A+    A-
(401) جار خوێندراوەتەوە

 

 
سێگۆشەی بەختەوەری
 

 

 
کارزان ئازاد
 
 
 
 
بە بیانووی ئەم فیلمەوە دەمەوێت پرسی کۆمیدیا دووبارە بخوێنمەوە. پەیوەندیی کۆمیدیا بە تراژیدیاوە چیە؟ کۆمیدیا وەک ئامرازێکی ڕووبەڕوبوونەوەی واقیع چیە؟ بۆچی شاردنەوەی دڵەڕاوکێ وەزیفەی ئایدۆلۆجیی سیستەمی سەرمایەدارییە؟ چۆن ئارەزووکردن و هێشتنەوەی بەختەوەری لە دۆخی نا-بەختەوەری ئامرازی ئایدولۆجیای سەرمایەدارییە لەم فیلمەدا؟ لەبەر ئەوەی من توێژەری سینەمایی نیم، تەنها دیوە فیکری و کولتوری و دەرونشیکارییەکەی دەخوێنمەوە (بۆ ئەوەی زیاتر لەم نوسینە بگەیت، پێویستە فیلمەکە ببینیت).
ئەم بەرهەمه وا دەردەکەوێت فیلمێکی کۆمیدی بێت، بنواڕە ئەو جوڵە و ئەکتانەی کارەکتەرەکان بەرامبەر دۆخە نەخوازراوەکان ئەنجامی دەدەن. بەڵام ئەوەندە تراژیدییە بە کۆمیدیا هەزم دەکرێت؛ هەژاران نیشتمانی خۆیانیان جێهێشتووە بۆ کارکردن، چێژوەرگرتن لە پاڵ کار و ئەمری خاوەن کۆمپانیاکاندا، تراژیدیاش ئەوەیە لەنێو ئەدەبیاتی سیستەمی نیو-لیبراڵیزمدا چەمکی ئازادی بەستراوەتەوە بە چەمکی ئازادیی کارەوە .هەر چۆن چارلی چاپلن لە فیلمی ( دیکتاتۆری گەورە)1 بۆ ئەوەی بەرگەی تراژیدیا بگریت، بە کۆمیدیا ڕووداوەکانی گێڕاوەتەوە، وەک چۆن هەندێک چیرۆکی جینۆسایدی ئەنفال بۆ ئەوەی بەجێماوی ئەنفال خۆی بەرگەی بگرێت، بە کۆمیدیا دەگێڕدرێنەوە، بۆ نموونە چیرۆکی کوڕێک بە ناوی (هەژار) بۆ ئەوەی بەرگەی ڕووداوەکە بگرێت بە بزەوە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە. هەژار ئەو چیرۆکەی لەلایەن دایکییەوە بۆ گێڕدراوەتەوە؛ دەڵێت " کاتێک دایکم ژانی مناڵبوونی بوو بە منەوە، ژنەکان زۆر هەوڵ دەدەن مووسێک یان شتێکیان پێ بدەن تاوەکو ناوکم ببڕن، بەڵام پێیان نادەن. بۆیە دەچن دوو بەرد دەهێنن، یەکێکیان دەخەنە ژێر ناوکم و ئەوی دیکەیان دەدەن بەسەریدا و ناوکم دەبڕن، من بەو شێوازە لەدایک بووم2.
لێرەدا دەمەوێت لایەک لە دیوە سیاسی و سایکۆلۆجی و ئۆنتۆلۆجیی پێکەنین بکەمەوە، لەبەر ئەوەی کارەسات ئەوەیە هێشتا لە ئاگایی کورددا کۆمیدیا وەک گاڵتەجاڕی دەبینرێت و ئەگەر جۆرێک ئاگاییش هەبێت، زۆر سادەیە. بۆچوونی باو وایە کە کۆمیدی واتا پێکەنیناوی، کارەسات واتا دڵتەزێن، کۆمیدی کۆتایییەکی خۆشی هەیە، کارەسات کۆتایییەکی ناخۆش. کۆتایی کۆمیدی ژیانه؛ کۆتایی تراژیدی کارەسات و مردنە، بەڵام کۆمیدیا و تراژیدیا دوو دیوی کێشە ئۆنتۆلۆجی و کولتورییەکانن، کۆمیدیا ڕەهەندێکی دیالێکتیکی هەیه. والتەر بنیامین، فەیلەسوفی ئەڵمانی دەنووسێت، پێکەنین گوزارشتە لە خود-نامۆبوونی مرۆڤایەتی. بۆ بنیامین "خود-نامۆبوونی مروڤایەتی گەیشتوەته ئاستێک که دەتوانێت وەک چێژ لە پلەی یەکەمدا له ناوچوونی ڕۆحی خۆی ئەزموون بكات. پێکەنین جۆرێک لە