به‌رگریكردن له ئازاری ویژدان:
ئەو گوناحەى کە دەرهاویشتەى کوتانە
ئێلیزابێس لانفیر
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
له وه‌ته‌ی له كۆتایی 2020دا كوتان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناو كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی و ئه‌و ئیشكه‌رانه‌ی له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی زیاترن و ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌ڕووی پزیشكییه‌وه لاواز و بێبه‌رگرین ده‌ستیپێكردووه، ئێمه هه‌ر گوێبیستی "گوناح له سۆنگه‌ی كوتان یان گوناحی كوتان"[1] ده‌بین. ئه‌گه‌رچی پێڕهوایی و مافی[2] كوتان هه‌ر فراوانده‌بێت، به‌ڵام هێشتاش گوناحی كوتان لانه‌چووه. كۆمه‌ڵێك هۆكاری شیاویش له‌ئارادان كه ده‌بێت جۆره درووسته‌كه‌ی گوناح له‌سۆنگه‌ی كوتان به‌ربڵاوتریش ببێت.
چه‌مكی "گوناحی كوتان" هه‌ستگه‌لێكی هه‌ندێك له‌و كه‌سانه له‌خۆده‌گرێت ئه‌وه‌تا توانای ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به كوتان هه‌یه -چ ژه‌م(ه‌كان)یان وه‌رگرتبێت یان نا- له‌هه‌مبه‌ر هه‌لی كوتراندا به‌ر له ئه‌وانیتر، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی، له دیدی ئه‌م كه‌سانه‌ی ڤاكسینه‌كه وه‌رده‌گرن، پێیانوایه كوتان بۆ ئه‌وان كه‌ڵكی زیاتری ده‌بوو. شیاوی سه‌رنجیشه، گوناحی كوتان جیاوازه له گوناحی ده‌ربازبووان یان هه‌ستكردن به گوناح به‌هۆی ده‌ربازبوون[3]ەوە، كه ڕه‌نگه ئه‌میان ئه‌وكاته ئه‌زموونی بكه‌ین وا په‌ی به‌وه ده‌به‌ین زۆر هاوڕێ و خێزان و هاوپیشه و كه‌سانی بێگانه‌ش هه‌ر له په‌تاكه ده‌ربازنه‌بوون تا هه‌لی وه‌رگرتنی ڤاكسینیان هه‌بێت.
كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی هه‌ندێك گوزارشتیان ده‌ربڕیوه ده‌رهه‌ق به گوناح له‌سۆنگه‌ی كوتانه‌وه، هیواخوازن كه‌سه به‌ته‌مه‌نه‌كانی خێزانه‌كه‌یان له‌جیاتیی ئه‌وان ڤاكسینیان وه‌رگرتبا. ئه‌و كه‌سانه‌شی له‌سۆنگه‌ی پیشه‌یی، پزیشكی یان پێوه‌ره‌كانی په‌یوه‌ندیدار-به-ته‌مه‌نه‌وه وه‌رگرتنی ڤاكسینیان پێ ڕه‌وا بینراوه، نیگه‌رانن له‌وه‌ی ئه‌وله‌ویه‌تیان پێدراوه و خراونه‌ته پێش ئه‌و گرووپانه‌ی له‌وان بهرگهنهگرتر و لاوازترن. جاروباریش، كه‌سانێك پێوه‌ره‌كانی پێدانی ڤاكسین نه‌یگرتوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌ختی ئه‌وه‌یان هه‌بووه له شوێنی شیاو و كاتی شیاودا ئاماده‌بن، بۆنمونه با بڵێین له بنكه‌یه‌كی ته‌ندرووستیی دابه‌شكردنی ڤاكسیندا ئه‌وه‌تا ژهمهڤاكسینێكی زیاده‌یان هه‌یه كه ئه‌گه‌ر زوو به‌كارنه‌هێنرێت ئیكسپایه‌ر ده‌بێت- به‌م جۆره‌ش، ئه‌و به‌خته باشه‌ی هه‌یانبووه له‌وه‌ی "نۆره‌بڕی بكه‌ن" ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ست به گوناح دایانبگرێت.
