A+    A-
(754) جار خوێندراوەتەوە

 دەربارەى «ئاوەڵابوون» و جێى بەتاڵى «مرۆڤ‌شیکارى»

 

 

 

ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەڕووى ئاوەڵابوونێکى گەورەدا کراونەتەوە، جیهان لە زۆر پنتدا و کەمتر بە مانا فەلسەفییەکەى* ئاوەڵابوون (openness) تووشى کرانەوە هاتووە. لە دۆخێکى وادا، هەمیسان پرسیارە دێرینەکان دەخرێنەوە بەردەم کنەى نوێ و وەڵامى نوێ. پرسیارەکان وەک بنک دەمێنن، بگرە بنجى وەڵامە دێرینەکانیش هەر دەمێنێت، ئەوەى گۆڕانى بەسەردا دێت بەشێک یان پەراوێزێکى ئەو وەڵامانەیە. پانتایی ڕۆشنبیرى، یەک لەو پانتاییانەیە ناچارە جارێکى تر لە خۆى بڕوانێتەوە، ئەویش لە جەرگەى ئەم گۆڕانکارى و ئاوەڵابوونانەى کە تەقینەوەى جیهانگیرى و زانست و هتد درووستیانکردووە. لەم ئاوەڵابوونەدا، دیوى ئەرێنى و نەرێنییش هەیە. بگرە ئاوەڵابوونەکە لە هەندێک ساتى خۆیدا دەکەوێتە ئەودیوى ئەرێنى و نەرێنییەوە، دۆخێکى خێراتر و لێڵترە، بەڵام دیسان ئەوەى جێگیرە ئەو پرسیارە هەمیشەییانەى ناو پانتایی ڕۆشنبیرییە کە داواى پیاچوونەوە دەکەن. یەک لەو پرسیارانە، شوێنگەى مرۆڤە وەک مرۆڤ، وەک سوبێکتێک لە کرۆکى بوون و جیهاندا، وەک بکەرێک کە بەناو هەر جەبر و ناچالاکییەکیشدا بڕوات دەست لە بکەرێتیی خۆى هەڵناگرێت.

پانتایی ڕۆشنبیرى عادەتەن لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتى و هزرییەکان پێکدێت، تا زانستە ڕەق و سرووشتى و نوێباوەکانى تر. پرسیار لە مرۆڤ، بە پلەى یەکەم پرسیارى زانستە مرۆڤایەتییەکانە، پرسیارى فەلسەفە و فەلسەفە لێکدراوەکانى ترە. گەر زانستە نا-مرۆییەکان لە پێکهاتەى جیهان و ئۆبێکتەکان و توێکاریی هەمەچەشنەى لەش و عالەمى بچووکتر لە ئەتۆم و هتد بکۆڵنەوە، ئەوا زانستە مرۆییەکان ناتوانن دەسبەردارى پرسیارى مرۆڤ ببن، ئەوان مرۆڤ دەکەنە ئەو گۆشەیەى کە هێشتاش جیهانى لێوە دەبینرێت. چەمکى ڕۆشنبیر و پانتایی ڕۆشنبیرى، پتر لەو زانستە مرۆییانەوە نزیکترن. دیارە هەموو شتێک و هەموو پرسێک دەبێتە مایەى تێڕامانى پانتاییەکە، بەڵام لە گۆشەیەکى هزرى و مرۆییەوە، بە زمانێکى تایبەتتر، بە نیگایەکى گوماناویتر و ڕەخنەییتریشەوە کە هەموودەم ڕۆحى ئەم پانتاییە پێکدەهێنێت. ئەم پانتاییە بە درێژایی وەخت، دەتوانێت پرسیارى نوێ و گۆشەى نوێ بۆ قسەکردن لەسەر پرسەکانى جیهان و کۆمەڵگا هەڵبژێرێت. تەنانەت خەسڵەت بە ڕوانینى چەندین بکەرى ترى سەر بەم پانتاییەش دەبەخشێت، ئیدى ئەو بکەرە خوێنەر بێت یان نوسەر و ڕەخنەگر و ڕانەر و چاودێر و هتد. لەمڕۆى کۆمەڵگاى ئێمەدا، ئەرکى ئەم پانتاییە لە هەر کاتێکى تر ناڕوونتر و بێ‌سەروبەرترە: بەشێکى ئەم دۆخەش بۆ ئەو ئاوەڵابوونە دەگەڕێتەوە کە دونیاى گرتووەتەوە و چەندین بەدحاڵیبوون و پێکداچوونى خوڵقاندووە. بۆ وێنە، فەزاى مەجازى بێ‌شومار شوناس و دەموچاوى درووستکردووە کە ڕوون نیە شوێنەکەیان و ئەرکیان چیە. باسى هەموو شتێک دەکەن و باسى «هیچ»یش. تەنانەت سنورى هەندێک کایە بەجۆرێک کاڵبووەتەوە کە دوور نیە فڵان بابا بەهەڵەدا ببات و پرسى ناو کایەیەکى تر بە هى خۆى بزانێت و سەرى پێوە بنێت. یان فڵان خوێنەر وابزانێت فڵان و فیسار بابەت و کایە هەر یەکێکن. بەکورتییەکەى، تێکچڕژانەکە لەوە زۆرترە مرۆ وێناى دەکات، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگاى ئێمە کە لە زۆر هێڵەوە بە ڕەوتێکى نۆرماڵ و سرووشتیی خۆیدا نەهاتووە: لە سیاسەتدا بەبێ لەدایکبوونى چەمکى  سیاسەت، کەچى خەریکە ئەو تۆزە پانتاییەش لەباردەچێت؛ لە پانتایی ڕۆشنبیرى دا، بەبێ ئەوەى زانستە مرۆییەکان و چەمکە مرۆییەکان گەشەى خۆیان بڕیبێت و وێنایەکى ڕوون هەبێت لەسەریان، نەغمەیەکى پچڕپچڕ و کاڵى زانستە سرووشتییەکان هەیە کە ئەمیان چارەنووسێکى خراپتر لەوەى زانستە مرۆییەکانى هەیە، چونکە نە بنکێکى واقیعیی هەیە و نەک زۆرینەى کۆمەڵگاش پەسەندیدەکەن. ئاشکرایە پەرەنەسەندنى ئاسایی چەمکى عەقڵى مرۆیی، هەر جۆرە کایەیەکى تر دەکاتە کایەیەکى پچڕپچڕ و لێڵ و سەرەنجامیش کۆتاییهاتوو.

