A+    A-
(573) جار خوێندراوەتەوە

     سامی خوێن

گەشتێکى مێژوویی بە دەرکەوتن و پەرەسەندنی خوێنمژەکان لە ئاستی ئەدەبیات و هونەردا – سینەما بە دیاریکراوی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

بەدواداچوون و داڕشتنەوەی:

حەسەن فەلاح

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

پێشەکی

پاش تێپەڕینی (١٠٠ساڵ) بەسەر مردنی دروستکەرەکەیدا – (دراکیولا) وەک بەناوبانگترین خوێنمژ لە مێژووی ئەدەبییاتی جیهاندا، بە نەمریی ماوەتەوە. ئەم کەسایەتییە خانەدانە کە لە بنەچەدا دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی (ترانسلڤەینیا)، لە سەردەمی دەرکەوتنە ئەدەبییەکەیدا ناوبانگێکی گەورەی نەبوو، هاوکات یەکەمین خوێنمژی ئەدەبیش نییە کە بوونی هەبووە.

یەکەمین دەرکەوتنی دراکیولا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانێکی نووسەر (برام ستۆکەر) لە ساڵی ١٨٩٧ - کە لەژێر هەمان ناونیشاندا سەریهەڵداوە. لە زەمینەی مێژووییدا، ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی ئەفسانەی خوێنمژەکان نییە، بەڵکو (دڕندە خوێنمژە باوەکان) بەلایەنی کەمەوە ماوەی ٨٠٠ ساڵە لە فۆلکلۆری کۆنی نەتەوە جاوازەکانەوە ماونەتەوە.

بۆ یەکەمین جار چەمکی (Vampire) وەک بونیادێکی زمانەوانیی لە فۆلکلۆری (سڵاڤ)ـیەکانەوە سەرهەڵدەدات، ڕووسە کۆنەکانیش لەژێر سایەی واتای چەمکی (ئوپیر)ـەوە ئەم بوونەوەرەیان ناونا. ئەم چەمکە وەک بونیادێکی فەرهەنگیی، سەرەتا لە سەدەی یازدەیەمدا ناوی دەهێنرێت. ڤامپایەرەکان پێش هاتنی کریستیانەکانیش بوونیان هەبووە، پاش گەیشتنی بیر و باوەڕی کریستیانیی بەو ناوچانەی کە تیایاندا بیرۆکەی بوونی ڤامپایەر سەرپشک بووە، کڵێساکان دژایەتی دەکەن و لە سایەی لەناوبردنی بیروباوەڕە (پاگان)ـییەکاندا، ڤامپایەر دوچاری هەڕەشە و لەناوچوون دەبێتەوە. سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، ڤامپایەرەکان لە ئاستی ئەفسانە و بیر و باوەڕدا بە زیندوویی دەمێننەوە و لەژێر هەژموونی پاکتاوی فەرهەنگیی کریستیانییەکان دەردەچن و لە دەرئەنجامدا دەربازیان دەبێت.

لە بنەڕەتدا، ئەو گێڕانەوانەی کە باس لە بوونی ڤامپایەر و کاریگەرییەکانیان دەکەن، ئەوانەن کە بەشێوەیەکی ناڕاست پێناسەی نەخۆشیی و دیاردە جەستەییەکانیان کردووە، هەروەک: هاریی سەگ – کەمیی ڤایتەمین (B-3) و شیبوونەوەی لاشە.

شیبوونەوەی لاشە لەدوای مردنی بوونەوەر، بە یەکێک لە دیارترین ئەو نیشانانە دادەنرێت کە هۆکاری سەرەکیین بۆ لەدایکبوونی ڤامپایەر. کۆبوونەوەی گاز و هەڵئاوسانی لاشە، لێڕژانی خوێنی قەتیسبوو لە کونیلە و درزەکانی لاشە و دەمەوە، نیشانە بوون بۆ ئەوەی: مردووەکان هێشتا زیندوون و هێندە نابێت خوێنیان مژیوە. لە سایەی ئەم تایبەتمەندییانەدا، شووناسی ڤامپایەرەکان بەچەشنێک ناوبانگی دەرکرد کە بوونەوەرێکی هەڵئاوساو و نینۆک و دان درێژن. ئەم پێناسەیە بەس بوو بۆ ئەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکان دەست بدەنە چەندین نەریت و مەڕاسیمی جیاواز بۆ لەناوبردنی خودی مردووە-زیندووەکان: ئەوانەی کە ترس لە هەڵسانەوە و ئاکاری خراپیان هەیە.

خەڵک بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم زیندووبوونەوەی مردووەکاندا، کفنەکانیان پڕ دەکرد لە سیر یاخود تیغیان تێدەئاژنین و لە هەندێک بارودۆخیشدا پارچە دەکران و دەسووتێنران. وێڕای ئەم هەوڵانە، ڤامپایەرەکان وەک بیرۆکە بە زیندوویی مانەوە، بەڵام تاوەک سەدەی هەژدەیەم لە ئاستی هەرێمییدا بوون و هێشتا جیهان بەتەواوەتیی ئاشنایان نەبوو. ئەو دەمەی وڵاتی (سیڕبیا) خۆی لەنێو جەنگی زلهێزەکانی (شانشینی هابسبۆرگ) و (ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی) بینییەوە: سەرباز و حکومەتە نەمساییەکان دەستیان دایە سەرنجدان و تۆمارکردنی ئەو نەریت و مەڕاسیمە ئاینییانەی کە بۆ ناشتنی مردووەکان جێبەجێ دەکران لە وڵاتەکەدا. ئەم پڕۆسەی ناشتنە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێی دا – دەبێتە جێی سەرنجی نەمساییەکان و لەڕێی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی سەمەرە و تۆقێنەرەوە، چیرۆکی ئەو مردووانەیان بڵاوکردەوە کە مەترسی زیندوو بوونەوەیان هەیە و لەسەر مژینی خوێن و هێزی زیندووەکان بەردەوامیی بە خۆیان دەدەن. هەموو ئەمە لە دەرئەنجامدا بوویە هۆی سەرهەڵدانی (هیستیریای ڤامپایەر) لە ساڵی ١٧٥٥- دۆخەکە بەتەواوەتی لە ئاستی کۆمەڵگەدا لەدەست دەرچوو – هەمووان لەو بوونەوەرە تۆقیبوون کە لە گۆڕەوە سەرهەڵدەدات و دەست دەکات بە مژینی خوێنی زیندووەکان.

لە هەمان ساڵدا، شازادەی نەمسا ناچار بوو پزیشکە تایبەتەکانی خۆی بە ئەرکی ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی ڤامپایەرەکان ڕابسپێرێت و لەڕێی ئەنجامدانی توێژینەوەکانیانەوە سەلماندیان کە شتێک بوونی نییە بەناوی ڤامپایەرەوە. ئەم هەوڵە زانستییە، پاڵنەری سەرەکیی بوو بۆ کۆتایی هاتنی هیستیریای ڤامپیار لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. بەڵام کات بەسەرچووبوو، بیرۆکەکە بەدرێژایی ڕۆژئاوای ئەوروپا بڵاوببوویەوە و تۆقین لە ڤامپایەر ڕەگی خۆی لە بیری ئەوروپییەکانی ڕۆژئاوادا داکوتیبوو. ئەم ڕووداوە پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ داهاتنی گەلێک لە کارە ئەدەبییەکان، لەوانە: کورتە چیرۆکی (The Vampyre 1819) لەلایەن نووسەر (John William Polidori) – نۆڤلێتی (Carmilla 1872) لەلایەن نووسەر (Joseph Sheridan).

کارمیلا وەک یەکێک لە دیارترین بەرهەمە ئەدەبییە سەرەتاییەکان دەربارەی پرسی ڤامپایەر، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دیارترین نووسەر و ڕەخنەگرە ئێرلەندییەکان دروست دەکات بەناوی (Bram Stoker). ستۆکەر کە لەدایکبووی ساڵی ١٨٤٧ـە و لە دەبلن چاوی هەڵهێناوە، هەر لە منداڵییەوە دوچاری نەخۆشییەکی نەزانراو دەبێت و تاوەک تەمەنی حەوت ساڵان لەسەر جێگە دەمێنێتەوە. لەماوەی بەردەوامبوونی نەخۆشییەکەدا، دایکی ستۆکەر دەست دەکات بە گێڕانەوەی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان و ژانرای ترسناک دەکات بە ناوەندی گێڕانەوەکان بۆ ستۆکەری منداڵ.

دایکی ستۆکەر یەکێک دەبێت لەوانەی کە لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کۆلێرا لە ساڵی ١٨٣٢ ڕزگاریان دەبێت، ڕووداوە تۆقێنەرەکانی ئەو سەردەمە، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی جێدێڵن. دایکی ستۆکەر، بەردەوام ڕووداوی ناشتن بە زیندوویی و گۆڕی بەکۆمەڵ بۆ ستۆکەری منداڵ دەگێڕێتەوە. ئەمانە هەموو کاریگەریی لەسەر تێڕووانینی ستۆکەر دروست دەکەن بۆ ژیان و لە داهاتوودا و لەگەڵ پێگەیشتنی: دەست دەداتە بەرهەمهێنان و نووسینی چیرۆکە خەیاڵی و ڕۆمانسی و سەرکەشییەکان. لەنێوان هەموو کارەکانیشیدا، ڕۆمانی بەناوبانگ – (Dracula 1897) دەنووسێتەوە.

لەکاتێکدا بەشێک لە ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەدەن: کارەکتەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە وێنەدانەوە و سوود وەرگرتنی ستۆکەرە بۆ کەسایەتی مێژوویی و سیاسیی ناوچەکە بەناوی (Vlad III Dracula) یان (Vlad The Impaler)، بەڵام پێدەچێت ئەمە دوور بێت لە ڕاستی و تەنها بەهۆی بوونی ناوێکی هاوبەش کە دراکیولایە، ئەم خەمڵاندنەیان خستبێتە پاڵ تێڕووانینەکانی ستۆکەر بۆ کارەکتەر و نەیاری سەرەکیی لە ڕۆمانەکەیدا.

لە سەردەمی بڵاوبوونەوەیدا، ڕۆمانی دراکیولا سەرکەوتنێکی سنوورداری بەدەستهێنا. هەرچەندە دراکیولا بە باشترین کاری ستۆکەر دانانرێت، بەڵام بەهۆی مشتومڕێکی ڕەخنەگرانەی پاراستنی مافی ئەدەبییەوە، کارەکەی ستۆکەر بەتەواوەتی چارەنووسی هەڵدەگەڕێتەوە و کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە دەبێتە یەکێک لە زەقترین ئەو کەسایەتییانەی کە کاریگەریی لەسەر ئەدەبیات و میدیەمە هونەرییەکانی داهاتوو دروست دەکەن.

ساڵی ١٩٢٢، ستۆدیۆیەکی ئەڵمانیی بەبێ پاراستنی مافی لەبەرگرتنەوەی ئەدەبیی دراکیولا، دەست دەداتە بەرهەمهێنانی فیلمێک لەژێر ناونیشانی (Nosferatu). وێڕای دەستکاریکردنی ناونیشانی سەرەکی و چەند تایبەتمەندییەکی کارەکتەر و گۆڕینی خاڵی گرێچن، بەڵام ئەم هەوڵە نایاساییە بەرهەمهێنەرانی ستۆدیۆکە ناچار بە دۆڕان دەکات و مافی خاوەندارێتیی فیلمەکە لەدەست دەدەن و مایەپووچ-بوونی خۆیان ڕادەگەیەنن. لەپێناو پاراستنی بەرهەمەکەدا، بێوەژنی ستۆکەر مافی خاوەندارێتی ناوەڕۆکی گێڕانەوەکە بۆ بەرهەمهێنانی سینەمایی دەبەخشێتە نووسەر (Hamilton Deane). دین وێڕای ئەنجامدانی چەن بڕینێکی گەورە لە ناوەڕۆکی گێڕانەوەکەدا، بەڵام توانی بەرهەمێکی کلاسیکی بەناوبانگی لێ دروستبکات.

سەرکەوتنی سیناریۆی فیلمی دراکیولا، ڕەخەگران دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو ڕۆڵە گەورە و کاریگەر و زەقەی ئاکتەر (Bela Lugosi) لە ساڵی ١٩٣١ دەیگێڕێت لە بەرهەمێکی ستۆدیۆکانی (Universal) لە (Brodway) بەناوی (Dracula 1931). لوگۆس لەڕێی کەسایەتییە ناوازە و تایبەتییەکەی خۆیەوە، ئەو تایبەتەمەندییانە بە دراکیولا دەبەخشێت کە لەم سەردەمەدا پێیان دەناسرێتەوە و نیشانەکانی وەک: لەبەرکردنی عەبای ناو-سوور و پێستی ڕەنگ پەڕیو و کەڵبەی درێژ و هتد.. دەبنە تایبەتمەندیی دراکیولا. هەر لەو ساڵەوە تاوەک ئەم دەمە، دراکیولا بە چەندین شێوەی جیاواز و ئاداپشنەوە سەریهەڵداوەتەوە و پێگەیەکی گەورەی لە میدیەمە ئەدەبی و هونەرییەکەدا داگیر کردووە.[1]

هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، سەرهەڵدانی دراکیولا هەنگاوی یەکەم و سەرەکیی مرۆڤایەتی نییە بۆ گوزارشتکردن لە خوێنمژەکان. بەڵکو زۆرینەی ڕەخنەگر و توێژەرەکان کۆکن لەسەر ئەوەی: مێژووی خوێنمژەکان مێژوویەکی دێرینە و بۆ تێگەیشتن لە شێوازی سەرهەڵدان و کاریگەرییان، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش لەدایکبوونی بیرۆکەی دراکیولا لە هزری برام ستۆکەر – بە دەربڕینێکی تر: تێگەیشتن لە خوێنمژە ڕاستەقینەکان، تێگەیشتنە لەو سەردەمەی پێش دراکیولاکەی برام ستۆکەر بوونی هەبووە. لە هەمان کاتیشدا تێگەیشتن لە هەوڵ و مەبەستی سەرەکیی خوێنمژەکان، پێویستیی بە ئاوڕدانەوەیە لە شێوازی تێڕووانینی مرۆڤایەتی لە خوێن و بەکارهێنانەکانی خوێن لە پڕۆسە و نەریتە باوە ناوچەییەکاندا.