گوناحی كوتان بهناچارهكی شتێكی خراپ نییه. وه‌كئه‌وه‌ی فه‌یس فلێچه‌ر، ڕاوێژكاری پێشكه‌وتوو له ناوه‌ندی هاستینگسدا ئاماژه‌ی بۆكردووه، "ئه‌و شته‌ی له گوناحی وه‌رگرتنی ڤاكسیندا ڕه‌گی داكوتاوه بریتییه له بایه‌خدان به‌وانیتر". هه‌ستكردن به گوناح له‌سۆنگه‌ی كوتان نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كه به‌ته‌نگ ئهوانیترهوهیه. مانای ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت كه‌سه‌كه ده‌ستی به ڤاكسینی كۆرۆنا ڕاگه‌یشتووه كه (ئیدی گرنگ نییه كامه له‌و سێ جۆره ڤاكسینه مۆڵه‌تپێدراوه بۆ به‌كارهێنانی له‌ناكاو له ئه‌مریكا وه‌رده‌گرێت) سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و كارایه به‌ڵام له‌به‌رده‌ستی هه‌موواندا نییه.
هێشتاش لانیكه‌م دوو خه‌سڵه‌تی نیگه‌رانكه‌ر له گوناحی خۆكوتاندا به‌رجه‌سته‌ن. یه‌كێكیان بریتییه له‌وه‌ی ئاخۆ گوناحی كوتان چی ده‌رهه‌ق به چۆنێتیی تێگه‌یشتنی ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌ك له پێوه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسین ده‌رده‌خات. هه‌ستكردن به‌وه‌ی ئه‌وانتیر "شایسته"ترن بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه ئێمه به‌هه‌ڵه وای داده‌نێین ڤاكسینه‌كان به‌گوێره‌ی به‌ها تاكه‌كه‌سی یان كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بهشدهكرێن. نیگه‌رانیی دووه‌میش بریتییه له‌وه‌ی گوناحی كوتان وای ده‌رده‌خات ئێمه باوه‌ڕمان وایه ڤاكسینه‌كان ده‌بێت وه‌ك پاداشت دابه‌شبكرێن، به‌پێی به‌ها یان به‌گوێره‌ی شایسته‌یی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. هه‌ستكردن به گوناح له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڤاكسینێكم وه‌رگرتووه كه پێموایه "شایه‌ن"ی نیم واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ك ته‌نیا پێموایه شایه‌نبوون پاساوێكی ڕه‌وایه بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین به‌ڵكو پێموایه پێوه‌ره درووستهكهشه بۆ دابه‌شكردنی ڤاكسینه‌كه.
پێوه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسین بۆ ئه‌وه دانه‌نراون تا له‌گه‌ڵ شایسته‌یی كه‌سی یان كۆمه‌ڵایه‌تیدا وێكبێنهوه. له‌ڕاستیدا، هه‌ندێك پۆلی كارمه‌نده‌كان بۆیه له‌پێشێتی (ئه‌وله‌ویه‌ت)یان پێدراوه چونكه كاره‌كانیان بێ چه‌ندوچوون زیاتر ده‌یانخاته به‌رده‌م "SARS-COV-2"، ڤایرۆسی تووشكه‌ری كۆرۆنا. كوتانی كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی بریتی نییه له "سوپاس و پێ‌زانین" ده‌رهه‌ق به خزمه‌ته‌كه‌یان، به‌ڵكو بهرسڤێكه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كاره‌كانیان زیاتر ڕووبه‌ڕووی ڤایرۆسی "SARS-COV-2"یان ده‌كاته‌وه. وێڕای ئه‌مه‌ش، كاری كه‌رتی ته‌ندرووستی ده‌بێت به‌رده‌وامبێت، به‌تایبه‌ت له‌میانه‌ی په‌تایه‌كدا كه پێویستی به چاره‌سه‌ری وردی پزیشكییه.
