A+    A-
(1,166) جار خوێندراوەتەوە

          میترۆسۆفى: شارى گەورە و فەلسەفە

                  (بیرخستنەوەى سوکرات)

 

 

 

 

دەیڤد کیشیک

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

پێشەکیى وەرگێڕ:

«فەلسەفە خۆی لەشاردا سەریهەڵداوە، بەڵام زۆرێک لە فەیلەسوفان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ شاردا نەبووە. فیگەرە ناودارەکانی وەکو ژان ژاک ڕۆسۆ، مارتن هایدگەر و لودڤیگ ڤیتگنشتاین بە ئاشکرای ئاشکرا شارەکانیان تڕۆکردووە و گوزەراندنی ژیانێکی ئارامیان لە گوند لا پەسەندتر بووە. ئەمەش لەکاتێکدا کە لە بنەڕەتەوە لە شاردا ئیمکانی پڕۆژەی فەلسەفە ڕەخساوە. شار، ماشێنێکی بێڕەحم، تەوساوی، هاوکاتیش دڵنەرم بووە کە هەستی دڵنیایی و بەرژەوەندی، گرنگیی تاکەکەس و بانگەشەی ئەوپەڕی مەعریفەی لە دانیشتوانی نێوی وەرگرتووە. ئا لێرەدایە کە فەلسەفە دەبێتە زەروورەت». ئاشکرایە سوکرات مەیلێکى ئەوتۆى بۆ فەلسەفەى سرووشتیى پێش خۆی نەبوو، بۆیە ڕوویکردە مرۆڤ خۆى و کەوتە دەستوپەنجەنەرمکردن لەگەڵ پرسە ئەخلاقییەکاندا کە سەر بە ڕووبەرى مرۆیى بوون. فەلسەفاندن بۆ وى، ژیان و مردن بوو. بەپێى ئەفلاتونى قوتابیى خۆى، گەر دادگاکە لە سوکرات خۆش بووایە و جارێکى تر بگەڕێنرایەتەوە نێو ژیان، ئەوا دیسان فەلسەفەى هەڵدەبژارد کە مرۆییترین و ئەخلاقیترین چالاکى بوو بۆ ئەو. چالاکییەک کە لە هیچ بەرژەوەندییەکى بەشەکى و گشتەکییشدا کۆتایی نەدەهات و ئیلا لە مردندا کۆتاییدەهات، مردن بەو مانایەى هیچ ساتێکى مرۆیى-ئۆنتۆلۆژى نامێنێتەوە کە جێى فەلسەفاندن نەبێت و فەلسەفە بەدەر لە مەغزاى بچوک و بەشەکى نەیپێکێت. ئۆبێکت و بابەتى ئارەزووى ئەو فەلسەفە بوو، فەلسەفەش لە ئاوەدانى و لەنێو مرۆڤەکان و شارى ئەو سەردەمەدا بوو. مردنیش تاکە ئیمکانى ڕاستەقینە بوو کە ئەو بەبێ دوودڵى هەڵیبژێرێت، چونکە هاوشوناسبوون و یەکبوونى یەکجارەکى لەنێوان خۆى و بابەتى ئارەزوویدا درووستدەبوو. گەر نمونەیەکى بچوکتر لە خوار مردنەوە بێنینەوە، ئەوا مامەڵەى سوکرات بە پرسى ئارەزووەوە باشتر تێدەگەین: ئەو لەمەڕ زەواج وتوویەتى بیکەیت و نەیکەیت هەر پەشیمانیت؛ کە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت نمونەیەکى پراکتیکیى وەک زەواج، ئارەزووى مرۆڤ وەک فەلسەفە پڕناکاتەوە و بیکەیت و نەیکەیت هەر پەیوەندییەکى لارەسەنگت بە بابەتى ئارەزووەوە هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین، هەڵقووڕانى ژەهرەکە لە قووڵاییدا پەیوەندیى بە ئارەزووەوە هەیە نەک عەدالەتى دونیایى(پرسى داد و داگا بە پلەى دووەم دێن). نەنوسین و دیوە زارەکییەکەى ئەویش، دیسان جێى بیرکردنەوەیە و دەکرێت بیبەستین بە پرسى ئارەزووکردنەوە. نەنوسین جۆرێک لە خۆڕووتکردنەوەى دەروونییە لەبەردەم ئارەزووکردن و بابەتى ئارەزوودا، جۆرێک لە حەسرەت و بێباکییە دەرهەق بەوەى کە ̎چۆنچۆنى فەلسەفە وەک بابەتى ئارەزوو، وەک پیاڵەیەک ژەهر بخۆینەوە؟̎. نوسین، جۆرێک لە پێچلێدانە بە دەورى بابەتى ئارەزوودا، جۆرێکە لە خۆدواخستن و ئەملاوئەولاکردن. بەڵام سوکرات بێباکە، درووشمەکەشى بەسەر پەرستگاى دێڵفى‌یەوە کە دەڵێت خۆت بناسە(know yourself)، کەمتر پەیوەندیى بەم بوونگەرایى و تاکگەراییەى ئەمڕۆوە هەیە و واى تێدەگەم لە چەمکى کردە(act)ـى دەروونشیکارییەوە نزیکتر بێت و داوا لە مرۆڤ دەکات سەرکێشانە لە ساتى خۆیدا خۆى بتەقێنێت بە بابەتى ئارەزوودا. کردە، خۆى کردەیەکى ئەخلاقییە. خۆکوژى بە ژەهر، کردەیەکى پڕاوپڕە و بەپێى ژاک لاکان «تاکە کردەى سەرکەتووە» کە دەگەیت بە بابەتى ئارەزووت، دەگەیت بەو جەستەیەى وا بەشێک بووە لە ئارەزووکردن، دەشگەیت بە پیادەکردنى ئەو نیەتە خودئاگا/ناخودئاگایەى کە ئارەزووتکردووە. مادام پێشوەخت بابەتى ئارەزوو