A+    A-
(432) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگی نێگەتیڤ (چەمکەکانى فەلسەفەى یۆنان):

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

کاکۆن (خراپە):

پێش ئەوەی سوقرات ئیتیک (ethics) بکاتە گوتارێکی فەلسەفی، پرسی چاکە و خراپە لەلایەن شاعیران و یاسادانەرانەوە قۆرخ کرابوو. بەڵام ئاگایی هەڵکشاوی ڕێژەگەرایی ئەخلاقی و جەختکردنەوەی سۆفیستاییەکان لە خەسڵەتی هەڕەمەکیی یاسا، وایان لە سوقرات کرد بەدوای پێوانە موتڵەقەکانی هەڵسوکەوتی ئەخلاقیدا بگەڕێت.

  بەڵام جەختکردنەوە سوقراتییەکە لەسەر چاکی و چاکە بوو. بێگومان لە تێڕوانینە عەقڵخوازییەکەی وییەوە، شتێکی وەک خراپە بوونی نیە، چونکە هیچکەس بە ویستی خۆی خراپە ئەنجام نادات، بەڵکو لەڕێی خۆنەبانکردن یان نەزانی (ignorance)ـەوە ئەنجامی دەدات. ئەفڵاتوون لەڕێگەی باسوخواسە دوورودرێژەکانییەوە لەمەڕ ئیمکانی حوکمی چەوت و هەڵە[1]، درێژەی بەم نەریتە داوە.

بەس بێگومان تێڕوانینی نوێیش هەبوون. ئەفڵاتوون زیاتر ئاگاداری دیوە خۆویستەکەیە و پێی‌وایە دەشێت گیان ببێتەهۆی چاکە و خراپەش، هەروابێتەوە پرۆسەی هیپۆستاتیزەکردنەکەی کە وای لێ کرد پێناسە سوقراتییەکان بگۆڕێت بۆ واقیعی ئۆنتۆڵۆژی- لانیکەم لە شوێنێکدا- هەبوونی ئیدۆس (ئایدیا)ـی خراپەمان دەخاتە پێشدەم. ئەمە لەناو سیاقی ڕیشە ئیتیکییەکانی تیۆریی ئیدۆسدا جێگیرە، یان لانیکەم دەشێت شەرح بکرێت؛ بەڵام ئەو جەختکردنەوەیەی لە یاساکاندا لەمەڕ هەبوونی گیان (ڕۆح)ـی خراپ هەیە هاوشێوەی هەبوونی گیانی چاکی دنیایی، بۆ ئەوەیە ئەو دواڵیزمە ئیتیکییەی لە سەرەتادا لای ئەفڵاتوون لە ئاستی جەستە و گیان‌دا بەربڵاو بوو، بباتە قۆناغی گەردوونى، ڕەنگە ئەمە بەرەنجامی پەیوەندیی ڕوولەزیاد بێت لەگەڵ نەریتی [زەردەشتییەت]ـى ئێرانیدا.

ئەرستۆ، لە میتافیزیکەکەیدا هەردوو ئیدۆسی خراپە و گیانی دنیایی خراپ ڕەتدەکاتەوە. ڕێبازی ئەرستۆیی، لە پەیوەند بە تیۆریی "ناوەڕاستینە (mean)"ی ئەرستۆوە، خراپەی ئەخلاقی بە زیادەڕەوییەوە پەیوەست دەکاتەوە. ئەرستۆ لە "ئیتیک"ـەکەیدا، بە هاوڕاییەوە ئیقتیباس لەو حوکمە فیساگۆرسییە دەکات وا خراپە شتێکی خەسڵەت‌پێنەدراوە.

 لە فەلسەفەی پاش‌ئەرستۆیی‌دا، تێڕوانینەکانی هەردوو ئەفڵاتوون و ئەرستۆ شەنوکەو کرانەوە. ئەپیکۆرییەکان، بە چێژگەراییە ڕەبەقەکەیانەوە، کەمێک جیاوازتر بوون: دەشێت هەموو خراپەیەک یەکسان بکرێتەوە بە ئازار، ئیتر هی جەستە بێت یان دەروون (زەین)[2]، هەروابێتەوە هەبوونی خراپە هیچ کێشەیەکی تیۆلۆژی سەرپێناخات، چونکە خودایان خۆیان بە دنیاوە مژووڵ ناکەن. بەڵام لای ڕەواقییەکان و بەگوێرەی تیۆرەکەیان لەمەڕ ویستی خودایی، خراپە کێشەیەکە: چۆنچۆنی باسی خراپە بکەین لە گەردوونێکدا، کە خودایەکی "ئەرحەموڕاحیمین (all-good)" بەڕێوەیدەبات؟ یەکێک لە وەڵامەکان (کە مێژووەکەی جێی ڕێز بوو) ئەوە بوو خراپە چەکێکی خودایە بۆ پەروەردەکردن و تەمبێ کردنی مرۆ. ئەوانیتریش پشتیان بە سرووشتی ئۆرگانیکیی گەردوون دەبەست وەک گشت (کل)ێک: «هەموو شتەکان لەپێناو چاکەدا کاردەکەن». بەس ئەگەر و ئیمکانێکی تریش هەیە، ئەوەی ئەفڵاتوون لە یاساکان‌دا فراوانی دەکاتەوە و وەک پرەنسیپێکی ڕادیکاڵ و بەردەوامی خراپە وەریدەگرێت، ئیتر یا خراپەیەکی خوداییە وەک ئەوەی لە یاساکان و زەردەشتییەتی ئێرانیدا هەیە، یان ئەوەیە میتافیزیکییە.

 وەک لەسەرێ‌ڕا دیتمان، هەردوو فیساگۆرییەکان و ئەفڵاتوون خەسڵەتپێنەدراوی (indeterminate)یان وەک پرەنسیپی بوون وەرگرتووە، ئینجا فیساگۆرییەکانیش لەگەڵ خراپەدا کردوویانەتە یەکێک. ئەرستۆ لەگەڵ پرەنسیپە ماتریاڵییەکەیدا یەکسانیکرد، بەڵام نەیتوانی بگاتە ئەو دەرەنجامەی ماددە و خراپە تاڕادەیەک هاومانان. لای ئەفڵاتوون و ئەرستۆ هەندێک سەرنج لەم بارەیەوە هەن، بەڵام پشکنینی چۆنێتییە ئەخلاقییەکانی ماددە بۆ فەیلەسوفانی دواتر جێما.