گەر کێشەى مرۆڤ (سوبێکت) بە نمونە وەربگرین، لە کایەى سیاسەت و ڕۆشنبیرییشدا بەبێ پێناسەیەکى ڕوون و عەقڵانى ماوەتەوە. ئەوە زانستە مرۆیی و فەلسەفییەکانە سەرەتا پێناسەى سیاسەت و مرۆڤ و هتد دەکات، پاشان هەریەکە لەوانە پەیوەندى لەگەڵ چالاکییە زانستى و کۆمەڵایەتییەکانى تردا درووستدەکات. تا پێناسەى مرۆڤ وەک مرۆڤ ڕوون نەبێت، شینەکرابێتەوە، کۆمەڵگاش دیدى خۆى دیارینەکردبێت ئەوا قسە لە کایەکانى تر وەک هەندێک گەمە و کایەى ڕاگوزەر دەمێننەوە. دەستکاریکردنى ڕوانینمان بۆ مرۆڤ، سەرەتاى دەستکاریی زۆر بوارى تریشە. ناکرێت مرۆڤ پێناسەنەکرابێت و ناوەڕۆکێکى نوێى پێ نەدرابێت، کەچى چاوەڕێى سیاسەتێکى عەقڵانى و کەلتورێکى عەقڵانى و کایەگەلى عەقڵانى بکرێت. زانستە مرۆییەکان و پێناسەکردنەوەى مرۆڤ، ئەو سووڕە کەلتورییەیە کە زۆر شتى ترى تیا لەدایکدەبێت. بەڵام نەڕسکانى سرووشتیی ئەم سووڕە، پشێوى دەئافرێنێت. بەتایبەت لەم ئاوەڵابوونەى ئێستادا کە چى ڕەهەندى دژیەک و ناعەقڵانییە دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە و درکیشیان پێ نەکرێت: کۆنەپارێزى و دیاردەى نوێ، ئامادەیی مرۆڤە کۆنەکە بەتەنیشت جیهانێکى نوێى زانستییەوە کە دەیەوێت ئۆبێکتى نوێ بناسێت بێ‌ئەوەى خۆى وەک سوبێکت داڕێژرابێتەوە، حەزێکى سەرەتایی بۆ زانستە سرووشتییەکان بەبێ ئەوەى بەنەرمى سرووشتى مرۆڤ خوێنرابێتەوە، و هتاد. کۆمەڵگاى ئێمە گیرۆدەى زۆر کێشەى کۆنە کە نەیهێشتووە ڕوانینمان بۆ مرۆڤ (سوبێکت) نوێ بێتەوە، تەنانەت چەندین پاڵهێز لەپشتەوە دەیانەوێت لەسەر وێنا کۆنەکە کڕبمێنینەوە. بۆیە دوور نیە ئاوەڵابوونەکە وەک میکانیزمێکى بەرگریی هەموو لایەکى لێ بێت بۆ ئەوەى ناوکە کۆمەڵایەتییە کۆنەکە وەک‌خۆى بمێنێتەوە.