لەدەستچووە، ئەوا تەنیا بە مردن دەگەینەوە بەو بابەتە. فەلسەفە باڵاترین بابەتى ئارەزووى سوکرات بوو. ئەوەى کە «تا دەزانین، هەستدەکەین هیچ نازانین» وەسفێکى قەشەنگە بۆ ئارەزووکردن لە مرۆڤدا. ژاک لاکان پێى وایە جیهان لاى فرۆید جیهانى وشەکان و شتەکان نیە بەڵکو جیهانى ئارەزووەکانە. ئارەزووش ئەو خواستە سنوردارە کلاسیکە نیە کە باسکراوە، بەڵکو کۆى ژیان وەک پرۆسەیەکى ئاراستەدار دەگرێتەوە. مرۆڤ لەڕووى مەعریفییەوە تا دەزانێت، ئەوا هەستدەکات کەمتر دەزانێت و زانراوەکانى دەگۆڕێنە سەر جەهل و نەزانى. بۆیە تا ئارەزوودەکات و بە بابەتى ئارەزوو دەگات، ئەوا تێدەگات پڕبوونەوەى ئارەزوو جگە لە وەهمێک هیچى تر نیە. ئەوەى گرنگە پاراستنى ئارەزووە یاخود بەدەستهێنانى یەکجارەکیى بابەتى ئارەزووە کە ڕەنگە مردن باشترین دەرکەوتەى بێت لەپێناوى ئەو شتەدا کە ئارەزووى دەکەیت. تا دەزانین، ئەوا تێدەگەین باشتر بابەتى ئارەزوومان ونکردووە و تا دێتیش لێمان دووردەکەوێتەوە. کاتێک نوسەرێک کتێبێکى نوێ بڵاودەکاتەوە، پتر کتێب وەک بابەتى ئارەزوو وندەکات. بۆیە ناچارە سەرلەنوێ کتێبێکى تر بنوسێت و چەشنى مناڵەکەى ناو نمونەکەى فرۆید خەریکى گەمەى حزوور و غایبە، گەمەى هاتن و ڕۆیشتنى دایک، گەمەى دەرکەوتن و ونبوونى بابەتى ئارەزوو. لە ئاستێکى خوارووتردا و لە دایالۆگەکانیدا، کەسى بەرامبەرى ناچاردەکرد پتر دەرگیرى ئارەزووکردن ببێت. ژاک لاکان دایالۆگەکانى سوکرات دەبەستێت بەو دایالۆگانەوە کە لە نێوان نەخۆش و دەروونشیکاردا ڕوودەدەن. بەڵام دەتوانین بڵێین سوکرات ناهێڵێت هەروا ئاسان بەرامبەرەکەى تووشى پرۆسەى گواستنەوە و عەشق ببێت لەگەڵ ئەمدا، چونکە ئەوکات پرۆسەى گفتوگۆ و چارەسەر کێشەى تێدەکەوێت و ڕەنگە سوڕانەوە بە دەورى بابەتى ئارەزوو(حەقیقەتى فەلسەفى)دا کۆتایى بێت. ڕەنگە سوکرات لە ئاستى ئاگایى و خودئاگایانەدا بەرامبەر بە مرۆڤ گەشبین بووبێت، بەڵام لە ئاستى نەست و نەستەکی‌دا تەنیا لە مردنى ئەودایە کە جارێکى تر دەتوانین بیر لەم مەسەلەیە بکەینەوە. بەپێى مەعریفەى باو، ئاخۆ ڕاکردنى ئەو لە پیسى و چەپەڵى و ڕەزیلەتەکان، و ئامێزکردنەوەى بۆ مەرگ، هەندێک ئاماژەمان لەسەر دیوە خراپەکانى ژیان پێ ناڵێت؟ بەڵام بەم خراپییانەشەوە، ئەنتاگۆنیزم و ناکۆکییەکى بنچینەیى لەنێوان ئەو و سۆفیستەکاندا هەبوو کە ئاگایانە و نائاگایانە پرۆسەى ئارەزووکردنى بە هەند وەردەگرت. کوشتنى ئەو وەک باوکێک، دەرفەتى بۆ لەدایکبوونى یاسا ڕەخساند: یاساکانى مێژووى فەلسەفە و دەزگاى فەلسەفە، ئێمە دەفەلسەفێنین و ئارەزووى مەحاڵ دەکەین، بەڵام مەحاڵ لەگەڵ سوکراتدا بەدەستدێت نەک سۆفستاییەکان. فەلسەفە لاى وى، ڕەهەندێکى سازشنەکردنى تیا بوو کە بەپێچەوانەى پۆستمۆدێرنەى سەردەمى خۆیشمانەوە، یەکسان بوو بە مردن. فەلسەفە تا هاتووە سازشى کردووە و لە «سوبێکتى مەرگ»ـەوە بەرەو «مەرگى سوبێکت» کشاوە، واتە لەبرى ئەوەى مرۆڤ بۆ مەرگ(و حەقیقەت) ئامادەبکات کەچى خودى سوبێکت و مرۆڤى لەژێر کۆمەڵێک پاڵەپەستۆدا کوشتووە. ئەمڕۆ کە بیر لە سوکرات دەکەینەوە چیمان بیردەکەوێتەوە جگە لەوەى کە پەیوەندیى هاوڵاتیان توندوتۆڵ بوو و فەزاى هاوبەش بە ڕێژەیەکى زۆر عەقڵانیى بوو و شاریش یەکەیەکى کەمتازۆر هارمۆنى بوو. ئەمڕۆ پاش ئەو گۆڕانە مێژوویى و ماتریاڵى و سیاسییانەى کە بەسەر سەردەمى سوکراتدا هاتوون، چەندە بەسوکراتبوون لەمڕۆدا دەکەنە شتێکى ڕەخساو و مومکین؟ ئاخۆ سوکرات درووستدەبێتەوە؟ گەر کەسێک بەپێى ئەو چەند ڕستەیەى پێشەکییەکە مامەڵە بە فەلسەفەوە بکات چەندە دەبێتە سوکرات؟ ئاخۆ هەلومەرجەکانى شار ڕێگەدەدات، بەتایبەت شارى وەرچەرخاوى مۆدێرن؟ پرسیارێک کە لەگەڵ شارەدێ ڕووتوڕەجاڵەکانى ئێمەدا قورستر دەکەوێتەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

