كۆنترۆڵ و سه‌یرووره[1]
دیمانه‌ی ئه‌نتۆنیۆ نێگری له‌گه‌ڵ ژیل دۆلووز
وه‌رگێڕانی له فره‌نسییه‌وه: فازڵ مه‌حموود
ـ وا ده‌رده‌كه‌وێت بابه‌تی سیاسه‌ت به‌رده‌وام له ژیانی ڕۆشنبیریی تۆدا بوونی هه‌بووه. له‌لایه‌كه‌وه بهشدارییكردنت له بزاوتی (زیندانییه‌كان، هۆمۆسێكسوڵهكان، ئۆتۆنۆمی ئیتاڵییه‌كان و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان)، له‌لایه‌كی تریشه‌وه گرفته به‌رده‌وامه‌كانت له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كاندا، له‌و كتێبه‌كه‌ی دەربارەی هێۆم نووسیوته تاوه‌كوو كتێبه‌كه‌ت دەربارەی فۆكۆ ئه‌م شتانه له به‌رهه‌مه‌كانتدا له په‌یوه‌ندیی دان. ئه‌م حه‌زه به‌رده‌وامه بۆ مه‌سه‌له‌ی سیاسی له كوێدا له‌دایك ده‌بێت و چۆن له به‌رهه‌مه‌كانتدا به‌رده‌وامیی هه‌بووه و ڕه‌گه‌كه‌ی بۆ كوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ بۆچی په‌یوه‌ندیی نێوان بزووتنه‌وه[2] ـ دامه‌زراوه‌كان[3] به‌رده‌وام پرۆبلۆماتیك بووه؟
دۆلووز: ئه‌وه‌ی مایه‌ی حه‌زی من بووه، زیاتر ئافراندنه جهمعییهكان بووه تا نواندنه‌وه‌كان[4]. له‌نێو «دامه‌زراوه‌كان»ـدا جووڵه‌یه‌كی ته‌واو بوونی هه‌یه كه له یاسا و گرێبه‌سته‌كان جیا ده‌بێته‌وه. ئه‌و شته‌ی لای هیۆم به‌دیم كرد، چه‌مكێكی زۆر داهێنه‌رانه‌ی دامه‌زراوه و یاسا بوو. سه‌ره‌تا زیاتر حه‌زم له ماف بوو تا سیاسه‌ت. ته‌نانه‌ت ئه‌و شتانه‌ی مایه‌ی حه‌زی من بوون لای مازۆخ و ساد، چه‌مكه ئاڵۆزه‌كانی ئه‌وان بوو، وه‌ك گرێبه‌ست لای مازۆخ و دامه‌زراوه لای ساد له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سێكسوالیتییدا[5]. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش ئه‌و ئیشه‌ی فڕانسوا ئێوالد بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ماف[6] بۆ من زۆر پێویست دێته پێش چاو. ئه‌وه‌ی لای من جێگای حه‌ز و سه‌رنجدان بێت نه یاسایه[7] نه یاساكان[8] (یه‌كه‌میان چه‌مكێكی به‌تاڵه، ئه‌وانی تر، چه‌مكه ناڕهخنهییهكان له خۆ ده‌گرن)، ته‌نانه‌ت ماف[9] و مافه‌كانیش[10] نییه، به‌ڵكوو فیقهی قانوونه[11]. ڕاستییەکەى ئه‌وه فیقهی قانوونه كه ماف دروست ده‌كات: نابێت ئه‌مه بده‌ینه ده‌ست دادوه‌ره‌كان. ئه‌وه یاسا مه‌ده‌نییه‌كان نین كه ده‌بێت نووسه‌ران بیخوێننه‌وه به‌ڵكوو ده‌بێت ڕاپۆرته دادوه‌رییه‌كان بخوێننه‌وه. پێشتر بیرمان له دروستكردنی ماف ده‌كرده‌وه له‌گه‌ڵ ژیانی مۆدێرن، به‌ڵام له ژیانی مۆدێرن و ئه‌و بارودۆخه نوێیانه‌ی دروستی ده‌كات، ئه‌و ڕووداوه تازانه‌ی كه هه‌لی بۆ ده‌سازێنێت، هه‌مووی په‌یوه‌ست ده‌بێت به فیقهی قانوون. پێویست به كۆمیته‌یه‌ك له كه‌سه دانا و خاوهنمۆڕاڵ و په‌روه‌رده‌كراوه باشه‌كان ناكات، به‌ڵكوو پێوست به گرووپه به‌كاربه‌ره‌كان ده‌كات. لێره‌دایه كه له ناوه‌ندی ماف به‌ره‌و سیاسه‌ت ده‌ڕۆین. جۆره ڕێڕه‌وێكی سیاسیی كه من وه‌ك خۆم له مانگی مه‌ی 68ـدا ئه‌زموونم كرد و دهستوپهنجهم له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێ كێشه‌ی تایبه‌ت له سۆنگه‌ی گواتاری و فۆكۆ و ئێلی سامبر نه‌رم كرد. ئه‌نتی ئۆدیپ[12] به ته‌واوه‌تیی كتێبێكه دەربارەی فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاریی.
