میدیا لیبراڵە خۆرئاواییەکان هیچ ئاماژەیەکیان بەو هۆکارە ڕاستەقینەیە نەکرد کە بۆچى تالیبان بەو خێراییە ئەفغانستانى گرتەوە...
سلاڤۆى ژیژەک
و. وەلید عومەر- ڕوشدى جەعفەر
وتەیەک:
ژیژەک وەک هەمیشە بە چاوێکى ڕەخنەییەوە سەیرى دەسەڵاتى خۆرئاوایی دەکات, و لەم نوسینەشدا لە هەمان پێگەوە قسەدەکات. ئەو بەردەوام ستایشى ئەو ماتەوزەیە دەکات لاى ئەو شەڕکەرانەى کە ئامادەن گیانى خۆیان لەپێناوى باوەڕ و عەقیدەیەکدا ببەخشن. ئەمە لەسەرەتاوە وەک ستایشى فەندەمێنتاڵیزم دەردەکەوێت, بەڵام لەبنەڕەتدا لێدانە لە ستایلى ژیانى خۆرئاوایی کە ئایدیاڵى لەم جۆرەى لەدەستداوە. واتە بنکۆڵکردنى ئەو ستایلە ژیانەى خۆرئاوایە کە هەموو شتێک لەپێناوى "ئاسایش و خۆشگوزەرانى"دا ستایشدەکرێت, و باقییەکەشى لە بن ناوى تیرۆر و فەندەمێنتاڵیزمدا ڕەتدەکرێتەوە. ژیژەک ڕاستەوخۆ ستایشى تیرۆر ناکات, تیرۆر ئەنجامەکەیە, بەڵکو ستایشى ئەو ئامادەیی(readiness)یە دەکات کە لەپێناوى ئایدیاڵ و ئامانجێکدا هەیە. ئاشکرایە لێرەدا حەکایەتە فرۆیدییەکە ئامادەیە: ژیان بەتەواوى ژیان نیە, بەڵکو هەردەم پێویستى بە ڕەهەندێکى مەرگبارە تا خۆى بگرێت. جۆرێک لە شۆک تا پەژمووردەیی و ڕۆتینى ژیان بشکێت. ژیانێک کە سەرتاپا ژیان بێت, سەردەکێشێتەوە بۆ ڕەهەندێکى تر‌ى مەرگ کە سەرنجڕاکێش نیە. لێرەوەیە زۆرجار هەندێک لە بیرمەندانى خۆرئاوایی, ستایشى هەر ڕەهەندێکى پێشمۆدێرنانەش دەکەن بەو مەرجەى قوربانیدانى تیا بێت. جەستەکان تەنیا لە مۆدێل و مۆدى خەمۆکهێن و نەشتەرگەریی دەستکرد هەڵنەژەنرێن, بەڵکو بەو قوربانیدانەش ئالودەبکرێن کە ژیان لە کرۆکدا پێویستیەتى. دەکرێت ئەم جۆرە بۆچوونانە هەڵپەسێردرێن و بۆ مشت‌ومڕ بهێڵدرێنەوە, چونکە لە دەرەوەى مێژووى خۆرهەڵاتەوە دەدوێن. بەڵام ماناکانى قوربانیدان, بەپێى دۆخ و سیاقى خۆى, شتێکە لە ئاستى تاک و کۆشدا قابیلى جۆرێک لە داکۆکییە.
ئەم یەک دوو ڕۆژەى کە لەناو ڕووداوەکانداین, پەیتاپەیتا ڤیدیۆى ئەو چەکدارانەى تالیبان بەدیدەکەین کە خەریکى نانخواردن یان ڕێکخستنى هاتوچۆ یان گەمەکانى ناو شارى یاری یاخود پێشکەشکردنى بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانن. ئەوەى لەم دیمەنانەدا جێى سەرنجە ئەوەیە کە بیست ساڵ بەسەر تالیبانى پێشوودا ڕابووردووە, ئەمە خۆى هەستێک جێدێڵێت کە بەناو دوو دەیەدا تێپەڕیوە. واتە, کرانەوەمان بە ڕووى دونیادا و بیستنى زۆر باس‌وخواس و درووشمى تر وایکردووە ژێستێک بنوێنین کە ئێستا سەردەمێکى ترە. لەڕاستییدا ئەمە جێى گومانە, زۆر شت وەک خۆیانن, هەستەکانیش ئاوێتەن بە شیوەنەبیر و نۆستالیژیا. بۆیە پرسیارى بنەڕەتى لەم میانەیەدا ئەوەیە کە: ئەوەى لە ڤیدیۆکاندا بە ونى دەدوێت چیە؟
جدییەتى ناو فێرگە و حوجرە, ئاوێتەبوونى بێدەنگى و ئامانج لە ڕووخساردا, گەڕانەوەى ئەوەى «دەبوو نەگەڕێتەوە», قوتبوونەوەى فەندەمینتاڵیزم بەبێ خوێنى پێشوەختە, شەفافیەتى بەرژەوەندى لاى زلهێزەکان کە دەشێت چەشنى حازرخۆرێک بەر لایەنێک بکەوێت, تەرکیزى پێشوەختەى هەموان لەسەر دۆزى ژن کاتێک کە تالیبان نایەوێت دەمودەست ڕوون بێت. سەرەنجامیش کینەڤینى مرۆى خۆرهەڵاتى بۆ ئەو چەکدارانە, واتە ڕقێکى تێکەڵ بە ئەڤین لاى بینەرە بێلایەنەکە.