مۆنیزم (monism)ـی ڕەواقی (و ئەپیکۆری)یەکان کێشەی ماددەی لێڵ‌تر کرد تاکو ڕوونتری بکاتەوە، بەڵام هێزی تریش لە کاردا بوون. بۆنمونە لەلایەک حەزی نیۆفیساگۆرییەکانمان هەبوو بۆ تیمایۆس، کە هاوکێشەی کۆرا (chora)ـی ئەفڵاتوونی و هایلی (hyle)ـی ئەرستۆ بەهێز دەکات. لەوەش گرنگتر و دووبارە، گەشەسەندنی نەریتی ڕۆژهەڵاتیی دواڵیزمی ئیتیکی لە ئارادا بوو، کە گرنگترین شایەتی ئەم دۆخەش کتێبی «ئیسیس و ئۆسیریس»ـی پلوتارکە، کە هاوئاوازە فەلسەفییە سرووشتییەکەی دووانەی ئیدۆس/هایلی‌ـی ئەرستۆ بوو. لە سەردەمی نومێنیۆسدا، خراپە بەتوندی لەگەڵ ماددە (هایلی)دا هاوشوناس کرا و زۆرینەی ڕێبازە گنۆسییەکان هەڵگری ئەم تێڕوانینە بوون.

ئەفڵۆتین، کە دژی تێڕوانینی گنۆسییەکان بۆ گەردوون و بێگومان هەر جۆرە دواڵیزمێک بوو، سەرەنجام کەوتەژێر کاریگەریی هاوشوناسکردنی ماددە لەگەڵ خراپەدا. چارەسەری وی بۆ کێشەی خراپە لەنێو کۆمەڵێک سنوری کۆنترۆڵکراودا گەشەدەسێنێت. سەرەتا، پرسەکە پرسی دواڵیزم نیە: ماددە لە "یەک (the One)"ـەوە و لەبن فۆرمی "ئەویترێتی (Otherness)"دا سەرهەڵدەدات. ئەمە سەرەتا و پێش هەموو شتێک ئاماژەیە بە ماددەی درکپێکراو، کە هەمیشە پێناسەدەکرێت، ئیتر ئا بەم جۆرەش ئیمکانی خراپە لە کۆسمۆس نۆیتۆس (کۆسمۆسی فۆرمە پیرۆزەکان) دەکرێتەدەرێ. ئەفڵۆتین، سەبارەت بە پرسی ماددەی هەستپێکراو، گەرچی پێی‌وایە هۆکاری خراپەیە، بەڵام بە هەندێ خوتخوتەشەوە ئاماژە بەوە دەدات کەوا ئەوە جەوهەر نیە بەڵکو نەبوون (ستێرێسیس)ـە، غیابی چاکەیە.

پرۆکلوس لە چەند جێیەکدا دژ بەمە دەوەستێتەوە: ئەو ناتوانێت ئەوە ببینێت کەوا چۆن نەبوون (غیاب و ستێرێسیس)- کە لە ئەسڵدا نەفیکردنێکە- دەشێت ببێتە هۆکاری شتێک، بۆیە پێی‌وایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ تێڕوانینە ئەفڵاتوونییەکە کە پێی‌وایە گیان (ڕۆح) سەبەبی خراپەیە؛ یان بە دەربڕینێکی تر، خراپە لە کۆسمۆسدا ئەخلاقییە و میتافیزیکی نیە.

 

فیسیس (سرووشت):

هەرچەندە وشەکە  تا سەردەمی هێراکلیتۆس نەچەسپیبوو (پێشتر لە کارەکانی ئەناکزیماندەر و زەینەفۆن‌دا دەرکەوتبوو)، ئەوە ڕوونە ئەو لێکۆڵینەوەیەی تێڕوانینێکی میتۆدۆلۆژی هەیە، کە بە لۆگۆس ناسراوە و دواتر لای فیساگۆرییەکان دەبێتە فیلۆسۆفیا، فیسیسی وەک بابەتی سەرەکیی خۆی وەرگرتووە. ئەمە تێگەیشتنی هەردوو ئەفڵاتوون و ئەرستۆیش بووە؛ ئەرستۆ بە فەلسەفەی سەرەتایی دەڵێت فیزیکۆی، واتە ئەوەی سەروکاری لەگەڵ فیسیس‌دا هەیە. بە مانای ئەم چەند شتە جیاواز، بەڵام پێکەوەبەندە دەهات: ١) گەشەی پرۆسە، یان جێنێسیس (پەیدابوون)؛ ٢) ئەو شتە فیزیکییەی شتەکانی لێ درووستدەکرا: ئارکی (دەستپێک) بە مانای ئورستۆف (ئەو ماددە ئەسڵییەی شتەکانی لێوە دێن)؛ ٣) جۆرێک لە پرەنسیپی ناوەکیی ڕێکخستن، بونیادی شتەکان.

 مانای یەکەم و دووەم [وا لەسەرێڕا باسمانکرد]، دەبێت لە سیاقی خوداباوەڕیی پێش‌سوقراتییەکاندا ڕەچاوبکرێت: ئەم "شتە" زیندوو بوو، هەر بۆیە پیرۆز، نەمر و تێکنەشکاو بوو. کەوابێ فیسیسی فەیلەسوفە سەرەتاییەکان جووڵە و ژیانی هەبوو، بەڵام ئەوی دەم پارمەنیدس ببڕایببڕ کینۆسیسی لە پانتایی بوون کردەدەرێ، ئایدیای فیسیس لە دەرەنجامدا تێکشکا، واتە ئەو جووڵە سەرپەخێرەی دواتر ڕووەو بریکارەکانی دەرەوە پەخشدەبێتەوە؛ واتە "عەشق و کێشمەکێش"ـی ئیمپیدۆکڵیس و  "ژیری"ـی ئاناکزاگۆراس، جا لە دیدی ئەفڵاتوونیشدا جووڵەی هەڕەمەکی و زەرووری، باوەڕێکی ئایینیی زیانبەخشە؛ ئەمەش بە جۆرێک ئاماژەیە بە ئەتۆمیستەکان. ئەوەی ئەفڵاتوون لەو تێڕوانینانەدا دەرهەق بە فیسیس پێی هەڵەبوو، ماتریاڵیتەکەی و نەبوونی دیزاینێک (a design) بوو. ئەفڵاتوون بە خاتری ڕاستکردنەوەی ئەم دوو هەڵەتێگەیشتنە سایکی (psyche) کردە بنەڕەتی جووڵە.

