ژیان له شوێنێكی تره:
تێلیگرام و نوسینی بێ‌نێوانگری(immediacy)
نیما په‌رژام
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
"ته‌نیایی هه‌ركه ده‌ربڕدرا ده‌موده‌ست له‌ناوده‌چێت. ته‌نیا ده‌كرێت له مهودایهكهوه بنوسرێت كه له‌و چاوه بیپارێزێت وا ده‌یخوێنێته‌وه".
"ده‌رباره‌ی ته‌نیایی وه‌ك فه‌زای نوسین"- ئێدمۆند جابێس[1]
وادیاره ویستی هه‌ڵكشاو و بهپهلهپهلی تاكه‌كه‌سه‌كان بۆ ئاماده‌بوون له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه مهجازییهكاندا، هاوشانه به ڕه‌خنه‌ی هه‌ڵكشاوی زۆربه‌یجار هه‌مان ئه‌م كه‌سانه له‌م تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه؛ ناواخنی ڕه‌خنه‌كانیش بریتین له پچڕانی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییه‌كان و هتد. وادێته‌به‌رچاو دیسانه‌وه لێره‌شدا ڕووبه‌ڕووی نمونه‌یه‌كی دیكه‌ی پێناسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئایدیۆلۆژیا له سه‌رمایه‌داریی دواییندا ده‌بینه‌وه: ئه‌وان ده‌زانن چی ده‌كه‌ن، به‌لام هێشتاش هه‌ر ده‌یكه‌ن[2]. به‌هه‌رحاڵ نابێت ئه‌وه نادیده‌بگرین ئه‌م بڵاوبوونه‌وه سه‌رتاپاگیره‌ی په‌یوه‌ندییه مه‌جازییه‌كان پانتاییه‌كی هێنده فراوانی هه‌ڵبژاردن بۆ مه ناهێڵێته‌وه؛ ئێمه‌ی سوبێكته بێ به‌رگرییه‌كان، ئێمه‌ی ئه‌تۆم (atom)ـه لاته‌ریك و به‌رنه‌گر و ئازارچهشتووهكان[3]. ئایا بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی ئه‌م ڕه‌وته چیمان له‌ده‌ستدێت؟ یه‌كه‌م وه‌ڵام كه دێته زه‌ینمان دووركه‌وتنه‌وه‌یه لێیان. تومه‌ز بژارده شه‌خسییه‌كه‌ی خۆم ده‌رهه‌ق به فه‌یسبووك هه‌مان ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌یه بوو. به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك كه هاوڕێیه‌ك پێی وتم "ئه‌و كه‌سانه‌ی له فه‌یسبووكیشدا نین، هێشتا به جۆرێك له جۆره‌كان له فه‌یسبووكن"، وای لێكردم سه‌رله‌نوێ تێبفكرمهوه. گه‌رچی ئه‌م وته‌یه به‌ئاشكرا ئاماژه‌ی به ئاماده‌یی (حزوور-presence) له‌ڕێگه‌ی نائاماده‌یی (غیابabsence-) یان به نێوانگریی نائاماده‌ییه‌وه ده‌كرد، به‌ڵام دواتر، پاش ده‌ركه‌وتنی ڤایبه‌ر، واتس ئه‌پ و سه‌ره‌نجام به‌كارهێنانی هه‌مه‌گیر و به‌ربڵاوی تێلیگرامه‌وه، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌هه‌نده ئهزموونیترهكانی ئه‌م دیتێرمینزم (جه‌بر)ه به‌هێزه بوومه‌وه: ئه‌و كه‌سه‌ی هێشتا مكوڕه له‌سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه له په‌یوه‌ندییه مه‌جازییه‌كان به‌زوویی په‌ی به‌وه ده‌بات كه ڕۆژ له دوای ڕۆژ له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی نامۆتر ده‌بێت، و ورده