ئه‌وه‌ش ڕێی تێده‌چێت كه "گوناحی كوتان" به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی گوزارشت له خه‌مڵاندنێكی ماقووڵ ده‌كات، واته له‌وه‌ی كه پێوه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسین به‌نادرووستی ئه‌و كه‌سانه ده‌ستنیشانده‌كه‌ن ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌م زۆرترین مه‌ترسی تووشبوون و نه‌خۆشین، له‌كاتێكدا به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنێكی مه‌ترسی-ته‌وه‌ر كه‌س و گرووپه‌كانی تر ده‌بێت پێشبخرێن.
گوناح یان عه‌زاب ویژدانی كوتان ده‌ربڕی ئه‌و ئاگاییهشه كه ئه‌و كه‌س و گرووپانه‌ی له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه لاوازن كه‌متر توانای ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به واده‌ی كوتان هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مافی ڕه‌وای خۆیشیان بێت. له‌ڕاستیدا، له ئه‌مریكادا شایسته‌بوون بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین به‌خێرایی هه‌ڵده‌كشێت تا به‌زوویی، به‌ر له یه‌كی ئایاری 2021، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بگرێته‌وه ته‌مه‌نیان 16 ساڵ و سه‌رتره (بۆ كه‌سانه‌شی ته‌مه‌نیان له خوار 16 ساڵییه هه‌نووكه ڤاكسینی ڕێپێدراو بۆ به‌كارهێنانی له‌ناكاو هه‌ن). هه‌ندێك ویلایه‌ت پێشوه‌خته ده‌ستیان داوه‌ته جێبه‌جێكردنی ئه‌م ڕێكارانه. ئێستا ئێمه گوێمان له‌و ڕاپۆرتانه ده‌بێت كه باسی ئه‌وه‌یان تێدا ده‌كرێت ڕه‌نگه سه‌ره‌نجام ئه‌مریكا بڕی ژه‌مه ڤاكسینی زۆرتر له‌وه دابینبكات كه خه‌ڵكه شایسته‌كه ده‌یانه‌وێت وه‌ریگرن. به‌ڵام هێشتاش، وه‌كو زۆر ڕه‌هه‌ندی دیكه‌ی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندرووستییه‌كان كه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كڕه‌نگ و یه‌كسان له‌سه‌رتاپای ئه‌مریكادا به‌رده‌ست نین، كه‌سانێك هه‌ن شایسته‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌ن[4] به‌ڵام به‌كرده‌یی له ده‌ستڕاگه‌یشتن پێی بێ به‌شكراون. ئه‌مه و ئه‌گه‌ر هیچ شتێك ده‌رباره‌ی جیاوازیی ده‌ستڕاگه‌یشتن به ڤاكسین له‌نێوان وڵاته ده‌وڵه‌مه‌ند و وڵاته كه‌متر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له جیهاندا نه‌ڵێین، گه‌رچی كۆڤید-19 په‌تایه‌كی گڵۆباڵه.
له‌وانه‌یه هه‌ندێ كه‌س بۆیه هه‌ستكردن به گوناح دایانبگرێت چونكه توانیویانه سیسته‌می نۆرهدانانهكه تێپه‌ڕێنن تا ڤاكسین وه‌رگرن، له‌كاتێكدا ئه‌وانیتریش به‌هه‌مان ڕاده شایسته‌ی پێدانی ڤاكسینن به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستی بونیادیی ده‌بنه‌وه كه توانستی ده‌ستڕاگه‌یشتن به ڤاكسینه‌كان نایه‌كسان ده‌خه‌نه‌وه. یان ڕه‌نگه كه‌سێك له‌به‌ر به‌ختی په‌تیی ژیان له شارێكدا یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی له ڕووی ئابورییه‌وه به‌هێز كه تێیدا ده‌ستڕاگه‌یشتن به ڤاكسین پتره، له‌جیاتیی ژیان له ناوچه‌یه‌كی گوندی یان وڵاتێكی كهمداهاتدا كه پێدانی ڤاكسین تێیدا كه‌متره، هه‌ست به گوناح بكات.