فەلسەفە لەکوێیە؟ ئەم پرسیارە، هەڵەى تایپ نیە. فەلسەفە چیە، پرسیارێکى باوە. بەڵام بەدەگمەن لامان دەبێتە پرسیار کە فەلسەفە لەڕووى فیزیکى و [شوێنەوە] لەکوێیە. فەیلەسوفێک بێننە بەرچاوى خۆتان کە خەریکى کارکردنە. ئەم دیمەنە لەکوێدا ڕوودەدات؟

فەلسەفە عادەتەن وەک چالاکییەکى پەتى سەیردەکرێت لە فەزایەکى سرووشتى و تەریکدا: کووخێک نزیک بێت لە "ئاودڕە"وە، فەزایەک کراوە بێت و لە چەقى دارستاندا بێت، ئەشکەوتێک کە لە داوێنى چیادا بێت؛ یاخود ئەم ڕۆژانە بەسەر کورسییەکەوە لە باڵکۆندا، لە شارێکى جوان و پڕ زانکۆدا. گومانى تیا نیە هەندێک لە بیریارە زۆر گەورەکان(ـى وەک ڤیتگنشتاین و هایدگەر و نیچە) ڕۆڵیان هەبووە لە ئەفراندنى ئەم کەش و ڕۆحیەتە گوندییەدا. بەڵام تەنانەت ئاشنابوونێکى ڕووکەشانەش بە مێژووى فەلسەفەى خۆرئاوا، ئەم ڕاستییە ئاشکرادەکات شارەکان ئەو هەلومەرجە هەرە پێویستەیان بۆ کارى تیۆرى ڕەخساندووە، واتە ئەو پرۆژانەى کە ڕەنگە دواتر گوازرابنەوە بۆ شوێنانێکى ئارامتر.

ڕەنگە هێندە بەس بێت ئاماژە بۆ بایەخە دیارەکەى ئەسینا لە لەدایکبوونى فەلسەفەى کۆندا لەسەر دەستى سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ بکەین، یان سەرنج بخەینە سەر ئەوەى کە فەلسەفەى مۆدێرن چۆنچۆنى سەرەتاکەى خۆى لە لەندەنەکەى بیکۆن و پاریسەکەى دیکارت و ئەمستردامەکەى سپێنۆزاوە دەستپێکرد. یان ڕیشە قووڵەکانى پراگماتیزمى ئەمریکى لە نیۆرکدا بدۆزینەوە، ئەو جێیەى کە ولیام جەیمز(William James ) ساڵانى سەرەتاى ژیانى خۆى وەک مناڵێکى کونجکۆڵ تیا بەڕێکرد و جۆى دیوى(John Dewey)یش ساڵانى کۆتایى ژیانى خۆى وەک مامۆستایەکى بەقەدر تیا بردەسەر.

