A+    A-
(819) جار خوێندراوەتەوە

خراپەی "پاڵەوان":

ئایا پاڵەوانەکان ڕزگارمان دەکەن یان دەبێت ئێمە لە چنگی پاڵەوانەکان ڕزگار بین؟ 

 

 

ڕوشدی جەعفەر

 

 

پاتریشیا هایسمیس (١٩٢١- ١٩٩٥)، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئەمریکی، لە یەکەمین چیرۆکی بڵاوکراوەیدا، ساڵی ١٩٤٥، بەناونیشانی "پاڵەوان" ( the heroine)، وێنایەکی ناوازە دەربارەی خراپە دەخاتەڕوو (ناونیشانەکە وردتر مانای ژنە پاڵەوان دەگەیەنێت، لەبەرامبەر "hero"دا کە پاڵەوانی پیاو دەگرێتەوە). ساڵی دواتر لە لیستە درێژەکەی خەڵاتی ئۆ هێنری بۆ باشترین یەکەم کورتە چیرۆکی نووسەراندا بوو. بەرهەمەکانی ئەم  نووسەرە بە تۆقینی دەروونی، نمایشی  تاوان، فەزای تەڵخ و قۆشمەیی ڕەش دەناسرێنەوە.  فیلمی "بێگانەکان لە شەمەندەرفەر"دا ئەلفرێد هیچکۆک لە یەکەمین ڕۆمانی هایسمیسەوە بە هەمان ناونیشانەوە وەرگیراوە. ئەم فیلمە لە سوودە داراییەکە زیاتر، سوودی ئەوەی بۆ هایسمیس هەبوو کە  ناوبانگێکی جیهانی پێ بەخشی. گەرچی هایسمیس هەر وەک ژنێکی گۆشەگیر و خەمۆک و تەنانەت بە وتەی هەندێ لە نزیکەکانی بێزراو و ڕقاویش مایەوە. 

پوختەی چیرۆکی "پاڵەوان" ئاوایە: لوسیل سمیس، کچێکی بیست و یەک ساڵانە، وەک سەرپەرشتیاری مناڵان لە ماڵێکدا کە لە ژنێک (مسسز کریستنسن) و پیاوێک (ڕۆناڵد کریستنسن) و دوو مناڵی بچووک (نیکی نۆ ساڵان و هیلۆسی شەش ساڵان) و چەند خزمەتکارێک پێکهاتووە دەست بەکاردەبێت. لوسیل سێ حەفتە پێش ئەم کارە، دوای ساڵانێک نەخۆشکەوتن، دایکی مردووە و خۆیشی تووشی دۆخێکی نالەبار هاتووە، بەجۆرێک ماوەیەک ناوەکەیشی بیردەچێتەوە. لەو ماڵە نوێیەدا وەک بڵێی بیەوێت قەرەبووی دەستەوەسانییەکەی پێشتری بکاتەوە دەرهەق بە مەرگی دایکی، هەوڵ دەدات "کارێکی گرنگ" بکات کە خۆشەویستییەکەی بۆ ئەم خانەوادەیە بسەلمێنێت: "شتێکی دیکە"، "شتێکی گەورەتر" لە سەرپەرشتیاریی  ئاسایی ئەو دوو مناڵە. تەنانەت جارێکیان داوای کەمکردنەوەی حەقدەستە هەفتانەکەی بۆ نیوە دەکات، بەڵام ژنەی خاوەنماڵ بە پێکەنین و سەرسامییەوە ڕەتی دەکاتەوە، و پێی دەڵێت ئەگەر بیەوێت بۆیشی زیاد دەکات، بەڵام بۆی کەم ناکاتەوە. بەس لای لوسیل پارە کەڵکەڵەی سەرەکی نییە، هەتا ئەوەشی لەو حەفتەیەدا وەریدەگرێت دەیسوتێنێت. وادیارە پێی وایە وەرگرتنی پارە لێیان ناکۆکە بەو وێنایەی دەیەوێت هەڵیبچنێت. دواتر بیرۆکەیەکی شێتانە زەینی لوسیل داگیردەکات: خەیاڵ دەکات کارەساتێکی گەورە  لەو ماڵەدا بقەومێت تا ئەو بتوانێت وەک پاڵەوانێک ژیانی خێزانەکە ڕزگار بکات! بۆ نموونە لافاوێک یان بوومەلەرزەیەک یان ئاگرێک. لەو شەوەی کە لەو بیرانەدا ڕۆچووە، کتوپڕ دەچێتە گەراجەکە، ئەو تانکییە گازەی لەوێیە دێنێتەخوار، بە باغچە و چوار لای خانووەکەی دەڕشێنێت،  جا شقارتەیەکی لێ دەدات و ئاگر دەگرێت. چاوەڕێ دەکات تاکو  ئاگرەکە بەگڕتر دەبێت، ئینجا بەدەم زەردەخەنە و بەمتمانەبەخۆبوونەوە بەرەو ناو خانووەکە ڕادەکات تاکو خێزانەکە ڕزگار بکات! 

