان هەبێت بە ڕەهەندێکی شوناسمان، ئەوکات ئەم شوناسە باڵادەستی بەسەرمانەوە نامێنێت و ناچارین چۆنێتی وەڵامدانەوەی هەڵبژێرین.

 

 

دڵسۆزی, بریتییە لە خۆفریودان[4]

چەندین ڕێگە هەیە بۆ هەڵهاتن لەو بەرپرسیارێتییەی خۆمان کە تەریبە لەگەڵ دڵەڕاوکێ ـدا. لە پرۆژەی سارتەردا، هەموویان لەژێر ناونیشانی «بڕوای خراپ» (خۆفریودان) کۆ دەکرێنەوە. یەکێک لەم فۆرمانەی بڕوای خراپ بریتییە لە «دڵسۆزی». ئەمە چەمکێکی تەکنیکییە لەناو چەمکسازیی سارتەردا: هەوڵێکە بۆ ئەوەی «ببینە خۆمان»؛ تاوەکو ژیانمان تەبا بێت لەگەڵ شوناسمان، کۆک بێت لەگەڵ کردارەکانمان، لەگەڵ واقیعی ناوەکیی گریمانەکراوماندا. بەڵام هەرکات ئەو ڕەهەندە «سەرەکی»یەى بوونمان دەدۆزینەوە کە دەخوازین نمایشی بکەین، ئیدى تێدەگەین لەوەی ئێمە لەگەڵ ئەم «ماهیەت»ـەدا کۆک نین و ملکەچی نین. بۆ ڕاڤەکردن یان پاساوهێنانەوەی ڕەفتارەکانمان بە ئاماژەکردن بەوەی «ئێمە کێین»، پێویستە مەودایەک بخوڵقێنین لەنێوان کردارەکانی ئێستامان و ئەو «شوناس»ـەی پێشوو کە هۆکاری بووە، لەڕێگەی بیرکردنەوەمانەوە لەم شوناسە. ئێمە داخوازی «خود[5]»ـێک دەکەین و ڕاستەوخۆ خیانەت لەو مەودایە دەکەین لەگەڵیدا هەمانە: «بەگشتی، دڵسۆزیی نەگۆڕ وەک هەوڵێکی بەردەوام بۆ ملکەچبوون بۆ خود، بە سروشت هەوڵی بەردەوامی مرۆڤە بۆ دابڕان لە خۆی. مرۆڤ خۆی لە خۆی ڕزگار دەکات لەڕێگەی ئەو کردارەوە کە خۆی دەکاتە ئۆبێکتی خۆی».

لیستی ئەو کەسایەتییانەی دەتوانین دڵسۆزبین بەرامبەریان فراوانە. پێویستە دیاریان بکەین، نەوەک تەنها لەڕێگەی ڕۆڵە گشتییەکانمانەوە، بەڵکو لەڕێگەی هەڵوێستمان، هەستەکانمان، کارەکتەری ئەخلاقی و حەزی سێکسیمانەوە. بە ئاماژەکردن بۆ ئەم تایبەتمەندییانە، دەتوانین هۆکارێک ببەخشینە کردارەکانمان، بەڵام پێویستە دانبنێین بەوەی ئازادانە هەڵمانبژاردووە و جڵەوگیرمان ناکات.

دەبێت شتێک ڕوونکەینەوە، سارتەر ئاگاداری ئەو فاکتەرانە بووە کە شوناسی هەرکەسێک پێکدەهێنن. ئامانجی ئەو نکۆڵیکردن نییە لە حەقیقەتی شوناسی مرۆڤ، بەڵکو پرسیارە لەوەی ئایا ئەمە بەسە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری کەسەکە.