ئەم ئاماژە بایۆگرافی‌یانە، شتانێکى بێ‌ڕەبت نین؛ بەتایبەت گەر بێتو یەکێک لە بنچینەییترین باوەڕە پراگماتییەکان قبوڵکەین: ئایدیاکان لە بۆشاییدا عەمەلى و کردەکى نابنەوە. وەڵامێکن بۆ بوونى مرۆیى لە دۆخێکى تایبەتدا. ئایدیاکان، لەبەر لۆژیکە تۆکمەکەیان نیە کە برەو پەیدا دەکەن، بەڵکو بەهۆى بەرجەستەبوونیانەوەیە لە ژینگە کۆمەڵایەتییە کۆنکرێتییەکەدا. [واتە فەلسەفە لکاوە بە ڕەهەندى شوێنەوە].

بۆیە قسەکردن لەسەر فەلسەفەى شارى(urban philosophy)، کەمێک چەواشەئاسا و ڕێوێڵکەرە. ئاخۆ فەلسەفە هەمیشە و هەردەم هەر "شارى" نەبووە؟ ئاخۆ "شارى‌بوون" یارمەتیى فەلسەفە دەدات؟ فەلسەفەى شارى، بەو مانایە دێت کە چەندین جۆر فەلسەفە هەن و شارى‌یش نین، یاخود فەلسەفەى شارى لقێکە لەناو پانتاییەکى گەورەتردا.

جار هەیە دەبێت ئاماژە بە دوو شت بکەین وەک‌بڵێى هەر یەکێکن، بۆیە زۆرجار وشەگەلێکى لێکدراو(و مەڵغەمەئاسا) درووستدەکەین: وشەگەلى وەک فرێنمیز(frenemies ) و برانجلینا(Brangelina) [کە یەکەمیان تێکەڵەیەکە لە وشەى Friend  و Enemy واتە تێکەڵکردنى دۆست و دوژمن، دووەمیشیان تێکەڵەیەکە لە Brad Pitt و Angelia Jolie کە براد پیت و ئەنجلینا جۆلییە و ئاشکرایە هەردووکیان ئەکتەرن]. لێکدراوى میترۆسۆفی(metrosophy )یش هەڵقەى نێوان ئەزموونى میترۆپۆلى و فەلسەفى بە شێوازێکى باشتر دەردەبڕێت [چونکە میترۆ و سۆفى لێکدراون کە دەکەنە بەشى یەکەمى شارى گەورە و بەشى دووەمى فیلۆسۆفى یان فەلسەفە]. ئەم لێکدراوە یارمەتیماندەدات شارەکان بەجیا لە ناوەندى چالاکییە ئابورییەکان، بە کانگاى بیرکردنەوەى پەتییش بزانین. بەڵام خاڵە سەرنجڕاکێشەکە لێرەدایە کە فەلسەفەى مۆدێرن پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە سەرهەڵدانى شارە تازە و مۆدێرنەکانەوە نەبووە.

 لە سەدەى هەژدەیەمدا کاتێک پاریس خەریکبوو دەبووە پایتەختى دونیا، کەسێکى گۆشکرد کە ناونیشانى گەرماوگەرمترین ڕەخنەگرى زەمانەى بۆ خۆى دابڕکردبوو. ژان ژاک ڕۆسۆ، پیاوێکى گەنجى بێ‌پارە، بێ پلەوپایە، بێ خوێندن، ناوبانگێکى شیاوى باشى نەبوو کە خۆى کرد بەم شارەدا. بەڵام هەر زوو لەوەدا سەرکەوت داوەتنامەى داغڵبوون بۆ بەناوبانگترین هۆڵەکانى مۆدى ئەوکاتى فەڕەنسا بەدەستبێنێت و ببێتە هاوڕێى ناسراوترین ڕۆشنبیرەکانى نەوەى خۆى. هەر لە ساڵە سنوردارەکانى ژیانى نێو پاریسدا بوو کە ئەستێرە فەلسەفییەکەى وى درەوشایەوە.