 

خوێنمژەکانی پێش دراکیولا

لە دامەزراندنی ڕێنمای گشتی مێژووی خوێنمژەکاندا، ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە ئاماژەی پێ بدرێت، پڕۆسەی پەرەسەندنی کارەکتەرەکانە. هەروەک پێشووتر ئاماژەم پێدا، ئەو کارەکتەرەی ئەمڕۆ لەنێو فیلم و کتێب و چیرۆک و یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا بوونی هەیە و شێوازی پیاو یان ژنێکی خانەدانی وەرگرتووە، داهاتێکی تەواو ئەدەبییە و لە خەیاڵدان و بیرۆکەی نووسەرە کلاسیکەکانەوە سەریهەڵداوە، بەدیاریکراویی تێڕووانین و بەخشینی تایبەتەمەندییەکان لەلایەن )برام ستۆکەر(ـەوە.

مێژووی خوێنمژەکان لەپێش سەرهەڵدانی دراکیولاکەی برام ستۆکەر، تەواو مێژوویەکی سروشتی و کێوییانەیە. خوێنمژەکان جیاواز لەو تایبەتمەندییانەی دراکیولا خاوەنیانە، دادەمەزرێن و شێوە و تێمای ئاژەڵ و ئەفسانەکان دەگرنە خۆ.

خوێنمژەکان/ڤامپایەرەکان، بە هێندەی مرۆڤایەتی کۆن و دێرینن، چیرۆک و داستان دەربارەی خوێنمژەکان لە زۆرینەی کولتور و نەریتە جیاوازەکانی پێش-مێژوو بوونیان هەبووە. لەو سەردەمە دێرینانەدا، خوێنمژەکان پێیان نەدەگوترا خوێنمژ/ڤامپایەر، بەڵکو زۆرینەیان خاوەن تایبەتمەندیی جیاواز و ناوی تایبەتیی بوون. ئەو بوونەوەرانەی لە گێڕانەوە پێش-مێژووییەکاندا بوونیان هەیە و لەسەر بنەڕەتی مژینی خوێن برەویان بە ووزە و بەردەوامی و ژیان داوە، تەواو جیاوازن لەوانەی لەمڕۆدا دەناسرێنەوە و بوونەتە هەوێنی گێڕانەوە و داهێنانە ئەدەبی و هونەرییەکان.

لە سەرەتاییترین نموونەدا، (لاماشتو) لە شارستانیەتی (میزۆپۆتامیا) بوونەوەرێک بووە لەسەر شێوازی ئاژەڵە جیاوازەکان و سەری شێر و جەستەی گوێدرێژ بووە. لە یۆنانی کۆندا - (ستریگێس)، لەسەر شێوازی ئەو باڵندەیە پێناسەکراوە کە حەزێکی سەختی بۆ مژینی خوێن هەبووە. بە قووڵبوونەوە لە تایبەتمەندیی خوێنمژەکانی تریشدا، دۆخەکە سەرسوڕهێنەرتر دەبێت.

لە کولتوری (فیلیپینییدا)، بوونەوەری (مانا-نانگال) کە دەتوانێت جەستەی لە کەمەرەوە لێبکاتەوە، لەڕێی باڵە گەورەکانیەوە هاوشێوەی شەمشەمەکوێرەکان فڕیوە و شەیدای خوێن بووە. لای (مالیزییەکان)، بوونەوەری (پێنا-نگالان) گوزارشت بووە لە سەرێکی-فڕیوی مێینە، کە خاوەن ئەندامی تایبەتمەند بووە بۆ مژینی خوێن لەڕێی بۆریچکەی لاملەوە. لای (ئوسترالییەکان)، بوونەوەری (یارا-ما-یاهو) قەبارەیەکی بچوک و سەرێکی گەورەی دەم زلی هەیە کە دەتوانێت لەڕێی خانە-خوێنمژەکانی سەر دەست و قاچەکانیەوە خوێنی قوربانییەکانی بمژێت. هەرچی لەلای ناوچە (کاریبییەکان)ـە، بوونەوەری (سوکویانت) و ناوچەکانی ڕۆژئاوای (ئەفریقا) بوونەوەری (ئۆبائیفۆ) و لە (مەکسیک) بوونەوەری (تلا-هێلپوچ) بوونیان هەیە؛ کە ئەمانە پێکڕا مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و لەگەڵ پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی شارستانییەتدا کاریگەرییان لەسەر بیر و باوەڕی مرۆڤەکان دروست کردووە.

لەکاتێکدا ئەم بوونەوەرانە لەسەر پێوەری شێوە و ڕووخسار و تایبەتمەندییە جەستەییەکان جیاوازییان هەیە، بەڵام هەموویان خاوەن یەک تایبەتمەندیی هاوبەشن، ئەویش پشت-بەستنە بە بنەڕەتی هێز و ووزەی بوونەوەرە زیندووەکان - خوێن.خاڵی هاوبەشی مژینی خوێن لەلای ئەم بوونەوەرانە، بنەمای سەرەکییە بۆ پێناساندنی خوێنمژەکان. هەرچی تایبەتەمەندیی و خاڵەکانی ترە، بەپێی گۆڕانکارییە ژینگەیی و کولتورییەکان کاریگەر دەبن و گۆڕانیان بەسەردا دێت. لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتیی کە پێویستە وەڵامی بدەینەوە ئەوەیە: چۆن ئەم بوونەوەرە سەرەتایی و لە-ئاژەڵچووانە پەرەدەسێنن و دەبنە ئەو کارەکتەرەی بە دراکیولای خانەدان و مرۆڤئاسا دەناسرێت؟

بیرۆکە هاوچەرخەکان بۆ تێڕووانین لە سروشت و تایبەتمەندیی خوێنمژەکان، دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم لە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەوروپا و هاوئاست و خانەخوێی شۆڕشە کولتوریی و ڕامیاریی و پیشەسازییەکانن. لەگەڵ هەڵکشانی بەرچاوی ترس و تۆقین لە خوێنمژەکان، چیرۆکی مژینی خوێن و بوونەوەرە پەنهان و تاریکەکان - دەبنە گێڕانەوەی سەرەکی شەوچەرە و خەواندنی منداڵ و پەروەردەکردنیان. لە هەمان کاتدا، بەناوبانگکردنی-فۆلکلۆریی، ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەم پرسەدا و لەلای خەڵکانی (ڕۆمانیا) چیرۆکی (مۆرۆی) و لەلای (ئەلبانییەکان) چیرۆکی (لوگات) سەرهەڵدەدەن و ئەو تایبەتمەندییە هاوچەرخانە دەبەخشن بە خوێنمژەکان کە لەمڕۆدا پێیان دەناسرێنەوە، وەک ئەو مەرجانەی کە: پێویستە خوێنمژەکان لە مردن گەڕابێتنەوە، بوونەوەری شەوانە بن و شێوەی خۆیان بگۆڕن.

بە وردبوونەوە لە دۆخ و گوزەرانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە سەدەی هەژدەیەم، بۆمان دەردەکەوێت کەشی گشتی ئەو ناوچانە خۆیان لە دۆخێکی ناهەموار و تاریک و پڕ لە ئاڵنگاری تەندروستی و ئاسایشدا بینیوەتەوە. لەو ساڵانەدا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەهۆی پەتا و نەخۆشی نەناسراو گیان لەدەست دەدەن و بەبێ بوونی هیچ پێناسە و شیکارییەکی پزیشکیی، خەڵکی دەست دەدەنە داتاشینی واتا و تێگەیشتنی سەروو-سروشتیی بۆ ڕووداوە نەناسراو و نەزانراوەکان. گەڕانی ئەم خەڵکە بێئەزموونە، لە مردووەکانەوە دەستپێدەکات و بەهۆی نەبوونی تێگەیشتن لە پڕۆسەی شیبوونەوەی لاشە، کۆی ئەو نیشانانە دەدۆزنەوە کە لە فۆلکلۆرەکەیاندا دەربارەی خوێنمژەکان بوونیان هەیە.

لەگەڵ زیادبوونی هەڵدانەوەی گۆڕی مردووەکان، خەڵکانی گوند و ناوچە دووردەستەکان هەوڵ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی قایلکەر بۆ هۆکاری مردنەکان دەدەن. لە زۆرینەی کاتەکاندا بۆیان دەردەکەوێت: لاشەکان لە زیندوو دەچن - قژ و نینۆکیان درێژ بووە و سکیان ئاوساوە و لە دەمیانەوە خوێن ڕژاوە. لە گۆشەنیگای خەڵکە ناڕۆشنبیرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، هەموو ئەم تایبەتەمەندییانە نیشانی دەدەن: مردووەکان بەڕاستی مردوو نین و توانای زیندوو بوونەوەیان هەیە - لاشەکان بەڕاستی خوێنمژ بوون بۆ خەڵکی ناوچەکە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دۆخەکەدا، بیرۆکە جیاوازەکان سەریانهەڵدا. دەنگۆکان ئاماژەیان بەوە دەدا: خوێنمژەکان لە دەمی شەودا زیندوو دەبنەوە و لەڕێی مژینی خوێنی مرۆڤە زیندووەکانەوە هەوڵی مانەوە دەدەن. لەم قۆناغەدا سازدان و دروستکردنی نەریت و مەڕاسیمە ئاینییەکان بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو بوونەوەرە تۆقێنەرانە بوویە پرسێکی گرنگ و بەپێی ناوچە جیاوازەکان، مەڕاسیمی جیاواز بۆ لەناوبردنی خوێنمژەکان سەریانهەڵدا. بەڵام بەشێوەیەکی هاوبەش، زۆرینەی ئەو هەڵمەتانە خۆیان لە لێکردنەوەی سەری مردووەکان و سووتاندن و داکوتینی لاشەکان بە کفنەکانیان دەبینییەوە.

ئەوەی خەڵکە ناڕۆشنبیرەکەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا نەیاندەزانی بریتیبوو لە نیشانە ئاساییەکانی مردن و شیبوونەوەی لاشە. ئەو دەمەی لاشەی بوونەوەرە مردووەکان دەست دەکات بە شیبوونەوە، خانەکانی پێست ووشک دەبنەوە - بەم هۆیە قژ و نینۆکەکان درێژتر دەبن و وا دەردەکەون بەردەوامن لە گەشەکردن. باکتیریاکانی نێو کۆئەندامی هەرس، گاز دروست دەکەن و کۆی ناوچەکانی سک دەئاوسێنن - بەم هۆیە خوێنی نێو دەم و کونیلەکان فشاریان دەچێتە سەر و لە لاشەدا دێنە دەرەوە. لە سەدەی هەژدەیەمدا، هێشتا زانستی پزیشکیی بەپێی پێویست توێژینەوەی لەسەر شێوازی شیبوونەوەی مردووەکان نەکردبوو، هەر بۆیە ئەم نیشانە سەرەتایی و ئاساییانەی مردن بوونە نیشانەی سەلماندنی بوونی خوێنمژەکان.

هەڵمەتی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بەچەشنێک لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم زیاد دەکات، فەرمانڕەوەکانی ناوچەکە ناچار دەبن بەشێوەی تایبەتی و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکەن و ئەو دەنگۆیانە ڕەت بکەنەوە کە برەو بە بەردەوامیی خوێنمژەکان دەدەن. ئەمەش پاڵنەری سەرەکی شازادەی نەمسایە بۆ ڕەوانەکردنی پزیشکەکان و پووچکردنەوەی بیرۆکەی خوێنمژەکان و بەپێی یاساش هەڵدانەوەی گۆڕەکان قەدەغە دەکات.

لەمڕۆدا، وێڕای کۆتایی-هاتنی ڕاوکردنی خوێنمژەکان و بیرۆکەی زیندوو مانەوەیان لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، بەڵام داستان و گێڕانەوەکان هێشتا بە زیندوویەتی ماونەتەوە و لە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا مەراسیمەکان بوونیان ماوە. هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی، پاڵنەری سەرەکیی بوون بۆ سەرهەڵدانی هەریەک لە کارە ئەدەبییەکانی (The Vampyre - Dracula - Carmilla) کە پێشووتر سەرنجمان خستنەسەر.

جێی ئاماژە پێدانە، لە ئاوڕدانەوە لە هەوڵەکانی برام ستۆکەر لە وەرگرتنی ئیلهام لە ڕووداوە مێژووییەکان بۆمان دەردەکەوێت: ڕووداوی کوشتارگەکانی ژنە خانەدانی هەنگاری (Elizabeth Bathory) لە کوشتنی پاکیزەکان و لەسێدارەدانە توندەکانی (Vlad Dracula) کاریگەرییان لەسەر تێڕووانینی کارەکتەری سەرەکی دراکیولا دروست کردووە. کۆی ئەم داستانە ناوچەییانە پاڵنەری سەرەکیی بوون بۆ سەرهەڵدانی تایبەتمەندییەکانی دراکیولا - داڕشتنەوەی ژینگەی (ترانسلڤەینیا)، بەکارهێنانی سیر بۆ بەرگریکردن، پێداکردنی تیغ و ستیل بۆنێو دڵی خوێنمژەکان، وێنە-نەدانەوە لە ئاوێنەدا، حەزی بەردەوام بۆ ڕاوکردنی پاکیزەی قەشەنگ، ترس لە خاچ و بوونی هەستیاریی بەرانبەر بە تیشکی خۆر.

هەموو ئەمانە کلیلی سەرکیی بوون بۆ مانەوەی درێژخایەنی خوێنمژەکان و جێبوونەوەیان لەنێو ئەدەبیات و هونەری هاوچەرخدا. ئەم تایبەتمەندییە جیاواز و ناوازانە، کە دراکیولا وەک بوونەوەرێکی نێوەندگیر لەنێوان دڕندە کێوییەکان و مرۆڤە توندەکاندا دەهێڵێتەوە، هۆکارن بۆ زیندوو مانەوەی ئەفسانەی خوێنمژەکان.