ئەمانە و زۆر شتى تریش, دیسان بەپێى کات مانا وەردەگرنەوە, بەڵام خودى ڕووداوەکە زەین و زەمینەى هەموان بۆ کۆمەڵێک شت نەرمدەکات کە ڕەنگە لەئێستادا بە هەند وەرینەگرین...
*************************
هەشتا هەزار چەکدارى تالیبان ئەفغانستانیان گرتووەتەوە و هەندێ شاریش یەک لەدواى یەک وا دەکەون, لەکاتێکدا سێ سەد هەزار چەکدارى بەهێزترى دەوڵەتیش هەن کە پڕچەکتر و ڕاهێنراوترن, کەچى پێکڕا توانەوە و بێ ئەوەى ویستى شەڕکردنیان هەبێت خۆیان ڕادەستکرد. ئەمە بۆ ڕوویدا؟
میدیا خۆرئاواییەکان پێماندەڵێن ئەو دۆخە کۆمەڵێک لێکدانەوە هەڵدەگرێت. یەکەم هۆیان بەئاشکرا هۆیەکى ڕەگەزپەرستانەیە(ڕاسیستى) کە بەو پێیە: خەڵکى ئەفغانستان وەک پێویست گەشەیان نەکردووە بۆ دیموکراسى, ئەوان هێشتاش هەر بە تاسەى فەندەمێنتاڵیزمى دینییەوەن(گەر بانگەشەیەکى گاڵتەجار هەبێت هەر ئەمەیە). نیوسەدە بەر لە ئێستا, ئەفغانستان وڵاتێکى(تاڕادەیەک) ڕۆشنگەر بوو کە حیزبێکى کۆمۆنیستى بەهێزیشى هەبوو, حیزبێک کە بە حیزبى دیموکراسیی خەڵکى ئەفغانستان ناسرابوو, و ساڵانێک جڵەوى دەسەڵاتى بە دەستەوە بوو. ئەوە تەنیا دواتر بوو کە ئەفغانستان ڕووبەڕووى فەندەمێنتاڵێکى دینى بووەوە, ئەویش وەک پەرچەکردارێک بە ڕووى داگیرکاریی سۆڤیەتدا کە دەیویست بەر بە ڕووخانى دەسەڵاتە کۆمۆنیستییەکە بگرێت.
لێکدانەوەیەکى تر بۆ دۆخەکە کە میدیاکان پێشکەشمانى دەکەن, بریتییە لە مەسەلەى تیرۆر, گوایە هەرکەس پێچەوانەى سیاسەتى تالیبان بجووڵێتەوە, بێڕەحمانە ڕەمیدەکرێت(لەناودەبرێت).
لێکدانەوەیەکی دیکەش بریتییە لە پرسى ئیمان(باوەڕ): [گوایە] تالیبان هەروا سەرڕاستانە بڕواى بەوەیە کردارەکانى وان بەجێهێنانى ئەرکێکە کە خودا خستوویەتیە سەر شانیان و سەرکەوتنیشیان مسۆگەر کراوە. بۆیە دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن چونکە کات لاى ئەوان دەگرێت و [زەمەن سەرەنجام لە قازانجى ئەوانە].
لێکدانەوەیەکى ئاڵۆزتر و واقیعبینانەتر سەبارەت بەوەى بۆچى تالیبان بەخێرایی ئەفغانستانى گرتەوە, ئەوەیە کە ئاماژە بۆ ئەو فەوزا و پشێوییە دەکات کە لە شەڕ و گەندەڵیی وڵاتەکە کەوتووەتەوە. ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ئەو باوەڕەى کە ڕژێمەکەى تالیبان تەنانەت ستەم و چەوسانەوە پیادەبکات و شەریعەتیش جێبەجێ بکات ئەوا خۆ لاى کەمییەکەى ئاسایش و نەزم دابیندەکات.