پێویستە بڕوانینە هەندێک لەو فاکتەرانەی شوناسمان پێکدەهێنن لە «بوون و نەبوون»ـدا. «Facticity»، ئەو وشەیەیە سارتەر بەکاریدەهێنێت بۆ بەرگریکردن لەو فاکتانەی ژیانمان کە هەڵبژاردنی خۆمان نین. ئەمە ئەو مانایە پێکدەهێنێت کە ژیانمان دەیبەخشێت، دۆزینەوەی پەیوەستە بەو هەلومەرجانەی لە دەرەوەی ویستی ئێمەوەن. ئێمە بونەوەری جەستەیین، لەناو کات و شوێنی دیاریکراوداین، مێژووییەکی کەسییمان هەیە، لە هەلومەرجی دیاریکراودا دەژین. چەندین فاکت هەن سەبارەت بە سایکۆلۆژیای تاک کە شیاوی ڕەتدانەوە نین. سارتەر باس لە چەندین تایبەتمەندیی کەسێتی و دۆخ و نۆرم دەکات، ئەمانە یەکێتیی دەروونیی ئیگۆمان پێکدەهێنن. ئەمە تەنها ئەو سیفەتانە لەخۆناگرێت کە ڕەفتارمان ئاراستەدەکەن، وەک کۆشش و حەسودی و  ناوبانگخوازی، یان ئەو حاڵەتە ئەکتواڵانەی ڕەفتارێکی دیاریکراو بەرجەستەدەکەن، وەک خۆشەویستی و ڕق؛ بەڵکو کۆی شکڵی کردارەکانیش لەخۆدەگرێت. کردارەکانمان دەرکەوتەی ئامانجە یەکگرتووەکانی دەروونن. کردارەکانی مرۆڤ کەوڵێکی ئۆبێکتیڤ وەردەگرن و ئامانجەکانمان لەگەڵ بەردەوامیدا دەردەکەون: مەشقکردنی بۆکسەرەکان، توێژینەوەی زاناکان، داهێنانی هونەرمەندان، کامپەینی سیاسییەکان.

فاکتە تاکەکەسییەکانمان بەندە بە زمانێکی دیاریکراو، کۆمەڵگەیەکی کۆنکرێتی، بونیادێکی سیاسی، هەروەها بەندە بە بەشێک بوون لە ڕەگەزی مرۆڤ. بەمانایەکی دیکە، ئێمە بوونەوەری سرووشتی و کەلتووریین، هەلومەرج و فاکتەکانی ژیانمان دیاریناکەین. ئەگەر پێویستمان بەم ژینگە ئاڵۆزە بێت تاوەکو شوناسمان پێ ببەخشێت، هاوکات پێویستمان بە پەیوەندییە لەگەڵ کەسانیتردا تاوەکو لە شوناسمان تێبگەین. بە نێوەندگیریی ئەوانیتر دەتوانین لەخۆمان تێبگەین. بۆ نمونە، بەڕێگەیەکی نوێ خۆمان دەنرخێنین کاتێک زانراو یان ئارەزووکراو یان خۆشویستراو دەبین، بەگوێرەی سارتەر: «لەڕێگەی نیگای ئەوانیترە خۆم دەناسم»؛ «خۆم دەبینم، لەبەرئەوەی کەسێک دەمبینێت». 

لەم ڕێگە جیاوازانەوە، سارتەر تێگەیشتنێکی دەوڵەمەند دەدۆزێتەوە دەربارەی پێکهێنەرەکانی ژیانی مرۆڤ. بایەخێکی قووڵ دەبەخشێتە کۆمەڵناسی و کەلتور و زمان و دەروونناسی و پەیوەندییە مرۆییەکان. هەموو ئەمانە حەقیقەتی بوونمان دەخوڵقێنن، شوناسێکی تاقانەمان پێدەبەخشن. سارتەر هەرگیز ماهیەتى مرۆڤ ڕەتناکاتەوە: «ماهیەت هەموو شتێکە دەربارەی بوونی مرۆیی کە دەتوانین لەڕێگەی وشەوە ئاماژەی بۆ بکەین: «وەهایە» بۆ هەموو بوونەوەرێکی مرۆیی، هەندێک بونیادی نەگۆڕ و بنەڕەتیین».

بۆیە، لەبری ئەوەی دژە ماهیەتگەرا (anti-essentialist) بێت، دەتوانین فەلسەفەی سارتەر بە «ماهیەتگەرایى مەرجدار[6]» وەسف بکەین، مەرجە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە ماهیەت بەتەنها بەس نییە. سارتەر دووپاتیدەکاتەوە ئەو ماهیەتانەى شوناسمان پێکدەهێنن ناتوانن بەگوێرەی پێویست پێناسەی مرۆڤ بکەن، چونکە ئاگاییمان بەم گشتە خۆی لەخۆیدا ڕەهەندێکی سەرەکیی بوونی ئێمەیە. ئێمە لەپەیوەندیداین لەگەڵ ئەم گشتە و ئاراستە و بەرپرسیارێتییەکانی. لەبەر ئەم هۆکارە، شوناسی مرۆڤ ئاڵۆز و ناسەقامگیرە و بەس نییە بۆ ڕاڤەکردنی کردارەکانمان.

