ماوتسى تۆنگ، به‌شێوه‌يه‌كى ناكۆتا بيرده‌كاته‌وه
ئالان باديۆ به فايلى pdf بيخوێنهوه
و. وهليد عومه‌ر
ماويزمى باديۆ، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز پهشيمانيى بۆ درووست بكات، يه‌كێكه له پڕ مشتومڕترين ڕه‌گه‌زه‌كانى فيكر و بيركردنه‌وه‌ى ئه‌و، جاروباريش لێكدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى بۆ كراوه. گفتوگۆكه‌ى خواره‌وه له ده‌ورى ئه‌م مهسهلهيه ده‌سوڕێته‌وه. به بڕواى باديۆ، ما‌و پرۆژه‌يه‌كى مێژووييه يان لانيكه‌م مۆدێلێك بۆ بيركردنه‌وه‌ى دياله‌كتيكى ده‌خاته‌ڕوو. ده‌توانين به‌سه‌رهاته‌كه به‌م جۆره بگێڕينه‌وه:
ماوه‌يه‌ك پێش ئێستا، ئالان باديۆى فه‌يله‌سوفى فه‌ڕه‌نسى(و ماويستى ناودار) سه‌فه‌رێكى بۆ چين كرد تاكو له‌گه‌ڵ يه‌كێك له فه‌يله‌سوفه چينييه‌كاندا بكه‌وێته گفتوگۆوه. له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕينى كاتدا، ڕوون نيه ئه‌م فه‌يله‌سوفه چينييه كێ بووه، به‌ڵام ده‌قى ئه‌م چاوپێكه‌وتنه ماوه‌ته‌وه و لێكچوونێكى سه‌رنجڕاكێشى له‌گه‌ڵ كۆديدارهكانى باديۆ و "لو شينهوا"دا هه‌يه، كه يه‌كێكه له بهرگريكاره پڕ ههڵاكانى تيۆريزهكردنى هونه‌رى هاوچه‌رخ. له كانونى يه‌كه‌مى ڕابردوو له نيۆرك، باديۆ ئه‌م گفتوگۆيهى له‌گه‌ڵ ژنه ئه‌كته‌رێكدا هێنايه سه‌ر شانۆ كه ڕۆڵى گوێگرێكى گوماندارى ده‌گێڕا(skeptical interlocutor): ئه‌م نمايشه نوێيه په‌نجه‌ره‌يه‌ك بوو به‌ڕووى دونياى پڕجۆشوخرۆشى فه‌نتازيا ڕۆژههڵاتناسييهكانى فه‌لسه‌فه‌ى قاڕهييدا.
سه‌ركرده‌ى ناكۆتا
- فه‌يله‌سوفى چينى: كه‌ى و له‌ژێر چ هه‌لومه‌رجێكدا ده‌ستت كرد به خوێندنه‌وه‌ى نوسينه‌كانى ماوتسى تۆنگ. خۆ هيچ نه‌بێت، خوێندنه‌وه‌ى ماوتسى تۆنگ بۆ فهيلهسوفێكى فه‌ڕه‌نسى شتێكى سه‌ير و نائاساييه.
باديۆ: له سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كاندا له‌ژێر كاريگه‌ريى زرووف و بارودۆخى جيهاندا ده‌ستم كرد به خوێندنه‌وه‌ى ما‌و. هه‌رگيز كۆمۆنيزمى ستالينى، يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت، يان نۆژهنخوازى(revisionism) له چه‌شنى ئه‌وه‌ى خرۆشچۆف وهسوهى تێنهخستم. هيچكاتێك ئه‌ندامى حيزبى كۆمۆنيستى فه‌ڕه‌نسا نه‌بووم. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، ناوهڕۆك و ستايلى مشتومڕى چينييه‌كان له‌گه‌ڵ نۆژهنخوازه سۆڤيهتييهكاندا گومانى تيا بزواندم سه‌باره‌ت به يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت و حيزبى كۆمۆنيستى فه‌ڕه‌نسا. ڕه‌نگه ئێوه بڵێن، من له ما‌و و حيزبى كۆمۆنيستى چيندا، به پله‌ى يه‌كه‌م جۆرێك ڕه‌خنه‌ى "چهپگهرايانه"م له سياسه‌تى سۆڤيه‌تدا به‌دى كردبێت. گله‌يى سه‌ره‌كيى ما‌و ئه‌وه بوو كه ديدى ستالين ديدێكى دياله‌كتيكى نيه. ئه‌و(واته ستالين) پيشانده‌رى سۆسياليزمێكى ده‌وڵه‌تيى مه‌نگ و به‌ستووه، له‌كاتێكدا ما‌و به‌شێوه‌يه‌كى ناكۆتا و ئه‌به‌دى بيرده‌كاته‌وه، وه‌كچۆن له هه‌موو به‌رهه‌مه باڵاكانيدا ده‌بينرێت.