لای ئەرستۆ، هێنانەوەیەکی گشتیی فیسیس دەبینین، کە زۆربەی کارکردەکانی سایکیی ئەفڵاتوونی لەخۆدەگرێت: وەک "پرەنسیپ و هۆکاری جووڵە و سرەوتی ئەو شتانە پێناسەکراوە، کە ڕاستەوخۆ ئامادەیی تێیاندا هەیە". ئەمیش وەک سایکی ڕۆحانییە (سپیریچواڵ)، چونکە لە بنجدا فۆرمێکە و بەرەو کۆتایی و غایەتێک کاردەکات. لێرەدا دوو تەنگژە قیت دەبنەوە: ئەرستۆ بە ئاڵوگۆڕکردنی سایکی بە فیسیس، پەیوەندیی نێوان جووڵە و ژیان، و بە سەرێکی تریش، پەیوەندیی نێوان غایەت و ئەقڵی پساند. ئەوەی یەکەمیان بە درێژکردنەوەی فیسیس بۆ ناو پانتایی ڕەگەزە نازیندووەکان و دانانی دۆکترینی «جووڵە سرووشتییەکان» بۆ هەریەکێک لەو ڕەگەزانە حەلکراوە؛ بەڵام ئەرستۆ لە کتێبی «فیزیا»کەیدا پتر بە لای تێڕوانینێکی ئەفڵاتوونیدا بادەداتەوە: "شتە" گیانلەبەر و زیندووەکان، هەم پرەنسیپی جووڵە و هەم وەگەڕخەری جووڵەیان لەخۆگرتووە، جا ئەمان لەو شتە نازیندووانە جیان وا پرەنسیپی پاسیڤ- نەک ئەکتیڤ-ـی جووڵەیان لەخۆگرتووە؛ ئەمەش دواجار لەدەرێڕا کاردەکات: هەر بۆیە هەموو جووڵەیەک پێویستی بە هۆکارێکە. لەوەی دووەمیاندا، واتە پەیوەندیی نێوان غایەت و ئەقڵ، هەمیسان جووتهەستە؛ لە «فیزیا»کەیدا دوو ئارگۆمێنت لەپێناو غایەتی فیسیس دراونە پاڵ یەکتر، کە یەکیان ئامادەیی ئەقڵ دەخاتەڕوو و ئەویتریشیان ڕەتیدەکاتەوە.

مۆنیزمی ڕەواقییەکان سەریکێشا بۆ هاوشوناسکردنی خودا-سرووشت-ئاگر. فیسیس لە ڕۆڵە ئەکتیڤ و خۆنیشینەکەیدا لۆگۆسە، جا لە ئاستی بوونی تاکیشدا «لۆگۆس سپێرماتیکۆس [یاسای وەگەڕخستن]»ـە. ئەمە پرەنسیپێکی مۆراڵییە، لەوەدا کە ئامانجی مرۆڤ "ژیانێکی ڕێک و سازاوە لەتەک سرووشتدا".

 بیروباوەڕی ئەفڵۆتین لەمەڕ سرووشت، ئاڵاوە لە تێڕوانینی وی دەرهەق بە گیان (ڕۆح)؛ هەردوو گیانی گەردوون و گیانی مرۆی ناونشینی تاک، دوو ڕووی جیاوازیان هەیە: دیوێکی باڵای خاوەن بیر، گیانی تەواو؛ ڕۆحێکی نزمیش، وایە فیسیس، کە بۆ هەمیشە لە ئەقڵ و بیر دوورکەوتۆتەوە و لە دەرەنجامدا هێزە لاوازەکەی بیر و ئەقڵ لە تیۆریاوە پەلی پێ دەهاوێتە ناو چالاکی (پراکسیس)؛ فۆرمێکی میکانیکی نا، بەڵکو فۆرمێکی لاوازی بیرکردنەوە دێنێتەبەرهەم. فیسیس لە تاکدا ئەو هێزە پەککەوتەیە، کە بەبێ بیرکردنەوە و وێناکردن کاردەکات.

 

کرۆنۆس (کات):

کات وەک مرۆڤاندن یان خەسڵەتپێدانی مرۆیی (personification)، لە کۆسمۆگۆنییە نیمچەئوستورەییەکاندا دەردەکەوێت، ئەویش پێش ئەوەی شوێنێک لە کۆسمۆلۆژییە فەلسەفییەکاندا وەربگرێت. کات (chronos) گۆڕا بە کرۆنۆس (Kronos)، باوکی زیوس، ئەمەش ئاڵوگۆڕێکی عادەتی بوو، یەکەم کەسیش کە شتێکی وەهای کردبێت، دەشێت پرۆتۆ-فەیلەسوفی سەدەی شەشەمی پێش‌زایین، فێرێسیدیس بووبێت. ئەسڵەکەی هەرکێ بێت، کاتێکی بەهێز[3] سەربەرهەمی شاعیرانە، و بەتایبەتیش لای تراژیدیانەکان، کات تەنیا فیگەرێک نیە لە سەری‌سەرەوەی پرۆسە جینالۆژییەکاندا وەستابێت، وەک ئەوەی کۆسمۆگۆنییەکان، بەڵکو کات کۆسمۆس بەڕێوەدەبات.

بیرکردنەوەی شاعیر لەسەر کات سەرنجی تایبەتی تێدایە، چونکە ئەم بیرکردنەوەیە هاوشێوەی وتەی فەیلسوفانی ئەو سەردەمەیە لەمەڕ هەمان بابەت. سۆلۆن لە "فراگمێنتی ١٢، هێڵی ٣" دەربڕینێکی لەم شێوەیە بەکاردێنێت «لە دادگای کرۆنۆسدا»، ئینجا فراگمێنتێکی هاوشێوە لای ئەناگزیماندەر هەیە کە تێیدا ڕەگەزەکان «بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی کرۆنۆس قەرەبووی نادادپەروەرییەکانیان دەکەنەوە».

هەرکە ڕامانی فەلسەفی لە ڕیشە میتۆلۆژییەکانی دابڕا، ئیتر ئەم زمانە خوازەییە دیارنەما، هەر بۆنمونە کاتێک شاعیر-فەیلەسوفێکی وەک ئیمپیدۆکلیس لە سیاقێکی نزیک لەوەی ئەناکزیماندەردا قسەدەکات، کرۆنۆس کەمتر بە خەسڵەتی مرۆییەوە دەردەکەوێت. ئەوەی هەردوو ئەناکزیماندەر و ئیمپیدۆکلیس تێیدا هاوڕان ئەوەیە، کات لەدەرەوەی کۆسمۆسەوەیە و لە هەمان کاتیشدا ڕێکخەریەتی.