ورده‌ش د‌رك به‌وه ده‌كات چیتر له‌و نوكتانه تێناگات وا ناسیاوه‌كانی ده‌وروبه‌ری بۆ یه‌كتری ده‌گێڕنه‌وه چونكه ئاگای له باگراوه‌نده باو و هاوبه‌شه‌كه‌ی وته‌كانیان نییه. به‌م پێیه، ئه‌و كه‌سه دواجار له‌وه به‌ئاگادێته‌وه ماوه‌یه‌كه توانای تێركردنی هه‌ندێ له پێویستییه‌كانی نییه، و په‌ی به‌وه‌ش ده‌بات كه چ له شوێنكاره‌كه‌ی یان لای هاوڕێكان و خێزانه‌كه‌یدا ماوه‌یه‌كه فایل، وێنه، فیلم و هه‌واڵه كه‌سی، پیشه‌یی و گشتییه گرنگه‌كان ته‌نیا له میدیا مهجازییهكانهوه ده‌گوازرێنه‌وه و بڵاوده‌كرێنه‌وه. لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی به‌دیهاتن (ئهكچواڵیزهیشن)ه گاڵته‌جاڕ و پاتاڵهكهی وته ناوداره‌كه‌ی ئارتور ڕامبۆ ده‌بینه‌وه: "ژیان له شوێنێكی تره"! ماوه‌یه‌كی ئه‌وتۆی پێناچێت ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه هێشتا مله‌جه‌ڕێ و به‌رهه‌ڵستی بنوێنێت، ناچاره بڕیاربدات ئه‌م په‌یوه‌ندییه مه‌جازییانه به شێوازێكی ڕكێفكراو و به‌پارێز و وردكارانه به‌كاربهێنێت له‌بریی ئه‌وه‌ی دووركه‌وێته‌وه لێیان. پێده‌چێت له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا ڕێگه‌یه‌كی درێژ له‌نێوان ئه‌م پنته بۆ ئاڵوده‌بوونی تونددا نه‌بێت.
به‌هه‌رحاڵ، ئاخۆ ئه‌م هه‌ستی تێركردنه ئاڵودهكهرهی وا له به‌كارهێنانی تێلیگرامدا هه‌یه له‌كوێوه دێت؟ تێلیگرام چ بۆشاییه‌ك له ژیانماندا پڕده‌كاته‌وه؟ هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت به گومانه‌وه بڕوانینه ئه‌و په‌ڵپگرتن و بیرۆكه‌یه‌ی سه‌ر به كۆمۆن سێنس (عه‌قڵی سه‌لیم) ده‌رباره‌ی تۆڕه كۆمه‌لایه‌تییه مهجازیییهكان كه "ئه‌م تۆڕانه، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌لایه‌تی و خێزانییه ڕاسته‌وخۆ و زیندووهكان له‌ناوده‌به‌ن" (ئه‌م پهڵپگرتنه خۆی زۆربه‌یجار به‌شێكه له پرۆسه‌ی ئاڵووده‌بوون پێیان). به‌دڵنیاییه‌وه پرسه بهرباسهكهمان ئاڵۆزتره. هه‌موومان ده‌زانین كۆمه‌ڵگای مۆدێرنی ژێر چه‌پۆكی سه‌رمایه‌داری، مرۆڤه‌كان بۆ سه‌ر ئهتۆمگهلێكی لاته‌ریك و دووره‌په‌رێز مه‌سخ ده‌كات، جۆره تاكگه‌راییه‌كی زێده‌ڕۆ كه به‌ڕووكه‌ش و لۆژیكیانهش واداده‌نرێت فره‌ییه‌كی جوان و جۆراوجۆر له جیاوازییه هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كان ده‌ئافرێنێت. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پارادۆكسانه، چه‌نده ئه‌م فره‌ییه‌ی جیاوازییه‌كان به‌ربڵاوتر و هه‌مه‌ڕه‌نگتر بێت، جیاوازیییهكان خۆیان تا ئه‌و ڕاده‌یه بێ بایه‌ختر ده‌بن كه پرۆسه باسكراوهكهی سه‌ره‌وه دواجار ئه‌م شه‌به‌نگه پلورال و فره‌یه وه‌كیه‌ك لێده‌كات و سه‌رده‌كێشێت بۆ جۆره یه‌كڕه‌نگ كردنێكی گه‌له‌یی[4]. ئه‌دۆرنۆ و هۆركهایمه‌ر، له بڕگه‌یه‌كی "دیاله‌كتیكی ڕۆشنگه‌ری"دا، به‌ناونیشانی "ته‌نیاكه‌وتن به‌هۆی گواستنه‌وه (په‌یوه‌ندیگرتن)"[5]، نمونه‌یه‌كی ناوازه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌خه‌نه‌ڕوو:
"ئۆتومبێله‌كان جێگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ریان گرته‌وه. ئۆتومبێلی تایبه‌ت (شه‌خسی) بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئاشنابوون له‌میانه‌ی سه‌فه‌ركردندا تا ڕاده‌ی به‌ركه‌وتنه نیمچه-هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌شتیاره پیادهڕهوهكاندا[6] دابه‌زێت. خه‌ڵكی به سوار تایه لاستیكهكانهوه[7] له تهریككهوتنێكی كوشنده‌وه له‌یه‌كتر گه‌شتده‌كه‌ن. ]به‌ڵام[ ئه‌و شته‌ی له ئۆتومبێلی خێزانێكدا باسوخواسی له‌باره‌وه ده‌كرێت هه‌مان ئه‌و شته‌یه وا له ئۆتومبێلێكی دیكه‌شدا باسده‌كرێت؛ له خێزانێكی بچو‌وكدا[8]، گفتوگۆكردن به ده‌وری خولیا و به‌رژه‌وه‌ندییه پراكتیكییهكاندا ده‌سوڕێته‌وه. وه‌كچۆن هه‌ر خێزانێكی خاوه‌ن داهاتێكی دیاریكراو، ڕێك وه‌كئه‌وه‌ی ئامارزانی دهیقهبڵێنێت، هه‌مان ڕێژه‌ی سه‌دی بۆ خانوو، سینه‌ما و جگه‌ره خه‌رجده‌كات، ناواخنی گفتوگۆكانیش به‌پێی چه‌شنی ئۆتۆمبێله‌كان نهخشهڕێژكراون"[9]. (لا 184)
ده‌ركه‌وتنی تێلیگرام ده‌بێت له باگراوندی ئه‌م لۆژیكه‌دا ئاوڕی لێبدرێته‌وه. ئه‌و شته‌ی تێلیگرام له ژیانی خه‌ڵكی ده‌یڕفێنێت په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه زیندوو و ئۆرگانیكهكان نییه. ئه‌و شته‌ی ئه‌م بانگه‌شه‌یه ده‌یشارێته‌وه ئه‌و ڕاستییه‌یه كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئۆرگانیكانه له كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا پێشوه‌خت مهسخكراون و تووشی ماهیهتگۆڕكێ هاتوون، تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش پچڕێنراو و پاژپاژكراون. له‌ڕاستییدا ئه‌وه شتێكی باوه كه خه‌ڵكی له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا یه‌كتر ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه له‌وه‌ی كه ئاماده‌بوون له كۆبوونه‌وه و هاموشۆكردنه واقیعییه‌كاندا نه‌كه‌نه قوربانی كۆبوونه‌وه مه‌جازییه‌كان. ئه‌و شته‌ی تێلیگرام له خه‌ڵكی ده‌یدزێت ته‌نیا هاموشۆكردنه ڕۆژانه‌ییه پاژپاژ و زۆربه‌یجار بێ به‌هاكانیان نییه، به‌ڵكو له‌مه‌ش پتر و گرنگتر تهنیاییهكهیانه، هه‌مان ئه‌و جێیه‌ی تێیدا ئه‌م پچڕانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ژاریی ئه‌زموونه دهستهكۆییهكان خۆیان وه‌ك كه‌لێنێك نیشانده‌ده‌ن. تێلیگرام ته‌نیایی تاكه‌كه‌س بۆ هاموشۆ و كۆمهڵایهتیبوونێكی مه‌جازی ده‌گۆڕێت.