 

 

 

ڕوونکردنەوەکان

هەندێک ڕوونکردنەوە بۆ ڕێگری لە بەدحاڵیبوون.

یەکەم، وەک بینیمان هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی شوناسمان دابڕاوە لە جیهانی کارکرد و فاکتەرەکان. هەرچەند بڕیارەکانمان دەربارەی چۆنێتیی ڕەفتارکردن دادەڕێژینەوە، بەڵام ئێمە وەڵامدەرەوەی واقیعی ڕەفتارەکانمانین وەک زەروورەتێکی فاکتواڵ(و سەر بە ئەمرى واقیع).

دووەم، سارتەر بڕوای وا نییە دڵەڕواکێ لە هەموو چالاکییەکانماندا هەیە. دان بەوەدا دەنێت لە زۆربەی حاڵەتە ڕۆژانەییەکاندا بەبێ دڵەڕاوکێ ڕەفتاردەکەین: زۆرجار سەرقاڵی شتانێک دەبین بەبێ بیرکردنەوەیەکی ئەوتۆ لێیان، بە لەبەرچاوگرتنی شوناسی دیاریکراو و ئامانجی دیاریکراو. تەنانەت لە باوترین و هەڵەشەترین کردارماندا، «هێشتا دەشێت ئەم کردارە بخرێتە ژێر پرسیارەوە».

سێیەم، سارتەر بڕوای وا نییە هەموو کردارەکانی مرۆڤ لەژێر ڕکێفی خۆیاندایە. هەندێک «کردار»ـی مرۆڤ پەسەنددەکات وەک شتگەلی «خۆنەویست» (ئێمە بەخەبەرین، خەوتووین، گۆناسوورین)، هەندێکیشیان غەریزیین (دەخۆین وەختێک برسیین، شت دەشکێنین وەختێک تووڕە دەبین، هەڵدێین کاتێک هەست بە مەترسی دەکەین)، زۆرجار نائاگاییانە بەرجەستەدەبن (بە کارامەییەوە لێدەخوڕین کاتێک شۆفێری خۆکار بوونی هەیە، گۆرانییەک دەڵێینەوە بەبێ ئەوەی بایەخێکی ئەوتۆی بدەینێ). هەروەک چەند لێکەوتێکی چاوەڕواننەکراو لەم کردارانە دەکەونەوە، بۆنمونە، دەبینین «جگەرەکێشێکی نابەرپرسیار دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و تەقینەوەیەک بەبێ ئەوەی گوێی پێبدات یان کاردانەوەی هەبێت». سارتەر بەسادەیی دەڵێت، هەندێکجار دەزانین کارەکە کاری ئێمەیە، هەروەها دەزانین ڕێڕەوی جێگرەوە هەیە بۆ ئەم کارە. کاتێک دەڕوانینە کارەکان، تێدەگەین کە دەتوانین بڕیار بدەین لەنێوان ئیمکانە جێگرەوەکاندا، ئەمە دەریدەخات ئێمە ئازادین لە دیاریکردنی ڕێڕەوی کارەکانماندا. تەنها کاری مەبەستدار دەتوانێت ببێتە «کارێکی مرۆڤانە».

چوارەم، ناتوانرێت ئەرگۆمێنتەکەی سارتەر لاواز بکرێت، لەلایەن کەسێکەوە کە پێی‌وایە ئەزموونی دابڕان و ئازادی تەنها وەهمێکە: «پێتوایە ئازادی، بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو شتێک پێشوەختە یەکلاکراوەتەوە_ تەنانەت ئیمانت بە ئازادی، بەرهەمی یەکلاکردنەوەیەکی دەروونییە». میتۆدەکەی سارتەر میتۆدێکی فینۆمینۆلۆژییە. لە ئەزموونی مرۆڤەوە دەستپێدەکات و دەیەوێت ناوەڕۆکی ئەو ئەزموونە ڕوونکاتەوە. لەم حاڵەتەدا، ئەزموونی ئیمانێکی دەروونی ناکەین بەوەی ئازاد و دابڕاوین؛ ئەمە باوەڕێکە بناغەی فەلسەفە پێکدەهێنێت. لەبری ئەوە، ئێمە خودی دابڕان ئەزموون دەکەین. ئەمە ئەنجام و ناچارییەک نییە. دڵەڕاوکێ ئەزموونی ناچاریی هەڵبژاردنە بەبێ هەبوونی هۆکاری گونجاو بۆ هەڵبژاردن_ ئەزموونکردنی ئازادییە. ئەمە خاڵی دەسپێکی فینۆمینۆلۆژیای سارتەرە، ئەمە ئەو داتا ئۆرژیناڵەیە کە فەلسەفەکەی لەسەر بونیادناوە. ئەمە لایەنداری نییە بۆ ئازادی. بەپێچەوانەوە، پێداگری لەسەر حەتمییەتی هەموو کردارەکانی مرۆڤ لایەنداری دەسەپێنێت بەسەر داتاکانی ئەزموون و دژی دەبێت. ئەم لایەندارییە فۆرمێکە لە بڕوای خراپ.