ئه‌مه‌ش وام لێده‌كات بپرسم: ئاخۆ گوناح چ ڕۆڵێكی هه‌یه له گوناح له‌سۆنگه‌ی كوتانه‌وه؟
له یه‌كه‌م نیگادا، گوناحی كوتان وه‌كو گوناحێكی كه‌سی، ده‌روونی یان عاتیفی دێته‌به‌رچاو. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر بێت‌و به گه‌ڕانه‌وه بۆ سۆزه ئاكارییه‌كان[5] بڕوانینه گوناحی كوتان، ئه‌و شته‌ی پیته‌ر فرێدریك ستراوسۆنی[6] فه‌یله‌سوف پێی ده‌ڵێت "دید یان حاڵه‌ته پهرچهكردارییهكان"[7]، ئه‌وا گوناح كاركردێكی ئاكاری به‌خۆوه ده‌گرێت.
لای ستراوسۆن "حاڵه‌ته پهرچهكردارییهكان" هه‌ریه‌كه له توڕه‌یی، بوغز، به‌سووك سه‌یركردن، قه‌ڵسبوون [8]، لێخۆشبوو‌ن و پێ‌زانین ده‌گرێته‌وه. ئه‌م حاڵه‌تانه خه‌مڵاندنی ئێمه ده‌رهه‌ق به چۆنیه‌تیی ویستی ئه‌ویتر له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌دا ئاشكرا ده‌كه‌ن، و پێشمان ده‌ڵێن ئێمه چۆنچۆنی ئه‌وانیتر (و خۆشمان) له‌ڕێگه‌ی ستایش، لۆمه‌كردن و گوناحی ئاكارییه‌وه به‌رپرسیار ده‌كه‌ین.
بۆنمونه، ئه‌گه‌ر له فرۆشگایه‌كی میوه‌فرۆشیدا چاوم به كه‌سێك بكه‌وێت كه ماسكی نه‌به‌ستووه، هه‌ست به توڕه‌یی یان له‌وانه‌یه قه‌ڵسبوون ده‌كه‌م. وای داده‌نێم كه‌سه ماسك نهبهستووهكه، له‌سۆنگه‌ی په‌یڕه‌ونه‌كردنی ڕێكاره شیاوه‌كانی كۆڤید، حسێب بۆ ته‌ندرووستیی من و ئه‌وانیتریش ناكات. به‌ڵام گه‌ر بزانم ئه‌و كه‌سه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری ته‌ندرووستیی كه‌سییه‌وه ناتوانێت ماسك ببه‌ستێت، توڕه‌یی و قهڵسبوونهكهم چیتر درووست نین. ناتوانم به‌شێوه‌یه‌كی ماقووڵ سه‌رزه‌نشیتان بكه‌م.
ئه‌مه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئێمه بهناچارهكی ده‌توانین – یان ده‌بێت- هه‌موو ئه‌و بارودۆخه پاساوده‌ر و ڕیزپهڕانه بزانین كه لۆمه (یان ستایش)ه‌كانمان ده‌رهه‌ق به كه‌سانیتر ده‌گۆڕن، به‌تایبه‌ت سه‌روه‌ختێك ئه‌م بارودۆخانه ڕاستیگهلێكی په‌یوه‌ندیدار بن به ته‌ندرووستیی كه‌سییه‌وه. به‌ڵكو بۆ زانینی ئه‌وه‌یه كه حاڵه‌ته پهرچهكردارییهكان به‌شدار و ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی خه‌مڵاندنی ئێمه‌ن ده‌رهه‌ق به به‌رپرسیارێتیی ئاكاری.