وێڕاى ئەمەش, ئەم لێکدانەوانە سەرلەبەر خۆیان لە ڕاستییەکى بنچینەیی لادەدەن کە ڕاستییەکى ترامایی و [شۆکهێنەر]ـە بۆ ڕوانگە خۆرئاواییەکە. ئەوەش بێباکى و گوێنەدانى تالیبانە دەرهەق بە مانەوە و ئامادەیی شەڕکەرەکانى بۆ "شەهیدبوون", ئەویش نەک هەر لە شەڕێکدا بەڵکو لە کردەوەى خۆکوژییشدا.
ئەو تەفسیرەى گوایە شوێنکەوتووانى تالیبان وەک کەسانى فەندەمێنتاڵ «لەدڵەوە باوەڕیان هەیە» و گەر شەهید بن دەچنە بەهەشت, شتێکە بەس نیە, چونکە ناتوانن درک بەو جیاوازییە بکەن کە لەنێوان ئەم دووانەدا هەیە: باوەڕبوون بە ماناى تێڕوانینى فیکرى[1](خۆ من دەزانم دەچمە بەهەشت, و ئەوەش ڕاستییەکە), باوەڕبوون وەک پێگەیەکى سوبێکتیڤى دەرگیر. بە دەربڕینێکى تر, هێزە ماتریاڵییەکەى ئایدۆلۆژیا لەبەرچاوناگرێت. لەم حاڵەتەشدا, -هێزى ئیمان-, کە نەک هەر لە هێزى قەناعەتماندا بەڵکو لەوێشدا نوستووە کە چۆن بە [هەموو] بوونمانەوە باوەڕەکەمان لە ئەستۆدەگرین: ئێمە کۆمەڵێک سوبێکت نین کە ئەم باوەڕ یان ئەویتریان هەڵدەبژێرین, بەڵکو ئێمە بەم مانایە خودى باوەڕەکە«مان»ین کە هەڵژەنراوە لە ژیانمان. [واتە باوەڕەکەمان لە جەستە و ڕۆحمان هەڵژەنراوە و هەر چرکەیەک ئامادەین ئەم تێکهەڵشێلانە لەڕێى قوربانیدانەوە بخەینەڕوو].
هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییەش بوو کە میشێل فۆکۆى فەیلەسوفى فەڕەنسى, هێندە شەیداى شۆڕشە ئیسلامیییەکەى ساڵى ١٩٧٩ ـى ئێران بوو و دوو جاریش سەرى لەوێ دا. ئەوەى سەرنجى ئەوى بۆ لاى خۆى ڕاکێشا تەنیا ئەو پێگەیە نەبوو کە شەهیدبوونى لێوە قبوڵدەکرا و کەسەکە باکى بە لەدەستدانى گیانى خۆى نەبوو. بەڵکو ئەو دەرگیر و مژۆڵى گێڕانەوەیەکى تایبەتى «مێژووى حەقیقەت[2]» بوو, جەختیشى لەسەر فۆرمە پارتیزان و پڕ جەنگ و جەدەلەکەى گێڕانەوەى حەقیقەت دەکردەوە, هەروەها گۆڕان و وەرچەرخان لەڕێگەى ململانێ و تاقیکردنەوەى سەختەوە, ئەویش بەپێچەوانەى فۆرمە هێورکەرەوە و بێلایەنکەر و نۆرماڵکەرەوەکانى دەسەڵاتى مۆدێرنى خۆرئاواییەوە. خاڵە یەکلاکەرەوەکە بۆ تێگەیشتن لەم خاڵە برییتیە له تێگەی حەقیقەتی بەردەست له گوتاره مێژوویی-سیاسییەکەیدا، تێگەی حەقیقەت وەک بەشەکیبوون، وەک شتێکی تەرخانکراو بۆ شەڕڤانەکان [ی حەقیقەت].
