A+    A-
(376) جار خوێندراوەتەوە

خۆرئاوای جووڵاو، خۆرهەڵاتی وەستاو[1]

 

 

 

 

 

مرۆڤی خۆرئاوایی(غەربی) تا ئێستا كۆمەڵێك قۆناغی پەرەسەندن و وەرچەرخانی تێپەڕاندووە كە مرۆڤی خۆرهەڵاتی(شەرقی) هیچكام لەو قۆناغانەی تێنەپەڕاندووە. لە سەدەی پانزەیەمەوە تا كۆتاییەكانی سەدەی هەژدەیەم مرۆڤی خۆرئاوایی بە كۆمەڵێك وەرچەرخاندا هاتووە كە مۆدێرنە بەرهەمه‌كه‌يه‌تى.

ڕێنیسانس لە سەدەی پانزەیەمدا، گەڕانەوە بوو بۆ یۆنان و مەوداوەرگرتن و ڕەخنەكردنی سەدەكانی ناوەڕاست بوو. ڕێنیسانس بووە كۆڵەیەكی پتەو بۆ مرۆڤی خۆرئاوایی تا بتوانێت ڕەخنەی سەدەكانی ناوەڕاست بكات و مەودای لێ وەرگرێت، یان بە دەربڕینێكی تر خۆی لێ دابڕێت.

سەدەی شازدەیەم، قۆناغی ڕیفۆرمی دینییە. كەسانێكی وەك مارتن لۆتەر و كاڵڤین، تەفسیری شەخسییان بۆ كتێبی پیرۆز كردە شتێكی باو و دەسەڵاتی كڵێسای كاسۆلیكیان لاوازكرد. بەم جۆرە، پرۆتستانیزم كە بە وتەی ماكس ڤێبەر زیاتر لەگەڵ سەرمایەدارییدا دەگونجا، لەدایكبوو.

لۆتەر جەختی لەسەر باوەڕی شەخسی و تاكەكەسی دەكردەوە. ئەو، دین و دینداریی لە دنیای دەستەجەمعیی سەدەكانی ناوەڕاستەوە گواستەوە بۆ دنیای تاكەكەسی و ئاگایی تایبەتیی [مرۆڤەكان] و لە دنیای دەستەجەمعیی مرۆڤەكانی ڕزگاركرد. ئەم فەردانیەتە، دواتر بووە كۆڵەكەی كۆمەڵگای مەدەنی و لیبراڵ‌دیموكراسی و زەمینەی بۆ عەقڵانیەتەكەی دیكارت و درووستبوونی سوبێكت/من‌ه‌‌كەی ئەو خۆشكرد. چیتر ئەو دینە یەكپارچەیەی سەدەكانی ناوەڕاست بوونی نەبوو كە دەبوو شەریعەت پیادەبكات و كڵێسا بەسەر سەریەوە وەستابوو و حوكمییشی دەكرد. چیدی بەشێوەیەكی سەرەكی فەردانی ببووەوە. بەم جۆرە، ئەو زەمینەیەش خۆش ببوو كە دین بەرەو دونيای تاكەكەسی بڕوات. ئەم جووڵەیە داهاتوویەكی نەخشاند كە دین چارەسەركەری كێشە یاسایی و سیاسییەكانی مرۆڤ نەبێت و یاسا بدرێتە دەستی یاساناس و سیاسەتیش بە دەستی سیاسەتمەدار.

سەدەی حەڤدە، سەدەی گومانی مۆنتێنی‌یە. "یەقین و دڵنیاییەكان"ـی سەدەكانی ناوەڕاست دەخرێتەلاوە و "گومان" جێی دەگرێتەوە. گومانی دیكارتی و ڕوانینی ماتماتیكی بۆ جیهان: سەدەی درووستبوونی سوبێكت- منی بیركەرەوە كە لە هەموو جیهان و تەنانەت لە "منی خۆم"يش دەكۆڵێتەوە. سەدەی حەڤدە، قۆناغێك بوو كە زەوی مەركەزییەت و ناوەندێتیی خۆی لەدەستدا. گالیلۆ هاواری لێ هەستا و وتی: ئەوە زەوییە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. نە خۆر باوكی جیهانە و نە مادەش دایكێتی. كۆپەرنیك پێشتر ئەوەی سەلماندبوو كە ئەوە زەوییە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، و خۆریش تۆپەڵێكە لە مادە تواوەكان و گازە جۆراوجۆرەكان. مرۆڤ لەمەبەدوا فێری ئەوە بوو كە بۆ ناسینی سرووشت، چیتر سەیری سرووشت خۆی بكات نەك سەیری تەئویل و ڕاڤەی كتێبی پیرۆز، جا سەیركردنێكی وردیش! گەر چاوێكیش ناتوانێت بەوردی سەیربكات ئەوا دەتوانێت لەپشتی تەلیسكۆب و میكرۆسكۆبەوە سەیربكات.

بەهۆی ئەم سەیركردنەوە، ئوستورە لە سرووشت داماڵرا و سرووشت ڕاز و تەمومژی خۆی لەدەستدا.