یەک لە ڕەهەندەکانى ترى ئەم ئاوەڵابوونە ئەوەیە کە ناوەڕۆکى دەزگا کۆمەڵایەتییە باوەکان بەتاڵ ببنەوە، بۆ نمونە دەزگاکانى پەروەردە و گۆشکردنى مرۆڤ لەوە بکەون چیتر خۆیان بە مرۆڤەوە خەریک بکەن. دیارە ئاوەڵابوونەکە کۆمەڵێک هەل و چانسى گرنگ بە مرۆڤ دەبەخشێت، زانیارییەکان و چاوگەکانى مەعریفە و میراتى مرۆڤایەتى بەجۆرێک لە جۆرەکان دەخاتە بەردەستى هەموان. ئەمە کرانەوەیەکى نیمچەسۆسیالیستى و تەنانەت گەردوونییشە، بەڵام هێشتا بەس نیە. ئاوەڵابوونى زۆر، زۆرجار وەک پشێوى یان لەوە دەقیقتر وەک کرژبوون و چوونەوەیەکێکى مرۆیی دەکەوێتەوە. کۆمەڵگا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، پێویستى بە ڕێکخستنى ڕەمزییە، چونکە مرۆڤ خۆى بوونەوەرێکى ڕەمزییە. لە دونیاى ئێمەدا، ئەم بوونەوەرە ڕەمزییە بەپێى دونیاى مۆدێرن دانەڕێژراوەتەوە. مرۆڤ لێرە هێشتا لەمسى دیوى ناوەوەى مێژوو و گەشە مێژوو و هتد نەکردووە. ئەو هێشتا ئاگاییەکى تەواو مێژوویی بەرامبەر چالاکییەکانى خۆى و ئەوانیتر و جیهانەکەى نیە. ناشتوانێت ئەو هەمووە بژاردەیە پۆڵێن‌بکات کە خراوەتە بەردەستى. لە حاڵەتێکى وادا وەک بوونەوەرێکى ڕەمزى دەمێنێتەوە کە ناواخنە کۆنەکەى هێشتووەتەوە و ڕەهەندێکى نوێى لێ بار بووە کە زۆرجار نازانێت چى بکات، چیی دەوێت، چۆن هەڵبژێرێت، لە کوێ دەژى و هتد. بۆیە ئاوەڵابوونەکەى ئەمڕۆ، ناچارمان دەکات هێشتا بیر لە ناواخنە کۆنەکەى مرۆڤ بکەینەوە و شتگەلى هەڵکەوت و نوێ، سەرمان لی نەشێوێنێت. ئەمەش بە پلەى یەکەم ئەرکى پانتایی ڕۆشنبیرى و زانستە مرۆییەکانە.

ئەم ئاوەڵابوونە، کە پتر دەرەکییە بۆ کۆمەڵگاى ئێمە، پێویستى بە ئاوەڵابوونێکى ناوەکییشە. دیوى گڵۆباڵ و لۆکاڵ، هێشتاش لە ململانێیەکى دەرەکى/ناوەکى‌دان و ئەوەى باجى یەکەم دەدات هەر مرۆڤ خۆیەتى. ئیشى پانتایی ڕۆشنبیرى و زانستە مرۆییەکان ئەوەیە لەم ململانێ تێبگەن، بەهێورى ئەو جێکەوتانە بناسنەوە کە لەسەر مرۆڤ جێى‌دەهێڵێت، شوێنپێى ئەو چەمکە بنەڕەتى و کۆنانەش هەڵبگرن کە زۆرجار واهەستدەکەین گۆڕاون بەڵام تەنیا تووشى فۆرمگۆڕکێ و کەوڵگۆڕکێ هاتوون. ڕەنگبێ بەر لەوەش، ڕوانین لە خودى پانتاییەکە و شوێنى زانستەکان گرنگتر بێت. لە هەر حاڵەتێکدا، بۆ ئەمەش دیسان دەبێت چاو لە چاوى چەمکى مێژوو ببڕینەوە، مێژوو وەک بەروار و بەسەرهات نا، بەڵکو وەک  هێڵى گەشەکردنى مرۆڤ و چالاکییەکانى مرۆڤ و تێڕوانینى مرۆڤ بەرامبەر خۆى و پاشان جیهان. هەر لۆکاڵێک دەبێت خۆى لە قەرەى مێژووى خۆى بدات، پێناسەى مرۆڤەکانى خۆى لەناو مێژوودا بەرەو داهاتوو. گەرنا وەک بوونەوەرێکى چەندین‌سەدە لەمەوبەر تووشى هیپنۆتیزم (خەوى موگناتیسى) دەبین بەرامبەر جیهانێک کە لەبنەڕەتدا هى ئێمە نیە و دەستێکى ئەوتۆى ئێمەشى تیا نیە. ئێمە ڕەنگە نەتوانین ببینە هێزێک و ڕێنوسێک لەم جیهانەدا، بەڵام لانیکەم دەتوانین کەمێک لە خۆمان ڕامێنین تا بتوانین لە شتەکانى دواى ئەوەش ڕامێنین.

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* ئاوەڵابوون لە مانا فەلسەفییەکەیدا قسەوباسى زۆرى لەسەرە. جار هەیە تەواو پێچەوانەى ئەم ئاوەڵابوونەى ئەمڕۆشە- بۆ نمونە لە فەلسەفەى مارتن هایدگەردا کە دازاین پتر بوون لەبیردەکات وەک لەوەى بەسەریدا بکرێتەوە.