چیرۆکەکە لێرەدا و بەم هەنگاونانەی لوسیل بۆناو خانووە ئاگرگرتووەکە کۆتایی دێت و خوێنەر دەتوانێت وێنای چەند سیناریۆیەک بکات: ئاخۆ دەتوانێت ڕزگاریان بکات؟ ئەی ئەم ڕزگارکردنە وا دەکات ئەو خێزانە پێی سەرسام بن و بزانن چ پاڵەوانێکە یان نەخێر دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەردەکەوێت، هەر ئەم پاڵەوانەیە ئاگرەکەی کردۆتەوە؟ ئەی ئەگەر خێزانەکە، یان هەندێکیان لەناو ئەو ئاگرەدا بمرن، دۆخی لوسیل چی لێ دێت؟ ئایا دوای بەئاگاهاتنەوەیشی ئەم کارە هەر بە کارێکی "پاڵەوانانە" دەزانێت؟  ئەی ئاخۆ لوسیل  لەم هەوڵەیدا دەرباز بێت یان  بەئەنقەست خۆی بەکوشتدەدات تاکو خێزانەکە بزانن چ کچێکی پاڵەوان بووە؟

پاتریشیا خۆی پێش ئەوەی بێتە دونیاوە، دایک و باوکی لێکجابوونەتەوە، دواتر دایکی شووی بە پیاوێکی دیکە کردووەتەوە. پەیوەندییەکی "کینەڤینانە" (کینە+ئەڤین)ی بە دایکییەوە هەبووە. هەرواببێتەوە ماوەیەکیش بێ ئیش بووە یان دواتر ماوەیەک خۆی واتەنی گەمژانە لە ئیشوکاردا خۆی ڕەتاندووە  (وەک چۆن پاڵەوانی ئەم چیرۆکەش جۆرێک له دڵەڕاوکێی ئیشکردنی هەیە- گراهام گرین، ڕۆماننووسی ناسراوی ئەمریکی، پاتریشیای وەک "شاعیری دڵەڕاوکێ" وەسف کردووە). بەهەرحاڵ، لەباتی تەرکیزکردنە سەر پرسی دەروونناسیی نووسەر، ڕاستەوخۆ دەچینە سەر دەقەکە  و چەند تێبینییەک دەخەینەڕوو: 

یەکەم) ئەم چیرۆکەی هایسمیس وێنای کەسێکمان بۆ دەخاتەڕوو کە خراپەیەک دەکات تاکو دواتر وەک "پاڵەوانێک" ڕێگە لە لەدەستدەرچوونی ئەم خراپەیە بگرێت: ئاخۆ  لوسیل تاوانبارە یان پاڵەوان؟ ئایا کاتێک بە نیازی "چاکە" دێینو "خراپەیەک" دەکەین، ڕەوایەتی بە خراپەکە دەدەین؟  شێوەیەکی دیکەی ئەم لۆژیکە لای "ئەو بەحسێب چاکەکارانەشی کە خراپە دەکەن" دەبینین بۆ نموونە توندڕەویی ئایینی لە پێناسەیەکی کورتدا بریتییە لە "خراپەکردن " بە ناوی "چاکەیەکی ناڕوون و بێ ماناوە": ستیڤن وینبێرگ چەند دەیەیەک لەمەوبەر وتوویەتی << بەبێ ئایینیش، مرۆڤە باشەکان کاری باش و مرۆڤە خراپەکانیش کاری خراپ دەکەن؛ بەڵام ئایین وادەکات نەک تەنیا مرۆڤە خراپەکان کاری خراپ بکەن، بەڵکو مرۆڤە باشەکانیش کاری خراپ بکەن.>> با بڵێین، ئایین وا لە باوەڕدارە توندڕەوەکان دەکات کە خوێنساردانە کەسانی جیاوازتر لە خۆیان بکوژن، دووربخەنەوە و سووکایەتییان پێ بکەن، بەبێ ئەوەی هەست بە گوناحیش بکەن، چونکە پێیان وایە خزمەت بە ئایین و خواکەیان دەکەن. مەترسییەکی گەورەی ئیسلامی سیاسی ئەوەیە کە خراپە وەک چاکە لە زەینی شوێنکەوتووانیدا دەچێنێت. 