ــ تۆ ڕووداوه‌كانی 68 وه‌ك سه‌ركه‌وتنێكی ناوه‌خه‌ت و به‌جێگه‌یاندنی دژه ـ كرده[13] سه‌یر ده‌كه‌ی. پێشتر پێش ساڵانی 68 له‌و ئیشه‌ت دەربارەی نیچه و كه‌مێك پاش ئه‌وه‌ش له‌و ئیشه‌ت دەربارەی مازۆخ، سیاسه‌ت لای تۆ وه‌ك جۆرێك له هه‌ل، وه‌ك جۆرێك له ڕووداو و یه‌كتایی دووباره خرایه‌وه گه‌ڕ. چه‌ند كورتهـخولانهوهیهك، كه زه‌مه‌نی ئێستا به‌ره‌و ڕووی داهاتوو ده‌كاته‌وه. ته‌نانه‌ت گۆڕان به سه‌ر دامهزرهوكانیشدا دهێنێت. به‌ڵام پاش 68 وا دێته پێش چاو ههڵسهنگاندنهكات ڕه‌نگێكی تر له خۆده‌گرن: بیركردنه‌وه‌ی كۆچه‌ریی[14] به‌رده‌وام، له‌نێو كاتدا، فۆرمی دژهـكردهیی خێرا له خۆ ده‌گرێت، له كاتێكدا له شوێندا ته‌نیا «سهیرهورهیهكی كهمینهییه كه جیهانگیره». كه‌واته ئه‌م جیهانگیریی ناوهختییه[15] چییه؟
دۆلووز: ئه‌وه‌یه كه من به‌ره‌به‌ره زیاتر به‌رانبه‌ر به جیاكردنه‌وه‌یه‌كی مومكین له‌نێوان سه‌یرووره و مێژوودا شێلگیر بووم. ئه‌وه نیچه بوو كه ده‌یوت كه هیچ شتێكی گرنگ شوێنی خۆی ناگرێته‌وه تا ناكه‌وێته ژێر «گهوهههورێكی نا مێژووییه‌وه». ئه‌مه دژایه‌تی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌به‌دییه‌ت و مێژوو یان دژایه‌تی له‌نێوان تێڕامان و ئه‌كت و كرده‌دا: نیچه باس له‌و شتانه ده‌كات وا ڕوو ده‌ده‌ن، ڕووداوه‌كان و ته‌نانه‌ت سهیرورەش. ئه‌وه‌ی مێژوو له‌نێو ڕووداودا به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، بریتییه له كرده‌ی ئه‌و شتانه له‌نێو بارودۆخی تایبه‌تدا، به‌ڵام ڕووداو له‌نێو سه‌یرووره‌ی خۆیدا له مێژوو هه‌ڵدێ. مێژوو ئه‌زموون نییه، به‌ڵكوو كۆی ئه‌و پێشمهرجانهیه وا تا ڕاده‌یه‌ك نێگه‌تیڤن، كه وا ده‌كات ئه‌زموون ئه‌وه لەگه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی له مێژوو هه‌ڵدێن به‌دی بهێنێت. به‌بێ مێژوو، ئه‌زموون به نادیاریی و ناپێویست ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌زموون مێژوویی نییه. له كتێبێكی مه‌زنی فه‌لسه‌فییدا سلیۆ پێگی[16] باس له‌وه ده‌كات كه بۆ سه‌ره‌نجدان له ڕووداو دوو هه‌لومه‌رج هه‌ن، یه‌كه‌میان هه‌ڵگری ڕوودانێكی درێژخایه‌نی ڕووداوه‌كانه، ئه‌وه‌ی كه چۆن ئه‌و ڕووداوانه په‌یوه‌ست ده‌بن به مێژووه‌وه و چۆن له‌نێو مێژوودا دروست ده‌كرێن و ده‌ڕزێن و له‌نێو ده‌چن، دووه‌میان گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو ڕووداو و جێگیربوون له‌وێدا وه‌ك له‌نێو سهیروورهدا، نوێ و كۆن له‌وێ له ڕێی هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه یان یهكتاییهوه كه تێده‌په‌ڕێت به یه‌ك شت بزانین. سه‌یرووره مێژوو نییه، مێژوو كۆی شته پێشمهرجهكانه بۆ تێپه‌ڕاندنی شتێك به‌ره‌و 'سه‌یرووره'، واته چه‌ند شتێكی نوێ بخوڵقێنێت. ئه‌مه ڕێك هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه نیچه پێی ده‌ڵێت ناوه‌خت. مانگی مه‌یی 68 ده‌ركه‌وتن و هه‌ڵقوڵانی سهیروورهیهك بوو له پاكترین حاڵه‌تیدا. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی بووه‌ته مۆدێل مه‌حكومكردنی ترس و تۆقینه له شۆڕش. ئه‌م شته نوێ نییه، ڕۆمانتیسمی ئینگلیزیی پڕه له تێڕامان دەربارەی ئۆلیڤه‌ر كرامۆیل[17]، كه زۆر هاوشێوه‌ی ئه‌و تێڕامانه‌یه وا ئه‌مڕۆ له سه‌ر ستالین هه‌یه، ده‌ڵێن شۆڕشه‌كان داهاتوویه‌كی خراپیان هه‌یه. به‌ڵام به‌رده‌وام دوو شت تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش داهاتووی شۆڕشه‌كان له‌نێو مێژوودا و سهیروورهیهكی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك. ئه‌مانه له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا په‌یوه‌ست نین به خه‌ڵكه‌وه. ته‌نیا شانسی مرۆڤه‌كان له‌نێو سهیروورهیهكی شۆڕشگێڕانه‌دایه كه ده‌توانێت تاکەڕێی دووركه‌وتنه‌وه بێت له شه‌رم یان وه‌ڵامدانه‌وه و كاردانه‌وه به‌رانبه‌ر شتێكی ته‌حه‌مولنه‌كراو.