نیوتن، تیۆری میكانیكی جیهانی بە جۆرێك داڕشت كە جێی ئوستورەی تیا نەدەبووەوە؛ و دیكارتیش بەهۆی گومانە گەورە فەلسەفییەكەی خۆیەوە تێكڕای بیروباوەڕەكانی ڕابردووی خستە ژێر پرسیارەوە. ئەپستمۆلۆژیای بنیاتنا و "سوبێكت" و "ئۆبێكت"ـی لێكجیاكردەوە. دیكارت لە مۆنتینی‌یەوە "گومان"ـی وەرگرت بەڵام نەشدەكرا بەهۆی گومانی مۆنتێنی‌یەوە بنەمای شارستانیەتی مۆدێرن داڕێژیت. دیكارت بەهۆی "من بیردەكەمەوە، كەواتە هەم"ـەكەی خۆیەوە پێگەی ئەرخەمیدسیی مۆدێرنەی وەرگرتەوە. كەواتە "منی بیركەرەوە"، بووە بنەمای شارستانیەتی مۆدێرن. كەواتە دووان لە بنەما و كۆڵەكەكانی مۆدێرنە درووستبوو كە بریتی بوون لە فەردانیەت(تاكگەرایی) و "عەقڵ"ـی مۆدێرن.

سەدەی هەژدە، سەدەی داماڵینی ئەفسوون و ئوستورەیە لە جیهان. سەدەیەك كە بە وتەی ماكس ڤیبەر، جیهان ڕووبەڕووی "لەئەفسوون‌داماڵین" دەبێتەوە و خوداكان هەڵدێن و باردەكەن. دێو و درنج و فریشتەكان چیتر لە لێكۆڵینەوە و پشكنین و تاوتوێی زانستیيدا جێیان نابێتەوە. بۆیە زەینە لەئوستورەداماڵراوەكە ئامادەی ئەوە دەبێت زانستە جیاجیاكان داڕێژێت و بنیاتیان بنێت. سەدەی هەژدە، سەدەی ڕۆشنگەرییە. سەدەی ڤۆڵتێر كە قسەكەر و داكۆكیكاری ئازادیی تاكەكەس و ڕێزگرتنە لە عەقڵی مرۆڤ. سەدەی مۆنتسكیۆ و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان تاكو كەسی فەرمانڕەوا نەبێتە تاكەدەسەڵات و تاكە زلهێز، تاكو دەسەڵاتەكانی حكومەت یەكتری كۆنترۆڵبكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكە ملهوڕ و ستەمكار دەرنەچێت.

لەلایەكی ترەوە، تاكگەراییەك هاتەئاراوە كە بووە كۆڵەكەیەكی بەهێز بۆ مۆدێرنە. ئەم تاكگەراییە، فەزایەكی بۆ خۆی درووستكرد تاكو كەس نەتوانێت دەستدرێژیی بكاتەسەر. پەیوەستبوون بە میتافیزیك و فریشتە و وەحی و هتد، بەشێوەیەكی سەرەكی چووە ناو ئەم فەزا شەخسییەوە و لەوێ درێژەی بە ژیانی خۆی دا.

ئێستا ئیدی مرۆڤی خۆرئاوایی، لەگەڵ قۆناغی هەزارساڵەی سەدەكانی ناوەڕاستی خۆیدا دابڕابوو. ئەو قۆناغەی كە كتێبی پیرۆز و كتێبە 22 بەرگییەكەی ئاگۆستین بەناوی "شاری خوا" بنەمای هەموو مەعریفەی مرۆیی بوون. كتێبی "شاری خوا"ـی ئاگۆستین دەرهەق بە دوو پرس، وەڵامێكی ناكۆك و نەرێنیی لەگەڵ بیركردنەوەی مۆدێرندا هەبوو. یەكیان ئەپستمۆلۆژیا(تيۆرى زانين) و ئەویتریش ئێستاتیكا(جوانیناسی). نەریتەكەی ئاگۆستین، تێكەڵەیەكە لە مەسیحیەت و فەلسەفەی ئەفلاتوون. یان وردتر بیڵێین، تێكەڵكردنی ئەفلۆتین و مەسیحیەتە. ئەگەر لە یۆناندا، فەلسەفە و فەلسەفەی سیاسی لە ئوستورە و دین جیابووبێت؛ ئەوا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا شێوازێكی دینیی گرتەخۆی و باوەڕ(ئیمان) دەخرایە پێش ئەرگۆمێنت و بەڵگاندنی فەلسەفییەوە. بۆیە نەریتی ئاگۆستینی، تا ئەو جێیە ئەفلاتوونی‌یە كە ئەم فەلسەفەیە پاڵپشتێك بێت بۆ بیروباوەڕه‌ دینییەكانی. كەواتە فۆرمە نەمرە ئەفلاتوونییەكان، بە جۆرێك لە جۆرەكان، پەیوەستدەبێتەوە بە ئادەمی بەر لە كەوتن (هبوط) و عالەمی مەلەكوتەوە. لە بواری ئەپستمۆلۆژیاشدا، ئەفلاتوون بۆ گەیشتن بە زانین/ناسین، بایەخ بە هەستەكان و ئەزموون نادات و تەنانەت بە شتێكی گومڕاكەر و سەرلێشێوێنەریشی دادەنێت. وەك ئەوەی لە نمونەی بەناوبانگی ئەشكەوتەكەیدا، گاڵتە بە ئەزموون(تەجرەبە) دەكات. ئەو دەڵێت تەنیا بەهۆی "بیرهێنانەوە"وەیە كە دەستمان بە حەقیقەتە ماتماتیكییەكان و زانین دەگات. بیرهێنانەوەی ئەو مەعریفەیەی كە ڕۆح لە بوونی پێش ژیانی سەرزەویدا لە جیهانێكی تردا هەیبووە.