هاوشان بە ناوبانگ، ڕقى قووڵى ڕۆسۆ لە شار دەستیپێکرد: «شێوازى ژیانى باو لەناو خەڵکە خۆدەرخەرەکەى پاریسدا، زەڕەیەک حەزى نەجووڵاندم. تەڵەکەى خەڵک و قسەکانیان، ڕاستگۆیى هەرەکەمى ناو نوسینەکانیان، و ئەو بایەخەشى بۆ خۆیانیان بە ڕەوا دەبینى لە جیهاندا، بە لاى منەوە هێجگار بێزراوە. من خۆشخوویى و دڵفراوانى و ڕاشکاوى و ڕاستگۆییەکى زۆر کەمم لە چواردەورمدا بینی. ڕقهاتنەوە لەم ژیانە جەنجاڵ و پڕ هەراوزەنایە بوو وایکرد بە حەماسەتەوە ئارەزووى نیشتەجێبوون لە دەرەوەى شار بدات لە کەللەم».  

لە نامەیەکدا بۆ دێنى دیدرۆ، کە کۆتایى بە هاوڕێیەتییەکەشیان هێنا، گەیشتە ئەم ئەنجامگیرییە: «ئەوە لە دەرەوەى شارە کە مرۆڤەکان فێردەبن چۆن خۆشەویستى بنوێنن و خزمەت بە مرۆڤایەتى بکەن، لەکاتێکدا ئەوەى لە شاردا فێریدەبن پێچەوانەى ئەمەیە». هەموان دەزانن دیدرۆ مەبەستى کێ بوو کاتێک دواتر نوسیى: «ئەوە تەنیا خراپەکارانن[1] وا بەتەنیا دەژین»، بەڵام ئەوە تەنیا ڕۆسۆ بوو کە پاش مردنى هەردووکیان، قسەى کۆتایى خۆى کرد [و سەلماندى فەلسەفە لەکوێدا پتر گەشەدەکات].

دیدرۆ و فەیلەسوفە فەڕەنسییەکانى هاوشانى، کە حەزیاندەکرد عەشق و ڕێز بۆ ئەم شارە تازەگەشەسەندووانە بنوێنن، شەڕە فیکرییەکەیان بە ڕۆمانسیزمى ئەڵمانى دۆڕاند [کە لایەنگرى سافى و سادەیى لادێ بوون]. ڕۆمانسیزم، بە پێشەنگایەتیى یۆهان گۆتفرێد هێردەر[2]، فەیلەسوف و شاعیر، درێژەى بە میراتەکەى ڕۆسۆ دا لەمەڕ پرسى [نیشتەجێبوونى فیکرییانە لەناو سرووشت] و دەرەوەى شارەکان، ئەویش وەک بەهەشتێک کە مرۆڤایەتى لە دۆزەخى شار ڕزگاردەکات. بلیمەتیى تاک‌نشین‌ـانە[3]، وەک ڕزگارکەرى کۆمەڵانى خەڵک سەیردەکرا. پرسیارى «ئاخۆ مرۆڤ لە شار باشتر نیە؟»، پرسیارێک بوو دواتر ڕۆڵف واڵدۆ ئیمرسن، لە خوێنەرە ئەمریکییەکانى بەرهەمەکانى خۆى پرسى کە دەکەوتنە سەرانسەرى دەڤەرى ئاتلانتیکەوە. وادەردەکەوێت لەسەر پرسیارەکەى خۆى سوور بوو، لەکاتێکدا کە لە ڕوانگەى میترۆسۆفی(شار-فەلسەفە)ـەوە ئەم پرسیارە پرسیارێکى پووچە.

شتێک کە لەم هێڵە فیکرییەدا لەبەردەم مەترسییدا بوو، شتێک کە دەکەوتە سەرووى ئەو هەڵبژاردنە ئێستاتیکییەوە وا پەیوەست بوو بە کۆمەڵێک کتێب و بەرهەمى هونەریى سەدەى نۆزدە، و تەنانەت هەڵبژاردنێکى ئەخلاقییشەوە کە ئەولەویەتى هەندێ لە ڕۆشنبیرە مومتازەکان بوو بۆ ژیانکردن لە ناوچەگەلێکى تایبەتدا. مەسەلەى ڕاستەقینە، سیاسەت بوو: [بە مانایەکى تر، پرسى بیرکردنەوە لەناو شوێندا، پرسێکى سیاسییش بوو کە کورتنەدەکرایەوە بۆ پرسى ئێستاتیکى و خولیا و ئەخلاق، واتە هەڵبژاردنى شوێن بۆ بیرکردنەوەى فەلسەفى هاوکات بوو بە هەڵبژاردنى سیستەمێکى سیاسییش کە بەپێى سەردەمەکان ڕۆڵى خۆى هەیە و تەنانەت مردنەکەى سوکرات لە یۆناندا هەڵگرى ڕەهەندى سیاسییانەشە].