به‌لام گرنگترین به‌ڵگه‌ی ئه‌م بانگه‌شه‌یه ئه‌و تێما و ناواخنهیه وا كه‌وتۆته هه‌ناوی دیارده‌ی میدیا مهجازییهكانهوه: نوسین. له‌مڕۆدا باسوخواسی بیرمه‌نده چه‌په گرنگه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌نگ (voice) به‌ته‌رزێكی هه‌ڵكشاو قایلمان ده‌كات كه دێریدا له هاوشێوه‌كردنی ده‌نگ له‌گه‌ڵ "میتافیزیكی حزوور"دا بۆ به‌رگریكردن له نوسین هێجگار په‌له‌ی كردووه، و ماهیه‌ته لوغزاوی و حهپهسێنهرهكهی ده‌نگی نادیده گرتووه. به‌هه‌رحاڵ، پێویسته ددان به‌وه‌شدا بنێین كه نابێت ئه‌م باسانه‌ی ده‌رباره‌ی ده‌نگیش هه‌ن گرنگیی پێگه بونیادییه‌كه‌ی نوسین، كه دێریدا ڕوونیكردۆته‌وه، فه‌رامۆش بكه‌ن. ده‌نگ (sound)ی مرۆیی له‌سه‌ر بێ نێوانگریی حزوورهوه به‌نده. پێشمه‌رجی ئاخاوتن ئاماده‌یی هه‌ریه‌كه له قسه‌كه‌ر و گوێگره. به‌ڵام نوسین به‌نده له‌سه‌ر نائاماده‌یی یه‌كێكیان له‌كاتی ئاماده‌یی ئه‌ویتریاندا. به‌م پێیه، نوسین به‌كرده‌یی چه‌شنه ڕێكخستنێكی ئه‌رێنی نائاماده‌ییه. به ڕه‌چاوكردنی لینكه دێرینه‌كه‌ی نێوان بێ نێوانگری وئایدیۆلۆژیا، ئاشكرایه نوسین توانایه‌كی زیاتری بۆ بهرههلستیكردنی بالاده‌ستیی ئایدیۆلۆژیا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و لهخۆوهگۆیی[10] و بێ نێوانگرییهی له زۆربه‌ی گفتوگۆكاندا هه‌یه وایان لێده‌كه‌ن له‌م ڕووه‌وه پتر قابیلی كارتێكردن بن. با مشتومڕی نوسراوی نێوان دوو بیرمه‌ند له چه‌ند ژماره‌یه‌كی بهدوایهكی گۆڤارێكی مانگانه‌دا له‌گه‌ڵ دیبه‌تێكی ڕووبه‌ڕووی نێوان هه‌مان ئه‌م بیرمه‌ندانه به‌راورد بكه‌ین. گه‌رچی له‌وانه‌یه ده‌ركه‌وته نمایشی و دراماتیكهكهی دووه‌میان له هه‌ندێ دیوه‌وه كاراتری بكات، به‌ڵام یه‌كه‌میان كه چیتر گیرۆده‌ی ئه‌و ڕیتمه خێرایه نییه وا له‌لایه‌ن لۆژیكی گفتوگۆیه‌كی ئاماده‌وه ده‌سه‌پێنرێت، لانیكه‌م هه‌لومه‌رج و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه یهكانگیرتر، به‌به‌رهه‌متر و بهرههڵستكارتریش بێت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و سهفسهتانهی له حازرجوابی و زمانلووسیهوه سه‌رچاوه‌ده‌گرن. ئه‌گه‌ر وه‌كئه‌وه‌ی باسمان كرد، تێلیگرام نه‌ك ته‌نیا هاموشۆ ڕۆژانه‌ییه بێ به‌هاكانی خه‌ڵك به‌ڵكو له‌میش گرنگتر تهنیاییهكهشیان بڕفێنێت، ئه‌وا ده‌كرێت بوترێت تێلیگرام هه‌وڵده‌دات غیاب و