نەریته‌كه‌ی ئاگۆستین، بەهۆی پێناسەكردنی دوو جۆر ڕووناكیی مادی و نامادییەوە، پرسی ئەپستمۆلۆژی دەخاتەڕوو. ڕووناكییە مادییەكە جیهان ڕووناكدەكاتەوە و ڕووناكییە نامادییەكەش دەبێتەهۆی ئەوەی مەعریفەمان دەربارەی جیهان هەبێت. بۆیە ئەزموون، زانین و مەعریفە دەشێوێنێت و گرنگیدان بە ژیانە خاكییەكە و هەستە بێ‌بەهاكانی مرۆڤ، دەبێتەهۆی گومڕابوون لە گەیشتن بە حەقیقەتدا. كەواتە لەو ئەپستمۆلۆژیایەدا كە بڕوای بە "بیرهێنانەوە"یە، بەهەشتی دەركراو هیی فۆرمە نەمرەكانە یاخود هەمان فۆرمە نەمرەكانی ئەفلاتوونە. بیرهێنانەوە، كۆڵەكەی ئەپستمۆلۆژیای نەریتی ئاگۆستینییە كە ڕێك دەكەوێتە بەرامبەر ئەپستمۆلۆژیای مۆدێرنەوە.

بەڵام لە كایەی ئێستاتیكادا نەریتی ئاگۆستینی پێی وایە مرۆڤ لەم جیهانەدا بەرەنجامی نافەرمانی و كەوتنی یەكەمە. لەسەر بنەمای ئوستورەی خەلقكردن لە كتێبی پیرۆزدا، هەر لە سەرەتای لەدایكبوونەوە مرۆڤ بە كائینێكی گوناهبار دەزانێت. لێرەوەیە كە غوسلی تەعمید(لەئاوهەڵكێشان) ئەنجامدەدەین تاكو مناڵ لە پیسی و چەپەڵی داشۆرین. كەواتە تێڕوانینێكی لەم جۆرە، پێی وایە مرۆڤ ئاڵاو و ئالودەیە بە گوناه. بۆیە شایستەی ئازار و عەزابە. گوایا ئازار جوانە. ستایشی ئازار دەكرێت و شتێكی پیرۆزیشە. دەتوانین ئەمە لە تێكڕای تابلۆ و نیگارەكانی سەدەكانی ناوەڕاستدا بەدیبكەین. ئازار، شتێكی قەشەنگە. گوایا جیهان جێی بەختەوەری و شادی نیە.

ئەمە ئەو جیهانەیە كە كوڕی خواوەند بە تاجی خاراوە لە خاچ دراوە و جیهانێكە كە هەموو ژنان و پیاوان بەهۆی ئازارچەشتنەوە ڕزگاریانبووە. بۆیە ئازار جوانە و بەپێچەوانەی سەردەمی مۆدێرنەوە كە لە هیدۆنیزم(چێژپەرستی)دا چێژ بە شتێكی جوان دەبینرێت.

بەر لە ڕێنیسانس، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە خۆرئاوا ڕوویدا كە زەمینەی بۆ ڕێنیسانس خۆشكرد. لە سەدەی یانزەدا، نوسینەكانی ئەرستۆ و ئایدیاكانی ئیبن ڕوشد گومانێكی خستە ناو نەریتی ئاگۆستینییەوە. نۆمیناڵیستەكانی وەك ڕۆسلین، ئابلارد و ئاكام دەیانوت چەمكەكان و ناوە گشتییەكان تەنیا شتانێكی زەینیین. لەفز و وشەن و هیچی تر. تاكەتاكە و دانەدانە بوونیان هەیە و دنیایەكی نەمر و ئایدییاڵیش بوونی نیە تاكو نوسخە كامڵەكەیان لەوێ پەیدابكرێت. نۆمیناڵیستەكان(ناوگەراكان) بیروباوەڕی ئەفلاتوونییان خستە ژێر پرسیارەوە. كەواتە لەلایەن دوو ڕوانگەوە. نەریتی ئاگۆستینی لە بواری ئەپستمۆلۆژیا و ئێستاتیكادا خرایە بەر گومان و ڕەخنە. نۆمیناڵیستەكان لەو بڕوایەدا بوون كە شتەكان دەكەونە پێش چەمكەكانەوە. پرسی كۆنكرێت، دەكەوێتە پێش پرسی ئەبستراكت و تەجریدیاتەوە. كاتیگۆرییە گشتییەكان(كلیات) لە دەرەوەی زەینەوە بوونیان نیە. هەموو ئەمانەش دەكەوتە دژایەتییەوە لەگەڵ فەلسەفەی ئەفلاتوون و سەرەنجامیش فەلسەفەی نەریتی ئاگۆستینییەوە.

سەرەنجامیش تۆمای ئەكوینی لە سەدەی سیانزەدا توانیی مەسیحیەت لە تێڕوانینە ئەفلاتوونییەكە پاكبكاتەوە و ئەرستۆ و مەسیحیەت پێكەوە بگونجێنێت. هەروەها تەومیزم(Thomism ) لەدایك ببێت كە نرخێكی دوولایەنەی دەدایە مرۆڤ. لەپاش ناوخۆی كڵێسا، نیگای تازەی تر بە ڕووی جیهاندا پشكووت. نیگایەك كە لە واقیع ڕادەما و لێى ورد دەبووەوە. لە ڕووكاری جیاجیاوە لێی دەڕوانی. دیقەتی تیا دەنواند. ئەم نیگا تازەیە، ڕاپەڕینێك بوو دژی سوبێكتیڤیزمەكەی ئاگۆستین كە لە ڕێنیسانسدا خۆی دەرخست.