لەناو تاقمێک بیریاردا هەر لە ڕۆسۆوە تا هیگڵ، ڕەخنەکردنى شار لەوەدا کورتنەدەبووەوە کە شەیداى ژیانى سادەى لادێ بین. زۆربەى کاتەکان ئەو ئایدیایەى وا دژى شارپەرستى(urbanism) قوتدەکرایەوە بریتى بوو لە ناسیۆنالیزم. دەوڵەتى سەربەخۆى مۆدێرن، کۆى ئەو شتە بوو کە ببووە هۆى تووڕەبوونى فەلسەفى، لەکاتێکدا میترۆپۆل(و شارى گەورە) لە دیدى ئەوانەوە زیاتر یەکێک بوو لە زیانە نەخوازراوەکانى شۆڕشى پیشەسازى.

دەوڵەت-نەتەوە ئایدیایەکى نوێ بوو کە ڕۆسۆ و هیگڵ و هاوپیشەکانیان پاساویان بۆ بوونى ئەم [سیستەمە سیاسییە نوێیە] دەهێنایەوە و پێشبینییاندەکرد پتر پەل بهاوێت. لە چاوى ئەوانەوە، ئێستا ئیدى سەرتاپاى ڕووى زەوى، بەهۆى ئایدۆلۆژیاکەى ئەوانەوە پارچەپارچەبووە. بەڵام ئەم وەرچەرخانە بەرفراوانە لە تیۆرەوە بۆ واقیع، بە ڕووداوێکى دڵخۆشکەر هەژمارناکرێت. تەنیا ئەو جۆگەلە خوێنانە بێننەوە بیرى خۆتان کە ئەودەم دەکەوتەڕێ وا سنورێک یان تاکێک بەرى بەم پرۆژە سیاسییە بەرپێنەگیراوە دەگرت!

جێى سەرنجە کە سەرنجبدەن چۆن هەردوو دیوەکەى کەسایەتیى ڕۆسۆ(واتە دژایەتیى شار و هەر شتێکیش کە نوێنەرى شارە لەگەڵ ئۆتۆریتەخوازیى پەیمانى کۆمەڵایەتى و ئیرادەى گشتى کە لە حاکمیەتى دەسەڵاتدا بەرجەستەدەبێت)، درێژەیان بەو ڕێگاوشێوازە داوە کە کۆمەڵگاى مۆدێرن بەو پێیە بیردەکاتەوە و دەجووڵێتەوە. هێشتاش هەر گرنگە ڕێیەک بدۆزینەوە بۆ هەڵسەنگاندنەوەى سەرلەنوێى ئەم دوو کۆمەڵە بەها جیاوازە. [ئەو دوو کۆمەڵە بەهایەى کە یەکیان بەرەو دەرەوەى دەوڵەت-نەتەوەى مۆدێرن بووە و ئەویتریان بەرەو نیشتەجێبوون لە هەناوى ئەم فۆرمە دەوڵەتەدا کە لەسەر بنەماى جیاکردنەوەى نەتەوەکان بووە]

ئاوڕدانەوە لە جیاوازیى لۆژیکى شار و لۆژیکى دەوڵەت شتێکى قورسە. گەرچى لەڕووى جوگرافییەوە شار عادەتەن تەنیا پەڵەیەکە بەسەر نەخشەى وڵاتێکەوە، بەڵام لەڕووى فەلسەفییەوە ئەم دوو چەمکە دوو دونیاى جیاوازیشن. بۆنمونە، سەرنجبدەن چۆن دەوڵەت-نەتەوەى مۆدێرن وەک پێست و قەڵغان کاردەکات. بەجۆرێک کە نەک هەر ئەو ڕەگەزانەى ناو سنورەکانى خۆى(هاوڵاتییەکانى خۆى) لەخۆدەگرێت و پشتیوانییان لێ دەکات، بەڵکو باقیى پەناهەندەکانى تریش دەردەکات و فتیاندەکات.

لەبەرامبەردا، شار مەیلى بە لاى ئەوەدا دەڕوات وەک زەمینەى ئەنجوومەنەکان و کارلێکى نێوان ڕەگەزە جۆراوجۆرەکان کاربکات(ئیدى لە ئایدیا و کاڵاکانەوە تا دەگاتە شارەزاییەکان و تاکەکان و بەرژەوەندییەکان و چانسەکان و خواستەکان و هەستەکان و ئایدۆلۆژیاکان و گەمژایەتییەکانیش). لانیکەم لە تیۆردا، شار خاڵى ڕووبەڕووبوونەوەیە[4] نەک ئەوەى دەفرێک بێت وەکو کوورەیەکى توێنەرەوە[5]خەڵک وەکو یەک لێ بکات(خاڵى ڕووبەڕووبوونەوە بوارى جیاوازبوون دەبەخشێتە لایەنە جیاجیاکان، لەکاتێکدا کوورەى توێنەرەوە هەموویان دەکاتە شلەیەکى یەکڕەنگ).