 گۆڕانکاری لای فیساگۆرییەکان درووستدەبێت، وان پێیان‌وایە کۆسمۆس هەم مەخلوقێکی زیندووی هەناسەکێشە و هەم پرەنسیپی سنوریشە[4]. ئەوەی لەدەرەوەی کۆسمۆسەوەیە، کۆمەڵێک دەرکەوتەی بێسنورن، کۆسمۆس هەڵیاندەمژێت (inhale) و سنوریان بۆ دادەنێت. وەک ئەرستۆ پێمان دەڵێت، یەکێک لەو شتە بێسنورانەی لەدەرەوەی کۆسمۆسەوەیە، کاتە. پرۆسەی هەڵمژینەکە [لەلایەن کۆسمۆسەوە]، بریتییە لە سنوردارکردنی ڕەهەندە خاو (raw) و پێش‌خایاندن (predurative)[5]ـەکەی کات لەڕێگەی کورتکردنەوەیەوە بۆ ژمارە؛ ئەم گرێدانەوەیە لە هەموو باسوخواسەکانی دواتردا لەمەڕ کات، بەردەوام بوو.

ئەم دیدە فیساگۆرییە، گەرچی تەنیا لە پەراوێزە ئەرستۆییەکاندا ئاماژەی پێ دەکرا، بەڵام گرنگییەکی زۆری هەبوو. کاتێکی بێسنوری سەرووکۆزمیکی لە کاتێکی ژمێردراوی کۆزمیکی جیاکردنەوە، و دواجار ئەمەی دووەمیانی خستە ناو چوارچێوەی چەندێتییەوە. ئەفڵاتوونیش لەسەر هەمان ڕچە بەردەوام بوو، بەڵام ڕەهەندی بەرچاوی جیاوازی بۆ هەردوو تێڕوانینە فیساگۆرییەکەی کات زیادکرد. دەستی بەسەر چەمکی ئایۆندا گرت، کە پێشتر لای پێش‌سوقراتییەکان بە مانای دەرخەری سووڕی ژیانی گەردوون دەهات، و بەسەر کاتێکی سەرووکۆزمیکیدا پیادەی کرد، [کاتی سەرووکۆزمیکی] بە مانا فیساگۆرییە پێناسەنەکراوەکە نا کە هەندێ جووڵەی ناڕێکخراوی تێدایە، بەڵکو وەک مۆدی بێ‌جووڵەی ئیدۆس. بە سەرێکی تر، کاتی کۆزمیکی وەک سووڕانەوەی خوولیی بازنەی ئاسمانی پێناسەکراوە. بەکورتی، کرۆنۆس لای ئەفڵاتوون «هاوشێوەییەکی هەمیشەیی ئەبەدییەت (ئایۆن)ـە لەسەر یەک وەستاوە و بەپێی ژمارە دەجووڵێت». کەواتە جێگیریی و یەکێتیی ئایۆن، کراوەتە پۆلی پێچەوانەی جووڵە و فرەیی، یان بە دەربڕینێکی باشتر، کراوەتە پێچەوانەی لەژمارەهاتوویی کرۆنۆس؛ جا کۆی باسەکەشی ترازاندۆتە نێو تیۆریی لاساییکردنەوەکەیەوە.

لای هەردوو ئەفڵاتوون و ئەرستۆ، کات و جووڵە لە پەیوەندییەکی دوولایەنەدان. وەک بینیمان، ئەفڵاتوون ئەو دووانەی هاوشوناس کرد، و هەرچەندە ئەرستۆ ڕەخنەی لەو هاوشوناسکردنە هەیە، بەڵام جەخت لە پەیوەندییە نزیکەکەشیان دەکاتەوە. لەوەشدا لەگەڵ ئەفڵاتوون هامڕایە کەوا باشترین یەکەی پێوانە جووڵەیەکی ڕێکی بازنەییە، چونکە ئەم جووڵەیە سەرەتاییە و بە باشترین شێوە ناسراوە، بەڵام وی وەک ئەفڵاتوون ئەو جووڵە هەرڕۆژییە (diurnal)ـی ئاسمانەکان دەستنیشان ناکات؛ ئەفڵۆتینیش ڕەخنەی ئەمەی کردووە. بەڵام ئەو شوێنەی ئەم دوو پیاوە بەڕوونی لێک جیادەبنەوە، غیابی جیاوازیی نێوان کات و ئەبەدییەت لای ئەرستۆ و هەموو دەزگای بەرهەمهێنەری تیۆریی لاساییکردنەوەیە.

بوونی کات وەک هاوشێوەییەک، - لانیکەم ناڕاستەوخۆش بێت- ڕێ بە ئەفڵاتوون دەدات دۆخێکی ئۆنتۆڵۆژیی بە کات بدات. تەنانەت لەناو ڕێکخستنی شتەکاندا ئامانجی ئەوەیە توانا بە مرۆ بدات بژمێرێت. بەڵام ئەرستۆ، کە لای وی کات "حسابکردن (یان ژماردن)ـی جووڵەیە بەپێی پێشینە و پاشینە[6]"، قەناعەتی بەوە نیە. کات هاومانای جووڵە نیە، بەڵکو گەرەکە لە جووڵەوە هەژماربکرێت. هەرژمارکردنیش پێویستی بە ژمێرەرێکە: کەواتە، گەر زەین (mind)ێک بوونی نەبێت، ئەوا کاتیش بوونی نیە. ئەوە ناسینەوەی زنجیرەکەیە (پێشینە و پاشینە) وا لە مرۆ دەکات لە کات بەئاگا بێت.

دەستگیرۆییە ئەپیکۆرییەکە بۆ فەلسەفەی کات، بە شێوەیەکی سەرەکی بریتی بوو لە هەوڵی پێناسەکردنی شێوازی هەبوونی کات. کات کەوتنەپێش (prolepsis) نیە، تێگەیشتنێکی یونیڤێرساڵ نیە بەرمەبنای زنجیرەیەک ئەزموون ڕۆنرابێت، بەڵکو درکێکی ڕاستەوخۆیە. لەوەدەچێت چۆنێتییەک بێت پەیوەست بە کردار و جووڵەی شتەکانەوە؛ بەکورتی، «ڕوودانی ڕووداوێکە». لە ڕەواقییەتدا، کە هەموو ئەم باسانەی لەخۆگرتووە- بە کاتیشەوە-، ئەم جیاکارییانە لەژێر دەستووری "جەستەکان"دا تەڵخ دەکرێن. بەڵام بەگشتی ڕەواقییەکان لەناو چوارچێوە ئەفڵاتوونی و ئەرستۆییەکەدا مانەوە (بێگومان بەبێ ئایۆن و ئیکۆنی ئەفڵاتوون)، ماوە جەستەییەکەیان گۆڕی بە ژمارە، بەڵام پەیوەندییەکەشیان بە جووڵەوە هەر هێشتەوە.