لە تابلۆكاندا سەرنج دەخرایە سەر سرووشت. سەرنج بۆ سەر شتە تاك و دابڕاو و سەربەخۆكان. هەر ئەمانە بوون كە یاسا پێرسپێكتیڤ و ئەناتۆمی و توێكارییەكانیان كەشفدەكرد. باخ و كۆنسێرتۆ ڤیۆڵین(Violin concerto)ـەكانی ڤیڤاڵدی گوزارشتێك بوون لەم سەرنج و ئاوڕدانەوەیە.

لەڕووی ئەپستمۆلۆژییشەوە، گۆڕان ڕوویدا. لە تابلۆكانی سەردەمی ڕێنیسانسدا، مریەم جوانە نەك لەبەر ئەوەی هێمای ئازارە بەڵكو لەبەر ئەوە جوانە كە پاشای مەلەكوتی هێناوە بۆ دونیا. پاشایەك كە پەیامهێنەری بەختەوەری و جوانی و شادی و دادپەروەرییە.

ڕۆمانیش لەپاش ڕێنیسانس لەدایكبوو. بە وتەی هۆسرێڵ، هەموو بوار و لقوپۆپەكانی بیركردنەوە خرایە ئەستۆی زانستە جیاجیاكان. ئەوە تەنیا بوون(وجود) بوو كە هەروا مایەوە. پێشتر ئەوە ئوستورەكان بوون تەفسیری "بوون"یان دەكرد. لەوە بەدوا ژانری ڕۆمان لەدایكبوو تاكو تەفسیری بوون بكات. بۆیە سێرڤانتس، دۆنكیشۆتی ناردە ناو جیهان تاكو ناكۆكییەكانی دونیای ئەفسانەیی شاسوارییانە، لەگەڵ واقیعدا بخاتەڕوو. ڕەنگە بتوانین سێرڤانتس بە یەكەمین كەس بزانین كە پەرژاوەتە سەر (لە ڕاز داماڵینی جیهان). لەم ڕووەوە سێرڤانتس پێشەنگی ڕۆشنگەرانی سەدەی هەژدە بوو.

لەلایەكی ترەوە، تاكگەراییەك هاتەئاراوە كە كۆڵەكەیەكی بەهێز بوو بۆ مۆدێرنە. ئەم تاكگەرایی و فەردانیەتە، ڕووبەرێكی بۆ خۆی درووستكرد كە كەس نەیدەتوانی دەستدرێژی بكاتە سەری. پەیوەندی لەگەڵ میتافیزیك و فریشتە و وەحی و هتددا، بەشێوەیەكی سەرەكی چووە ناو ئەم ڕووبەرە شەخسییەوە و لەوێدا درێژەی بە ژیانی خۆی دا.

مۆدێرنە كۆمەڵێك دەسكەوتی تەكنۆلۆژیی هەبوو كە هەموو جیهانی گرتەوە و گەیشتە ئەوپه‌ڕی دونیاش كە ئێمەی لێ دەژین؛ گەیشتە مرۆڤی خۆرهەڵاتی كە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر ئوستورەدا دەژیا كە لە زەینیدا بوو، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەكی زۆریش پەیوەندیی خێڵەكی و عێله‌كى و عەشیرەتى‌دا. ئەم مرۆڤە تاكگەرایی ئەزمووننەكردووە، كە من خۆم لەوێوە دێم. لە قۆناغی ئامادەیی و زانكۆ زانستە جیاوازەكانی وەك فیزیا و كیمیا و میكانیك دەخوێنێت و تێكەڵیاندەكات بە ئوستورەكانی خۆیان و هێندە بە شێوەیەكی سەیر ئەم دووانە تێكەڵ بە یەكتر دەكات كە مرۆڤ سەری دەسوڕمێت. چونكە نایەوێت ئوستورەكانی خۆی لەدەستبدات. گەر لە خۆرئاوا زانستەكان لەگەڵ لەئوستورەداماڵیندا هاتبنەئاراوە، یان باشترە بڵێین زانستەكان بەرهەمی لەئوستورەداماڵین بووبن، كەچی لە [خۆرهەڵات] ئوستورە و زانستەكان بەناو یەكدا چوون و تێكەڵەیەك درووستدەبێت كە هەر بە ناو، كیمیا و فیزیا و كۆمەڵناسیین و توانای خۆگری و گەشەیان نیە. هەروەها پێویستیان بە زەینێكی لەئوستورەداماڵراوە كە لە خۆرهەڵات بوونی نیە. بۆیە گەشەناكەن و بنیاتنانرێن [جێی خۆیەتی لێرەدا بەكورتی ئاماژە بەوە بكەین كە دنیای مۆدێرنیش خاوەنی ئوستورەی خۆیەتی كە جیایە لە ئوستورە كۆنەكانی پێش مۆدێرنە، گەرچی بەشێوەیی دالەكتیكی بڕێك لە پاشماوەی ئوستورە كۆنەكانیش تێكەڵ بە دیاردە مۆدێرنەكان بوونە].

سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە پێشمۆدێرنەكان چیتر بوونیان نیە، بەڵام پەیوەندییە مۆدێرنەكان و كۆمەڵگای مەدەنییش درووستنەبووە چونكە هێشتا فەردانیەت و تاكگەرایی درووستنەبووە. ئێمە لە خۆرهەڵات تووشی دابڕان نەهاتووین لەگەڵ دوو دیاردەی مێژوویی هەستیاردا، یەكیان زەینی ئوستورەییە و ئەویتریش عێل و عەشیرەت و قەبیلەیە. گەر عێل و عەشیرەت بونیادە ماتریاڵییەكەی خۆیشیان لەدەستدابێت ئەوا فۆرمە زەینییەكەی خۆیان پاراستووە و لە هەڵسوكەوتە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەنگیانداوەتەوە. چ لە دەسەڵات و فەرمانڕەواییدا و چ لە تەشكیلاتە كۆمەڵایەتییەكاندا سەر بە هەركوێدا دەكەیت هەڵسوكەوتەكان هەڵسوكەوتی خێڵەكی و قەبیلەیین. یان بە دەربڕینەكەی خۆمان، باندبازی و پێڕپێڕێن دەكەن و هەر باندێك جۆرێكە لە هۆز و قەبیلە. بەبێ باند ناتوانیت لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە وەكچۆن بەبێ باند ناتوانیت لە پێگەی ئۆپۆزسیۆندا بمێنیتەوە. لە هەردووكیاندا، پێویستە لەناو باندەكەدا بمێنیتەوە واتە لەناو قەبیلەكەدا بیت و بەشێوەی قەبیلەیی و خێڵەكی بجووڵێیتەوە تاكو خێڵ و قەبیلە قبوڵت بكەن. تاكو دانت پیا بنێن و بەڕەسمی بتناسن. بەبێ خێڵ و قەبیلە هیچ نیت، هیچی هیچ. لە تەشكیلاتە كۆمەڵایەتییەكانی وەك سەندیكا و سنف و یەكێتییەكان و ئەنجومەنەكانیشدا هەر دەبێت بڕۆیتە ناو قەبیلە، وەك قەبیلە ڕەفتاربكەیت و قوڕ بە سەرت گەر بێتو فەردانیەت بنوێنیت. گەر وابكەیت ئیتر هیچ نیت. ناووناتۆرەی فەردانی و تاكڕەوت پێوە دەلكێنن. پێت دەڵێن جاسوسیت و داردەستی ئیمپریالیزمیت و چی و چی. گەر دەتەوێت سەرت نەیەشێت، قەبیلە قبوڵكە و ئیتر بوونه‌ خۆرهەڵاتییەكەی ئێمە وایە.

"ئێمە"ـى خێڵەكی و قەبیلەیی جێی ڕێزە و "من"ـی مۆدێرنیش سەر بە ئیمپریالیزم و شارستانیەتی پاتاڵی خۆرئاواییە و ...چی و چی. هەموو ئەمانەش كاردانەوەن بە ڕووی مۆدێرنەدا، كاردانەوە بە ڕووی دابڕان لە ڕابردوو. یان بەردەوامیدانە بە ڕابردوویەك لەمڕۆدا كە بەهۆی تەكنۆلۆژیاوە گۆڕاوە و ئەویش بەرهەمی بیركردنەوەی زانستی و مۆدێرن-ـە. بەڵام دیسان ڕابردوو هەر زیندووە. نەدراوەتە بەر ڕەخنە. تووشی دابڕان نەهاتووين لەگەڵیدا. بۆیە ژمارەیەكی زۆر بزاڤمان هەیە كە دەیانەوێت بمانگەڕێننەوە بۆ ڕابردووە پیرۆزەكەمان! كتوپڕ ڕابردوو لەبەر چاوماندا زیندوودەبێتەوە و هەڵدەسێتەوە سەرپێ و تووشی حەپەسانمان دەكات. وەك‌بڵێی ماموتەكان[Mammuthus-جۆرێكی لەناوچووی فیل كە گوزارشتە لە شتی كۆنیش] زیندوودەبنەوە و هەناسەدەدەن. ئەلقاعیدە و تالیبان درووستدەبن. مەلا عومەر و بنلادن نەغمەی زیندووبوونەوەی ڕابردووەكان دەچڕن. تۆڵەی چاو لەبەرامبەر چاو و دەست لەبەارمبەر دەستدا، جێی یاسای جینایی مۆدێرن دەگرنەوە[...]. ئیتر بەم جۆرەیە چونكە ئێمە هێشتا ئەو گۆڕانكارییە بنچینەییانەمان ئەزمووننەكردووە كە مرۆڤی مۆدێرن ئەزموونیكردووە. هێشتاش دیلی بونیادە مێژوویی و كەلتورییەكانی خۆمانین. ئەم بونیادە كەلتورییانە، وەكو زنجیرێك لە قاچمان ئاڵاوە و توانای ڕێكردنی لێ‌سەندووینەتەوە.