ـــــ بۆ من وا دێته پێش چاو هه‌زار ڕووته‌خت[18]، كه له هه‌مانكاتدا وه‌ك به‌رهه‌مێكی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فیی ده‌یبینم، كهتهلۆگێكی كێشه چارهسهرنهكراوهكانه، به تایبه‌ت له بواری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی‌دا. وه‌ك ئه‌و جووته دژیهكانهی هاوشێوه‌ی پڕۆسه ـ پڕۆژه، یه‌كتایی ـ سووبێكت، تێكه‌ڵكردن ـ ئۆرگانیزاسیۆن، هێڵی هه‌ڵهاتن ـ مێكانیزمهكان یان ستراتیژییه‌كان، میكرۆ[19] [بچووك] ـ ماكرۆ[20][گه‌وره]، هتد. هه‌موو ئه‌مانه نه‌ك به‌رده‌وام به كراوه‌یی ده‌مێننه‌وه، له‌گه‌ڵ ئیراده‌یه‌كی تیۆریی ناوازه و توندوتیژییه‌ك كه بیرخه‌ره‌وه‌ی ده‌ربڕینی دژهباوهكانه. من هیچ كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووخاندنانهدا[21] نییه، ڕێك به پێچه‌وانه‌وه... به‌ڵام جاری وایە هه‌ست ده‌كه‌م گوێم له تۆنێكی تراژیدیی ده‌بێت، له‌و شوێنه‌ی كه نازانین «ماشێنی جه‌نگ» به‌ره‌و كوێمان ده‌بات؟
دۆلووز: ئه‌و شته‌ی باست كرد كاری تێ كردم. بڕوام وایه من و فێلیكس گواتاری به ماركسیست ماوینه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕه‌نگه به دوو شێوەی جیاواز ماركسیی بین. ئیمه بڕوامان به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسیی نییه كه ته‌ركیز له سه‌ر ڕاڤه‌ی كاپیتاڵیزم و په‌ره‌سندنه‌كانی نه‌كاته‌وه. ئه‌و شته‌ی كه زۆر سه‌رنجڕاكێشه بۆمان لای ماركس، ڕاڤه‌ی سه‌رمایه‌دارییه وه‌ك سیستەمێكی ئیمانانت[22] [ناونشین]، كه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سنووره تایبه‌ته‌كانی خۆی ڕه‌تده‌كاته‌وه و جارێكی تر ئه‌م سنوورانه به شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه، چونكه سنوور بریتییه له خودی سه‌رمایه. هه‌زار ڕووته‌خت ڕێڕه‌وێكی زۆر پیشان ده‌دات كه ئه‌م سیانه‌یان سه‌ره‌كیین: سه‌ره‌تا، ئێمه وا ده‌زانین كۆمه‌ڵگە ئه‌وه‌نده به هێڵهههڵاتنهكانی پێناسه ده‌كرێت به دژیه‌كییه‌كانی پێناسه ناكرێت، كۆمه‌ڵ به‌ره‌و هه‌موو شوێنێك هه‌ڵدێت و زۆر سه‌رنجڕاكێشه هه‌وڵ بده‌ین دوای ئه‌م ساته یان ساتێكی تر بكه‌وین كه هێڵی هه‌ڵهاتنی لێ دروست ده‌بێت. ئه‌م نموونه‌یه‌ی ئه‌وروپای ئه‌مڕۆ سه‌یركه‌ن: كه‌سه سیاسییه ڕۆژئاواییه‌كان زۆر شتیان بۆ ئه‌مه كردووه و ته‌كنۆكراته‌كان، هه‌وڵی زۆریان بۆ یهكپارچهكردنی رژێم و ڕێساكان داوە، به‌ڵام له‌لایه‌كه‌وه ئه‌و شته‌ی مه‌ترسیی و حهپاسانیان لا دورست ده‌كات، ته‌قینه‌وه‌ی ژنان و گه‌نجانه، كرده‌یه‌ك بۆ سه‌ر گهورەبوونی ئه‌م سنوورانه (ئه‌م ئاكامانه له ڕووی «تهكنۆكراتییهوه« بیری لێ ناكرێته‌وه) و به شێوه‌یه‌كی تر، ئه‌م شته ڕه‌نگه نەختێ پێكه‌نیناویی بێت بۆ باسكردنیش كه ئه‌م ئه‌وروپایه پێش ئه‌وه‌ی جووڵه‌و بزووتنی تێ كه‌وێت پێشتر به ته‌واوه‌تیی تێپهڕێنداربوو، واته له‌لایه‌ن ئه‌و بزاوتانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هاتن تێپه‌ڕێنراوه. ئه‌مانه هێڵه جیدییه‌كانی هه‌ڵهاتنن. له هه‌زار ڕووته‌ختدا رێڕه‌وێكی تر هه‌یه، كه نه‌ك به ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر دژییهكییهكان و هێڵه‌كانی هه‌ڵهاتن ده‌كاته‌وه، له هه‌مانكاتیشدا له‌بری چین و توێژه‌كان، زیاتر سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر كه‌مینه‌كان. بۆیه دواجار ڕێڕه‌وه‌ی سێیه‌م هه‌ڵگری په‌یكه‌ری 'ماشێنی جه‌نگه'، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك گرێدراوی جه‌نگ نییە و له‌لایه‌ن جه‌نگه‌وه خۆی پیناسه ناكات، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت گرێدراوی پڕكردنه‌وه‌ی شوێن ـ كات یان داهێنانێكی شوێنه‌كان ـ كاته نوێیهكانە: بزاوته شۆڕشگێڕه‌كان (بۆ نموونه به‌پێی پێویست نازانرێت چۆن ئه‌نجوومه‌نی ئازادیی فه‌ڵه‌ستین له جیهانی عه‌ره‌بدا كات ـ شوێنی خوڵقاندووه)، هه‌روه‌ها بزواته هونه‌رییه‌كانیش به‌م واته‌یه ماشێنه‌كانی جه‌نگن.