هەمیشە لە سایەی هێڵی مێژوویی خوێنمژەکاندا پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت کە: بوونەوەرە خوێنمژەکان لەپێش دراکیولادا بوونیان هەبووە و وێڕای جیاوازییەکان لە هزرمەندیی و تایبەتمەندیی جەستەیی و ویست و هەوڵەکاندا، هەمووان خاوەن بنەمایەکی هاوبەش بوون کە ئەویش مژینی خوێنە لەپێناو مانەوەدا. بەڵام لەگەڵ تێپەرینی کات و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و بەرەوپێشچوونی زانستدا، چیرۆکە داستانی و فۆلکلۆرییەکان وەک خەیاڵدانی دێرین و ناڕاست جێگیر دەبن و بیرۆکەی خوێنمژێکی هاوچەرخ لەدایک دەبێت و لە دەرگای ئەدەب و هونەرەوە دێتە دەرەوە. [2]

لە دەرئەنجامی ئەم پێشەکییەدا دەگەین بەو فاکتانەی: بیرۆکەی خوێنمژە خاوێن و شارستێنییەکان و خاوەندارێتیی ئەو تایبەتمەندێتییانەی لە مرۆڤەکانیان نزیکدەخەنەوە، بەتەواوەتیی دەرهاویشتەیەکی ئەدەبی هاوچەرخن. هیچ یەکێک لە خوێنمژە فۆلکلۆرییەکان، خاوەن هزرمەندیی پێویست نەبوون و توانای خۆگونجاندنیان نەبووە لە ڕیزی شارستانییەتدا. ئەوەی لە دراکیولادا دەیبینین، بەشێوەیەکی گەورە پێچەوانەی سروشتی ڕاستەقینەی خوێنمژەکانە و لە بنەڕەتدا برسێتیی پاڵنەری سەرەکییان بووە بۆ بەئامانجگرتنی قوربانییەکانیان نەک ئەو غەریزە مرۆییانەی لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی خوێنمژەکاندا بوونیان هەیە.

ئەو بیرۆکەیەی خوێنمژە فۆلکلۆرییەکان لە ڕیزی بوونەوەرە هزرمەندەکان دووردەخاتەوە، ئەو ڕاستییەش پێشنیار دەکات کە: ئاژەڵئاسا، نەیانتوانیوە پابەند بن بە شێوازی ژیانکردنی باو و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا ژینگە و شێوازەکانی - نانخواردن، خەوتن، ڕاوکردن و مانەوەیان گۆڕیوە. خوێنمژە فۆلکلۆرییەکان خاوەن ئەو هزرە بەرەوپێشچووە نەبوون کە لێکدانەوە بۆ جێگیربوون و پابەندبوون بە بنەما کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان بکەن، ئەمەش نیشانی دەدات زۆرینەی ئەو تایبەتمەندییە ژینگەییانەش کە پەیوەستن بە دراکیولاوە، دروستکراوی سەر دەستی ئەدەبیاتی هاوچەرخن.

لێرەدا پێویستە ئاوڕ لە هەوڵە ئاینییەکان بدەینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی خوێنمژەکاندا. لەکاتێکدا بەکارهێنانی خاچی کریستیانیی بەردەوامییەکی گەورەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی خوێنمژەکان، بە گەڕانەوە بۆ مێژووی لەناوبردنی ئەهریمەن و خێوە شەڕانگێزەکان لە ئاینی کریستیانییدا - بۆمان ڕوون دەبێتەوە: ئەوروپییەکان هەمیشە پەنایان بۆ بەکارهێنانی خاچ بردووە، بەرەنگاربوونەوەی خوێنمژەکانیش لەڕێی خاچەوە یەکێکە لەو هەوڵە سەرەتاییانەی پشتی پێ بەستراوە و هەڵدانەوەی ئەم بەکارهێنانە ئاینییە-مێژووییە دەیسەلمێنێت: بەرەنگاربوونەوە بە خاچ تەنها پەیوەست نییە بە لەناوبردنی خوێنمژەکانەوە، لە هەمان کاتیشدا خاڵێکی هاوبەشی نێوان هەردوو سەردەمی فۆلکلۆریی و هاوچەرخە لە پێناساندنی خوێنمژەکان.

تێگەیشتن لە دیاردە و ئەرکی خوێنمژەکان، پەیوەستە بە تێگەیشتن لە - ترس لە گەڕانەوەی مردووەکان. پرسی مانەوەی مرۆڤەکانیش پەیوەستە بەو هێزە بەردەوامەی لەنێو یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین ماددەکانی جیهاندایە کە ئەویش خوێنە.

 

پێناس و مێژووی خوێن

بۆ هەزاران ساڵ، حەزی لێکۆڵینەوە و فێربوونی شێوازی کارکردنی خوێن لە ڕەهەندە ڕۆحی و زیندەییەکاندا - پاڵنەر و هۆکاری سەرەکیی بوون بۆ دۆزینەوە نادروست و مەترسییدارەکان. لەکاتێکیشدا تێگەیشتنە زانستییەکانمان بۆ خوێن زیاد لە هەر کاتێکی تر بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە دیوە، بەڵام هێشتا ئەفسوونە بنەڕەتییەکانی ئەم بونیادە سەمەرەیە بە پەنهانیی ماونەتەوە. خانە سوورەکانی خوێن، هەڵگری سەرەکیی ئۆکسجینن لە جەستەدا و پاڵنەری سەرەکیی کارکردنی دڵ و مێشکن. زانست لەگەڵ بەرەوپێشچوونیدا ئەوەی سەلماندووە (خانە بنەڕەتییەکان)ی خوێن - کە ئێمە پێمان باشە بە ڕەگەخانەی خوێن ناویان ببەین - دەتوانن لەڕێی چاندنەوە، ژیان بۆ ئەو جەستە مردووە بگەڕێننەوە کە دەبنە بەشێکی نوێ لێی.

خوێن وێڕای ناوازەییەکەی لە پێکهاتن و شێوە زانستییەکەیدا، بونیادێکی گەورەی نێو کولتورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتیی بووە. خوێن هەڵگری سەرەتاییترین پێکهێنەرەکانی گەردوون و ئەستێرەکانیشە. بە گەڕانەوە بۆ بنەڕەتی هەموو شتەکان، بوونی ئاسن لە خوێندا - کە کانزایەکی بەربڵاوە و لە دەرئەنجامی تەقینەوەی (سوپەرنۆڤا) دروست بووە - نیشانەیە بۆ ئەوەی خوێن هەڵگری ژیانی بنەڕەتیی کۆی بونیادە زیندەیی و نازیندەییەکانە. [3]

لە چاخە دێرینەکاندا، مرۆڤایەتیی بەم زانست و زانینە نوێیانە ئاشنا نەبوو، بەڵام وێڕای نائاگاییەکی بەرفراوان لە شێوازی کارکردنی زانستییدا، دڵنیا بوون لەوەی خوێن پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی ژیانە و بەردەوام بەو دیاردانە سەریان سوڕماوە کە خوێن هۆکاری سەرهەڵدانیان بووە.

خوێن بۆ ئەوان تەنها ئەو کاتە بینراو بووە، کە مرۆڤ بەرەنگاری ئاڵنگارییە سەختەکان دەبوویەوە، لەوانە - کرانەوەی زام و لەدایکبوون و سووڕی مانگانە و ڕشتن. ئەم پەنهانییەی خوێن لەنێو جەستەی مرۆڤدا، هەر زوو لە خەیاڵدانی مرۆڤە سەرەتاییەکاندا دەبێتە سیمبولێکی دواڵیزمیی لە پێناساندنی ژیان و مردن. کۆنتڕۆڵکردنی خوێن لەو سەردەمەدا بە واتای پێڕاگەیشتنی ڕەها بوو بە نەمریی - ئەمەش وەک هەوڵێکی هاوبەش لە کۆی کولتورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتییدا، وا دەکات خوێن بوونێکی بەردەوام و جێگیری لە کۆی نەریت و ئاین و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا هەبێت.

لەکاتێکیشدا هێلکەدانی زانستی دەرمانناسی و ئەفسانەناسیی بەشێوەیەکی بەرچاو لەیەکترییەوە نزیک بوون، خوێن توانیویەتی لەنێوانیاندا بەردەوام بگوزەرێت و تایبەتەمەندییەکانیان هاوبەشی پێ بکات.

بوونی دواڵیزم لە پێکهاتەی خوێندا، نیشانی دەدات ئەم بونیادە سەمەرەیە لە هەمان کاتدا دەتوانێت سەرچاوەی هێز و لاوازی، پاکی و پیسی، چارەسەر و نەخۆشی بێت. بە ئاوڕدانەوە لە بیر و باوەڕی هەریەک لە ئاینەکانی ئیسلام و جودیزم، خواردنەوەی ڕاستەوخۆی خوێن قەدەغەکراوە و پێویستە ئەو گۆشتانەی بۆ خواردن بەکاردێن، بەتەواوەتی لە خوێن پاکبکرێنەوە. بە گەڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ یۆنانی کۆن، باوەڕ وایە خوێنی سوڕی مانگانە دەتوانێت چارەسەری کێشەی مێرووی دەغڵەکان بکات و هەموو ئەو زیانانە لەناوببات کە کاریگەریی لەسەر دانەوێڵە دروست دەکەن. لەکاتێکدا هەموو ئەم دیاردانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئاینناسییەوە هەیە، بەرەنگاربوونەوەی خوێن لە گۆشەنیگای ئاینەوە پێویستیی بە پاکبوونەوە و بەکارهێنانی کۆی ئەو ئامڕازانە هەیە کە لە ئایندا بەشێکی گەورەن. ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ تێگەیشتن لە ماهیەتی بەکارهێنانی خاچی کریستیانیی یان هەموو ئەو ئامڕازە پیرۆزانەی لە بەرەنگاربوونەوەی خوێنمژەکاندا بەکاردەهێنرێن - بەو پێیەی خوێنمژەکان هەمیشە بوونەوەری ناپاکن و نەخۆشی و پەتا بۆ مرۆڤەکان دێنن.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئاینی کریستیانییدا، خوێن بوویە تایبەتمەندییەکی ناوەندیی بۆ دەربڕینی هێماگەرانە و سیمبولیزم لە دژی کەمینە ئاینییەکانی وەک جولەکەکان. لە کۆتاییەکانی سەدەی دوازدەیەمدا و بەدیاریکراوی لە وڵاتی ئینگلاند، دەنگۆی کوشتنی منداڵە کریستیانییەکان و بەکارهێنانی خوێنیان لەسەر دەستی جولەکەکان بڵاوبوویەوە و خوێن بوویە هێمایەکی سەرەکی بەکارهێنانی توندڕەوانە لە گۆشەنیگای کریستیانەکاندا. [4]

لەکاتێکدا خوێن خاوەن تایبەتەمەندیی پێویستە بۆ هەڵگرتنی نەخۆشی و ئازار لە کولتورە دێرینەکاندا، مرۆڤایەتی بەدرێژایی هەزاران ساڵ جگە لە شێوازی سوڕی مانگانە، تێکنیکەکانی وەرگرتنی خوێنی بۆ ئاشکرا نەبوو. لە دیدگەی مرۆڤە ئەفسانە-پەرستەکانەوە، مانەوەی خوێنی پیس و نەخۆشی-هەڵگر لە جەستەدا، تەنها لەڕێی مردنەوە کۆتایی دێت. باوەڕ وابوو خوێنە پیسەکان، ئەوانەی مرۆڤەکان دەکەن بە دڕندە - تەنها لەپاش مردندا خاڵی دەبنەوە و ڕزگاریی خوازیی بۆ هەڵگرەکانیان دێنن. لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرەتاییترین تێکنیکەکانی وەرگرتنی خوێنیشدا، زۆرێک لەو ئەفسانانە پوچەڵ دەبنەوە کە دەربارەی سەرچاوەی توندڕەویی خوێن بوونیان هەبوو - لە گرنگترین ئەو تێکنیکانەش داهێنانەکانی (ئیبن سینا) بوون لە وەرگرتنی خوێن لە سەدەی یازدەیەمدا.

لە ساڵانی سەردەمی پێش-هاوچەرخدا، خوێن تەنها چارەسەر نەدەکرا، بەڵکو ئامڕازێکی سەرەکیی پزیشکیش بوو بۆ بەکارهێنان لە وەرگرتنی دەرمان و دۆزینەوەی چارەسەرەکاندا. بەدرێژایی سەردەمی ڕۆمەکان و دەستپێکی دەسەڵاتی (کۆنستانتین)، خواردنەوەی خوێنی گەنج و لاو و شەڕکەرەکان بوویە نەریتێکی باو و باوەڕ وابوو: خواردنەوەی خوێنی گەنج و مرۆڤە جوان و بەهێزەکان، سەرچاوەی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی. ئەم بیرۆکەیە بە زیندوویی مایەوە و سەدان ساڵی تێپەڕاند و لە سەدەی چواردەیەمدا بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ئەوروپا جێبەجێ دەکرا. [5] ئەم سەدەیە، هاوتایە لەگەڵ ئەو دەمەی دەنگۆکان دەربارەی بوونی خوێنمژە مەترسیدارەکان بڵاوبوونەوە و هیستیریای ڤامپایەر زەمینەی خۆی خۆشدەکرد.

هەروەک چۆن خوێن بنەمایە بۆ چالاکییە زیندەییەکان، تێگەیشتن لە چەمکی خوێن بنەمایە بۆ پێڕاگەیشتن بە هەوڵە کولتورییەکانی مرۆڤ. تێپەڕینی بە هەریەک لە بوارە جیاوازەکانی - زمانەوانیی، هونەر، ڕۆحی و ئاینییدا، خوێن ئامڕازی سەرەکیی بووە بۆ گوزارشتکردن لە هزرمەندی و بیریاریی بەدرێژایی مێژوو. خوێن بەنێو تێکڕای بوارەکاندا تێپەڕیوە و بەپێی ناوەڕۆکەکان شێوەی خۆی گۆڕیوە.

پێویستە لێرەدا بپرسین: خوێن بەشێوەیەکی گشتی سیمبولە بۆ چی؟ بەدەر لە دروستکردنی کاریگەریی و ڕۆڵی لە پزیشکیی و زیندەزانییدا، خوێن لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا خزمەت بە چی دەکات و کولتور و سیاسەتە جیاوازەکانی مێژووی مرۆڤ چۆن قازانجیان لەم بونیادە سەمەرەیە کردووە؟

بۆ تێگەیشتن لەم ڕۆڵ و کاریگەرییە، پێویستە لە سەدەکانی پێش-مێژوو'ەوە دەستپێبکەین. بە وردبوونەوە لە ئاکارەکان، بۆمان دەردەکەوێت ئەو مرۆڤانەی لەپێش مێژوو بوونیان هەبووە، جیاوازییان نەکردووە لەنێوان هەوڵە پزیشکییەکان و نەریتە ئاینی و جادووییەکاندا. خوێن لەم نێوەندەدا توانیویەتی سنووری هەرسێکیان ببڕێت و تایبەتمەندییەکانیان لەنێوان یەکترییدا ئاڵوگۆڕ پێبکات و بگوازێتەوە.