نوسین، یه‌ك له دوای یه‌ك، بۆ حزوور و ئاخاوتن بگۆڕێت. لێره‌وه‌یه، ئه‌زموونی ئێمه له‌گه‌ڵ كرده‌ی نوسین له تێلیگرامدا زۆربه‌یجار، له‌په‌یوه‌ند به ڕێژه‌ی بێ نێوانگری و كاتمهندی و گوژم و هه‌ڵپه‌ی بهرههڵستینهكراوی ڕیتم، نزیكه له ئه‌زموونی گفتوگۆكانی سه‌ر به حزوور (یان وتووێژی ئاماده‌كان). له فه‌زای تێلیگرامدا، میتافیزیكی حزوور وه‌كو تارماییه‌ك هه‌ڵده‌كوتێته سه‌ر نوسین و ماهیهتهكهی ده‌گۆڕێت. نوسین له تێلیگرامدا نوسینێكی بهرزهفتكراو و جناژۆیه[11]، نوسینێك كه ئێخسیری لۆژیكی ڕاسته‌وخۆ و بێ میدیۆمی ئاخاوتنه و بووه‌ته سێبه‌ره نیوه‌ڕۆكه‌ی وی.
به‌م چه‌شنه‌یه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاده به‌ها له په‌یوه‌ندییه كۆمهلایهتییهكانمدا دهردهكێشن، له هه‌مان ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه نامومكین ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌م تۆڕانه هاوكات ده‌بنه ئامرازێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌جازیی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه، ئه‌مه‌ش به خاتری پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه زه‌قه‌كه‌ی ناو ته‌نیایی مرۆڤه‌كان كه غیابی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه ئاشكرا ده‌كات. به‌م پێیه، تۆڕه مه‌جازییه‌كان ته‌نیایی مرۆڤه‌كان ده‌سته‌مۆ و ماڵی ده‌كه‌ن و كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی داده‌پۆشن.
به‌لام ئاخۆ ئاماده‌بوون و به‌شداریكردنێكی كۆنتڕۆلكراو و به‌پارێز له تێلیگرام یان نیشاندانی به‌رهه‌ڵستییه‌كی سوبێكتیڤی دیاریكراو تێیدا ئه‌سله‌ن مانا و شیان (ئیمكان)ی هه‌یه؟ گه‌رچی ئاشكرایه ئه‌مه گه‌لێك گه‌شبینانه دیاره، به‌ڵام نابێت ئه‌وه نادیده بگرین كه ئاماده‌یی و به‌شداریكردن و ده‌رگیری سوبێكته مرۆییه‌كان له‌م ژینگه پرۆگرامكراو و سیستهماتیكهدا دواجار هه‌میشه بڕێك گرژیی له سوبێكتدا له‌خۆده‌گرێت كه تێههڵكێشبوونی ته‌واوه‌تی و كامڵی سوبێكت له سیسته‌مه‌كه‌دا ده‌كاته شتێكی مه‌حاڵ. ده‌شێت له ئاستێكی دیاریكراو به‌ڵام نه‌ك ئه‌وه‌نده به‌رچاو، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی سوبێكتیڤیته به‌هۆی ستراتیژ یان دیسپلینێك بتوانێت ئه‌م ژینگه به‌روه‌خت پرۆگرامكراوه تا ڕاده‌یه‌ك ده‌سته‌مۆ و