ده‌ڵێی ئه‌م هه‌موو شته به‌بێ بوونی زرینگانهوهیهكی تراژیدیی و مالیخولیایی نییه. باوه‌ڕم وایه ده‌زانم بۆچی. هه‌موو پهڕەى نووسینه‌كانی پریۆ لوی[23] منی هه‌ژاند، بۆ نموونه له‌و شوێنه‌دا كه باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات، كه‌مپه‌كانی نازی «ئێمه شه‌رمه‌زار ده‌كەن له‌وه‌ی مرۆڤین». نه‌خێر، ئه‌و ده‌ڵێت هه‌موومان به‌رانبه‌ر نازیسم به‌رپرسیارین، وه‌ك بڕێ كه‌س ده‌یانه‌وێت بۆ ئه‌و شته باوه‌ڕمان پێ بهێنن، به‌ڵام هه‌موومان له ڕێی ئه‌وه پیس بووین و تێوه‌گلاوین: ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش وا له كه‌مپه‌كان ده‌ربازیان بوو ده‌بێت خۆیان له‌و شته پاك بكه‌نه‌وه، ئه‌وانیش ده‌بێت به‌رانبه‌ر به‌وه شه‌رمه‌زار بن كه سه‌رده‌مێك له‌نێو نازیسمدا بوون. شهرمهزابوون به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی نه‌یانتوانیووه پێشی پێ بگرن، شه‌رمه‌زاربوون به‌رانبه‌ر سازشكردن و هه‌ڵكردن له‌وێ، ئه‌مه ته‌واوی ئه‌و شتانه‌یه كه پریۆ لوی ناوی لێ ده‌نێت «زۆنی خۆڵه‌مێشیی[24]»، هه‌روه‌ها شه‌رم له مرۆڤبوون، به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی بووین به گاڵته‌جاڕ: به‌رانبه‌ر به‌و عهوامكردنه زۆره‌ی فیكر، به‌رانبه‌ر به‌رنامه جۆراجۆره‌كانی تیڤی، به‌رانبه‌ر قسه‌كانی وه‌زیرێك، به‌رانبه‌ر وتنی ئه‌وه‌ی كه بڵێن «خۆش بژین». ئه‌مه یه‌كێكه له پاڵنه‌ره‌كان بۆ فه‌لسه‌فه، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه به‌وپه‌ڕی هێزی خۆیه‌وه فه‌لسه‌فه دەسیاسێنێ. له سه‌رمایه‌دارییدا ته‌نیا یەك شت جیهانگیره، ئه‌ویش بازاڕه. هیچ ده‌وڵه‌تێكی جیهانگیر بوونی نییه، ئه‌ویش ڕێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بازاڕێكی جیهانگیر بوونی هه‌یه كه ده‌وڵه‌ته‌كان ماڵ و بازاڕی بورسی ئه‌و بازاڕه‌ن. به‌ڵام بازاڕه‌كان به جیهانكهر و یهكپارچهكهر نین، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی فه‌نتازییانه ده‌وڵه‌مه‌ندیی و هه‌ژاریی درووست ده‌كه‌ن. نابێت مافه‌كانی مرۆڤ سوپاسگوزاری 'شادییه‌كانی' سه‌رمایه‌داریی لیبراڵمان بكات كه به شێوه‌یه‌كی ئه‌كتیڤ به‌شداریی ئەم شته‌یە. هیچ ده‌وڵه‌تێكی دیموكرات بوونی نییه كه تا كۆتایی له به‌رهه‌مێهنانی ئه‌م ههژارییە مرۆییه‌دا سازشی نه‌كردبێت. شه‌رمه‌زارییه كه ئێمه هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی دڵنیاكه‌ره‌وه‌مان بۆ پاراستنی نییه، یان هۆكارێكی به‌هێز بۆ ڕاگرتنی ئه‌م شتانه بۆ بوون به‌وه، ته‌نانه‌ت له‌نێو خۆیشماندا. چۆن گرووپێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، چۆن پاڵ به مێژووه ده‌دات، ئه‌مه ئه‌و شته كه 'خه‌مێكی' به‌رده‌وام ده‌سه‌په‌نێت. چیتر ئێمه وێنه‌ی پرۆلیتاریایهكمان له به‌رده‌ست نییه كه ته‌نیا وه‌رگرتنی مه‌عریفه و ئاگایی به‌س بوو بۆی.