دووەم) لوسیل پێویست ناکات کەس ڕزگار بکات، ئەگەر لەبنەڕەتەوە نەیانخاتە دۆخێکی وەها کە پێویستیان بە ڕزگارکردن بێت. ڕزگارکەر لێرەدا هەڵگری ناکۆکییەکی سەرنجڕاکێشە: ڕزگارکەرێکە کە لە شەڕی خۆی ڕزگارمان دەکات نەک لە خراپەیەکی دەرەکی. ڕەنگە لە هەندێ دۆخی نالەباردا، پێش ئەوەی لە دۆخەکە ڕزگار بین، دەبێت لەو "پاڵەوانانە" دەرباز بین کە بە نیازن لەو دۆخە دەستنێژەی خۆیان ڕزگارمان بکەن. وتە ناودارەکەی بێرتۆڵت برێشت، لە شانۆنامەکەی لەسەر ژیانی گالیلۆدا، بیر خۆتان بێننەوە : "چەند بەدبەختە ئەو گەلەی کە پێویستی بە پاڵەوانە". ئەگەر ئەم وتەیە لە سیاقی خۆی دابڕین (جا ئەم وتەیەی برێشت زۆرجار هەر لە سیاقی خۆی دابڕێنراوە) دەکرێت بڵێین:  دەشێت هەر ئەو پاڵەوانەی پێویستمانە خۆی مایەی بەدبەختییەکە بووبێت، یان  ببێتە مایەی بەدبەختییەکی دیکە. 

سێیەم) لوسیل دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت، خۆی وەک کەسێکی گرنگ و خەمخۆر نیشان بدات، تەنانەت ئەگەر ئاگر لە ماڵەکەش بەربدات تاکو دواتر ڕزگاریان بکات! ئەم هەستە بە ڕادەیەک توندە کە بیری بۆ ئەوە ناچێت: ئەی ئەگەر نەتوانێت ڕزگاریان بکات چی؟ لوسیل پێش ئەوەی بەتەنگ واقیعە ڕەقوتەقەکەوە بێت، گیرۆدەی ئەو فەنتازیایە کە واقیعی دەروونی ئەوی ڕاگرتووە: خەونی بوون بە پاڵەوان. 

چوارەم) کاتێک لوسیل لە ماڵی کریستنسن لەپێش ئاوێنەدا بە خۆی دەڵێت، چیتر هەر شتێک ڕوویدابێت لەبیری دەکەم، وادیارە دەیەوێت لە دۆخە نەخۆشخەرەکەی دەربچێت و چیتر وەک مرۆڤێکی "نۆرماڵ" درێژه بە ژیانی  بدات. بەڵام دواجار دەردەکەوێت ئەم نۆرماڵبوونە بە پێچێکی شێتانەدا تێدەپەڕێت: بۆ ئەوەی بشێت ژیانێکی ئاسایی دەستەبەر بکات، دەبێت تا ئەوپەڕی نائاساییبوون ملبنێت. 

پێنجەم) دەبێت تەرکیز بخەینە سەر ئەوەی کە لوسیل بەهەق کچێکی نەرمونیان و باشڕەفتارە. بەتایبەت سۆزێکی زۆری بۆ مناڵان هەیە، بە جۆرێک وادیارە هۆکاری ئیشکردنی وەک دایەن و سەرپەرشتیاری مناڵەکان بە پلەی یەک لە خۆشەویستییەکی بێگەردەوە هاتووە. جارێکیان کە بینی بووی دایکێک زللە لە مناڵەکەی دەدات، بەتۆقینەوە لەوێ ڕایکردبوو. لە یەکەم ڕۆژدا کە پەنجەی لوسیل تۆزێک دەڕووشێت، وەک کارەساتێک  دەیبینێت، کارەساتێک کە نەیتوانیوە بەری پێ بگرێت. لەکاتێکدا شتەکە لە ڕووشانێکی چکۆڵە زیاتر نییە، بەڵام لوسیل خۆی وەک ڕزگارکەرێک سەیردەکات کە ئەرکێتی ڕێگە لە ڕوودانی هەر کارەساتێک بگرێت، چەندەش بچووک بێت (بەبێ ئەوەی بیر لەوەبکاتەوە ئەگەر هێندە بچووک بێت، خۆ کارەسات نییە). لێرەدا ئایدیایەکی دیکە دێتە زەینمانەوە، دەبێت بەو کەسەی تۆی خۆش دەوێت بڵێیت: لە خراپەی خۆشەویستییەکەت بمپارێزە! چونکە خراپەی ناو خۆشەویستی خۆی وەک چاکە دەردەخات، بەڵام دەشێت ئاکامێکی مەرگباری هەبێت. خۆشەویستی ڕەنگە ڕووبەرێک بێت بۆ مەسخبوونی خراپە. 