لە سەرەتاییترین هەنگاودا، کولتور توانی بە چەند شێوازێکی هەمەچەشن: نەریت و مەڕاسیمی جیاوازی قوربانیدان و بەخشین و خواردنەوە و قەدەغەکراوەکان بۆ خوێن - دیاریی بکات. هەموو ئەمانەش کە گوزارشتن لە هەوڵی کولتوریی، هەنگاوی سەرەکییان خزمەتکردنی باوەڕە ئاینییەکان بووە. لەبەرانبەر ڕازیکاریی خوداوەندەکانیشدا، بە بەخشینی خوێن - مرۆڤەکان هێزی سەروو سروشتییان بەدەستهێناوە و بەرگری و مانەوەیەکی پیرۆزیان پێ بەخشراوە.

وێڕای هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانەی پزیشکی هاوچەرخ لە خوێندا پێشنیاریان دەکات، لێکدانەوە ناعەقڵانی و نائاساییەکانمان لەگەڵ خوێندا بەردەوامە و هەمیشە بەدوای ئەو پەیوەندییە نامۆیانەداین کە مرۆڤ بە خوێنەوە دەبەستنەوە. لە هەمان کاتیشدا توێژینەوە زانستییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، دروستبوونی ترس لە خوێن - بۆماوەیی هەزاران ساڵ لە ئەزموونی نائاسایی مرۆڤە لەگەڵیدا. ئەو دەمەی پەرستارێک لە قۆڵمانەوە خوێن وەردەگرێت و بە ڕەنگە تۆخ و تێرەکەی ئەبڵەق دەبین، ئەو دەمەیە کە ترس لە مانەوەی ژیان و گەیشتن بە مردن داماندەگرێت. پێدەچێت ئەم هەستە بەشێوەیەکی خۆڕسکانە لەو مرۆڤە دێرینانەوە بۆمان مابێتەوە کە بەردەوام مامەڵەیان لەگەڵ خوێندا کردووە. لە یەکەمین بەرکەوتن لەگەڵ ڕژانی خوێنیشدا، هەمووان ئەو هەستە هاوبەشەیان هەیە کە جۆشدامان دوچاریان دەبێت و خوێن وەک بونیادی ژیانەوە، دەبێتە سیمبولی لەناوچوون لە دەرەوەی جەستەدا.

لە سایەی ئەم ترس و تۆقینەشدا، ئەزموونە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان ئەوەیان سەلماندووە، مرۆڤ دەتوانێت زاڵبوونی تەواوەتی بەسەر لێکەوتە دەروونییەکانی خوێن بسەپێنێت. بەپێی نموونەکان: ئەو دایک و باوکانەی بەدوای خەتەنەکردنی ئاینیی منداڵەکانیان دەچن و ئاین ئاڕاستەی بڕین و ڕشتنیان دەکات - نمایندەن بۆ زاڵبوونی توانستی ئاین و باوەڕ بەسەر ترس لە خوێن. ئەو هاوسەرانەی لە دەمی ژانی منداڵبووندا دەبنە پەنای هاوژینەکانیان -  نمایندەن بۆ زاڵبوونی خۆشەویستی و بەڵێن بەسەر ترس لە خوێن. ئەوانەی ئامادەن لەپێناو جوانکردنی پێستیاندا خۆیان لەبەردەم ئاژنینی تاتۆ-کردندا ببینەوە - نمایندەن بۆ زاڵبوونی ویست و دەربڕینە کەسییەکان بەسەر ترس لە خوێن. ئەوانەیش کە لەپێناو ڕزگارکردنی ژیانی ئەوانیتردا خوێن دەبەخشن - نمایندەن بۆ زاڵبوونی ویستی چاکەکاری بەسەر ترس لە خوێن.

لەم گۆشەنیگا جیاوازانەوە بۆ زاڵبوون بەسەر خوێنڕشتن و دیمەنی خوێندا، بۆمان ڕوون دەبێتەوە مرۆڤ هەر لە سەرەتای هەوڵەکاندا بۆ لێکدانەوە کۆمەڵایەتییەکان، خوێن بە دواڵیزمەیەکی گەورە بەکاردێنێت - ئەمەش ئاشنامان دەکات بەو هەوڵە توندڕەوانەی خوێن بەکاردێنن لەپێناو مانەوە و بەردەوامبوون لە ژیاندا، هەروەک چۆن لەلای خوێنمژەکان سەرهەڵدەدات - بنەڕەتی مانەوە و هێز و ووزەی ژیانیان دەبێتە وەرگرتنی خوێن، توانای باڵادەستی و توندڕەوییان زاڵ دەکەن بەسەر بەکارهێنانە ئەرێنییەکانی مرۆڤ لە خوێندا.

لەمڕۆدا مرۆڤەکان بەشێوەیەکی گشتی و لە ئاستە ئەدەبییەکەدا، بەکارهێنانی خوێن وەک ڕشتن و خواردنەوە لێکدەدەنەوە. لە زۆرینەی کاتەکاندا، کوشتن گەورەترین هۆکاری ڕشتنی خوێن و خواردنەوەیشی دووەم گەورەترین هۆکارە بۆ مانەوە. ئەو دەمەی دیمەنی خوێن لە فیلم و ئەدەبیات و هونەرە هاوچەرخەکاندا دەبینینەوە، هەمان هەستی جۆش و خرۆشی و ترس داماندەگرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و زمان و ڕەنگەکان. هەروەک چۆن مێژوو فێرماندەکات، پەیوەستبوون بە خوێنەوە لە دوو ئاستی کۆمەڵ و تاکدا کاریگەریی دروست دەکات. ئەم خاڵە هاوبەشەیە کە تێڕامان لە خوێن ناوازە و پڕ لە ئەفسوون دەکات - کە دیاردەیەکی جیهانییە و لە هەمانکاتیشدا گەورەترین کاریگەریی لەسەر ئاستی تاک دروستکردووە.

بۆ تێگەیشتنێکی ڕوونتر دەربارەی بەکارهێنان و کاریگەرییەکانی خوێن لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتوری و سیاسییدا، لێکەوتەکان دەکەین بە چەند خاڵێک:

 

ئەفسوونی خوێن

مرۆڤە سەرەتاییەکان، هەر لە چاخە دێرینەکانەوە ڕووداوە نەخوازراوەکان بۆیان ئاشکرا کردوون کە ڕشتنی خوێن چ لەسەر دەستی هۆزە ڕکابەرەکان بێت یان ئاژەڵە دڕندەکان، بە واتای مردن دێت و ڕژانی خوێن لە کەمترین دۆخەکاندا ساڕێژ-بوونی بەخۆوە دیوە.

بۆ ئەو مرۆڤانەی لە پێش-مێژوودا ژیاون، خوێن واتای ڕاستەقینەی مردن بووە لە دۆخی دەرکەوتندا. لەگەڵ داهاتنی زانستی هاوچەرخیشدا، خوێن بوویە ئەو بنەڕەتە کاریگەرەی لەدەرەوەی جەستەشدا دەتوانێت سیمبول بێت بۆ ژیان. هەر بۆیە بیرۆکەی خواردنەوەی خوێن لەم ناوەڕۆکەوە ئاماژەیە بەوەی: لێسەندنی چەرخی ژیانی ئەوانیتر کە خوێنە، پاڵنەرە بۆ نوێبوونەوە.

کۆنترین بەڵگەی زانستیی کە بەکارهێنانی خوێن لە ئاستی پزیشکییدا نیشان دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر. پێش ئەم وادەیە، مرۆڤەکان هیچ بەکارهێنانێکی گەورەی زانستییان لە خوێندا ئەنجام نەداوە. ئەو دەمەی مرۆڤە خۆراک-کۆکەرەوەکان شێوازی ژیانیان گۆڕی و جێگیربوونی زیاتریان بەخۆوە بینی و دەستیان دایە ڕاوشکاری و چاندن، هێشتا زانست نەیتوانیبوو لە ئاستی جادوو و نەریتی ئاینییدا خۆی ڕزگار بکات.

خەڵکانی سەردەمی (نیۆلیثیک - ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر) خۆیان لە نێوەندی مەترسییە هەمەچەشنەکان دەبینییەوە. زۆرینەی ئەو هێزانەی لە ژینگەکەیاندا بوونیان هەبووە، مەترسی بوون و بەردەوام بەرەنگاری پەتا و خێو و خواوەند و جادوگەرەکان بوونەتەوە. مرۆڤەکان لەپێناو مانەوەدا یەکترییان کردووەتە ئامانج و لە دۆخی سەهەڵدانی پەتاکانیشدا پەنایان بردووەتە بەر نەریتە ئاینییەکان. مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە، نەیاندەتوانی جیاوازیی بکەن لەنێوان پزیشکی و جادوو و ئایندا. بۆ ئەوان پڕۆسەی پێشکەشکردنی خوێن و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە جەستە و قوربانییەکاندا، ئامڕازی سەرەکی بوون بۆ دروستکردنی بەرگری بەرانبەر بە ڕۆحە شەڕانگێزەکان و بەدەستهێنانی بەختی باش. لێرەوە پێشکەشکردنی خوێن سەرهەڵدەدات و مرۆڤەکان لەپێناو مانەوەدا ئەو باوەڕەیان بۆ دروست دەبێت کە خوێن خاوەن تایبەتمەندییەکی پیرۆزی مانەوەیە و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر داهاتووی مرۆڤەکان و گۆڕینی بۆچوونی خوداوەندەکان دروست بکات. [6]

خوێن لە سەرەتاییترین بەکارهێنانیدا پەیوەست نەبووە بە دۆزینەوەی چارەسەرە پزیشکییەکان، هەمیشە پێویستە ئەو ڕۆڵە کولتوری و ئاینی و نەریتخوازییانەی خوێنمان لەبیر بێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بیر و باوەڕ و مەڕاسیمەکان دروست کردووە. مرۆڤەکانی سەردەمی نیۆلیثیک، دەیانتوانی خوێن ببین، بۆنی بکەن، تامی بکەن و هەستی پێ بکەن. ئەوان لە دەمی ڕاوکردنی ئاژەڵەکاندا، دەیانبینی کە خوێنی گەرم و خەست لە زامی قوربانییەکانیان دێتە دەرەوە، بەڵام لە بنەڕەتەکەیدا نەیاندەزانی ئەم بونیادە سەمەرەیە گرنگییەکەی لە چیدایە.

پڕۆسەی ڕژانی خوێن لە قوربانییە ڕاوکراوەکاندا، ئەو بیرۆکەیەی داهێنا کە خوێن: بونیادێکی جادوویی و بنەڕەتییە بۆ لەناوبردنی ژیان و پێشکەشکردنیشی هۆکاری سەرەکییە بۆ ڕازیکردنی خوداوەندەکان و بەدەستهێنانی ویستەکان. زانست و زانینەکانمان دەربارەی خوێن، هەمیشە لەڕێی ناوەڕۆکە فەلسەفی و ئاینناسییەکانەوە ڕەنگ کراون. مەزنترین قوربانیی کە مرۆڤ دەتوانێت پێشکەشی ئەهریمەن و خودای بکات، بەخشینی خوێنە. [7]

 

قوربانییەکانی خوێن

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە: مرۆڤایەتی هەر لە سەردەمی نیۆلیثیکەوە و بەدرێژایی کۆی شارستانییەتەکان، باوەڕی بە پێشکەشکردنی خوێن و دیوە پیرۆزەکەی هەبووە. ئەم پێشکەشکردن و قوربانیدانە بەرفراوانە وا لە خوێن دەکەن وەک ئامڕازێکی کولتوریی جیهانیی، ببێتە سیمبولی سەرەکی مانەوە و مردن لە کۆی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا. [8]

لەمڕۆدا و لە سایەی پێشکەشکردنی خوێن وەک بونیادێکی پیرۆز، قوربانیدانە خوێنینەکان بەدرێژایی جیهان بەردەوامییان هەیە. گەر سەرنج بدەینە (عاشورا)ی شیعەکان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گرنگی ڕشتنی خوێن لە چیدایە و بۆچی خوێن توانیویەتی زۆرینە لە سایەی ئەو باوەڕە کۆبکاتەوە کە قوربانییدان بە خوێن دەکرێت باشترین ئامڕاز بێت بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوون یان نەمری و پاکبوونەوە لە هەموو کەموکورتییەکان.

نەریتی ڕشتنی خوێن لە چوارچێوەی بیر و باوەڕە ئاینی و جادووییەکاندا، ماوەی هەزاران ساڵە بەردەوامە و بەرەنگاری زەبری کات و چاخ و سەردەمەکان بووەتەوە. خوێنڕشتن زیاتر لە ١٠ هەزار ساڵە، مۆتیڤی سەرەکیی کولتورە بۆ بەردەوامیدان بە مانەوە و لەڕێیەوە ئێمە دەتوانین ببینە هەڵگری ئەو سیمبولەی کە واتای تەواوەتی بە ژیان و مردن دەبەخشێت.

 

ژەمە خوێنییەکان

ئەوەی لەمڕۆدا بە چارەسەر و بەکارهێنانی خوێنی دەزانین، لە سەردەمە سەرەتاییەکانی شارستانییەتی مرۆڤدا، وەک نەریت لێکدانەوەی بۆ کراوە. خوێن لەو سەردەمانەدا هەمیشە وەک سەرچاوەی سەرەکیی هێز ناسراوە کە بنەڕەتی ژیانی لەخۆیدا شاردووەتەوە. خواردنەوەی خوێن و بەکارهێنانەوەی لەناو جەستەدا، هەنگاوی سەرەکیی بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان. لە دیدگەی مرۆڤە سەرەتاییەکاندا، خواردنەوەی خوێنی (مامۆث)ـەکان، هێزێکی گەورەی بەخشیوە، خواردنەوەی خوێنی (هەڵۆ) بیناییەکی تیژی بەخشیوە.