- فه‌يله‌سوفى چينى: پێده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و ناكۆتايهى ئێوه باستان كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌قى و بهستوويى و پراگماتيزمهدا ته‌واو ناكۆكه كه ئهجێندايهكى سياسيى ڕاسته‌قينه هه‌يه‌تى. به لاى منه‌وه زۆر سه‌يره كه ما‌و لايه‌نگرى دياله‌كتيكى ناكۆتا بووبێت. فيكرى ناكۆتا، زيانێكى گه‌وره‌ى به‌و ژيانه كورت و چكۆلهيهى ژنان و پياوانى سه‌ر گۆى زه‌وى گه‌ياندووه. بۆيه ڕێم بده به‌م جۆره بپرسم: ئايا ما‌و، فه‌يله‌سوفى ناكۆتا، له خه‌باته سياسييهكهيدا به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوو؟
باديۆ: ئه‌وه مهسهلهيهكى ئاڵۆزه. له‌لايه‌كه‌وه، گومانى تيا نيه كه ده‌توانين دوو بڕگه‌ى گرنگ له خه‌باتى سياسيى ماودا له‌به‌رچاوبگرين وه‌ك نسكۆ و نوشوستييهكى دڵته‌زێن كه زيانێكى زۆرى له ژيانى مرۆڤه‌كاندا هه‌بوو: «بازێكى زل بۆ پێشه‌وه» و «شۆڕشى گه‌وره‌ى كه‌لتوريى پرۆليتاريا». مافى خۆشتانه له هه‌ريه‌كه له‌مانه‌دا جۆش و خرۆشێك ببينن بۆ جووڵانهوهيهكى ڕاسته‌قينه و ناكۆتا. له‌لايه‌كى تره‌وه، ئه‌م دوو بڕگه [زهمهنييه] ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه بڕيارى ما‌و بۆ دۆزينه‌وه‌ى شێوازى نوێ به‌ره‌و جووڵانه‌وه‌ى ڕاسته‌قينه ڕووه‌و كۆمۆنيزم شتێكى ڕوون و حه‌تمييه. ما‌و خوازيارى شۆڕشێكى كۆمۆنيستييه له هه‌ناوى ده‌وڵه‌تێكى سۆسياليستيدا. بۆيه ده‌بوو شتێكى نوێى بخولقاندايه، هه‌روا ده‌چووه پێشێ، هه‌ڵه و تاقيكردنهوهشى ده‌كرد، چونكه كۆمۆنيزم ڕێك بريتييه له‌و ناكۆتايهى كه كۆتاداريى ده‌وڵه‌ت(و بێڕهحمييهكهشى) خۆى له‌خۆيدا ئه‌و توانايه‌ى نيه.