بەهۆی ڕەخنەكردنی بونیادە كەلتورییەكانەوەیە، بەهۆی خۆداماڵین لە ئوستورەوەیە، بەهۆی زەینێكی ڕەخنەگر و عەقڵی مۆدێرنەوەیە كە دەتوانین زنجیرەكان لە پێی مرۆڤی خۆرهەڵاتی بكەینەوە و بەسانايى بیخەینە سەر ڕاسته‌ڕێى وەرچەرخانی مۆدێرن. ئەم زنجیرانەش كۆمەڵێك بونیادی كەلتوریین كە ڕەخنە نەكراون، كە مرۆڤی خۆرهەڵاتی ناتوانێت مەودایان لێ وەربگرێت و سەیریان بكات. بەهۆی ئەوانەوەیە كە دڵی لێدەدات. بە چاوێكی عەقڵانییەوە سەیریان ناكات. لە سندووقێكی داخراودا هەڵیگرتوون. هەركەس بیەوێت لەم سندووقە نزیكبێتەوە، ئیتر وەك داردەستی [بێ‌ئەخلاقی] و ئیمپریالیزمی كەلتوری و هێرشی كەلتوری و هەڵگەڕاوە و بەكورتییەكەی وەك [بێ‌ئەخلاق] و بێ‌نیشتمان و غەربزەدە سەیردەكرێت. گوایا پێویست بەوە دەكات كە سندووقی مەعاریف بە پیرۆز بهێڵرێتەوە. ئاوێنەڕێژ و نقێمڕێژی بكرێت و بەردەوام ستایشی بكرێت. ئەم سندووقی مەعاریفە، موقەدەس بوو و هەموو شتێكی تیا دەستدەكەوت. هەرشتێك لە كەلتوری مۆدێرنی خۆرئاوادا بووبێت ئەوا ئێمەش دەمانتوانی لە [ئیسلام و] مەعریفەكانی خۆماندا بیدۆزینەوە و بۆی بگەڕێین. لە نوسینەكانی ابوریحان [و مەحوی و نالی و غەزالی و ئیعجازی قورئان]دا بۆ نیوتن و گالیلۆ و ئەنیشتاین دەگەڕاین و دەماندۆزینەوە.

تەنانەت هەندێ جاریش كە پرسیاردەكرا خۆ ئەنیشتاین لە پارادایمێكدا تیۆرە ڕێژەییەكەی خۆی بنیاتدەنێت كە جیاوازە لە میكانیكی نیوتن. كاتێك دەوترا ماتماتیكی ئەقلیدسی بنەمای میكانیكی نیوتنی و ماتماتیكی ڕیمانی بنەمای میكانیكی ئەنیشتاینی‌یە ئیدی ناتوانرێت هەردووكی لە كەسێكی دیاریكراوی وەك ئەبوڕێحانی بیرونی‌دا بدۆزرێتەوە. ئەم جووڵەیە هەر بەردەوام بوو. ئاخر فەزای نیوتنی لەكوێ و فەزای ئەنیشتاینی لەكوێ! چی بڵێین تازە ئەبوڕێحان هەردووكی لە خۆیدا كۆكردبووەوە!

ئێمەی خۆرهەڵاتی، هەموو ئەم شتانە دەكەین تاكو قودسیەت بە سندوقی مەعاریفمان ببەخشین و مۆڵەت نەدەینە كەس بیكاتەوە و مەعریفەكانمان بخاتە بەردەم ڕەخنە و تاوتوێ. هەر لێرەوەیە كە [فیكری] هیگڵ لە مەولانادا دەدۆزینەوە و جۆن لۆكیش لە فارابی‌دا. تەنانەت فارابی بە بنیاتنەری كۆمەڵگای مەدەنی دەزانین. مرۆڤی خۆرهەڵاتی جارێ هەر نازانێت كۆمەڵگای مەدەنی چیە و چی نیە.]...]. ئەمانە هەموویان هەوڵدەدەن بە ڕووی مۆدێرنەدا بوەستنەوە. بەر بە ڕەخنەگرتن لە بونیادە كەلتورییەكان بگرن. چونكە هەموان لە دابڕان دەترسن. بەڵام گەر دابڕان درووستنەبێت ئەوا بەرهەمەكە هەر وێرانبوون و فەوتانە. بونیادە كەلتورییەكان لە سەردەمی مۆدێرندا، دەسكەوتی سیاسیی دیموكراسییانە و پێشكەوتوویان نیە. لە سەردەمی مۆدێرندا، لەم بونیادانەوە، جگە لە مەلاعومەر و بنلادن شتێكی ئەوتۆی دیكەی لێ نایەتەدەر.

بەپێچەوانەی ئەوەوە كە دەردەكەوێت، پەڕینەوە لە كۆمەڵگای پێشمۆدێرنەوە بۆ كۆمەڵگای مۆدێرن كارێكی ئاسان نیە. كۆی نیوەی دووەمی سەدەی بیست بریتییە لە كاردانەوە بە ڕووی مۆدێرنەدا. تەنانەت بە بۆچوونی من دەتوانین لینینیزم و شۆڕشی ئۆكتۆبەریش لەم ڕوانگەیەوە سەیربكەین. ئێستا كە [سەدساڵێك] بەسەر شۆڕشی ئۆكتۆبەردا تێدەپەڕێت، باشتر دەتوانین تێبگەین لینینزم چیی كرد و چیی دەویست. دەبێت لە توێی شتە نەنوسراوەكانیانەوە بۆ خواستەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر بگەڕێین نەك لە زمانی سەركردەكانی شۆڕش خۆیانەوە.