یان وه‌كئه‌وه‌ی فۆكۆ خۆی ده‌یڵێت: «ئه‌گه‌ر ئه‌م سوبێكته‌ی ده‌رباره‌ی ماف (یان وردتر، مافه‌كان) ده‌دوێت، حه‌قیقه‌ت گۆبكات، ئه‌وا ئه‌م حه‌قیقه‌ته چیتر حه‌قیقه‌ته گەردوونییەکەى فه‌یله‌سوف نییه. ڕاسته، ئه‌م گوتاره ده‌رباره‌ی جه‌نگی گشتی و ههمهلا، ئه‌م گوتاره كه هه‌وڵده‌دات له‌ژێر ئاشتییه‌وه شرۆڤه‌ی جه‌نگ بكات، له‌ڕاستییدا هه‌وڵێكه بۆ وه‌سفكردنی به‌ره‌ی شه‌ڕ وه‌ك گشت (whole)ێک و داڕشتنه‌وه‌ی ڕه‌وته گشتییه‌كه‌ی جه‌نگ. به‌ڵام ئه‌مه نایكاته گوتارێكی گشتساز یان بێلایه‌ن؛ به‌ڵكو هه‌میشه گوتارێكه له گۆشه‌نیگا و پێرسپێكتیڤێكی دیاریكراودا چه‌قیوه. ئه‌م گوتاره ته‌نیا تا ئه‌و ڕاده‌یه خولیای بۆ گشتێتی (توتاڵیته) هه‌یه كه بتوانێت تاكلایه‌نه لێی بڕوانێت، بیشێوێنێت و له گۆشه‌نیگاكه‌ی خۆیه‌وه سه‌یری بكات. به گوزارشتێكی تر، حه‌قیقه‌ت بریتییه له‌و حه‌قیقه‌ته‌ی ته‌نیا له پێگه‌ی شه‌ڕ و خه‌باتی خۆی، له گۆشه‌نیگای سهكهوتنخوازی و سه‌ره‌نجامیش، با بڵێین، مانه‌وه‌ی سوبێكته قسه‌كه‌ره‌كه خۆیەوە، به‌گه‌ڕده‌خرێت.»
ئاخۆ ده‌كرێت گوتارێكی ده‌رگیری له‌م چه‌شنه وه‌ك نیشانه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی "سه‌ره‌تایی" پێش‌مۆدێرن[3] كه هێشتا نه‌هاتووەته ناو تاكگه‌رایی مۆدێرنه‌وه ڕه‌تبكرێته‌وه؟ ئه‌ی ئایا ده‌بێت بوژانه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره له‌مڕۆدا وه‌ك نیشانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی فاشیستی تووڕبدرێت؟
هه‌ر كه‌سێك بچووكترین ئاشنایی له‌گه‌ڵ ماكسیزمی خۆرئاواییدا هه‌بێت، وه‌ڵامه‌كه ڕوون و ئاشكرایه: جۆرج لۆكاچ، فه‌یله‌سوفی هه‌نگاری، نیشانیداوه کە چۆن ماركسیزم "به‌شێوه‌یه‌كی گشته‌كی (یونیڤێرساڵ) ڕاسته" نه‌ك وێڕای بهشهكیبوون (partiality)ـه‌كه‌ی به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی "به‌شه‌كی"یه، واته ته‌نیا له پێگه‌یه‌كی سوبێكتیڤی به‌شه‌كی و دیاریكراوه‌وه شیاوی ده‌ستخستنه. ده‌كرێت هاوڕای ئه‌م تێڕوانینه بین یان ناكۆك بین له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵام ڕاستییه‌كه هەر ئه‌و شته‌یه كه فۆكۆ له ئێرانی دووره‌ده‌ستدا بۆی ده‌گه‌ڕا- فۆرمه ("جه‌نگییه") جەدەلییەکەى حه‌قیقه‌تبێژی- خۆی به‌روه‌خت به هێزوگوڕێكی به‌رچاوه‌وه له‌و ڕوانینه ماركسییهدا هه‌بوو له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كه تێوه‌گلان له ململانێی چینایه‌تی به‌ربه‌ست نییه له‌به‌رده‌م زانینی "بابه‌تی"ـی مێژوودا به‌ڵكو ههلومهرجهكهیهتی، ]ئه‌و شته‌یه كه پاشه‌وپاش دهیڕهخسێنیت و ده‌یپارێزێت[.
تێگه پۆزه‌تیڤیسته باوه‌كه ده‌رباره‌ی زانین وه‌ك شێوازێكی "بابەتى و ئۆبێكتیڤ" (بێ لایه‌نانه)ـی واقیع كه گوایه به‌هۆی ده‌رگیربوونێكی سوبێكتیڤی دیاریكراوه‌وه نه‌شێوێنراوه- ئه‌و شته‌ی فۆكۆ ئاواهی ده‌ستنیشانیكردووه: "فۆرمه هێورکەرەوە، بێلایەنکەر و ئاساییكهرهوهكانی ده‌سه‌ڵاتی مۆدێرنی خۆرئاوایی"- په‌تیترین شێوه‌ی ئایدۆلۆژیایه، ئایدۆلۆژیای "كۆتایی ئایدیۆلۆژیا"یه.