زۆرێک لە فەیلەسووفان شار پشتگوێدەخەن، هەڵبەت هەر لەسەر هۆى سیاسى نا. هۆکارى پتەوترى وان، ئەپستمۆلۆژییە(پەیوەندیى بە زانین‌ناسی‌یەوە هەیە). بە پێڕەویکردن لە کانت، وایان پێ باشترە لەبرى ئەوەى خۆجێى و لۆکاڵى بیرکەنەوە، باشترە گەردوونى و گڵۆباڵ بیرکەنەوە. ئەوان گریمانەى ئەوە دەکەن کارەکەیان بریتییە لە کردنەوەى کۆدى هۆکارى پشت پرەنسیپە مرۆییەکان کە ناشێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر گۆڕان[ـى ڕەها و یەکجارەکى] بەسەر ئەم پرەنسیپانەدا بێت.       

هەندێ لە فەیلەسوفە مۆدێرنەکان، تەنانەت باوەڕیان وایە فیکر لەپاش دیکارتەوە لە کشان(extension) کەوتووە و زەین(mind) چیدى جێیەکى تایبەتى لە فەزاو شوێندا نیە. گەرچى دیکارت بۆ ئەوە هات پشت بەو شتە ببەستێت کە بیرى لێ دەکردەوە، ئەو جێیەى بیرى تیا دەکردەوە، کەچى مەسەلەکە بە تەمومژ و نادڵنیاییە بەرینەکەى خۆیەوە مایەوە. بۆیە فیکرى فەلسەفى واى پێ باشترە سەرکێشى نەنوێنێت و هەروا لەو شوێنەدا بۆخۆى دایکوتێت کە تێیدا نیشتەجێیە.

بۆیە دیکارت لە نامەکەى خۆیدا لە ساڵى ١٦٣١ دەیتوانى بنوسێت: «ئا لەم شارە گەورەدا منى لێ دەرچێت هەمووى خەریکى بازرگانییە، و هێندە خەیاڵییان لاى قازانجە کە دەتوانم تا ماوم لێرە بژیم، بەبێ ئەوەشى کەس سەرنجى بکەوێتە سەرم». بەڵام ئاخۆ ئەو ڕاستییەى کە چواردەورەکەت سەرنجیان ناچێتە سەرت، ئەو دەرفەتەت دەداتێ تۆش سەرنجت نەچێتە سەر وان؟

لە کۆتاییەکانى دەیەى ١٩٧٠دا، هانا ئارێنت دەتوانێت لە  شوققەکەى خۆى لە ناوچەى باکورى خۆرئاواى مانهاتن دانیشێت و بپرسێت: «ئێمە ئەو دەمەى بیردەکەینەوە لەکوێین؟»، پاشانیش وەڵامدەداتەوە: «لە هیچکوێ[6]»، ئەم دەقەش پاش ئەو بەرهەمە قەشەنگانەى لە ئەنترۆپۆلۆژیا و تیۆرى ڕەخنەییدا نوسراون(چەشنى بەرهەمەکانى هاوڕێ باشەکەى خۆى کە دەکاتە واڵتەر بنیامین) نوسراوە، و بایەخ و زەروورەتى بیرکردنەوە دەردەخات لە پەیوەندییدا بە شوێنەوە.

گەرچى کردە و ئامانجى بیرکردنەوە لە بیرۆکەى شوێن جودا بوون، کەچى زەواجى نێوان فەلسەفەى تەقلیدى و شار زەواجێکى گەلێک قووڵە و هانا ئارێنت یەکەمین کەس بووە لە لێکۆڵینەوەکانى خۆیدا لەمەڕ یۆنانى کۆن دانى پیاناوە. بەر لەوە، لە فایدرۆس(Phaedrus)ـى ئەفلاتوندا، یەکێک لە خانەدانەکان سەرزەنشتى سوکرات دەکات کە ئەودیوى دیوارەکانى ئەسیناى نەبینیوە. [بۆیە خۆى تونددەکاتەوە و دەڵێت:] وا باشتر نیە بوخچە بپێچینەوە و ملى ڕێ بگرین؟ لەجیاتیى ئەوەى وەڵامێکى هێمن و هاوسەنگ وەرگرێتەوە، فەیلەسوفە ناودارەکەمان دێتەوەڵام و کابرا دەمکوت دەکات: «دار و دیمەن هیچیان پێ نیە فێرمکەن! ئەوە تەنیا خەڵکە نیشتەجێبووەکەى شارن ئەمەیان لەدەستدێت!».

ئەمە یەکێکە لە  ڕێگاکانى تێگەیشتن لەو مشتومڕە تاڵەى باڵادەستى لەنێوان سوکرات و سۆفستاییەکاندا. بە لاى هاوڵاتیانەوە، ژیانکردن لە دەوڵەتشارى یۆنانییدا وەک وانەیەکى دوورودرێژ بوو کە دەبوو هەموو تەمەنتى بدەیتێ بۆ ئەوەى بیگەیەنیتە دواوێستگە. ڕاستییەکەى، کەس نابێتە دەرچووى زانکۆى جادەوشەقام[7]. فەیلەسوفەکان ئیمانیان بەدەست سۆفستاییەکانەوە نەمابوو: ئەم مامۆستا تایبەتانە و ئەم فرۆشیارە گەڕۆکانە [ـى مەعریفە] هێندە تڕوفیزیان بە عەقڵى خۆیانەوە لێدەدا کە بەڵێنیان بە فێرخوازان دەدا بەپێى حەوت قۆناغى ئاسان، ئاڵۆزیى پێچەڵپێچى ژیانى شارییان فێردەکەن.