شۆڕشی ئۆكتۆبەر بەپێچەوانەی بانگه‌شه‌ى لینین خۆیەوە كە گوایا كۆمۆنیستەكان جدیترین و پەیگیرترین هێزن بۆ ئەنجامدانی شۆڕشی دیموكراسییانە، كەچی شۆڕشێكی دژەدیموكراسی بوو[2]. دژی كۆمەڵگای مەدەنی بوو. دژەمۆدێرن بوو. دژی ئازادیی چاپەمەنی و كۆڕوكۆبوونەوە و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بوو(كە مۆنتسكیۆ دایڕشتبوو). بۆیە درێژەی دا بە ستەمكاریی ڕووسی. بۆیە دژی دابڕانیش بوو. بەپێچەوانەی ڕواڵەتە شۆڕشگێڕییەكەیەوە، كۆنەپارێزیش بوو. نەیهێشت ستەمكاریی ڕووسی بگاتە دوا پنتی خۆی و كۆمەڵگای دیموكراسی و مۆدێرن لە ڕووسیادا بێتەئاراوە. پێدەچوو كرینسكی توانایەكی زیاتری بۆ ئەم كارە هەبووبێت. لینین بەفیعلی دەیویست بەسەر كۆمەڵگای مۆدێرنی سەرمایەدارییدا بپەڕێتەوە و بگات بە كۆمەڵگای ئەودیوی سەرمایەداری و سۆسیالیستی. لەكاتێكدا كە كۆی هەوڵەكەی ماركس لە كتێبەكانیدا، بەتایبەت لە سەرمایەدا، ئەوەیە كە لەناو پەیوەندییەكانی سەرمایەداری و ناكۆكییەكانیەوە بەرەو سۆسیالیزم بڕوات؛ و كەسانێكی وەك لینین و ماو و كاسترۆ و هتد دەیانویست بەسەر كۆمەڵگای دیموكراسییدا بپەڕنەوە و بگەن بە دیكتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەفیعلییش بوون بە ڕێگر لەبەردەم دابڕاندا و بوونەهۆی دواكەوتووییە مێژووییەكانی خۆیان. بۆیە من ئەم خۆلادان و پەڕینەوە مێژووییانە بە كاردانەوەیەك دەزانم لەبەرامبەر دابڕان لە بونیادە كەلتورییەكان و گەیشتن بە كۆمەڵگای مۆدێرن. بەڵام كۆمەڵێك كاردانەوەی ئەرێنییشمان بە ڕووی مۆدێرنەدا هەبووە.

من لە ساڵی 1998 لە وتاردانێكدا كە لە كتێبی (مۆدێرنە و قەیرانی ئێمە)شدا هاتووە، هاتووم كاردانەوەم بە ڕووی مۆدێرنەدا دابەشكردووە بۆ سێ بەش كە لێرەدا بەكورتی ئاوڕی لێ دەدەمەوە:

كاردانەوەی یەكەم دەڵێت: ئێمە لە بونیادە كەلتورییەكانی خۆماندا هەموو شتێكمان هەیە پێویستمان بە هیچ شتێكی خۆرئاوا نیە. بۆیە با پشت بە بونیادەكانی خۆمان ببەستین و هەرشتێك كە خۆرئاوایی و مۆدێرن بوو فڕێی بدەین. من ئەم كاردانەیەوەم ناوناوە كاردانەوەی شێخ فەزلوڵایی. ئەو شێخەی كە دژی ئەنجوومەنی یاسادانان و مەشرووتە بوو و دەیوت ئەنجوومەنی یاسادانان واتە بیدعە و كوفر. ئەو شێخەی كە لەسێدارە درا. دەتوانین ئەم كاردانەوە شێخ فەزلوڵاییە، ناوبنێین ئسوڵگەرا یان فەندەمێنتاڵیست. چونكە دژی دابڕانە. بەڵام كاردانەوەی دووەم دەڵێت، با سەرتاپامان ببینە فەرەنگی و خۆرئاوایی. ئەم كاردانەوەیەم ناوناوە تەقیزادەیی. لەم كاردانەوەیەشدا سندووقی مەعاریف ناكرێتەوە و بە ڕەخنەنەكراوی دەمێنێتەوە. بۆیە دابڕان درووستنابێت. ڕەنگە بتوانین دیدی پەهلەوییەكان بە دیدێكی لەم جۆرە ناوببەین. مۆدێرنبوونێكی ڕووكەش و ڕواڵەتی. كاردانەوەی سێییەمیشم بە گوڵبژێر ناوبردووە و ناومناوە میرزامەلكومی. میرزامەلكوم هەرچی شتێك لە مۆدێرنەدا دەبینێت، لە بونیادە كەلتورییەكانی خۆیشماندا دەیبینێت. كە باسی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بۆ دەكەیت، پێت دەڵێت هەمووی لە سنگی زانا دینییەكانی خۆماندا هەیە. باسی ئەنجوومەنی یاسادانانی بۆ دەكەیت، پێت دەڵێت شتەكە لە مەعریفە و مەعاریفی خۆماندا هەیە. كاردانەوەیەكی لەم جۆرەش، بەر بە دابڕان دەگرێت. ناهێڵێت دەرگای سندووقی مەعاریفمان بكرێتەوە و بخرێتە بەر ڕەخنە.