جەنگاوەرە دێرینەکانی (سیثیا - ناوەندی یۆراسیا)، لەدوای بردنەوە لە جەنگەکاندا، خوێنی ڕکابەرەکانیان خواردووەتەوە و بەمەبەستی بەدەستهێنانی هێزی دوژمنەکانیان نەریتی خوێن خواردنەوەیان بە زیندوویەتیی هێشتووەتەوە. [9]

لە سەدە سەرەتاییەکانی دوای کۆچی مەسیح، دانیشتوانی گوند و ناوچە دوورەدەستەکانی ڕۆما، لەڕێی خواردنەوەی خوێنی شاخوێنبەری جەنگاوەرەکانەوە چارەسەری شەلەلیان کردووە. [10] لەلای بەشێک لە هۆزەکانی (New South Wales)، نێرینە تەندروستەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە خوێنی خۆیان دەبەخشن بەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەسەرە و لەڕێی خواردنەوەی خوێنیانەوە ئومێدێکی نوێ بە ژیان دەبەخشن. [11]

بنەما ئاینی و کولتورییەکان پاڵنەری سەرەکیی بوون بۆ سەرهەڵدانی خوێنخۆریی. تاوەک ئەمڕۆش بەکارهێنانی خوێن لەڕێی خواردنەوەوە، بەردەوامیی هەیە و لەڕێی نەریتە باوەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. هۆزی (Maasai) کە لە باشوری کینیا و باکوری تانزانیا دەژین، بەشێوەیەکی گشتی پشت بە خواردنی گۆشت و شیر و خوێن دەبەستن. ئەم هۆزە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ناوبانگیان لە جیهاندا هەیە، هێشتا نەریتە دێرینەکانیان لە خواردنەوەی خوێندا جێنەهێشتووە و بە بنەمای سەرەکی مانەوە و هێز و جوانێتیی دەبینن. [12]

بە گەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی مانەوە و دووبارە ژیانەوە لەڕێی خوێنەوە، ڤامپایەرەکان یان خوێنمژەکان قازانجێکی گەورە لە پرسە دێرین و فۆلکلۆرییەکان دەکەن و کۆی ئەو تایبەتەمەندییە ئاینی و رۆحییانە وەردەگرن کە مرۆڤایەتی لەڕێیانەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ خوێندا پەیداکردووە. بەم پێیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، خوێنمژەکان تەنها بەشێکی بچوک نین لە خەیاڵدانی مرۆڤایەتی. لە سەروو ئەم بیرۆکە و داهێنانە فۆلکلۆری و ئەدەبییەدا، کۆمەڵانێکی فراوان لەو مرۆڤانە بوونیان هەیە کە باوەڕی ڕاستەقینەیان بە کاریگەرییە ئەفسووناوییەکانی خوێن هەیە و زەمینەی بەهێزیان بۆ بەردەوامبوونی ئەفسانەی زیندوو-مانەوە لەڕێی خوێنەوە دامەزراندووە.

لە دەرئەنجامی تێگەیشتن لە هەوڵە کولتورییەکانی خوێندا بۆمان ڕوون دەبێتەوە: لە ساڵانی پێش-مێژوودا، خوێن وەک هێزی سەرەکی ژیان لێی ڕووانراوە. مرۆڤایەتی تاوەک سەدەی هەژدەیەم بەتەواوەتی نەیدەزانی خوێن چییە و چۆن کاردەکات. بۆ دەیان هەزار ساڵ، پێویست بوو پشت بە خەیاڵدانی خۆمان ببەستین لە تێگەیشتن لە سروشتی ڕاستەقینەی خوێن - هەر ئەم خەیاڵدانەش بوو چوارچێوەی گشتی بۆ ناوەڕۆکی چەمکی خوێن دروست کرد و زەمینەی بەهێزی ئەفسانەیی دەربارەی خوێن دامەزراند.

 

لە خوێنەوە بۆ خوێنمژە سینەماییەکان

 

ئەو دەمەی ووشەی ڤامپایەر/خوێنمژ'مان گوێ لێ دەبێت، چەندین دیمەنی جیاوازمان دێتەوە یاد: جل و بەرگێکی تایبەت بە هاڵۆویین کە خاوەن عەبایەکی ڕەشی ناو-سوور و دوو کەڵبەی درێژ یان تایبەتترین ئەو کارەکتەرانەی لەڕێی فیلمەکانەوە ئاشنایان بووین. هەر لە دراکیولاکەی برام ستۆکەرەوە بۆ زنجیرە فیلمەکانی (Twilight)، هەزاران ساڵ لە چیرۆک و فۆلکلۆر و ڕووداوی خوێنمژەکان بوونیان هەیە کە بنەمای سەرەکین بۆ دروستبوونی ئایدای و شێوازی تێڕووانینمان بۆ کارەکتەر و هەوڵی خوێنمژەکان.لە سەرەتای سەرهەڵدانی فیلمەوە تاوەک ئەم دەمە، ڤامپایەرەکان خۆڕاگرییەکی بەرچاویان لە ڕیزی ئەو دڕندە و بوونەوەرانەدا بینیوەتەوە کە بەردەوامییان پێ دراوە و زۆرینەی کاتەکان ئاوڕیان لێ دراوەتەوە. دراکیولا وەک دیارترین خوێنمژ لە ناوەندی سینەماییدا، زیاد لە هەر دڕندەیەکی تری سینەمایی و ئەدەبیی، دووبارە نواندنەوەی پێ کراوە و پێدەچێت لە ئاستی بینەرانی بواری ژانرای ترسناکدا هەمووان کۆک بن لەسەر ئەوەی: دراکیولا داگیرکەری فراوانترین دیمەنە لە ژانرای ترسناکدا. ئەم خاڵە گرنگترین پاڵپشتییە بۆ تێگەیشتن لەو پەرەسەندنەی بەسەر کارەکتەرەکەیدا هاتووە و دراکیولا لەماوەی سەد ساڵدا بە چەندین شێوە و ئاکاری جیاوازەوە لەناو سینەمادا دەردەکەوێت.

 

کۆتایی سەدەی ١٩ بۆ سەرەتای سەدەی ٢٠

لەکاتێکدا فیلمی (Nosferatu 1922) بە یەکێک لە سەرەتاییترین ئەو فیلمانە دادەنرێت کە پرسی خوێنمژەکانیان لە خزمەتی ژانرای ترسناکدا بەکارهێناوە و لەلای بینەران بە شاکار و یەکەم فیلمی خوێنمژی ڕاستەقینە ناوی دەرکردووە، بەڵام لەڕاستییدا ئەم بەرهەمە یەکەم فیلم نییە لە مێژووی سینەمادا کە کارەکتەری دراکیولا یان خوێنمژی نیشان داوە. لە ڕووی تێکنیکییەوە، یەکەمین دەرکەوتنی خوێنمژەکان لە سینەمادا دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمێکی (جۆرج میڵیەسی) دەرهێنەر - لە فیلمی (Le Manoir du Diable) ساڵی ١٨٩٦. ئەم کورتە فیلمە بێدەنگە، دەربارەی بوونەوەرێکی (Mephistopheles)ی سەر بە فۆلکلۆری ئەڵمانییە و لە شەمشەمەکوێرەوە خۆی دەخاتە سەر شێوەی پیاوێکی ئەهریمەن ئاسا. لە ساڵی ١٩١٣، فیلمی بێدەنگی (The Vampire) لەسەر شیعری (Rudyard Kipling) بەرهەمهێنرا و گوزارشت لە خانمە خوێنمژ-ئاسایەک دەکات بەناوی (Sybil).

هەریەک لە فیلمەکانی (Dracula’s Death و Drakula) لە ئێستەدا بە دوو بەرهەمی وون-بوو دادەنرێن، ئەم دوو فیلمە وا باس دەکرێت لەسەر بنەڕەتی هەمان گێڕانەوەکەی برام ستۆکەر دامەزراون و توانیویانە زۆر باشتر لە فیلمی نۆسفیراتو گوزارشت لە ڕووداوەکانی دراکیولا بکەن.

یەکێکی تر لە دیارترین ئەو فیلمە سەرەتاییانەی دەربارەی خوێنمژەکان بەرهەمهاتوون، فیلمی (London After Midnight 1927)ی دەرهێنەر (Tod Browning)ـە کە باس لە خانێکی پەنهان و سەمەرە دەکات - پێگەی خۆکوشتنی پیاوێکە و پاش تێپەڕینی چەند ساڵێک بەسەر خۆکوشتنەکەیدا خێوەکەی دەگەڕێتەوە و لەسەر خوێنی قوربانییەکان برەو بە مانەوەی دەدات.

دوای هەموو ئەمانە و لە ساڵی ١٩٣١، بۆ یەکەمین جار فیلمێکی ڕێگەپێدراوی دراکیولا لەلایەن کۆمپانیای (Universal) بەرهەمدێت و تۆد براونینگ دەرهێنانی بۆ دەکات. گرنگترین خاڵی ئەم فیلمە رۆڵگێڕانە ناوازەکەی (Bela Lugosi) دەبێت لە ڕۆڵی دراکیولادا و تایبەتمەندییەکانی ئەم فیلمە بەشێک لە ناسنامە وێنەییەکانی دراکیولا لە میدیەمی سینەمایی و هونەرییدا جێگیر دەکات.

تاوەک ئەم سەردەمە، خوێنمژەکان لەناو سیناریۆکاندا بەردەوام ڕۆلی نەیار و دڕدنە دەبینن، ئەم دەستپێکە توندەش وا لە دراکیولا دەکات ببێت بە کارەکتەرێکی پەنهان و پڕ لە تارمایی و خاوەن خانەدانیی و هێز. لەڕێی کارەکانی کۆمپانیای یونیڤێرساڵیشەوە دراکیولا بوویە خاوەن کەسایەتییەکی سەپێنەر و ڕابەرایەتیی ئەهریمەنی کرد بۆ ئاڕاستەکردنی کۆی ئەو دڕندانەی لەنێو ژانرای ترسناکدا کاریگەریی دروست دەکەن.

 

سەردەمی (Hammer)

کۆمانیای بەرهەمهێنەری فیلم - Hammer، دووەم گەورەترین سەرچاوەیە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و پەرەسەندنی کارەکتەری دراکیولا لەنێو میدیەمە سینەماییەکەدا. یەکەمین کاری ئەم کۆمپانیایە لەسەر دراکیولا دەگەڕێتەوە بۆ فیلمی (Dracula 1958). لە زۆرینەی فیلمە خوێنمژەکانی ئەم کۆمپانیایەدا، خوێنمژەکان وەک خۆیان مانەوە و کەسایەتی دراکیولا جێپەنجەیەکی گەورەی کۆمپانیای یونیڤێرساڵی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو. دراکیولا لەلای کۆمپانیای هامەر بەشێوەیەکی گشتی لە فۆڕم و توانا و تایبەتمەندییەکاندا گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکو تاکە شتێک ئەم بەرهەمانە جیادەکاتەوە، سەرهەڵدانی ڕەنگە بۆ فیلم.

سەرهەڵدانی ڕەنگ بۆ فیلم، بوویە کلیلی سەرەکی زەقبوونەوەی دراکیولا و کۆمپانیاکە لەڕێی ئەم بەرەوپێشچوونە تێکنیکییەوە ئاستی کاریگەرییەکانی دراکیولای بەشێوەیەکی بەرچاو پێشخست. تاوەک ساڵانی حەفتاکانیش، هیچ گۆڕانێکی گەورە بەسەر پێکهاتەی دراکیولادا ڕوونادات.

 

ساڵانی حەفتا

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، خودی ژانرای ترسناک بە گۆڕانکارییەکی گەورە و بەرفراواندا تێپەری. ئەو گۆڕانکارییانەی لە حەفتاکاندا ڕوویاندا، ڕێگەخۆشکەر بوون و بنەمای سەرەکی ئەو ژانرا ترسناکەیان دامەزراند کە لەمڕۆدا فیلمە ترسناکەکانیان پێ دەناسینەوە. لەم دەیەیەدا ڤامپایەرەکان کەوتنە ژێر باری نەشتەری تاقیکاریی و شێوە و مەبەستەکان یارییان پێ کرا. بەشێکی زۆر لە فیلمی خوێنمژەکان لەم دەیەیەدا، پەیوەستن بە ژانرای ڕۆمانسی و کاریان بە وروژاندن و ئیرۆتیک کردووە. ئەم فیلمانە بۆ یەکەمجار لە مێژووی سینەمادا، ئاوڕ لە دیوی ڕەگەزی و سێکشواڵیی خوێنمژەکان دەدەنەوە، لەوانە (Vampyros Lesbos - Daughters of Darkness - The Shiver of the Vampire و هتد..)

لە هەمان سەردەمیشدا، خوێنمژەکان خۆیان لەنێو فۆڕمی جیاوازدا بینییەوە و خوێنمژە ڕەشپێستەکان لە هەریەک لە فیلمەکانی (Blacula 1972 - Ganja & Hess) دەردەکەون. ئەم خوێنمژانە بە گۆڕانێکی بەرچاوی ڕەگەزیی و ڕەنگدا تێدەپەڕن و پەرسەندنێکی بەرچاو بەخۆوە دەبینن. لە هەمان کاتیشدا ئاوڕدانەوە لە پرسی ئاڵوودەبوون تێکەڵی هەوڵی خوێنمژەکان دەبێت و لەم ساڵانەوە فیلمی خوێنمژەکان ئاوڕ لەو پرسە کۆمەڵایەتیی و ڕەگەزی و سیاسییانە دەدەنەوە کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە.

لە فیلمی (Rabid)ی دەرهێنەر (David Cronenberg) ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییە بەدی دەکەین کە بەسەر خوێنمژەکاندا هاتووە. کرۆنینبێرگ لەم فیلمەی ساڵی ١٩٧٧، بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە گۆڕانکاریی بەسەر خوێنمژێکدا دێنێت بەناوی (Rose) کە بەهۆی ڕووداوێکی ماتۆڕسکیلەوە دوچاری بازدانی خانەیی دەبێتەوە و پێویستی بە مژینی خوێن دەبێت بۆ مانەوە و ڕزگاربوون. ئەم گۆڕانکارییە کە بۆ شێوازی خوێنمژە کلاسیکییەکان ناباو و نائاساییە، بە هەنگاوێکی گەورە خوێنمژەکان بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی دەبات و دەرگای ئەو هەوڵانە بەڕووی خوێنمژەکاندا دەکاتەوە کە سڵ لە ئەنجامدانی گۆڕانی هەڕەمەکی لە کارەکتەرەکاندا ناکەنەوە.