تارماييه‌كانى ده‌وڵه‌تى سۆسياليستى
فه‌يله‌سوفى چينى: ماويزمهكهى ئێوه، ئه‌مڕۆ له‌و دونيا ڕۆژئاواييه ديموكراسييهى تێيدا ده‌ژين جێى د‌رك و تێگه‌يشتن نيه و لێى تێناگه‌ن. چۆن ده‌كرێت له ساڵى 2014دا هێشتاش كه‌سێك هه‌بێت ماوى بێت، ئه‌ويش به ماناى پڕاوپڕى وشه‌كه؟ ئه‌مه نابێته هۆى ئه‌وه‌ى ئێوه وه‌ك سه‌ربازێكى پير و پاشماوه يان ته‌نانه‌ت وه‌ك خێو و تارماييه‌ك سهيربكرێن؟
باديۆ: تۆ ڕاست ده‌كه‌يت. ئه‌مڕۆ "ماوىبوون" هيچ مانايهكى نيه. له ده‌يه‌ى 60 و 70دا، هه‌زاران هه‌زار خه‌باتگێڕ له سه‌رتاپاى جيهاندا له‌نێوان ساڵانى 1966-1979ماوى بوون، سه‌رده‌مانێك كه من ناوى ده‌نێم "ساڵه سووره‌كان"- كاتێك ده‌توت ماويبوون، ڕێك يه‌ك ماناى هه‌بوو: ئێمه له‌و بڕوايه‌داين كه ئه‌زموونى بنه‌ڕه‌تى بۆ شوێنكه‌وتنى سياسه‌تى كۆمۆنيستى بريتييه له شۆڕشى كه‌لتورى نه‌ك ده‌وڵه‌تى سۆڤيه‌ت[سۆڤيه‌ت له‌بنه‌ڕه‌تدا، به‌ماناى ئه‌نجومه‌ن و شورا و سهنديكاش دێت]. ئێستا ڕوسيا و چين ده‌وڵه‌تى سهرمايهدارن و خۆى له‌خۆيدا و بۆ من له ڕووى سياسييه‌وه هيچ به‌ها و بايهخێكيان نيه. حاڵى حازر، ما‌و تاكه ناوێكى ڕاستهقينهيه كه به‌ستراوه‌ته‌وه به دوايين ئه‌زموونى گه‌وره‌ى مێژووييه‌وه، ئه‌و پياوه‌ى كه هه‌وڵيدا به‌شێوه‌يه‌كى شۆڕشگێڕانه دۆخه‌كه بۆ كۆمۆنيزم بڕه‌خسێنێت، ئه‌ويش به‌هۆى چالاكيى جهماوهرييهوه له‌ناو ده‌وڵه‌تى سۆسياليستيدا. ئه‌و، يه‌كه‌م كه‌س بوو بير‌ى له‌وه كرده‌وه ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌رێكى كۆمۆنيستانه نيه به‌ڵكو سياقێكى نوێيه بۆ شۆڕشێكى كۆمۆنيستى.
- فه‌يله‌سوفى چينى: كاتێك ده‌ڵێيت سه‌ربارى ئه‌و وێرانكارييه تۆقێنه‌ره‌ى كه شۆڕشى كه‌لتورى بۆ چينى هێنا، ديسان هه‌ر ده‌بێت وه‌كو سه‌رچاوه‌ى بيركردنه‌وه سه‌يرى بكه‌ين نه‌ك كاره‌ساتێكى جه‌رگبڕ، ئايا ئه‌وه بهجدييهوه قسه ده‌كه‌يت يان ته‌نيا ورووژێنه‌رانه دهدوێيت تاكو زه‌ينى خه‌ڵك بوروژێنيت؟
باديۆ: ده‌توانين بانگه‌شه‌ى ئه‌وه بكه‌ين كه كۆمۆنهى پاريس له ساڵى 1871 "كاره‌سات"ێكى عهياره بيستوچوار بوو- بيست هه‌زار كرێكار له شهقامهكانى پاريسدا كوژران-، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه سه‌رله‌نوێ بيركردنه‌وه له كۆمۆنهى پاريس بوو كه لينين له ساڵى 1917 ڕێگاى بۆ شۆڕشێكى باڵاده‌ست و سه‌ركه‌وتوو كرده‌وه. هه‌ر به‌م پێيه، ته‌نيا به‌هۆى دووباره بيركردنه‌وه‌يه له شۆڕشى كه‌لتورى [ى ما‌و] كه ده‌توانين خۆمان ساز و ئاماده بكه‌ين بۆ جووڵانهوهيهكى سياسيى كۆمۆنيستى له داهاتوودا. بۆ؟ چونكه شۆڕشى كه‌لتورى تاكه نمونه‌ى شۆڕشه له هه‌لومه‌رجى سۆسياليزمى دهوڵهتيدا. شتێكى ڕێكه‌وت نيه كه گرنگترين ده‌سكه‌وت و ده‌رهاويشته‌ى شۆڕشى كه‌لتورى ناوى "كۆمۆنهى شه‌نگه‌هاى"ـه.