 

پوختە

دەکرێت ڕوانگەی سارتەر بۆ پەیوەندیی نێوان شوناس و ئازادی بەم چەشنە کورتکرێتەوە: مرۆڤەکان خاوەن شوناسن بەڵام تێپەڕی دەکەن. ئێمە دەناسرێینەوە لەڕێگەی بیرکردنەوە و هەست و بەهاکانمانەوە، لەڕێگەی هەلومەرج و کۆی ئەزموونمانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاگاییمان هەیە بەم ئەزموونە، بۆیە مەودایەک لەگەڵیدا دەخوڵقێنین. ئێمە پرسیار و تەنگوچەڵەمە و ساتی دڵەڕاوکێی وجودی و ئەخلاقیمان هەیە، وا دەکات درک بە نوقسانی و کەموکورتیمان بکەین. نوقسانییەکی بنەڕەتى لە ئێستادا هەیە کە بیرکردنەوە و کردارەکانمان پەکدەخات. هیچ شتێک ناتوانێت مانای جیهان و ئاراستەی ژیانمان بەتەواوەتی دیاری بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین ئەوەی ئێستا هەین تێپەڕێنین و وێنای داهاتوویەک بکەین کە مانا بە ئێستا دەبەخشێت. لەڕێگەی کردارێکی ئازادەوە لەپێناو ئامانجێکی نائامادە، ڕوودەکەینە ئەم ئامانجە و دەیکەینە حەقیقەت بۆ خۆمان. بەم ڕێگەیە لە جیهان تێدەگەین و مانا دەبەخشینە ژیان لەڕێگەی پابەندییە چالاکانەکانمانەوە.

مرۆڤ شوناسێکی ئامادە و ڕەق نییە، ئامانجێکی ئایندەیی نابەرجەستەش نییە. ئێمە لەڕێگەی ئەو پەیوەندییەوە پێکهاتووین کە بەشێوەیەکی ئازادانە هەڵمانبژاردووە لەنێوان شوناسی ئێستا و ئامانجەکەماندا. کەسایەتی لەیەک کاتدا ئەو فاکتانە لەخۆدەگرێت کە پێناسەمان دەکەن، لەگەڵ هەنگاونان بەدوای ئەو فاکتانەدا کە دەخوازین بۆی بگۆڕێین. کەوایە هەریەکە لە جەوهەر و بوون، خاوەندارێتی و دابڕان لە خود، بەخۆداچوون و شادومانی، ئێستا و داهاتوو، حەقیقەت و ئایدیاڵ، ئاماژەدار و مەرجدار،_ لەخۆدەگرێت. هاوکات ئەوەی ڕاستییە و ئەوەی دەشێت بێتەدی لەخۆدەگرێت. لەڕوانگەی سارتەرەوە، ئێمە شوناسی خۆمان پێکدەهێنین، لەڕێگەی پەسەندکردنی خۆمان و ئازادی جووڵان بەدوای ئەمەدا.  

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] Freedom Anxiety

[2]  بریتییە لە بەرگێکی توندوتۆڵ، بۆ بەستنەوەی تاوانبار و نەخۆشە ئەقڵییەکان، تاوەکو زیان بە خۆیان و ئەوانیتر نەگەیەنن.

[3] the reformed gambler

[4] Self-Deception

[5] Self

[6] qualified essentialism

 

 

 

سەرچاوەکان:

  • سایتی: (حكمة)
  • https://philosophynow.org/