شەشەم) ئەو ڕۆژەی لوسیل دەگاتە ئەو ماڵە، مناڵەکان داوای لێ دەکەن کە بڕۆن گەمەی "قەڵا لمینە" بکەن: قەڵایەکی چکۆڵە بە لم درووست دەکەن، تێیدا هیلۆسی شاژنێکی دەستبەسەرکراوە لەو قەڵایەدا و نیکی برای دەچێت ڕزگاری بکات. بیرۆکەی قەومانی ڕووداوێکی جەرگبڕ و بەهاناوەچوونیان لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی دواتر لوسیل دەکات، بەواقیعیکردنی ئەم گەمە مناڵانەیەیە. وادیارە لوسیل بەتوندی لە هەندێ فەنتازیای مناڵانەدا گیری خواردووە، بەتایبەت فەنتازیای ڕزگارکردن (بۆ تێگەیشتنی وردتر لە گەمە وەک فەنتازیا و فەنتازیای ڕزگارکردن، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە: فەنتازیا، ن: جولیا سیگال، بڵاوکراوەی ناوەندی ڕەهەند). دەکرێت لێرەوە بپرسین، ئایا کاتێک ناتوانین لە فەنتازیا سەرەتاییەکانی مناڵێتی دەربچین، چ شتێک دێتەڕێمان؟  لە دەروونشیکارییەوە ئەوە فێربووین کە مناڵێتی بونیادێکی لەدەستنەچوو و کارایە لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانیشدا، بەڵام ئەمە شتێکە و چەقینی نەخۆشخەر لەم بونیادە ناکامڵەدا شتێکی دیکەیە... ئەی کێ ناڵێت "پاڵەوانە"کانمان کۆمەڵێک باڵغبووی چەقیو نین لە فەنتازیای مناڵانەدا، و کردە پاڵەوانەکانیان بۆ ڕزگارکردنی خۆیانە لەو چەقینە نەک ڕزگارکردنی ئەوانیتر؟

حەوتەم) خاڵێکی دیکە کە دەکرێت ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە لوسیل کچێکی سەر بە چینی خوارەوەیە، بە چاودێریکردنی مناڵەکان بژێوی پەیدا دەکات، ماڵی کریستنسنیش بۆرژوان.  بەڵام وادیارە ئەو جیاوازییە چینایەتییە لوسیل هەراسان ناکات، چونکە ئەوەی لای ئەو ڕۆڵی سەرەکی هەیە هەڵا و کێشمەکێشمەکەی ناو دەروونی خۆیەتی. ئەو نایەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، بەڵکو دەخوازێت بیانپارێزێت و لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکیشدا ڕزگاریان بکات. بەهای ئەو وێنایەی خانمی کریستنسن بۆی هەیە زۆر لای زیاترە لەو پارەیەی وەریدەگرێت. بۆیە ڕەنگە نەتوانین دژە-خوێندنەوەیەک بۆ ئەوەی وتمان بکەین و بڵێین ئەم خواستی بەپاڵەوانبوونە لای لوسیل لەڕاستیدا کەوڵێکی گۆڕاوی بوغز و تۆڵەسەندنەوەیە. چونکو دەقەکە هێندە  بواری ئەم ڕاڤەیەمان پێ نادات، مەگەر وەک "زێدەڕاڤەیەک" (overinterpretation) وەها کارێک بکەین کە لێرەدا خۆم بە پێویستی نازانم. چونکە لە دیمەنێکدا ژنەکە ڕەتی دەکاتەوە مووچەکەی کەمبکاتەوە، بەوپێیەی ئەمە وەک خراپ قۆستنەوەی دەبینێت. وادیارە پاتریشیا دەسئەنقەست ئەم توخمە چینایەتییەی لە چیرۆکەکەدا لابردووە.