ئەفڵۆتین سەرنجێکی بەرچاو دەخاتەسەر کێشەی کات، هەروەک ئەفڵاتوون، لەپەیوەند بە پرسی ئەبەدییەتەوە ڕەچاوی دەکات. هەر هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی ئەو دووانە [کات و ئەبەدییەت]، وەک ئەرستۆ کردی، مەحکومە بە شکست. ئەفڵۆتین، بێ‌ئۆقرەیە لە مامەڵە فەلسەفییەکانی کاتدا لەڕێگەی ژماردن یان پێوانەکردنی جووڵەدا، تەنانەت لە هاوشوناس کردنی کات و جووڵەی ئاسمانەکانیشدا لەلایەن ئەفڵاتوونەوە، هەر بێ‌ئۆقرەیە. وی لەجیاتیدا، لەڕێگەی ژیانەوە کێشەی ئەبەدییەت و کات دەخاتەڕوو، جا ئەبەدییەتیش نوێنەرەوەی ژیانی درکپێکراوەکانە. بە سەرێکی تر، کات جۆرێک لە هەڵوەشانەوەی ئەم خودئامادەییە گشتییەیە، ئەویش بەبۆنەی بێتوانایی ڕۆحەوە لە قبووڵکردنی ئەم ئامادەییە گشتییەدا؛ کەواتە، کات ژیانی ڕۆح (گیان)ـە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر.

 

ئیرۆس (ئارەزوو، عەشق):

ئیرۆس یەکێکە لەو نمونە و نوێنەرانەی لە کۆسمۆگۆنییە پێش‌فەلسەفییەکاندا دەردەکەوێت. بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی ئەوانیترەوە کە دۆخێک دەنوێننەوە، بۆنمونە «شەو، کایۆس، زەوی، ئاسمان»، ئیرۆس هێزە. ئیرۆس، لە کۆسمۆگۆنییە ئۆرفیک (orphic)ـەکاندا، هەمووان یەکدەخات و لەم یەکخستنەوە نەژادی خودا نەمرەکان درووستدەبێت. لای هیسیۆد، ئیرۆس لە کایۆسەوە سەرهەڵدەدات و هەموو ئەوانیتر یەکدەخات. بە دیدی فێریسیدیس، کاتێک زیوس دەیەوێت شتێک بئافرێنێت، وەردەگەڕێتە سەر ئیرۆس. جا بۆیە ئیرۆس هێزێکی هاندەرە لەسەر مۆدێلێکی سێکسی، بەکاردێت بۆ باسکردنی "هاوسەرگیری" و "لەدایکبوون"ـی ڕەگەزە میتۆلۆژییەکان؛ لە کۆسمۆگۆنییە دێرینەکاندا، جۆرێکە لە «یەکەم جووڵێنەر»، لای ئەرستۆش ڕێک بەو شێوەیە ناسراوەتەوە. ئینجا کاتێک وردەوردە سەروسیما میتۆلۆژییەکان لە تێڕامانەکاندا دەرهەق بە فیزیکۆی دیارنەمان، ئیرۆسی جووڵێنەر، یان دواتر ئەفرۆدیت، بەردەوام بوو لە بینینی ڕۆڵی یەکخستنی هێزە دژەکاندا. بۆنمونە، لای ئیمپیدۆکلیس شتەکە بە جۆرێکە، وا ئەوە عەشق (فیلیا) و ئەفرۆدیتن ڕەگەزەکان یەکدەخەن. لای پارمەنیدس، ئەفرۆدیت ئەو دایمۆنەیە «ڕێبەریی هەمووان دەکات»؛ ئەفرۆدیت وێنەیەکە لە ئەدەبیاتی یۆنانیدا هەر دەمێنێت و لە بانگەوازە کراوەکەی لوکریتەس‌یشدا بۆ ڤینۆس هەر هەیە- ئەو ڤینۆسەی "بەتەنیا سرووشتی شتەکان بەڕێوەدەبات".

هەموو ئەم نمونانە سەبارەت بە ڕاژەی عەشق، پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی هەستوسۆزی مرۆییەوە بۆ ئاستی هێزە کۆسمۆلۆژییەکان، ئەم کردارە بۆ ئیمپیدۆکلیس ڕوونە. و لە یەکێک لە درێژترین مامەڵەکان لەگەڵ ئیرۆسدا لەلایەن فەیلەسوفێکەوە، واتە «سیمپۆزیەم»ـی ئەفڵاتوون، هەمان تێڕوانین بوونی هەیە. ئاخاوتنەکەی ئێریکزیماکۆس، ڕادەی ئەم پرەنسیپی «ڕاکێشان [یەکخستن]»ـە لە سرووشتدا دەخاتەڕوو، و ئەمە و ئایدیا هاوشێوەکان، هاوشێوەی میتۆلۆژیستەکان و فیزیکۆی، زۆربەی گوتارەکانی تر پڕدەکەنەوە. ئاخاوتنەکەی سوقرات دەرگایەکی نوێ ئاوەڵا دەکات، کە لێیەوە عەشقی مرۆیی وەک چەمکێکی گرنگی ئەخلاقی و ئەپستمۆلۆژی بەکاردێت.

لە ئەسینا، «سوقرات وەک عاشق» دیدێکی باو بوو. لای زەینەفۆنیش هەر بەم چەشنە دەردەکەوێت و ئایدیاکەش بەسراوەتەوە بە ئایرۆنییەکی باوەوە: «هیچ نازانم، جگە لە ئیرۆس». بە جۆرێک نیشانەی ئیرۆتیکیی فیزیکیی لە پەیوەندیی سوقرات و پیاوە گەنجەکانی ئەسینادا دەرکەوتووە، کە بەدەگمەن گومانی لێ دەکرێت؛ بەڵام ئیرۆسەکەی دیوێکی تریشی هەبووە، بۆنمونە وەک ئەوەی ئەلیکیبیادیس- کە ویستبووی لەخشتەیببات- کەشفیکردووە؛ سوقرات دەیتوانی تاسە و ئۆبێکتەکەی جیابکاتەوە.