شۆڕشگێڕان وه‌ك هونه‌رمه‌ندانى شكستخواردوو
- فه‌يله‌سوفى چينى: وه‌ڵامه‌كه‌ى تۆ بۆ ئه‌و پرسياره‌ى "چ كاتێك كۆمۆنيزم ده‌بێته ڕاستى و دێته‌دى" به‌م جۆره‌يه: «كاتێك هه‌موان ببنه فه‌يله‌سوف». هونهريش يه‌كێكه له مه‌رجه‌كانى فه‌لسه‌فه. ئاخۆ مه‌رجه هه‌ركه‌س كۆمۆنيست بێت ده‌بێت هونهرمهنديش بێت؟ ئايا ده‌بێت شۆڕشگێڕان هه‌موويان هونه‌رمه‌ندى شكستخواردوو بن؟
باديۆ: من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دا ناكۆكم كه پێى وايه هه‌موو شتێك سياسييه. ڕه‌نگه زۆرێك له شاعيره گه‌وره‌كان كۆمۆنيست بووبن- ئه‌مه هيچ مشت‌ومڕێك هه‌ڵناگرێت. سياسه‌ت فۆرمى سه‌ربه‌خۆى چالاكى و بيركردنه‌وه‌يه. هه‌موان ئه‌و توانايهيان هه‌يه كه ژيانى خۆيان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئايديايهك ئاراسته بكه‌ن. شه‌ڕ و ململانێى ئايدۆلۆژى شتێكى پێويست و ناچارييه، واته گه‌شه‌پێدان و پيشاندانى ئه‌وه‌ى كه ئه‌م شه‌ڕ و ململانێيه پايه و ئه‌گه‌ره‌كانى سياسه‌تێكى يهكسانخوازانه داده‌ڕێژێت.
پێشكه‌وتنى هه‌ستپێنه‌كراو(نه‌بينراو)
- ئايا دهنگنهدانتان له هه‌ڵبژاردنه‌كانى فه‌ڕه‌نسادا گوزارشت له‌وه ناكات كه تۆ ئه‌و هه‌ل و ده‌رفه‌ته به بچوك ده‌بينيت له‌كاتێكدا زۆرێك هه‌ن ئيره‌يى پێده‌به‌ن و حه‌زيان لێيه‌تى؟
باديۆ: ئێمه‌ى خه‌ڵكانى ئه‌وروپا و ئه‌مريكا ده‌زانين كه چۆن ديموكراسيى پارله‌مانى هيچ نيه جگه له گونجاوترين سيسته‌مى سياسى بۆ په‌ره‌پێدانى هه‌مه‌لايه‌نه‌ى سه‌رمايه‌دارى. له وڵاتێكى وه‌ك فه‌ڕه‌نسادا، ده‌نگدان ته‌نيا به‌و مانايه دێت كه تۆ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ سيسته‌مى ئابورى/سياسيى باڵاده‌ستدا كۆكيت و هيچ كێشهيهكت نيه. ئۆكه‌ى، ڕاستت بوێت من كۆك نيم.
- فه‌يله‌سوفى چينى: به‌ڵام ئايا سه‌رمايه‌دارى له جيناتماندا نيه، له دانه به دانه‌ى ئاره‌زوو و غهريزهكانماندا؟
باديۆ: هه‌ميشه ئاماژه‌م به‌وه كردووه كه دواجار ناتوانرێت ئه‌رگۆمێنتێكى عه‌قڵانى بۆ به‌رگريكردن له سه‌رمايه‌دارى بهێنرێته‌وه. چونكه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه سه‌رمايه‌دارى بريتى نيه له نۆرم يان ڕێكى و ڕێسا(چونكه جۆرێكه له كۆتادارييهكى گه‌نده‌ڵ و سه‌خيف). بۆيه به‌م پێيه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن تاكه واقيعى مومكين و به‌رده‌سته. ڕێم بده بڵێم: سه‌رمايه‌دارى سيسته‌مێكى كۆمه‌ڵايه‌تيى ته‌واو ساخته‌يه. ئێمه هێشتا سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ دووڕيانهكهى ماركسدايه: يان كۆمۆنيزم يان بهربهريهت. ئه‌وه‌تا حاڵى حازر بهربهريهت بۆته واقيعێكى باڵاده‌ست. به‌ڵام ئاگاداربوون له ديوه نه‌خۆش و پاتۆلۆژييهكانى تادێت زياتر ده‌بێت و له به‌ره‌و پێشچووندايه. به‌ره‌وپێشچوونێكى هێمن و نه‌بينراو به‌ڵام ته‌واو ڕاستهقينهش. من له فه‌يله‌سوفانى [شاهيدى] ئه‌م پێشكه‌وتنه شاراوه و نهبينراوهم.
سه‌رچاوه‌كان:
1.سايتى تێزى 11، www.thesis11.com
2. سايتى ڤێرسۆ، http://www.versobooks.com/