ڕكێفبكات. له‌م حاڵه‌ته‌دا، سوبێكته‌كان (به هه‌ردوو ماناكه‌ی، بریكاره‌كان و ژێرده‌سته‌كان) ده‌توانن تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ده‌ڕه‌خسێت خوڕه‌ی به‌تاوی ئه‌و لێشاوه كه‌مبكه‌نه‌وه كه ده‌قه ڕووتوقووت و خاڵیكراوهكان له جه‌وهه‌ره مێژوویه‌كه‌ی زمان له قوڕولیتەى گفتوگۆ تێپهڕهكاندا له‌گه‌ڵ خۆیاندا دهیهێننهئاراوه. هێشتاش ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ن ته‌نیاییه له‌رزۆك و شكسته‌كه‌یان بپارێزن، ئاماده‌ییان له فه‌زای بێ‌سنوور و دهستنیشاننهكراوی ئه‌م تۆڕانه سنووردار بكه‌ن و (گه‌ر وشه‌كانی ئالان بادیۆ به‌كاربهێنین) به‌سه‌ر خۆیانه‌وه ببنه "سانسۆركهرێكی بێبه‌زه‌یی (Relentless censor)"[12]. ئه‌وان ده‌بێت نوسینه جناژۆكان بنجبڕ بكه‌ن[13]. به‌هه‌رحاڵ له‌ودیو تێكڕای ئه‌م خه‌مڵاندنانه، بێگومان گرنگترین پرس ئه‌وه‌یه كه ئه‌و سوبێكتانهی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی بهرههڵستیكردنیان هه‌یه ده‌بێت له‌جیاتیی دڵخۆشكردن به‌وه‌ی ئه‌وه‌تا ئه‌وان له‌ناو تۆڕه مهجازییهكاندا خه‌ریكی بهرههڵستین، ئه‌م جاره به‌پێچه‌وانه‌وه، له‌میانه‌ی ئاماده‌بوونیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئه‌وه بیر خۆیان بهێننه‌وه كه به‌ڕاستی ژیان له شوێنێكی تره.
نوسین، ڕێكخستنی نائاماده‌یی (غیاب)ه. ئێمه ده‌بێت نوسین (وه‌كو وه‌رگێڕان) به مانایه‌كی گشتی‌تر به‌كاربهێنین. ئه‌گه‌ر تێلیگرام ئه‌و كه‌لێنه‌ی له غیابی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه واقیعییه‌كان و نه‌ریته ده‌سته‌كۆیی و زیندووه‌كانی بهرههلستییهوه كه‌وتۆته‌وه بۆ نوسینی بێ میدیۆم یان "میتافیزیكی حزوور" بگۆڕێت، ده‌بێت هه‌وڵی پاراستنی نوسین به مانا گشتیترهكهی بده‌ین. به‌ڵام ئاخۆ نوسین به مانا گشتیترهكهی چییه؟ ئه‌دی ئه‌وه نییه كه له ده‌روونشیكاریدا، دهردهنیشانهكان (سهمپتۆمهكان) هه‌مان نوسراوی زمانن كه به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژ له جه‌سته‌ی سوبێكتهكاندا ههڵكڕێنراون؟ چما ئه‌وه نییه كه واڵته‌ر بنیامین ده‌رباره‌ی په‌خشانێك ده‌دوا كه "زنجیره‌كانی نوسین" ده‌شكێنێت و وه‌ك "جه‌ژنێكی شاد و خۆشیهێن"[14] ئهزمووندهكرێت؟ ئاخۆ ده‌ربازكردنی نوسین له زنجیره‌كانی خۆیه‌وه چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت و چۆنیش ده‌كرێت له‌ودیو پانتایی ده‌قه‌وه سه‌ربكێشێت بۆ جه‌ژنێكی شاد له ئاگۆرا (agora)دا؟[15] ئایا ده‌كرێت ده‌رباره‌ی نوسینی سیاسه‌ت بدوێین؟ له‌م حاڵه‌ته‌دا نوسینی سیاسه‌ت، نه‌ك سیاسه‌تی نوسین، چ مانایه‌كی هه‌یه؟