 پرسی فەلسەفیی عەشق (لێرەدا پێی دەڵێین فیلیا)، و هاوڕێیەتی، بۆ یەکەم جار لە لیسیس (ـەکەی ئەفڵاتوون)‌دا سەرپێدەخرێت، لەوێدا سوقرات، کە بەدوای پێناسەی دڵبەستەیی نێوان پیاواندا دەگەڕێت، پێی‌وایە شتەکە هاوشێوەی دڵبەستەیی و ڕاکێشانی نێوان "هاوشێوە بۆ هاوشێوە[7]"یە، کە پێشتر شاعیران و فیزیکۆی دەریانبڕیوە. ئەمە ڕەتکراوەتەوە و دەوترێت پێچەوانەکەی ڕاستە، واتە ناهاوشێوە دڵبەستەی ناهاوشێوە دەبێت. لە کۆتاییدا و بە قەناعەتێکی کەمەوە، لەسەر پرەنسیپێک نیشتەوە کە دەگەڕایەوە بۆ تیۆریی پزیشكی و کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر تیۆرەکانی ئەودەم هەبوو لەمەڕ چێژ: ئارەزوو، و دەرەنجامەکەی کە عەشقە، ڕووەو پڕکردنەوەی نوقسانییەک و ئۆبێکتەکەی ئاڕاستەدەکرێت، کەوابێ ئارەزوو شتێکی شیاوە، شتێکە نە تەواو هاوشێوەیە و نە تەواو جیاوازە و هێشتاش لە بونیادنانی ئێمەدا نیوەناچڵە.

ئەم مژارە لە سیمپۆزیەمدا خراوەتەوە بەر باس: عەشق ئارەزوویەکە ئاڕاستەی جوان (کالۆس) کراوە و بەزەروورەتیش پێکهاتووە لە ئایدیای ویست یان نوقسانی. سوقرات وردەوردە دەستدەکات بە باسکردنی ئەو دۆکترینەی لە دیۆتیمای ژنەپەیامبەری ژیرەوە فێریبوو. ئیرۆس، ئێستا کە چیتر جارێکی گەڕاوەتەوە ناو چوارچێوەی ئوستوورەوە، دایمۆنێکی مەزنە؛ یەکێکە لەو بوونە نێوانییانەی لەنێوان پیرۆز و مرۆکدایە. دواتر و لەپڕ، باس لە ئایرۆنییە سوقراتییەکەش کراوە: ئیرۆس لەنێوان دانایی و فەرامۆشیدایە، ئەو کەسەی هیچ هەست بە کەموکوڕیی خۆی نەکات، هیچ عەشقێکی بۆ دانایی نابێت (فیلۆسۆفیا). عەشق وەک ئارەزووی خاوەندارێتی‌کردنی هەمیشەیی چاکە پێناسەکراوە، هەوڵێکیشە بۆ ئەوەی سرووشتی مرۆک بکرێتە نەمر، کە ئەمیش لەڕێگەی مناڵخستنەوەوە ڕوودەدات.

لە سیمپۆزیەمدا، دیۆتیما دەوەستێت (ئەم وەستانە وەک هێڵی جیاکەرەوەی نێوان سوقرات و ئەفڵاتوون دەبینرێت لەمەڕ ئیرۆس) و دواتر کۆتا باس لەمەڕ ئیرۆسی ڕاستەقینە دەخاتەگەڕ. یەکگرتن لەگەڵ جەستە جوانەکاندا، گوتاری جوان دەخاتەوە. عاشق خۆی لە یەک جەستە دووردەخاتەوە و دەبێتە عاشقی هەموو جەستە جوانەکان، ئیتر لێرەشەوە دەبێتە عاشقی گیانە جوانەکان، یاساکان، نەریتەکان و زانین، هەمیشە خۆی لە کۆت‌وزنجیری شتە بەشەکییەکان ڕزگار دەکات، تا ئەوەی "لەپڕ" دەتوانێت جوانی ببینێت. ئەمە نەمرییە.

بێگومان، ئەوەی کەشفدەبێت، ئیدەی ترانسێندێنتە. سوقرات لە یەکەمین ئاخاوتنی لە فایدرۆس‌دا، زۆر زیاتری هەیە تا لەمەڕ دیوە سایکۆلۆژییەکەی عەشق بیڵێت. بەڵام دواتر لە بۆچوونەکانی خۆی پەژیوان دەبێتەوە، هەر لێرەشەوە ئیرۆس و فیلۆسۆفیا یەکدەگرنەوە. نائەقڵانییەتی عەشق جۆرێکە لە شێتیی پیرۆز و لە گیاندا وەک ڕەنگدەرەوەی بەبیرهاتنەوە (remembrance) ئامادەیی هەیە، بەبیرهاتنەوەی ئەو شتەی ئیدە کە پێش "لەدەستدانی باڵەکان" بۆی خرابوویەڕوو. ئەوە گیان و ڕۆحی فەیلەسوفە کە لەڕێگەی ڕاهێنانی بەبیرهاتنەوە و مامەڵەکردن بەگوێرەی ئیدە، جارێکی تر باڵەکانی بەدەستدێنێتەوە؛ فەیلەسوف بە بینینی جوانیی زەمینی و دنیایی بەرەو ئەوە دەبزوێت. ئەوە جوانییە شتمان بەبیردێنێتەوە، چونکە لەڕێگەی بەهێزترین هەستمانەوە کاردەکات، هەستی بینین.

ئیرۆسی ئەفڵاتوونی، چالاکییەکی دووقاتە: هەم پەیوەندی و جووڵەیە بەرەو جیهانی ترانسێندێنتی ئیدە، و لە هەمان کاتیشدا جۆرێک لە ڕژانە بۆ ناو گیانی خۆشویستراو، کە جوانییە (نێرینەکەی- male) وێنەی خودایە، ئەوە تەوژمەکانی زیوسن کە دەچنە گیان وییەوە. خۆشویستراو (ماشووق) ئەوە نیە لە تەمومژی بڵندبوونەوە (sublimation)دا دیارنەمێنێت، بەڵکو وەک هاوەڵێکی پێویست لە گەڕان بەدوای ئیدەدا دەمێنێتەوە. ئەوەی لەم پەیوەدییانەدا بڵنددەکرێتەوە، ئەوەی کە سوقرات و قوتابییەکانی ئارکیتایپانە دەینوێننەوە، چالاکییە سێکسییەکەیە. ئەفڵاتوون بەئاگایە لەوەی قەدەغە و بەرگرتن لێرەدا ئاڵۆزە و هەمیشەش سەرکەوتوو نیە، بەڵام وایش پێناچێت بیەوێت حوکمێکی توند بدات.