میکانیزمی دەربڕینە بۆ ئەوەی بەرگەی نامۆبوون بگریت4. کاتێک دەگەینە نەهامەتییەکی قووڵ و ئازارەکانیشمان زۆر ترسناک، هەست بە بێدەسەڵاتیی تەواو بکەین، ناتوانین واقیعەکانی دەوروبەرمان بگۆڕین، لەم بارودۆخانەدا نوکتە ئامرازێکی بەسوودە وەک میکانیزمێکی بەرگری. ئێمە ئەوەندە ئازار دەکێشین، ناتوانین لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی یان پرۆسێسی بکەین، کە بەدوای ڕزگاربوونێکی ناوەکی دەگەڕێین. ڕەنگە وەک چایا ئۆسترۆوەر کە لە کاتی هۆلۆکۆستدا کتێبێکی لەسەر نوکتە نووسیوە و ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، جولەکەکان توانای کۆنترۆڵی واقیعی فیزیکیی دەوروبەریان نەبووە، بۆیە لەبری ئەوەی هەست بە بێدەسەڵاتی و زەلیلی بکەن، هەوڵیان داوە هەستی ناوخۆیی خۆیان بگۆڕن. نوکتە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەو گۆڕانکارییەدا و سوکناییەکی دەرونیی لە واقیعە ترسناکەکەی دەوروبەریان پێ بەخشیوون. جێگای سەرنجە کە هەندێک کەس هەست ناکەن گاڵتەجاڕیی هۆلۆکۆست (یان گاڵتەجاڕیی ١١ی سێپتەمبەر لە ئەمەریکا) بگێڕنەوە، کات خۆی هەندێک جار وامان لێ دەکات بە هەموو شتێک پێبکەنین، بۆیە ڕەنگە کارەسات و نوکتە بەردەوام بن لەگەڵ یەکتردا(7. لە ئاستی دەروونیدا بۆ ئێمەی مرۆڤ، ڕیاڵ خەسڵەتی تراوماوی هەیە، هەرگیز ناتوانین بەرگەی واقیع وەک خۆی بگرین، چونکە ڕیاڵ بۆشاییەکی وجودی و تراومایی هەیه و بە کۆمەکی فەنتازیا پڕ دەکرێتەوە و فەنتازیاش بەرهەمی نەزمی سیمبولیک و کولتوری باڵادەستە. ڕیاڵ سەرچاوەی دڵەڕاوکێیشە، نوکتە و کۆمیدیا دەتوانێت بۆشایی ڕیاڵ ئاشکرا بکات بە چەوت ڕوانینەوە و گۆشەیەکی ترەوە، کە بە ئایدۆلۆجیا پڕ کراوەتەوە. چێژ و دڵەڕاوکێی بوون لەڕێگەی پێکەنینەوە، واقیعی تراژیدی دەردەخات و گرژییە دەرونییەکانی کەم دەکاتەوە (4).
ئاناتۆلی لوناچارسکی، بیرمەندێکی سەردەمی دەسەڵاتی سۆڤێتییە، بەرگریکاری گەلە بۆ ڕۆشنگەری لە ساڵی ١٩١٧ تا ١٩٢٩، لە بەرەنگاریدا پێکەنین و تەنز وەک ئامرازێکی ڕزگاریخوازی دەبینی. لوناچارسکی نەک هەر قەدری پێکەنینەکانی دەگرت، بەڵکو پێی وابوو ڕۆڵی پێکەنین وەک جاران لە خەباتی ئێمەدا گرنگە، دوا خەباتە بۆ ڕزگاریی مرۆڤەکان. ئەوە بوو دەستی کرد بە کارکردن لەسەر دەستنووسی کتێبێک بە شێوەی ڕەشنووس بە ناوی "پێکەنین وەک چەکێک لە خەباتی چینایەتیدا". بەڵام هەرگیز چانسی تەواوکردنی نەبووە. لوناچارسکی بەشدارییەکی گەورەی کرد لە تیۆری کۆمیدی و باوەڕیان بە بەکارهێنانی پێکەنین و تەنز و نوکتە هەبوو بۆ زەلیلکردن و شکستپێهێنانی "دوژمنانی ڕژێم". لوناچارسکی هەروەها پێی وابوو کە پێکەنین و تەنزەکان ئامرازی ڕەخنە کردنن4.