نوسینی سیاسه‌ت بریتی نییه له سیاسه‌ت یان ستراتیژی نوسین؛ ئه‌گه‌ر نوسین ڕێكخستنی ئه‌رێنیی غیاب بێت، كه‌واته نوسینی سیاسه‌ت نوسینێكه كه غیابی سیاسه‌ت ڕێكده‌خات. نوسینی سیاسه‌ت واته فۆرمولهكردن و داڕشتنی غیابی سیاسه‌تی ڕاسته‌وخۆ، له‌پێش یان له‌دوای ده‌ركه‌وتنه هه‌ڵكه‌وت و ڕووداوئاساكانیهوه و خۆیشی له ڕواڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌خاته‌ڕوو كه ڕێكخستنی ئه‌رێنیی ئه‌م غیابه‌یه. به ده‌ربڕینێكی تر، نوسینی سیاسه‌ت ڕێكخستنه، واته، تۆماركردن و داڕشتنی ئه‌رێنی و كرده‌یی شوێپێیه به‌جێماوه‌كانی سیاسه‌ته له ڕۆژگاری غیابهكهی له مانیفێستبوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. نوسینی سیاسه‌ت هه‌مان ئه‌و "شوێنێكی تر"هیه كه تێیدا پاشماوه‌ی ژیانه خهوشدارهكهی خه‌ڵك به هیوای ڕزگاربوون په‌نای بۆ ده‌بات، به‌جۆرێك كه ڕه‌نگه زنجیره‌كانی نوسین تێكبشێنێت و وه‌ك جه‌ژنێكی شادیش ئهزموونبكرێت.
پەراوێزەکان:
[1] The Little Book of Unsuspected Subversion. Trans. Rosmarie Waldrop. California: Stanford University Press, 1996.
ڕسته‌كه خۆی به‌حه‌رفی ئاوایه: "ته‌نیایی ناكرێت گۆبكرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ناوبچێت..."
[2] وادیاره، ئاماژه‌یه بۆ پێناسه‌ی ئایدیۆلۆژیا لای سلاڤۆی ژیژه‌ك، كه ئه‌م خه‌سڵه‌ته سه‌گباوه‌ڕ (سینیك)هی بۆ كاركردی ئادیۆلۆژیا زیادكردووه.
ئه‌م وتاره‌ی نیما په‌رژام، وه‌رگێڕ و نوسه‌ری ئێرانی، هه‌وه‌ڵجار له سایتی "تێزی یازده‌هه‌م" بڵاوبۆته‌وه، دواتر هاوشان به وه‌رگێرانه ئینگلیزییه‌كه‌ی له ماڵپه‌ری گۆڤاری "صفحه- pages" دانراوه‌ته‌وه. نوسخه ئینگلیزییه‌كه‌ی كه‌مێك ده‌ستكاری كراوه و سه‌رچاوه ئیقتیباسكراوهكانی وتاره‌كه‌ی بۆ زیادكراوه، له چه‌ند جێیهكیشدا ورده بهسههوچوونی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، بۆنمونه له‌م ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا چه‌مكی "ئایدیۆلۆژیا" لادراوه. له وه‌رگێڕانی بۆ كوردیدا، پشتمان به هه‌ردوو ده‌قه‌كه به‌ستووه.