له‌میانه‌ی په‌تاكه‌دا چه‌ندین نمونه‌ی لۆمه‌كردنی كه‌سانی تر له‌سۆنگه‌ی بژادهكانیانهوه هه‌بوون: سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌شتده‌كه‌ن، له‌ناو ڕێستورانتهكاندا نان ده‌خۆن، ڕێگه له مناڵه‌كانیان ده‌گرن بۆ قوتابخانه یان ده‌یاننێرن بۆی و هتد. هاوڕێكان لۆمه‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می كوتانیان پێشێل كردووه تا ده‌ستیان به ڤاكسین ڕابگات به‌ر له‌وه‌ی له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه شایسته بن، له‌كاتێكدا فه‌زا گشتییه‌كه لۆمه‌ی دامه‌زراوه پزیشكییه‌كان ده‌كات به‌هۆی لێكدانه‌وه لاستیكییهكهیان بۆ پێوه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسین. له هه‌ر یه‌كێك له‌م نمونانه‌دا، هۆكارێكی ئه‌وه‌ی واده‌كات لۆمه‌كردنی خه‌ڵكی له‌به‌ر ئه‌م كردارانه ببێته شتێكی مومكین و ڕه‌خساو بریتییه له نایهكانگیریی ئه‌و ڕێسا و ڕێكارانه‌ی نۆرمه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به گه‌شتكردن، قوتابخانه، چالاكییه‌كانی ماڵه‌وه و كۆڕێساكانی جێبه‌جێكردنی پێدانی ڤاكسین جڵهودهكهن. سه‌ركۆنه‌كردنی هاوڕێكان به‌هۆی گه‌مه‌كردنیان به سیسته‌می پێدانی ڤاكسین ته‌نیا نائومێدیمان ده‌رهه‌ق به سیسته‌مه بههاییهكهی هاوڕێكانمان نیشاننادات، به‌ڵكو ده‌رخه‌ری بێئومێدیشمانه له به‌رامبه‌ر سیسته‌مێكی كوتاندا كه ده‌كرێت هێند به‌ئاسانی خراپ بقۆزرێته‌وه.
هاوته‌ریب به‌م خاڵانه، گوناحی ئاكاریی كوتان پێوه‌ره بهدحاڵیبووهكان ده‌رباره‌یی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی یان شه‌خسییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین تۆكمهناكات. لهجیاتییهكهیدا گوناحی ئاكاری نیشانده‌ری قه‌ڵسی و توڕه‌ییمانه له واقیعێك كه تێیدا كه‌س و گرووپه لاواز و بهرگهنهگرترهكان ڕه‌چاوكردنێكی ئاكاریی ناكافییان له دامه‌زراوه‌ی پلانه‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسیندا پێدراوه كه خۆی هێنده له‌رزۆك و كارتێكراوه له‌هه‌مبه‌ر نایه‌كسانی و قۆستنه‌وه و قۆرخكاریدا.
وه‌ك خه‌مڵاندنێكی ئاكاری، هه‌ستكردن به گوناح (یان لۆمه‌كردنی كه‌سانی تر له‌سۆنگه‌ی كوتانه‌وه) جه‌خت له به‌رپرسیارێتییمان ده‌كاته‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی كه ئه‌وانیتر به‌ناحه‌ق له پێوه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسیندا وه‌ده‌رنراون، و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا پێوه‌ره‌كان خۆیان له‌وه دژوارترن كه په‌یڕه‌وبكرێن و بچه‌سپێنرێن، و شكسته بونیادییهكانی دابه‌شكردنی به‌ربڵاوی ڤاكسین (له ئه‌مریكا و بگره له ئاستی جیهانیشدا) وایانكردووه زۆر كه‌س كه شایسته‌ن بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین توانای ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به وه‌رگرتنی ژه‌مه ڤاكسینه‌كانیان نه‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌سانێكی تر سیسته‌مه‌كه ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان پێڕابگات.