دوای ئەفڵاتوون، ئیرۆس و ئەو ئایدیایانەی پەیوەندن پێیەوە، چیتر لەو تێڕوانینانە پاکدەکرێنەوە کە لە دیالۆگەکاندا بەسەریاندا سەپێنراوە و بۆ لەوەودوا لەژێر ناونیشانی هاوڕێیەتی، یان عەشقی بەسۆزدا، لە ئیتیکدا پێگەیەکی خاکەڕاتر وەردەگرن. ئەپیکۆر، و بێگومان زۆرینەی فەیلەسوفان، دژی ئەمە بوون، ئەویش بەرمەبنای ئەوەی هاوسەنگیی بیرکەرەوەیەکی جددی تێکدەدات، بەڵام ئەو ڕەخنە توندوتیژەی لوکریتەس لە عەشقی بەسۆزی دەگرێت، زیاتر لە گومانێکی کەسێنییەوە دێت تا یەکێکی فەلسەفی.

  وەک دەکرا پێشبینی بکرێت، ئیرۆسی ئەفڵاتوونی لای ئەفڵۆتین دەردەکەوێتەوە، لە «enneads»دا وەک ئیستاتیکای شتە هەستپێکراوەکان خراوەتەڕوو. ئەفڵاتوون لە «هیپیاسی گەورە»دا هەوڵێکی هاوشێوەی داوە، کە تێیدا جوانی سەرەتا وەک شتێکی بەسوود پێناسەکراوە و دواتریش وەک چێژبەخش. ئەفڵۆتین بە ڕێیەکی تردا دەڕوات؛ بە پێچەوانەی ڕەواقییەکانەوە، جوانی پرسی پێوانە یان هاوجێیی بەشەکان نیە، چونکە ئەمە بەو واتایە دێت جوانی خراوەتە نێو ئاوێتەکانەوە و ئیتر تواناش نامێنێت باس لە جوانیی ئەستێرەیەک بکەین لە ئاسمانی شەودا. شەرحەکەی ئەفڵۆتین تێکەڵەیەکی کونجکۆڵانەی فۆرمی ترانسێندێنتاڵی ئەفڵاتوون- کە شتەکان تێیدا هاوبەشن- و ئیدۆسی خۆنشینی ئەرستۆ یان لۆگۆسی ڕەواقییەکانە. بەڵام جەوهەری ڕاستەقینەی جوانی سادەییە (simplicity)، سادەییەک کە بەزەقی لە یەکدا دیارە. بەپێی شێوازە ئەفڵاتوونییە پەسەندکراوەکە، مرۆ لە جوانییە هەستپێکراوەکانەوە ڕووەو کردار و زانستەکان دەڕوات، هەر لەوێشەوە لەڕێگەی پاکژکردنەوەی گیانەوە بەرەو خواستنی باڵاترین جوانی دەڕوات، کە چاکە (the Good)یە. بۆ ئەوەی گیان بەمە بگات، پێویستە ئەو بەرگ و کەڤەرە فڕێبدات کە لە کاتی داکەوتنیدا وەریگرتووە. ئێمە لەڕێگەی بینینێکی ناوەکییەوە جوان دەبینین، ئەویش لەڕێگەی توانەوە تێیدا.

هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە وێنە و زماندا ئەفڵاتوونیین. بەڵام گۆڕانێکی دیار لە خاڵی جەختکردنەوەدا ڕوویداوە. چیتر فەلسەفە وەک پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان عاشقەکان لای ئەفڵۆتین نابینین، بۆ وی گەڕانەوە بۆ یەک «فڕینی تەنیایە (alone) بۆ لای تەنیا (the Alone)». میتۆدی ئەفڵۆتین چیتر دیالۆگ نیە بە تێڕوانینە توندەکانیەوە، بەڵکو بەخۆداچوونەوەیە، ئامانجەکەشی یەکێتییەکی عیرفانییە. لای ئەفڵاتوون، ڕێزگرتن لە ئەفرۆدیتی پاندێموس قۆناغێکە کە وا دیارە قەت تێنەپەڕێنراوە بەرەو پەرستشی ئەفرۆدیتی ئۆرانیا. لای ئەفڵۆتین، کە "پێی شەرم بوو لە جەستەیەکدایە"، ئەو دوو ماخوایە ناکۆکن. لای وی، عەشقی زەمینی بەراوردکراوە بە دەستدرێژیکردنە سەر پاکیزەیەک لەپێناو باوکدا.

 

 

ئارکی (دەستپێک، خاڵی دەستپێک، پرەنسیپ، ئەوپەڕینە، بنکەجەوهەر، پرەنسیپێکی ئەوپەڕینەی دەرنەخراو):

  گەڕان بەدوای ئەو «شت»ـە بنچینەییەدا کەوا هەموو شتەکانی لێوە ڕسکاوە، کۆنترین پرسە لە فەلسەفەی یۆنانیدا، و ئەو پرسیارەشی لێ ئاڵاوە کە ئەو پرۆسەیە کامەیە لێیەوە شتە پاشینەکان لە شتە یەکەمین یان یەکەمینەکانەوە دێنەدەر. یان گەر ڕاستەوخۆ بیخەینە ناو تێرمینۆلۆژییە ئەرستۆییەکەوە: ئارکی چیە و جێنەسیس (پەیدابوون)ـی سینتێتا (شتەکان) چیە؟

 