مەبەستم لەو ڕوونکردنەوەیەی سەرەوە ئەوە بوو کە فیلمی سێگۆشەی خەمناکی (Triangle of Sadness) وەک دراما و کۆمیدیا بڵاو کراوەتەوە بەڵام ئەوەندە کۆمیدیایە تا ئاستی تراژیدیا. فیلمەکە تەنزئامێزە و لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن ڕوبن ئۆستلوندەوە، نووسراوە و دەرهێنراوە. براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینە، کە بەرزترین خەڵاتە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان دەبەخشرێت.
ڕووداوی فیلمەکە پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی سەرەوە و خوارەوەیە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و جوانی ئاشکرا دەکات. دوو مۆدێلی کەپڵ (کارل و یایا) بە کەشتییەکی گەشتیاری گرانبەهادا بانگهێشت دەکرێن بۆ ئەوەی چێژی گەشت ببەن. ئەم گەشتە بۆ گەورە سەرمایەدارەکان ڕێک دەخرێت، کە لەلایەن کاپتنی بەلەمێکی بێ پەنجە (وودی هارێلسۆن)ەوە بەڕێوە دەبرێت. دواتر لە زریانێکدا و هاوکات پاش هێرشی کۆمەڵێک چەتە بۆ سەر کەشتییەکە، زۆرێک لە سەرنشینەکان دەمرن و ئەوانەشی دەمێننەوە لە دوورگەیەکی نزیک دەگیرسێنەوە. ڕزگاربووەکان لە دوورگەیەکی بیابانیدا گیریان خواردووە و شەڕ بۆ مانەوە دەکەن. ئەوەی لە سەرەتای کەشتییە گەشتیارییەکەدا سەرنجڕاکێش و پڕچێژ دەردەکەوێت، کۆتایییەکی ترسناکی دەبێت: دواتر کەشتییەکە نقوم دەبێت و ڕزگاربووان لە دوورگەیەکی ڕووتەڵە و بێ خۆراک، ململانێ بۆ مانەوە دەکەن. لە سەرەتای فیلمەکەدا هێماسازی لە ئەکتی یەکەمدا دەست دەکات بە دەرکەوتن و لەبری ئەوەی ناساندنێکی وردی بابەتەکان بێت، بابەتەکانی وەک پیاوسالاری و ڕۆڵی ڕەگەزی دەوروژێنێتەوە .کەشتییەکە میتافۆرە بۆ دونیای ئەمڕۆ لەنیو شەپولی قەیرانەکاندا. سیناریۆکە بابەتگەلێکی زیاتری وەک ئایدۆلۆژیای سیاسی و چەمکە ئەخلاقی و ئینسانییەکان دێنێتە بەر باس، کە گوێت لە هەندێک لە گفتوگۆی کارەکتەرەکان دەبێت، لە دەستنووس و وتە لە مانفێستی کۆمۆنیست و مارکس و هەندێک بیرمەندی تری سۆڤێتی، لەوانەش لێنین، وەرگیراون.
 لە کتێبی سەرەتا وەک تراژیدیا دواتر وەک کۆمیدی، سلاڤۆی ژیژەک دەڵێت، کاتێک دیواری بەرلین، کە وەک پەرژینی تراژیدیا دەرکەوتبوو، ڕوخا، مژدەی کرانەوە و ئازادی درا، کەچی دەیان دیواری تایبەتی ئەتنی و چینایەتی و سایکۆلۆجی و ڕەگەزی و... دروست کران و وەک کۆمیدیا دەرکەوتنەوە. واتە لیبراڵیزم دوو جار دەمرێت: وەک دۆکترینێکی سیاسی و وەک تیۆرێکی ئابووری، سەرەتا وەک کارەسات، پاشان وەک گاڵتەجاڕی. ئەوەش دیسان بانگەوازێکە بۆ ئەوەی چەپ لە ژێر ڕۆشنایی دۆخی مێژوویی بێهیواماندا، خۆی دابهێنێتەوە. زەمەنی هەڕەشەی لیبڕاڵی و ئەخلاقی، کۆتایی هاتووە. بەڵام کێشە نەبوونی بەدیلە 3. لەسەرەتای فیلمەکەدا کوڕێک بە ناوی کارڵ وا دەردەکەوێت کە شۆی مۆدێڵین دەکات لەگەڵ کۆمپانیایەک. ڕاهێنەرانی جەستە و جوانیی لەش وا پێناسەی