ئێستاش كە باسی لینینیزمم كرد، با ئەوەشی بۆ زیادبكەم كە ڕۆشنبیریی چەپی ئێرانی بەشێوەیەكی سەرەكی لینینی بوو؛ بەپێی ئەو وەسفەشی كە بۆ لینین و شۆڕشی ئۆكتۆبەر كردم دژەدابڕان و دژەمۆدێرن و دژەدیموكراسییش بوو. بۆیە نەیدەتوانی پرۆسەی دابڕان بگەیەنێته‌ ئه‌نجام.

بەڵام لە وتاردانەكەی 1998دا ئاماژەم بۆ حاڵەتێك كرد لە ئەدەبی هاوچەرخدا كە دەچێتە گیانی سندووقەكە. دەرگاكەی دەكاتەوە و دەیخاتە بەر ڕه‌خنە و پشكنین و دابڕان لەگەڵ ڕابردووشدا دەكات. نیمایۆشیچ لەڕێگەی شیعرەوە ئەمە دەكات. دەڵێت شیعری كۆن شیعرێكی زاتی و سوبێكتیڤە و شیعری دونیای مۆدێرنیش ڕوانینێكی تری بۆ جیهان هەیە. كاتێك باسی عەشق دەكات، وەك شتێكی ئۆبێكتیڤ و ئیرۆتیك باسیدەكات. بەڵام عەشقی حافز عەشقێكی ئۆبێكتیڤ نیە. عەشقێكی ئاسمانییە. ژن و پیاوی تیا نادۆزیتەوە و جۆشوخرۆشە مرۆییەكانی جێیەكی ئەوتۆی تیادا نیە.

"نیما[3]" دابڕانی ئەزموونكرد و شیعری نوێی ئێران بەهۆی دابڕانێكی لەم جۆرەوە درێژەی بە خۆی دا شاملۆ و فروغ و سوهراب و ئەخەوان و هتدی پێگەیاند. لە هیچ جێیەكی ئەدەبی كلاسیكی ئێراندا ناتوانیت شیعرێكی عاشقانە بدۆزیتەوە كە فروغ بە هەستێكی جوانی ژنانەوە دەیڵێت:

هەموان دەترسن

هەموان دەترسن

بەڵام، من و تۆ      

  چووینەپاڵ درەخت و ئاو و ئاوێنە و نەترساین.

 

 

 

 

و. نێگەتیڤ

(کتێبى چەپ و مۆدێرنە)

 

 

 

 

 

 


[1]. ئەم كورتە نوسینە و چەند نوسینێكی تر لەم كتێبەدا وەك نمونەیەك هاتوون سەبارەت بە دیدی كۆمەڵێك ڕۆشنبیری خۆرهەڵاتی و نزیك لە كۆمەڵگای ئێمە. بەشێك لەو ڕۆشنبیرانە ئێرانی و عەرەب و توركن و لە ئاستە گشتییەكەیدا كۆمەڵگاكانیان لێكچوونی زۆری لەگەڵ كۆمەڵگای ئێمەدا هەیە. ڕەنگە بتوانین خۆرهەڵات وەك كۆ و گشت(whole)ێك وەربگرین و چارەنووسی عەقڵانیەتیش لەم ناوچەیە پێكەوە بەسترابێت. مەرج نیە ئەم نوسینانە دەقاودەق قبوڵبكەین، بەڵام هاوكات ئاسۆیەكی تیۆریی باشیشن بۆ ئەوەی تێبگەین ئێمە لەكوێی مۆدێرنەدا وەستاوین و خۆرئاوا چۆن گەیشت بەمڕۆ. لێرەدا سیفەتی نەجووڵاو، گوزارشتە لە نەجووڵانێكی ناوەكی دەرهەق بە خۆ، ئەگینا ئەمڕۆ بەهۆی پەرەسەندنی تەكنیكەوە هەمووشت بە شێوازی تایبەتی خۆی دەجووڵێت. ئەم دەقەى هوشه‌نگ ماهرويان كه‌ ڕۆشنبيرێكى تاراوگه‌نشينى فارسه‌، ساڵی 2010 لە فیستتیڤاڵێكدا لە نەرویج دەخوێنرێتەوە. نوسەر كتێبێبێكیشی هەیە كە نزیكە لەم باسەوە بەناوی (ئێمە و مۆدێرنە)- نێگه‌تيڤ

 

[2]. هەموو دەزانین لەبناغەدا كۆمۆنیزم و لیبراڵیزم دوو پارادایمی جیاوازن و ناتوانین بە پێوەری هەریەكەیان ئەویتر بسەلمێنین و بپێوین. سەرەنجام ئەمە گوزارشت لە ڕای نوسەرەكە دەكات و مەرج نیە بەتەواوی لەگەڵ كۆی ئەم نوسینەدا هاوڕا بین. به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ جێى بيرخستنه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌ندێك به‌ها كه‌ له‌ ديموكراسييه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرن بۆ كۆمه‌ڵگاكانى وه‌ك ئێمه‌ نرخى زۆريان هه‌يه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو چه‌پى ته‌قليدى زۆرجار دژى فه‌لسه‌فه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و له‌ بايه‌خه‌كه‌ى تێناگات- و

[3]. زۆرجار گۆرانی شاعیر لای خۆمان بە هاوتای نیمایۆشیچ دادەنرێت و وەك تازەكەرەوەی شیعری كوردی سەیردەكرێت. تەنانەت نامەی ماستەریش لەو بارەیەوە نوسراوە- و