کۆتایی حەفتاکان، کۆمەڵێک فیلمی کاریگەر و گەورەی سەر بە خوێنمژەکان بەخۆوە دەبینن و لە هەریەک لە فیلمەکانی (Dracula - Salem’s Lot - Nosferatu the Vampyre) هەوڵێکی هونەریی گەورە دەبینین کە ئامانج لێی باشترکردنی گێڕانەوەی پرسی خوێنمژەکانە بۆ بینەران و واتایەکی قووڵتر بە هەوڵی دراکیولا و خوێنمژەکان دەبەخشێت.

 

ساڵانی هەشتا

لەم دەیەیە لە مێژووی پەرەسەندنی سینەمادا، بە سەردەمی ئاڵتوونیی بەرەوپێشچوونی کاریگەرییە پارکتیکییەکان دادەنرێت. داهاتنە تێکنیکییەکانی سینەما لەم سەردەمەدا کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شێواز و دەرکەوتنی خوێنمژەکان دروست کرد. دراکیولا و خوێنمژەکان لەم ساڵانەدا توانیان بەشێوەیەکی قووڵتر گوزارشت لە خۆیان بکەن و ڕێکخستنی ژینگە و کاریگەرییەکانیان نمایندەی ڕاستەوخۆ بوون بۆ ویستی تاکەکەسی. فیلمی (The Lost Boys) کۆی ئەو ژینگەیەی گرتەخۆ، کە لە هەشتاکاندا لەنێو گەنجەکان باو بوو. سەردەمێکی ڕەنگ تاریک و کاریگەریی زەق هاتبووە ئاراوە کە ژینگەی کۆی ئەو گێڕانەوانەی لەخۆگرتبوو کە دەربارەی خوێنمژەکان دادەمەزران. خوێنمژەکان لە لاکۆڵان و ئاهەنگ و ناوچەکانی دەرەوەی شار خۆیان بینییەوە و هەوڵە گەنجانەکانی ئەو سەردەمەی ئەمێریکا، ئاڕاستەی چیرۆکی خوێنمژەکانیان دەکرد.

 

خوێنمژە مۆدێرنەکان

لەگەڵ هاتنی دەیەی نۆیەمی سەدەی ڕابردوودا، گێڕانەوەی دراکیولا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینی. ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٤، بە هەردوو فیلمی (Dracula - Interview with the Vampire) قۆناغی گێڕانەوەی نیشاندانی ژیانی خوێنمژەکان هەنگاوی نا بەرەو توندوتیژی زیاتر و ئاکشنی ڕاستەقینە. هەریەک لە دەرهێنەران (ڕۆبەرت ڕۆدریگێز و کوینتن تارانتینۆ) خوێنمژەکانیان خستە نێو چوارچێوەی توندوتیژی سەخت و ئەم سەردەمە بەهێزترین زەمینەی بۆ خوێنمژە تۆڵەسێنە هاوچەرخەکان سازکرد.

(جۆن کارپێنتەر)، شێوازی ڕۆژئاوایی-نوێ و (وێزڵی سنیپس) لەڕێی زیندووکردنەوەی کارەکتەری کۆمیک (بەڵەید)ەوە خوێنمژەکانیان خستە ژێر باری کوشتار و خوێنڕشتن هاوتای خوێنخۆریی. لەم دەیەیەدا بوو کە خوێنمژەکان تەنها بەدوای مژینی خوێندا نەدەگەڕان، بەڵکو لەڕێی توانا سەروو سروشتییەکانیانەوە هەوڵی سەپاندنی هێز و بەدەستهێنانی هەژموونیان دەدا لەنێو شارستانییەتی مرۆڤەکاندا. هەر ئەم ساڵانەش بوو بیرۆکەیەکی ڕیفۆرمخوازیان بەسەر دراکیولا و خوێنمژەکاندا سەپاند کە بیر لە هاوتابوون و هاوژیانیی بکەنەوە لەگەڵ مرۆڤەکان بەبێ ئەوەی بکرێن بە قوربانیی ڕاستەوخۆ، ئەمەش لە زنجیرە فیلمەکانی (Underworld) بە ڕوون و ئاشکرا دیارە.

لەگەڵ بەناوبانگ بوونی زنجیرە فیلمەکانی (Twilight)، خۆشەویستی ڕاستەقینەی نێوان خوێنمژ و مرۆڤە ئاساییەکان سەرهەڵدەدات و ئەم زنجیرە فیلمە زەمینەی بەهێزی بۆ تێکەڵبوونی زیاتری مرۆڤەکان بە جیهانی ڕاستەقینەی خوێنمژەکان دامەزراند. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سەردەم و هاتنی سەدەی ٢١ و سەرهەڵدانی ڕووداوە جیهانییەکان و گەڕانەوەی گرنگیی خود و تاکەکەس، فیلمی خوێنمژەکان ئاوڕ لە پرسی ئۆنتۆلۆجی دەدەنەوە و خوێنمژەکان بە کۆی ئەو پێشهاتانە کاریگەر دەبن کە لە جیهاندا ڕوودەدەن و پرسیار لە بوونی خۆیان دەکەن، هەروەک لە فیلمەکانی (Thirst - Stake Land - Only Lovers Left Alive) دەردەکەوێت.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سینەما و کاتدا، بەشێک لە ڕەخنەگرە سینەماییەکان ئاماژە بەوە دەدەن: دراکیولاکەی برام ستۆکەر لەنێوەندی بەرەوپێشچوونە هاوچەرخەکاندا وون بووە. بەڵام لەڕاستییدا ئەم تێڕووانینە هەڵەیە و بە گەڕانەوە بۆ تایبەتمەندیی کۆی خوێنمژە هاوچەرخەکان بۆمان دەردەکەوێت، کارەکتەری دراکیولا و بەرهەمە سینەماییەکانی کۆمپانیای یونیڤێرسال و هامەر، بڕبڕەی سەرەکین بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی کارەکتەرە خوێنمژەکان لەبەردەم چاوی کامێرا و لەنێو سیناریۆ سینەماییەکاندا. خوێنمژەکان لەم سەردەمەدا ئاوڕ لە هەر پرسێک بدەنەوە و بە هەر ئاڕاستەیەک هەنگاو بنێن، لە زەمینەدا دراکیولاکەی ستۆکەر بوونی هەیە و سێبەری ڕاستەقینەی کۆی ئەو خوێنمژانە دەبێت کە لەمڕۆدا دەناسرێن.

خوێنمژەکان لە سەرهەڵدانی سەردەمی هاوچەرخەوە، مێتافۆر بوون بۆ زۆرێک لە پرسە هەستیارەکان - ئاڵوودەبوون، تەنهایی، سێکشواڵیتە و هەموو ئەو پرسانەی لەم نێوەندەدان. لە بەرجەستەکردنی ئەهریمەنەوە بۆ ئاشقێکی سەرسەخت، لە دڕندەیەکی مەترسیدارەوە بۆ نەمرێکی خانەدان، بۆمان دەردەکەوێت دەوڵەمەندیی خوێنمژەکان لە میدیەمی سینەمادا و لەڕووی کولتوری و تێکنیکی و دامەزراندەوە هێندە باڵا دەستە، بە باپیرە گەورەی هەموو دڕندە سینەماییەکان دادەنرێن و لە کولتوری هاوچەرخدا بەردەوام دێنەوە بەر دید و گوێمان.

 

ئەزموون

پەیوەست بە مێژووی دێرین و فۆلکلۆری خوێنمژەکان، سەرهەڵدانی ترسێکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی لەسەر مژینی خوێن و مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندا، پێدەچێت پرسی خوێنمژەکان بە نەمریی لەنێو بازنەی ئەدەبیات و هونەردا بمێنێتەوە. ئەم مانەوەیە کە پەیوەندیی بە تێڕووانینی کۆمەڵگەوە هەیە بۆ پرسی خوێن، بەردەوامیی بەخۆوە دەبینێت و پێشبینییەکان هەموو بۆ ئەوەن: دراکیولا یان خوێنمژەکان بۆ چەند سەدەیەکی تر بە سەرداری دڕندەکانی نێو سینەما دەمێننەوە.

 

ئەم کاریگەرییانە و گەڕانەوە بۆ مێژووە ناوازەکەیان، پاڵنەری سەرەکیی بوون بۆم تاوەک دەست بدەمە وردبوونەوە و تێڕامانی قووڵ لە پرسی خوێنمژەکان. لە بەرواری ٤ی ٣ی ساڵی ٢٠٢٢، لە پەڕەی تایبەتی خۆم لە فەیسبووک پۆستێکم کرد و ئاماژەم بەوە دا:

 

[مێژووی ئەوان پەیوەستە بە تێنەگەیشتنی مرۆڤ لە پەتا و خوێن

تێگەیشتن لە سەرگوزەشتەی نۆسفێراتوو بۆ گرنگە؟

 

بەدرێژایی مێژوو، خوێن خاوەن تێمایەکی دواڵیزمیی بووە؛ سیمبولی ژیان و مردنە. پەیوەست بەم چەمکە: یەکێک لە دیارترین و ئەفسانەییترین بوونەوەرە فۆلکلۆرییەکان توانیویەتی لە چاخە دێرینەکانەوە بوونی خۆی لەنێو هزر و خەیاڵدانی مرۆڤدا بە زیندوویی بهێڵێتەوە، ئەویش نۆسفێراتوو-ە.

نۆسفێراتووەکان یان بە واژەیەکی تر: ڤامپایەرەکان، مێژوویەکی دێرینیان هەیە و دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییە کۆنەکان. مرۆڤ نێچیری سەرەکیی نۆسفێراتووەکانە. سەرهەڵدانیان بەهۆکاری جیاوازەوەیە، یەک لەوانە خۆکوشتنە.

بەدەر لەو وێنا ئەدەبی و ڕۆمانتیکییەی نۆسفێراتووەکان لە هزری ئێمەدا هەیانە، لە پاشخاندا تێگەیشتن لێیان پەیوەستە بە تێگەیشتن لە نەمریی، مانەوە، داهاتوویەکی ناڕوون، برسێتی و پەتا.

بۆ تێگەیشتن لە سنوورداریی توانای مرۆڤ لە سەردەمە دێرینەکاندا، تێگەیشتن لە سروشت و هەوڵ و جووڵەکانی نۆسفێراتوو گرنگە. تۆ بە ناسینی نۆسفێراتوو دەزانیت مرۆڤەکان لە جیهانی دێریندا چۆن بیریان کردووەتەوە و لە ژینگەی دەوروبەر و کۆمەڵگە تێگەیشتوون. چۆن بەرەنگاری نەخۆشییەکان بوونەتەوە و جیهانبینییان لە چ ئاستێکدا بووە و چەندێک ئاسۆیان لێ ڕوون بووە.

پەیوەست بەو تێگەیشتنانەی سەرەوە، دەست دەدەمە بینینی ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکانی نۆسفێراتوو/ڤامپایەر، بە مەبەستی تێگەیشتن لە ترسی مرۆڤایەتی لە خوێن و خەونە ناخۆشەکان.

بەپێی گەڕان و بەدواداچوونەکانم: زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لەسەر نۆسفێراتوو بوونیان هەیە. بەهۆی نەبوونی کاتەوە، ناچارم لەو ڕێژەیە تەنها ٥٠ بۆ ١٠٠ دانەیان ببینم کە دەستەبژێرێکی سەرەتایین لە فیلم و زنجیرە باش و خراپەکان، کۆن و نوێیەکانی نۆسفێراتوو.]

لەو پۆستەدا ئاماژەی بەردەوام بە (نۆسفیراتوو) دەدەم و خستوومەتە جێگەی سەرەکی بۆ گوزارشتکردن لە خوێنمژەکان. هەرچەندە خودی نۆسفیراتوو جۆرێکە لە خوێنمژ و کۆی خوێنمژەکان ناگرێتەوە، بەڵام نمایندە و کارەکتەری سەرەکییە بۆ ئەو خوێنمژانەی لەمڕۆدا دەیانناسینەوە هاوتای دراکیولا - ئەم تێگەیشتنە لە پۆستەکەدا بە ڕوونی دیارە.

لە هەمان کاتیشدا ئاماژەم بەوە داوە کە لە تێکڕای بەرهەمە سینەماییەکانی جیهاندا و تاوەک ئێستە زیاتر لە (٢٠٠ فیلم) دەربارەی خوێنمژەکان بوونیان هەیە و بەرهەمهاتوون، بەڵام لەڕاستییدا ژمارەکە لەم ڕێژەیە زیاترە و بەپێی بەدواداچوونەکانم دەرکەوتووە: کۆی ئەو فیلمانەی دەربارەی پرسی خوێنمژەکان بەرهەمهاتوون بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی سینەما، زیاترن لە (٣٠٠ فیلم). لەکاتێکیشدا ئاماژە بەوە دەدەم کە کاتم بۆ بینینی تەنها (٥٠ بۆ ١٠٠) فیلمی خوێنمژەکان دەبێت، بەڵام لەماوەی (ساڵێک)دا و تاوەک تەواوکردنی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە دەکاتە بەرواری ٢٥ی ٨ی ٢٠٢٣، توانیم زیاتر لە (٢٠٠) فیلم دەربارەی خوێنمژەکان ببینم.

بەدرێژایی ئەم ماوەیە و هاوتای بینینی فیلمەکان، بەردەوام لەڕێی توێژینەوە و وتار و لێکۆڵینەوە و دۆکیۆمێنتەکانەوە بەدواداچوونم بۆ پرسی خوێنمژەکان کردووە. لە هەموو ئەو لێکەوت و کاریگەرییانەم کۆڵیوەتەوە کە پرسی خوێنمژەکان لەسەر کۆمەڵگە و ئاڕاستەکان دروستیان دەکەن. لێرەدا دەتوانم بڵێم: ئێستە باشتر لە خوێنمژەکان تێدەگەم و دەتوانم لەسەریان بدوێم.