کارەکە دەکەن، کە سەردەمی ئازادی، جوانی، ڕێکیی جەستە و نەمانی جیاوازیی ڕەگەزییە. بەڵام بە شێوازێکی وا کە لەگەڵ بازاڕی جوانی و ئابووریدا بگونجێت. دەبێت بزە و خەندەی ڕوخسار نەدۆڕێنی، جا لە هەر دۆخێکدا بێت. لە سەرەتای گەشتی کەشتییەکە لە نێو دەریادا، ژنێکی بەتەمەنی دەوڵەمەند، لەناو حەوزێکی سەر کەشتییەکەدا لەگەڵ کچێکی کرێکاردا باسی ئازادی و یەکسانی دەکات و دەڵێت، هەمووان یەکسانین، پێویستە هەمووان چێژ لە ژیان وەرگرین. بۆیە داوا لە کرێکارەکە دەکات، لەگەڵیدا مەلە بکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە ئەرکی کاردایە (چونکە لە کاتی کاردا، مەلەکردن لە کارمەندەکان قەدەغەیە). ڕێک ئایدولۆجیای باڵای سەرمایەداری لەوێدا کار دەکات: چۆن حەقیقەتێک دەشاردرێتەوە، کە هەموومان دەبێت لە هەمان چینی کومەڵایەتیدا بین. ئەمە لایەنی کەمی بەختەوەرییە، بۆیە، وەک مارتن لوتەر کینگ دەڵێت، یەک لە هۆکارەکانی ئاشتی و چێژ، پەیوەندیی بە دادپەروەرییەوە هەیە. ژیژەک دەڵێت، ترسناکترین نا-ئازادی ئەوەیە وەک نا-ئازادێک ئەزموونی ئازادی بکەیت5. دواتر لە دیمەنێکی تر لەگەشتی نێو دەریادا، سەرمایەدارێکی بەتەمەن باسی خەسڵەتی پارە بۆ کارڵ دەکات، کە چۆن پارە نابێت لە ماڵدا بخەوێت، هەرکە خەوتیش دەبێتە کاغەز. لەوێدا نهێننیەکی بۆ دەدرکێنێت بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بێت. لێرەدا دیسان باسی پارە و ئایدۆلوجیایە، کە هەرکات پارە سووڕی بانکیی نەخوارد، قەیران دروست دەبێت. ژیژەک دەڵێت ئایدۆلۆجیای دەوڵەمەندەکان ئەوەیە، کە تەنانەت ئەگەر وەک ئەوان مامەڵە بکەیت، دەوڵەمەندت ناکات، نهێنی و فێڵە ڕاستەقینەکە لەوەدایە، باوەڕ بە نهێنییەکی لەو شێوەیە بکەیت، جونکە ئەو باوەڕە گەرەنتی ئەوە دەکات دەوڵەمەندەکان بە دەوڵەمەندی بمێننەوە4.
دواتر لە ئێوارەخوانێکی نیوەشەودا کەشتییەکە بەهۆی شەپۆلی دەریاوە جوڵەجوڵ و ئەمدیو و ئەودیوی ترسناک دەکات، بەڵام تەنانەت لەو کاتەشدا، بەڕێوەبەری گەشتیارەکان بەردەوام دەڵێت چێژ لە کاتەکانتان وەربگرن، چێژ لە خواردن و شەرابەکان وەربگرن. لێرەدا ئایدۆلۆجیا ڕۆڵی هاندان و هێشتنەوەی بەختەوەریی مرۆڤە لەدۆخێکی ترسناکدا. ئایدۆلوجیا کاری ئەوەیە هەمیشە دڵەڕاوکێی مرۆڤ بشارێتەوە، ئارەزووی بەردەوامی بچێنێت بۆ بەردەوامبوون لەم دۆخە باڵادەستەدا، کەچی لە ڕێگەی دیاردە و گرفتە یەک لە دوای یەکەکانی مرۆڤەوە، نیشانەی نەخۆشییەکان (سەمپتۆم) دەردەکەون. بەگوێرەی جاک لاکانی دەروونشیکار، سیمپتۆم بریتییە لە دەرئەنجامی چەپاندن و سەرکوتکردن. دەتوانین بڵێین لەم سیستەمەی سەرمایەداریدا، دەرمان زۆر بەبەهاترە لە چارەکردنی نەخۆش، چونکە ئەو شتەی وەک چارەسەر پێشکەش دەکرێت، زیاتر بەشدارە لە دروستکردنی کێشەکاندا.