  گەڕانە پێش‌سوقراتییەکە بۆ ئارکییەک بە مانای هۆکارێکی ماتریاڵی (ئەرستۆ ئەم لێکۆڵینەوەیەی خستۆتە ناو کاتەگۆریی هۆکاردارێتیی خۆیەوە)، لەلایەن ئەرستۆ باسکراوە، و وشەی ئارکی‌یش بە مانا تەکنیکییەکەی بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەناکزیماندەرەوە بەکارهێنراوە. یەکەمین "بەربژێر"ەکان بۆ پێکهاتەی شتە بنچینەییەکان، توخمە سرووشتییە تاکەکان بوون؛ بۆنمونە ئاو یان شێ، و هەوا، بەڵام لەگەڵ پێشنیارەکەی ئەناکزیماندەردا کەوا ئارکی شتێکی خەسڵەتپێنەدراوە، هەنگاوێکی گەورەی ئەبستراکتیڤ لە هەستەکان دوورکەوتینەوە. ئەو ئەگەرەی خستەڕوو، وا دەشێت ئارکی شتێکی لەوە بنچینەیی‌تر بێت بە هەستەکان درکی پێ بکەین، گەرچی لەو قۆناغەدا ناکۆتا (ئەپێیرۆن) شتێکی تەواو ماتریاڵی بوو. بەم شێوەیە ئەناکزیماندەر ئەو هێڵە لێکۆڵینەوەیەی سەرپێخست، کە سەریکێشا بۆ یەکـە تاقانە بازنەییەکەی پارمەنیدس، هەروابێتەوە بۆ جیاکارییەکەی نێوان زانین و بۆچوون، و بۆ ئارکیی فرەی جیۆمەتری و ماتماتیکیی فیساگۆرییەکان و ئەتۆمی لوکیپۆس و دیموکریتەس.

ئەوەی پێی دەوترێت نەریتی هەستگەرا بەردەوام بوو لە گەڕان بەدوای شتە کورتنەکراوە ئەوپەڕینەکاندا لەو تەنانەدا کە لەڕێگەی هەستەوە درکیان دەکەین، ئەویش تا ئەو ساتەی ئیمپیدۆکلیس کردنی بە چوار دانە، واتە توخمەکانی خاک، هەوا، ئاگر و ئاو؛ بەڵام بێجگە لە ئیمپیدۆکلیس خۆی، بەدەگمەن کەسێک دەبینین ئەمانەی وەک ئارکی قبوڵ بێت، بەڵکو [پێیان‌وایە] ئەوانە قۆناغگەلێکن لەنێوان ئارکییە دوورترەکان و ئاڵۆزییە باڵاترەکانی تەنە ئاوێتەکان.

لەوەبەدوا گەڕان بەدوای ئارکییەکاندا ڕچەیەکی نوو دەگرێتەبەر. هەریەکە لە پارمەنیدس و ئیمپیدۆکلیس لە نکۆڵی‌کردن لە گۆڕاندا وەکیەک بوون، پارمەنیدس پێی‌وابوو وەهمی هەستەکانە، ئیمپیدۆکلیسیش درێژەی بە ئەبەدییەتی ستۆیکێیا (توخمەکان) دا. بەڵام ئەم چوارچێوەیە هەرزوو شکێنرا؛ ئاناکزاگۆراس و ئەتۆمیستەکان هەریەکانو بە ڕێگەی خۆیان جەختیان لە جێنەسیس دەکردەوە، هەر بەم شێوەیەش جەختیان لەو ئیمکانە دەکردەوە کە ستۆیکێیای ئیمپیدۆکلی دەگۆڕێن بۆ یەکتر [واتە توخمێک دەگۆڕێت بۆ توخمێکی تر].

شیکارییەکی نوێی جینەسیس لەلایەن ئەفڵاتوون و ئەرستۆوە، ئایدیا کۆنەکانی گۆڕان وەک تێکەڵە یان یەکگرتن یانژی کۆمەڵەبوون ڕەتدەکاتەوە؛ لەجیاتیدا تیشک دەخاتەسەر- ئەناکزاگۆراس دەستپێشخەرەکە بوو- ئایدیا کۆنەکەی "هێز"ە پێچەوانەکان. ئەمە لەناو نەریتی هەستگەراکانیشدا هەبوو، چونکە دەشێت لەڕێی هەستەوە ئەو هێزانە جیابکرێنەوە؛ بەڵام بە جیاکردنەوەی ئارکیی گۆڕانی جەوهەرە هەستپێنەکراوە پێناسەنەکراوەکە، چەمینەوەیەک لە ئاڕاستەی ناکۆتادا درووستدەبێت.

 

  ئەمە چارەسەری کۆتایی کێشەی ئارکیی تەن و جەستە فیزیکییەکانە (لەنێوان جێنەتیسیستەکاندا؛ نوسخە ئەتۆمیستی و فیساگۆرییەکە بەردەوام بوو لە پرشنگدانەوە): [سەرەتا] هێزە پێچەوانەکان، کە هەندێکیان ئەکت دەنوێنن و هەندێکیان ئەکتیان لەسەر دەنوێنرێت، [دواتر] جەوهەرێکی ماتریاڵی کە تێیدا گۆڕان ڕوودەدات، لە کۆتاییشدا وەگەڕخەری گۆڕان [هەیە].

کێشەیەکی پەیوەست بەمەوە ئەوەیە کە لەڕێگەی یەکلاییکردنەوەی بەڵگە بە گەڕاندنەوەی بۆ ئارکییە ئەوپەڕینەکە درووستدەبێت، واتە یەکەمین پێشگریمانەکانی زانین، یان ئەو پرەنسیپە ئەوپەڕینەیەی سیلۆژیزمی لەسەر بەندە. بۆ ئەفڵاتوونییەکان، کە زانینی ڕاستەقینە لایان زگماکە-چونکە بەندە بە دەرکەوتنی ئیدەوە پێش لەدایکبوون- پرسیارەکە هێندەش گرنگ نیە، بێجگە لەو کاتەی وا [دەکەوێتە ناو] تیۆریی دواتری دیالەکتیکەوە، کە تێیدا کۆی تیۆریی بەبیرهاتنەوەی زانین دەکەوێتە پاشکۆوە. مادەم هەستگەرا هەموو زانینێک لە درکی هەستەکیدا دەدۆزێتەوە، ئەوا ناچارە بۆ ڕەوایەتیدان بە زانینە هەستەکییەکان، یان هەست و درک هاوشوناس بکات، یانژی ئەو دووە بە چەمکی شهوودەوە پەیوەست بکاتەوە- وەک ئەوەی ئەرستۆ کردی.

 

 

 

 

  

 

   

 

 

 

پەراوێز:


[1] False judgement

[2] Mind

[3] A powerful Time

[4] Principle of Limit

[5] پێش خایاندن ڕەهەندێکی سەرەتایی و بەرایی بێسنورە.

[6] Prior and posterior

[7] Like to like

 

سەرچاوە:

GREEK PHILOSOPHICAL TERMS: A Historical Lexicon, F. E. PETERS, 1967