لەم ماوەیەدا، کۆمەڵێکی زۆر لە بەرهەمە باش و خراپە سینەماییەکانم لەسەر خوێنمژەکان بینی. بەمپێیە دەتوانم ئاماژە بە باشترین و دڵخوازترین ئەو فیلمە خوێنمژانە بدەم کە بینیومن. بەشێوەی جیاواز پۆلێنیان دەکەم بۆ بینین و دەتوانن سوود لە ڕێکخستنەکانم ببینن بۆ تێڕووانین لەو فیلمانەی پەیوەستەن بە ناوەڕۆکی خوێنمژەکانەوە:

 

فیلمی (Nosferatu 1922):

بە یەکەم فیلمی نایاسایی دەربارەی دراکیولاکەی برام ستۆکەر دادەنرێت. کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەم فیلمە کە ئەڵمانییە، بەبێ ڕەزامەندیی و پاراستنی مافی ئەدەبیی گێڕانەوەکەی برام ستۆکەر دەستی داوەتە بەرهەمهێنانی. هەرچەندە ناوی کارەکتەری سەرەکی لە دراکیولاوە گۆڕاوە بۆ (کاونت ئۆرلوک) و لەبری بەکارهێنانی ناونیشانی دراکیولا - نۆسفیراتوو بەکارهاتووە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە بچکۆلانە هۆکار نەبوون بۆ دەرچوونی بەرهەمەکە لەژێر سانسۆری دادگە و بەهۆی ئەم هەڵە نایاساییەوە فیلمەکە وێڕای سەرکەوتنی، دۆسیەی دادگەی دۆڕاند و مایەپووچیی بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکەی هێنا.

ئەم فیلمە لە سەردەمی خۆیدا هێندە ترسناک بووە، لە وڵاتی سوید بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ نمایشکردنی قەدەغە دەکرێت.

 

فیلمی (Dracula 1931) - بەرهەمی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ:

ئەم فیلمە بە یەکەمین فیلمی یاسایی دادەنرێت کە ناوەڕۆکی دراکیولاکەی برام ستۆکەری بەکارهێناوە. لە هەمان کاتیشدا یەکەم فیلمی دراکیولایە کە گەورەترین کاریگەریی لەسەر دامەزراندنی تایبەتمەندی و کەسایەتی دراکیولا لە سینەمادا دروست کردووە و لەدوای ئەم فیلمەوە هەمووان وەک بەرهەمی لاسایی هەژمار دەکرێن.

لە ڕیزی ١٠٠١ لەو فیلمانەیە کە پێویستە پێش مردنت بینەریان بیت.

 

فیلمی (Vampyr 1932):

یەکێکە لە فیلمە سەرەتاییەکان دەربارەی پرسی خوێنمژەکان و دراکیولا. زۆرینەی ئەو ئاکتەرانەی لەم فیلمەدا بەژدارییان کردووە، سەرەتایین و بۆ یەکەمجارە لەبەردەم کامێرادا دەردەکەون، پێشووتر بەشێوەیەکی پرۆفێشناڵانە کاری سینەماییان ئەنجام نەداوە - مۆدێل و رۆژنامەنووس و خانەدان بوون.

کۆی ئەم فیلمە لە لۆکەیشنی ڕاستەقینەدا تۆمار کراوە و پێگەی مانەوەی کۆی ستافەکەش بووە لەکاتی خەوتن و شکاندنی ماندوویەتییدا.

سەرەتای کارکردن لەسەر ئەم فیلمە، قۆناغی کۆتاییهاتنی فیلمە بێدەنگەکان بوو لە سینەمادا. لە ئاستی فیلمە گرنگەکانی مێژووی سینەماشدا، لە لیستی ١٠٠١ لەو فیلمانەدایە کە پێویستە هەمووان پێش مردن بیانبینن.

 

فیلمی (Dracula 1958) بەرهەمی کۆمپانیای هامەر:

بە یەکەم فیلمی ڕەنگاوڕەنگی دراکیولا دادەنرێت لە مێژووی سینەمادا. لە هەمان کاتیشدا دووبارەکردنەوەی کۆی ئەو تایبەتمەندی و گرێیانەیە کە دراکیولا لە فیلمەکەی کۆمپانیای یونیڤێرسال خاوەنیانە.

دراکیولا لەم فیلمەدا تەنها ١٦ هێڵی دایەلۆگی هەیە و کۆی دەرکەوتنەکانی لە حەوت خولەکدایە. بۆ تێکەڵنەکردنی لەگەڵ فیلمەکەی یونیڤێرساڵ، ئەمریکییەکان ناچارن لەژێر ناونیشانی (Horror of Dracula) ناوی بهێنن و ئاماژەی پێ بدەن. بەشێک لە ڕەخنەگرانیش بە یەکێک لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەمای بەریتانیای دادەنێن.

 

فیلمی (Black Sabbath 1963):

وێڕای پرسی خوێنمژەکان، لە دیدگەی تایبەتیی خۆمەوە وای دەبینم ئەمە یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمە ترسناکە کلاسیکییانەی لە مێژووی سینەمادا بوونیان هەیە. خاوەن ژینگە و پرۆپ و زیم و میزۆنسێنێکی تایبەت و دڵبەرە.

ئەم فیلمە، پاڵنەری سەرەکیی بووە بۆ ناونانی باندی ڕۆکی بلاک ساباث. لە هەمان کاتیشدا کە دوو ڤێرژنی بە زمانی ئیتاڵی و بڕینی نێودەوڵەتیی هەیە، بە یەکێک لە دیارترین ئەو فیلمانە دادەنرێت کە کاریگەریی لەسەر ژانرا ترسناک و خوێناوییەکان دروست کردووە.

دەرهێنەر کوینتن تارانتینۆ ئەم فیلمە بە ئیلهامبەخشێکی گەورە وەسف دەکات و سوودی لێ بینیوە بۆ دەرهێنانی فیلمی (Pulp Fiction).

 

فیلمی (The Fearless Vampire Killers):

وای دەبینم: ئەمە یەکێک بێت لە جوانترین ئەو فیلمانەی پرسی خوێنمژەکانیان لەخۆ گرتووە. ئەم فیلمە تێکەڵەیەکە لە ژانرای ترسناک و کۆمیدیای کلاسیکی. هەوڵی سەرەکی دەدات لە دیدگەی ڕەخنەگرییەوە ڕاوکردنی خوێنمژەکان بگێڕێتەوە.

ڕۆمان پۆلانسکی کە بە گەنجیی دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە، پێموایە یەکێکە لە باشترین فیلمەکانی. لە هەمان کاتدا بەچەشنێک کاری لەسەر ئەم فیلمە کردووە، لە لۆکەیشنی تۆمارکردنی فیلمەکاندا کە چەندین هۆتێل بوونیان هەبووە، دانیشتوانی ناوچەکە ناچار بوون گەشتیارەکان بەردەوام لەوە ئاگادار بکەنەوە کە هیچ نەخۆشییەک لەم ناوچەیەدا نییە و هۆکاری بوونی ژمارەی زۆری کفنەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک دەبارەی خوێنمژەکان.

شارۆن تەیت کە خانمە ئاکترێسی سەرەکییە لەم فیلمەدا، دەکەوێتە ژێر کاریگەری خۆشەویستی پۆلانسکی و لەدوای ئەم فیلمە هاوسەرگیریی لەگەڵدا دەکات.

 

فیلمی (Valerie in Her Week of Wonder 1970):

وای دەبینم ئەم فیلمە یەکەم فیلمی خوێنمژ بێت لە مێژووی سینەمادا کە لە گۆشەنیگایەکی دەروونییەوە لە جیهانەکەی دەڕووانێت.

کەشێکی خەیاڵیی ڕەها سەپاوە بەسەر دیمەنەکاندا. ئەو کچەی کە کارەکتەری سەرەکییە و ڕۆڵی ڤالێری دەگێڕێت، لەنێو ١٥٠٠ کچی تردا هەڵبژێردراوە بۆ بینینی ڕۆڵەکەی و تایبەتەمەندییە جەستەییەکان و ڕوخساری پاڵنەری سەرەکیی بوون بۆ سەرکەوتنی.ئەمە یەکێکە لەو فیلمانەی کە تیایدا توندوتیژی بەرانبەر بە ئاژەڵ ئەنجامدراوە، هەر بۆیە ڕەخنەگران بە چاوێکی تیژەوە لێی دەڕووانن.

فیلمەکە بەرهەمی چیکۆسلۆڤاکیایە، ئەو دەمەی یەکێتی سۆڤیەت باڵادەست دەبێت لە ناوچەکەدا، نامیشکردنی بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکرێت.

 

فیلمی (Nosferatu The Vampyre 1979):

لە تێڕووانینمدا، ئەمە یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمانەی دەربارەی دراکیولا بەرهەمهاتوون. بەشێوەیەکی ناوازە و ناباو کارەکتەری کاونت دراکیولا بەکاردێنێت بۆ خزمەتکردنی پڵۆتە سەرەکییەکەی.

(کلاوس کینسکی) ئاکتەری سەرکیی فیلمەکەیە و ڕۆڵی دراکیولای دیوە. ئەم ئاکتەرە بەهۆی سروشتە نائاساییەکەیەوە، بەردەوام پێویستیی بە دووبارەکردنەوەی ئەو جوانکارییە بووە کە بۆی کراوە لەنێو فیلمەکەدا. چاودێرەکان دەڵێن: هەر دانیشتنێکی جوانکاریی بۆ کینسکی چوار کاتژمێری خایەندووە.

ڤێرنەر هێرزۆگ وەک دەرهێنەری ئەم فیلمە دەڵێت: بەشێک لەو جرجانەی لە فیلمەکەدا دەردەکەون، باشتر لە کینسکی مامەڵەیان کردووە.

بۆ یەکەمجارە لە مێژووی فیلمی خوێنمژەکاندا دراکیولا تێکەڵ بە حەقیقەتێکی دەرەوەی گێڕانەوەی برام ستۆکەر دەکرێت و کارەکتەرە سەرەکییەکە خۆی لەبەردەم ئاڵنگاریی نوێدا دەبینێتەوە.

هێرزۆگ لەماوەی دروستکردنی ئەم فیلمەدا ئاماژە بەوە دەدات: نۆسفیراتووی ساڵی ١٩٢٢، باشترین و گەورەترین فیلمی خوێنمژە لە جیهاندا.

 

فیلمی (Salem’s Lot 1979):

بە یەکێک لە جوانترین ئەو فیلمانە دادەنرێت کە ناوەڕۆکی خوێنمژەکانیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ژانرای ترسناک.

ڕەگەزی شوێن دیارترین ڕەهەندی نێو فیلمەکەیە و تاوەک ئێستەش شوێنی گرتنی دیمەنەکانی ئەم فیلمە لەلای بینەرانی ژانرای ترسناک و خوێنمژەکاندا تایبەتمەندیی گەورەی هەیە.

سیناریۆی ئەم فیلمە لە گێڕانەوەیەکی (ستیڤن کینگ)ی گەورە نووسەری بواری ژانرای ترسناکەوە وەرگیراوە. لەکاتێکدا بەشێکە لە زنجیرە فیلمەکانی سەیڵم لۆت، وای دەبینم باشترین بەشی زنجیرەکە بێت.

بڕیارە ساڵی ٢٠٢٣ ڕیماستەر بکرێتەوە.

 

فیلمی (The Lost Boys 1987):

وێڕای بوونی چەن خاڵێکی نەرێنی لە تەکنیک و دەرهێناندا، لە چینی بینەرە بەرخۆرەکاندا پێدەچێت ئەم فیلمە گرنگییەکی گەورەی هەبێت لە تێڕووانین و بیرهاتنەوەی پرسی خوێنمژەکان.

بەهۆی بوونی چەند دیمەنێکی کاریگەر و جوان، پێم وایە بینینی ئەم فیلمە گرنگ بێت بۆ تێگەیشتن لەو کاریگەرییانەی ژانرای ترسناکی ساڵانی هەشتاکان دروستی کردوون لەسەر پرسی خوێنمژەکان.

 

فیلمی (Dracula 1992):

یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمە مۆدێرنانەی دەربارەی دراکیولا بەرهەمهاتوون و خاوەن سێ خەڵاتی ئۆسکارە.

دراکیولا لەم فیلمەدا بەشێوەیەکی زۆر جوان وەسف دەکرێت و نیشان دەدرێت. وای دەبینم بینەرە گشتییەکە لەم فیلمەوە زیاتر بە پرسی دراکیولا کاریگەر دەبن و سەرنجی تەواوەتی پێ دەدەن.

(فرانسیس فۆرد کۆپۆلا) دەرهێنانێکی ناوازەی بۆ کردووە، دامەزراندنی ژینگە و دیاریکردنی سروشت و تایبەتەمەندیی ڕۆڵگێڕەکان، دوو خاڵ و ڕەگەزی سەرەکیین بۆ سەرکەوتنی ئەم فیلمە.

 

فیلمی (Interview with a Vampire 1994):

بەکارهێنانی فلاشباک لەم فیلمەدا ڕەگەزی سەرەکی سەرکەوتنەکەیەتی. بەشێوەیەکی ناوازە پرسی مانەوە و تەمەندرێژیی خوێنمژەکان بەکاردێنێت بۆ خزمەتکردنی ناوەڕۆکەکەی.

ئەم فیلمە دوو جار بۆ بردنەوەی ئۆسکار پاڵێوراوە و یەکێکە لەو فیلمە جوانانەی دەربارەی پرسی خوێنمژەکان بوونیان هەیە. زۆرینەی ئاکتەرە ناودارەکانی هۆڵیوود لەم فیلمەدا بوونیان هەیە، لەوانە تۆم کروز و براد پیت و ئانتۆنیۆ باندێراس. ناوازەییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی ژینگە و سەردەمی ساڵانی سەدەی هەژدەیەم لە گێڕانەوەی هەوڵی خوێنمژەکان بۆ مانەوە.

 

فیلمی (The Addiction 1995):

ئەمە یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمە خوێنمژانەی پێوانە نەکراوە و کەمترین جار بینەرانی ژانرای ترسناکی خوێنمژەکان ئاوڕیان لێی داوەتەوە. بەشێوەیەکی گشتی پرسی خوێنمژەکان دەبەستێتەوە بە ڕەگەز و مێینە وەک خوێنمژ ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکان.