ـــــ چۆن سهیروورهیهكی كه‌مینه‌یی ده‌توانێت به‌هێز بێت؟ چۆن به‌رگرییه‌ك ده‌توانێت بگۆڕدرێت بۆ شۆڕشێك؟ به خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانت، من به‌رده‌وام له گومانام بۆ خستنه‌ڕووی وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیارانه، ته‌نانه‌ت لەنێو به‌رهه‌مه‌كانتدا به‌رده‌وام هه‌ستم به پاڵنه‌رێك كردووه كه ناچارم ده‌كات سه‌رله‌نوێ به شێوه‌یه‌كی تیۆریی و پراكتیكیی ئه‌م پرسیارانه فۆرمبهند بكه‌م و هێشتا كاتێك ئه‌و نووسینانه‌ت دەربارەی خه‌یاڵ یان چه‌مكه هاوبه‌شه‌كان لای سپینۆزا ده‌خوێنمه‌وه، یان كاتێك له كتێبی وێنه ـ كات شیكردنهوهكانت دەربارەی خستنه‌ڕووی سینه‌مایه‌كی شۆڕشگێڕانه له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م ده‌خوێنمه‌وه، له گه‌ڵ تۆ هه‌مان تێگهشتنێكم بۆ ڕێڕه‌وه‌ی وێنه به‌ره‌و خهیاڵپهروهریی هه‌بوو، به‌ره‌و پراكسیسی سیاسیی، وا هه‌ست ده‌كه‌م تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ڵامێكم دۆزیوه‌ته‌وه... ئایا من له كوێدا هه‌ڵه‌م كردووه؟ ئایا مۆدێلێك بۆ به‌رگریی له كه‌سه زوڵملێكراوه‌كان بوونی هه‌یه كه بتوانن كارا بن و به شێوه‌یه‌كی یه‌كلایی توانای سڕینه‌وه‌یان تێدابێت؟ ئایا مۆدێلێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی توێژێكی تاقانه و ئه‌تۆمی بوونی هه‌یه كه هه‌موومان ئه‌وانه وه‌ك هێزی دروستكه‌ر[25] ده‌زانین، یان به پێچه‌وانه‌وه ئێمه ده‌بێت ئه‌م پارادۆكسه یاساییه بپەژرێنین كه به‌پێی ئه‌مه هێزی دروستكه‌ر ته‌نیا له ڕێی هێزی دروستكراوه‌وه[26] نه‌بێت ناتوانێت خۆی پێناسه بكات؟
دۆلووز: كه‌مینه‌كان و زۆرینه‌كان له ڕووی ژماره‌وه لێک جیا ناكرێنه‌وه. كه‌مینه‌یه‌ك ڕه‌نگه له زۆرینه‌یه‌ك ژماره‌ی زیاتر بێت. ئه‌وه‌ی زۆرینه پێناسه ده‌كات، ئه‌و مۆدێله‌یه كه ده‌بیت بۆ هاوتاكردنی به كار ببرێت: بۆ نموونه، ئاستی ناوه‌ندی كوڕهههرزهكارهكانی دانیشتووی شاره‌كان... له كاتێكدا كه‌مینه مۆدێلی نییه، كه‌مینه سه‌یرووره‌یه، پڕۆسه‌یه. ده‌توانین بڵێین زۆرینه، كه‌س نییه. هه‌مووان، له‌ژێر هه‌لوومه‌رجێك یان شتی تر، ده‌كه‌ونه نێو سهیروورهیهكی كه‌مینه‌یی كه به‌ره‌و ڕێ نهناسراوهكانیان ده‌بات و هه‌ڵیده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوایدا بچن. كاتێك كه‌مینه‌یه‌ك مۆدێله‌كانی خۆی دروست ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌یه ده‌یه‌وێت ببێته زۆرینه و بێگومان بۆ مانه‌وه و ڕزگاربوونی حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌بێت، (بۆ نموونه ویستی هه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ناسراوبوون و سه‌پاندنی مافه‌كانیان). به‌ڵام هێزه‌كه‌ی له‌و شوێنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه زانیویه‌تی بیخوڵقێنێت، به شێوه‌یه‌كی زۆر یان كه‌م له‌نێو مۆدیلێك تێده‌په‌ڕێت كه په‌یوه‌ست نییه پێی. خه‌ڵك به‌رده‌وام كه‌مینه‌یه‌كی ئافرێنه‌رن و ته‌نانه‌ت گه‌ر ببنە زۆرینه‌ش هەر به‌و شێوه ده‌مێننه‌وه: دوو شت كه ده‌توانن پێكڕا بژین، چونكه هیچیان له‌سه‌ر یه‌ك پلان ناژین. گه‌وره هونه‌رمه‌ندان (نه‌ك هونه‌ره‌مه‌نده پۆپۆلیسته‌كان) ته‌نیا خه‌ڵك ده‌كه‌نه دوێنه‌ری خۆیان و په‌نایان بۆ ده‌به‌ن و 'خه‌ڵكێكی غیابیی' به‌رهه‌م ده‌هێنن: مالارمێ، ڕامبۆ، كلێ و بێرگ. له سینه‌ماشدا برایانی سترۆب. هونه‌رمه‌ند له په‌نابردن بۆ خه‌ڵك نه‌بێت هیچیی تر ناكات و به شێوه‌یه‌كی زۆر قووڵ له كردهكانیدا پێویستی به خه‌ڵك هه‌یه، ئه‌وان خه‌ڵك ناخوڵقێنن و ناتوانن ئه‌مه‌ش بكه‌ن. هونه‌ر، ئه‌وه‌یه كه به‌رگریی ده‌كات: به‌گریی به‌رانبه‌ر مه‌رگ، كۆیلایه‌تیی و ڕسوایی و شه‌رمه‌زاریی. به‌ڵام خه‌ڵك ناتوانن خۆیان به هونه‌ره‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن. چۆن خه‌ڵك خۆیان ده‌خوڵقێنن، له‌نێو كام ئازاری گه‌وره‌دا؟ خه‌ڵك كاتێك خۆیان ده‌خوڵقێنن كه له رێی كه‌ره‌سته‌كانی خۆیانه‌وه‌یه بێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك كه به جۆرێك په‌یوه‌ست بێت به هونه‌ره‌وه (گارڵ ده‌ڵێت زۆرێك له ئازاره گه‌وره‌كان له‌نێو مۆزه‌خانه‌ی لۆڤهردان) یان به جۆرێك هونه‌ر په‌یوه‌ست به‌و شتانه ده‌كات كه نییه‌تی. یۆتۆپیا چه‌مكێكی دروست نییه: زیاتر 'خهیاڵپهروهرییهكی' هاوبه‌شه له‌نێوان خه‌ڵك و هونه‌ردا. ئێمه ده‌بێت چه‌مكی بێرگۆسێنی خهیاڵپهروهریی وه‌ربگرین و واتایه‌كی سیاسیی پێ ببه‌خشین.