زۆرى نەخایاند ئەفلاتون بەرکەوتنە ڕێکەوتەکانى مامۆستاکەى خۆى لە بازاڕى ئەسینادا لەنێو پەڕەى کتێباندا تۆمارکرد و میراتى ئەوى بەدامەزراوەیى‌کرد، ئەویش لەڕێگەى دامەزراندنى ئەکادیمیایەکى شکۆمەندەوە. لەوسا بەدواوە، فەلسەفە لە زۆربەى حاڵەتەکاندا وردەوردە پاشەکشەیکرد بەرەو کۆڕو کۆمەڵە پاشایەتییەکان و کڵێسە ڕەبەنییەکان و بورجەکانى عاج.

کە دەگاتە ئەمڕۆ، جیابوونەوەى فەلسەفە لە شار، فیکر و زیکرى ئێمەى لەمەڕ شار داگیرکردووە. بەڵام فەلسەفە مەیلى بە لاى چاوەڕواننەکراوترین جێگاکاندا دەشکێتەوە، ئەویش دوور لە کۆڕوکۆبوونەوە پیشەیى و ئەکادیمییەکان. یەکێک لە نمونەکانى، لە سەرەتاکانى سەدەى بیستدا لەلایەن هێنرى میلەر[8]ـەوە دەرکەوت کە کۆمەڵێک گێڕانەوەى مناڵى بوون لە برووکلین: «ئەوە لەسەر جادەیە ئێوە فێردەبن مرۆڤەکان هەربەڕاست چۆنن؛ لەمە دەرچێت یان دواى ئەمە، ئێوە ئەوان دادەهێنن. ئەوەى لەسەر جادەوشەقام نەدۆزرێتەوە درۆیە و نابێت پێى بگوترێت ئەدەبیات».

تەنانەت ئەمڕۆ، شارێکى وەک نیۆرکى حاڵى حازر، پێویستى بە سوکراتە پاکژکراوەکەى ئەفلاتون نیە. چونکە شار خۆى لەخۆیدا دەزگایەکى سوکراتئاسا[9]ى کارایە: ماشێنێکى بێ‌ڕەحم، پڕ ئایرۆنى و تەوسدار، هاوکاتیش خاوەنى دەست‌ودڵێکى باش، کە هەستى دڵنیایى و بایەخى تاکەکەس و بانگەشەى زۆرترین زانین لە سەرنشینەکانى خۆى دەسێنێتەوە [بە دەربڕینێکى تر، شارى مۆدێرن خۆى ناهێڵێت سوکرات بە مانا یۆنانییەکەى بڕەخسێت چونکە بەهۆى خێرابوونەوەى کاتەوە دڵنیایى مرۆڤەکان لەقدەکات و تاکەکەس وەردەگەڕێت بۆ بەرەنجامى کۆمەڵێک هاوکێشەى ئەبستراکتى شارى و بانگەشەى ئەوەشى کە ئەوپەڕى مەعریفە کۆدەکەیتەوە بانگەشەیەکى خەسیوە چونکە هەم ئەکادیمیا ساردەکانى شار ئەو دەرفەتە تاکەکەسییە دەکوژن و هەم هۆیەکانى تەکنۆلۆژیا وادەکەن زاکیرەى تەکنیکى لە زاکیرەى مرۆڤ خۆى تێپەڕێت. هەر ئەوەى دانیشتووانى شار ناتوانن یەکتر بناسن و ئەرگۆمێنتەکانیان تا سنورى لۆژیکى ببەن و بڕى پێویست عەقڵانیەت بخەنەگەڕ، ماناى کۆتاییهاتنى فەلسەفاندنى سوکراتییە و ناچارین شوێنێکى تر بۆ سوکرات بدۆزینەوە کە لە سەردەم و کەشوهەوایەکى تردا ببوە ئەو فەیلەسوفە].     

 

 

گۆڤارى لۆگۆس: ژمارە ٥

 

 


[1] Wicked

[2]  Johann Gottfried Herder

[3] solitary genius

[4] Meeting  point

[5] Melting pot

[6] Nowhere

[7] university of the street

[8] Henry Miller

[9] Socratic device

 

سەرچاوەکان:

سەرچاوەى ئینگڵیزى:

https://opinionator.blogs.nytimes.com/2015/07/06/metrosophy-philosophy-and-the-city/

سەرچاوەى فارسى:

http://tarjomaan.com/neveshtar/7404/#5