 

فیلمی (Vampire Hunter D: Bloodlust 2000):

یەکەم ئانیمەیشنە دەربارەی خوێنمژەکان کە بینینی بە گرنگ دەبینم. بەشێوەیەکی گەورە و بەرچاو توانیویەتی ڕەهەندە جیاوازەکانی خوێنمژەکان ڕوون بکاتەوە و لەنێو چوارچێوەی ئاکشنی ژاپۆنییدا ڕووداوەکان دابمەزرێنێت.

جیاواز لە هەموو بەرهەمە ژاپۆنییەکانی تر، ئەم بەرهەمە سەرەتا بە زمانی ئینگلیزی بەرهەمهاتووە و پاشان دۆبلاژی ژاپۆنی و زمانەکانی تری بۆ کراوە.

لەکاتێکدا ناوەڕۆکەکەی پەیوەست نییە بەو خوێنمژانەی لە ئەدەبیات و هونەری ئەوروپادا بوونیان هەیە، بەڵام کەش و دروستکردنەوەی کارەکتەرەکان پەیوەستن بە هەمان تایبەتمەندیی خوێنمژەکان و ئەوانەی ژانرای ترسناکی خوێنمژەکان لایان پەسەندە، بەشێوەیەکی گەورە و بەرچاو ئەم بەرهەمە پەسەند دەکەن.

 

فیلمی (Shadow Of The Vampire 2000):

هاوشێوەی فیلمەکانی پێشوو، ئەمە یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمانەی دەربارەی دراکیولا بەرهەمهاتوون. بە پشتبەستن و گەڕانەوە بۆ ناوە بنەڕەتییەکەی نۆسفیراتو، دەمانبەستێتەوە بە زەمینەی خەیاڵیی بەرهەمهێنانی فیلمە بنەڕەتییەکە و حەقیقەت و خەیاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی نۆسفیراتوی ساڵی ١٩٢٢ نیشان دەدات.

ئەم فیلمە دوو جار بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار پاڵێوراوە. کاونت ئۆرلوک باشترین ڕۆڵگێڕانی هەیە و خاوەن سروشتێکی تەواو تۆقێنەرە. ژمارەیەک لە ئاکتەرە دیارەکانی سینەمای هۆڵیوودیش لەم فیلمەدا بەژدارییان کردووە لەوانە: جۆن ماڵکۆڤیچ و ویڵیەم دافۆ و ئێدی ئیزارت.

 

زنجیرە فیلمەکانی (Underworld 2003 - Underworld: Evolution 2006 - Underworld: Rise of the Lycans 2009):

باشترین زنجیرە فیلم دەربارەی خوێنمژەکان بوونی هەبێت، زنجیرە فیلمی ئەندەروۆڵدە. ئەم زنجیرەیە بەشێوەیەکی بەرچاو گرنگیی بە وردەکارییەکانی کارەکتەر داوە و ژینگەی فیلمەکەش بەدەر نییە لەو کاریگەرییە نوێیانەی لە سەردەمی خۆیدا سەریانهەڵداوە و بەشێک لە ڕەخنەگران دەڵێن: زنجیرەکە توانای ڕکابەریکردنی زنجیرەی ماترێکسی هەیە.

لەکاتێکدا ڕەخنەگرە جدییەکانی سینەما بە چاوێکی تیژەوە ڕەخنەی لێ دەگرن و بە بەرهەمێکی بەرخۆرانە زنجیرەکە ناوەزەند دەکەن، پێم وایە یەکێکە لەو زنجیرە ناوازانەی توانیویانە بەشێوەیەکی گەورە پرسی ئاکشن تێکەڵی خوێنمژەکان بکەن.

 

فیلمی (I Am Legend 2007):

ئەم فیلمە کە لە ئاستی بینەرە گشتییەکاندا جێیەکی بەرچاوی هەیە و بەردەوام لەسەر شاشەکان دەبینرێتەوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا بەشێک نییە لە ژانرای ترسناکی خوێنمژەکان، بەڵام ئاداپشن و وەرگیراوی فیلمێکی بنەڕەتیی ساڵی ١٩٦٤ە لەژێر ناونیشانی (The Last Man On Earth) کە باس لە زیادبوونی مەترسی خوێنمژەکان دەکات.

خاڵی پەنهانیی ئەم فیلمە لە گوزارشتکردن لە خوێنمژەکان ناوازەی کردووە، بینەر بە ئاسانی نازانێت ئەوەی لەم فیلمەدا نەیار و دڕندەیە بەڕاستی چ جۆرە مەترسییەکە. هەمووان وادەزانن دڕندەکانی ئەم فیلمە زۆمبی و مردووی زیندوون، بەڵام لە ڕاستییدا ئەم فیلمە ڕەچەڵەکێکی خوێنمژانەی هەیە و یەکێکە لەو فیلمە هاوچەرخانەی بەشێوەیەکی ناباو پرسی خوێنمژەکانی بەکارهێناوە.

 

فیلمی (Let The Right One In 2008):

یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمە خوێنمژانەی لە گۆشەنیگای منداڵەوە چیرۆکی ناوازەی شێوازی ژیانکردنی خوێنمژەکانمان بۆ دەگێڕنەوە.

وەک فیلمێکی بیانیی، پێموایە باشترین فیلمی بیانییە دەربارەی خوێنمژەکان کە بوونیان هەیە. یەک جار پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی بافتا.

پێموایە گرێدانەوەی منداڵ لە پرسی خوێنمژەکاندا و نیشاندانی توندڕەویی، ئەم فیلمەی بەشێوەیەکی گەورە ناوازە کردووە. ڕووداوەکان لەم بەرهەمەدا ڕادیکاڵن و ڕاستگۆیی لە نیشاندانی لێکەوتی خوێنمژەکاندا خاڵی سەرەکیی ناوازەییەکەیەتی.

 

فیلمی (Byzantium 2012):

ئەم بەرهەمە هەوڵێکی فێمەنیستانەیە بۆ گوزارشتکردن لە پرسی خوێنمژەکان. بەشێوەیەکی هاوچەرخ گرێچنە درامییەکەی بۆ داڕێژراوەتەوە و بینەر لە بینینیدا بێزار نابێت.

خاوەن دیمەنگەلێکی ڕادیکاڵانەیە لە گوزارشتکردن لە پرسی توندوتیژی و دەستدرێژییدا.

 

فیلمی (A Girl Walks Home Alone At Midnight 2014):

ئەمە یەکەم فیلمی فارسییە دەربارەی خوێنمژەکان. لەکاتێکدا ناوبانگێکی جیهانیی هەیە، نمایشکردنی لە ناوخۆی ئێراندا قەدەغەیە. هاوشێوەی فیلمە هاوچەرخەکان، چەند پرسێکی ڕادیکاڵانەی لەخۆ گرتووە و لە گۆشەنیگایەکی فێمەنیستییەوە دیمەنەکانی گیراون.

دەرهێنەری ئەم فیلمە خانمێکی فارسە و بە مۆنۆکرۆم کۆی دیمەنەکانی تۆمار کردووە. یەکێکە لە جوانترین ئەو فیلمە هاوچەرخانەی لەسەر پرسی خوێنمژەکان بەرهەمهاتوون و لەگۆشەنیگایەکی نوێوە لە پرسەکەی ڕووانیوە.

 

فیلمی (Dracula Untold 2014):

لەکاتێکدا ڕەخنەگران بە فیلمێکی بەرخۆرانە و دووبارەی دەبینن، بەڵام ئەوانەی شارەزای پرسی دراکیولان لە بینینی ئەم فیلمەدا هەستێکی تایبەت دایاندەگرێت.

جوانیی ئەم فیلمە پرسێکی تەواو سەبجێکتڤییە. پێموایە بەشێوەیەکی جوان و هاوچەرخ پرسی دراکیولا زیندوو بکاتەوە و بەشێک لەو مۆتیڤە شاراوانەی دراکیولا نیشان بدات کە پێشووتر ئاشنای نەبووین.

 

فیلمی (What We Do in The Shadows 2014):

ئەمە یەکەم فیلمی خوێنمژەکانە کە بەشێوەی دۆکیۆمێنتاریی بەرهەمهێنراوە. ئاڕاستەیەکی ناوازەی هەیە و هەوڵیداوە کۆی ئەو دراکیولایانە کۆبکاتەوە کە لە سەردەم و قۆناغە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی خوێنمژەکاندا بوونیان هەبووە.

ئەم فیلمە کۆمیدیای ڕەشە و نیشانی دەدات کارەکتەری دراکیولا چۆن پەرەی سەندووە و کۆی کەسایەتییە جیاوازەکانیشی لە یەک قۆناغ و سەردەمدا کۆدەکاتەوە.

کۆی تۆمارکردنی دیمەنەکانی ئەم فیلمە ١٢٥ کاتژمێرە و پوخت کراونەتەوە بۆ ٩٠ خولەک.

 

فیلمی (Blood Red Sky 2021):

هاوشێوەی زۆرێک لەو فیلمە هاوچەرخانەی دەربارەی پرسی خوێنمژەکان بەرهەمهاتوون، ئەم فیلمە لە گۆشەنیگایەکی فێمەنیستانەوە لە پرسەکە دەڕووانێت.

ژینگەکەی تایبەتە و کۆی ڕووداوەکان لەنێو فڕۆکەدا ڕوودەدەن. یەکێکە لەو فیلمە هاوچەرخە خوێنمژانەی پێموایە بینینی چێژ دەبەخشێت. گەر نا خاوەن هیچ تایبەتەمەندییەکی گەورە نییە و دووبارەکردنەوەی کۆی ئەو تایبەتەمەندییانەیە کە پێشووتر خوێنمژەکان هەیانبووە.

 

لە دەرئەنجامی کۆی بینینەکانمدا، گەیشتووم بەو باوەڕەی، باشترین ئەو فیلمانەی دەربارەی پرسی خوێنمژەکان بوونیان هەیە، ٢٥ فیلمن (بەپێی ساڵی بەرهەمهاتن). ئەوانیش:

 

  1. Nosferatu 1922
  2. Dracula 1931 - Universal Production
  3. Vampyr 1932
  4. Dracula 1958 - Hammer Production
  5. Black Sabbath 1963
  6. The Fearless Vampire Killers 1967
  7. Valerie in Her Week of Wonder 1970
  8. Nosferatu The Vampyre 1979
  9. Salem’s Lot 1979
  10. The Lost Boys 1987
  11. Dracula 1992
  12. Interview with a Vampire 1994
  13. The Addiction 1995
  14. Vampire Hunter D: Bloodlust 2000
  15. Shadow Of The Vampire 2000
  16. Underworld 2003
  17. Underworld: Evolution 2006
  18. I Am Legend 2007
  19. Let The Right One In 2008
  20. Underworld: Rise of The Lycans 2009
  21. Byzantium 2012
  22. A Girl Walks Home Alone At Midnight 2014
  23. Dracula Untold 2014
  24. What We Do In The Shadows 2014
  25. Blood Red Sky 2021

 

ئەوەی لە خوارەوە دایدەنێمەوە، ڕیزبەندییەکی تایبەتییە بۆ دیاریکردنی (١٠) باشترین فیلمی خوێنمژەکان لەسەر بنەمای تێکنیک و ڕەسەنایەتی:

 

  1. Dracula 1931 - Universal Production
  2. The Fearless Vampire Killers 1967
  3. Nosferatu 1922
  4. Nosferatu The Vampyre 1979
  5. Dracula 1992
  6. Shadow Of The Vampire 2000
  7. Interview with a Vampire 1994
  8. Let The Right One In 2008
  9. Vampire Hunter D: Bloodlust 2000
  10. Black Sabbath 1963

 

 

دەرئەنجام

خوێنمژەکان ئەو بوونەوەرە فۆلکلۆرییەن کە لەڕێی پشتبەستن بە بنەڕەتی ژیانی زیندەوەرەکان و بەدیاریکراوی مرۆڤەکان برەو بە مانەوەیان دەدەن. ئەم دڕندانە لە سەدەکانی ١٧ و ١٨ بەتەواوەتی چەسپان و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر وڵاتانی ئەوروپا دروست کرد.

لەمڕۆدا خوێنمژەکان بەشێکی گەورەن لە کولتوری ئەدەبیات و هونەری ڕۆژئاواییدا. خوێنمژەکان نمایندەی ڕاستەوخۆن بۆ هەموو ئەو ئازارانەی مرۆڤەکان دوچاریان دەبنەوە. خوێنمژەکان هاوتای مردن و چەوسانەوەن، ئەو ڕەهەندە تاریکەن کە لە هەموو مرۆڤەکاندا بوونی هەیە و بە ئاوڕدانەوە لە تایبەتەمەندییە دژوار و تاریکەکانی نێو ناخی خۆمان، دەتوانین باشتر لە سروشت و هەوڵی ڕاستەقینەی خوێنمژەکان تێبگەین.

بوونی پەنهانی و ترس و هەوڵی بەردەوامی مانەوە و بەدەستهێنانی نەمریی، لەو تایبەتەمەندییانەن کە بەردەوام خۆمانمان نیشاندەدەنەوە و ڤامپایەر لە شێوە ڕەها و گشتییەکەیدا ئاوێنەیە بۆ کۆی ئەو هەوڵە شکستخواردووانەی مرۆڤایەتی بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ژینگەی دەرەوەو گۆشە پەنهانەکانی نێو ناخ.

بە تێگەیشتن لە خوێنمژەکان، تاک تێگەیشتنی بۆ ویستە شەڕانگێزەکانی مرۆڤایەتی دروست دەبێت و تێدەگات خوێن بۆچی سامدارە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان

 

[1] Stanley Stepanic - How did Dracula become the world's most famous vampire?

 

[2] Michael Molina - Vampires: Folklore, fantasy and fact.

 

[3] Rose George - Nine Pints: A Journey Through the Money, Medicine, and Mysteries of Blood.

 

[4] David Biale - Blood And Belief 2007.

 

[5] Richard Sugg - Mummies, Cannibals and Vampires 2011.

 

[6] [7] Henry E. Sigerist - A History of Medicine

 

[8] Seeman B. - The River of Life: The Story of Man’s Blood from Magic to Science

 

[9] Herodotus - The History of Herodotus

 

[10] https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/12953616/

 

[11] Lancet 1896 1512

 

[12] Aatish Bhatia - Milk, meat and blood: how diet drives natural selection in the Maasai