ــ له كتێبه‌كه‌ت دەربارەی فۆكۆ و پاشان له‌و دیمانه تهلهفزیۆنییهت له‌گه‌ڵ I .N .A ، ئه‌وه‌ت خستووه‌ته ڕوو كه ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی قووڵتر خوێندنه‌وه بۆ پراكتیكی سێ چه‌مكی ده‌سه‌ڵات بكرێت: ده‌سه‌ڵاتێكی سیادیی[27]، ده‌سه‌ڵاتێكی دیسپلینی[28] و به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی كۆنترۆڵ له‌سه‌ر 'په‌یوه‌ندییه‌كان،' كه ئه‌مرۆ خه‌ریكه ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌ژموونیی. له‌لایه‌كه‌وه ئه‌م سیناریۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌هه‌ندێكی زۆر به‌رز و ته‌واو له هه‌ژموون كه هه‌مانكات وته و خه‌یاڵیش داگیر ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌مڕۆ زۆر زیاتر له پێشوو، هه‌موو مرۆڤه‌كان، هه‌موو كه‌مینه‌كان، هه‌موو شته تایبه‌ته‌كان، به شێوه‌یه‌كی هێزهكیی توانای وه‌رگرتنه‌وه‌ی وته‌یان هه‌یه و به‌م شێوه‌یه ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئازادیی به ده‌ست ده‌هێنن. له یۆتۆپیای ماركسی گرۆندریس[29] كۆمۆنیسم ڕێك شێوه‌ی ئۆرگانێكی جیهانیی له تاكه ئازاده‌كان له خۆ ده‌گرێت، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ته‌كنیك كه زه‌مانه‌تی بارودۆخه‌كان ده‌كات. ئایا هێشتا كۆمۆنیزم جێی بیركردنه‌وه‌یه؟ ئایا له كۆمه‌ڵگەی په‌یوه‌ندیی[30]ـدا بۆی هه‌یه كۆمۆنیزم به به‌راورد به پێشوو كه‌متر یۆتۆپیایی بێت؟
دۆلووز: به دڵنییاییه‌وه ئێمه هاتووینه‌ته نێو كۆمه‌ڵگە 'كۆنترۆڵه‌كان'ـه‌وه، كه چیتر ته‌واوه‌ت دیسپلینیی نین. زۆرجار فۆكۆ وه‌ك بیرمه‌ندێكی كۆمه‌ڵگە دیسپلینه‌كان و ته‌كنیكه سه‌ره‌كییه‌كانیان، واته زیندانكردن (نه ته‌نیا له نه‌خۆشخانه و زیندان، ته‌نانه‌ت له قوتابخانه و كارگه و سه‌ربازخانه‌كان) ده‌زانین. به‌ڵام ڕاستییەکەى ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو له‌وانه‌ی وتی خه‌ریكین كۆمه‌ڵگە دیسپلینه‌كان به‌جێ ده‌هێڵین و چیتر له‌وێ نین. ئێمه هاتووینه‌ته نێو كۆمه‌ڵگە كۆنترۆڵه‌كان، كه چیتر له ڕێی بهزیندانیكردنهوه كردار نانوێنێت، به‌ڵكوو له ڕێی كۆنترۆڵی و په‌یوه‌ندییه‌كی چه‌سپیوو هه‌وڵ ده‌دات. بویروژ[31] پێشتر ده‌ستی كردبووه شیكار و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگەیه. به دڵنیاییه‌وه به‌رده‌وام قسه دەربارەی زیندان و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه كراوه: ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌وتوونه‌ته نێو قه‌یران. به‌ڵام گه‌ر ئه‌وانه له قه‌یراندا بن، ڕێك له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه له ململانێیهكدان به‌ره‌و شكست ده‌ڕوات. ئه‌و شته‌ی شوێنیان ده‌گرێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك هه‌ڕه‌مه‌كیی، جۆره سزادانه نوێیه‌كانن، په‌رورده و فێركردنی له‌سه‌رخۆ. نه‌خۆشخانه‌كان، گرووپی چاره‌سه‌ر له ماڵ، هتد، ئه‌مانه پێشتر ده‌ركه‌وتوون. ده‌توانین وێنای ئه‌وه بكه‌ین كه په‌روه‌رده و فێركردن به‌ره‌به‌ره كه‌متر ده‌بنه شوێنێكی داخراو، كه وه‌ك شوێنێكی پیشه‌یی خۆی له شوێنه داخراوه‌كانی تر جیا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام هه‌ردووكیان له سۆنگه‌ی زانیارییه‌كی ترسناكی ههمیشییهوه ون ده‌بن، له ڕێی كۆنترۆڵێكی به‌رده‌وام و خۆپه‌روه‌رده‌كردن و خۆڕاهێنان له‌سه‌ر كرێكارێكی ـ خوێندکاری ناوه‌ندیی یان كارمه‌ند ـ زانكۆیی. هه‌وڵ ده‌ده‌ن بڕوا به‌وه بكه‌ین ئه‌مه ڕیفۆرمه له خوێندنگەدا، به‌ڵام ئه‌مه كرده‌یه‌كی پاكتاوكردنه. له ڕژێمێكی كۆنترۆڵدا هیچ شتێك بۆ ته‌واوبوون بوونی نییه. هه‌ر خۆت ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئێستا شیكاری گۆرانكارییه‌كانی كارت له ئیتاڵیا كردبوو، كه له ڕێی فۆرمه جیاوازه‌كانی ئیشی كاتیی ـ موقت ـ له ماڵان و شێوازه جیاوازه‌كانی گواستنه‌وه و دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كان، فۆرمی كار له‌وێدا گۆڕاوه. به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بۆ هه‌ر جۆره كۆمه‌ڵگایه‌ك ماشێنی هاوتای خۆی ده‌ستنیشان بكه‌ین: ماشێنه ساده‌كان یان دینامیكهكان بۆ كۆمه‌ڵگەی سیادییه‌كان[32]، ماشێنه‌كانی وزه بۆ كۆمه‌ڵگەی دیسپلینیی، سایبێرنێتك و كۆمپیۆتهرهكانیش بۆ كۆمه‌ڵگەكانی كۆنترۆڵ. به‌ڵام ماشێنه‌كان خۆیان هیچ شتێك ناخه‌نه ڕوو و شیی ناكه‌نه‌وه، ده‌بێت شیكاری ڕێكخستنه جهمعییهكان بكرێت كه ماشێنه‌كان خۆیان به‌شێكن له‌م شته. به‌رانبه‌ر فۆرمه كۆنترۆڵه به‌رده‌وامه‌كانی تر له شوێنه كراوه‌كان له داهاتوودا، وه‌ك به‌شێك له ڕابردوویه‌كی دڵخواز ده‌كرێت زیندانیكردنێكی توندتر ببینین.