له‌لایه‌كه‌وه، مه‌عریفه‌ی پسپۆڕانه‌ی نائایدۆلۆژی و "بابەتى و ئۆبێكتیڤ"مان هه‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، تاكه‌كه‌سه پهرشوبڵاوهكانمان هه‌یه، هه‌ر یه‌كێكیان ته‌ركیزی خستۆته سه‌ر "خودسازی"[4]یه ناباو و فهردییهكهی خۆیه("خودسازی" زاراوه‌یه‌كه فۆكۆ دوای ده‌ستهه‌ڵگرتن له ئه‌زموونه ئێرانییه‌كه‌ی به‌كاریهێناوه)، واته خه‌ریكی ئه‌و شته بچووكانه‌ن وا ژیانیان لێوڕێژدهكهن له چێژ.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌ی تاكگه‌رایی لیبڕاڵه‌وه، ئیلتیزامی گشته‌كی و یونیڤێرساڵ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی ژینه‌كی تێدابێت، شتێكی گوماناوی و "ناعه‌قڵانی"یه...
لێره‌دا به‌ر پارادۆكسێكی سه‌رنجبه‌ر ده‌كه‌وین: له‌كاتێكدا جێی گومانه كه ماركسیزمی تەقلیدى بتوانێت شرۆڤه‌یه‌كی قایلكه‌ر ده‌رباره‌ی سه‌ركه‌وتنی تالیبان بخاته‌ڕوو، نمونه‌یه‌كی پێرفێكتی ئه‌ورووپی له‌مه‌ڕ ئه‌و شته‌ی فۆكۆ له ئێران‌دا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا (و له‌مه‌ڕ ئه‌و شتهیشی ئه‌مێستا له ئه‌فغانستاندا ئێمه كه‌مه‌ندكێش ده‌كات) ده‌خاته‌ڕوو، نمونه‌یه‌ك كه هیچ فهندهمێنتاڵیزمێكی ئایینی له‌خۆناگرێت به‌ڵكو ته‌نیا دهگیربوونێكی دهستهكۆییه له‌پێناو ژیانێكی باشتردا. دوای سه‌ركه‌وتنی سه‌رمایه‌داریی جیهانی، ئه‌م ڕۆحه‌ی ده‌رگیربوون (دەستەویەخەبوونەوە)ـی ده‌سته‌كۆیی چه‌پێنرا، ئه‌مێستاش وادیاره ئه‌م دید و پێگه چه‌پێنراوه له كه‌وڵی فه‌نده‌مێنتاڵیزم (بناژۆخوازی)دا خەریکە دەگهڕێتهوه.
ئایا ده‌توانین وێنای گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌پێنراو له كه‌وڵه درووست و شیاوه‌كه‌ی خۆیدا، واته له كه‌وڵی ده‌رگیربوونی ده‌سته‌كۆیی ڕزگاریخواز بكه‌ین؟ نه‌ك تەنیا ده‌توانین وێناى بكه‌ین، به‌ڵكو خۆی پێشوه‌خته به‌توندی له ده‌رگامان ده‌دات.
لێگه‌ڕێن ته‌نیا ئاماژه به كاره‌ساتی گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی (گلۆباڵ) بكه‌ین- ئه‌م كاره‌ساته كرداری ده‌سته‌كۆیی فراوان و سه‌رتاپاگیر ده‌خوازێت كه ئه‌مانیش پێویستییان به كۆمه‌ڵێك فیداكاری هه‌یه، پێویستیان به به‌قوربانیكردنی زۆرێك له‌و چێژانهیه كه ئێمه پێیان ڕاهاتووین. گه‌ر به‌ڕاستی ده‌مانه‌وێت تێكڕای ژیانمان بگۆڕین، ئه‌وا ده‌بێت "خودسازی"ـی تاكگه‌را، كه ته‌ركیز ده‌خاته‌سه‌ر به‌كارهێنانی چێژهكانمان، هه‌ڵپه‌سێردرێت. زانستی پسپۆرانه ناتوانێت به‌ته‌نیا شانی بداته به‌ر ئه‌م كاره- به‌ڵكو ده‌بێت زانستێكی ڕه‌گداكوتاو بێت له قووڵترین ده‌رگیربوونه به‌كۆمه‌ڵ و دهستهكۆییهكان. ده‌بێت ئه‌مه وه‌ڵامی ئێمه بێت بۆ تالیبان.