[3]ناونانی تاكه‌كه‌س به "ئه‌تۆم" وه‌ك یه‌كه‌ی پێكهێنه‌ری كۆمه‌ڵگا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌تۆمیزم یان ئه‌تۆمیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمهلناسیدا. وه‌كچۆن له دیوه زانستییه‌كه‌یدا ماده له ئه‌تۆم و ته‌نۆلكه پێكهاتووه، به‌هه‌مانشێوه ئه‌م تیۆره تاكه‌كه‌س وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی لێكۆڵێنه‌وه و خه‌ریكبوون وه‌رده‌گرێت. فه‌یله‌سوفانی "گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی" له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا وه‌ك ئهتۆمگهلێك له مرۆڤه‌كانیان ڕوانیوه كه دواتر ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێك له مافه كه‌سییه‌كانیان ده‌بن و كۆنتراكتێكی كۆمه‌لایه‌تی پێكده‌هێنن. به‌ڵام ئه‌م زاراوه‌یه لێره‌دا هاوشان به ماناكه‌ی له "تیۆری ڕه‌خنه‌یی"ی‌دا به‌كارهاتووه، یانی وه‌ك ئهتۆمیزهیشن. ئه‌میش لای خۆیه‌وه به‌رهه‌مێكی سه‌رمایه‌داری و پرۆسه‌ی لاتهریككردنی تهكنۆلۆژیانه و تاكگه‌رایی مۆدێرنه. به‌م مانایه، ئهتۆمیزهكردن، ناوێكی دیكه‌یه بۆ نامۆبوون و به‌شبه‌شكردن و دابڕكردن؛ ئاخاوتن ده‌رباره‌ی ئه‌تۆمیزه‌بوونی تاكه‌كه‌س، ئاخاوتنه له‌مه‌ر نامۆبووونی ویه‌وه- و. كوردی
[4] Herd uniformity, همسانی رمهوار
[5] Isolation by communication : بۆ زاراوه‌ی كۆمۆنیكاسیۆن له هه‌ندێك سیاقدا "گواستنه‌وه" ڕوونتر و ڕێكتره له "په‌یوه‌ندیگرتن". گه‌رچی "په‌یوه‌ندیگرتن" بهزیمنی هه‌ردوو ماناكه ده‌گه‌یه‌نێت و گشتیتریشه- و. كوردی.
[6]Hitchhikers یان ["موسافیرانی كه‌نار جاده"]: ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان ئۆتۆمبێلیان پێ نییه و ده‌ست له سه‌یاره‌ی تر ڕاده‌گرن- و. كوردی.
[7]Rubber tires: وادیاره هه‌ر ئاماژه‌یه بۆ ئۆتۆمبێله‌كان. لێره‌دا ته‌ركیزه‌كه له‌سه‌ر شێوه و بنیاتی ئه‌م ئامرازانه‌ی گواستنه‌وه و لێكهوتهكانیانه- و. كوردی.
[8]Nuclear family: ئه‌و خێزانه‌ی ته‌نیا له دایباب و مناڵه‌كانیان پێكهاتووه به‌پێچه‌وانه‌ی خێزانی گه‌وره‌وه كه ئه‌میان داپیره و باپیره و نه‌وه‌كانیش
له‌خۆده‌گرێت.
[9] Theodor W. Adorno and Max Horkheimer. Dialectic of Enlightenment: philosophical Fragments. Trans. Edmund Jephcott. California: Stanford University Press, 2002.
[10] : Improvisatioقسه‌كردنی ده‌موده‌ست و بێ ئاماده‌كاری، "ئیرتیجالی"شی پێ ده‌وترێت.
[11] جناژۆ یان جن پێكاو، ئه‌و كه‌سه‌ی جنۆكه ده‌ستی لێ وه‌شاندووه (له "فه‌رهه‌نگی كاوه" وه‌رگیراوه).
[12] Badiou, Alain. “Third Sketch of Affirmationist Art”. Polemics. Trans. Steve Corcoran.
Verso, 2006. p. 148
[13] Exorcize, جن گیری
[14] Agamben, Giorgio. “Language and History: Linguistic and Historical Categories in
Benjamin’s Thought”. Potentialities: Collected Essay s in Philosophy . Trans. Daniel Heller-
Roazen. California: Stanford University Press, 1999, p. 48
[15]بۆنمونه سوكرات له ئاگۆرا مشتومڕی له‌گه‌ڵ هاوشارییهكانیدا ده‌كرد. ئاگۆرا ئاماژه‌یه بۆ شوێنه گشتییه‌كانی ده‌وڵه‌ت-شاره یۆنانییه‌كانی كۆن.
سه‌رچاوه
https://www.pagesmagazine.net/en/articles/life-is-elsewhere-telegram-and-the-writing-of-immediacy
https://www.pagesmagazine.net/fa/articles/life-is-elsewhere-telegram-and-the-writing-of-immediacy