ته‌نانه‌ت له‌و حاڵه‌ته‌شدا كه وادیاره ڤاكسینه‌كان به‌رده‌ست بن و خه‌ڵكێكی زۆرتریش له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه شیاوێتیی وه‌رگرتنی ڤاكسینیان تێدابێت، لانیكه‌م له ئه‌مریكادا، له‌وانه‌یه هه‌ستكردن به گوناح له‌سۆنگه‌ی كوتان كاردانه‌وه درووسته‌كه بێت ئه‌وكاته‌ی كه‌سه‌كه په‌ی به‌وه ده‌بات بۆیه ڤاكسینی پێدراوه چونكه ئیمتیازدار، زرنگ و لێزان یان به‌به‌خت بووه له هه‌ناوی سیستهمگهلێكدا كه واداده‌نرێن هه‌وڵده‌ده‌ن دادپه‌روه‌ر بن به‌ڵام كورتده‌هێنن له به‌دیهێنانی ئه‌م دادپه‌روه‌رییه‌دا.
زۆرێك له بایۆلۆژیسته ئاكاریییهكان و كاربه‌ده‌سته پزیشكییه‌كان هانی خه‌ڵكیان داوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركه نۆره‌ی ڤاكسینه‌كه‌یان هات، قهبوڵیبكهن خۆیان بكوتن. ئه‌م په‌یامه به‌هه‌ق ئه‌و گوناحه عاتیفییه خاوده‌كاته‌وه كه ئه‌وه‌تا ئه‌و كه‌سه شتێك وه‌رده‌گرێت كه شایه‌نی نییه یان هێشتا مافی وی نییه؛ مشتومڕسازانه بدوێین كوتان مافی هه‌موومانه هه‌م له‌به‌ر ته‌ندرووستیی خۆمان و هه‌م كۆمه‌ڵگاكه‌شمان. ته‌نانه‌ت كه‌سانێك باسی ئه‌وه‌یان كردووه له‌ڕووی ئاكارییه‌وه شتێكی ڕێپێدراوه "داهێنه‌رانه" ڕه‌وایه‌تی خۆت بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسین شیبكه‌یته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و گوناحه ئاكارییهی له‌سۆنگه‌ی كوتانه‌وه دامانده‌گرێت گوناحێكه هۆكاری شیاومان هه‌یه تا له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكه‌ین نه‌ك وهلایبنێن و خاویبكهینهوه. ئه‌م گوناحه ئاماژه بۆ ئه‌و ئاگاییه‌مان ده‌كات كه، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار وا زۆرجار تایبه‌ت نین به خۆمان وه‌ك تاكه‌كه‌س، هه‌ندێكمان ده‌ستمان به ڤاكسین ڕاگه‌یشتووه و كه‌سانێكی تر نا. كارتێكه‌ری و هاوده‌ستی خۆشمان له سیسته‌مێكدا كه بهنادادپهروهر دایده‌نێین، ده‌رده‌خات. ئێمه وه‌ك كه‌سه سوودمه‌نده‌كان له كه‌رته ته‌ندرووستییه گشتییه سسست یان خهوشدارهكه، هه‌ستكردنمان به گوناحی ئاكاری ده‌رخه‌ری به‌رپرسیارێتیی ئاكاریمانه وه‌ك كه‌سه به‌شداره‌كان له دامه‌زراوه‌یه‌كی دهستهكۆییدا كه درێژه به نادادپه‌روه‌ری ده‌دات.
فلێچه‌ر باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕاستگۆیانه له خه‌می "خه‌ڵكانی لاواز و بهرگهنهگرن.. ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی چوونه‌پاڵ و په‌یوه‌ندیكردن به یاسادانه‌ره ناوچه‌یی و حكومییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌رتی ته‌ندرووستی بۆ پشتگیرییكردن له به‌رنامه و شوێنی زیاتری كوتان، به‌تایبه‌ت له جڤاته بێ خزمه‌ته‌كاندا، هاوپشتیی خۆیان بسه‌لمێنن". هه‌ندێك كه‌س تۆڕگهلێكیان پێكهێناوه بۆ دابینكردنی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه تا كۆمه‌كی خه‌ڵكه‌كه بكه‌ن له واده‌ی كوتانیاندا ئاماده‌بن. كه‌واته، له‌وانه‌یه پێویستبكات ئێمه گوناحی كوتانهكهمان بگۆڕین بۆ توڕه‌یی و قه‌ڵسی له سۆنگه‌ی كوتان، و چالاكێتی و كرداریش.