گه‌ڕان به دوای «بهجیهانیبوونهكانی په‌یوه‌ندیی» ئێمه ده‌خاته نێو ترس و نیگه‌رانییه‌وه. ئه‌وه‌ش ڕاسته كه ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە كۆنترۆڵه‌كان به شێوه‌یه‌كی واقیعی خۆیان ئۆرگانیزه بكه‌ن، فۆرمه‌كانی یاخیبیوون و به‌رگرییش (به شێوه‌یه‌كی جیاواز) سه‌ریانهه‌ڵداوه. بۆ نموونه دزیی [ئه‌لكترۆنییه‌كان] و ڤایرۆسه‌كانی كۆمپیۆته‌ر شوێنی مانگرتنه‌كان یان ئه‌و شته‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا پێی ده‌وترا «كاولكاریی[33]» (كاولكردن و په‌كخستنی ماشێنه و ئامێره‌كان)ـی گرتووه‌ته‌وه. ده‌پرسی ئایا كۆمه‌ڵگە كۆنترۆڵه‌كان یان په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌گۆڕدرێن بۆ كۆمه‌ڵه فۆرمێكی به‌رگریی كه بتوانن جارێكی تر شانسی ئه‌وه به كۆمۆنیزم بده‌ن کە بتوانن «ئۆرگانیزاسیۆنێكی جیهانیی له تاكه ئازاده‌كان» دروست بكه‌ن، من نازانم، ڕه‌نگه. به‌ڵام ئه‌مه له په‌یوه‌ندیدا نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌مینانه‌ی بتوانن بێنه نێو ئه‌م وته‌یه‌وه [ده‌ستێوه‌ردانی كه‌مینه‌كان]. ڕه‌نگه وته[34] و په‌یوه‌ندیی هه‌ردووكیان سواو بن. ئه‌مانه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو له رێی پاره‌وه دێنه مه‌یدان: نه‌ك به ڕێكکه‌وت، به‌ڵكوو به‌پێی سرووشتی خۆیان. ده‌بێت ڕێڕهوهری وته بگۆڕدرێت. به‌راورد بە په‌یوه‌ندییكردن[35] به‌رده‌وام ئافراندن شتێكی جیاواز بووه. ڕه‌نگه شتی گرنگ ئافراندنی خه‌نده‌قه‌كانی نا ـ په‌یوه‌ندیی بێت، پچڕانهكان، بۆ هه‌ڵهاتن و ڕزگاربوون له كۆنترۆڵ.
ــ له كتێبه‌كه‌ت دەربارەى فۆكۆ و له كتێبی Le pli دا، وا دێته پێش چاو پڕۆسه‌ی به سووبێكتكردن به شێوه‌یه‌كی زۆر ورد سه‌رنجی لێ دراوه تا هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌كانی ترت. سووبێكت سنووری جووڵه‌یه‌كی به‌رده‌وامه له‌ناوه‌ڕاست و له ده‌ره‌وه‌دا. ئاكامه سیاسییه‌كانی ئه‌م كۆنسێپتی سووبێكتییه چییه؟ ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت سووبێكت بۆ ده‌ره‌وه‌ی هاووڵاتییه‌ك بگوازرێته‌وه، ئایا ده‌كرێت هاووڵاتیی دابه‌زێنرێته نێو هێز و ژیان؟ ئایا هه‌لی به‌دیهێنانی پراگماتیكێكی نوێی خه‌باتگێڕ و پێشڕه‌و بۆ جیهانێكی ڕادیكال بوونی هه‌یه؟ كام سیاسه‌ت ده‌توانێت شكۆی ڕووداوه‌كان و سۆبێكێتیڤـتێ بهێنێته نێو مێژوو؟ چۆن بیر له كۆمه‌ڵگەیه‌ك بكه‌ینه‌وه كه بونیادی نییه به‌ڵام هێزی هه‌یه، نوقسانه، به‌ڵام وه‌كوو لای سپنۆزا، ڕه‌ها بێت؟
دۆلووز: ڕاستییەکەی ده‌شێت قسه له سه‌ر ئه‌و شێوازه جیاوازانه بكه‌ین كه تاكه‌كان و گرووپه‌كان له پڕۆسه‌كانی بهسووبێكتبوون وه‌كوو سووبێكت خۆیان دروست ده‌كه‌ن: ئه‌وه‌ی كه له‌م پڕۆسانه‌دا ڕێژه‌ی هه‌ڵهاتن و لادانی ئه‌وانه له زانین و فۆرمه‌كانی ده‌سه‌ڵاته ههژموونییهكان له پڕۆسه‌ی خۆدروستكردندا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فۆرمه‌كانی تری ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌ن یان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر زانینه نوێیه‌كان[36]. به‌ڵام لێره‌دا، ئه‌وان شۆڕشێكی خۆڕسكیان هه‌یه. لێره‌دا هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ 'سووبێكت' بوونی نییه، واته ئه‌و شته‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ركه‌كان و ده‌سه‌ڵات و زانین تێكه‌ڵه. ده‌كرێت له باتی پڕۆسه‌كانی بهسووبێكتبوون زیاتر باسی فۆرمه نوێیه‌كانی ڕووداو بكه‌ین: ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخانه‌ی دروستی ده‌كه‌ن یان به‌ره‌و ئه‌وێ هه‌نگاو ده‌نێن، شیی ناكرێنه‌وه. ئه‌وانه له ساتێك‌دا هه‌ڵده‌ستنه‌وه و ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه ئه‌و ساته‌یه كه گرنگیی خۆی هه‌یه، ئه‌مه ئه‌و شانسهیه كه ده‌بێت سوودی لێ ببینین. یان ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی ساده باس له مێشك بكه‌ین: ئه‌وه ڕێك مێشكه كه سنووری جووڵه‌ی به‌رده‌وامی دوولایه‌نه‌ی نێوان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌یه، په‌رده و داپۆشێك له‌نێوان ئه‌م دووانه‌دا. ڕێڕه‌وه نوێكانی مێشك، جۆره نوێكانی بیركردنه‌وه، له رێی میكرۆنهشتهرگهرییهوه[37] شیكار ناكرێن، ئه‌مه ئیشی زانسته كه ئه‌و شته‌ی له مێشكدا بۆ بیركردنه‌وه له سه‌ر ئه‌م یان ئه‌و هه‌بووه بدۆزێته‌وه. بهسووبێكتكردن و ڕووداوه‌كان و مێشك تاڕاده‌یه‌ك بۆ من یه‌ك شتن. بڕوابوون به دنیا ئه‌و شته‌یه ئێمه زیاتر له هه‌موو شت غیابی ئه‌وه‌مان هه‌یه و بڕوامان پێی نییه. ئێمه ته‌واو دنیامان له ده‌ست داوه و لێمان زه‌وت كراوه. ئه‌گه‌ر بڕواتان به جیهان هه‌یه، ئه‌و ڕووداوانه‌ی كۆنترۆڵ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و له ده‌ستی هه‌ڵدێن، لانیكه‌م به شێوه‌یه‌كی شاراوه‌ش، ئه‌وا خێراییان پێ ده‌به‌خشن و شوێنكاتە نوێكان دروست ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قه‌باره‌یه‌كی كه‌میشیان هه‌بێت. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه وا تۆ پێی ده‌ڵێی [38]pietàs كان. ده‌بێت توانای به‌ره‌نگاری ئێمه به‌رانبه‌ر كۆنترۆڵ یان ڕادەستبوون به‌و له ئاستی هه‌موو ههوڵدانێكماندا لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێ. بۆیه ده‌بێت له یه‌ك كاتدا ئافراندن و خه‌ڵك بوونیان هه‌بێت.
پەراوێزەکان:
[1] ئه‌مه دیمانه‌یه‌كی نێوان فه‌یله‌سووفی ئیتاڵیی ئه‌نتۆنیۆ نێگری و دۆلووز، له به‌هاری 1990دا ئه‌نجام دراوه.
[2] Mouvement
[3] Institutions
[4] Représentations
[5] Sexualité
[6] Philosophie du droit
[7] La loi
[8] Les lois
[9] Le droit
[10] Les droits
[11] La jurisprudence
[12] L’Anti-Oedipe
[13] Contre- effectuation مه‌به‌ستی دۆڵوز له دژهـكردهیی بریتییه له دژایهتییكردنی دانانی هه‌ر چالاكییه‌ك له قاڵبێكی پێشتر ئاماده‌كراو به شێوه‌یه‌كی پاسیڤانه.
[14] La pensée nomade
[15] La universalité de l’intempestif
[16] Clio Péguy
[17] Oliver Cromwel
[18] Mille plateaux ناوی كتێبێكی هاوبه‌شی دۆلووز و گواتاری یه.
[19] micro
[20] macro
[21] Subversion
[22] Immanent
[23] Primo Levi
[24] La Zone grise
[25] Pouvoir constituant
[26] Pouvoir constitué
[27] Le souverain
[28] Disciplinaire
[29] Grundrisse
[30] La société de la communication
[31] Burroughs
[32] Les sociétés de souveraineté
[33] sabotage
[34] La parole
[35] Communiquer
[36] Nouveaux savoirs
[37] Microchirurgie
[38] لێره دۆلووز هه‌ر ده‌سته‌واژه ئیتاڵییه‌كه‌ی به‌كار هێناوه‌ته‌وه، كه نێگری به‌كاری بردووه، 'پییهتا' ئاماژه‌یه بۆ په‌یكه‌ری مردووی عیسا له باوه‌شی مه‌ریه‌می باكیزه، كه به‌رهه‌مێكی 'میكائیل ئهنژیڵۆ' نواندنه‌وه‌ی ئه‌م وێنایه‌یه.
سەرچاوە:
Deleuze, Gilles «Contrôle et devenir », Pourparlers, «entretien avec Toni Negri» a Les éditions de Minuit, Paris 1990 (réédition 2003, Col. Reprise), pp 229-239