 لە ئەدبیاتی سەرمایەداریدا هەمیشە کێشەکان خودییە، تاکەکەسییە، مرۆڤ هێزی تێپەڕاندنی کێشەکانی هەیە لەبەرئەوەی خاوەن عەقڵ و سەربەخۆییە. دەبێت مرۆڤ ئازاد بکرێت و بکەوێتە دوای خەون و ئارەزووەکانی بۆ ئەوەی بەختەوەر بن، بەڵام ڕێک ئەمە نیشانەی نەخۆشییەکەیە لە لای دەروونشیکارەکان. بەپێچەوانەوە، لاکان دەڵێت ناتوانم چارەی مرۆڤ بکەم، چونکە مرۆڤبوون لە بنەڕەتدا بوونێکی پارچەپارچە و شکاوە، پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نیە کە ژن یان پیاو چیە، بەڵکو ژن یان پیاو چۆنه؟
زیگمۆند فرۆید دەڵێت، دڵەڕاوکێ کاتێک ڕوودەدات، کە هەست بکەیت لە ئارەزووی بابەتی خۆت جیا دەبیتەوە. بۆ نموونە، مناڵ هەست بکات لە دایکی جیا دەبێتەوە، یەکسەر دەبێتە کەسێکی ڕاڕا و نیگەران. هەرچەندە لە بنەڕەتدا لاکان لەگەڵ فرۆیددا هاوڕایە، بەڵام بۆچوونێکی جیاوازی لەسەر دڵەڕاوکێ هەیە. لاکان پێی وایە دڵەڕاوکێ پەیوەندیی بە لەدەستدانی ئۆبێکتی ئارەزووەوە نیە، بەڵکو دڵەڕاوکێ بریتییە لە لەدەستدانی خودی ئارەزووکردن. بەگرفتی نزیکیی لە ئۆبێکتی ئارەزوو ئەوەیە، تا زیاتر لە گەیشتن بە ئۆبێکتی ئارەزووی خۆت نزیک بیتەوە، زیاتر لە لەدەستدانی ئارەزووەکەت نزیک دەبیتەوە. دڵەڕاوکێی ئارەزووی لاکانی بە شێوەیەکی مانادار لەناو سەرمایەداریدا بەدی دێت، بۆیە لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا دەتوانین بەردەوام بین لە ئارەزووکردن بەبێ ئەوەی هەرگیز ئارەزوو لەدەست بدەین. هەمیشە بەردەوام دەتهێڵێتەوە لە ئارەزووکردن. ئایدۆلۆجیای سەرمایەداری ئەوەیە کە فێرمان دەکات چۆن بەردەوام بین لە ئارەزووکردن7. لە کۆتاییدا کەشتییەکە نقوم دەبێت و هەندێک لە سەرنشینەکان ڕزگار دەبن. ئەو کەشتییە هێمای ڕەمزییە بۆ کەوتنی ژیان و بەهاکان، بۆیە بەناچاری و لە دۆخێکی پەتی لە دورگەیەکدا، دەگەڕێنەوە و هەندێ لە چارەسەرەکانی پێکەوەژیان و شێوازی کارکردنی مارکسییانە تاقی دەکرێنەوە بەو پرنسیپەی کۆمۆنیزم بەردەوام دەبن:
"لە هەر کەسێکەوە بەپێی توانای، بۆ هەر کەسیک بەپێی پێویستییی"، وەک ئەوەی کارل مارکس دەیوت.
 
 
 
 
 
1. The Great Dictator 1940 ‧ Drama/Comedy
2- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/140420237
3_ the first as tragedy then as frace
4 https://thephilosophicalsalon.com/reloading-lau
5
https://www.degruyter.com/document/doi/10.3138/9781487515324-006/html?lang=en
https://selforganizedseminar.files.wordpress.com/2011/07/zizek_-tragedy_farce.pdf
6 https://youtube.com/watch?v=n52-zPGobFE&si=gXeopEhYfxsc8sMC.
7
The Sublime Object of Ideology Book by Slavoj Žižek
8-
https://www.psychologytoday.com/intl/blog/humor-sapiens/201209/when-do-tragedies-become-funny